Draw Media

مۆسكۆ ئەنكەرە تۆمەتباردەكات بە قوڵكردنەوەی كێشەكان 

مۆسكۆ ئەنكەرە تۆمەتباردەكات بە قوڵكردنەوەی كێشەكان 

2020-02-12 19:41:27


راپۆرتی: درەو
قەبارەی ئەو هێزە سەربازییە گەورەیەی بەمدواییە توركیا ڕەوانەی سوریای كردووە ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ ئەنجامدانی جەنگێكی چاوەڕوانكراو بۆ گێڕانەوەی ئەو ناوچانەی رژێمی سوریا دەستی بەسەردا گرتوون، كە دەكەونە چوارچێوەی ناوچەكانی "هێوركردنەوەی توندوتیژی" بەپێی ڕێككەوتنی "سوچی" كە ساڵی 2018 لەنێوان "ڤلادیمێر پۆتن‌و رەجەب تەیب ئەردۆغان" ئیمزاكرا. 
"ئەردۆغان" ئەمڕۆ جارێكی تر تا كۆتایی ئەم مانگەی بۆ سوپای سوریای دیاریكرد تا لەوناوچانە بكشێتەوە كە دەستی بەسەرداگرتوون، هەڕەشەی ئەوەشیكرد ئەگەر هێزەكانی سوریا دەستدرێژی بكەنە سەر سوپای توركیا وەڵامدانەوەیان ناوچەكانی دەرەوەی ڕێككەوتنی "سوچی"یش دەگرێتەوە.
لەماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوی هێرشی سوپای سوریا بەپشتیوانی هێزی ئاسمانی ڕوسیا بۆ سەرناوچەی ئیدلیب،  لەدوو هێرشی جیادا 14 سەربازی سوپای توركیا كوژراون‌و 45ی دیكەش برینداربوون، ئەمە بەقسەی "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" كە لەوتەكەی ئەمڕۆیدا لەبەردەم فراكسیۆنی پارتی دادو گەشەپێدان لەپەرلەمانی توركیا ئاماژەی پێكرد.

توركیا دەكرێتە دەرەوەی هاوكێشەكە؟
رژێمی سوریا بەپشتیوانی ڕوسیا خەریكە ڕۆڵی توركیا لەهاوكێشەی نوێ  سیاسی‌و سەربازی سوریادا بەتەواوی لاواز دەكات، هێرشەكەی ئەم دواییەی سوپای سوریا بۆ سەر ئیدلیب بەشێكی بەرچاوی  خاڵەكانی چاودێری توركیا لەوناوچانە بێڕۆڵكردووە، بەتەواوی لەلایەن سوپای سوریاوە گەمارۆدراون یان تێپەڕێندراون‌و ڕۆڵیان نەماوە، هاوكات  گروپە توندڕەوەكانی هاوپەیمانیشی لەدۆخێكی سەربازی خراپدان‌و بەوەش خەریكە سوریاو ڕوسیا بەتەواوی بەڕەكە لەژێر پێی ئەنكەرە دەردێنن،  ئەمەش ئیحراجییەكی زۆری بۆ "ئەردۆغان" دروستكردووەو، دەیەوێت بەهەر نرخێكبێت ڕێ لەم هاوكێشە نوێیە بگرێت.  
"ئەردۆغان" لەم قۆناغەدا هەوڵی زامنكردنی دەستوەرنەدانی ڕووسەكان دەدات لەحاڵەتی ڕووبەڕووبونەوەی سەربازی لەگەڵ سوپای ئەسەد، ئەگەر ئەم سیناریۆیەش شكستبهێنێت هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانی ئەمریكا دەدات بۆ سەپاندنی ناوچەیەكی دژە فڕین لەو ناوچانەی تائێستا سوپای رژێمی سوریا دەستی نەیگەیشتویەتێ لە یدلیب، یاخود سەپاندنی سزای ئابوری  بەسەر مۆسكۆدا، بۆ ناچاركردنی بەچارەسەرێكی مامناوەند.
بەرپرسانی ئەنكەرە لەئێستادا لەسەر دوو ئاست سەرقاڵی گفتوگۆن، لەگەڵ ئەوەی متمانەیان بە ئەمریكییەكان نییە، بەڵام پێدەچێت دژایەتیكردنی هەژمونی ڕوسیا بەرژوەندی هەردووكیانی لەم دۆسیەیەدا یەكخستبێت،  توركەكان  لەلایەك لەگەڵ "جێمس جێفری" نێردەی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەگفتوگۆدان، لەگەڵ ڕوسەكانیش بەردەوامن لەگفتوگۆكردن بۆ ڕێگەگرتن  لەئەگەری قوڵبونەوەی زیاتری كێشەكان‌و ڕووبەڕووبونەوەی ڕاستەوخۆی نێوانیان.

پۆتین‌و ئەردۆغان قسەیان كرد 
پەیوەندییە تەلەفونییە چاوەڕوانكراوەكەی نێوان "پۆتین‌و ئەردۆغان" هیوای زۆری لەسەر هەڵچنرابوو، بەڵام پێناچێت هیچ لەهاوكێشە تازەكانی سەر زەمینی شەڕ بگۆڕێت. سەرۆكایەتی ڕوسیا لەبەیاننامەكدا لەبارەی پەیوەندییە تەلەفونییەكەوە ڕایگەیاندووە:" سەرۆك ڤلادیمێر پۆتین لەگەڵ هاوتا توركییەكەی توندبونەوەی ئاڵۆزییەكانیان لەپارێزگای ئیدلیبی سوریا تاوتوێكردووە، ڕێككەوتون لەسەر گرنگی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكانی نێوانیان لەبارەی سوریاوە".  ڕێككەوتنێك كە "ئەردۆغان" لەزیاد لە بۆنەیەكدا ڕایگەیاندووە: ڕوسەكان پەیوەستنین نین بە جێبەجێكردنی هەردوو ڕێككەوتنی"سوچی‌و ئەستانە"ی تایبەت بە سوریا.
هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ "مەولود چاوش ئۆغلۆ" وەزیری دەرەوەی توركیا ئاشكرایكرد: لەچەند ڕۆژی داهاتوودا وەفدێكی وڵاتەكەی سەردانی مۆسكۆ دەكات بۆ تاوتوێكردنی توندبونەوەی ئاڵۆزییەكان لە ئیدلیب.

مۆسكۆ ئەنكەرە تۆمەتبار دەكات
لەگەرمەی هەوڵە دبلۆماسییەكاندا، مۆسكۆ ئەنكەرە تۆمەتبار دەكات بە جێبەجێنەكردنی ئیلتزاماتەكانی‌و  شكستهێنانی لەدوور خستنەوەی تیرۆرستەكان لە باكوری سوریا. وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ئەمڕۆ لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند: دۆخەكە لە ئیدلیب تادێت بەرەو خراپی دەچێت بەهۆی كێشكردنی چەك‌و تەقەمەنی لەڕێی سنوری توركیاوە، ئاماژەی بەوەشكردووە، قەیرانی ئیدلیب بەهۆی پابەندنەبوونی توركیا بە ئەركەكانی سەریهەڵداوەو ئەنكەرە شكستیهێناوە لە دورخستنەوەی تیرۆرستەكان لەباكوری سوریا.
ڕاشیگەیاندووە: سەربازانی ڕوسیا لەچوارچێوەی ڕێككەوتنی "سوچی" لەسوریا كاردەكەن‌و، كێشكردنی زریپۆش‌و چەك لەڕێی سنوەرەوە بۆ ئیدلیب كێشەكان ئاڵۆزتر دەكات. 

ئەردۆغان دابڕواوە لەواقیع
لەوەڵامی هەڕەشەكانی "ئەردۆغان"دا ئاژانسی هەواڵی "سانا"ی سوری، لەزاری سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی ڕایگەیاندووە: سەرۆكی رژێمی توركیا لەواقیع دابڕاوەو هەڕەشەكانیشی لەسوپای سوریا لەئەنجامی ئەو گورزە ئازاربەخشانەیە كەبەر سوپاكەی‌و گروپە تیرۆرستییەكان كەوتووە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand