هۆشداری لە 10 ململانێی نێودەوڵەتی دەدرێت لە 2020دا
2020-02-10 18:40:21
درەو:
ڕاپۆرتی "میونیخ"بۆ ئاسایش ڕۆشنایی خستوەتە سەر 10 ململانێی نێو دەوڵەتی چاوەڕوانكراو لەمساڵداو، ڕایدەگەیەنێت:" دۆخی ئێستا ئاماژە بە ئاڵوگۆڕو گۆڕانكاری لەپەیوەندی زلهێزەكان دەكات، ئەوەش كێشمەكێشو ململانێكانی نێوانیان زیاتر دەكات".
ئەمەی خوارەوە دیارترین ململانێ چاوەڕوانكراوەكانی ئەمساڵە بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، كە هاوكات پشتیشی بەستووە بە خەمڵاندنەكانی گروپەی قەیرانی ناو دەوڵەتی.
1- ئەفغانستان: تائێستا ڕۆژانە چەندین كەس بەهۆی شەڕەوە لە ئەفغانستان دەكوژرێن، كە بەتوندترینو بەهێزترین ململانێ دادەنرێت بە بەراورد بە ململانێی جیاوازەكانی تر لەجیهاندا، ڕەنگە ساڵی 2020 پرۆسەی ئاشتی دەستپێبكات، لەڕێی ڕێككەوتنێكی چاوەڕوانكراو لەنێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانو تاڵیبان.
2- یەمەن: ئەم ململانێییە گەرمتربووە لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لەنێوان ئێران لەلایەكو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانە هەرێمییەكانی لەلایەكی ترەوە. دەرفەتی ئاشتی كە گفتوگۆكانی ئەمدواییە ڕەخساندنی، ڕەنگە بەمزوانە ببێت بەهەڵم.
3- ئەسیوبیا: هێشتا وڵات لەسەردەمی "ئابی ئەحمەد" سەرۆك وەزیران سەرچاوەیەكە بۆ هیوا، لەهەمانكاتدا داڕووخانێكی مەترسیداری لێی چاوەڕواندەكرێت، بەتایبەت لەگەڵ توندبونەوەی ململانێ ئیتنییەكان لەم دواییانەدا، هەندێك هۆشداری دەدەن لەداڕمانی وڵات وەك ئەوەی لەنەوەدەكاندا لە یوگۆسلافیا ڕوویدا.
4- بۆركینا فاسۆ: تازەترین وڵاتە كە بووبێت بە قوربانیی نا سەقامیگریی كە ناوچە كەناراوەكانی گرتوەتەوە، بەهۆی بزوتنەوەی توندڕەوە یاخییەكانەوە، توندوتیژییەكان لەباكوری وڵاتەوە دەستیپێكردو، بۆ زۆرێك لەناوچە لادێنشینەكان گوازراوەتەوە.
5- لیبیا: كێبڕكێ دەرەكییەكان ململانێی لیبیای توندتر كردووە. پێدەچێت ئاسۆكانی ئاشتی تا ئەمساتە بەهەدەرچووبێت، بەتایبەت لەگەڵ بەردەوامی كێشمەكێشەكان لەبارەی تەرابلوس.
6- ویلایەتەیەكگرتووەكانو ئێران: بەمدواییانە ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمریكاو ئێرانو ئیسرائیلو وڵاتانی ناوچەكە بەشێوەیەكی بەرچاو توندبوەوە، پێناچێت ڕێچارە دیبلۆماسییەكان بۆ هێوركردنەوەی ململانێكە سەركەتووبێت، هەموو لایەك چاوەڕوانی سازش لەبەرامبەرەكەی دەكات.
7- ئەمریكاو كۆریای باكور: دەرفەتی هێوركردنەوە لەنێوانیان لاوازبووە، دوای ئەوەی بیۆنگ یانگ تاقیكردنەوەی نوێی لەكۆتایی 2019دا ئەنجامدا. هەر دەرفەتێك بۆ گەیشتن بەڕێككەوتن لە 2020 پێویستە لەسەر بنەمای "ڕوونیی" بێت.
8- كشمیر: دوای دووركەوتنەوەی لەبازنەی ڕاداری ناودەوڵەتی بۆماوەی چەندین ساڵ، ناوچەی كشمیری كێشە لەسەر لەنێوان هیندو پاكستان گەڕایەوە بۆ ناو شانۆی ڕووداوەكان لەساڵی 2019 دا. پێدەچێت هیند هیچ نەخشە ڕێگایەكی نەبێت بۆ ئەم ناوچەیە، بەڵام ئەگەرەكانی ئاڵۆزبوون هێشتا ئامادەیەو ڕەنگە دۆخەكە بتەقێتەوە ئەگەر هێرشێك لەلایەن گروپە چەكدارەكانی ناو هەرێمەكەوە ئەنجامبدرێت، پێویستە لەسەر هێزە جیهانییەكان هەموو قورسایی خۆیان بەكاربهێنێنن بۆ ڕێگەگرتن لەداڕمانی ئاشتی لەم ناوچەیەی جیهان، بەتایبەت كە هەردوو لایەنەكە ئەندامن لەیانەی ئەتۆمی.
9- فەنزوێلا: حكومەتی نیكۆلاس مادۆرۆ هێشتا دابراوەو بێبەشكراوە لەسەرچاوەكانی، لەكاتێكدا 7ملیۆن فەنزوێلی پێویستیان بەهاوكاری مرۆییە بەشێوەیەكی خێرا.
10-ئۆكرانیا: هەوڵەكانی سەرۆكی نوێی ئۆكرانیا بوژانەوەیەكی گەورەی تێدابووە بۆ كۆتایهێنان بەو ململانێیەی ماوەی 9 ساڵە لەنێوان كیێڤو جوداخوازەكاندا بەردەوامە، كە لەلایەن ڕوسیاوە پشتیوانی دەكرێن. لەگەڵ ئەوەی چاوەڕوانیی لە دەرفەتەكانی ئاشتیی زیاترن ، بەڵام دوور نییە پلانەكانی ئاگربڕ لەهەر ساتەوەختێكدا ڕووبەڕووی داڕمان ببنەوە.