راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف - نامیق رەسول پارتی دیموكراتی كوردستان دڵی پەرلەمانی كوردستانی (لیژنەی یاسایی) داگیركرد، چیتر پارتی ناچارنییە بۆ رێگرتن لە تێپەڕبوونی پرۆژەیاساكان، دەرگای پەرلەمان دابخاتو رێگری لە گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمان بكات بۆ هەولێر. پارتی بەبێ ئامادەبوونی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەناو پەرلەمانەوە هەنگاوێكی تری ناو دڵی پەرلەمانی كە (لیژنەی یاسایی)ە هەڵبژارد. لیژنەی یاسایی لیژنەیەكی هەمیشەییەو هەموو ئەو پرۆژە یاسایانەی كە دەچنە ناو پەرلەمانەوە لە یەكەم وێستگەدا لە لیژنەی یاسایی لەنگەر دەگرن، بڕیاری كۆتایی لەبارەی لەبارەی پرۆژە یاساكانەوە دواجار لەدەستی لیژنەی یاساییدایە. ئەو لایەنەی كە زۆرینەی دەنگی لەو لیژنەیەدا هەبێت، جڵەوی بڕیارو پرۆژە یاساكانی لەناو پەرلەماندا بەدەستەوە دەبێت، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان:" لیژنە هەمیشەییەكان، لە ژمارەیەك ئەندام پێكدێن كە نابێت لە (5) ئەندام كەمترو لە (11) ئەندام زیاتر بن، كە نوێنەرایەتی فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان دەكەن، بەپێی رێژەی نوێنەرایەتییان لەناو پەرلەمان". لیژنەكە چۆن هەڵبژێردرا ؟ لەسەر بنەمای ئەم بڕگەیەی پەیڕەوی ناوخۆ، ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان بەبێ ئامادەبوونی فراكسیۆنی یەكێتی، ئەندامانی لیژنەی یاسایی هەڵبژاردو بەپێی رێككەوتنێكی نێوان فراكسیۆنەكانو سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ هەر (10) كورسی پەرلەمان، یەك نوێنەر بۆ فراكسیۆنەكان لەناو لیژنەی یاسایی دانرا. بەپێی ئەو پێوەرە، كورسییەكانی لیژنەی یاسایی بەمشێوەیە بەسەر فراكسیۆنەكاندا دابەشكران: • پارتی لەگەڵ هاوپەیمانەكەی ( سۆسیالیست) كە خاوەنی (46) كورسییە لە پەرلەمان، (4) ئەندامی لیژنەی یاسایی بەركەوت، واتە بۆ هەر (10) كورسییەك ئەندامێكی لیژنەكەی بردوو و سەرباری ئەوەش (6) كورسی لێ ماوەتەوە. • یەكێتی كە (21) كورسی لەناو پەرلەماندا هەیە، (2) ئەندامی لیژنەی یاسایی بەركەوت، واتە بۆ هەر (10) كورسی، یەك ئەندام، سەرەڕای ئەوەش كورسییەكی زیادەی مایەوە. • بزوتنەوەی گۆڕان كە (12) كورسی پەرلەمانی هەیە، (1) ئەندامی لیژنەی یاسایی بەركەوتو (2) كورسی زیادەشی لێمایەوە. • بەپێی بڕگە یاساییەكە، كە بۆ هەر (10) كورسی لە پەرلەمان، (1) ئەندام لە لیژنەی یاسایی دیاریكراوە، پارتیو یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕان پێكەوە لە كۆی (11) ئەندام، (7) ئەندامی لیژنەی یاساییان پڕكردەوە. • دواتر بۆ پڕكردنەوەی ئەو (4) ئەندامەی تری لیژنەكە، پەنا برا بۆ شێوازی (باقی الاقوی- ماوەی بەهێز). • بەهێزترین ماوەی بەهێز، جوڵانەوەی نەوەی نوێ بوو، كە خاوەنی (8) كورسییە لە پەرلەمان، نەوەی نوێ (1) ئەندامی لە لیژنەی یاسایی پێدرا. • دوای نەوەی نوێ، كۆمەڵی ئیسلامی دووەم ماوەی بەهێز بوو، كۆمەڵ خاوەنی (7) كورسییە لە پەرلەمان، كۆمەڵیش ئەندامێكی لە لیژنەی یاسایی بەركەوت. • لەدوای كۆمەڵی ئیسلامی، مەسیحیو ئەرمەنەكان بەهێزترین ماوەی بەهێز بوون، كە خاوەنی (6) كورسی كۆتاكانن، ئەوانیش ئەندامێكی لیژنەی یاساییان برد. • یەك ئەندامی پڕنەكراوە لە لیژنەی یاسایی مایەوە، ماوەی بەهێز یەكسان بوو لەنێوان (6) كورسی پارتی، (5 كورسی) یەكگرتووی ئیسلامی، (5) كورسی توركمانەكان، بۆیە كورسیەكەی تر بۆ پارتی بوو واتا پارتی ئەمڕۆ كورسیەكەی مسۆگەركرد كە هاوپەیمانی لەگەڵ سۆسیالیست بۆ بێبەشكردنی یەكگرتوو بوو بۆیە كورسیەكەی مسۆگەر كردوو بەخشیە پێكهاتەی توركمان . ئەندامانی لیژنەی یاسایی لیژنەی یاسایی لە خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان لەم كەسانە پێكهاتوون: 1- ئەرشەد حسێن (پارتی) 2- بژار خالد (پارتی) 3- خەدیجە عومەر (پارتی) 4- عەبدولسەلام عەبدوڵا (پارتی) 5- ئەندامێكی یەكێتی (بەهۆی بەشدارینەكردنی یەكێتییەوە تائێستا ناوی لێنەنراوە) 6- ئەندامێكی یەكێتی (بەهۆی بەشدارینەكردنی یەكێتییەوە تائێستا ناوی لێنەنراوە) 7- جەلال محەمەد (بزوتنەوەی گۆڕان) 8- كاوە عەبدولقادر (نەوەی نوێ) 9- روپاك ئەحمەد (كۆمەڵی ئیسلامی) 10- رۆمیۆ هەكاریی (مەسیحیو ئەرمەنەكان) 11- سارا دڵشاد (توركمانەكان) پارتی مێژوو دوبارەناكاتەوە پارتی ئەمڕۆ كۆتایی بە بابەتێك هێنا كە خولی رابردوو بەرۆكی گرتبوو، لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستاندا، پارتی لە لیژنەی یاسایی (3) ئەندامی هەبوو، سەرۆكی لیژنەكە (ڤەلا فەرید) بوو لە فراكسیۆنی پارتی، مەسیحیو توركمانەكان بەهەمان شێوەی ئێستا (2) نوێنەریان لە لیژنەكەدا هەبوو، واتە پارتیو هاوپەیمانەكانی لە لیژنەی یاسایدا (5) كەسیان هەبوو. لەبەرامبەردا بەرەی بەرامبەر بە پارتی كە پێكهاتبوون لە (بزوتنەوەی گۆڕان- یەكێتی، یەكگرتوو- كۆمەڵ) بەهەمویانەوە (6) نوێنەریان لە لیژنەی یاسایدا هەبوو، واتە بەرەی نەیاری پارتی، زۆرینە بوون لە لیژنەی یاساییدا، ئەم زۆرینەیە لە پرسی هەمواری یاسایی سەرۆكایەتی هەرێمدا گورزی كوشندەی لە پارتیدا، پارتی نەیتوانی پرۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لە لیژنەی یاسایی راگرێتو یاساكە گەیشتە ناو هۆڵی پەرلەمان، پارتی كە نەیتوانی لە هۆڵی پەرلەمان رێگری لە تێپەڕبوونی یاساكە بكات، ناچار پەرلەمانی كوردستانی پەكخستو رێگری لە گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمان كرد بۆ هەولێر. پارتی چیتر دەرگای پەرلەمان داناخات لەم خولەدا پارتی جارێكی تر دوچاری ئەو قەیرانە نابێتەوە، كە لە خولی پێشوودا رووبەڕووی بوەوە، واتە لەم خولەدا چیتر پارتی ناچارنابێت دەرگای پەرلەمان دابخاتو هەر لە رێگەی لیژنەی یاساییەوە پەردە بەسەر هەر پرۆژە یاسایەكدا دەدا كە دژی خواستەكانی بێت. خولی پێشووی پەرلەمان، لە كۆتاییەكانی تەمەنی خۆیدا پەیڕەوی ناوخۆی هەمواركردەوە، بەپێی هەموارەكە، بەپێچەوانەی خولی پێشووەوە كە (10) ئەندام پەرلەمان پێكەوە دەیانتوانی پرۆژە یاسایەك بخەنە ناو پەرلەمانەوە، لەم خولەدا هەر پرۆژە یاسایەك ببرێتە ناو پەرلەمان، دەستەی سەرۆكایەتیو لیژنەی یاسایی دەتوانن رایگرن، یاخود بە یەكجاری رەتیبكەنەوە. سەرەڕای ئەمە، ئێستا پارتی لە لیژنەی یاسایی بەتەنیا خۆی (4) ئەندامی هەیەو دەنگی (2) ئەندامی تری مەسیحیو توركمانەكانی زامنكردووە، واتە دەنگی زۆرینەی لە لیژنەی یاسایی لەگەڵدایە. هاوكات سەرۆكی لیژنەی یاساییش هەر لای پارتی دەبێتو ئەمەش گرنگی تایبەتی خۆی دەبێت، چونكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ سەرۆكی لیژنەی یاسایی دەسەڵاتی دیاریكردنی كۆبونەوەی لیژنەو بانگهێشتكردنی ئەندامانی لیژنەی هەیەو ئەگەر لەسەر بابەتێك لە لیژنەی یاسایی، دەنگەكان یەكسان بوون، ئەو لایەنە براوە دەبێت كە دەنگی سەرۆكی لیژنەی لەگەڵدایە. پارتی چی لە لیژنەی یاسایی دەوێت ؟ یەكەمین كاری پارتی دیموكراتی كوردستان بە لیژنەی یاسایی، كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمە، كە نێچیرڤان بارزانی كاندیدە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ پارتی، پێویستییەكی ژیارییەو خاڵی پارسەنگە بۆ راگرتنی كێشەكانی بنەماڵەی بارزانی، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، مەسرور بارزانی كوڕی كاندیدكرد بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەتو كۆتایی بە (18) ساڵ تەمەنی نێچیرڤانی بارزانی برازای هێنا لە سەرۆكایەتی حكومەتدا، مەسعود بارزانی بۆ راگرتنی بنەماڵەكەی بە یەكگرتوویی، دەبێت هاوكات لەگەڵ جێگیركردنی كوڕەكەی لە سەرۆكایەتی حكومەت، برازاكەشی لەسەر كورسی سەرۆكی هەرێم جێگیر بكات، كورسییەك كە لە خولی پێشوودا بوو بە كێشە بۆ بارزانی باوكو بەهۆیەوە دەرگای پەرلەمانی كوردستانیش داخرا.
