حكومەت قەرزى كۆمپانیاكان وەردەگرێتەوە
2020-02-13 14:53:59
(درەو):
حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی (751 ملیار) دینار قەرزی لای كۆمپانیاكانە، بەپێی نوسراوێك كە دەست (درەو) كەوتووە، دەبێت قەرزارەكان لەماوەی سێ مانگدا ئەو پارانە بۆ حكومەت بگەڕێننەوە.
بەپێی نوسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانكە بازرگانییەكان كە كۆپییەكی دەست (درەو) كەوتووە، دەبێت ئەو كەسو كۆمپانیایانەی كە قەرزیان لە حكومەت وەرگرتووە، لەماوەی سێ مانگدا قەرزەكانیان بگەڕێننەوە، بەپێچەوانەوە حكومەت دەست بەسەر ئەو موڵكانەدا دەگرێت كە وەكو بارمتە (رهن) بۆ وەرگرتنی قەرزەكە دایانناوە.
نوسراوەكە كە ئاڕاستەی گشت بانكە بازرگانییەكان كراوە، چەند مەرجێكی دیاریكردووە بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەكان كە ئەمانەن:
• گەڕانەوەی قەرزەكان دەبێت بە چەكی بانكیی بێت یاخود بەشێوەی كاش، بەمەرجێك كڕینو فرۆشتن بە چەكە بانكییەكەوە نەكرابێتو چەكە بانكییەكانی حكومەتی هەرێم بێت.
• چەكە بانكییەكان بەناوی قەرزارەكانەوە بێتو چەكی بانكیی هەمان پارێزگا بێتو چەكی بانكە ئەهلییەكان نەبێت.
• ماوەی گەڕانەوەی قەرزەكان (سێ) مانگەو ماوەكە لە رۆژی 10/2/2020وە دەستپێدەكاتو 10/5/2020.
• دوای تەواوبوونی ماوەی (سێ) مانگەكە رێكاری یاسایی لەبەرامبەر ئەو كەسو كۆمپانیایانە دەگیرێتەبەر كە قەرزەكانیان نەگەڕاندوەتەوە، ئەوەش لەڕێگەی دەستگیرتن بەسەر ئەو موڵكانەی كە وەكو بارمتە لای حكومەت دایانناوە بۆ وەرگرتنی قەرزەكانیان.
قەرزی كۆمپانیاكان یەكێكی ترە لەو دۆسیە چارەسەرنەكراوانەی كە بە میرات لە كابینەكەی نێچرڤان بارزانییەوە بۆ كابینەی مەسرور بارزانی بەجێماوە، بەهای ئەم قەرزانە ئێستا گەیشتوەتە (751 ملیار) دینار، بەپێی یاسای چاكسازی كە بەمدواییە لە پەرلەمان پەسەندكرا، دەبێت حكومەت ئەم پارەیە لە كۆمپانیاكان وەرگرێتەوە، كێن ئەو كۆمپانیاو سەرمایەدارانەی كە سودمەندبوون لە قەرزی حكومەت، بۆ زانیاری زیاتر كلیك لەسەر ئەم ناونیشانەی خوارەوە بكە:
ئەوانەی قەرزاری حكومەتن كێن ؟