حكومەت زانیاری لە سەر فەرمانبەرانی تەمەن 45 ساڵ كۆدەكاتەوە
2020-02-07 18:50:55
درەو:
حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای زانیاری لەسەر ئەو فەرمانبەرانە دەكات كە تەمەنیان (45) ساڵەو (15)ساڵ خزمەتیان هەیە، ئەتوانن ئارەزومەندانە خانەنشین بنن، دوای ئەوەی یاسای چاكسازی لەمڕۆوە چووە بواری جێبەجێكردنەوە
ئەمڕۆ یاسای چاكسازی و خانەشنینی پلە باڵاكان دوای پەسەندكردنی لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە لە رۆژنامەی (وقایعی كوردستان) بڵاوكرایەوەو دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان خشتەیەكی ئاراستەی وەزارەتەكان كردووەو داوای زانیاری دەكات لەسەر ئەو فەرمانبەرانەی كە تەمەنیان (45) ساڵ و زیاترەو خزمەتیشیان لە (15) ساڵ و زیاترە.
لە بڕگەی سێیەمی مادەی 7ی یاسای چاكسازیدا، ئەو فەرمانبەرانەی كە تەمەنیان (45)ساڵە و خزمەتیشیان (15) ساڵە دەتوان بە خواستی خۆیان خانەنشین بن، بەڵام خانەنشینیەكە ئارەزوو مەندانەیە، تا تەمەنی (63) ساڵ دەبێتە ئیجباری، ئەم خانەنشینیە ئارەزومەندانەیە تەنها فەرمانبەرانی مەدەنی دەگرێتەوەو سەربازی ناگرێتەوە.
لە دەقی بڕگەی سێیەمی مادەی (7) ی یاساكەدا هاتووە:
فەرمانبەر بەو پێناسەیەی لە یاسی خانەشنی یەكگرتووی بەركار لە هەرێمدا هاتووە ( بەوانەشەوە كە لەبڕگەی یەكەمی ئەم مادەیەدا ئاماژەی پێدراوە) شاییسە موچەیەكی خانەنشینی دەبن ئەگەر خزمەتی خانەنشینیان لە (15) ساڵ كەمتر نەبێت و (45) ساڵ لە تەمەنیان تەواو كردبێت، جگە لە حاڵەتەكانی مردن یان شەهید بوون یان خانەشنینبون لە هۆكاری تەندرووستی و ئەو حاڵەتانەی دیكەی بەدەركردن كە لە یاسای خانەنشینی بەركاردا هاتووە.