(درەو میدیا): حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران، دەستلەكاركێشانەوەی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی رەتكردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی شورای ئەو وڵاتە داوایانكرد دەستلەكاركێشانەوەكە پەسەندنەكات. شەوی رابردوو، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران و كۆڵەكەی دیپلۆماسیەتی ئەو وڵاتە دەستیلەكاركێشایەوە. زەریف لە تۆڕی كۆمەڵایەتی " ئینستاگرام" كە تاكە تۆڕی كۆمەڵایەتی رێگەپێدراوە لە ئێراندا، دەستلەكاركێشانەوەكەی راگەیاند و داوای لێبوردنیشی لە گەلی ئێران كە ئەگەر لەماوەی كاركردنیدا كەمتەرخەمییەكی كردبێت. هۆكارەكەی دەستلەكاركێشانەوەی زەریف هاوكات بوو لەگەڵ سەردانی بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا بۆ تاران و كۆبوونەوەو دیداری لەگەڵ عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران و حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆمار و لە هیچ كام لەو دیدارانەدا زەریف ئامادەنەبوو، بەڵكو ژەنەراڵی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس ئامادەی هەردوو كۆبوونەوەی ئەسەد و خامنەیی و ئەسەد و رۆحانی بوو. سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ئاژانسی" فارس نیوز"ی ئێرانی راگەیاند كە هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی زەریف دەگەڕێتەوە بۆئەوەی كە لەلایەن گەورە لێپرسراوانی سەرۆكایەتی كۆمارەوە هەماهەنگی لەگەڵدا نەكراوە بۆ دیداری حەسەن رۆحانی و بەشار ئەسەد. ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشیكرد لەم چەند مانگەی دواییدا لە چەند پرسێك و بڕیارێكدا ناكۆكی نێوان زەریفو رۆحانی دەركەوتووەو هەندێكجار بەهۆی جیاوازی و ناكۆكی زۆرەوە لەگەڵ حەسەن رۆحانی، زەریف كۆبوونەوەكانی حكومەتی بەجێهێشتووە. سەرەراِی ئەو هۆكارەی سەرەوە باس لەوەشدەكرێت، بەهۆی كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێران كە زەریف ئەندازیاری بووە، زەریف لەلایەن باڵی پارێزگارەكانەوە گوشاری زۆری خراوەتەسەر و رووبەڕووی رەخنەی زۆربوەتەوە، بە تایبەتی دوای گەڕاندنەوەی سزاكانی ئەمریكا و خراپبوونی دۆخی ئابووری ئێران، ئەوەش زەریفی ناچاركردووە دەستبەرداری پۆستەكەی بێت. محەمەد جەواد زەریف، ساڵی 1960 لە تاران لەدایكبووە، لەدایكبووە، بڕوانامەی دكتۆرای لە یاسای نێودەوڵەتیدا لە زانكۆی دێنڤەری ئەمریكا بەدەستهێناوە و لە ئابی 2013ەوە وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە و پێشتریش لە ساڵی 2002 بۆ 2007 باڵیۆزی هەمیشەیی ئێران بووە لە نەتەوە یەكگرتووەكان.
درەو میدیا: لە راگەیەنراوێكدا رەمزی مەجید ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە دەستی لەكاركێشایەوە، لە دوای رێكەوتنی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە 18/2/2019 ئەمە سێیەم ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕانە كە دەستلەكار دەكێشێتەوە. ئەو ئەندامەی جڤاتی گشتی لە راگەیەنراوەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە" بزوتنەوەی گۆڕان قراربوو چاونەترس بێ لە دەڕبڕینی هەڵوێستەكانی ، قراربو ئازابێ لە بەرگری لەمافەكانی خەڵك ، قراربو ڕاشكاوانە و خۆنەویستبێ لەگەڵ كۆی پڕۆژە سیاسیەكەی كە بە ڕێنوێنی خوالێخۆشبو ڕەوانشاد نەوشێروان موستەفا ئامادەكراو بوو، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان خەریكە بەو ڕێگا سیاسیە هەڵەیە بەرە و پوكانەوە دەچێت ، وە بەرە و خاڵی بونەوە دەچێت لە هەڵسوراو و ئەو ئەندامە دڵسۆزانەی كە یاوەر و دامەزرێنەری ئەم بزوتنەوەیە بوون" دەقی راگەیەنراوەكە بۆ ڕای گشتی سڵاو من (ڕەمزی مجید فەردە ) خاوەن دو برا شەهید ، وەك ئەندامی جڤاتی گشتی و پێشوتریش باژێڕوانی قەزای خەبات بووم ، دەسبەرداری خۆم لە ئەندامێتی جڤاتی گشتی و تەواوی بزوتنەوەی گۆڕانی ئێستا ڕادەگەیەنم نامهەوێ بێڕێزی بەرامبەر شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری نیشتیمان بکەم ، من زیتر لە ١٠ ساڵە بەشدارو هاوكاری تەواوی ئەم بزوتنەوەیەم كردوە بە هەموو توانا مەعنەوی و توانا ماددیە كەمەی هەمبوو درێخیم نەكردوە ، بەرگەی هەمو ئازار و هێرشە ناحەقیەكانم گرتوە سڵیشم لە هیچ نەكردۆتەوە. بەڵام ئەمڕۆی گۆڕان نە دوێنێ و ئەوێ ڕۆژێی گۆڕانە نە هیچ پەیوەندیەكی ماوە بە ڕێبازی ڕەوانشاد نەوشێروان موستەفا ، بزوتنەوەی گۆڕان قراربوو چاونەترس بێ لە دەڕبڕینی هەڵوێستەكانی ، قراربو ئازابێ لە بەرگری لەمافەكانی خەڵك ، قراربو ڕاشكاوانە و خۆنەویستبێ لەگەڵ كۆی پڕۆژە سیاسیەكەی كە بە ڕێنوێنی خوالێخۆشبو ڕەوانشاد نەوشێروان موستەفا ئامادەكراو بوو بە كاری سەركی بزوتنەوەكەو هەوێنی گۆڕانكاری، قراربو ئازارەكانی بەردەم بزوتنەوەكە بەیەكەوە بەش بكەین و بەرژەوەندی كەسی وەلا بنێین ، لێ مەخابن گۆڕانی ئێستا جگە لە تیمێكی ئینتیهازی و هەڵپەرست و گروپێكی شێوە ئیخوانی دابڕاو لەتەواوی بنەماكانی بزوتنەوەكە هیچیتر نیە . بزوتنەوەی گۆڕان خەریکە بەو گروپە و ڕێگا سیاسیە هەڵەیە بەرە و پوکانەوە دەچێت ، وە بەرە و خاڵی بونەوە دەچێت لە هەڵسوراو و ئەو ئەندامە دڵسۆزانەی کە یاوەر و دامەزرێنەری ئەم بزوتنەوەیە بوون . زۆر هۆكار هەن بەڵام گرنگترینیان دوو هۆكارن كە گۆڕانی بەم ڕۆژە گەیاند ١- خانەی ڕاپەڕاندن بەرپرسیارو تاوانباری یەكەم و سەرەكیە بۆ ئەم دەرئەنجامە ، ئەم گروپە بەئەقڵێكی كلاسیك و دۆگما و لۆكاڵی بە هەمان ئەقڵیەتی كۆن مامەڵەیان لەگەڵ ڕەوشی گۆڕان كرد ، دەركەوت ئەمانە ئەسڵەن لە لوغز و شێوازی كاركردنی ئەم بزوتنەوە تێنەگەیشتون ، بە بەرنامەش تەواوی ئۆڕگانەكانی گۆڕانیان بە هەردو جڤاتەوەش غەرقی كەلتورو پەروەردەی دەستەڵات كردەوە . ٢- كوڕەكانی كاك نەوشێروانیش دوور لە دونیابینی باوكیان و بە هاندانی كۆمەڵێ خەڵكی هیچ نەدیو لەڕێگەی داگیكردنی میدیاو سەروەتو سامانی سیاسی مەعنەوی و ماددی کاک نەوشێروانەوە كەوتنە وێزەی ئەم بزوتنەوەیە ، لەكاتێكا کاک نەوشێروان بێبەریە لەهەمو ئەو هەڵپەڕستانە كەبەناوی ئەوەوە قسەدەكەن وە بێبەریە لەتەواوی لادانەكانی بزوتنەوەكە ، بێگومان خانەی ڕاپەڕاندن دەورو ڕۆڵی سەرەكی هەبوو لە بەكارهێنانی كوڕان و سەروەتی نەوشێروان مستەفا بۆ تەسفیەی حساباتی چاوچنۆكانە، بە داخەوە ڕەوش بەم حاڵە گەیی بۆیە چیتر شیاوی ئەوە نین پشتیوان بكرێن وە دڵنیا بن كە ئەوانەی وازدێنن هەر بەتەنها نین ! ئاشتکردنەوەی هاوڕێکانمان کە بە ژمارە نایەن کە بەبێ گوێ دانە سەرنج و تێبینیەکانیان زۆر لەو ڕێککەوتنە ڕێوی ئاسایە مەزنتر بوو . کۆتا وشەم لە گشت وڵاتێکی دونیا ڕۆژێکی ماتەمی هەیە بەرواری 17 ی شوبات وەک پیاڵەیێک ژەهر وابوو . رمزی مجید فەردە ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان 25 / 2 / 2019
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف بیرۆكەی دابەشكردنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەنێوان (رێواس فایەق)و (بێگەرد تاڵەبانی) دوچاری كێشە دەبێت، یەكێتی ئامادەیە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەرگرێت، بەڵام لەگەڵ جێگرێكی سەرۆكی هەرێمدا. سەرەتای ئەم هەفتەیە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان نامەیەكی بۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان نارد. دوای ئەو نامەیە، یەكێتییەكان پێشبینییان كرد، گەڕێكی نوێی دانوستان لەگەڵ پارتی دەستپێبكەنەوە، بەڵام لەدوای نامەكەی بارزانییەوە هێشتا یەكێتیو پارتی هیچ كۆبونەوەیەكی فەرمییان نەكردووە. یەكێتی كە هێشتا شۆكی كۆبونەوەكەی رۆژی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان بەرینەداوە، رەنگە سبەینێ دوچاری شۆكێكی تر ببێتەوە، سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیاریداوە سبەینێ پەرلەمان كۆببێتەوە بەمەبەستی پێكهێنانی لیژنەی یاسایی. لیژنەی یاسایی بۆ ؟ پەلەكردنی پارتی لە دروستكردنی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان رەنگە بە پلەی یەكەم پەیوەندی بە هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمو كاراكردنەوەی ئەو دامەزراوەیەوە هەبێت، كە بووە بە خاڵی پارسەنگ بۆ كێشەكانی بنەماڵەی بارزانی. هەندێك زانیاری هەیە كە باسلەوەدەكات، پارتی دەخوازێت بەر لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكاتەوەو نێچیرڤان بارزانی بە فەرمی ببێت بە سەرۆكی هەرێم، تاوەكو نێچیرڤان بارزانی بە فەرمانێك مەسرور بارزانی ئامۆزای راسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. بەگوێرەی یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم، ئەگەر دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارانەكرێتەوە، دەبێت سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی، مەسرور بارزانی راسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بەڵام بەر لەمە، دەبێت پەرلەمان ناو لە كاندیدی سەرۆكی حكومەت بنێ. یەكێتی بەشداری ناكات ! پارتی سورە لەسەر ئەوەی سبەینێ جارێكی تر كۆبونەوەی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، بڕیاری یەكێتی تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە ئەوەیە فراكسیۆنەكەی بەشداری كۆبونەوەكەی سبەینێ ناكات. یەكێتی سورە لەسەر ئەوەی بەشداری هیچ كۆبونەوەیەكی پەرلەمان نەكات، تاوەكو رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی ئیمزا دەكات، ئەگەر دۆخەكە بەمجۆرە بەردەوام بێت، پارتی چۆن بەبێ یەكێتی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی هەڵبژارد، بەبێ یەكێتیش لیژنەی یاسایی پەرلەمان پێكدەهێنێتو دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارادەكاتەوە. كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی یەكێتی تەنیا كێشەی لەگەڵ پارتیدا نییە، كێشە ناوخۆییەكانیشی جوڵە سیاسییەكانی ئیفلیج كردووە، بۆ هەر پۆستێكی سیادی، زیاتر لە چەند كەسێك لەناو یەكێتیدا خۆیان ئامادەكردووە، لیدەر یاخود مەرجەعێكی بڕیاریش نییە خواستی باڵە جیاجیاكان لە پۆستەكاندا تەوزیف بكاتو ناكۆكییەكان بەلادا بخات. • بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، زۆرینەی سەرەنجەكان لەسەر (قوباد تاڵەبانی)یە، بەڵام هەریەكە لە (عیماد ئەحمەدو حاكم قادر)یش چاویان لەو پۆستەیە. • ململانێی ناوخۆییەكانی یەكێتی وایكردووە، چارەنوسی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتو سەرۆكی پەرلەمان پێكەوە ببەسترێنەوە، ئەگەر قوباد تاڵەبانی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەرگرێت، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ كاندیدی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی دەبێت، بەپێچەوانەشەوە. • چەند رۆژێكە لەناو یەكێتی پێشنیازێك دروستبووە، كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەنێوان (رێواس فایەق)و (بێگەرد تاڵەبانی)دا بەشێوەی (دوو ساڵ بە دوو ساڵ) دابەشبكرێت، بەڵام ئەم پێشنیازەش دوچاری گرێوگۆڵ بووە، چونكە هەندێك پێیانوایە ئەگەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەنێوان ( رێواس فایەقو بێگەرد تاڵەبانی)دا دابەش بكرێت، دەبێت بەهەمان پێوەر پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتیش بەشێوەی (دوو ساڵ بە دوو ساڵ) لەنێوان (قوباد تاڵەبانیو دەرباز كۆسرەت رەسوڵ)دا دابەشبكرێت. • لەسەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان هێشتا لەناو یەكێتیدا بۆچونێك هەیە كە یەكێتی ئەو پۆستە وەرنەگرێت، بەوپێیەی پارتی لە پەرلەماندا زۆرینەیەو جێگرانی سەرۆكی پەرلەمانیش هەر لە پارتین، ئەوانەی ئەم بۆچونەیان هەیە دەڵێن باشترە یەكێتی لەبری پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دوو پۆستی وزاری سیادی وەرگرێت، ئەم دوو پۆستە بەشێك لە كێشە ناوخۆیەكانی یەكێتی چارەسەر دەكات، لەبەرامبەردا بۆچونێكی تر هەیە دەڵێ نابێ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم لەدەستی پارتیدا بێت، دەبێت یەكێتی هەرچۆنێك بووە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەرگرێت. • یەكێتی بەمدواییە لەزمانی چەند بەرپرسێكییەوە داوای پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كرد لەبری سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام ئەمە تەنیا هەڵدانی باڵۆنێك بوو بۆ تاقیكردنەوەی زمانی پارتی، چونكە یەكێتییەكان دەزانن پارتی بە هەردوو پۆستی (سەرۆكی حكومەتو سەرۆكی هەرێم) كێشەی بنەماڵەی بارزانی لەنێوان نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانی چارەسەركردووەو ئامادە نییە بەهیچ جۆرێك لەسەر ئەو دوو پۆستە مامەڵە لەگەڵ یەكێتیدا بكات، لە حزوری جەلال تاڵەبانی سكرتێری پێشووی یەكێتیشدا پارتی ئەم بابەتەی سەلماندووە (پرۆسەی دامەزراندنی سەرۆكایەتی هەرێم لە ساڵی 2005دا). • بەپێی دواین زانیارییەكانی (درەو میدیا)، دواجار یەكێتی بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان قایل دەبێت، بەڵام داوا دەكات جێگرێك بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیادبكرێتو بدرێت بە یەكێتی، پێدەچێت پارتی ئەم داواكارییەی یەكێتی قبوڵ بكات بەمەبەستی یەكلاكردنەوەی كێشەی باڵەكانی یەكێتی. • لەبارەی پۆستی پارێزگاری كەركوكیشەوە كە پێشتر یەكێتی كردبووی بە مەرجی بەشداریكردنی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، تاڕادەیەك پارتیو یەكێتی گەیشتوونەتە رێككەوتن، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەمدواییە پارتی هەوڵیداوە نەجمەدین كەریم بگەڕێنێتەوە بۆ كەركوك، بەڵام یەكێتی بە بڕیارێكی پێشوەختە بۆ دەركردنی نەجمەدین كەریم لە ریزەكانی، ریسەكەی پارتی كردەوە بە خوریو چیتر پارتی ناتوانی كارتی نەجمەدین كەریم وەكو كاندیدێكی یەكێتی بەڕووی یەكێتیدا بەرزبكاتەوەو دەبێت بە كاندیدی تری یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك قایل بێت.
(درەو میدیا): بڕیارە سبەی كاتژمێر 11 ی بەیانی پەرلەمانی كوردستان بۆ پێكهێنانی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە، بەڵام فراكسیۆنی یەكێتی بەشداری كۆبونەوەكە ناكات. سەركۆ ئازاد گەڵاڵی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی بە "درەو میدیا"ی راگەیاند: بەشداری كۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی كوردستان ناكەن هەتا رێككەوتنی 5/2/2019 ی نێوان یەكێتی و پارتی جێبەجێ نەكرێت. ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی یەكێتی ئاماژەی بەوەشكرد" نەدەبوو كۆبوونەوەی پەرلەمان بكرایە بۆ پێكهێنانی لیژنەی یاسایی پەرلەمان، چونكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان پێكهێنانی لیژنەكان دەتوانرێت لە ماوەی 25 رۆژدا پێكبهێنرێت لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە، ئێستا تەنها 8 رۆژ بەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەماندا تێپەڕیوە". سەركۆ ئازاد گەڵاڵی جەختیشیكردەوە"كە باوەڕیان وایە دەبێت خاڵێكی دیكە بۆ رێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی زیادبكرێت بۆئەوەی رێگەبگیرێت لە كاركردن بە عەقڵیەتی زۆرینەو كەمینە لە پەرلەمانی كوردستاندا". بڕیارە سبەی پەرلەمانی كوردستان لیژنەی یاسایی پێكبهێنێت كە زۆرینەی كارەكانی پەرلەمان بەبێ ئەو لیژنەیە جێبەجێ ناكرێن، لە لیژنەكەدا و شوێنی دوو ئەندام بۆ یەكێتی بەجێدەهێڵدرێت.
( درەو میدیا): لە لیستی موچەی ئامادەكراوی مانگی كانونی دووەمی 2019 دا پاشكەوتی موچە لانەبراوە، لە كاتێكدا بەو پارەیەی كە بڕیارە لە بەغدادەوە بنێرێت زیاتر لە 150 ملیار دیناری زیاترە لە موچەی موچەخۆرانی هەرێم بە بێ پاشەكەوت. پاشەكەوت لانەبراوە فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لیستی موچەی مانگی یەكی ساڵی 2019یان بە پاشەكەوتەوە ئامادەكردووە و پاشەكەوت لانەبراوە و یەكێتی مامۆستایانیش داوادەكات هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوت نەبەسترێتەوە بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتەوە. سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی سلێمانی بە " درەو میدیا"ی راگەیاند لیستی موچەی مانگی كانونی دووەمی ساڵی 2019 وەك مانگەكانی 2018 ئامادەكراوەو هیچ گۆڕانكارییەكی تێدا نەكراوە و بڕی پاشەكەوتكردنی موچە وەك خۆی ماوەتەوە". بە گوێرەی زانیاریەكانی " درەو میدیا" سەرجەم فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێم بە سیستمی پاشەكەوت لیستی موچەی مانگی یەكی ساڵی نوێیان ئامادەكردووە، ئەوەش لە كاتێكدایە، حكومەتی هەرێم چەندجارێك ئاماژەی بەوەداوە كە بەنیازە موچەی موچەخۆرانی هەرێم ئاسایی بكرێتەوەو سیستمی پاشەكەوت لاببرێت، بەڵام تائێستا بە وادەی لابردنی پاشەكەوتی دیارنەیكردووە و بەردەوام بەرپرسانی حكومەتی هەرێم ئەو پرسە دەبەستنەوە بە باشبوونی دۆخی داراییەوە. یەكێتی مامۆستایان هۆشداری دەدات هاوكات یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات سیستمی پاشەكەوتنی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران هەڵبوەشێنێتەوەو ئەو پرسە پەیوەست نەكرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتەوە. یەكێتی مامۆستایان لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكەی بە " درەو میدیا" گەیشتووە داواشدەكات ئەوەی لە پێنج ساڵی رابردوودا پاشەكەوتكراوە، چارەنوسی لە ژمارەی حسابی بانكی دیاریكبرێت و وردە وردە بدرێتەوە. داهاتی هەرێم لە موچە زیاترە ئەمە لە كاتێكدایە كە بودجەی 2019ی عێراق كەوتوەتە بواری جێبەجێكردنەوەو بە پێی لێدوانی شارەزایان و پەرلەمانتارانی عێراقیش پشكی هەرێم 522 ملیار دینارە، كە بە ناردنی ئەو بڕە پارەیە حكومەتی هەرێم بە ئاسانی دەتوانێت پاشەكەوت هەڵبگرێت بەو پێیەی: - پشكی هەرێم مانگانە لە عێراقەوە 522 ملیار دینار - داهاتی نەوتی هەرێم بۆ موچە 378 ملیار دینار - داهاتی ناوخۆ 120 ملیار دینار - پارەی ئەمریكی 30 ملیار دینار كۆی گشتی داهاتەكانی هەرێم دەبێتە( یەك ترلیۆن و 50 ملیار دینار) كە موچەی موچە خۆران بەبێ پاشەكەوت ( 879 ملیار ) دینارەو بەو پێیەش ( 153 ملیار) دیناریش زیاد دەبێت.
( درەو میدیا): ئەیاد عەلاوی، سەرۆكی هاوپەیمانی "وەتەنیە" پێكهێنانی قەوارەیەكی سیاسی نوێی بەناوی " مینبەری عێراقی" راگەیاند. عەلاوی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی:" حزبێكی نوێ پێكناهێنین، بەڵكو قەوارەیەكە هیوادارە رۆڵێكی كارا بگێڕێت لە نێو سەندیكا و رێكخراوەكانی لاوان و گەنجان و بنكەیەكی جەماوەریی فراوانیشی هەیە". عەلاوی جەختیشیكردەوە "دەیانەوێت قەوارەكەیان چینێكی بەرفراوانی سەندیكا و رێكخراوەكانی لاوان و كەسایەتییە كاراكانی كە رۆڵیان لە پرۆسەی سیاسیدا هەبووە لەخۆبگرێت بەو مەرجەی دەستبەداری هەموو جۆرە ئینتیماییەكی بێنێت و ئەو رێبازەش ئەنجامی باشی بۆ عێراق دەبێت". دەربارەی دۆخی عێراق عەلاوی رایگەیاند: عێراق بەرەو ئاراستەی مەترسیدار دەچێت و لە پشێویدایە و ناوچەكە و جیهانیش دابەشبوون و سەرەتای جیهانێكی نوێ دەركەوتووە و ناوچەكە لە بەردەم وێرانكاریی زیاتردایە. هەروەها وتیشی:" 80%ی گەلی عێراق بایكۆتی هەڵبژاردنی ئەمدواییەیان كرد و دەستەبژێری ئێستای سیاسی 5%ی پێكناهێنن". لە كۆتایی قسەكانیدا عەلاوی هۆشداریدا لەوەی كە رووبەڕووبوونەوەی نەوەی سێیەمی تیرۆر زۆر لە قاعیدەە و داعش مەترسیدارتر دەبێت و ئاشكراشیكرد داعشی نوێ بەشێوەی ئاشكراو روون شێوەو روخساری دەركەوتووە.
