Draw Media

كابینەكەی عەلاوی ریزی كورد پەرتدەكات

كابینەكەی عەلاوی ریزی كورد پەرتدەكات

2020-02-09 18:28:42


(درەو):
بەر لە كۆبونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكان، "گروپی 15" لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق كۆدەبێتەوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەغداد بە (درەو)ی رایگەیاند، ئەمشەو (15) پەرلەمانتاری كورد كە لەناو پەرلەمانی عێراق كە ناوی "گروپی 15"یان لێنراوە، لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق كۆدەبنەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، بڕیارە رۆژی سێشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوە بۆ ئەوەی كورد لە بەغداد بە یەكهەڵوێستی مامەڵە لەگەڵ گۆڕانكارییەكان بكات، بەدیاریكراویش گۆڕانكاری لە پێكهاتەی كابینەی حكومەتدا، ئەمەش خواستێكە كە هەندێك لە پەرلەمانتارانی كورد گومانیان لەسەری هەیە.
"گروپی 15" پێكهاتووە لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، فراكسیۆنی ئایندە (ئەوانەی لە نەوەی نوێ جیابونەوە)، لەگەڵ دوو پەرلەمانتاری سەربەخۆ (ئەوانەی لەسەر لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری سەركەوتن بۆ پەرلەمان).
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، كۆبونەوەكە لەسەر داوای "گروپی 15" رێكخراوە‌و بڕیارە لە كۆبونەوەیاندا لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی باسی چۆنیەتی پڕكردنەوەی پۆستە وزارییەكانی كابینەی حكومەتی كاتیی عێراق بكەن.
بەپێی ئەوەی بڕیاری لەسەردراوە، دەبێت محەمەد تۆفیق عەلاوی كابینەیەكی حكومەت بۆ ماوەی یەك ساڵ لە عێراق پێكبهێنێت‌و لەو ماوەیەدا بانگەشەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات، خۆپیشاندەرانی شارەكانی عێراق دانانی كاندیدی حزبەكان لە پۆستە وزارییەكانی كابینەی نوێ رەتدەكەنەوە، حزبەكانیش دەیانەوێت هاوشێوەی كابینەكانی رابردوو بەشێوە پشكێنەی حزبی‌و تائیفی پۆستەكان دابەشبكرێت، عەلاوی كەوتوەتە نێوان بەرداشی ناڕەزایەتی شەقام‌و فشاری لایەنە سیاسییەكان.
لە هەرێمی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت جارێكی تر حزبە كوردییەكان لەژێر چەتری خۆیدا كۆبكاتەوە، لەماوەی رابردوودا نوێنەرانی كورد لەكاتی بڕیارداندا لەسەر دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عێراق، بەبێ هیچ رێككەوتنێكی پێشوەختە لەگەڵ پارتی هەڵوێستیان وەرگرت‌و نەچوونە ناو كۆبونەوەی پەرلەمانەوە‌و بەوەش كورد بەشداری لە دەركردنی بڕیاری دەركردنی هێزەكانی ئەمریكادا نەكرد، دەستكەوتی سیاسی ئەو بڕیارە بە پلەی یەكەم لەلای ئەمریكییەكان بۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی نوسرا.
هەوڵی پارتی بۆ یەكخستنی لایەنەكان لەكاتێكدایە بەپێی هەواڵێك كە ئەمشەو سایتی سۆمەریەنیوز لەزاری سەرچاوەیەكی سیاسییەوە بڵاویكردەوە، محەمەد تۆفیق عەلاوی بە نهێنی نوێنەرێكی خۆی ناردووە بۆلای مەسعود بارزانی‌و داوای لێكردووە كاندیدەكانی پارتی بۆ وەرگرتنی پۆستە وزارییەكان ئاڕاستە بكات.
سەرچاوەكە باسی لەوەكردووە، عەلاوی دەزانێت كورد بەوە رازی نابێت خەڵكانێك لە پۆستەكان دابنرێن كە حزبی نەبن، بۆیە دەیەوێت بەدانانی كەسانی دڵخوازی بارزانی خۆی لە شەرمەزاری بپارێزێت.
جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان كە رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی هەیە، هیچ یەكێك لە لایەنەكانی ناو "گروپی 15" هیچ رێككەوتنێكیان لەگەڵ پارتیدا نییە، رێككەوتنەكەی بزوتنەوەی گۆڕانیش بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتە‌و پەیوەست نییە بە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتەوە لە عێراق، نوێنەرانی ناو "گروپی 15" پشتیوانی دانانی خەڵكانی سەربەخۆ لە پۆستە وزارییەكانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق دەكەن.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو) فراكسیۆنی گۆڕان چاوی لە وەرگرتنی پۆستێكی وزارییە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا سەرباری رێككەوتنەكەی هەرێمی كوردستان، بەڵام پارتی لەكابینەكەی عەبدولمەهدیدا گۆڕانی لە وەرگرتنی هەر پۆستێك لە عێراق بێبەش كرد.
هەندێك لە نوێنەرانی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، سەرباری ئەو رێككەوتنەی كە بزوتنەوەكەیان لە كوردستان لەگەڵ پارتی هەیەتی، بەڵام ئەوان بەردەوام رەخنەی توند لە پارتی‌و ئەو یەكڕیزییە دەگرن كە پارتی داوای دەكات لە بەغداد.
رۆژانی داهاتوو دەریدەخات ئایا "گروپی 15" بەیەكگرتوویی دەمێنێتەوە یاخود جارێكی تر دەگەڕێنەوە ژێر چەترەكەی پارتی‌و یەكێتی، بەتایبەتیش كە هێشتا گروپەكە تۆكمە نییە‌و راوبۆچوونی جیاوازی تێدایە لەسەر بابەت‌و كێشەكان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand