بەرهەم ساڵح هاوسەرۆكی قبوڵ نیە
2020-02-08 20:12:46
راپۆرتی: درەو
هاوشێوەی حزبی زەحمەتكێشان و پارتی كرێكارانی كوردستان، ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی سیستەمی هاوسەرۆكی بۆ بەڕێوەبردنی داهاتووی یەكێتی پەسەند كرد، بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی كاندیدی یەكلابوەوەی هاوسەرۆكایەتیەكەن و ئێران گەمەكەی لە بەرهەم ساڵح تێكدا، باڵی كۆسرەت رەسوڵیش دەیانەوێت لە رێگەی ئەنجومەنی باڵای سیاسیەوە هەژمونی خۆیان لەداهاتووی یەكێتیدا بچەسپێنن.
هاوسەرۆكایەتی
ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی لە كۆبونەوەی تایبەت بە پەسەندكردنی هەمواری پەیرەوی ناوخۆدا بریاریدا (سیستەمی بەرێوەبەردنی یەكێتی بكات بەهاوسەرۆكایەتی) بەمەش كۆتایی بە سەرۆك یان سكرتێری حزب هێناو گۆڕانكاری لە سیستمی سەرۆكایەتی ( 44) ساڵەی خۆیدا كرد.
مستەفا چاوڕەش سەرپەرشتیاری دانیشتنەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی بە میدیای فەرمی حزبەكەی راگەیاند ی راگەیاند: لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتیدا بە زۆرینەی دەنگ سیستەمی هاوسەرۆكی بۆ بەڕێوەبردنی داهاتووی یەكێتی پەسەند كرا، ژمارەی هاوسەرۆكەكان دیاریی نەكران، هەروەك ناوی كەسیش بۆ ئەو پۆستانە دەستنیشان نەكران.
دانانی سیستەمی هاوسەرۆكایەتی لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتیەوە پەیوەندی بە رێكنەكەوتنی باڵەكانی یەكێتیەوە هەیە لەسەر شێوازی بەرێوەبەردنی ئەو حزبە، لەدوای دەركەوتنی ئەنجامەكانی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیەوە ململانێكانی نێوان باڵەكانی یەكێتی گۆڕانی بەسەردا هات و هەریەك لە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی وەك دوو كارەكتەری براوەی كۆنگرە ئاراستەی داهاتووی یەكێتیان كەوتە دەست.
هاوسەرۆكایەتی لە دوو ئەزموندا
سیستەمی هاوسەرۆكایەتی كە ئەمڕۆ ئەنجومەنی گشتی یەكێتی بۆ بەرێوەبەردنی یەكێتی پەسەندكرد، هاوشێوەی دوو ئەزمونی حزبی كوردیە ئەوانیش:
- شێوازی بەرێوەبردنی پارتی كرێكارانی كوردستان لەدوای دەستگیركردنی عەبدوڵا ئۆج ئالانی رابەری ئەو حزبە لەسەرجەم پۆستەكانیدا، بەڵام هاوسەرۆكایەتی لەلای ئەوان لە نێوان ( ژنێك و پیاوێكدا)یە ئەویش لە پێناو هێنانە پێشەوەی ژن لە سەركردایەتیدا و بەشداریپێكردنیان (راگرتنی جێندەریە).
واتا سیستەمی هاوسەرۆكایەتییەكەی یەكێتی جیاواز دەبێت لە سیستەمی بەرێوەبەردنی پارتی كرێكارانی كوردستان، كە لە پێناو هێنانە پێشەوەی ژنان نیە بەڵكو لە هاوسەرۆكایەتیە لە پێناو رێكنەكەوتنی باڵەكان.
- ئەزمونی دووەم ئەزمونی بەرێوەبردنی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لەدوای جیابونەوەیان لە قادر عەزیز سكرتێری پێشووی ئەو حزبە ، كە لەیەكەم كۆنگرەدا حزبی زەحمەتكێشان هاوسەرۆكایەتی پەسەندكرد لە نێوان (بەهمەن حسێن، بەڵێن عەبدوڵا، سەعد خالید)، بەڵام لە دوایین كۆنگرەدا كە لە رۆژی 22/11/2019 بەرێوەچوو سیستەمی هاوسەرۆكایەتی هەڵوەشاندەوەو شكستی هێناو چوەوە سەر فۆرمی پێشتری كە هەڵبژاردنی ( سكرتێر) و ( جێگری سكرتێر) بوو.
ئەگەر یەكێتی هاوسەرۆكایەتیەكەی لە سێ كەس پێكهاتبێت ئەوا دەبێتە هاوشێوەی هاوسەرۆكایەتی پێشووی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە شێوازی بەرێوەبردنیدا.
یەكێتی بۆ ماڵبانی تاڵەبانی
گفتوگۆی باڵەكانی ناوخۆی یەكێتی لەدوای كۆتاییهاتنی كۆنگرەی یەكێتی بە ئاراستەی سەرۆكی حزب هەنگاوی دەنا، بەڵام چەند رۆژێكە ئاراستەی گفتوگۆكان گۆڕانی بەسەردا هاتوو.
بەپێی زانیاریەكانی (درەو) رۆژی دوو شەممەی رابردوو بافڵ تاڵەبانی سەردانی كۆسرەت رەسوڵی كردووەو پێی راگەیاندووە، ئەوان وەكو ماڵباتی تاڵەبانی رازی نین بەرهەم ساڵح بكرێت بە سەرۆكی یەكێتیو داوای لێكردووە بەدوای چارەسەرێكی تردا بگەڕێن.
ئەگەرچی دواتر ماڵباتی تاڵەبانی گفتوگۆیان لەگەڵ بەرهەم ساڵح كردووە بەوەی رازی بێت بە هاوسەرۆكایەتی، بەڵام بەرهەم ساڵح ئەو پێشنیازەی رەتكردۆتەوە.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی سیستەمی هاوسەرۆكایەتی بۆ یەكێتی پەسەندكرد ئەگەرچی تا ئێستا یەكلا نەبۆتەوە كە دوو كەس دەبێت یان سێ بۆ هاوسەرۆكایەتیەكە، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو) بۆیە ژمارەكە یەكلانەكراوەتەوە چاوەڕەوان دەكەن بەرهەم ساڵح بەو سیستەمە نوێیە رازی بێت، ئەگەر نا تەنها دوو كەس دەبێت و ئەوانیش ( بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی) دەبن كە ئەمەش بەشێكی پەیوەندی هەیە بە هاتنە پێشەوەی نەوەیەكی نوێ بەتایبەتیش نەوەی تاڵەبانییەكان كە بە كوڕوتینێكی زیاترەوە هاتونەتە ناو سەركردایەتی یەكێتی و لەلایەكیش سازشنەكردنی (بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی) بۆ یەكتری كە پێشتر كێبەركێ بوو لەسەر جێگرایەتی سەرۆك و ئێستاش لەسەر سەرۆكایەتی.
هاوسەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی لە ترۆپكی یەكێتیدا، رەنگە هەروا ئاسان نەبێت، بەتایبەت ئەو دوو ئامۆزایە لە رابردوودا پەیوەندییەكانیان چەندین جار هەورازو نشێوی بەخۆیەوە بینیوەو فۆرم و شێوازی كاركردنیان جیاوازە، پرسیارەكە ئەوەیە دەتوانن پێكەوە هەڵبكەن و یەكێتی بگەیەننە كەناری ئارام ( وەك خۆیان بانگەشەی بۆ دەكەن)
ئێران تۆڵە لە بەرهەم ساڵح دەكاتەوە
گەمەكە بە زیانی بەرهەم ساڵح كۆتایی هات، بەپێی زانیاریەكانی (درەو) لە دوو رۆژی رابردوودا گفتوگۆی چڕكراوە لەگەڵ بەرهەم ساڵح بۆ رازی بوونی بە هاوسەرۆكایەتی بەتایبەت لەلایەن ماڵباتی تاڵەبانیەوە، بەڵام بەرهەم ساڵح رازی نەبووەو پێی وتوون، ئەوەی ئێوە دەیكەن پاشگەزبونەوەیە لەو رێككەوتنانەی پێشوو بەتایبەتیش كە لە كۆنگرەدا بەبێ دەنگدان هەڵبژێردراو بڕیاردرا بكرێتە سەرۆكی یەكێتی.
زانیارییەكانی (درەو) كە قسەی لەگەڵ چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە بەرهەم ساڵح كردووە ئەوە دەخەنە روو كە بەرهەم ساڵح پێی وتوون من لە یارییەكە دەچمە دەرەوەو پیرۆزی خۆتان بێت، بەڵام ئەم هاوسەرۆكایەتیە سەركەوتوو نابێت.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەكرد، كە لەدوا ساتەكاندا ئێران دەستوەردانی كردووەو نارازی بوونی خۆی بەسەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح دەربڕیوە بەتایبەت كە پێیان وابووە لە بەغداد زیانی زۆری بە سیاسەتەكانی ئێران گەیاندووە، بەتایبەتیش لە رازی نەبوونی بەرهەم ساڵح بە دانانی سەرۆك وەزیرانێكی دڵخوازی ئێران.
بۆیە چاوەڕەوان ناكرێت بەرهەم ساڵح رازی بێت بە هاوسەرۆكایەتی و ناشیەوێت ئەزمونی رابردووی هاوپەیمانی دووبارە بكاتەوە، بۆیە لە باشترین حاڵەتدا وەك سەرۆك كۆمار دەمێنێتەوە ( هەرچەند تەمەنی سەرۆك كۆماریش نزیكەی یەك ساڵی تر بەردەوام دەبێت ئەویش بەهۆی پێداگری لایەنەكان لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە) نایەوێت دوور بكەوێتەوە لە یەكێتی.
یەكێتی بەرەو كوێ؟
ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا تەنها بڕیاری لەسەر سیستەمی هاوسەرۆكی داوە ئەوەی ماوە.
- هاوسەرۆكایەتیەكە لەچەند كەس پێكدێت؟
- چەند جێگری دەبێت و كێ دەبن ؟
- دەسەڵاتەكانی سەرۆك چی دەبن؟
- دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی چی دەبن؟
تا ئێستا هیچ یەك لەو پرسانە یەكلا نەكراوەتەوە، چونكە بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو) ئەندامانی ئەنجومەنی گشتی یەكێتی رازی نابن ئەو دەسەڵاتە بدەن بە ئەنجومەنی باڵای سیاسی كە (كۆسرەت رەسوڵ) سەرۆكایەتی دەكات، وەك ئەوەی خۆیان داوایانكردووە.
تا ئێستا روون نیە كە ئایا ئەنجومەنی باڵای سیاسی رازی دەبێت تەواوی دەسەڵاتەكانی یەكێتی رادەستی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بكات یان نا؟
هێشتا روون نیە كە باڵەكانی تری یەكێتی ( باڵی كۆسرەت رەسوڵ، كەركوكییەكان، گەرمیانییەكان، باڵی دلێری سەید مەجید) رازین بەوەی دەسەڵاتی رەهای یەكێتی بدرێت بە ماڵباتی تاڵەبانی.؟
بەپێی زانیارییەكانی (درەو) باڵی كۆسرەت رەسوڵ لەلایەك شەڕی جێگیركردنی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و دانانی شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ دەكەن بۆ جێگری هاوسەرۆكی یەكێتی ( ئەگەر هاوسەرۆك جێگری بۆ دابنرێت).
باڵی كەركوكییەكان شەڕی جێگری هاوسەرۆكایەتییەكە دەكەن یان سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی و بەدەستیهێنانی بەرپرسی چەند مەكتەب و دەڤەرێك.
زانیارییەكانی ( درەو) ئەوە دەخەنە روو كە باڵی دلێری سەید مەجید هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوەیە عیماد ئەحمەد لە پۆستێكی باڵا جێگیر بكەن، كە ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردن یاخود بەرپرسی دەڤەری سلێمانی یەكێتی، بۆ ئەمەش لەگەڵ ماڵباتی تاڵەبانی لێكتێگەیشتنیان هەیە.
پارتی لەگەڵ كێ مامەڵە دەكات؟
تا ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان لێدوان و هەڵوێستی روون وفەرمی نەبووە لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ سەركردایەتی نوێی یەكێتی و مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ لێدوان و تەنانەت پیرۆزباییەكی لە یەكێتی و سەركردایەتی نوێی یەكێتی نەكردووە.
بەپێی پێشبینیەكان و خوێندنەوەی بارودۆخەكان چاوەڕەوان دەكرێت لەدوای كۆتاییهاتنی كارەكانی كۆنگرەو یەكلاكردنەوەی تەواوی پرسەكانی یەكێتی سەركردایەتی نوێی یەكێتی مامەڵەیەكی جیاواز لەگەڵ پارتیدا بكەن و ئەو گرژیانەی ئێستای نێوانیان كەمببێتەوە، بەپێی خوێندنەوەی ئەزمونی رابردوو هەر هێزوو گروپێك لە لێدوان و بانگەشەكانیدا بەرامبەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان توند بووبێت ئەوا دەنگی جەماوەرەكەی بەدەستهێناوە.
ئێستا هەریەك لە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بەهۆی هەڵوێستە توندەكانیان بەرامبەر بە پارتی دەنگی زۆرینەی ناو یەكێتیان بەدەستهێناو ئەو لایەنانەشی مامەڵەیان لەگەڵ پارتیدا دەكرد دۆڕاوی كۆنگرەی یەكێتی بوون، بۆیە چاوەڕەوان دەكرێت :
- پارتی دیموكراتی كوردستان وەك ( دیفاكتۆ) مامەڵە لەگەڵ سەركردایەتی نوێی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا بكات، بەوپێیەی نایەوێت كێشەو گرفت بۆ حكومەتەكەی مەسرور بارزانی درووست بێت، كە لە ئێستادا كێشەو سەرئێشەی زۆری بۆ درووست دەكرێت لەلایەن باڵی سەركەوتووی یەكێتیەوە.
- سەركردایەتی نوێی یەكێتی ( بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی) كە لەرابردوودا دەیانویست پارتی و خودی مەسعود بارزانی ئەمری واقیعیان مامەڵەیان لەگەڵ بكات، لەدوای كۆنگرەوە بە هێزەوە مامەڵە لەگەڵ پارتی دەكەن و چاوەڕەوان دەكرێت بارودۆخ و گرژیەكانی نێوانیان كۆتایی پێبهێنن، چونكە بۆ هەردوولایان دەركەوتووە كە بەرژەوەندییە سیاسی و ئابورییەكانیان ئەوە دەخوازێت كە تەبابن، هەرجۆرە ناكۆكیەك زیان بە بەرژەوەندییە ئابورییەكانیان دەگەیەنێت.