كورد بە دوو وەفدی ناكۆك دانوستان دەكات
2020-02-10 14:16:46
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت – محەمەد رەئوف
سبەینێ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق لەگەڵ فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە، سەرۆكایەتی هەرێم دەیەوێت كورد بە "یەكڕیزیی" بچێتە گفتوگۆیەكی نوێوە لەگەڵ بەغداد، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو) مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوەختەو بە فەرمی دەستی بە گفتوگۆ كردووە، بارزانی رازی نییە بە دانانی كەسانی سەربەخۆ لە پۆستە وزارییەكانو داوای مانەوەی وەزیرە كوردەكانی كابینەكەی عەبدولمەهدی دەكات لە شوێنی خۆیان، لەبەرامبەردا پەرلەمانتارانی لایەنەكانی دەرەوەی پارتیو یەكێتی كە بە "گروپی 15" ناسراون داوای دانانی كەسانی سەربەخۆ دەكەن، یەكێتیش سەرقاڵی هەڵبژاردنی سەركردایەتی نوێی حزبەكەیەتیو پرسەكەی بۆ بەرهەم ساڵح جێهێشتووە، كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق جارێكی تر ریزی كوردی پەرتكردوەتەوە، لەم راپۆرتەدا (درەو) زانیاری زیاتر بڵاودەكاتەوە.
كورد لەبەردەم كابینەیەكی نوێدا
جارێكی تر كورد كەوتەوە بەردەم پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق، كابینەیەك كە بەشێوەیەكی كاتیی بە سەرۆكایەتی محەمەد تۆفیق عەلاوی پێكدەهێنرێتو بڕیارە لەماوەی ساڵێكدا دوای پێكهێنانی، بانگەشەی سازدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختە بكات.
خۆپیشاندەرانی شارەكانی عێراق دانانی كاندیدی حزبەكان لە پۆستە وزارییەكانی كابینەی نوێ رەتدەكەنەوە، حزبەكانیش دەیانەوێت هاوشێوەی كابینەكانی رابردوو بەشێوە پشكێنەی حزبیو تائیفی پۆستەكان دابەشبكرێت، عەلاوی كەوتوەتە نێوان بەرداشی ناڕەزایەتی شەقامو فشاری لایەنە سیاسییەكان.
كورد لە كابینەی عەلاویدا
كابینەی حكومەتی عێراق بەپێی ئەوەی رێككەوتنی لەسەر كراوە دەبێت پۆستە وزارییەكانی لە خەڵكانی سەربەخۆو تەكنۆكرات پڕبكرێتەوە، ئەمە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانی نیگەران كردووە.
بڕیارە سبەینێ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ قسەكردن لەبارەی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لەگەڵ فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، كۆبونەوەكەی سبەینێی سەرۆكایەتی هەرێم، مستەفا سەید قادر سەرۆكایەتی دەكات، نێچیرڤان بارزانی دۆسیەی فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی داوەتە دەست مستەفا سەید قادر، رەنگە ئەمە بەشێكی پەیوەندی بەوەوە هەبێت فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق كە مستەفای سەید قادر سەربەو بزوتنەوەیەیە، لەگەڵ بۆچونەكانی پارتیدا لەبارەی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێ هەماهەنگ نییە.
كۆبونەوەی سبەینێی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ یەكخستنی هەڵوێستی لایەنە كوردییەكانە لەبارەی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بەڵام كۆبونەوەكە لەكاتێكدا دەكرێت پێشوەختە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبێ ئاگاداركردنەوەی لایەنەكانی تر دانوستانی لەگەڵ بەرپرسانی بەغداد دەستپێكردووە.
دانوستانێكی پێشوەختە
سەرۆكایەتی هەرێم لەكاتێكدا هەوڵی كۆدەنگی نێوان لایەنەكان دەدات، كە بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لە بەغداد دەست (درەو) كەوتوون، دوێنێ فوئاد حسێن وەزیری دارایی عێراق دور لە چاوی كامێراكان بە نوێنەرایەتی مەسعود بارزانی لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق كۆبوەتەوە.
(درەو) زانیویەتی، فوئاد حسێن لەو كۆبونەوەیەدا محەمەد تۆفیق عەلاوی لەوە ئاگاداركردووە كە بارزانی رازی نییە لەوەی كەسانی سەربەخۆو ناحزبی لە پۆستە وزارییەكاندا، ئەوانەی كە پشكی كوردن، دابنرێن.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو)ی راگەیاند، مەسعود بارزانی بە تەلەفۆن لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی قسەی كردووەو رای بارزانی ئەوەیە دەبێت گۆڕانكاری لە وەزیرەكانی كورددا نەكرێت، واتە هەریەكە لە (فوئاد حسێن وەزیری دارایی)و (بەنگین رێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوە)و (فاروق ئەمین شوانی وەزیری داد) كە لەسەر پشكی كورد لە كابینەی عادل عەبدولمەهدیدا دانراون، وەكو خۆیان لە كابینەی نوێدا لە پۆستەكانیان بمێننەوە، چونكە بەپێی قسەی بارزانی كورد بەشێك نەبووە لەو كێشانەی كە ئێستا لە عێراق روو دەدەن، ئەمەش داواكارییەكە كە تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە محەمەد تۆفیق عەلاوی رازی نەبووە لەسەری.
(درەو) زانیویەتی، هەریەكە لە كوتلەكانی سائیرونو فەتح كە زۆرینەی پێكهاتەی شیعەكان لە پەرلەمان پێكدەهێنن، قایل بوون بەوەی كەسانی سەربەخۆ لە پۆستەكانی كابینەی نوێی حكومەتدا دابنرێن، بەڵام سوننەكان بە دیاریكراویش محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هاوڕای مەسعود بارزانیەو داوا دەكەن خۆیان كەسانی حزبیی بۆ پۆستەكان كاندید بكەن.
بڕیارە بەمزوانە محەمەد تۆفیق عەلاوی سەردانی هەولێر بكات بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم بابەتە لەگەڵ مەسعود بارزانیدا، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) بەر لە هاتنی بۆ هەولێر، محەمەد تۆفیق عەلاوی هەریەكە لە (هادی عامری) سەرۆكی هاوپەیمانی فەتحو (وەلید كریماوی) نوێنەری موقتەدا سەدری سەرۆكی هاوپەیمانی سائیرون دەنێرێتە لای بارزانی تاوەكو قایلی بكەن بەوەی كورد كەسانی سەربەخۆ بۆ پۆستەكان كاندید بكات، بەتایبەتی دوای ئەوەی پێكهاتەی شیعە رازی بووە لەسەر دانانی كەسانی سەربەخۆ لە پۆستەكاندا.
محەمەد تۆفیق عەلاوی بە پاڵپشتی موقتەدا سەدرو هادی عامری راسپێردراوە بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بۆیە لەچارەسەركردنی هەر كێشەیەك كە بێتە بەردەم دەگەڕێتەوە بۆلای سەدرو عامری.
بارزانی ئەگەر قایل ببێت بە دانانی كەسانی سەربەخۆ، ئەوا لە هەموو حاڵێكدا ئەو كەسانەی كە بۆ پۆستە وزارییەكان كاندید دەكرێن، دەبێت كەسانی دڵخوازی بارزانی بن.
بەپێی هەواڵێك كە دوێنێ سایتی (سۆمەرییەنیوز) لەزاری سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردەوە، محەمەد تۆفیق عەلاوی دەزانێت بارزانی بە دانانی كەسانی سەربەخۆ لە پۆستەكان قایل نابێت، بۆیە بۆ ئەوەی توشی شەرمەزاری نەبێت لەڕێگەی نوێنەرێكی خۆیەوە داوای لە بارزانی كردووە ناوی كاندیدە سەربەخۆكانی كورد بنێرێت بۆ پڕكردنەوەی پۆستە وزارییەكانی كابینەی نوێ.
لەكابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا بڕیارە چەند وەزارەتێكی نوێ زیاد بكرێت، لەوانە وەزارەتێكی تایبەت بە ژنان، بەڵام پشكی كورد وەكو خۆی دەمێنێتەوە كە سێ وەزارەتەو دوانیان لای پارتی دیموكراتی كوردستانەو وەزارەتێكیش لای یەكێتییە.
پشكی كوردو پڕكردنەوەی پۆستەكانی كابینەی پێشووی حكومەت كە عادل عەبدولمەهدی ئێستا بەشێوەی كاربەڕێكەر سەرۆكایەتی دەكات، بەپێی رێككەوتنێكی پێشوەختەی نێوان مەسعود بارزانیو هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح یەكلاكرایەوە، رێككەوتنی ئەمجارەش بەهەمان شێوە لەنێوان عامریو بارزانیدا دەبێت.
دانوستانێكی تر
چەند كاتژمێرێك دوای كۆبونەوەی فوئاد حسێن لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی، دوێنێ شەو نوێنەرانی (15) پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق كە ناوی "گروپی 15"یان لێنراوە، لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق كۆبوونەوە.
"گروپی 15" پێكهاتووە لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، فراكسیۆنی ئایندە (ئەوانەی لە نەوەی نوێ جیابونەوە)، لەگەڵ دوو پەرلەمانتاری سەربەخۆ (ئەوانەی لەسەر لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری سەركەوتن بۆ پەرلەمانو ئێستا سەربە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقن).
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، كۆبونەوەكەی دوێنێ شەو لەسەر داوای محەمەد تۆفیق عەلاوی بووە، تێیدا نوێنەرانی "گروپی 15" جەختیان كردووە لەسەر ئەوەی، ئەوان وەكو ئەو (15) پەرلەمانتارە هیچ كاندیدێكیان بۆ پۆستە وزارییەكان نییەو خوازیارن كەسانی سەربەخۆ لە پشكی كورد لە پۆستەكان دابنرێن، بەپێچەوانەوە ئامادە نین دەنگ بە كابینەكە بدەن، بەڵام ئەگەر عەلاوی داوایان لێبكات دەتوانن كەسانی سەربەخۆی لە هەرێمی كوردستان بۆ دەستنیشان بكەن.
(درەو) زانیویەتی لەماوەی رابردوودا چەندجارێك پارتی لەڕێگەی حزبەكانیانەوە هەوڵیداوە گروپی (15) هەڵوەشێنێتەوە، بەڵام تائێستا هەوڵەكانی سەركەوتوو نەبووە، "گروپی 15" لەو پەرلەمانتارانە پێكهاتووە كە هەندێكیان بەردەوام رەخنەی توند لە سیاسەتەكانی پارتی دەگرن بەتایبەتیش لە بەغداد، ئەمانە وەكو هێڵێكی نوێی بەرەی دژە پارتی دەردەكەون كە لە بەغدادەوە دەستیان بەجموجوڵ كردووەو سەركردایەتی پارتییان نیگەران كردووە.
كەسە دیارەكانی ناو "گروپی 15" ئەوانەی كە پارتی لێیان نیگەرانە، سبەینێ بەشداری لە كۆبونەوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمدا ناكەن، ئەمانە پێیانوایە پارتی بەردەوام لەژێر ناوی "یەكڕیزیی"دا هەموو پشكەكانی بەغداد بۆ خۆی كۆدەكاتەوەو لایەنەكانی تر بێبەش دەكات، سەرباری ئەمەش لە وەرگرتنی بڕیاردا لەبارەی ئەو پرسانەی كە لە عێراقدا دەگوزەرێن پرسو رایان پێناكرێتو پارتی پێشوەختە خۆی بڕیار دەداتو دواتر داوایان لێدەكات ئەوان شوێن بڕیارەكانی پارتی بكەون.
لە كۆبونەوەی سبەینێی سەرۆكایەتی هەرێمدا، فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامیو یەكگرتووی ئیسلامی لەسەر ئاستی سەرۆكی فراكسیۆن بەشداری دەكەن، بەڵام فراكسیۆنی گۆڕان سەرۆكی فراكسیۆنەكەی كە یوسف محەمەدە بەشدار نابێتو لە بری ئەوە بەهار مەحمود نوێنەرایەتی فراكسیۆنەكە دەكات لە كۆبونەوەكەدا، فراكسیۆنی ئایندەش بەشدار نابن.
پارتیو گروپی 15
گروپی 15 پەرلەمانتارە كوردەكە دەیانەوێت وەكو بەشێك لە نوێنەرایەتی كورد لە بەغداد مامەڵەیان لەگەڵ بكرێتو گوێ بۆ داواكارییەكانیان بگیرێت، بەڵام ئەوەی تائێستا روودەدات ئەوەیە سەركردە سیاسییەكانی عێراق زیاتر مامەڵە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستانو بەدیاریكراویش مەسعود بارزانیدا دەكەن.
بەمدواییە كە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان دا، ئەمریكا لەسەر ئاستی باڵا كە مایك پۆمپیۆ-ی وەزیری دەرەوە بوو لەگەڵ بارزانیدا قسەی كردو داوای لێكرد كورد بەشداری دەنگدانەكەی عێراق نەكەن، گروپی 15 پەرلەمانتارەكە پێشوەختە بڕیاریاندا لەسەر ئەوەی بەشداری كۆبونەوەكە نەكەن، بەڵام دواجار دەستكەوتە سیاسییەكە چووە گیرفانی بارزانییەوە.
ئەوانەی گروپی 15 پێكدەهێنن، جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان كە رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی هەیە، هیچ یەكێك لە لایەنەكانی ناو گروپەكە رێككەوتنیان لەگەڵ پارتیدا نییەو لە كوردستان ئۆپۆزسیۆنن، رێككەوتنەكەی بزوتنەوەی گۆڕانیش بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتەو پەیوەست نییە بە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتەوە لە عێراق.
لەكابینەكەی عەبدولمەهدیدا، لەبەر رۆشنایی ئەو رێككەوتنەی كە لە كوردستان لەگەڵ پارتی هەیبوو، بزوتنەوەی گۆڕان چاوی لەوە بوو لە سێ پۆستە وزارییەكەی كورد لە عێراق، یەكێك لە پۆستەكان وەربگرێت، بەڵام پارتی ئەم كارەی بۆ گۆڕان نەكرد، ئەمە نوێنەرانی گۆڕانی لە بەغداد نیگەران كرد.
یەكێتی چی دەكات
یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەم رۆژانە سەرقاڵی دانانی سەركردایەتی نوێی حزبەكەیەتی، بۆیە ناپەرژێتەسەر دانوستانەكانی بەغدادو گۆڕەپانەكەی بۆ بارزانی چۆڵكردوەتەوە.
یەكێتی لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدیدا كە تائێستا كاردەكات، یەك وەزارەتی وەرگرت كە وەزارەتی داد بوو، فاروق ئەمین شوانی كە لەسەر یەكێتی ماڵە، بەهۆی ناڕەزایەتی پارتییەوە دوای شەش مانگ لە پۆستەكەی دەستبەكاربوو، پارتی كاندیدەكانی یەكێتی بۆ وەزارەتی داد رەتدەكردەوە، ئەمە پڕكردنەوەی پۆستەكەی دواخست، فاروق ئەمین شوانی كە ئێستا لەسەر یەكێتی لە پۆستی وەزارەتی داد دانراوە، نزیكە لە پارتییەوەو لەناو یەكێتیدا زیاتر بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق ئاگاداری كاروبارەكانیەتی، سەرباری ئەمە، پۆستی وەزارەتی داد بەرلەوەی بدرێت بە كاندیدەكەی یەكێتی لەلایەن بەنگین رێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوەی سەربە پارتییەوە بەشێوەی وەكالەت بەڕێوەدەبرا، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بەنگین رێكانی كاتێك پۆستەكەی رادەستی فاروق ئەمین شوانی كردووە كە پۆستی بەڕێوەبەر گشتییەكانی وەزارەتەكەی لە خەڵكانی سەربە پارتی پڕكردوەتەوە، واتە وەزارەتێكی بەتاڵی رادەستی كاندیدەكەی یەكێتی كردووە.
یەكێتی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی بۆ بەرهەم ساڵح جێهێشتووە.