سەرتیپ وەیسی كەریم لهماوهی ههفتهیهكدا، دوور له چاوی میدیاكان بزوتنهوهی ئیسلامی دووكۆبوونهوهی لهگهڵ پارتی ئهنجامداوه، یهكهمیان ههفتهی ڕابردوو بوو لهگهڵ مهسعودبارزانی، كۆبوونهوهی دووهمیشیان ئهمڕۆ شهممه بوو، لهگهڵ شاندێكی مهكتهبی سیاسی پارتی، بزوتنهوهی ئیسلامی وهك یهكهم حزبی ئیسلامی له كابینهی داهاتوودا پۆستیان پێدهدرێت، بهڵام پۆستهكان له خوار ئاستی وهزیر دهبێت، بۆ وهرگرتنی ئهو پۆستهش ئۆكهی بارزانیان وهرگرتووه، ههریهك له عبدالڵه وهرتێ و كامل حاجی علی زۆرترین چانسیان ههیه ئهو پۆستانه وهرگرن. یهكگرتووی ئیسلامی له لایهن پارتیهوه چهندین جار بهشێوهی فهرمی داوایان لێكرا پێنه ناو حكومهت، بهڵام دواجار لهماوهی چهند ههفتهی ڕابردوو، له میانهی دیداری نێوان بازانی و سهلاحهدین بههائهدین، ئهمینداری گشتیی دواپهیامی خۆی به بازرانی گهیاند، كه نایانهوێ بهشداربن، ئهمهش به تهواوی ئهو شاندانهی پارتی بێئومێد كرد، كه سهردانی ئهو حزبهیان دهكرد بهمهبهستی بهشداریكردنی ئهو حزبه له حكومهت. ههرچهنده لهسهرهتادا پارتی سووربوو لهسهر ئهوهی، كه كۆمهڵی ئیسلامی بهشداری حكومهت نهكات، بهڵام لهم كۆتایانهدا كۆمهڵیش خرایه ناو بازنهی گفتووگۆكانی شاندی پارتی لهگهڵ لایهنهكان و چهند جارێكیش به ناڕاستهوخۆو به زارهكی داوایان لێكراوه، بهڵام له دوای ڕێككهوتی پارتی و گۆڕان، له ئێستادا شاندی مهكتهبی سیاسی پارتی بڕیاریانداوه لهگهڵ كۆمهڵی ئیسلامی گفتووگۆنهكهن، چونكه پێیانوایه : ئهگهر لهگهڵ كۆمهڵ بكهونه گفتووگۆ، ئهوا ئهو حزبه به حهوت كورسیهوه داوای چهند پۆستێك دهكات، لهكاتێكدا پارتی و یهكێتیی گۆڕان زۆربهی پۆستهكان دهبهن، ئهوهی دهمێنێتهوه ئهگهری ههیه بدرێت به پێكهاتهی مهسیحی و شۆسالیست، ههربۆیهش باڵانسهكه بهشی كۆمهڵی ئیسلامی ناكات. ڕهنگه بهڵای ههندێ كهسهوه ئهو قسهیه لهبارهی كۆمهڵهوه دهوترێ سهیربێت، بهڵام تازه به تازه شاندی پارتی بۆی دهركهوتووه، دابهشكردنی پۆستهكان بهوشێوهیه له نێوان پارتی و یهكێتیی و گۆڕان و چهند لایهنێكی بچووكی نزیك لهخۆیان، بهشی كۆمهڵی ئیسلامی ناكات.
(درەو میدیا): پارتی دیموكراتی كوردستان پاشەكشە دەكات لە بەشێك لەو پۆستانەی بە بزوتنەوەی گۆڕانی داوەو لە 18ی شوبات رێكکەوتنی لەسەر كراوە. سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە "درەو میدیا"ی راگەیاند" پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ دەستەیەكی بە بزوتنەوەی گۆڕان نەداوە، تەنها بەڵێنی بەرپرسی سندوقی داهاتە نەوتییەكانی پێداوە ئەویش ئەگەر دامەزرێندرا"،ئەوەش لە کاتێکدایە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای رێكکەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی ئاماژەیان بەوەدا كە لە رێكکەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی هەردوو ( دەستەی دەستپاكی و وەبەرهێنان)یان بەركەوتووە. " درەو میدیا" زانیویەتی كە لەكاتی واژۆكردنی رێكکەوتنەكەی نێوان پارتی و گۆڕان، وەفدی دانوستانكاری گۆڕان نارازی بوون لەوەی ناوی دەستەی وەبەرهێنان لە رێكکەوتنەكەدا نەهاتووە، بۆیە واژۆكردنی رێكکەوتنەكە بۆ زیاتر لە یەك كاتژمێر دواكەوتووە، بەرپرسانی پارتی رایانگەیاندووە كە ئەو پۆستە تەنها بە زارەكی بووەو نەنوسراوە، بۆیە دواتر بەڵێنی سندوقی داهاتە نەوتییەكان بە زارەكی بە وەفدی گۆڕان دراوە، ئەویش ئەگەردامەزرێندرا. ئەو سەرچاوەیەی پارتی ئاماژەی بەوەشكرد، ناڕەزایی لەناو پارتی درووستبووە لەسەر ئەو هەموو پۆستە زۆرەی بە بزوتنەوەی گۆڕان دراوە، بەتایبەتیش ئەو 48 راوێژكارو بەڕێوەبەرە گشتییەی كە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەیان پێكردووە كە وەریانگرتووە لە پارتی، بەڵام بەرپرسانی پارتی ئاماژەیان بەوەكردووە، ئەوان بەهیچ جۆرێك 48 بەرێوەبەری گشتی و راوێژكاریان بە بزوتنەوەی گۆڕان نەداوەو بەهیچ شێوەیەك لە رێكکەوتنەكەدا نەهاتووەو ئەوە وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەیان بۆ كردووەو ئەمانیش بەشێوەی زارەكی رەزامەندیان پێداوە، بەڵام نەك بۆ 48 راوێژكارو بەرێوەبەری گشتی، بەڵكو تەنها بەو بەرێوەبەرە گشتییانەی كە وەزارەتەكەی بەر گۆڕان دەكەون. بۆیە بەرپرسانی پارتی ئاماژەیان بەوەكردووە ئەوان تەنها یەك وەزارەتی زیادیان بە بزوتنەوەی گۆڕان داوە نەك ئەو هەموو پۆستەی كە وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەیان بۆ دەكات. ئەو سەرچاوەیە نەیشاردەوە كە وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان بە وەفدی دانوستانكاری پارتیان راگەیاندووە، ئەوان ئاماژە بە دەستكەوتی زۆر دەكەن بۆئەوەی جەماوەرەكەیانی پێ رازی بكەن، چونكە بەشێكی جەماوەری گۆڕان ناڕازییە بە رێكکەوتن لەگەڵ پارتی، بەرپرسانی پارتیش لاریان لەوە نەبووە. ئەو پۆستانەی كە وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەیان پێكردووە كە بەدەستیان هێناوە لە رێکكەوتنیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان. • جێگری سەرۆكی هەرێم • وەزیری دارایی • وەزارەتی بازرگانیو پیشەسازی • وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی • وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە • دەستەی وەبەرهێنان • یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری ئەنجومەنی چاكسازی • ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە • جێگری وەزیری ناوخۆ • دوو نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە دەرەوەی وڵات • 24 بەڕێوەبەری گشتی • 24 راوێژكار • بەڕێوەبەری گشتیو بەرپرسی دیوانی هەموو ئەو وزارەتو دەستانەی كە گۆڕان وەریدەگرێت • بریكاری وەزیری پەروەردە
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف مەسعود بارزانی بە ناردنی نامەیەك بۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی، دەرگای گفتوگۆیەكی نوێی لەنێوان پارتیو یەكێتی كردەوە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا سیناریۆكانی چارەسەری كێشەی پۆستەكان لەنێوان پارتیو یەكێتی بڵاودەكاتەوە. دواجار مەسعود بارزانی خۆی هاتەسەر خەت، نامەیەكی بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان نارد، مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەمڕۆ كۆدەبێتەوە. ناوەڕۆكی نامەكەی بارزانی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، نامەكەی بارزانی هیچ هەڵوێستێكی روونی لەبارەی چارەسەری كێشەكان تێدا نییە، بەتایبەتی پرسی دابەشكردنی پۆستەكانی حكومەتو چارەنوسی كەركوك. ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە وتی:" لە نامەكەیدا بارزانی نوسیویەتی پارتیو یەكێتی دوو هێزن كە بەرپرسیارێتییان لەسەرشانە، دەبێت مەكتەبی سیاسی هەردولایان كۆببنەوەو چارەسەری كێشەكان بكەن". هەر لەنامەكەدا بارزانی باسی لەوەكردووە" هیچ شتێك لە پەیوەندییەكانی نێوان پارتیو یەكێتیدا نەگۆڕاوەو كۆبونەوەكەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستانیش تەنیا بۆ ئەوە بووە پرۆسەكە لەوە زیاتر دوانەكەوێت". رۆژی 6ی ئەم مانگە، كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی لەگەڵ عیماد ئەحمەدو ئەرسەلان بایز سەردانی پیرمامیان كردو لەگەڵ بارزانی كۆبونەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەو دیدارەدا بارزانی بە وەفدەكەی یەكێتی وتووە" ئەگەر پارتیو یەكێتی نەگەیشتنە رێككەوتن لەسەر پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، من خۆم دەستوەردان دەكەمو كێشەكان چارەسەر دەكەم"، ئەوكات وەفدەكەی یەكێتی پێیان وتووە" خۆت برا گەورە بە". پێدەچێت نامەو دەستپێشخەرییەكەی بارزانی لەسەر بنەمای ئەو بەڵێنە بێت كە لە دیدارەكەی 6ی مانگی پیرمامدا خراوەتەڕوو. پارتی دەترسێت ! بارزانی بە ناردی ئەو نامەیە بۆ یەكێتی، خۆی وەكو مەرجەعێكی سیاسی نمایش كرد، نەك وەكو سەرۆكی پارتی. رەنگە بارزانی هەستی بەوەكردبێت، ئەگەر خۆی دەستپێشخەری نەكات بۆ چارەسەری كێشەكان لەگەڵ یەكێتی، دەبێت دواتر مل بە نێوەندگیری ئێرانییەكان بدات، ئەوەش بە زیان بۆ پێگەی پارتی كۆتایی دێت. لەلایەكی ترەوە، پارتی هەستی بە جموجوڵەكانی یەكێتی كردووە لە بەغداد، بارزانی ترسی هەیە ئەگەر كێشەكان چارەسەر نەكرێن، یەكێتی لە بەغدادەوە پەنا بۆ لامەركەزیەتی ئیداری بباتو سلێمانی لە دەسەڵاتی هەولێر داببڕێت، ئەمەش رەنگە دواجار كۆتایی بە قەوارەی هەرێمی كوردسان بهێنێت، وەكو قەوارەیەكی دانپێدانراوی دەستوریی. لەلایەكی ترەوە، ئەگەر پارتیو یەكێتی نەگەنە رێككەوتن، كێشە بۆ پرسی سەرۆكایەتی هەرێم دروست دەبێتو پرۆسەكە بەوشێوەیە بەڕێوەناچێت كە بارزانی دەیەوێت، بارزانی بۆ راگرتنی پارسەنگی بنەماڵەكەی، دەخوازێت پرسی پێكهێنانی حكومەتو سەرۆكایەتی هەرێم بەشێوەیەكی هاوتەریب بڕوات، واتە مەسرور بارزانی كوڕیو نێچیرڤان بارزانی برازای پێكەوە لە پۆستەكانیان دەستبەكاربن، یاخود لانی كەم لەماوەیەكی دیاریكراودا هەردوو دامەزراوەكە دەستبەكارببن. چارەسەرو سیناریۆكان پارتی هەنگاوێكی بە ئاڕاستەی چارەسەر لەگەڵ یەكێتی هەڵگرت، بەڵام تائێستا سورە لەسەر ئەوەی دەبێت بەر لە هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك، دۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوە، یەكێتیش داوای ئەوە دەكات سەرەتا پارێزگار هەڵبژێردرێت. پێشبینی دەكرێت دواجار پرسی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك بخرێتە دوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێمو ئەوكات هەردوولا پێكەوە چارەسەری كێشەی كەركوك بكەن. لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمیش یەكێتی بۆچونی لەسەر پۆستەكان گۆڕاوەو ئێستا داوای پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمو وەزارەتی ناوخۆ دەكات لەبری سەرۆكی پەرلەمان، ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر پارتی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان یەكلاكردوەتەوە. پرسیارەكە ئەوەیە، پارتیو یەكێتی چۆن كێشەی پۆستەكان چارەسەر دەكەن ؟ بەپێی زانیارییەك كە لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو پارتی دەست (درەو میدیا) كەوتووە، چەند سیناریۆیەك هەیە بۆ چارەسەری كێشەی پۆستەكان: سیناریۆی یەكەم: پارتی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بدات بە یەكێتی، پارتی رەنگە بەم هەنگاوە دوچاری كێشە نەبێت لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان (پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ گۆڕان یەكلابوەتەوە)، چونكە گۆڕان پێشتر لە دانوستانەكانیدا داوای پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كردووە، نەك جێگری سەرۆكی هەرێم، پارتی دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ سەر خواستەكەی گۆڕانو قایلی بكات بە وەرگرتنی پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان لەبری پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم. ئەگەر ئەم سیناریۆیە سەركەوتوو بێت، یەكێتی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمو جێگری سەرۆكی حكومەتی بەدەستەوە دەبێت لەگەڵ پۆستێكی وزاری دیكە، لەبەرامبەردا پارتی هەرسێ سەرۆكایەتییەكە (سەرۆكی هەرێم- سەرۆكی حكومەت- سەرۆكی پەرلەمان). سیناریۆی دووەم: پارتی جێگری دووەم بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیاد بكاتو ئەو پۆستە بدات بە یەكێتی، ئەوكات یەكێتی سەرۆكی پەرلەمان وەرناگرێتو لەبری ئەوە پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی پێدەدرێت، بەپێی ئەم سیناریۆیە، بەهەمان شێوە هەرسێ سەرۆكایەتیەكە بۆ پارتی دەبێت، بەڵام جێگری هەر سێ سەرۆكایەتییەكە لای یەكێتی دەبێت.
