ئەنجومەنی سەركردایەتی دەبێتە بەرزترین دەسەڵاتی یەكێتی
2020-02-05 18:12:17
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا گورزێكی بەهێزی لە ئەنجومەنی باڵای سیاسی وەشاند، سەركردایەتی لە پەیڕەودا بەرزترین دەسەڵاتی حزبی بەخشییە ئەنجومەنی سەركردایەتی، پرسی سەرۆكو جێگرەكانی هێشتا گرێكوێرەیەكە كە نەكراوەتەوە، ماڵباتی تاڵەبانی بەرهەم ساڵحیان خستوەتە ناو مامەڵەیەكی نوێوە.
یەك كۆبونەوەو سێ دانیشتن
دوای سێ دانیشتن، هێشتا یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەكراوەیی ماوەتەوەو سەركردایەتی نوێی حزبەكە نەیتوانیوە پەیڕەوی ناوخۆی حزب پەسەندبكاتو سەرۆكێكی نوێ بۆ حزبەكە هەڵبژێرێتو دەسەڵاتی ئۆرگانە نوێیەكانی حزب دیاری بكات.
بەهۆی ئەم دۆخەوە، دوای نزیكەی (45) رۆژ لە بەڕێوەچوونی كۆنگرەی چوارەم، هێشتا یەكێتی بەبێ سەر ماوەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە دۆخی هەرێم لە ناوخۆدا پەرەسەندنی خێرا بەخۆوە دەبینێتو عێراقیش بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە هەنگاو دەنێت.
سێ گروپ بەشدارنەبوون
ئەمڕۆ جارێكی تر ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی كۆبوەوە، لە كۆبونەوەكەدا لە كۆی (121) كەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی، نزیكەی (100) كەس بەشداربوون.
باڵی كۆسرەت رەسوڵو گروپی كەركوكییەكانو گەرمیانییەكان بەشدارنەبوون، هۆكاری بەشدارنەبوونی ئەم گروپانە لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا پەیوەندیدار بوو بە رێكنەكەوتن باڵەكانی حزب لەسەر یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكو جێگرانی نوێی سەرۆكی حزب.
كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی كە لە كۆتاییەكانی ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، دەسەڵاتی پەسەندكردنی پەیڕەوی نوێی حزبی دایە دەست سەركردایەتییە هەڵبژێردراوەكە، ئەمە وایكرد چارەسەری كێشە بنەڕەتییەكانی یەكێتی هەر لە سەرەوە بمێنێتەوە، ئەمەش هەمان ئەو بارودۆخەیە كە لەدوای نەخۆشكەوتنو دواجاریش كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سەركردەی مێژوویی حزبەكەوە، یەكێتی تێیكەوتووەو لەڕێگەی سەركردایەتییەوە نەیتوانیوە چارەسەریان بكات.
مستەفا چاوڕەش سەرپەرەشتیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی رایگەیاند، تائێستا لە كۆی (77) ماددەی رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆ، (33) ماددەی پەسەندكراوە.
مستەفا چاوڕەش باسی لەوەكرد، لە پەیڕەودا دەسەڵاتەكانی سەركردایەتیو سەرۆكو جێگرانی سەرۆكی حزب یەكلاكراونەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەنجومەنی سەركردایەتی هێشتا نەگەیشتووەتە سەر بابەتی دەسەڵاتەكانی سەرۆكو جێگرەكانی كە لە ماددەی (36)ی پەیڕەوەكەوە دەستپێدەكات، هەروەها بابەتی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی شارەكانو دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكلانەبووەتەوە كە سێ بابەتی هەستیارنو كرۆكی كێشمەكێشی نێوان باڵەكانی یەكێتییە.
باڵەكان دەیانەوێت بەر لە پەسەندكردنی ژمارەی جێگرانی سەرۆكی لە ئەنجومەنی سەركردایەتی، كاندیدەكانی پۆستی سەرۆكو جێگرەكانیان یەكلابكرێتەوە، ئەمەش ئاستەنگی بۆ پەسەندكردنی تەواوی ماددەو بڕگەكانی پەیڕەوەكە لە ئەنجومەنی سەركردایەتی دروستكردووە.
گەمەی نوێی باڵەكان
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە چەند رۆژی رابردوودا باڵەكانی یەكێتی هەندێك كارتی نوێی گەمەكردنیان بەڕووی یەكتردا بەرزكردوەتەوە.
(درەو) زانیویەتی، رۆژی دوو شەممەی رابردوو بافڵ تاڵەبانی سەردانی كۆسرەت رەسوڵی كردووەو پێی راگەیاندووە، ئەوان وەكو ماڵباتی تاڵەبانی رازی نین بەرهەم ساڵح بكرێت بە سەرۆكی یەكێتیو داوای لێكردووە بەدوای چارەسەرێكی تردا بگەڕێن.
بافڵ تاڵەبانی چاوی لەوەیە پۆستی سەرۆكی حزب وەرگرێت، یاخود لە خراپترین حاڵدا پۆستی جێگری سەرۆكی یەكێتی پێبدرێت بە دەسەڵاتی تەواوەتییەوە.
لەبەرامبەردا كۆسرەت رەسوڵ كە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتییە دەیەوێت هەم ئەنجومەنەكەی دەسەڵاتی "باڵا"ی هەبێتو هەم یەكێك لە كوڕەكانیشی ببێت بە جێگری سەرۆكی یەكێتی.
لاهور شێخ جەنگیش كە براوەی یەكەمی كۆنگرەی چوارەمی حزب بووەو زۆرینەی لەناو ئەنجومەنی سەركردایەتی هەیە، چاوی لە وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حزبە، سوربوونی بافڵ تاڵەبانی لەسەر وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حزبو جەختكردنی لەسەر ئەوەی نابێت سەرۆك لە دوو جێگر زیاتری هەبێت، ئاستەنگی بۆ لاهور شێخ جەنگی دروستكردووە، چونكە لاهور لەسەر ماڵباتی تاڵەبانی ئەژماردەكرێتو باڵەكانی تر بەوە قایل نین هەردوو پۆستەكەی جێگری سەرۆك بۆ ماڵباتی تاڵەبانی بێت.
پرسی دانانی چوار جێگر بۆ سەرۆكی حزب، هەوڵێك بوو بۆ چارەسەری ئەم ناكۆكیانە، بەڵام ئەم پێشنیازە لە لیژنەی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆدا تێنەپەڕیو لیژنەكە لە هەموارەكەیدا دوو جێگری بۆ سەرۆك دیاریكردووە، نازانرێت ئەنجومەنی سەركردایەتی دواجار چۆن بڕیار لەسەر ئەم بابەتە دەدات.
لەم نێوەندەدا هەندێك باڵی تر لە پێش كۆنگرەی چوارەمەوە دروستبوونو لەكۆنگرەدا پێگەیان بەهێزبووە، داواكاری خۆیان هەیەو داوای پۆستی باڵا دەكەن، لەوانە گروپی سەركردە كەركوكییەكانی حزبەكەیە كە داوای پۆستی جێگری سەرۆك دەكەنو كاندیدیان هەیە بۆ ئەو پۆستە كاندیدەكەش (رەفعەت عەبدوڵا)یە، باڵی ئیداری گشتی یەكێتیش كە دلێری سەید مەجید سەرۆكایەتی دەكاتو لە كۆنگرەی چوارەمدا وەكو كوتلەیەكی نوێ دەركەوتن، كارتێكیان فڕێداوەتە سەر مێزەكەو عیماد ئەحمەدیان كاندیدكردووە بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حزب.
شەڕكردن لەسەر پۆستی جێگری سەرۆكی حزب لەكاتێكدایە هێشتا پۆستی سەرۆكی حزب یەكلانەكراوەتەوە.
هەوڵێكی نوێ
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، دوای سەردانەكەی بافڵ تاڵەبانی بۆلای كۆسرەت رەسوڵ بۆ قسەكردن لەبارەی رەتكردنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆكی حزب، ماڵباتی تاڵەبانی جارێكی تر گەڕاونەتەوە بۆلای بەرهەم ساڵحو پێشنیازێكی نوێیان پێداوە.
پێشنیازە نوێیەكەی ماڵباتی تاڵەبانی بۆ بەرهەم ساڵح ئەوە بووە، ئەو ببێت بە سەرۆكی حزبو دوو جێگری هەبێت، یەكێك لە جێگرەكان بافڵ تاڵەبانیو ئەوی تر لاهور شێخ جەنگی بێت، بەرهەم ساڵح ئەم پێشنیازەی رەتكردوەتەوەو وتویەتی:" دەبێت یەكێك لە جێگرەكانی سەرۆك بۆ ماڵی كۆسرەت رەسوڵ بێت، چونكە ئەگەر یەكێك لە جێگرەكان بۆ ئەوان نەبێت كێشە بۆ سەرۆكایەتییەكەی ئەو دروست دەبێت".
بەمجۆرە هێندەی تر ماڵباتی تاڵەبانی لە بەرهەم ساڵح دوردوونگ بوون، بەتایبەتیش لەكاتێكدا بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەمدواییە بەرهەم ساڵح بە راشكاوی بە ماڵباتی تاڵەبانی راگەیاندووە كە ئەو هیچ بۆی گرنگ نییە ببێت بە سەرۆكی حزبو تەنانەت ئەگەر تەكلیفیشی لێنەكەن ئەو پۆستە وەرناگرێت.
قادر عەزیز نێوەنگیری دەكات
(درەو) زانیویەتی، ئەمڕۆ وەفدێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی بە سەرۆكایەتی قادر عەزیز سەردانی ماڵی كۆسرەت رەسوڵیان كردووە، سەبارەت بە یەكلاكردنەوەی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی گفتوگۆیان كردووە.
مەلا بەختیار یەكێك لەوانە بووە كە بەشداربووە لە كۆبونەوەكەی ماڵی كۆسرەت رەسوڵو لەوێ جەختی كردووە لەسەر ئەو دەسەڵاتانەی ئەنجومەنی باڵا كە پێشتر لە نامەیەكدا ئاڕاستەی سەركردایەتییان كردووە.
ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكایەتی دەكات، ئەندامەكانی پێكهاتوون لە (مەلا بەختیار، ئەرسەلان بایز، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، عومەر فەتاح، حاكم قادر، دلێری سەید مەجید، عەدنان موفتی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد).
ئەم ئەنجومەنە لە كۆنگرەی چوارەمدا پەسەندكراو لە فەرهەنگی یەكێتیدا دامەزراوەیەكی نوێیە، تەنیا سەرۆكی ئەنجومەنەكە كە كۆسرەت رەسوڵە بەدەنگدانی كۆنگرە دانراوە، ئەندامانی ئەنجومەنەكە بەشێوەی تەعین دانراون.
پێشتر (درەو) ناوەڕۆكی ئەو نامەیەی ئەنجومەنی باڵای سیاسی بڵاوكردەوە كە لەبارەی دیاریكردنی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنەكەوە ئاڕاستەی سەركردایەتی نوێی حزب كراوەو داوا دەكرێت لە پەیڕەوی نوێی حزبدا ئەو دەسەڵاتانە بۆ ئەنجومەنی باڵای سیاسی جێگیربكرێن.
لەو نامەیەدا كە كۆسرەت رەسوڵ ناردویەتی بۆ سەركردایەتی، ئەنجومەنی باڵای سیاسی داوای هەندێك دەسەڵات دەكات، كە ئەگەر وەكو خۆی لە سەركردایەتی پەسەندبكرێت بڕیاری سیاسی یەكێتی بەتەواوەتی دەكەوێتە دەست ئەم ئەنجومەنە نەك سەرۆكو جێگرانی سەرۆكی حزبو ئەنجومەنی سەركردایەتی.
ئەو دەسەڵاتانەی كە ئەنجومەنی باڵای سیاسی داوای دەكات:
• سەرۆكی ئەنجومەنی باڵا سەرپەرشتیاری گشتی هەموو هێزە چەكدارەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە.
• سەرۆكی ئەنجومەنی باڵا، باڵاترین پۆستی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی.
• ئەنجومەنی باڵا، باڵاترین ئەنجومەنی سیاسیو بەرژەوەندی یەكێتییە.
• ئەنجومەنی باڵا دەسەڵاتی داراییو موڵكداری تەنها دەداتە مەكتەبی دارایی.
• دەسەڵاتی پەسەندكردنی پرۆژەو بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی دەبێت.
• سەرۆكی ئەنجومەن دەسەڵاتی رەتكردنەوەی هەر رێككەوتنێكی دوقوڵی یان چەند قۆڵی هەیە كە ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی دەیكات.
• لە كاتی سەرپێچیدا، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵا دەسەڵاتی سزادانی هەر ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی هەیە.
گورزێكی پێشوەختە لە ئەنجومەنی باڵا
لەكاتێكدا هێشتا ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نەگەیشتووەتەسەر ئەو ماددەیەی پەیڕەوی ناوخۆ كە تایبەتە بە دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی، ئەمڕۆ سەركردایەتی گورزێكی بەهێزی لەو نامەیە وەشاند كە كۆسرەت رەسوڵ بۆ سەركردایەتی ناردووە.
(درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا، دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكلاكراوەتەوە، بەپێی ئەوەی پەسەندكراوە، ئەنجومەنی سەركردایەتی ئەم دەسەڵاتانەی دەبێت:
• بەرزترین دەسەڵاتە لەنێوان دوو كۆنگرەداو سەرچاوەی بڕیارە لە پرسە گرنگو چارەنوسسازەكاندا.
• بەرپرسە لە داڕشتنی سیاسەتی گشتی حزب لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە.
• بەرپرسە لەو رێككەوتنە گرنگانەی كە پەیوەندییان بە پرسە نەتەوەییو چارەنوسسازەكانو بەرژەوەندی باڵای یەكێتیو هاوپەیمانێتی هەڵبژاردنەوە هەیە.
• دەسەڵاتی هەیە متمانە لە سەرۆكی حزبو سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی بسەنێتەوە بەرێژەی دەنگیی دوو لەسەر سێی ئەندامەكانی.
پێدانی ئەم دەسەڵاتانە بە ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی، بەپلەی یەكەم لێدان بوو لە ناوەڕۆكی ئەو نامەیەی كە ئەنجومەنی باڵای سیاسی لەبارەی
دەسەڵاتەكانییەوە بۆ سەركردایەتی ناردووە.
تاقیكردنەوەی كارتەكان
ئەوەی تائێستا هەیە، هیچ رێككەوتنێكی جێگیر لەنێوان باڵە سەرەكییەكانی یەكێتیدا نییە لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستو دەسەڵاتەكان، رۆژانە كوتلەكان چەندین كارتی نوێ بۆ یەكتر بەرزدەكەنەوە، بەڵام ئەمە بەردەوام گۆڕانكاری بەسەردا دێت، رەنگە هۆكارەكە ئەوەبێت تائێستا كوتلە سەرەكییەكان نەیانتوانیوە پێكەوە رووبەڕوو دابنیشنو باسی داواكاریو خواستەكانی خۆیان بكەنو لەچوارچێوەی دانوستانێكدا ناكۆییەكان بەلادا بخەن، ئەوەی كە هەیە، تەنیا كۆبونەوەی پشتی پەردەیە.