"تەرفیع"ی فەرمانبەران دەگەڕێتەوە ؟
2020-02-08 11:04:10
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
حكومەتی هەرێمی كوردستان جگە لە پارەی پاشەكەوتی موچە، نزیكەی (4 ترلیۆن) دیناری پارەی بەرزەموچە "تەرفیع"ی فەرمانبەران قەرزارە، لە پەرلەمانەوە هەوڵێك دەستیپێكردووە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانە، بەپێی بەدواداچوونی (درەو)، بۆ گەڕاندنەوەی بەرزە موچە حكومەت مانگانە پێویستی بە نزیكەی (36 ملیار) دینار هەیە، یاسای چاكسازی بەلای بەرزە موچەدا نەڕۆیشتووە، پێناچێت حكومەت بەمزوانە وەڵامی داواكاری بەرزەموچە بداتەوە.
كاتێك بڕیار شوێنی یاسا دەگرێتەوە
شوباتی ساڵی 2016 كە هەرێمی كوردستان بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتو بڕینی بەشە بودجەی هەرێمو خەرجییەكانی شەڕی "داعش"ەوە بە قەیرانێكی دارایی سەختدا تێدەپەڕی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی حكومەتی هەرێم بە بڕیارێك "بەرزەموچە"ی فەرمانبەرانی راگرت كە لەناو فەرهەنگی فەرمانبەراندا بە "تەرفیع" ناسراوە.
ئەوەی نێچیرڤان بارزانی كردی، راگرتنی یاسا بوو بە بڕیار، ئەمە بۆ یاساناسان بابەتێكە كە زۆر جێگای تێبینی-یە، بەرزەموچەی فەرمانبەران بەپێی یاسای (موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتو كەرتی گشتی ژمارە 22ی ساڵی 2008)ی عێراق جێگیركراوە، ئەم یاسایە لە هەرێمی كوردستان كاری پێدەكرێت.
بڕیاری راگرتنی بەرزەموچەی فەرمانبەران هاوكات بوو لەگەڵ بڕیاری بڕینی موچەی فەرمانبەران بەرێژەی (25% بۆ 75%) لەژێر ناوی "پاشەكەوتی موچە"، كابینەی پێشوو بەرلەوەی وادەكەی تەواو ببێت، بەدوو قۆناغو لە ئازاری 2018و ئازای 2019دا بە یەكجاری پاشەكەوتی موچەی هەڵگرت، بەڵام بڕیاری راگرتنی بەرزەموچە وەكو خۆی مایەوە، ئەمە یەكێكی ترە لەو كێشانەی كە لە كابینەكەی نێچیرڤان بارزانییەوە بە میرات بۆ كابینەكەی مەسرور بارزانی ئامۆزای ماوەتەوە.
بەمدواییە پەرلەمانی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەت یاسایەكی بەناوی "چاكسازی" پەسەندكرد، بەڵام ناوەڕۆكی یاساكە بە هیچ جۆرێك نەچووە بەلای بابەتی بەرزەموچەی فەرمانبەراندا، تائێستا چارەنوسی ئەم دۆسیەیە بە ناڕوونی ماوەتەوەو فەرمانبەران چوار ساڵی تری تەمەنی خزمەتی وەزیفییان بەڕێدەكەن بەبێ ئەوەی بەرزەموچەیان بۆ بكرێت، ئەمە سەرباری ئەوەی بەشێكی زۆری فەرمانبەران لە ساڵی دەرچوونی بڕیارەكەو ساڵانی دواتریشدا وادەی ئەوەیان هەبووە بەرزەموچەیان بۆ بكرێتو بۆیان نەكراوە، ئەمەش وەكو پاشەكەوتنی موچە بەقەرز لەسەر حكومەت ماوەتەوەو نازانرێت چۆن چارەسەری بۆ دەدۆزرێتەوە.
هەوڵێك لە پەرلەمانەوە
رۆژی 28ی مانگی رابردوو (36) كەس لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان ئیمزایان لەسەر نوسراوێك كردو ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان كرد، ئەو پەرلەمانتارانە لە نوسراوەكەیاندا دەڵێن ئێستا دۆخی دارایی حكومەت باش بووە، بۆیە دەبێت ئەو مافە یاساییە (بەرزەموچە) بۆ فەرمانبەران بگەڕێتەوە.
كابینەی نوێی حكومەت لەدوای دەستبەكاربوونیەوە زیاتر لە هەوڵی كۆكردنەوەی داهاتەكانە، نەك گەڕاندنەوەی قەرزەكانی كابینەی پێشوو كە بە میراتیی بۆی ماوەتەوە، مەسرور بارزانی كە یەكەمجارە ئەزمونی خۆی لە سەرۆكایەتی حكومەتدا تاقیدەكاتەوە جارێ دەیەوێت بزانێت داهاتەكانی حكومەت چەندن، دواتر بڕیار لەسەر دابەشكردنیان بدات.
یاسای چاكسازی كە بە پلەی یەكەم بۆ گەڕاندنەوەی بڕێك داهاتی بەهەدەردراو بوو بۆ حكومەت، لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاوكرایەوە، بەمەش كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، روون نییە یاساكە چەندێك داهات بۆ حكومەت دەگەڕێنێتەوە، بەڵام هەر داهاتێك كە بەهۆی ئەو یاسایەوە دەگەڕێتەوە، دەبێت سەرەتا ئەو بۆ بەرزكردنەوەی رێژەی كەمترین ئاستی موچەی خانەنشینی بەكاربهێنرێت، چونكە لە یاساكەدا ئەولەویەت بەم بابەتە دراوە نەك گەڕاندنەوەی بەرزە موچەی فەرمانبەران.
تێچووی بەرزە موچە چەندە ؟
دیارنییە ئاخۆ حكومەت لەسەر داوای پەرمان بڕیار لەسەر گەڕاندنەوەی بەرزەموچەی فەرمانبەران دەدات یاخود نا، چونكە ئەمە بەپلەی یەكەم بەندە بە تێچووی خەرجكردنی بەرزەموچەوەو ئەو قەرزانەی كە بەهۆی بەرزەموچەوە لەماوەی رابردوودا لەسەر حكومەت ماونەتەوەو بە فەرمانبەرانی نەداوە.
لەدوای دەرچوونی بڕیاری راگرتنی بەرزەموچەوە، بەتێكڕا هەموو فەرمانبەران بەهۆی ئەو بڕیارەوە دوو بەرزەموچە "تەرفیع"یان فەوتاوە، ئەمە هاوشێوەی پاشەكەوتی موچە قەرزێكە كە لەسەر حكومەتی هەرێمەو دەبێت بگەڕێنێتەوە بۆ فەرمانبەران.
بەهای ئەو قەرزەی بەرزەموچە كە دەبێت حكومەت بۆ فەرمانبەرانی بگەڕێنێتەوە بەدیاریكراوی نازانرێت، (درەو) پەیوەندی بە ژمارەیەك لە ئەندامانی لیژنەی داراییەوە كرد، كەسیان بە دیاریكراوی بەهای پارەكەیان نەزانی، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەكان باسلەوە دەكەن بەهای ئەو پارەیە دەگاتە نزیكەی (4 ترلیۆن) دینار، واتە لەحاڵی بڕیارداندا لەسەر گەڕاندنەوەی پارەی بەرزەموچە، دەبێت حكومەت سەرەتا خۆی بۆ پێدانەوەی ئەو قەرزانە ئامادە بكات.
عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێ:" بڕی ئەو پارەی بەرپرسان بە هێنانی كاڵای قاچاخ دەستیاندەكەوێت، نزیكەی ٣٥ ملیۆن دۆلاری مانگانەیە، بە نیوەی ئەو پارەیە، خەرجی بەرزەموچە چارەسەر دەكرێت"، واتە بەپێی قسەی عەلی حەمەساڵح گەڕاندنەوەی بەرزەموچەی فەرمانبەران زیاتر لە (17 ملیۆن) دۆلار لەسەر حكومەت دەكەوێت.
بەڵام یاسین واحید سەرۆكی دیوانی وەزارەتی داراییو ئابوری لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) رایگەیاند، تائێستا هیچ خەمڵاندنێكیان نەكردووە لەبارەی ئەوەی ئەگەر بەرزەموچە گەڕێندرایەوە چەندێك لە فەرمانبەران سودمەند دەبن لێیو خەرجی كۆی گشتی چەندێكە، بۆیە وتنی هەر ژمارەیەك لەوبارەیەوە شتێكی ناڕاست دەردەچێت.
ئەگەر تێكڕای بەرزەموچە بە (50 هەزار) دینار ئەژماربكرێت، كە بۆ هەندێك پلەی وەزیفی لەم بڕە زیاترو بۆ هەندێك تر كەمترە، لەحاڵی دەستپێكردنەوەی خەرجكردنی بەرزەموچە بۆ فەرمانبەران، حكومەت مانگانە پێویستی بە نزیكەی (36 ملیار) دینار دەبێت، ئەمە لەكاتێدایە ئێستا تێكڕای موچەی فەرمانبەرانی هەرێم مانگانە (881 ملیار) دینارە.
بەرزەموچە چییە ؟
بەپێی یاسای موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتو كەرتی گشتی عێراق بەرزەموچە بریتییە لە " گواستنەوەی پلەی وەزیفی فەرمانبەر لە كارەكەیدا بۆ پلەیەكی بەرزتر لە پلەكەی خۆی بەگوێرەی پلەبەندی وەزیفی".
بۆ پلەبەرزكردنەوە بەپێی یاسا دەبێت ئەم مەرجانە جێبەجێ ببن ئینجا پلەبەرزكردنەوە دەكرێت:
• شوێنی بەتاڵ هەبێت لەو پلە وەزیفیەی كە فەرمانبەرەكەی بۆ بەرزدەكرێتەوە، لە فەرمانگەكەدا.
• ئەو ماوەیە تەواوبووبێت كە بۆ تەرفیع دانراوە.
• فەرمانبەر مەرجو پێداویستی داواكراوی تێدا بێت بۆ وەرگرتنی ئەو ئەركەی كە پلەكەی بۆ بەرزدەكرێتەوە.
• تواناو لێهاتووی فەرمانبەر بسەلمێندرێت لە بەڕێوەبردنی ئەو ئەركەی كە پلەكەی بۆ بەرزدەكرێتەوە.
راگرتنی بەرزەموچەی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە ناتوانێت بەراورد بكرێت بە بڕیاری پاشەكەوتی موچە، چونكە پاشەكەوتی موچە هاوشێوەی قەرزێكە كە هی فەرمانبەرانەو كەوتوەتە سەرشانی حكومەتو پێدانەوەی لە ئێستادا یاخود كاتێكی تر كێشەی گەورە بۆ كاری فەرمانبەران دروستناكات، بەڵام بڕینی بەرزەموچە كێشەی بۆ پلەبەندی كاری فەرمانبەران دروستدەكات، بەتایبەتی بۆ تەمەنی خانەنشینی.
قەرزەكانی فەرمانبەران لای حكومەت
كابینەی نوێی حكومەت كە دەستبەكاربوو، كەوت بەسەر قەرزێكی (14 ترلیۆن) دیناریدا، كە پارەی موچە پاشەكەوتكراوەكانی فەرمانبەرانە لەماوەی ساڵانی (2015 بۆ 2019)، ئەمە سەرباری قەرزی تایبەت بە بەرزەموچەی فەرمانبەران.
ئەگەر پارەی پاشەكەوتی موچەو بەرزەموچە بە تێكڕا ئەژماربكرێت، قەرزی فەرمانبەران لەسەر حكومەت بۆ (18 ترلیۆن) دینار بەرزەدەبێتەوە.
لە ساڵی 2014وە حكومەتی هەرێمی كوردستان یاسای بودجەی نییە، بۆیە پەرلەمان كە چاودێرە لەسەر حكومەت بەدیاریكراوی شێوازی دەستخستنی داهاتەكانو چۆنیەتی خەرجكردنیان لەلایەن حكومەتەوە نازانێت، بۆیە پێدانەوەی قەرزی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتەوە بابەتێكە كە ناتوانرێت پێشبینی بكرێت.
لە یاسای چاكسازیدا كە بەمدواییە پەسەندكرا، چارەنوسی موچە پاشەكەوتكراوەكان رادەستی بەغداد كراو حكومەتی هەرێم چاوەڕێیە حكومەتی ناوەندی عێراق ئەو پارانە بۆ فەرمانبەران بگەڕێنێتەوە، بەڵام چارەنوسی بەرزەموچە هێشتا بڕیاری لەسەر نەدراوە.