راپۆرتی شیكاری: سەرتیپ وەیسی كەریم له دوای ههڵبژاردنی دهستهی سهرۆكایهتی پهرلهمان و ڕێكنهكهوتنی پارتی و یهكێتیی، زۆرجار باس لهوهدهكرێت دوو ئیدارهی ئهگهرێكی بههێزه، له حاڵهتێكدا ئهگهر پارتی نهیهتهژێرباری داواكارییهكانی یهكێتیی، ئهوا یهكێتیی پلانی دیكهی ههیه، لهوانه ڕاگهیاندنی دوو ئیدارهیی و پاشهكشهكردن لهم حكومهتهی ئێستا. ئهوهی لهبارهی دوو ئیدارهیهوه دهوترێ نه پلانی یهكێتیه، نه بارودۆخهكهش گونجاوه، كه كوردستان بهرهو دوو ئیدارهیی بڕوات، سهركردهكانی یهكێتیش باش ئهوهدهزانن و لایان ڕوونه له ئێستادا كارتهكانی دهستیان لهبهرامبهر پارتی بههێزنین، ئهمهش بۆ چهند هۆكارێك دهگهڕێتهوه : 1. بارودۆخی یهكێتیی له سنووری پارێزگای سلێمانی، وهكو ساڵانی نهوهدهكان و سهرهتایی ساڵی دووههزارهكان نییه، تا بیهوێ ههڕهشهی دوو ئیدارهیی بكات، چونكه ئهوكات یهكێتیی جگه لهوهی حاكمی سهرهكی بوو لهم سنووره، له ههمانكاتدا زۆرێك لهو حزبانهی، كه بهشه سهرهكیهكهیان لهو پارێزگایهبوو، زۆربهیان له چوارچێوهیهی بهرهیهك كۆببوونهوه لهگهڵ یهكێتیی له دژی پارتی، بهڵام له ئێستادا بارودۆخهكه بهشێوهیهكی دیكهیهو، زۆربهیان له پارتیهوه نزیكن، باشترین نموونهش گۆڕانه. 2. لهڕووی دهستووریهوه دروستكردنی ئیدارهیهكی دیكه كه له ئێستادا ناكرێت، بهغداش ئهوهی قبوڵ نییه، تاوهكو ئێستاش ئهوان لهگهڵ پارتی و حكومهت مامهڵهدهكهن، نموونهی دانانی وهزیری داد لهلایهن یهكێتیهوه، دانانی كهوتۆته دهست پارتی و بارزانی. 3. لهڕووی ههرێمیشهوه، وڵاتانی دراوسێ بهبوونی كۆمهڵێك هۆكار رێگه به دووئیدارهیی نادهن. 4. لهڕووی نێودهوڵهتیشهوه، بهههمان شێوه ڕووبهرووی ئاستهنگ دهبێتهوهو ڕێگری ههیه بۆ دوو ئیدارهیی. 5. لهڕووی ئیداری و دامهزراوهیهوه، دیسانه سهر له نوێ دروستكردنی كۆمهڵێك دامهزراوهی وهكو ( پهرلهمان و حكومهت ...هتد)، ئاسان نییهو ئهو قۆناغهی ڕابردوو بهسهرچووه. 6. لهڕووی ئابووریشهوه دوو ئیدارهیی گرفتی زۆری ههیه، ههرچهند بهشی زۆری نهوت و غازیش له سنووری ئهو پارێزگایهش بێت، ئایه چۆن دهكرێت لهماوهیهكی نزیكدا، وهكو ئهوهی ئێستا، كه وهزارهتی سامانه سروشتییهكان لهگهڵ كۆمپانیا نهوتییهكان كردوویهتی لهماوهیهكی كهمدا ئهوان ئهنجامیبدن. ئایه ئهو كۆمپانیانه متمانهیان ههیه ئهو كاره بكهن؟! 7. ژمارهیهك لهسهركردهو كادیری یهكێتیی، كه ماوهی چهندین ساڵه له ژیانی ئاوارهیی بوون و دواتر گهڕاونهتهوه، كۆمهڵێك بهرژهوهندیان ههیه، ئهستهمه جارێكی دیكه بگهڕێنهوهو ئهو ژیانهی پێشووتر ههڵبژێرن. 8.یهكێتیی سهركردهیهكی وهكو مام جهلال نهماوه، تاوهكو بتوانێت قهوارهیهكی دیكه له سنووری خۆی دروستبكات. ئهوهی ئێستا له بارهی دوو ئیدارهیهوه دهوترێ راست نییه، پارتی ئێستا وهكو ئهمری واقع له نوقتهیهكی بههێز مامهڵهو قسه لهگهڵ لایهنهكان دهكات، یهكێتیی هیچ پلان و كارتێكی بههێزی به دهستهوه نهماوه، لهماوهی ڕابردووش نهیتوانیوه هیچ كارتێكی بههێز له دژی پارتیهوه بجولێنێت. كۆبوونهوه فراوانهكهی سهرجهم ئۆرگانهكانی پێنجشهممهی ڕابردووی ئهو حزبهش، دهرخهری ئهوهبوو، كه ئهو هێزه پلانی دیكهی نییهو، لهو كۆبوونهوهیهشدا هیچ پلانێكی ڕانهگهیاند لهبهرامبهر مامهڵهكانی ئهم دوایهی پارتی. ئامانجەكانی ئێستای یەكێتی ئامانجی سهرهكی یهكێتیی ههنوكه ئهوهیه، لهو ڕێككهوتنهی سیاسیهی به نیازه لهگهڵ پارتی ئهنجامیبدات زۆرترین دهستكهوتی ههبێت، جگه لهوهی دهیهوێ پارێزگارێك لهخۆی بۆ پارێزگای كهركوك دابنێت، ههمووشتیش دهكات تاوهكو پارتی پهیوهندییهكانی لهگهڵ بهرههم ساڵح ئاسایی بكاتهوه. به نسبهت یهكێتیی پۆستی سهرۆكی پهرلهمان گرینگ نییه، ههربۆیهش له دوای ههڵبژاردنی دهستهی سهرۆكایهتی پهرلهمان كاردانهوهكانی توند نهبوون. یهكێتیی لهوانهیه له خولهكانی داهاتووی گفتووگۆكانیدا، داواكارییهكانی لهسهرۆكی پهرلهمانهوه بگۆڕێت بۆ جێگری سهرۆكی ههرێم و دوو وهزارهتی سیادی لهبهرامبهر پۆستی سهرۆكی پهرلهمان. ئهگهر یهكێتیی ئهو پلانهی سهربگرێت ئهوا لهیهك كاتدا هاوسهنگی نێو باڵهكانی خۆی دهپارێزێت، له ههمانكاتیشدا له كۆڵ پهرلهمانێك دهبێتهوه، كه لایهن پارتی و پاشكۆكانی كۆنترۆل كراوه، پۆستی سهرۆكی پهرلهمان تهنها لهرووی سیادیهوه گهورهیهو دهسهڵاتهكانی به 21 كورسی هیچ نییه، دهستهی سهرۆكایهتیش پارتی قوفڵی داوهو سهرۆكی حهقیقی هێمن ههورامیه. ئهگهر یهكێتی پۆستی جێگری سهرۆكی ههرێم و حكومهت و وهزیری ناوخۆو دارایی وهرگرێت، ئهوكات پاڵانسێك له نێوان باڵهكان دروستدهكات، ئهوكات پۆستی جێگری سهرۆكی ههرێم دهدات به كهسێكی وهكو (حاكم قادرو عیماد ئهحمهد)، كه خواستیانهو وهریگرن، قوباد تاڵهبانیش دهكاته جێگری سهرۆكی حكومهت، دهرباز كۆسرهتیش بۆ وهزیری ناوخۆ، یاخود دارایی، له كۆڵ ئهوهشدهبێتهوه لهسهر بێگهرد تاڵهبانی و رێواس فایهق كێشهی ناوخۆیی دروستبكات. یهكێتیی ئامانجیهتی له گفتووگۆكانی داهاتووی، دهست بۆ كۆمهڵێك پۆست ببات، كه پارتی داویهتی به گۆڕان، تاوهكو كێشه له ڕێككهوتنهكهی نێوانیان دروستبێت. گۆڕان و پارتی پارتی به هێنانی گۆڕان و واژووكردنی ڕێككهوتنی سیاسی لهگهڵیدا، بهو مهرجهی ئهو هێزه له ههنگاوی ههڵبژاردنی دهستهی سهرۆكایهتی پهرلهمان و كاراكردنهوهی یاسایی سهرۆكایهتی ههرێم بهشداربێت، گۆڕانی بۆئهوه بهلكێشكرد، تاوهكو هێزهكانی دیكهش بێن، چونكه به نههاتنی گۆڕان، ئهگهری ئهوهبوو هێزهكانی دیكهش نهیهنه دانیشتنی پهرلهمان، بهمهش پارتی ڕووبهڕووی گرفت دهبوویهوه. یهكێتیی پلانی دوو ئیدارهیی نییه، بهڵكو پلانی ئهوهی ههیه بهشێك لهو پۆستانه وهرگرێتهوه، كه پارتی لهسهر حسابی یهكێتیی بهشێكی دایه گۆڕان، چونكه پۆستی وهزارهتێك كه هی یهكێتی بوو له بنهڕهتداو بۆئهوان دانرابوو، بهڵام پارتی له بهر خاتری هاتنی گۆڕان بۆ دانیشتنهكهی پهرلهمان دایه ئهو حزبه. پارتی له دوای ههڵبژاردنی دهستهی سهرۆكایهتی پهرلهمان، پلانی ئهوهی ههیه لهگهڵ گۆڕان بهبێ یهكێتیی یاسایی سهرۆكایهتی ههرێم كارابكاتهوه، بهڵام ڕایگرت و دهیهوێ لهگهڵ یهكێتیی خولێكی دیكهی دانوستاندن دهستپێبكاتهوه. نێچیرڤان بارزانی لهماوهی چهند ڕۆژی ڕابردوودا، له ههرێمی كوردستان نهبووهو لهگهڵ هاتنهوهی ناوبراو، دوای سهردانیكردنی بۆ لای یهكێتیی، لهماوهی دوو كۆبوونهوهی یهكهمدا، ئهگهری زۆره ههردوولایهن ڕێكبكهون، ههربۆیهش خهونی دوو ئیدارهیی و بهردهوامبوونی پهیوهندییهكان بهم شێوهی ئێستا ئهستهمه، ئهو دۆخه لهماوهیهكی كورتدا تێپهردهبێت.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە میدیاكانییەوە باس لەوەدەكات لەبری پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، پۆستی سەرۆكی هەرێمی دەوێت، بەڵام بە كردار دەیەوێت پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم وەرگرێت كە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان یەكلابووەتەوە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری نوێ لەبارەی دواین هەڵوێستی یەكێتی ئاشكرا دەكات. لەدوای كۆبونەوەكەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان، بڕیاربوو نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی سەردانی شاری سلێمانی بكاتو لەگەڵ یەكێتی كۆببێتەوە، بەڵام نێچیرڤان بارزانی لەبری سلێمانی سەردانی دەرەوەی وڵاتی كرد. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، یەكێتی ئێستا چیتر سەرەنجی لەسەر یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك نییەو دڵنیابووە لەوەی پارتی بەمزوانە مل بەخواستەكانی نادات، یەكێتی یەكلاكردنەوەی دۆسیەی پارێزگاری كەركوكی بۆ كاتێكی گونجاو هەڵگرتووە، ئەمەش لەكاتێكدایە هێشتا میدیاكانی یەكێتی جەخت لەسەر ئەوە دەكەن كە پاكێجی كەركوك لەگەڵ پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمدا یەكلابكرێتەوە. یەكێتی چی دەوێت ؟ بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە لە یەكێتی نیشتمانی دەست (درەو میدیا) كەوتوون، ئێستا لەناو سەركردایەتی یەكێتیدا بۆچونێكی بەهێز دروستبووە كە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رەتدەكاتەوە، ئەوانەی ئەم بۆچونەیان هەیە باوەڕیانوایە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەم خولەدا هیچ دەستكەوتێكی بۆ یەكێتی نابێتو زیاتر سودی بۆ ئەو كەسە دەبێت كە پۆستەكە وەردەگرێت، بەوپێیەی هەردوو جێگرەكەی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتی یەكلابوەتەوەو سەرباری ئەوە پارتیو هاوپەیمانەكانی لەناو پەرلەماندا زۆرینەی كورسییەكانیان بەدەستەوەیە، ئەمە جگە لەو ململانێی توندەی لەنێوان باڵەكانی یەكێتیدا لەسەر یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان (بێگەرد تاڵەبانی- رێواس فایەق) دروستبووە. پرسیارەكە ئەوەیە، ئەگەر یەكێتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی ناوێت، چی دەوێت ؟ چەند سەرچاوەیەكی جیاواز بۆ (درەو میدیا) پشتڕاستیانكردەوە، ئێستا بۆچونی بەهێز لە مەكتەبی سیاسی ئەوەیە، یەكێتی لەبری پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، چەند پۆستێكی سیادی تر وەرگرێت، تا لانی كەم لەو رێگەیەوە پارسەنگێك لەنێوان باڵە جیاوازەكانی حزبدا رابگیرێت. بەرپرسێكی باڵای یەكێتی كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، یەكێتی لەبری پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، دەیەوێت پۆستی وەزارەتی (ناوخۆو پێشمەرگە)و پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم وەرگرێت، ئەمە سەرەڕای پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت كە وایانداناوە بۆ یەكێتی یەكلابوەتەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە پێشتر پارتی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان داناوەو لەسەر ئەو بابەتە رێككەوتن ئیمزاكراوە. یەكێتی سەرۆكی هەرێمی دەوێت ؟ دوای ئەوەی پارتی رۆژی 18ی مانگ بەبێ یەكێتی كۆبونەوەی پەرلەمانی كردو دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژارد، هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی پرسی سەرۆكایەتی هەرێمیان هێنایە ناوەوەو رایانگەیاند" یەكێتی لەبری پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، پۆستی سەرۆكی هەرێمی دەوێت". ئایا یەكێتی بەڕاستی پۆستی سەرۆكی هەرێمی دەوێت ؟ بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا) ئەو بەرپرسانەی یەكێتی كە باسی سەرۆكایەتی هەرێمیان هێناوەتەگۆڕێ، خۆشیان لەوە دڵنیان پارتی ئەو پۆستە بە یەكێتی نادات، بەڵام بۆچی دەبێت ئەم بابەتە بوروژێندرێت ؟ سەركردەكانی یەكێتی بەتەواوەتی لەوە تێگەیشتوون كە پۆستی سەرۆكی هەرێم چ بایەخێكی ژیاریی بۆ پارتی هەیە، بۆیە دەست بۆ ئەو پۆستە دەبەن، لە ساڵی 2005وە پارتی خاڵی لاوازی خۆی بۆ یەكێتی ئاشكراكرد، كاتێك مەسعود بارزانی بە مام جەلالی وتبوو، ئەوان لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق تەنیا بە پۆستی سەرۆكی هەرێم قایل نینو دەبێت سەرۆكایەتی حكومەتیشیان پێبدرێت، چونكە ئەوان كێشەی بنەماڵەییان هەیەو ئەو (بارزانی) ناتوانێت بەبێ زامنكردنی پۆستێك بۆ برازاكەی (نێچیرڤان بارزانی)، پۆستی سەرۆكی هەرێم وەرگرێت (نەوشیروان مستەفا لە یادەوەرییەكانی خۆیدا ئەم چیرۆكەی نوسیوەتەوە). ئێستا پارتی لە هەمان دۆخی ساڵی 2005دایە، مەسعود بارزانی كشاوەتەوەو لەبری خۆی مەسرور بارزانی كوڕی هێناوەتە پێشو كاندیدی كردووە بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، بەمە بارزانی كۆتایی بە 18 ساڵ تەمەنی نێچیرڤان بارزانی هێنا لە سەرۆكایەتی حكومەت، بەڵام ئەركێكی گەورەشی كەوتەئەستۆ كە دەبێت پۆستێكی نوێ بۆ برازاكەی زامن بكات. داواكردنی پۆستی سەرۆكی هەرێم لەلایەن هەندێك لەسەركردەكانی یەكێتییەوە تەنیا یاریكردنە لەسەر تەوەرە هەستیارەكەی پارتیو رەنگە ئاكامێكی نەبێ، بەڵام ئەمە رەنگە پارتییەكان قەڵس بكات. ئێرانییەكان دێنە ناوەوە رەنگە قۆناغی نوێی دانوستانەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەنێوەندگیری ئێرانییەكان بەڕێوەبچێت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئێستا ئێرانییەكان لە پشتی پەردە كار لەسەر لێكنزیككردنەوەی پارتیو یەكێتی دەكەن، بەتایبەتیش دوای ئەوەی هەردوولا لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان تاڕادەیەك گەیشتنە بنبەست. چارەسەری كۆتایی كێشەی یەكێتیو پارتی، جێپەنجەی سیاسەتی ئێرانییەكانی پێوە دیاردەبێت. پەرلەمانو سەرۆكایەتی هەرێم لەدوای ئەوەی پارتی بەبێ بەشداریكردنی یەكێتی رۆژی 18ی مانگ كۆبونەوەی پەرلەمانی كردو، هاوكات پارتی سوربوو لەسەر ئەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمیش هەمواربكاتەوە، بۆئەوەش سەرۆكی پەرلەمان (ڤالا فەرید) چەند هەنگاوێكی نا بە ئاڕاستەی دروستكردنی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمان، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) پارتی هەنگاوەكانی دروستكردنی لیژنەكانی پەرلەمانی راگرتووە، تائەوكاتەی لەگەڵ یەكێتی كێشەكانی چارەسەر دەكات، ئەمەش پەرەسەندنێكی ئەرێنییە لە پەیوەندییەكانی پارتیو یەكێتی، بەڵام پێناچێت درێژەبكێشێت، ئەگەر بەزویی هەردولا نەگەنە چارەسەر، پارتی هەنگاوەكانی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم بەبێ یەكێتی دەستپێدەكاتەوە. مانۆڕەكەی یەكێتی ! لە یەكەم كاردانەوەدا دژ بە پارتی دوای كۆبونەوەكەی 18ی مانگی پەرلەمان، كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیو ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی مانۆڕێكی جەماوەرییان كرد، لەو مانۆڕەدا كۆسرەت رەسوڵ عەلی هەندێك توندتر لە جاران بەرامبەر بە پارتی قسەی كرد. باڤڵ تاڵەبانیو قوباد تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگیو زۆرێك لە سەركردە دیارەكانی تری یەكێتی بەشدارییان لەو كۆبونەوە جەماوەرییەدا نەكرد، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، زۆرێك لە سەركردەكانی یەكێتی لەو كۆبونەوە جەماوەرییە نیگەران بوونو رەخنەیان هەیە، چونكە بەوتەی ئەوان كۆبونەوەكە نەیتوانیوە وەكو پێویست نیگەرانی لایەنگرانی یەكێتی دوای كۆبونەوەكەی پەرلەمان بڕەوێنێتەوەو سەرباری ئەوەش هێچ هەڵوێستێكی سیاسی نوێی تێدا رانەگەیەندراوە.
راپۆرتی: سەلاح خدر پرسی تیرۆریستە دەستگیرکراوە ئەوروپیەکانی داعش کە ژمارەیان ٨٠٠ کەسن لەدەستی هێزەکانی سوریای دیموکراتیدا، بابەتێکە لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین جار بووەتە ڕۆژەڤی میدیاکان، تایبەتتر دوای ئەوەی دۆناڵد ترامپ هەڕەشەی ئازادکردنی کردن کردن لەئەگەری وەرنەگرتنەوەیان لەلایەن وڵاتانی ئەوروپا. هەرچی هێزەکانی سوریای دیموکراتیە لەبەرامبەر بێدەنگی ئەوروپا و وەرنەگرتنەوەیان داوای کردووە کە لە دادگایەکی نێودەوڵەتی تایبەتدا دادگایی ئەو ٨٠٠ داعشە بکرێن و چارەنوسیان یەکلابکرێتەوە. ئەوەی ئاشکرایە دەوڵەتی تورکیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە بەپێی زۆر بەڵگە لەئاواکردن و هاوکاری داعش دا ڕۆڵیان هەبووە، هەموو هەوڵی خۆیان خستوەتە گەڕ تا دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمەریکا ڕازی بکەن داعشە گیراوەکانی تەسلیمی ئەوان بکەن. لێرەدا ئەوەی نیشانەی پرسیار دروست دەکات ئەوەیە کە ئایا ئەردۆغان ئەو ٨٠٠ تیرۆریستەی بۆ چییە؟ پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەی ترامپ و ئەردۆغان بەپێی زانیاریەکانی ڕۆژنامەی حوڕیەتی تورکی لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەکانی ئەم دواییەی نێوان ئەردۆغان و ترامپ دا پرسی ئەو ٨٠٠ تیرۆریستە قسەی زۆری لەسەرکراوە، ئەردۆغان هەوڵی داوە ترامپ قایل بکات بەوەی ئەو تیرۆریستانە تەسلیمی ئەوان بکەن، گوایە دەتوانن لەو هەرێمانەی تورکیا داگیری کردوون وەک (ئیدلب، عەزاز، باب، جەرابلوس و عەفرین) زیندانیان بکات، ئەردۆغان دەیەوێت ڕێگا چارەی سێهەمین نیشانی ترامپ بدات گوایە لەو هەرێمانە سوپای سوری ئازاد هەن کە چەندین دیلی داعش یان لەدەستدایە و دەتوانن بەرپرسیارێتی پاراستنی ئەوانی دیکەش لەئەستۆ بگرن. ئەردۆغان بەنیازی چیە؟ دەوڵەتی تورکیا لە دروستکردنی داعش و سەپۆرت و هاوکاری کردنیان تا ڕۆژی ئەمڕۆ بەردەوام بووە، هەرکات داعش لەسەر دەستی شەرڤانان زەبری خواردبێت تورکیا هەوڵیداوە بە جەبهەی دووهەم و هێرش لە پشتەوە هاوکاری داعش بکات، لەگەڵ ئەوەشدا نەیتوانیوە ڕێ لە کۆتایی هێنانیان بگرێت. بەهۆی ئەوەی ئەردۆغان ستراتیژی و سیاسەتی دوژمنکارانەی خۆی دژ بە گەلان و ئارامی ناوچە بەتایبەت کوردان لەسەر حسابی داعش داڕشتبوو، ئێستا و پاش نەمانی ئەم گروپە تیرۆریستە هەموو ئەو حساباتانەی سەروبن بوون و ڕوبەڕووی شکستێکی گەورە بووەتەوە. دەتوانین ئامانجەکانی ئەردۆغان بۆ بەدەستخستنی ئەو ٨٠٠ چەتەیەی داعش لەم خاڵانەدا ڕاڤە بکەین: 1- ئەردۆغان هەوڵ دەدات هیچ کام لەو داعشانە نەدرێنە دادگایەکی نێودەوەڵەتی وەک ئەوەی هەسەدە داوای کردووە، چونکە لەئەگەری هەر دادگایەکی وەهادا ئەوا پەیوەندی و نهێنیەکانی داعش و تورکیا بەتەواوی ئاشکرا دەبێت. 2- لەئەگەر داننانی ئەو داعشانەدا لەدادگایەکی نێودەوڵەتی بەپەیوەندیەکانیان لەگەڵ تورکیا ئەوا دەکرێت تورکیاش بەتاوانی جەنگ پەلکێشی دادگای نێودەوڵەتی لاهای بکرێت. 3- تورکیا هەوڵ دەدات هەموو ئەو داعشانە لەژێر دەستی خۆیدا بهێڵێتەوە تا پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەو گروپە تیرۆریستیە نەچێتە دەرەوە. 4- ڕێگری کردن لە لەناوچوونی داعش، تا بەناو و بەرگی دیکە و لەژێر دەستی خۆیدا کۆیانبکاتەوە و بیانهێڵێتەوە. 5- بەکارهێنانی ئەو تیرۆریستانە بۆ بەردەوامی دان بە سیاسەتی شەڕ و داگیرکاری خۆی لەناوچەکەدا بەتایبەتی دژایەتی کوردان. 6- جارێکی تر بەکارهێنانەوەیان بۆ داگیرکردنی هەرێمەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان. 7- بۆ دژایەتی کردنی هەر ستاتۆریەکی کوردی لەسەر ئاستی هەر چوارپارچەی کوردستان لە نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوین دا. 8- بەکارهێنانیان بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی لە کێشە و ململانییە ناوخۆییەکانی تورکیا، لەئەگەری کودەتایەک بۆ لادانی ئەردۆغان لەسەر دەسەڵات، چونکە دۆخی کۆمەڵگای تورکیا لەبەرامبەر دەسەڵاتداری دکتاتۆری ئەردۆغان لەهەموو ئان و ساتێکدا لەبەر تەقینەوەدایە. 9- هەڕەشەپێکردنی ئەوروپا بۆ سەپاندنی داخوازییەکانی خۆی و دوورخستنەوەیان لە هاوکاری کوردان. دەتوانین بەوە کۆتایی بەم باسە بهێنین کە نە هێزەکانی سوریای دیموکراتی و نە ئەمەریکا ئامادەن ئەو ٨٠٠ گیراوە بیانیەی داعش تەسلیمی تورکیا بکەن، چونکە دانپێدانان و بەڵگەکانی ئەو داعشانە بەسە بۆ دادگایی کردنی ئەردۆغان و تاقمەکەی بەتاوانی جەنگ.
راپۆرتی: فازل حەمەڕەفعەت – محەمەد رەئوف بزوتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی دیاریكردنی كاندیدەكانیەتی بۆ پڕكردنەوەی پۆستە وزارییەكان، تائێستا یەكلانەبوەتەوە كێ بڕیار لەسەر كاندیدەكان دەدات، بەڵام زیاتر لە (6 هەزار) هەڵسوڕاو بۆ وەرگرتنی پۆست سیڤییان پڕكردوەتەوە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری ورد لەبارەی كاندیدەكانی گۆڕان بڵاودەكاتەوە. بزوتنەوەی گۆڕان وەك یەكەم هێزی سیاسی پشكی خۆی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان زامنكرد، بەپێچەوانەی یەكێتی نیشتمانییەوە كە هێشتا چاوی لە دانوستانە لەگەڵ پارتی، گۆڕان ئێستا سەرقاڵی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانیەتی بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان لە حكومەت. هاوشێوەی كابینەی پێشوو پێدەچێت لەم كابینەیەشدا گۆڕان بەر لە یەكێتی پەیوەندی بە شەمەندەفەرەكەی حكومەتەوە بكات، ئێستا لە ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕاندا پرسی گەرموگۆڕ باسی دانانی كارەكتەرەكانە لەو پۆستانەی كە گۆڕان لە كابینەی نوێدا دەیانگرێتە دەست. پۆستەكانی گۆڕان بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی كردویەتی، لە كابینەی نوێدا ئەم پۆستانە بەدەست گۆڕانەوە دەبێت: • جێگری سەرۆكی هەرێم • وەزیری دارایی • وەزارەتی بازرگانیو پیشەسازی • وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی • وەزارەتێكی تر كە هێشتا یەكلانەبوەتەوە (رەنگە وەزارەتی شارەوانییەكان بێت) • دەستەی دەستپاكی • دەستەی وەبەرهێنان • یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری ئەنجومەنی چاكسازی • ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە • جێگری وەزیری ناوخۆ • دوو نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە دەرەوەی وڵات (گۆڕان داوای نوێنەرایەتی ئەمریكاو بەریتانیا دەكات) • 24 بەڕێوەبەری گشتی • 24 راوێژكار • بەڕێوەبەری گشتیو بەرپرسی دیوانی هەموو ئەو وزارەتو دەستانەی كە گۆڕان وەریدەگرێت • بریكاری وەزیری پەروەردە كاندیدەكان چۆن دیاری دەكرێن؟ لەدواین كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕاندا بڕیاربوو جڤاتی نیشتمانی لیژنەیەك بۆ (فلتەركردنی) ناوو سیڤی كاندیدەكان پەسەندبكاتو هەر جڤات خۆشی دەنگ لەسەر ناوی ئەندامانی لیژنەكە بدات، بەڵام ئەم بابەتە لە كۆبونەوەكەی جڤاتدا نەخرایەبەر باسو بەتەواونەكراویی بەجێهێڵدرا. بەڵام (درەو میدیا) زانیویەتی، دروستكردنی لیژنەكەو ناوی ئەندامەكانی ئێستا لەنێوان جڤاتی نیشتمانیو خانەی راپەڕاندنو كوڕەكانی نەوشیروان مستەفادا (چیاو نما) بەهەڵواسراوی ماوەتەوەو نازانرێت ئەوە كێیە بڕیار دەدات لەسەر دانانی كاندیدەكان. لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا ئێستا چەند بۆچونێكی جیاواز هەیە لەبارەی چۆنیەتی دانانی ناوی كاندیدەكان بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان. بۆچونی یەكەم: هەندێك داوا دەكەن هیچ یەكێك لەو كارەكتەرانەی كە پێشتر لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان پۆستیان لە حكومەتو پەرلەمان وەرگرتووە، ئەمجارە پۆستیان پێنەدرێت، ئەندامانی خانەی راپەراندن زۆرینەیان لەگەڵ ئەو بۆچونەدا هاوڕان. بۆچونی دووەم: ئەم بۆچونە باوەڕیان وایە كە تەنیا لێهاتوویی كارەكتەرەكان لە كارەكانیاندا لەبەرچاوبگیرێت، بەڵام دەبێت گرەنتی ئەوە لەو كەسانە وەربگیرێت كە لە پۆستەكاندا دەبن، بەرنامەی گۆڕان جێبەجێبكەنو پەیوەست بن بە بڕیاری سەركردایەتی گۆڕانەوە. پرسی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا هێشتا میكانیزمەكەی یەكلانەبوەتەوە، شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان پێشتر لە وتارێكدا نوسیبووی" كاندیدەكانی گۆڕان بۆ پۆستەكان لە جڤاتی نیشتمانی یەكلادەكرێتەوە"، بەڵام زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئاماژە بەوە دەكەن، بەر لە رۆیشتنی ناوەكان بۆ بەردەم جڤاتی نیشتمانی، لە مەبتەخێكی تر ناوی كاندیدەكان یەكلادەكرێتەوە، كە تائێستا نادیارە. ئێستا ئەوانەی لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندان رۆڵی سەرەكیان هەیە، لەدانانی كاندیدەكان بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان دوو جەمسەرن: جەمسەری یەكەم: كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا-ن، بەپێی زانیارییەكان هەر كاندیدێك ئۆكەی ئەمانی لەسەر نەبێت لە فلتەر دەرناچێت. جەمسەری دووەم: رێكخەری گشتی (عومەری سەید عەلی)یە، هەرچەندە هیچ دژبەرییەك لەنێوان جەمسەری یەكەمو دووەمدا بەدیناكرێت، بەڵام بەپێی زانیارییەكان لە پڕكردنەوەی پۆستەكاندا هەریەكەیان پشكی خۆی دەبێت، بەواتایەكی رونتر هەریەك لەو دوو جەمسەرە كەسانی نزیك لەخۆیان بۆ پۆستەكان كاندید دەكەن. خانەی راپەراندن كە دەسەڵاتی باڵای جێبەجێكردنە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، دەبوو لە پرسی دیاریكردنی كاندیدەكاندا رۆڵی هەبێت، بەڵام پێناچێت خانە ئەو رۆڵە ببینێت، چونكە زیاتر لە نێوەی ئەندامەكانی خانە خۆیان چاویان لە وەرگرتنی پۆستە وزارییەكانە. شەش هەزار سیڤی بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لەچەند سەرچاوەیەكەوە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان دەست (درەو میدیا) كەوتوون، زیاتر لە (6 هەزار) كەس كە هەڵسوڕاوی گۆڕانن لەهەموو ئاستەكاندا "سیڤی"یان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستانە پێشكەشكردووە كە لەم كابینەیەدا بەر گۆڕان دەكەوێت، كە نزیكەی (68) پۆستە، بەڵام ئەم ژمارە زۆرەی "سیڤی" نازانرێت بە چ میكانیزمێكو كێ یەكلاییان دەكاتەوە. دابەشبوونی جوگرافی پۆستەكان پڕكردنەوەی پۆستەكانی حكومەت لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا بەپلەی یەكەم لەسەر بنەمای نزیكیی لە كارەكتەرە سیاسییەكانە، بەڵام سەرباری ئەمەش بۆ راگرتنی پارسەنگی دابەشبوونی جوگرافیو دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان، لەدانانی پۆستەكاندا ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستانو رەوەندی دەرەوە لەبەرچاو دەگیرێت، بەڵام ئەمەش بێ كێشە نییە، بەپێی زانیارییەكان زۆرینەی مەكۆكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە شارەكان دەیانەوێت خۆیان رۆڵی سەرەكییان هەبێت لە یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان، واتە دانانی كاندیدی ناوچەكانیان لە مەكۆی سەرەكییەوە لە شاری سلێمانی رەتدەكەنەوە. سەرباری ئەمە بەپێی زانیارییەكان، رەوەندی دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بەفەرمی لەڕێگەی نوێنەرەكانیانەوە لە جڤاتی نیشتمانی داوا دەكەن ئەو دوو پۆستەی كە لە پەیوەندییەكانی دەرەوە بەر گۆڕان كەوتووە، ئەوان كاندیدەكانی بۆ دیاری بكەن. وەزارەتەكانیش یەكێكیان بۆ كارەكتەرێكی سلێمانی بزوتنەوەكەو یەكێكی تریان بۆ كارەكتەرێكی هەولێر دەبێت. بازەكە لەسەر شانی كێ دەنیشێتەوە؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی ناو بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەستیكەوتوون، كاندیدەكانی گۆڕان بۆ پۆستەكان ئەمانەن: * بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مستەفا سەید قادر) چانسی گەورەی هەیە، چونكە هەم كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا پشتیوانی دەكەن، هەم دڵخوازی پارتی دیموكراتی كوردستانیشە، بەوپێیەی پارتییەكان لە ئەدای كاركردنی لە پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە لە كابینەی پێشوودا رازین. * هەرچی پۆستی وەزیری داراییە، كێبەركێكە لەنێوان (ئاوات شێخ جەناب) بەرپرسی ژووری كارگێری بزوتنەوەی گۆڕانو (هاوار شێخ رەئوف) بەرپرسی پێشووی بانكە بازرگانییەكانی هەرێمدایە، هەرچەندە هێشتا گەمەكە لەسەرەتادایەو پێدەچێت كاندیدی دیكەش بێنە ناوەوە، بەڵام تائێستا بەپێی زانیارییەكان (ئاوات شێخ جەناب) چانسی وەرگرتنی پۆستەكەی زیاترە. * بۆ وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، دوو كەس چاویان لەسەر پۆستەكەیە، كە بریتین لە (ئاراس وەلی) ئەندامی وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕانو (كوێستان محەمەد) پەرلەمانتاری پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، بەهۆی نزیكیی لە رێكخەری گشتیو هاوكات وەكو ژنێكیش (كوێستان محەمەد) چانسی زیاترە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە. * بۆ وەزارەتی بازرگانیو پیشەسازیی، ئەوەی تائێستا ناوی دێت (ساماڵ سەردار) وەزیری بازرگانیی پێشووی حكومەتی هەرێمە، كە یەكێكە لە كەسە نزیكەكان لە كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا. * ئەو وەزارەتەی كە دەمێنێتەوەو تائێستا یەكلانەكراوەتەوە، پێدەچێت وەزارەتی (شارەوانیو نیشتەجێكردن) بێت، لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا تائێستا قسە لەسەر ئەوەیە ئەم پۆستە بدرێتە بە كەسایەتییەكی هەولێر، ئەوەی