دوای 41 ساڵ یادی شۆڕشی ئێران لەپاریس دەكرێتەوە
2020-02-11 17:47:47
درەو:
ئەو گوندە پاریسییەی تا نەببوە پەناگەی " خومەنیی" كەم كەس هەبوو لەجیهاندا ناوی بیستبێت، بەڵام دوای سەركەوتنی شۆڕشی ئێران، بووە یەكێك لەناوە دیارەكانو پەیوەست بوو بە بەشێك لە گۆڕانكارییەكانی ئەو سەردەمە.
گوندی "نۆڤل لۆشاتۆ" كە 35 كیلۆمەتر لەباشوری خۆرئاوای شاری "پاریس"ی پایتەختی فەرەنساوە دوورە، تا ئێستاش ساڵانە یادی شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەكاتەوە. ئەو گوندەی دوای 14 ساڵ لەدوورخستنەوەی بۆ عێراقو توركیاو فەرەنسا بووە پەناگەی "ئیمام خومەینی" ڕابەڕی شۆڕشی ئیسلامی ئێران.
لەم گوندەدا ژمارەیەك لە لایەنگرانی كۆماری ئیسلامی ئێران نیشتەجێن، كۆمەڵەكانی نزیك لە ئێران بە پشتیوانی باڵیۆزخانەی ئێران لەپاریس ساڵانە ئاهەنگ بۆ ئەو یادە ڕێكدەخەن. بەگوێرەی پێگەی ئەلكترۆنی "ئیمام خومەینی" گوندی "نۆڤل لۆشاتۆ" لە مێژووی ئێران_دا بە "ڕەمزی شۆڕشێكی مەزن" دادەنرێت، بەوپێیەی دواین بارەگای "خومەینی" بووە پێش گەڕانەوەی بەسەركەوتوویی بۆ ئێران لە 1 شوباتی ساڵی 1979 بۆ بەرپاكردنی شۆڕش دژی ڕژێمی "شاه".
پێگەی ئەلەكترۆنی "خومەینی" ئاماژە بەوەدەدات، بەهۆی توندبوونەوەی فشارەكانی ڕژێمی "شاه" لەسەری، ناچار بوو عێراق بەرەو وڵاتی "كوەیت" بەجێبهێڵێت، بەڵام حكومەتی ئەووڵاتە لەسەر داوای حكومەتی ئەوسای ئێران ڕێگەی نەدا "خومەینی" بچێتەناو خاكەكەی، ئەوەش وایكرد لەكۆتایدا بەناچاری ڕووبكاتە فەرەنسا.
كاتێك خومەینی گەیشتە پاریس، لەماڵی كەسێكی ئێرانی لەگەڕەكی "كشان" نیشتەجێبوو، بەڵام شوێنی نیشتەجێبوونەكەیو ئەوخەڵكە زۆرەی كە دەچوون بۆ سەردانیكردنی "خومەینی"، وایكرد ناوبراو داوای گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبونی بكات.
دوای تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ، یەكێك لە ئێرانییەكانی نیشتەجێی گوندی "نۆڤل لۆشاتۆ" داوای لە خومەینی كرد لەماڵەكەی نیشتەجێبێتو، لەوێوە سەركردایەتی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بكات.
"خومەینی" ڕوویكردە گوندەكەو 116 ڕۆژ تێیدا مایەوە، لەوێوە سەركردایەتی شۆڕشی كرد دژ بە "شاه"ی ئێرانو، دوای 15 ساڵ لەدورخستنەوەی زۆرەملێ كە لە توركیاو عێراقو فەرەنسا بەسەریبرد گەڕایەوە بۆ ئێران، شۆڕش سەركەوت بەسەر "شاه" دا. ئەمساڵ دەسەڵاتدارانی ئێران یادی 41 ساڵەی سەركەوتنی شۆڕشیان كردەوە.
پێگەی "فرانس 24" لەزاری خاتونێك بەناوی (كۆرین) كەتەمەنی (69) ساڵەو ئەوكات دراوسێی ماڵی "خومەینی" بووە لە گوندی "نۆڤل لۆشاتۆ" كە هێشتا بیرەوەرییەكانی ئەو سەردەمی لەیاد ماوە دەگێڕێتەوە:" نەبوونە مایەی دروستكردنی هیچ بێزارییەك، پێمانوابوو ئەو مەسەلەیە لەبوونی سەركردەیەكی ڕۆحی تێناپەڕێت، هەرگیز نەماندەزانی ئەو كەسە سەركەوتوو دەبێت لەڕووخاندنی رژێمی ئێران".
پەیامنێری "فرانس پرێس" كە لەمانگی كانوونی دووەمی ساڵی 1979دا لە گوندی "نۆڤل لۆشاتۆ" ئامادەبووە، لەوەسفی ئەو گەرموگوڕییەی كە لە باخچەی ماڵەكەی خومەیندا بینیویەتی دەڵێت:" دەیان ئێرانی كە لەوڵاتانی خۆرئاوا نیشتەجێببون ڕۆژانە دووجار لەگەڵ خومەینی كۆدەبوونەوە".
ئاماژە بەوەشدەكات، لایەنگرانی "خومەینی" لەمالێكی دراوسێی كۆدەبوونەوە بۆ تۆماركردنی هەزاران كۆپی شریت لە قسەكانی "خومەینی"، كە دواتر لەڕێی تەلەفونی نێوان فەرەنساو ئێرانەوە تۆماردەكرانو دابەشدەكران.
بەپێی ڕاپۆرتێكی "فرانس پرێس"، ساڵی پار "حەمید مەردخانی" ڕاوێژكاری یەكەمی باڵیۆزخانەی ئێران لە پاریس، لەبارەی ڕەمزیەتی ئەو خانوەوە لە گوندەكە وتویەتی:" وێنەكەی ئییمام كە لەژێر ئەو دارسێوەدا دانیشتووە، هێشتا زیندووە بەلای ئێمەوە".
شۆڕشی ئێران بەو شۆڕشە ناسراوە كە شریتی كاسێت بزوێنەری بوو، وەك ئاماژەیە بۆ ئەو كاسێتانەی كە لەئێران بەنهێنی دابەشدەكرانو وتاری خومەینی تێدابوو و داوای ڕووخاندنی ڕژێمی "شاه" و هەڵگیرساندنی شۆڕشی دەكرد.
سەیرەكە لەوەدایە، ئەو خانوەی كە خومەینیو لایەنگرانی تێدا نیشتەجێببوون لە "نۆڤل لۆشاتۆ" دوای 41 ساڵ لەسەركەوتنی شۆڕش، زۆربەی شوێنەكانی وەك خۆی نەماونەتەوە، خانووەكە تەقینەوەیەك لەیەكێك لەشەوەكانی مانگی شوباتی ساڵی 1980دا وێرانی كرد.