ڤایرۆسێك جیهانی سەغڵەت كردووە
2020-02-13 17:51:27
درەو:
دوای تێپەڕبوونی 3 مانگ بەسەر مردنی یەكەم توشبوو بە ڤایرۆسی (كۆرۆنا)، پسپۆڕەكان پێیانوایە ڕووبەڕووی ساتەوەختی یەكلاكەرەوە بونەتەوە لەجەنگی دژی ڤایرۆسەكەدا.
وەك ئەوەی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی سێ شەممەی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو: یان بەخێرایەكی گەورە ڕێوشوێنی دەستوردانی چالاك دەگیرێتەبەر بەوەش جیهان لەبەردەم دەرفەتێكی ڕاستەقینەدا دەبێت بۆ وەستاندنی پەتاكە، یان حاڵەتەكانو تێچووەكان بەردەوامدەبن لەبەرزبونەوەو تەقینەوە.
نوسەر "فیلیسیا سیدیریس" لەڕاپۆرتێكدا لە پێگەی "لاشان ئینفۆ" دەڵێت:"ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە بە هەڕەشەیەكی مەترسیدار لەسەر سەرانسەری جیهان، بەڵام دەرفەتێكی ڕاستەقینە هەیە بۆ لەناوبردنی".
ئەمە پەیامەكە پڕە لە دڵەڕاوكێیو گەشبینی لەیەك كاتدا، كە ڕۆژی سێشەممە بەدوو قۆناغ لەلایەن دكتۆرە"تیدروس ئەدهانوم" سەرۆكی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیەوە ڕاگەیەندرا، سەبارەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا كە تائێستا بووەتە هۆی مردنی زیاتر لە هەزار كەس.
نوسەر دەڵێت، بەهۆی بەردەوامی دڵەڕاوكێو نیگەرانی لەئێستادا، زۆرێك پرسیار لەمەودای بەرەوپێشچوونەكانی ئەو دۆخە دەكەن، ئەوەش بۆ پرسیاركەرێك دەكرێت بپرسێت: ئایا ڤایرۆرسەكە بەردەوامدەبێت لەبڵاوبونەوە بەم هەسارەیەدا؟ ئایا ئەگەری ئەوەیە بڵاوبونەوەی لەسنوری چیندا ڕابگیرێت یان بەتەواوی كۆتایی پێبهێنرێت؟ پاڵپشت بە پەتاكانی ڕابردوو و پێشبینییەكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیو ئەوەی لەسەر ڤایرۆسەكە زانراوە كۆمەڵێك سیناریۆ هەیە:
سیناریۆی یەكەم: كۆتایهێنان بە پەتاكەو ڕاگرتنی بڵاوبونەوەی
زۆرێك ئومێدەوارن ڤایرۆسەكە لەچین بمێنێتەوەو نەگاتە هیچ ناوچەیەكی تر، ئەوەش یەكێكە لەو ئەگەرانەی سەركەوتووبێت بەهۆی كۆتوبەندەكانی گەشتكردنو هێشتنەوەی توشبوان لەشوێنی تایبەتی و دابڕاوی تەندروستی لە ناوچەی هوبی شوێنی سەرەكی نەخۆشییەكە.
سیناریۆی دووەم: پەتاكە خۆبەخۆ كۆتایی بێت
بەوتەی "ریچارد ویبی" لێكۆڵەری ئەمریكیو ئەندامی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، نەخۆشییە تەنها بۆ ماوەیەكی دیاریكراو لەساڵێكدا بەردەوامدەبێت.
بەگوێرەی "ستایت نیوز" ئەم جۆرە لەڤایرۆس بەرگەی گەرمیو شێداری ناگرێت، ڤایرۆسەكە كەشی ساردو وشكی پێخۆشە.
سیناریۆی سێیەم: ڤایرۆسەكە ببێت بەڵاو كارەسات
ئەگەر چین نەتوانێت نەخۆشییەكە كۆتایی پێبهێنێتو تا كۆتایی زستان نەوەستێت، خراپترین سیناریۆ ڕوودەدات كە بەڵاو كارەساتە، ئەوەش بەمانای نەخۆشییەكە بە ئاسانی لەكەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگوێزرێتەوە لەسەرانسەری جیهان، بەوشێوەیەی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دەستنیشانیكردووە.