ناوی دێت بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە بریتییە لە هەریەك لە (چالاكی موهەندیس) ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانو (برزۆ مەجید) سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، (برزۆ مەجید) چانسی زیاترە. * سەرباری ئەم ناوانەی كە وەكو كاندید بۆ پڕكردنەوەی پۆستە وزارییەكان باسكران، زیاتر لەنیوەی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن چاویان لە وەرگرتنی پۆستە وزارییەكانە، ئەمەش رەنگە پرۆسەكە دووچاری ئاستەنگ بكات. * پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری چاكسازی كە بە پۆستێكی سیادی ئەژمار دەكرێتو لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە پێشنیازكراوەو پرۆژەكەی بۆ نوسراوە، تائێستا كاندیدی بەهێز بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە (جەلال جەوهەر)ە، كە ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری گۆڕانە. * بۆ دەستەی وەبەرهێنان، لەگەڵ ئەوەی چەندین كەس چاویان لە وەرگرتنی ئەو پۆستەیە، بەڵام تائێستا كاندیدی بەهێز (دانا عەبدولكەریم) بەرپرسی دۆسیەی حكومەتە لەژووری حكومەتو پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان. * بۆ دەستەی دەستپاكی، ناوی هەریەكە لە (رەئوف عوسمان) سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕانو (سەردار قادر) بەرپرسی میدیای كۆمپانیا وشە لەئارادایە. * بۆ پۆستی ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە، (جەمال حاجی محەمەد) سكرتێری جڤاتی نیشتمانی كاندیدی بەهێزە. * بۆ پۆستی جێگری وەزیری ناوخۆ، (دلاوەر حاجی عوسمان) پێشمەرگەی دێرین چانسی گەورەی هەیە. * بۆ نوێنەرایەتییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمیش، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) بزوتنەوەی گۆڕان داوای بەرپرسی نوێنەرایەتییەكانی هەرێمی لە (ئەمریكا)و (بەریتانیا) كردووە، رەوەندی دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان داوايان كردووە ئەوان كاندیدی ئەو دوو پۆستە یەكلابكەنەوە، بەڵام لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان دوو كەسی تر چاویان لەسەر پۆستەكانە، (شوناس شێركۆ جدی) كاندیدە بۆ وەرگرتنی نوێنەرایەتی ئەمریكاو (وشیار عومەر عەلی) كاندیدە بۆ وەرگرتنی نوێنەرایەتی هەرێم لە بەریتانیا، هەردوو كاندیدەكە دوو كەسی نزیكن لە كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا. * هەرچی پۆستەكانی بەڕێوەبەرو راوێژكارەكانە، زۆربەیان بە خەڵكانی ئەندامی جڤاتی نیشتمانیو گشتی بزوتنەوەی گۆڕان پڕبكرێنەوە، ئەمەش وەكو بەڵێنێك دیاریكراوە بۆ ئەوەی ئەو دوو جڤاتە كە رۆڵیان لە پەسەندكردنی ناوی كاندیدەكاندا دەبێت، لەمپەر لەبەردەم پرۆسەكەدا دروستنەكەن. هەموو ئەو ناوانەی لەم راپۆرتەدا (درەو میدیا) ئاماژەی پێكردوون، هەمووی زانیاری سەرەتاینو پێشبینیش دەكرێت هاوشێوەی كابینەی پێشووی حكومەت، بزوتنەوەی گۆڕان كەسانێك لە پۆستەكان جێگیر بكات كە هەرگیز پێشبینیكراو نەبوبن، یان لانی كەم بۆ زۆرینەی خەڵك ناسراو نەبن، ئەمەش ئاستی ململانێكان لەسەر دابەشبوونی پۆستەكان بڕیاری لەسەر دەدات.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف پارتی بە تەلەفۆن داوای لە كۆمەڵی ئیسلامی كردووە بەشداری حكومەت بكات، سەردانی ئەمیری كۆمەڵ بۆ پیرمام رەنگە دەرگای حكومەت بۆ كۆمەڵ بكاتەوە، بەڵام ئەمیر پێناچێت زیارەتەكە بكات. دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردراو نیوەی زیاتری كێكی حكومەتیش دابەشكراوە، هێشتا كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بڕیاری خۆی بۆ بەشداریكردن لە دەسەڵات، یان ئۆپۆزسیۆنبوون یەكلانەكردوەتەوە. پارتیو كۆمەڵ كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری كابینەی پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد، ئەوكات یەكێتی هاوشێوەی ئێستا لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان لەگەڵ پارتی ناكۆك بوو، پۆستی سكرتێری پەڕلەمان كە بەر یەكێتی كەوتبوو، بەهۆی نائامادەیی یەكێتییەوە لە كۆبونەوەی پەرلەمان، درا بە كۆمەڵی ئیسلامی (فەخرەدین قادر)، تا ئەوكاتەی یەكێتی بەشداری پەرلەمان دەكات، بەڵام پۆستەكە تا كۆتایی لای كۆمەڵ مایەوە. لە خولی پێشووی پەرلەماندا، كۆمەڵ پشتیوانی لە سیاسەتەكانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكرد، ئەمە پارتی نیگەران كردبوو، بەڵام كاتێك پارتی وەزیرەكانی گۆڕان لە حكومەت وەدەرنا، وەزیرەكانی كۆمەڵ ناڕەزایەتییان نیشاندا، بەڵام لە حكومەت نەكشانەوە تاوەكو كۆتاییەكانی تەمەنی كابینەكە، پارتی زۆر بە كشانەوەی كۆمەڵ لە حكومەت نیگەران بوو، پارتییەكان پێیانوابوو، كۆمەڵ بۆ موزایەدەو بانگەشەی هەڵبژاردن لەكۆتایی كابینەكەدا لە حكومەت كشاوەتەوە. پەیوەندییەكانی پارتیو كۆمەڵ لەمساڵانەی دوایدا تاڕادەیەك بە قۆناغێكی ئاڵۆزدا تێپەڕی، پارتی لە هەولێر فشاری بۆ كادیرانی كۆمەڵ هێنا، پەرلەمانتارێكی كۆمەڵی تۆمەتباركرد بە "تیرۆر"و چەندین كادری كۆمەڵی دەستگیركرد. كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی كرد لە 30ی ئەیلولی 2018دا، لەو هەڵبژاردنەدا یەكێك بوو لە لایەنە براوەكان، ژمارەی كورسییەكان لە پەرلەمان لە (6) كورسییەوە زیادی كرد بۆ (7) كورسی. رێكخەر فریای كۆمەڵ دەكەوێ دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دەستیپانپێكرد، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەهۆی ئەوەی دەنگەكانی داكشا، هەرزوو ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆی راگەیاند، لەدوای بڕیارەكەی یەكگرتوو، پارتی چیتر بیری لە بەشداری ئیسلامییەكان لە كابینەی نوێی حكومەت نەكردەوە، وەفدی پارتی چەندجارێك بۆ دانوستان سەردانی سلێمانیان كرد، لەگەڵ یەكێتی نیشتمانیو بزوتنەوەی گۆڕان كۆبونەوە، بەڵام كۆمەڵی ئیسلامییان نادیدەگرت، ئەوە لەكاتێكدابوو، كۆمەڵ چاوی لە بەشداریكردن بوو لە حكومەت. بەمدواییانە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە یەكێتی نائومێد بوو، پارتی ئاڕاستەكەی بەلای كۆمەڵی ئیسلامیدا گۆڕی، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان یەكەم كەس بووە كە پێشنیازی بەشداریكردنی كۆمەڵی ئیسلامی كردووە لە حكومەتو ئەو پێشنیازەی داوە بە پارتی، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەیەكێك لە كۆبونەوەكانی نێوان گۆڕانو پارتیدا، بە نێچیرڤان بارزانی وتووە" وڵاتانی دەوروبەری هەرێمی كوردستان چ ئێرانو چ توركیا، ئیسلامییەكان حوكمی دەكەن، چۆن دەبێت حكومەتی هەرێم لایەنێكی ئیسلامی تێدا نەبێت". پارتی پێشنیازەكەی رێكخەری گشتی گۆڕانی تاڕادەیەك بەلاوە سەرەنجڕاكێش بوو، بەڵام هێشتا دوودڵ بوو، پارتی لە قۆناغی یەكەمدا كاری لەسەر ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی كرد لەگەڵ كۆمەڵ، فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دەستپێشخەرییەكی كرد بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان، وەفدی پارتی سەردانی كۆمەڵی كرد، بەڵام باسی بەشداری كۆمەڵ لە حكومەتدا نەكرا. بانگهێشتكردن بە تەلەفۆن ! لەدوای هەوڵی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان، پارتی وردە وردە بیری لە بەشداری كۆمەڵ لە حكومەتیش كردەوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە دەست (درەو میدیا) كەوتوون، بەمدواییە پارتی بە فەرمی داوای لە كۆمەڵ كردووە بەشداری لە حكومەت بكات، داواكارییەك كە ماوەیەكی زۆرە كۆمەڵ چاوەڕوانی دەكرد. كۆمەڵ تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە بانگهێشتە تەلەفۆنییەكەی پارتی قبوڵنەكردووە، هەندێك لە بەرپرسانی كۆمەڵ كە (درەو میدیا) بۆ نوسینی ئەم راپۆرتە قسەی لەگەڵ كردون، هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگێڕنەوە، پارتی لەسەرەتاوە كۆمەڵی نادیدەگرتووەو ئێستاش لەبری ئەوەی بەفەرمیو بەوەفد پەیامەكەی بە كۆمەڵ بدات، بەتەلەفۆن بانگهێشتی حكومەتیان دەكات. ئەمیر ناچێتە پیرمام ؟ هەندێك سەرچاوەی تری ئاگادار كە قسەیان بۆ (درەو میدیا) كردووە، باسلەوە دەكەن، پارتی تاڕادەیەك بەشداریكردنی كۆمەڵی لە حكومەت وابەستە كردووە بەوەی عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵ سەردانی پیرمام بكاتو لەوێ لەگەڵ مەسعود بارزانی دیدار بكات. بەرپرسانی پارتی ئەم پێشنیازەیان داوە بە گوێی سەركردەكانی كۆمەڵدا، بەڵام تائێستا ئەمیری كۆمەڵ نایەوێت بچێتە پیرمام. كێشەیەكی تر كێشەیەكی تر لە بەردەم بەشداریكردنی كۆمەڵی ئیسلامی، ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتییە، پێشتر ئەو ئەنجومەنە بەزۆرینە ڕای لەسەر ئەوەداوە كە نابێت كۆمەڵ بەشداری لەكابینەی نوێی حكومەت بكات. سەرچاوەیەك لەناو پارتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، ئەگەر كۆمەڵ بەشداری لە حكومەت بكات، دەبێت پارتی جارێكی تر ڤیتۆكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵگرێت.