Draw Media

راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت دوای هەڵگرتنی پاشەكەوتی موچە، ئەو پارەیەی كە مانگانە دەگەڕێتەوە بۆسەر موچەی پەرلەمانتار یان وەزیرێك، 16 جار لەو پارەیە زیاترە كە دەگەڕێتەوە بۆسەر موچەی مامۆستایەك، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وردەكاری موچە دوای بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتنی موچە بڵاودەكاتەوە. دوای زیاتر لە سێ ساڵ، دواجار حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری "پاشەكەوتكردن"ی موچەی فەرمانبەرانی هەڵوەشاندەوە، پاشەكەوتێك كە دیارنییە ئاخۆ حكومەت رۆژێك لە رۆژان بۆ فەرمانبەرانی دەگێڕێتەوە یاخود نا. بەپێی بڕیاری حكومەتی هەرێم، لەم مانگەوە، فەرمانبەران بەپێی خشتە كۆنەكە، موچە وەردەگرن، واتە بارودۆخەكە دەگەڕێتەوە بۆ رۆژانی بەر لە مانگی شوباتی ساڵی 2016. پاشەكەوتەكە چۆن بوو ؟ رۆژی 3ی شوباتی 2016، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبەهانەی نەناردنی بودجە لە بەغداد‌و دابەزینی نرخی نەوت‌و شەڕی "داعش"‌و هاتنی ژمارەیەكی زۆر ئاوارە بۆ هەرێم، بڕیاری ژمارە (64)ی دەركرد، بەپێی ئەو بڕیارە، سیستمی "پاشەكەوت" بەسەر موچەی فەرمانبەراندا سەپێندرا، هەر فەرمانبەرێك بەپێی پلە وەزیفییەكەی بڕێك لە موچەكەی كەمكرایەوە، رێژەی پاشەكەوتكردنی موچە لە (15% وە دەستیپێكرد بۆ 75%). رۆژی 28ی ئازاری 2018، لەژێر فشاری خۆپیشاندانی فەرمانبەران، حكومەتی هەرێم كەمترین ئاستی پاشەكەوتی موچەی لە 15%وە كەمكردەوە بۆ (10%)، بەرزترین ئاستی پاشەكەوتیش لە (75%)وە كەمكردەوە بۆ (30%)، بەڵام ئەمە پلە تایبەتەكانی نەگرتەوە (دواتر بە بڕیارێك پاشەكەوتی موچەی پلە تایبەتەكان لە رێژەی 75% بۆ 40% كەمكرایەوە). بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی (16 ترلیۆن‌و 150 ملیار) دینار قەرزاری فەرمانبەرانە، ئەوەش ئەو پارەیەیە كە لە موچەی فەرمانبەران بڕدراوە لەژێر ناوی "پاشەكەوت"دا، لە رۆژی 3ی شوباتی 2016وە بۆ 8ی ئازاری ئەمساڵ، واتە دوێنێ كە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پاشەكەوت درا. نادادی دەستپێدەكاتەوە ؟ "پاشەكەوت"ی موچە هەڵوەشایەوە، خەڵك‌و فەرمانبەران (ملیۆنێك‌و 249 هەزار موچەخۆر لە هەرێمی كوردستاندا هەیە) دڵخۆشن، بەڵام هێشتا نیگەرانییەكان بەتەواوەتی نەڕەویونەتەوە، لەگەڵ راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پاشەكەوتی موچەدا، جارێكی تر قسەوباس لەسەر نادادی لە موچەدا سەریهەڵدایەوە، بابەتێك كە بەر لە بڕیاری پاشەكەوتكردنی موچەش، قسەی گەرمی شەقام بوو. پلە تایبەتەكان (وەزیر- جێگری وەزیر- بریكاری وەزیر- راوێژكار- بەڕێوەبەری گشتی- پەرلەمانتار) ئەمانە تا ساتی دەرچوونی بڕیاری پاشكەوت، زۆرترین موچەیان وەردەگرت، بەبەراورد بە فەرمانبەرانی تر، بەڵام دوای دەرچوونی بڕیاری پاشكەوت زۆرترین بڕ لە موچەی ئەم توێژە كەمكرایەوە. كەمكردنەوەی زۆرترین بڕ لە موچەی پلە تایبەتەكان، تاڕادەیەك ناڕەزایەتی شەقامی لە بڕیاری پاشەكەوتی موچە كەمكردەوە، بەڵام بە هەڵگرتنی پاشەكەوتی موچە، ئەگەر بەیاسا موچەی پلە تایبەتەكان رێكنەخرێت‌و جۆرێك لە دادپەروەری نەچەسپێندرێت، پێدەچێت، جارێكی تر شەپۆلی ناڕەزایەتی لەبارەی نادادی موچەوە دەستپێبكاتەوە. موچە پلە تایبەتەكان دوای پاشەكەوت ! •    موچەی هەر پەرلەمانتارێكی كوردستان مانگانە (8 ملیۆن‌و 200 هەزار) دینارە، لەسەرەتای بڕیاری پاشەكەوتدا، 75%ی موچەكانیان بەر پاشەكەوت كەوت، واتە مانگانە (2 ملیۆن‌و 500 هەزار) دیناریان وەردەگرت، بەڵام دواتر پاشەكەوتی موچەی پەرلەمانتاران بۆ رێژەی 40% كەمكرایەوە، لەوكاتەوە تائێستا پەرلەمانتاران مانگانە (4 ملیۆن‌و 850 هەزار) دینار وەردەگرن، دوای هەڵگرتنی پاشەكەوتی موچە، موچەی مانگانەی هەر پەرلەمانتارێك دەبێتەوە بە (8 ملیۆن‌و 200 هەزار) دینار، تائێستا هیچ یاسایەك بۆ رێكخستنەوەی موچەی پەرلەمانتاران‌و پلە تایبەتەكان دەرنەچووە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان پرۆژەیەكیان هەیە بۆ رێكخستنەوەی موچە لەم خولەی پەرلەماندا.  •    موچەی  وەزیرێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە (8 ملیۆن‌و 200 هەزار) دینارە، رێژەی 40%ی موچەكانیان بەر پاشەكەوت كەوت‌و مانگانە بڕی (4 ملیۆن‌و 850 هەزار) دیناریان وەردەگرت، ئەمە سەرەڕای ئەو نەسریەیەی كە لەبەردەستی هەر وەزیرێكدا هەیە. دوای هەڵگرتنی پاشەكەوت، موچەی مانگانەی هەر وەزیرێك دەبێتەوە بە (8 ملیۆن‌و 200 هەزار) دینار. •    موچەی هەر جێگر وەزیرێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە (5 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینارە، رێژەی 40%ی موچەكانیان بەر پاشەكەوت كەوت‌‌و مانگانە بڕی (3 ملیۆن‌و 300 هەزار) دیناریان وەردەگرت، دوای هەڵگرتنی پاشەكەوت، موچەی مانگانەیان دەبێتەوە بە (5 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینار. •    موچەی  هەر راوێژكارێكی حكومەت‌و پەرلەمان مانگانە (6 ملیۆن‌) دینارە، رێژەی 40%ی موچەكانیان بەر پاشەكەوت كەوت، مانگانە بڕی (3 ملیۆن‌و 600 هەزار) دیناریان وەردەگرت، دوای هەڵگرتنی پاشەكەوت، موچەی مانگانەیان دەبێتەوە بە (6 ملیۆن‌) دینار. •    موچەی  هەر بەڕێوەبەرێكی گشتی مانگانە (3 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینارە، رێژەی 40%ی موچەكانیان بەر پاشەكەوت كەوت‌و مانگانە بڕی (2 ملیۆن‌و 100 هەزار) دیناریان وەردەگرت، دوای هەڵگرتنی پاشەكەوت موچەی مانگانەیان دەبێتەوە بە (3 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینار. موچەی فەرمانبەرێكی ئاسایی دوای پاشەكەوت ! بە نمونە ئەگەر مامۆستایەك وەربگرێن كە بەر لە بڕیاری پاشەكەوتی موچە، موچەكەی (یەك ملیۆن) دینار بووبێت، ئەم مامۆستایە لەسەرەتای بڕیاری پاشكەوتی موچەدا، بڕی 60%ی موچەكەی بڕدرا، واتە مانگانە تەنیا (400 هەزار) دیناری وەردەگرت، لە قۆناغێكی تری پاشەكەوتی موچەدا، پاشەكەوتی موچەی مامۆستایان كرا بە 20%، واتە لەو ماوەیەشدا ئەم مامۆستایە كە لە بنەڕەتەوە موچەكەی (یەك ملیۆن) دیناربوو، مانگانە (800 هەزار) دیناری وەرگرتووە، دوای هەڵگرتنی پاشەكەوت، ئەم مامۆستایە تەنیا (200 هەزار) دینار دەگەڕێتەوە بۆسەر موچەكەی. بەبەراوردكردنی ئەو موچەیەی كە دوای هەڵگرتنی پاشەكەوت بۆ كەسێكی پلە تایبەتی وەكو (پەرلەمانتار یان وەزیر) دەگەڕێتەوە لەگەڵ ئەو موچەیەی كە بۆ مامۆستایەك دەگەڕێتەوە، جیاوازییەكە (16) هێندەیە، واتە ئەو پارەیەی كە بەهۆی هەڵگرتنی پاشەكەوتەوە بۆ هەر وەزیر یان پەرلەمانتارێك دەگەڕێتەوە، 16 هێندەی ئەو پارەیەیە كە بۆ مامۆستایەك دەگەڕێتەوە. وەزیر یان پەرلەمانتارێك بەهۆی هەڵگرتنی پاشەكەوتەوە، مانگانە (3 ملیۆن‌و 350 هەزار) دینار دەگەڕێتەوە بۆسەر موچەكانیان، بەڵام مامۆستایەك تەنیا (200 هەزار) دینار دەگەڕێتەوە بۆسەر موچەكەی. 


راپۆرتی: محەمەد رەئوف دواجار دوای زیاتر لە 3 ساڵ و رەوانەكردنی (522 ملیار) دینار لەلایەن بەغداوە، بڕیاری هەڵوەشانەوەی تەواوەتی پاشەكەوتی موچە درا، كە لە ئێستادا داهاتەكانی هەرێم زیاتر لە( یەك ترلیۆن دینار)ەو حكومەت دەتوانێت كۆی موچە بدات و مانگانەش بەشێك لە پاشەكەوتی موچەی موچەخۆران بداتەوە.    نەوت و پاشەكەوتی موچە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هۆكاری بڕیاری پاشەكەوتی موچە دەگەڕێننەوە بۆ ( قەیرانی دارایی و دەركەوتنی داعش و دابەزینی نرخی نەوت و بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە). رەنگە هەر یەك لەو هۆكارانە كاریگەری خۆیان هەبێت، بەڵام هۆكاری راستەقینە، رێكنەكەوتنی حكومەتی هەرێم و بەغداد بوو لەسەر پرسی نەوت و دواجار بەغداد بەشە بودجەی هەرێمی بڕی و لەوێوە قەیرانی دارایی لە هەرێم درووست بوو. حكومەتی عێراق تا ساڵی 2013 بەشە بودجەی هەرێمی دەنارد كە ساڵی 2013 مانگانە بڕی ( یەك ترلیۆن و 200 ملیار دینار)ی بۆ هەرێم دەنارد كە ( 850 ملیار) دیناری بۆ موچەو ( 350 ملیار) دیناریشی بۆ وەبەرهێنان و خەرجیەكان بوو، كە  ساڵانە دەیكردە ( 14 ترلیۆن و 400 ملیار ) دینار، لە پرۆژە بودجەی 2014 ی عێراقدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندكرا بە رادەستكردنی ( 400 هەزار بەرمیل ) نەوتی رۆژانە، بەڵام هەرێمی كوردستان پابەند نەبوو بەو بڕیارەو لەسەرەتای ساڵی 2014دا حكومەتی عێراق پشكی هەرێمی بڕی، لەوێوە قەیرانی دارایی روبەرووی هەرێم بووە كە ( 6) مانگ پێش دەركەوتنی داعش بوو ( داعش لە 10/6/2014 دەركەوت)، بۆیە سەرچاوەی قەیرانی دارایی هەرێم، رازی نەبوونی حكومەتی هەرێم بوو بە رادەستنەكردنی (400 هەزار) بەرمیل نەوت بە بەغدا و برینی بەشە بودجە. بڕیاری پاشەكەوتی موچە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری ژمارە ( ٦٤)ی (3/2/2016 ) سیستمی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران وموچەخۆرانی دەركرد. كەبەپێی سیستمەكە موچەی فەرمانبەران بەپێی زۆرو كەمی موچەكانیان پاشەكەوت دەیانگرتەوە بەشێوەیەك كەلە ( ۱٥٪ بۆ ۷٥٪ )ی موچەكانیان بۆیان پاشەكەوت دەكرا. لە 28/3/2018 دا و لەژێر فشاری توندی خۆپیشاندەراندا حكومەتی هەرێم دەستكاری پاشەكەوتی موچەیكرد بە جۆرێك لە ( 10% بۆ 75%)ی پاشەكەوتەوەو كەمكرایەوە بۆ ( 10% بۆ 30%) جگە لە پلە تایبەتەكان. سەرئەنجام ئەمڕۆ 8/3/2019 حكومەتی هەرێمی كوردستان بەیەكجاری پاشەكەوتی موچەی هەڵوەشاندەوە، كە ئەم بریارەی دوای گەیشتن و دڵنیابوون لە ناردنی (522 ملیار) دیناری مانگانە لەلایەن بەغداوە بوو، كە ئەم بڕیارە تەنها بۆ یەك ساڵە، كە سەرەرای چەسپاندنی لە بودجەی گشتی 2019ی عێراق رێكەوتنی بەرپرسانی هەرێم و حكومەتی عێراقی لەسەرە، بەڵام دەبێت لە ساڵی داهاتوو هەرێمی كوردستان رێكەوتنی تەواو بكات لەگەڵ بەغداد لەسەر پرسی نەوتەكەی. چارەنووسی موچە پاشەكەوتكراوەكان حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕێكی زۆری موچە قەرزاری موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە لە 3/2/2016 تا 8/3/2019 بەم شێوەیە:. •    لە ساڵی 2015 موچەی تەواوی مانگەكانی ( 9 – 10 – 11 -12 )ی موچەخۆران پاشەكەوتكراوە كە مانگانە كۆی موچە لەو كاتەدا ( 850 ملیار ) دینار بووە موچەی تەواوی هەر چوار مانگەكە دەكاتە ( 3 ترلیۆن و 400 ملیار دینار) •    لە ساڵی 2016 نیو موچەی 12 مانگا دەكاتە ( 5 ترلیۆن و 100 ملیار) دینار. •    لە ساڵی 2017 نیو موچەی 12 مانگا دەكاتە ( 5 ترلیۆن و 100 ملیار) دینار. •    لە ساڵی 2018 سێیەكی موچەی 12 مانگا دەكاتە ( 2 ترلیۆن و 550 ملیار) دینار. كۆی گشتی موچەی پاشەكەوتكراوی موچەخۆران لای حكومەتی هەرێم دەكاتە ( 16 ترلیۆن و 150 ملیار دینار)، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان قەرزاری موچەخۆرانی هەرێمە. بە نمونە ئەگەر موچەی مامۆستایەك وەربگرێن كە موچەكەی (یەك ملیۆن) دینار بووبێت، كە ( 400 هەزار دیناری پێدراوەو 600 هەزار دیناری بۆ پاشەكەوتكراوە) بەرێژەی 60%، بەو پێیە چەند قەرزی لای حكومەتە:. •    لە ساڵی 2015 موچەی تەواوی مانگەكانی ( 9 – 10 – 11 -12 )ی موچەخۆران   دەكاتە ( 4 ملیۆن دینار) •    لە ساڵی 2016 نیو موچەی 12 مانگا دەكاتە ( 7 ملیۆن و 200 هەزار ) دینار. •    لە ساڵی 2017 نیو موچەی 12 مانگا دەكاتە  7 ملیۆن و 200 هەزار ) دینار. •    لە ساڵی 2018 بڕی پاشەكەوت كەمكرایەوە بۆ 20% و موچەی 12 مانگا دەكاتە ( 2 ملیۆن و 400 هەزار) دینار. كۆی گشتی موچەی پاشەكەوتكراوی مامۆستایەك ئەگەر موچەكەی ( یەك ملیۆن ) دینار بوبێت، ئەوا دەكاتە ( 20 ملیۆن و 800 هەزار دینار). داهاتی ئێستای حكومەت چەندە؟  ئێستا حكومەتی هەرێم بۆ ساڵی 2019 مانگانە بڕی (522 ملیار) دینار لە بەغداوە بۆ دێت، لەگەڵ داهاتەكانی تری ناوخۆ  كۆی داهاتەكەی دەبێتە ( یەك ترلیۆن و 44 ملیار دینار) سەرچاوەی داهاتەكانی هەرێمیش بەم شێوەیەیە:  •    بڕی (522ملیار)دینار لە بەغدادەوە بۆ هەرێم دێت، ئەم پارەیە بڕی (454 ملیار) دیناری بۆ موچەی فەرمانبەران دەبێت‌و بڕی (68 ملیار) دیناریش بۆ موچەی پێشمەرگە دەبێت .  •    سەرچاوەیەكی تری داهاتی حكومەتی هەرێم، داهاتی ئەو نەوتەیە كە خۆی دەیفرشێت، ئێستا داهاتی یەك مانگی نەوت كە دەست حكومەتی هەرێم دەكەوێت زیاتر لە (700 ملیار) دینارە، لەم بڕە پارەیە (200 ملیار) بۆ قەرز‌و خەرجی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت دەڕوات، واتە بە كۆی گشتی حكومەتی هەرێم مانگانە نزیكەی (500 ملیار) دیناری لە داهاتی نەوت بۆ دەمێنێتەوە. بەپێی دوایین راپۆرتی ( دیلۆیت) لە مانگەكانی ( تەموز ، ئاب ، ئەیلولی 2018 ) مانگانە حكومەتی هەرێم بایی ( 754 ملیۆن دۆلار) نەوتی فرۆشتووە.  •    داهاتی ناوخۆ، سەرچاوەیەكی تری داهاتی حكومەتی هەرێمە، حكومەت مانگانە (120 ملیار)دیناری لەم سەرچاوەیەوە دەستدەكەوێت. •    ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش لەچوارچێوەی بودجەی كۆنگرێسی وڵاتەكەی بۆ یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە، مانگانە بڕی (24 ملیار) دینار بە حكومەتی هەرێم دەدات‌و ئەمەش تائێستا سەرچاوەیەكی داهاتی گرنگە بۆ حكومەت. بە كۆكردنەوەی كۆی ئەو داهاتانەی سەرەوە كە لە مانگێكدا دەست حكومەتی هەرێم دەكەوێت، دەردەكەوێت كابینەی نوێی حكومەت مانگانە بڕی (ترلیۆنێك‌و 167ملیار) دیناری دەستدەكەوێت، موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە یەك مانگدا (881 ملیار) دینارە، بەمە دەردەكەوێت حكومەت لەتوانایدایە موچەی موچەخۆران دابین بكات‌و سەرباری ئەوەش (286ملیار) دیناری بۆ دەمێنێتەوە. واتا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنها بڕی ( 359 ملیار) دیناری پێویستە بۆ موچەی موچەخۆران بەو پێیەی بڕی ( 522 ملیار ) دیناری لە بەغداوە بۆ دێت تەواوكاری تا ( 881 ملیار دینار)ی موچە دەكاتە ( 359 ملیار ) دینار، لە كاتێكدا كۆی داهاتەكانی هەرێم بەبێ پارەكەی بەغداد زیاتر لە ( 700 ملیار دینار)ە. بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبێ موچە بڕی ( 286 ملیار) دیناری بۆ دەمێتەوە ئەتوانێت مانگانە ( 100 ملیار دینار) تەرخانبكات بۆ دانەوەی پاشەكەوتی موچە.    


راپۆرتی: نامیق رەسوڵ رۆژی 31ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان بەڕێوەدەچێت و بە گوێرەی چەند راپرسییەكیش ئەگەری زۆر هەیە پارتی داد‌و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار" ئاكەپە",  كە رەجەب تەیب ئەردۆغان, سەرۆك كۆماری سەرۆكایەتی دەكات, سەرۆكایەتی شارەوانییەكانی ئەنكەرەی پایتەخت و شارە گەورەكان لەدەستبدات، هەرچەندە ئاكەپە چەند بەرپرسێكی باڵاو ناسراوی بۆ سەرۆكایەتی ئەو شارەوانییانە كاندیدكردووە. پرۆسەی هەڵبژاردن     رۆژی 30 ئەم مانگە بانگەشەی هەڵبژاردن كۆتایی دێت‌و رۆژی دواتر دەنگدەرانی توركیا و باكوری كوردستان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی شارەوانییەكان بۆ ماوەی پێنج ساڵ دەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان. لەو هەڵبژاردنەدا ویلایەتەكانی باكوری كوردستان و خۆرهەڵاتی توركیا دەنگدان لە كاتژمێر حەوتی بەیانی دەستپێدەكات چواری ئێوارە بە كاتی توركیا كۆتایی دێت، لە ویلایەتەكانی خۆرئاواش بنكەكانی دەنگدان كاتژمێر هەشتی بەیانی بەرووی دەنگدەراندا دەكرێنەوە و پرۆسەكە تا كاتژمێر پێنجی ئێوارە بەردەوام دەبێت و بە گوێرەی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا 57 ملیۆن‌و 93 هەزار‌و 985 كەس مافی دەنگدانیان هەیە و لەو ژمارەیەش نزیكەی 400 هەزاریان ئاوارەی سوریان كە رەگەزنامەی توركیایان وەرگرتووە. پارتە بەشداربووەكان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا 12 پارتی سیاسی كێبركێ دەكەن كە بریتین لە: پارتی داد‌و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار " ئاكەپە"، پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا " مەهەپە"، پارتی گەلی كۆماری" جەهەپە"، پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە"،  پارتی چاكە " ئیی پارتی"، پارتی سەعادەت, پارتی توركیای سەربەخۆ، پارتی دیموكراتی توركیا، پارتی یەكێتی گەورە، پارتی دیموكراتی چەپی توركیا، حزبی شیوعی توركیا‌و پارتی نیشتمان. راپرسییەكان چی دەڵێن؟ دوای 18 ساڵ لە حكومڕانی و دوای داڕمانی باری ئابوری و گەوربوونی قەیرانی دارایی و ئابوری توركیا، ئەگەری ئەوە هەیە لە هەڵبژاردنەكانی كۆتایی ئەم مانگەدا پارتی داد‌و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار كە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكایەتی دەكات كۆنترۆڵی ئەنجومەنی شارەوانی شارە گەورەكان لەدەستبدات. دوو سەرچاوە لە ئاكەپە كە قسەیان بۆ ئاژانسی " رۆیتەرز" كردووە رایانگەیاندووە كە راپرسییە نێوخۆییەكانی ناو پارتەكە دەریاخستووە كە پاڵپشتی جەماوەریی بۆ ئاكەپە دابەزیوە بۆ 32% بۆ 35% و هێشتاش 30% دەنگدەران خۆیان یەكلانەكردوەتەوە ك دەنگ بە چ پارتێك دەدەن. لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ساڵی 2014دا ئاكەپە 43%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا و بە جیاوازییەكی زۆر لە پێش سەرەكیترین ركابەرییەوە بوو كە پارتی گەلی كۆماری جەهەپەیە و كەمتر لە 25%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا. ئیستانبوڵ و ئەنكەرە بەوتەی ئەو دوو سەرچاوەیەی ئاكەپە، ئەگەری ئەوە هەیە پارتەكە لەو هەڵبژاردنەدا شارەوانی ئەنكەرە بدۆڕێنێت و كاندیدی جەهەپە سەركەوتن بەدەستبهێنێت، لە ئیستانبوڵیش كاندیدی ئاكەپە بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی كە بن عەلی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی پێشوو و سەرۆكی پەرلەمانی توركیایە رووبەڕووی كێبركێییەكی توند ببێتەوە. بە گوێرەی نوێترین راپرسی سەنتەری " ORC " كە دەربارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی 5 شارەوانی گەورە ئەنجامیداوە، ئاشكرایكردووە كە بن عەلی یەڵدرم كاندیدی ئاكەپە و مەهەپەی هاوپەیمانی بۆ شارەوانی ئیستانبوڵ بەرێژەی 4% لە پێش ئەكرەم ئیمام ئۆغڵووەیە كە كاندیدی جەهەپە و ئی پارتییە. ئەو راپرسییە پێشبینیكردووە كە یەڵدرم 50.9%ی دەنگەكان بەدەستبهێنێت‌و و ئیمام ئۆغڵوی ركابەریشی 42.6% دەنگەكان بەدەستبهێنێت. راپرسییەكەی سەنتەری " ORC" دەریخستووە كە ویلایەتی ئیزمیر پێگەی سەرەكی جەهەپە، توناچ سویار 55.6%ی دەنگەكان بەدەستدەهێنێت و كاندیدی ئاكەپەش كە نیهاد زیبەكچییە 42.1%ی دەنگەكان بەدەستدەهێنێت. لە ویلایەتی ئەسكی شەهریش راپرسییەكە دەریخستووە كە كاندیدی جەهەپە بە جیاوازییەكی كەم پێش كاندیدی ئاكەپەوەیە و پێشبینی دەكرێت كاندیدەكەی ئۆپۆزسیۆن 49.6%ی دەنگەكان بەدەستبهێنێت. بۆ ویلایەتی ئەنتالیاش كە ئاكەپە لە هەڵبژاردنی 2014 دا سەركەوتنی تێدا بەدەستهێنا، راپرسییەكە پێشبینیكردووە كە كاندیدی ئاكەپە بە جیاوازییەكی كەم سەركەوتن بەسەر كاندیدی جەهەپەدا بەدەستبهێنێت. راپرسییەكە دەریخستووە كە كاندیدی ئاكەپە 53.9%ی دەنگەكان بەدەستبهێنێت، و كاندیدی جەهەپەش 43.3% دەنگەكان. هەدەپە‌و باكوری كوردستان پارتی دیموكراتی گەلان" هەدەپە" لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2014دا شارەوانییەكانی باكوری كوردستانی كۆنترۆڵكرد، بەڵام دوای هەوڵی كودەتاكە دەسەڵاتدارانی توركیا، سەرۆك شارەوانییەكانی هەدەپەیان بە تۆمەتی تیرۆر لە زیندانەكان توندكرد و لە جێگەیان قەیومیان دانا، ئێستا هەدەپە لە 31ی ئازاردا دەیەوێت جارێكی تر ببێتەوە دەنگی یەكەم‌و شارەوانییەكان وەربگرێتەوە. هەدەپە بۆئەوەی دەنگی كورد لە باكوری كوردستان پەرت نەبێتو نەچێت بۆ ئاكەپە و پارتەكانی تر هاوپەیمانێتی لەگەڵ زۆرینەی ئەو پارتانە كردووە كە لە باكوری كوردستان چالاكی دەكەن و دەنگدەرانیان كوردن. هەدەپە لە رۆژئاوای توركیا كاندیدی بۆ سەرۆكی شارەوانی نیە، ئاكەپەش ئەو هەنگاوە بە پشتیوانیكردنی هاوپەیمانێتی ئۆپۆزسیۆن " جەهەپە‌و ئی پارتی " لێكدەداتەوە، هەرچەندە بەرپرسانی هەدەپە ئەوە رەتدەكەنەوە. رێژەی بەشداریكردن چاودێرانی دۆخی توركیا پێشبینیدەكەن كە رێژەی بەشداریكردنی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەكەی 31 ئازاردا پاشەكشێ بەخۆیەوە ببینێت و هۆكارەكەشی بۆئەوە دەگەڕێننەوە كە لە ساڵی 2014 هەشت هەڵبژاردنی وەك ریفراندۆم و شارەوانی و پەرلەمان و سەرۆكایەتی بەڕێوەچووە، هۆكاری دووەمیش بۆ بوونی هاوپەیمانێتی دەگەڕێتەوە كە یەكەمجارە بەمشێوەیە بەڕێوەدەچێت و هاوپەیمانێتی لە نێوان چەند پارتێكدا كراوە كە هەڵگری بیروبۆچونی زۆر جیاوازن و بە گوێرەی راپرسییەكان پێدەچێت 20%ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە بەشداری دەنگدان نەكەن.  


درەو میدیا:  بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست درەو میدیا كەوتووە لە كۆبونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی موچە دەدرێت، بەڵام تا ئێستا روون نیە ئەو بڕیارە لەم مانگەوە جێبەجێ دەكرێت یاخود لە مانگی داهاتووەوە، چونكە ئەو موچەیە كە بڕیارە لە هەفتەی داهاتووەوە دابەشبكرێت، موچەی مانگی 12ی ساڵی رابردووە، بۆیە لە مانگی داهاتووەوە موچەی مانگی یەكی 2019 دابەشدەكرێت. ئەمە لە كاتێكدایە ئەمڕۆ  بڕی 522 ملیار دینار و 410 ملیار دیناری زیادەی مانگەكانی پێشوو خراوتە سەر ژمارە بانگی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بڕیارە هەفتەی داهاتوو پارەكە بە كاشی بگاتە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش سبەی هەینی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە پرسی پاشەكەوتی موچە كۆدەبێتەوەو ئەگەری لابردنی پاشەكەوتی موچە زۆرە. ئەگەر بەشێوەیەكی بەردەوام 522 ملیار دینار لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت، ئەوا كۆی داهاتەكانی هەرێم دەبێتە ( یەك ترلیۆن و 44 ملیار دینار) سەرچاوەی داهاتەكانی هەرێمیش بەم شێوەیەیە:  •    بڕی (522ملیار)دینار لە بەغدادەوە بۆ هەرێم دێت، ئەم پارەیە بڕی (454 ملیار) دیناری بۆ موچەی فەرمانبەران دەبێت‌و بڕی (68 ملیار) دیناریش بۆ موچەی پێشمەرگە دەبێت .  •    سەرچاوەیەكی تری داهاتی حكومەتی هەرێم، داهاتی ئەو نەوتەیە كە خۆی دەیفرشێت، ئێستا داهاتی یەك مانگی نەوت كە دەست حكومەتی هەرێم دەكەوێت نزیكەی (700 ملیار) دینارە، لەم بڕە پارەیە (200 ملیار) بۆ قەرز‌و خەرجی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت دەڕوات، واتە بە كۆی گشتی حكومەتی هەرێم مانگانە نزیكەی (500 ملیار) دیناری لە داهاتی نەوت بۆ دەمێنێتەوە، لەم بڕە پارەیەش كە دەمێنێتەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕی (378 ملیار) دیناری بۆ موچەی موچەخۆران بە وەزارەتی دارایی دەدات. •    داهاتی ناوخۆ، سەرچاوەیەكی تری داهاتی حكومەتی هەرێمە، حكومەت مانگانە (120 ملیار)دیناری لەم سەرچاوەیەوە دەستدەكەوێت. •    ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش لەچوارچێوەی بودجەی كۆنگرێسی وڵاتەكەی بۆ یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە، مانگانە بڕی (24 ملیار) دینار بە حكومەتی هەرێم دەدات‌و ئەمەش تائێستا سەرچاوەیەكی داهاتی گرنگە بۆ حكومەت. بە كۆكردنەوەی كۆی ئەو داهاتانەی سەرەوە كە لە مانگێكدا دەست حكومەتی هەرێم دەكەوێت، دەردەكەوێت كابینەی نوێی حكومەت مانگانە بڕی (ترلیۆنێك‌و 44ملیار) دیناری دەستدەكەوێت، موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە یەك مانگدا (897 ملیار) دینارە، بەمە دەردەكەوێت حكومەت لەتوانایدایە موچەی موچەخۆران دابین بكات‌و سەرباری ئەوەش (147ملیار) دیناری بۆ دەمێنێتەوە.


راپۆرتی: بی بی سی  وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ ماوەی چەند ساڵێكە توركیا سەرقاڵی پتەوتركردنی هەژمونیەتی لە باكوری خۆرئاوای سوریا، ئەوەش بەلای هەندێك هەوڵێكی ئەنكەرەیە بە بەتورك كردنی ئەو ناوچانە تا لە داهاتوودا بەتەواوەتی بیانلكێنێت بە توركیاوە. ئێستا توركیا چەند ناوچەیەكی خۆرئاوای رووباری فوراتی لەژێردەستدایە, كە هاوسنورن لەگەڵ سنورەكانی باشوری خۆرهەڵاتی توركیا، ئەو ناوچەیە لە شارۆچكەی جەرابلوس لە خۆرهەڵاتەوە دەستپێدەكات بۆ كانتۆنتی عەفرین لە باكوری خۆرئاوای سوریا كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردن. ئەمە چۆن روویدا؟ ئامادەیی توركیا لە ناوچەكانی باكوری سوریا تەنها بواری سەربازیی نیە، بەڵكو دەسەڵاتدارانی توركیا، بە هاوكاری گروپە چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا سەرقاڵی بڵاوكردنەوەی زمان و رۆشنبیری توركین, لەگەڵ قۆرخكردنی پرۆژە ئابورییە سەرەكییەكانی ناوچەكە. لە ئابی 2016 توركیا لەگەڵ گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی بەناوی " قەڵغانی فورات" بۆسەر چەند ناوچەیەك دەستپێكرد, كە ئەوكات لەژێر دەسەڵاتی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی " داعش" دا بوون‌و لە سەرەتای ساڵی 2017 هێزەكانی توركیا و هاوپەیمانەكانی زنجیرەی سنوری نێوان هەردوو وڵاتیان كۆنترۆڵكرد, كە لە جەرابلوسەوە لە خۆرهەڵات دەرێژدەبێتەوە بۆ ئەعزاز لە خۆرئاوا و ناوچەی باب لە باشوور. ئامانجی ئاشكرای ئەوكاتەی توركیا شەڕكردن بوو دژی داعش، بەڵام ئامانجە ستراتیژییە گرنگەكەی ئەوە بوو بەربگرێت لە هەژمونی شەڕڤانانی كورد كە ئەمریكا پشتیوانیان لێدەكات بە ئاراستەی ناوچەكانی خۆرهەڵاتی فورات. لە مانگی كانونی دووەمی 2018 توركیا و گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا، ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی نوێیان لە ناوچەكە دەستپێكرد، كە ئەمجارەیان ئامانج لێی كانتۆنی عەفرین بوو, كە لەسەرەتای قەیرانی سوریاوە لەژێر كۆنترۆڵی شەڕڤانانی كورددا بوو. لەدوای كۆنترۆڵكردنی عەفرینەوە, چەندین رێكخراوی جیهانی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ و میدیا و دەزگاكانی راگەیاند باس لە خراپبوونی دۆخی ئابوری و ئەمنیی و مرۆیی دەكەن لەو بەشەی سوریادا. فولکەی کاوەی ئاسنگەر لە عەفرین رێككەوتنی روسیا و توركیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی عەفرین ماوەی دوو مانگی خایاند و لە كۆتاییدا هێزەكانی توركیا و ئۆپۆزسیۆنی سوریا ناوچەكەیان داگیركرد و بەهۆیەوە زیاتر لە 130 هەزار هاوڵاتی كورد لە عەفرین و گوند‌و ناوچەكانی دەوروبەری ئاوارەبوون‌و  لە كەمپەكانی ناوچەی شەهبا لە ریفی حەڵەب و لە دوری تەنها چەند كیلۆمەترێك لە ماڵەكانیان نیشتەجێبوون و ئاوارەكانی ناوچەی دوما‌و غۆتەی خۆرهەڵات‌و حمس‌و حەما‌و كەسانی تری ناوچەكانی سوریای سەر بە گروپەكانی ئۆپۆزسیۆن جێگەیان گرتنەوە. تاڵانکردن لە عەفرین تاوانی جەنگ لیژنەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤی سەربە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپۆرتێكیدا كە 31ی كانونی دووەمی 2019 دەریكردووە دەڵێت:" زیاتر لە 50 گروپی چەكدار لە باكوری سوریا جێگیربوون و دانیشتوانی ئەو ناوچانە بە تایبەتی عەفرین كە زۆرینەیان كوردن بەدەست كردەوەی تاڵانكاریی بەردەوامی ئەو گروپە چەكدارانەوە دەناڵێنن، كە دەبوو ئەوانە خزمەتیان بكردنایە و پارێزگاریان لە هاوڵاتیان بكردایە، هەروەها یاساو رێككاری لە ناوچەكەدا بوونی نیە و حاڵەتەكانی وەك رفاندن‌و ئەشكەنجەدان و بڵابوونەوەی میلیشیا ژیانی خەڵكی كردووە بە دۆزەخ". هاوڵاتیانی ناوچەكە دەڵێن زۆرجار سكاڵایان بردوەتە بەر پۆلیسی خۆجێی و دەسەڵاتدارانی توركیا، بەڵام هیچ سودێكی نەبووە. راپۆرتەكە ئاشكراشیكردووە, زۆربەی ئەو كەسانەی دەڕفێندرێن و دەستگیردەكرێن كوردن، بە تایبەتی چالاكوانان كە رەخنە لە تاڵانكردن و پێشێلكاریی یاسا دەگرن لەلایەن ئەو میلیشیایانەوە. لیژنەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان چەندین راپۆرتی بەدەستگەیشتووە دەربارەی ئەو كردەوانەی كە هاوڵاتیانی مەدەنی لەلایەن ئەو میلشیا چەكدارانەوە رووبەڕووی دەبنەوە‌و تەنانەت بۆ راییكردنی سادەترین كاروباری رۆژانەیان داوای بەرتیلیان لێدەكەن، بە تایبەتی لەو خاڵەكانی پشكنین كە لەناوچەكەدا دایانناوە. بڕیارەكان لە توركیاوە دێن دانیشتوانی ناوچەكە تێبینیان كردوە هێزە سەربازییەكانی توركیا لە عەفرین‌و ئەعزاز ماونەتەوە و بینای قوتابخانەكانی ناوچەكە بۆ ئامانجی سەربازیی بەكاردەهێنن لە عەفرین سەرەڕای ئەوەی بانگەشەی ئەوە دەكەن كە كشاونەتەوە لە ناوچەكە. دانیشتوانی ناوچەكە كە قسەیان بۆ ئەو لیژنەیەی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە ئاماژەیان بەوەداوە, ناتوانن لە عەفرین و ناوچەكانی دەوروبەری بە ئازادی جموجوڵ بكەن، ئەگەر مۆڵەت یان بەڵگەنامەی رەسمی دەسەڵاتدارانی توركیایان پێنەبێت. دانیشتوانی عەفرین ئاماژەیان بەوەشداوە كە دادوەران و پارێزەرانی سوریا بە هەماهەنگی وەزارەتی دادی توركیا نەبێت دانامەزرێنرێن و ئەفسەرانی پۆلیسی مەدەنی‌و سەربازی لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە مەشق‌و راهێنانیان پێدەكرێت. ئەو كەسانەی كە لیژنەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان چاوپێكەوتنیان لەگەڵدا كردون، باسیشیان لەوەكردووە فەرمانگەكانی كارگێڕی و جێبەجێكردن لە عەفرین زۆر ناكاران و ناتوانن ئەو پێشێلكاریانە چارەسەربكەن كە میلیشیاكان ئەنجامیدەدەن. لیژنەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان، جەختدەكاتەوە هۆكاری تەواوەتی هەن كە دەیسلەمێنن ئەو میلیشیانە لە عەفرین تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە، وەك رفاندنی خەڵك و مامەڵەی توند و ئەشكەنجەدان و تاڵانكردن و گێچەڵكردن بە ژنان. منداڵانی گوندێکی عەفرین دوای داگیرکردنی لەلایەن تورکیاوە ناسنامەی توركی توركیا بەشێوەیەكی راستەوخۆ سەرپەرشتی ئەو ئەنجومەنە خوجێیانە دەكات كە ناوچەكانی نێوان جەرابلوس و باب و عەفرین بەڕێوەدەبەن، ئەم ئەنجومەنانە سەربە بەناو " حكومەتی سوریای كات" ین، كە بارەگاكەی لە توركیایەوەو فەرمانبەرەكانی موچە لە حكومەتی توركیا وەردەگرن. ئازاری رابردوو، بەرپرسێكی ئەو میلیشیا چەكدارانەی سەربە توركیا رایگەیاند، ئەنجومەنی عەفرین لە رووی ئیدارییەوە سەر بە ویلایەتی ئەنتاكیا " هاتای" توركیایە كە هاوسنوری عەفرینە. لە راپۆرتی حوزەیرانی 2018ی كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافەكانی مرۆڤ هاتووە: حاكمی هاتای دوو كەسی بۆ سەرپەرشتیكردنی بەڕێوەبردنی عەفرین دامەزراندووە. لە ناوچەی باب، دانیشتوانی ناوچەكە داواكارییان پێشكەشكردووە بۆئەوەی ناسنامەی نوێیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە پێبدرێت، كە لە حاڵەتی سەركەوتنی ئەو پرۆژەیەدا، ئەوا بەسەر ناوچەكانی تری ژێر دەسەڵاتی توركیا و گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانیدا جێبەجێدەكرێت. كاروباری ئابوری و ئاسایش توركیا لە ساڵی 2017ەوە هێزەكانی پۆلیسی ناوچەكە مەشقپێدەكات، گرتەیەكی ڤیدیۆیی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبوەوە, دەریدەخات لە شاری جەرابلوس، كارمەندانی پۆلیس سڵاو بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا دەنێرن و دروشمی " بژی توركیا بژی, ئەردۆغان دەڵێنەوە". هەندێك ئەمە وا لێكدەدەنەوە كە بەرجەستەكردنی دەسەڵاتی گەشەسەندوی توركیایە لە سویاو لایەنگرانی توركیاش دەڵێن ئەردۆغان تەنها دەیەوێت پارێزگاری لە ناوچەكە بكات نەك زیاتر. لەرووی ئابوریشەوە جگە لەو دامەزراوە و كۆمپانیایانەی كە لە توركیا تۆماركراون, رێگە بەهیچ لایەنێكی تر نادرێت لە عەفرین یان ناوچەكانی تر كاربكات و توركیا دوو سەنتەری بۆ خزمەتگوزاری پۆستی توركیا كردوەتەوە لە هەردوو شارۆچكەی جەرابلوس و باب، چاوەڕوانیش دەكرێت بەمزوانە لە عەفرینیش بیكاتەوە. ئەم سەنتەرانە رۆڵی بانكەكان دەگێڕن‌و تاكە ناوەندی رەسمین كە دارایی هاتوو, رۆیشتوی ئەو ناوچانە تۆماردەكەن‌و پارێزگاری غازی عەنتابی توركیا نوێنەرانی خۆی نارد بۆ كردنەوەی شارێكی پیشەسازی كە دەكەوێتە نێوان باب و حەڵەب‌و بەڕێگایەكیشەوە بەستراونەتەوە بەیەكەوە كە توركیا بونیادی ناوە، بۆئەوەی ئاسانكاری بكات بۆ پرۆسەی هەناردەكردن‌و هاوردەكردن لە نێوان ئەو ناوچانە‌و توركیادا. خوێندن‌و رۆشنبیری توركیا لە كۆتاییەكانی 20018دا لقێكی زانكۆی حەرانی لە باب كردەوە، كە بەشەكانی ئەندازیاری كارەبا‌و كشتوكاڵ‌و بونیادنان لەخۆدەگرێت بە زمانەكانی عەرەبی و توركیی و ئینگلیزی، لە عەفرینیش خوێندنگەیەكی ئامادەیی ئیسلامی توركی كراوەتەوە كە هاوشێوەی خوێندنگەی  پێگەیاندنی" ئیمام و خەتیب" ە، لەگەڵ چەند خوێندنگەیەكی تر‌و هەمویان لەلایەن توركیاوە بودجەی بۆ دابینكراوە. چالاكوانان توركیا تۆمەتباردەكەن كە سیاسەتی بەتورك كردن " تەتریك" پیادە دەكات بە تایبەتی لە عەفریندا، ئەوەش لەرێگەی نەهێشتن و لابردنی هەموو سیمبوڵێكی كورد لە شارەكە‌و گۆڕینی ناوی شەقام‌و گۆڕەپانە سەرەكییەكان و شوێنە گشتییەكان و داماڵینیان لە هەموو سیمایەك كە ئاماژەبە ناسنامە كوردییەكەی بدات‌و ئاڵای توركیا‌و وێنەی ئەردۆغان لە فەرمانگە رەسمییەكان‌و خوێندنگەكان و شوێنە گشتییەكاندا هەڵواسراون. دەسەڵاتدارانی توركیا بانگەشەی ئەوەدەكەن كە لەرووی مێژووییەوە پەیوەندی بەهێز‌و پتەویان بە باكوری سوریاوە هەیە‌و بەشێك لە شارۆچكەی باب لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ خانەوادەی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم. هەروەها توركیا پلاندادەڕێژێت بۆ نوێكردنەوە و گۆڕینی خانویەك لە عەفرین بە پاساوی ئەوەی كەمال ئەتاتورك دامەزرێنەری توركیای نوێ لەمیانی جەنگی دووەمی جیهانیدا بەكاریهێناوە. بەمدواییانە حاكمی ئەنتاكیای توركیا رایگەیاند بنكەیەك هەیە كە دامەزرێنەری توركیای نوێی كەمال ئەتاتورك لە میانی جەنگی دووەمی جیهانیدا بەكاریهێناوە كە دەكەوێتە ناوچەی راجوی سەربە عەفرین و راشیگەیاند ئەوان لە داهاتوویەكی نزیكدا كاردەكەن بۆئەوەی نۆژەنی بكەنەوە و بیكەن بە مۆزەخانەیەكی مێژوویی. خێزانێکی ئاوارەی عەفرین " لە نیشتمانی خۆیاندا ئاوارەن" كاروكردەوەی گروپە چەكدارەكان لە عەفرین، بوونەتەهۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 130 هەزار هاوڵاتی ئەو ناوچانەی كە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی روسیا یان هێزەكانی سوریای دیموكرات بوون لە باكوری خۆرهەڵاتی توركیا، كاتێكیش نزیكەی 10 هەزار هاوڵاتی مەدەنی عەفرین گەڕانەوەی بۆ ماڵەكانیان جگە لە وێرانەیەك هیچی تریان نەبینی و هەندێكیان بینیان كە ماڵەكانیان خێزانی گروپە چەكدارەكانیان تێدا نیشتەجێكراوە  


 ( درەو میدیا): لێدوانێكی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، دەربارەی سەرچاوەی سەرەكی هاتنە ناوەی مادە هۆشبەرەكان بۆ عێراق مشتومڕێكی زۆری لە نێو عێراق و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا لێدەكەوێتەوە. عەبدولمەهدی رۆژی چوارشەممە لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا وتی:" مادە هۆشبەرەكان دیاریدەیەكی گەورەیە و هەوڵدەدرێت بەرفراوان بكرێت، لە ئەرجەنتینەوە دێتە عرسالی سوریا و لەوشێەوە دێتە ناو عێ{اق و لە ناو عێراقیشدا تۆڕ بۆ بڵاوبوونەوەی دروستدەكات". ئەم قسەیەی عەبدولمەهدی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە و زۆر كەس وای لێكدەدەنەوە كە سەرۆك وەزیرانی عێراق بەو لێدوانەی دەیەوێت بابەتی هێنانەوەی مادە هۆشبەرەكان لە ئێرانەوە پەردەپۆش بكات. ئەوانەی رەخنەیان لە عەبدولمەهدی گرتووە باوەڕیان وایە كە دیاریكردنی ئەرجەنتین زیادەڕوی زۆری تێدایە بەهۆی دووری نێوان عێراق و ئەو وڵاتە. بەشداربوویەكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نوسیویەتی:" دووری نێوان عێراق و ئەرجەنتین 8000 میلە و چەندین وڵات كەوتوەتە نێوانیانەوە، بەڵام دووری نێوان ئەفغانستان وەك گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری مادە هۆشبەرەكان 790 میلە و تەنها ئێرانیش لە نێوان عێراق و ئەفغانستاندایە". هەندێكی تر ئاماژەیان بەوەداوە كە لێدوانەكەی عەبدولمەهدی دەربارەی سەرچاوەی هاتنی مادەی هۆشبەرەكان، ناكۆكە لەگەڵ لێدوانی پێشووی بەرپرسە ئەمنییەكان دەربارەی هاتنە ناوەوەی مادە هۆشبەرەكان بۆ عێراق.  


(درەو میدیا): بەهۆی خراپی خزمەتگوزارییەكانیانەوە، حكومەتی عێراق هەرسێ كۆمپانیای (ئاسیاسێڵ‌و كۆڕەك تیلیكۆم‌و زەین)ی سزادا. دەستەی راگەیاندن‌و پەیوەندییەكانی عێراق ئەمڕۆ سزای دارایی بەسەر سێ كۆمپانیای بواری پەیوەندییە تەلەفۆنییەكاندا سەپاند، ئەوەش بەهۆی خراپی كوالیتی خزمەتگوزارییەكانیان. دەستەكە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، هەریەكە لە كۆمپانیاكانی (ئاسیا سێڵ‌و كۆڕەك تیلیكۆم‌و زەین) سزادراون، بڕیاری سزاكانیشیان لەسەر بنەمای راپۆرتی تیمە تایبەتمەندەكانی سەربە دەستەكە بووە، كە بەردەوام لەسەرەتاسەری عێراق پشكنین دەكەن، ئەمە سەرباری ئەو سكاڵایانەی كە لەلایەن خەڵك بۆی نێردراوە.  دەستەی راگەیاندن‌و پەیوەندییەكان ئاماژەی بەوەكردووە، سەرباری سزای دارایی كە بەسەر ئەو سێ كۆمپانیایەدا سەپێندراوە، هەرسێ كۆمپانیاكەش پابەندكراون بەوەی دەبێت لەوادەیەكی زەمەنی دیاریكراودا خزمەتگوزارییەكانیان باش بكەن، بەپێچەوانەوە دەستەكە رێوشوێنی توندتریان لەدژ دەگرێتەبەر.  


 راپۆرتی: درەو میدیا - ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان بەشی سێیەم لە هەرێمی كوردستاندا  (128424) مامۆستا هەیە، ئەوەش رێژەیەكی كەم نیە ئەگەر زیاد نەبێت,  بەڵام هۆكاری ئەوەی كە هەندێك قوتابخانە بەدەست بێ مامۆستایی و كەمی مامۆستاوە دەناڵێََنن ئەوەیە كە ناڕێكی لە دابەشكردنی مامۆستادا هەیە، قوتابخانە هەیە رێژەی زیاد لە پێویستی مامۆستای هەیە، قوتابخانە هەیە ژمارەی مامۆستاكانی ئەگەر بەقەد خوێندكارەكانی نەبێت هیچی وای كەمتر نیە، قوتابخانەش هەیە بە نزیكەی (700) خوێندكارەوە (10) مامۆستای هەیە، لە هەرێمدا هەر مامۆستایەك 17 خوێندكاری بەردەكەوێت،  كەمی و زۆری مامۆستای میلاك میلاكی مامۆستا لە قوتابخانەكاندا وەك پێویست نیە، سەرباری ئەوەی پێشتر ساڵانە ژمارەیەكی بەرچاو مامۆستا دادەمەزران، كەچی لە گەلێ‌ شوێندا میلاك كەمە، لە كاتێكدا ئەگەر ستاندارتێكی نێودەوڵەتی لەبەرچاو بگرین، یاخود بە بەراورد لەگەڵا وڵاتانی تردا رێژەی مامۆستا زۆر زیادە لە هەرێمدا، بۆ نمونە لە وڵاتێكی وەك توركیا هەر مامۆستایەك (25) خوێندكاری بەردەكەوێت بەڵام لە هەرێمی كوردستان هەر مامۆستایەك (17) خوێندكاری بەردەكەوێت. كەچی هێشتا لای خۆمان مامۆستا كەمە!  هەرێمی كوردستان كە (128424) مامۆستای هەیە، ئەوەش رێژەیەكی كەم نیە ئەگەر زیاد نەبێت,  بەڵام هۆكاری ئەوەی كە هەندێك قوتابخانە بەدەست بێ مامۆستایی و كەمی مامۆستاوە دەناڵێََنن ئەوەیە كە ناڕێكی لە دابەشكردنی مامۆستادا هەیە، قوتابخانە هەیە رێژەی زیاد لە پێویستی مامۆستای هەیە، قوتابخانە هەیە ژمارەی مامۆستاكانی ئەگەر بەقەد خوێندكارەكانی نەبێت هیچی وای كەمتر نیە، قوتابخانەش هەیە بە نزیكەی (700) خوێندكارەوە (10) مامۆستای هەیە. ئەمەش دیاردەیەكی ناتەندروستە و پرۆسەی پەروەردە سەقەت دەكات. كە هۆكاری سەرەكیش تیایدا دەست تێخستنی حزب و بەرپرسانە لەوەی كە رێگە نادرێت بەپێی پێویستی میلاك دابەش بكرێتەوە و بەرژەوەندی تایبەتی لەبەرچاو دەگیرێت نەك گشتی.  كەمی ژمارەی مامۆستای پێویست لە خوێندنگەكاندا ئاستەنگێكی تری بەردەم پرۆسەی خوێندنە، چەند سالێكە مامۆستا دانامەزرێت و ئەوەش گرفتی گەورەی دروست كردوە، جگە لەوەی نایەكسانیەكی زۆر هەیە لەدابەشكردنی مامۆستایان بەسەر قوتابخانەكان هەندێك لێیان زیادە هەندێكی تریش تا كۆتایی ساڵا وانە هەیە ناخوێنرێت بەهۆی نەبونی مامۆستاوە. بەداخەوە دیسانەوە حزبایەتی و پەیوەندی كەسیەكانی بەرێوەبەرو سەرپەرشتیاران و بەڕێوەبەرایەتیەكان هۆكاری ئەوەن. بەپێی لێدوانێكی وەزیری پەروەردە، هەرێمی كوردستان پێوستی بە ١٠ بۆ       ١٥هەزار مامۆستای دیكە هەیە تا بۆشایی كەمی مامۆستای پێ پڕ بكاتەوە.  لەم خشتانەدا ئاماری پێنج ساڵی مامۆستایان لە هەرێمی كوردستاندا خراوەتە روو:    پرۆسەی دامەزراندن ئەگەر چی تا ئاستێكی زۆر گۆڕانی بەسەردا هاتووەو بەبەراورد لەگەڵا پێشتر باشترە، بەڵام هێشتا گرفتی تێدایە و وەك پێویست شوێنی خۆی ناگرێت و ئامانجەكانی پەروەردە نایەنەتە دی.  بۆ نمونە پێویستە لە پرۆسەی دامەزراندنی مامۆستایاندا پەروەردە لەپاڵا بەڕێوەبەرایەتی ئاماردا رۆڵی زیاتری هەبێت خۆی بڕیار بدات. چونكە پەروەردە خۆی دەزانێت چی پسپۆرییەكی زیاتر پێویستە و چی كاتێك پێویستە دامەزرێن و دەست بەكار بن. ساڵانە ئەو پلانەی كە دادەمەزرێن لە كاتی خۆیان زۆر زیاتر دووادەكەون و وەك پێویست سودیان لێنابینرێت. پسپۆرییەكان وەك پێویست نین كە بەپێی پێداویستی پەروەردە دامەزرێن. پرۆسەكە بەیەك جار راناگەیەنرێت و بە دوو جار یا بە سێ‌ جار ئینجا تەواو ئەبێت. هەر ئەمەشە وای كردووە كە وەك پێویست ئەوانەی دادەمەزرێن دەستبەكار نەبن. هەرچەندە لەساڵی 2014 وە دامەزراندن وەستاوەو تەنها ئەو مامۆستایانە نەبێت كە بەشێوەی گرێبەست دانراون. نەبوونی خولی راهێنان بۆ مامۆستایان خۆرۆشنبیركردنی مامۆستایان یەكێ‌ لە كۆڵەكەكانی بەهێزبوونی سیستمی پەروەردەی هەر وڵاتێكە، بەتایبەت بۆ هەرێمی كوردستان گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە، چونكە سیستەمی خوێندن و پرۆگرامەكان گۆڕاون. بەڵام مامۆستایان هەمان مامۆستای جارانن، بێگومان ئەمەش بەیەكدادان دروستدەكات و نە مامۆستاكان لە ئەركی خۆیان سەركەوتوو دەبن و نە سیستەمەكە وەك پێویست بەڕێوە دەچێت و نە پرۆگرامەكەش وەك پێویست دەخوێنرێت و لە ئەنجامیشدا خوێندكاران زەرەر مەند دەبن. ئەمە ئەركی سەر شانی وەزارەت بوو كە بەشێوەیەكی بەردەوام خول بۆ مامۆستایان بكاتەوە بەڵام بەداخەوە كە وەك پێویست بەم ئەركەی سەر شانی هەڵنەستاوە.  هەرچەندە وەزارت ساڵانە كۆمەڵێك كەس، بەناوی بەشداریكردن لەخول و بابەتی پەروەردەیی، دەنێرێتە دەرەوە. بەڵام دواتر كە دەگەڕێنەوە، نە كاریگەریەكەی لەسەر خودی ئەو كەسانە ئەبینین لەناو پرۆسەكە نە لەسەر تەواوی پرۆسەكە، جگە لەوەی لەم سەردەمەدا زۆر گرنگە مامۆستا بەردەوام زانیاری و شێوازی وانەوتنەوە نوێبكاتەوە، راهێنانی پێ‌ بكرێت و سود لە ئەزمونی هەم راهێنەران و مامۆستایان و پسپۆرانی كورد وەربگرێت. هەروەها بیانیش بهێنرێنە كوردستان بەچاودێرییەوە خول بكەنەوە، بەڵام خولی بەهێزكردن تەنها لەپێناوی ئەوە نەبێت كە بڵێن خول كراوەتەوە، بەداخەوە ئەوانەی پێشو بەو شێوەیە بوون و سودێكی ئەو تۆیان نەبووە. پێشتر ساڵانە لەكاتی پشووی هاویندا خولی راهێنان هەبوو بۆ مامۆستایان، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئەو خولانەش وەستاون.   بڕینی موچەی مامۆستایان ئەگەر بەراوردی موچەی مامۆستایانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ موچەی مامۆستایانی وڵاتانی تر بكەین، جیاوازی زەق بەرچاودەكەوێت و دەردەكەوێت كە مامۆستایانی هەرێمی كوردستان لەم هەرێمە دەوڵەمەنەددا، چ موچەیەكی كەم وەردەگرن. بۆ نمونە موچەی مامۆستایەك لە وڵاتی لۆكسمبۆرگ، هەر ئەوە نییە كە باشترین موچەیە لە جیهان، بگرە موچەی مامۆستا لە یەكەم ساڵی كاركردنیدا، زیاترە لە موچەی مامۆستا بە درێژایی ژیانی لە هەر شوێنێكی دیكەی جیهان. بەپێی داتا تازەكان كە لە ڕاپۆرتی رێكخراوی هاریكاری ئابوری و گەشەپێدان OECD بڵاوكراوەتەوە، لە وڵاتی لۆكسمبۆرگ موچەی دەستپێكی مامۆستایەك كە خیبرەی نییە دەگاتە 73 هەزار دۆلار لە ساڵێكدا، موچەكەی لە كاتی خانەنشینبووندا دەگاتە 131 هەزار دۆلار لە ساڵێكدا. جیاوازییەكی گەورە لە نێوان موچەی مامۆستایەك لە لۆكسمبۆرگ، لەگەڵ موچەی مامۆستایەك لە ئیرلەندە هەیە. ئیرلەندە بە دووەم وڵات دادەنرێت لە بەرزی موچەی مامۆستا. لە كۆریای باشور كە سێیەم وڵاتە لە بەرزی موچەی مامۆستا، مامۆستایەكی تازە دامەزراوی بێ خیبرە، موچەكەی نزیكەی 22 هەزار دۆلارە لە ساڵێكدا، دوای نزیكەی 10 ساڵ لە دامەزراندنی، موچەكەی دەگاتە نزیكەی 34 هەزار دۆلار، لەكاتی خانەنشینداو لە كۆتایی دوا ساڵی كاركردنیدا موچەكەی لەوانەیە بگاتە 62 هەزار دۆلار. لە ئەڵمانیا كە لەسەر ئاستی جیهان، چوارەم وڵاتە لە بەرزی موچەی مامۆستا، مامۆستایەكی تازە دامەزراو موچەكەی 46 هەزار دۆلارە لە ساڵێكدا، بە موچەی 60 هەزار دۆلار لە ساڵێكدا خانەنشین دەبێت. لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كە لە پلەی پێنجەندایە، مامۆستای تازە دامەزراو موچەی ساڵانەكەی دەكاتە 37 هەزار دۆلار، لە كاتی خانەنشینبوندا دەگاتە 60 هەزار دۆلار. لەهەندێ‌ ولاتی تردا موچەی مامۆستایان كەمە، ئەو دە وڵاتەی كە تێیدا مامۆستا كەمترین موچە وەردەگرێت، بریتین لە: یۆنان، چیلی، مەكسیك، توركیا، ئیستۆنیا، چیك، سلۆڤینیا، پۆڵەندە، هەنگاریا و كۆلۆمبیا. بۆ نموونە لە یۆنان مامۆستا لە تەمەنی خانەنشینیدا موچەكەی دەگاتە 37 هەزار دۆلار لە ساڵێكدا، ئەوە لە ئەمریكا موچەی مامۆستایەكی تازە دامەزراوی بێ خیبرەیە، لە چیلی لە تەمەنی خانەنشینیدا دەگاتە 39 هەزار دۆلار لە ساڵێكدا. مامۆستا لە كۆڵۆمبیاو چیلی، لەبەرامبەر ئەو موچە كەمەی وەریدەگرن، زۆرترین كار دەكەن. مامۆستای كۆلۆمبیا لە ساڵێكدا نزیكەی 1200 كاتژمێر لە قوتابخانە كاردەكات، لە چیلی نزیكەی 1150 كاتژمێر كاردەكات. بەڵام ئەم ئامارانە مانای ئەوە نییە، خوێندن لەو وڵاتانەدا خراپبێت، بەڵكو مانای ئەوەیە موچەكەیان كەمە. هەروەها مانای ئەوە نییە موچەی مامۆستا خراپە، لێرەدا مەسەلەكە پشت بە ئاستی مەعیشەت دەبەستێت لەو ولاتانەدا. بۆنموونە لە كۆڵۆمبیا موچەی ساڵانەی مامۆستایەك دەگاتە 6 هەزار دۆلار، بەڵام ئەگەرچی ئەم موچەیە جیاوازییەكی هێجگار گەورەی لەگەڵ موچەی مامۆستایەكی لۆكسمبۆرگ هەیە، كەچی لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانێت بڕێكی باش لە پارەكەی پاشەكەوت بكات بە بەراورد بە مامۆستای هەندێك لە وڵاتە پێشكەوتووەكان.  هەر بۆ نمونە تێكرای موچەی بنەڕەتی مامۆستایەك ساڵانە لە كوەیت 4 هەزار دۆلار و لە قەتەر 49440 دۆلار و لە توركیا 8000 دۆلار و لە ئوردن 7500 دۆلار، سەرباری ئەمەش بەپێی بارودۆخی ولاتەكانیان كە ئاسانكاری و پێداویستی تریان بۆ ابین كراوە خۆشگوزەران پێی دەژین. كەچی لەكوردستاندا نەك هەر موچەی مامۆستا كەمە، بەڵكو ئەو كەمەش كراوە بە نیوە و چارەك و چەندین مانگ ئەو نیوەو چارەكە موچەیەشیان وەرنەگرتووە! جیاوازی لە موچەو دەرماڵەی مامۆستایان تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت بە پێی سیستەمی موچە لە هەرێمی كوردستاندا جیاوازی لەموچەی بنەڕەتی و دەرماڵەی مامۆستایان هەیە و لە هەموو ناوچە و پارێزگاكاندا وەكو یەك نیە و ئەمەش ناڕەزایی لەلایەن مامۆستایانەوە لێكەوتۆتەوە، سەرباری ئەوەی دەیان یاداشت و داواكاری لەم بارەیەوە دراوە بە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەكانی پەروەردەو دارایی كەچی تا ئێستا وەك خۆی ماوەتەوەو چارەنەكراوە. جگە لەمە مامۆستایان بەهۆی پاشەكەوتی موچەوە ماوەی سێ ساڵ نیوەو چارەكە موچەیان وەرگرتووەو چەندین مانگیش موچەكەیان پێنەدراوە، كە ئەمەش كاریگەریی خراپی لەسەر گوزەرانی مامۆستایان هەیە. بایكۆتی مامۆستایان یەكێك لەگرفتەكانی پەروەردەو پەك كەوتنی دەوامی خوێندن لەم ساڵانەی دواییدا بایكۆتی مامۆستایان بوو، كە بەهۆی پێنەدانی موچەكانیانەوە لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕیندا كرا، دیارە هۆكاری ئەم بایكۆتەش حكومەت لێی بەرپرسیار بوو نەك مامۆستایان، چونكە مامۆستایان داوای مافێكی رەوای خۆیان دەكرد كە تەنها وەرگرتنی موچەكانیان بوو لەكاتی خۆیدا، لەكاتێكدا بۆ چارەكە موچەش كەم ببویەوە، كەچی وەزیری پەروەردە پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی راگەیاندنی ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی ئەزموونە گشتییەكانی خولی یەكەم بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٧-٢٠١٨ لەبارەی خراپی بارودۆخی پەروەردە هێرشی كردەسەر مامۆستایانی سلێمانی و دەڤەری گەرمیان بەوە تۆمەتباریانی كرد كە بایكۆتی خوێندنیان كردووە پرۆسەی خوێندنیان دواخستووە. بەڵام باسی لە كەمتەرخەمی حكومەت نەكرد! ئەگەرچی بایكۆتی ئاشكرای مامۆستایان تەنها لە سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیاندا بوو، بەڵام رەوشی دەوامی مامۆستایانی هەولێر و دهۆكیش لەوان باشتر نەبوو چونكە لەو دوو پارێزگایەشدا بایكۆتێكی شاراوە هەبوو كە رانەگەیەنرابوو. زۆر باسی كاریگەری بایكۆت دەكرێت لەسەر خوێندكار، بەڵام بەدڵنیاییەوە كۆی بارودۆخی قەیران كاریگەری لەسەر پڕۆسەكە هەیە ئەنجام ڕێژەی دەرچون لەشارەكاندا سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە.    شكاندنی كەسایەتی مامۆستا مامۆستایەتی بەرزترین پیشەیە و هەرچی كەسایەتی و شارەزاو زاناو سیاسی و ناوداری كۆمەڵ هەیە، لەسەر دەستی مامۆستا پێدەگەن، بەداخەوە وەك پێویست رێز لە مامۆستا نەگیراوە و وەك پێویست پێداویستی و ئیمتیازاتی بۆ دابین نەكراوە، موچەی وەك پێویست نییە، بۆیە لەدوای دەوام بەناچاری پەنا بۆ پیشەو كارێكی تر دەبات بۆ بژێوی ژیانی، بەتایبەت لەم سێ‌ ساڵەی دواییدا كە مامۆستا لەبەر بێ‌ پارەیی پەنای بردۆتە بەر فرۆشتنی كەلوپەلە زۆر پێویست و خۆشەویستەكانی، جگە لەوەی بەهۆی ئەو بارودۆخە خراپەوە، ئێستا قەرزارن. بۆیە مامۆستا لەدۆخێكی ناجێگری لەو شێوەیەدا ناتوانێت پەیامەكەی خۆی بگەیەنێت، دابین نەكردنی بژێویی ژیانی مامۆستایان جگە لەوەی كاریگەری خراپی لەسەر ژیانی ئەوان كردووە، هاوكات بۆتە هۆكاری ئەوەی كە لەڕوی زانستیشەوە لاوازبوون، چونكە هێندەی بەڕێكردن و تەواوكردنی پڕۆگرام یان خوێندنی چەند بابەتێك بووە، هێندەی بەخەمی ئەوەوە نەبووەو كاتی ئەوەشی نەبووە كە ژینگەیەكی گونجاو بڕەخسێنێت. لە گەلێ‌ كاتیشدا دەبینین كەسایەتی مامۆستاش لە قوتابخانەكاندا دەشكێت و و هەمان ئەو توند و تیژییەی لەلایەن هەندێك مامۆستاوە بەرامبەر بە خوێندكاران دەكرێت، پێچەوانەكەیشی هەیە. هۆكاری سەرەكیش روانین و مامەڵەی دەسەڵات و ئەقڵیەتی سیاسییە كە چۆن دەڕوانێتە سێكتەری پەروەردەو مامۆستایان. تا دەسەڵات بەو تێگەیشتنە خراپەی مامەڵە لەگەڵ پەروەردە بكات، كەسێتی مامۆستا باڵا ناكات و داهێنان و دروستكردنی مرۆڤ و دیدگای نوێش لە ئاستێكی لاوازو خراپدا دەبێت.  ئەوەی لەماوەی بارودۆخی قەیراناوی كوردستاندا زۆرترین قوربانی دا، مامۆستایان بون و بەهەمو شێوەیەك كەسایەتیان شكێندرا، لەكاتێكدا ئەوان بوونە پێشەنگی زیاتر لە 63 خۆپیشاندان لەپێناوی گێڕانەوەی مافە زەوتكراوەكانیان، بەداخەوە حكومەت گەورەترین سوكایەتی بە مامۆستایان كرد. بۆ نمونە چەندین بەڵێنی پێدان و هیچی جێبەجێ نەكرد. لە ساتی خۆپیشاندانەكانی ئازاری 2018 دا كە مامۆستایان بۆ داواكردنی مافە سەرەتاییەكانیان كردیان، هێزە ئەمنیەكان بەجلی مەدەنییەوە بەجۆرەها شێواز ئازاری مامۆستایانیاندا، بۆ نمونە: هێرشكرایە سەر مامۆستایەكی خانەنشینكراوی بەتەمەنی هەولێر، جگە لە سوكایەتیپێكردن زۆریشیان لێدا و زیاتر شكۆی مامۆستا شكێنرا. هەرچەندە لەمبارەیەوە لێژنەی تۆماركردنی داوای مافی گشتیی هەولێر، لە نووسراوێكدا كە ئاڕاستەی دادگای لێكۆڵینەوەی شارەكەی كردووە، داوای جووڵاندنی سكاڵا لە بەرامبەر ئەو دوو كەسە دەكات كە لە خۆپیشاندانی شاری هەولێردا هێرشیان كردووەتە سەر مامۆستاكە، بەڵام هیچ ئەنجامێكی لێنەكەوتەوە. جگە لەمە لە زۆربەی خۆپیشاندانەكاندا، هێزە چەكدارەكان بە توندترین شێوە، رووبەرووی مامۆستایان بوونەتەوەو برینداریان كردوون و ئازاریان داون، تا ئاستێك لە ئەنجامی تەقەكردندا مامۆستاش شەهید بووە. بۆ نمونە رۆژی 19/12/2017 مامۆستا (هێرش عومەر)، یەكێك لەبریندارەكانی خۆپیشاندانەكان كە بەتەقەی هێزە ئەمنیەكان لەبەردەم مەڵبەندی كۆیەی یەكێتی برینداربوو، دوای نۆ ڕۆژ مانەوەی لەنەخۆشخانە لەهەولێر شەهید بوو. لەم بارەشەوە هەرچەندە لەدادگای كۆیە سكاڵا تۆمار كراوە، بەمەبەستی سزادانی بكەرانی ئەم تاوانە، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدابێت بێ ئەنجام بووەو تۆمەتباران ئامادە نەبوون بچنە بەردەم دادگا.  ئەمەو توندوتیژی بەرامبەر مامۆستایان هەندێ‌ كات لەلایەن خوێندكاران یا كەسوكاریشیانەوە كراوە، بۆ نمونە لە كانی قرژاڵەی سەر بە پارێزگای هەولێر،  لەلایەن خوێندكارێكەوە لە خوێندگایەكی ناحیەكەدا، هێرشكرایە سەر مامۆستایەك و بەسەختی برینداركرا. لەماوەی رابردوودا چەندین حاڵەتی لەو جۆرە دووبارەبوونەتەوە. یەكێتی مامۆستایانی كوردستانیش هەستی بەم دیاردە خراپە كردووە، هەر بۆیە بۆ  رێكخستنی پەیوەندیەكانی نێوان مامۆستا و خوێندكار و گەڕانەوەی شكۆی مامۆستا لە خوێندنگەكاندا پرۆژە یاسایەكی ئامادە كرد و پێشكەشی پەرلەمانی كوردستانی كرد، بەڵام تا ئێستا ئەو پرۆژەیاسایە كاری لەسەر نەكراوە..  كێشەی وانەبێژ و گرێبەستەكان لەم ساڵانەی ئەم دواییەدا كە دامەزراندنی مامۆستا نەماوە، یا كەم بۆتەوە، بۆ پڕكردنەوەیەی ئەم بۆشاییەو دابینكردنی مامۆستا وەزارەتی پەروەردە هانای بۆ دابینكردنی مامۆستا بردووە بە شێوازی وانەبێژ، بەڵام مامۆستایانی وانەبێژیش بێ كێشە نین، زۆرینەیان لە لادێ دوورە دەستەكاندا وانەدەڵێنەوە، ماوەی 5-6 ساڵە گرێبەستیان بۆ كراوەو بەڵێنیان پێدراوە كە بۆیان بكرێت بە هەمیشەیی، بەڵام تا ئێستاش بۆیان نەكراوە، موچەی ئەو وانەبێژانەی هەڵگری بڕوانامەی دبلۆمن (400000) چوارسەد هەزار و بەكالۆریۆسیش (450000) چوار سەدوپەنجا هەزار دینارە. كە هەم جیاوازی لە موچەكانیاندا هەیە لەگەڵا هاوتاكانیان و هەم بەڵێنی بوون بەهەمیشەییان بۆ جێبەجێنەكراوەو لە دڵەراوكێدان. جگە لەمە كردەی بەناو پاشەكەوتی موچە ئەوانیشی گرتەوە كە موچەكانیان سەرباری كەمی بڕەكەی بوو بە نیوە. گرفتێكی تریش سەرفكردنی كرێی وانەی وانە بێژەكانە كە لە بری مانگانە ساڵی دوو جار (لە وەرزی یەكەم و دووەمی خوێندن) بۆیان سەرفكراوە. بەپێی ئاماری پەروەردە ساڵی خوێندنی 2017-2018 لە سەرجەم هەرێمدا (11136) مامۆستا وەك وانەبێژ گرێبەستیان بۆ كراوە كە لەوانە (4770) ی نێر و (6366)ی لە رەگەزی مێن.  


درەو میدیا:  عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ژمارەیەكی  لە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەكەی لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی كۆبوەوە و رایگەیاند: "گەلەكەمان دوای دەیان ساڵ لە خەبات و تێكۆشان بۆ دەستەبەركردنی مافە رەواكانی، لەم رۆژەدا و لە پێنجی ئازاردا بە سەرۆكایەتی ئەندازیاری راپەرین رەوانشاد نەوشیروان مستەفا لە دەروازەی راپەرین دەستی پێكرد و لە رانیەوە پەرەی سەند و هەمو شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە و لە نەورۆزدا تاجی سەركەوتنی خستە سەر خەباتی گەلەكەمان و هەمو دام و دەزگاكانی رژێمی راماڵی". ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ڕێككەوتنەكەیانی لەگەڵ پارتی بۆ هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەكەی رونكردەوەو وتی: پارتی جەختی لەوە كردووەتەوە نابێت پێیەكیان لە حكومەت و پێیەكیان لە ئۆپۆزسیۆن بێت، "وەفدەكەی گۆڕانیش وتویانە ئەوەمان قبوڵە، بەڵام لەبری ئەوە شەش مانگ دەوەستین بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لابردنی پاشەكەوت و باشكردنی بژێوی خەڵك و دابینكردنی خزمەتگوزاریی." عومەر سەید عەلی دەشڵێت"دوای شەش مانگ ئەگەر زانیمان هیچ هەنگاوێك نییە بە ئاڕاستەی چاكسازی و باشكردنی بژێوی خەڵك، ئەوا گۆڕان وەك لایەنێكی سیاسی و بەشدار لە حكومەت لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆدەبێتەوە، وەك دو لایەنی سیاسی دادەنیشینەوە و دەڵێین ئەوە شەش مانگ تێپەڕی هیچ دەستپێشخەرییەك نیە، بۆیە ئاگاداربن و پێویستە هەنگاو بنرێت، بەڵام شەش مانگی دیكەش دەدەینەوە حكومەت، ئەگەر زانیمان دوای ئەوە هەر هیچ بەرەو پێشچونێك نییە ئەوە ئێمە رادەوەستین و ئینجا دێین قسە بۆ خەڵك و میللەتی خۆمان دەكەین و هەڵوێستی دیكەمان دەبێت، شاندی پارتیش ئەوەی قبوڵ بوە." بەپێی میدیاكانی بزووتنەوەی گۆڕان كە ناوەڕۆكی وتەكانی عومەر سەید عەلییان بڵاوكردووەتەوە، دەربارەی پشكی گۆڕان لە حكومەت، ئەوەی خستووەتەڕوو، "جەختمان كردوەتەوە كە ناماناوێت لەپشكی خۆمان زیاترمان بدرێتێ‌و خێرمان پێ بكرێت، بەڵكو دەمانەوێت بە قەبارەو قورسایی خۆمان لە زاخۆ تا خانەقین بەپێی پرەنسیپی ستونی و ئاسۆیی بەشداربین لە هەمو دام و دەزگاكان و داوای زیاتر ناكەین، ئەوانیش پێیان باش بو." عومەر سەید عەلی دەربارەی پۆستەكانی گۆڕان ئەوەی خستووەتەڕوو، جێگری سەرۆكی هەرێم بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتوە، هەروەها ئەو دەستەیەی بۆ چاكسازی دادەمەزرێت كە بەرپرسەكەی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت دەبێت، لەگەڵ چوار وەزارەت و بریكاری وەزارەتەكانی چوار وەزارەتی دیكە و سێ بەڕێوەبەری گشتیی دیار لەوانە؛ ئەمینداری پێشمەرگە و بەڕێوەبەری گشتییەك لە پەرلەمان یەكێكیش لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە. هەربەپێی رێككەوتنەكە؛ لە وەزارەتەكان بەپێی ئەو (12%)ی گۆڕان هەیەتی بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژكاریان بەردەكەوێت‌و دەبێت لەماوەی سێ مانگدا ئیستیحقاقی خۆیان پێ بدرێت. لەبارەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ یەكێتی، عومەر سەید عەلی باسیلەوە كردووە، چوار رێككەوتنیان لەگەڵ یەكێتی هەیە، دوانیان لەسەر ئاستی حزبیی‌و دوانیان لەسەر ئاستی حكومەتە خۆجێییەكانی سلێمانی‌و هەڵەبجە، بەڵام "یەكێتی هیچیانی جێبەجێ نەكردووە." ڕێكخەری گشتی گۆڕان ئاماژەی بەوەشكردووە، لەم كۆتاییەدا یەكێتی چەند جارێك داوای كۆبونەوەیان لە گۆڕان كردوە، "ئێمە وتومانە ئێوە یەك هەنگاو بنێن، ئیمە ئامادەین، وتومانە لە هەڵەبجە فەرمان بۆ پارێزگار دەركراوە بۆ جێگری پارێزگار و قائیمقامیش دەربكەن كە مافی ئێمەیە با دەست بە كارەكانیان بكەن دوای ئەوە ئێمە ئامادەین بۆ دانیشتن، بەڵام نەیانكردوە." عومەر سەید عەلی، دەشڵێت"دوای چەند كۆبونەوەیەك لەنێوان پارتی و یەكێتی، دوێنێ ڕێككەوتن و لەژێر وێنەی ڕەوانشاد جەنابی مام جەلال واژۆیان كرد، مام جەلال بە ڕەحمەت بێت كە لە ژیاندا بو بە ئامادەبونی ئەو ڕێككەوتنیان لەگەڵ ئێمە كرد و جێبەجێیان نەكرد، ئومێد دەكەین ئەو ڕێككەوتنەی دوێنێ لەژێر وێنەی مام جەلال كردویانە جێبەجێی بكەن بۆ خزمەتی گەلەكەمان."  


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت چارەنوسی زیاتر لە 80%ی كۆی پۆستەكانی كابینەی نوێی حكومەت لەنێوان پارتی‌و یەكێتی‌و گۆڕاندا یەكلابوەتەوە‌و تەنیا چەند وەزارەتێك ماوە كە هێشتا گفتوگۆیان لەسەرە. پارتی دەیەوێت بەر لە جەژنی نەورۆز پێكهاتەی كابینەی نوێی حكومەت رابگەیەنێت، بەپێی بەدواداچوونی (درەو میدیا)، پۆستەكانی كابینەی نوێ بەمشێوەیە بەسەر لایەنەكاندا دابەشبووە: چوار سەرۆكایەتییەكە هەر چوار پۆستە سەرۆكاییەكەی هەرێم (سەرۆكایەتی پەرلەمان- سەرۆكایەتی هەرێم- سەرۆكایەتی حكومەت- سەرۆكایەتی ئەنجومەنی دادوەری) یەكلابونەتەوە. •    پۆستەكانی سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆكی حكومەت پارتی دیموكراتی كوردستان دەیبات، نێچیرڤان بارزانی یەكلابوەتەوە بۆ سەرۆكایەتی هەرێم، مەسرور بارزانیش بۆ سەرۆكایەتی حكومەت. •    پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش یەكلابوەتەوە بۆ یەكێتی نیشتمانی، بڕیارە ئەو حزبە سبەی كاندیدی خۆی لەنێوان هەریەكە لە (بێگەرد تاڵەبانی‌و رێواس فایەق) بۆ سەرۆكی پەرلەمان یەكلابكاتەوە. •    پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان یەكلابوەتەوە بۆ پارتی، سكرتێری پەرلەمانیش بۆ پێكهاتەكان. •    پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم یەكلابوەتەوە بۆ یەكێتی‌و (قوباد تاڵەبانی) كاندیدی بەهێزە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. •    پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری چاكسازی، یەكلابوەتەوە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان، ئەم پۆستە نوێیە‌و لەم كابینەیەدا دروستدەكرێت. •    پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم یەكلابوەتەوە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان‌و (مستەفا سەید قادر) كاندیدی بەهێزە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە، بەڵام دەنگۆی خۆكاندیدكردنی (محەمەد تۆفیق رەحیم)یش هەیە بۆ هەمان پۆست، (درەو میدیا) لەبارەی خۆكاندیدكردنی، پەیوەندی بە محەمەد تۆفیق رەحیمەوە كرد، ئەو خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم رەتیكردەوە. •    پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی، ئەم پۆستەش پۆستێكی نوێیەو لەم كابینەیەدا دروستدەكرێت، ئەم پۆستە نوێیە بۆ یەكێتی یەكلابوەتەوە، زیادكردنی پۆستی یاریدەدەر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، لەبەرامبەر زیادكردنی پۆستی یاریدەدەرە بۆ سەرۆكی حكومەت، كە یەكەمیان بۆ گۆڕانە‌و دووەمیان بۆ یەكێتی. •    پۆستی سەرۆكایەتی دەستەی دادوەری هەرێمی كوردستان، ئەم پۆستە بۆ پارتی یەكلابوەتەوە. بەركەوتی یەكێتی لە وەزارەتەكان بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەو پۆستە وزارییانەی كە تائێستا بۆ یەكێتی نیشتمانی یەكلابونەتەوە بریتین لە (5) وەزارەت‌و چەند دەستە‌و بریكارێك كە ئەمانەن:   •    وەزارەتی كشتوكاڵ •    وەزارەتی تەندروستی •    وەزارەتی شارەوانییەكان •    وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام یەكێتی شەڕی وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ دەكات، واتە ئەمە هیشتا یەكلانەبوەتەوە •    وەزارەتی خوێندنی باڵا، بەڵام پارتی دەیەوێت وەزارەتی پەروەردە بە یەكێتی بدات، واتە ئەمەش هێشتا یەكلانەبوەتەوە •    بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان •    جێگری سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە •    سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران •    چوار ئەندام لە ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان •    جگە لە پۆستەكانی هەرێم، بەپێی رێككەوتنی نێوان پارتی‌و یەكێتی، پۆستی پارێزگاری كەركوك‌و وەزیری دادی عێراق كە پشكی كوردن، بۆ یەكێتی یەكلابوەتەوە بەركەوتی گۆڕان لە وەزارەتەكان لە كابینەی نوێی حكومەتدا، ئەم پۆستە وزاریانە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان یەكلابوەتەوە: •    یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری ئەنجومەنی چاكسازی •    وەزیری دارایی •     وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی •     وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی •   وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە  •    سەرۆكی سندوقی داهاتە نەوتییەكان  •    ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە •    جێگری وەزیری ناوخۆ •    دوو نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە دەرەوەی وڵات  •    بەڕێوەبەری گشتی‌و بەرپرسی دیوانی هەموو ئەو وزارەت‌و دەستانەی كە گۆڕان وەریدەگرێت •    بریكاری وەزیری پەروەردە بەركەوتی پارتی لە وەزارەتەكان دوای لێدەركردنی پشكی یەكێتی‌و گۆڕان، ئەم پۆستانە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان ماونەتەوە: •    وەزارەتی سامانە سروشتییەكان •    وەزارەتی ناوخۆ (یەكلانەبوەتەوە) •    وەزارەتی رۆشنبیری •    وەزارەتی داد •    وەزارەتی كاروباری شەهیدان •    وەزارەتی پلاندانان •    وەزارەتی گواستنەوە‌و گەیاندن •    وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان •    وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە •    وەزارەتی ئەوقاف •     سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە •    سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران •    دەستەی وەبەرهێنان •    دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم •    سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم (پلەكەی وەزیرە) •    راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان (پلەكەی وەزیرە) •    دەزگای گشتی كاروباری مین  •    فەرمانگەی هەماهەنگی‌و بەدواداچوون •    فەرمانگەی میدیا‌و زانیاری •    وتەبێژی حكومەت‌و وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێم بەركەوتی لایەنەكانی تر  پێشبینی دەكرێت پارتی دیموكراتی كوردستان، حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان بەشداری پێبكات لە حكومەت‌و لە پشكی خۆی پۆستی وەزارەتی شەهیدان‌و ئەنفالكراوان یاخود دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بدات بە كەسایەتییەك لە حزبی سۆسیالست.  ئەگەری بەشداریكردنی بزوتنەوەی ئیسلامیش لە حكومەت هەیە، پێدەچێت پارتی لە پشكی خۆی، پۆستێك بەو حزبەش بدات. بڕیارە پێكهاتەكانیش (مەسیحی- توركمان) پۆستێك لە حكومەت وەرگرن، ئەم پۆستەش پارتی لە پشكی خۆی دەیدات.


راپۆرت: بی بی سی وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت فڕۆكەوانی هیندی "ئەبهیناندان فارسامان" كە بەمدواییە پاكستان ئازادی كرد، بووە بە كەسایەتییەكی نیشتمانی‌و ئیلهام بۆ چەندین كاری هونەری‌و ریكلام، ئەوەش بەهۆی شێوازی قژو سمێڵەكەی. سمێڵەكەی كە لە دەسكى ماتۆڕ دەچێت بەجۆرێك بەربڵاو بووە كە زۆرێك لە پیاوانی هیندی دەیانەوێت لەو بچن. ئەو فڕۆكەوانە دوای چەند كاتژمێرێك لە دەستگیركردنی پاش خستەخوارەوەی فڕۆكەكەی لەلایەن هێزەكانی پاكستانەوە، بوو بە پاڵەوانێكی نەتەوەیی. رۆژی هەینی كە گەڕایەوە بۆ ماڵەكەی، وەكو پاڵەوانێك پێشوازی لێكرا. لەوكاتەوە فڕۆكەوانەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ناوبانگی دەركردووە، زۆرێك لە هیندییەكان وەكو سیمبولی ئازایەتی بەباڵایدا هەڵدەدەن. كۆمپانیای (ئەمول) كە بەناوبانگترین كۆمپانیای بەرهەمهێنانی شیرەمەنییە لە هیندستان‌و ریكلامەكانی لەسەر بنەمای ئەو بابەتانە ئامادە دەكات كە لەناو خەڵكدا بەربڵاون، ریكلامێكی لەسەر شێوازی سمێڵی فڕۆكەوانەكە بەرهەمهێنا. ئاهەنگگێڕانی خەڵك بەبۆنەی گەڕانەوەی فڕۆكەوانەكە ئەو سمێڵەی كە لە دەسكى ماتۆڕ دەچێت، لە هیندستان شتێكی غەریب نییە، لە فیلمەكانی بۆلیوددا ئەو جۆرە سمێڵە بەستراوەتەوە بە كەسانی شەڕەنگێزەو ئەفسەرە دڵڕەقەكانی سوپا‌و پۆلیس‌و تەنانەت قاچاخچییە بەدناوەكانیشەوە. بەڵام لەم رۆژانەی دوایدا سومعە بۆ سمێڵ گەڕێندرایەوە‌و ئێستا بووە بە سیمبولی ئازایەتی‌و نیشتمانپەروەری. رۆژی دوو شەممە لە شاری بانگالوری باشور سەرتاشخانەیەك دەرفەتێكی خۆڕایی بۆ هەر كەسێك رەخساند كە بیەوێت وەكو فڕۆكەوانەكە بێت. عیمران قریشی خاوەنی سەرتاشخانەی (نانیش ساكور) بە (بی بی سی) وت:" ئەبهیناندان كاری گەورەی كردووە لە پێناو وڵاتەكەماندا. هەستم بەوە كرد دەبێت هەوڵبدەم هەموو روخسارێك وا لێبكەم كە لەو بچن". سێ كەس سمێڵیان وەكو "ئەبهیناندان" چاككرد، یەكێكیان تیجاس چاودری بوو كە وتی:" ئەو وەكو رێزلێنانێك لە فڕۆكەوانەكە ئەو كارە دەكات"، ئاماژەی بەوەكرد" ئەو كاری زۆری لەپێناو وڵاتەكەماندا كردووە، من ناتوانم ئەو كارە بكەم". تیجاس چاودری دەیەوێت سمێڵی وەكو فڕۆكەوانەكە چاك بكات نافین كومار كە شۆفێری ئەمبوڵانسە، ئەویش وەكو فڕۆكەوانەكە سمێڵی چاككردووە، ئەو وتی:" ئەبهیناندان پاڵەوانێكی راستەقینەیە، بۆیە من سمێڵی خۆم وەكو ئەو چاك دەكەم". زۆر كەس بایەخیان بەو شێوازە داوە، بەڵام تاكهور دەڵێ:" سمێڵی درێژنییە بەو ئاستەی كە بتوانێت وەكو دەسكی ماتۆڕ چاكی بكات، كە پێشی دەوترێت چەك بەدەست"، لەبری ئەوە، زۆرینەی پیاوان قژیان كورتدەكەنەوە، كە ئەو شێوازە لای ئەفسەرانی سوپا ناسراوە. لە چەندین ناوچەی تری وڵات، خەڵكانێك وێنەی خۆیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوكردوەتەوە كە سمێڵی خۆیان وەكو دەسكی ماتۆڕ چاككردووە‌و دەڵێن ئەو شێوازەیان لە فڕۆكەوانەكەوە وەرگرتووە. فڕۆكەوانەكە بووە بە سیمبولی نیشتمانی یەكەمجار رۆژی 27ی شوبات هیندییەكان فڕۆكەوانەكەیان بینی، كاتێك وەزارەتی راگەیاندنی پاكستان پارچە ڤیدیۆیەكی بڵاوكردەوە كە تێیدا فڕۆكەوانەكە بە چاوی بەستراو‌و روخسارێكی خوێناوییەوە دەركەوت، بەڵام دواتر پارچە ڤیدیۆكە سڕدرایەوە. دواتر لە ڤیدیۆیەكی تردا فڕۆكەوانەكە بینرا، كە كوپێك چای دەخواتەوە‌و پەڕۆكە لەسەر چاوی لابراوە‌و وا دەردەكەوێت بارودۆخی باشە، هەروەك ناوی خۆی‌و پلە سەربازییەكەی دەڵێت‌و باسلەوە دەكات "خەڵكی ئەوپەڕی باشورە" بەڵام رەتیدەكاتەوە هیچ وردەكارییەكی تر لەبارەی ئەركەكەی بدركێنێت‌و دەڵێ" پێویست نییە لەوبارەیەوە هیچتان پێ بڵێم". ئەو ڤیدیۆیە بەشێوەیەكی خێرا بڵاوبووەوە، خەڵك ستایشی لەسەرخۆیی‌و ئازایەتی فڕۆكەوانەكەیان كرد، پاش ماوەیەكی كەم هاشتاگی "ئەبهیناندان بگەڕێننەوە" راگەیەندرا، تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر پڕبوو لە نزاكردن بۆ گەڕانەوەی فڕۆكەوانەكە بە سەلامەتی. رۆژی هەینی كاتێك فڕۆكەوانەكە رادەستی دەسەڵاتدارانی هیندستان كرایەوە، خەڵكێكی زۆر بە ئاڵای هیندستانەوە لەسەر سنور لە ویلایەتی پونجاب  كۆبوتەوە. لە زۆرێك لە شارەكانی هیندستان بە هەڵدانی یارییە ئاگرینەكان پێشوازی لە گەڕانەوەی فڕۆكەوانەكە كرا، لەناویاندا شاری دەلهی پایتەخت.


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت پارتی‌و یەكێتی تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە كرۆكی رێككەوتنەكەی ئەمڕۆی نێوانیان بۆ رایگشتی هەرێمی كوردستان بڵاونەكردوەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، یەكێتی پۆستی یاریدەدەری سەرۆكى هەرێم بۆ كاروباری سەربازی وەردەگرێت‌و پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوكیش سپێردراوە بە حكومەتی داهاتووی هەرێم. دوای پێنج مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، دواجار ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی‌و كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان رێككەوتنیان لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ئیمزا كرد. (درەو میدیا) زانیویەتی، لە دوو رۆژی داهاتوودا ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆدەبێتەوە بەمەبەستی پەسەندكردنی رێككەوتنەكە لەگەڵ پارتی‌و یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كە بۆ یەكێتییە. رێككەوتنەكە ! بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵای جیاوازەوە لەناو یەكێتی‌و پارتی دەست (درەو میدیا) كەوتوون، لەبارەی پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم‌و پشكی یەكێتی لە حكومەت، رێككەوتنی ئەمڕۆی نێوان پارتی‌و یەكێتی هیچ شتێكی زیاتری تێدا نییە لەو رێككەوتنەی كە رۆژی (5)ی شوبات لەنێوان هەردوولادا كرا. (درەو میدیا) زانیویەتی، یەكێتی قایل بووە بەو پۆستانەی كە پێشتر لە حكومەت پێیدراوە، واتە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگری سەرۆكی حكومەت‌و پێنج وەزارەت‌و چەند دەستەیەك. تەنیا پەرەسەندنێك كە لە رێككەوتنەكەی ئەمڕۆیدا رویداوە، ئەوەیە، یەكێتی بەنوسراو گەرەنتی "شەراكەتی راستەقینە"ی لە پارتی وەرگرتووە لە پرسی حكومەتداریدا لە هەرێم، بەتایبەتی لە بوارەكانی نەوت‌و پەیوەندییەكانی دەرەوە. گرێكوێرەكەی كەركوك سەبارەت بە پرسی كەركوك كە خاڵی گەورەی ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتی بوو لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێ حكومەتی هەرێمدا، سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، پارتی‌و یەكێتی رێككەوتوون لەسەر ئەوەی چارەنوسی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك، حكومەتی نوێی هەرێم یەكلايی بكاتەوە، بەجۆرێك حكومەتی نوێی هەرێم لەگەڵ بەغداد رێككەوتن بكات لەسەر ئاسایكردنەوەی دۆخی كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان‌و دوای ئاسایكردنەوەی دۆخەكان، پارێزگارێكی نوێ لە یەكێتی بۆ كەركوك هەڵبژێردرێت. واتە لەبارەی دۆخی كەركوكەوە، دواجار پارتی بۆچونەكانی خۆی چەسپاند‌و ئەوەی بۆ یەكێتی ماوەتەوە تەنیا ئەوەیە پارێزگاری داهاتووی كەركوك كەسێك دەبێت لە یەكێتی نیشتمانی، چونكە پێشتر پارتی جەختی لەسەر ئەوە دەكرد دەبێت سەرەتا دۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوە‌و دواتر پارێزگار هەڵبژێردرێت، بەڵام یەكێتی داوای دەكرد دەبێت سەرەتا گرەنتی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك بكرێت. پەرلەمان‌و یەكێتی ! بەپێی رێككەوتنە نوێیەكە، دەبێت لە كورتترین ماوەدا، یەكێتی نیشتمانی كاندیدی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پێشكەش بكات، بۆ ئەوەی پارتی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی بكشێتەوە‌و كاندیدی یەكێتی بەدەنگدان لەناو پەرلەماندا وەكو سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرێت.  كاندیدەكانی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان هێشتا گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە‌و تەنیا (بێگەرد تاڵەبانی‌و رێواز فایەق)ن. سەرۆكایەتی هەرێم (درەو میدیا) زانیویەتی، بەپێی رێككەوتنەكە، لەدوای پێكهێنانی سەرۆكایەتی پەرلەمان (واتە دەستبەكاربوونی كاندیدی یەكێتی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان) یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لەناو پەرلەمانی كوردستانەوە هەموار دەكرێتەوە، كە ئێستا پارتی پرۆژە هەموارەكەی ئامادەكردووە‌و، ئەویش هەمواركردنی ئەو بڕگەیە كە باس لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم دەكات‌و لە هەموارەكەدا داواكراوە سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت. بەگوێرەی رێككەوتنەكەی پارتی‌و یەكێتی، پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی زیاد دەكرێت‌و ئەو پۆستە بە یەكێتی دەدرێت، پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمیش بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت. سەبارەت بە یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم‌و یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، بڕیارە لەهەمان رۆژدا كۆتایی بە كاركردن بەو دوو یاسایە بهێنرێت‌و دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكرێتەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم وەكو خۆی دەمێنێتەوە‌و كەمناكرێنەوە، هەموو ئەم پرۆسەیە بڕیارە لەماوەی كەمتر لە (10) رۆژدا جێبەجێ بكرێت. سەرۆكی نوێی هەرێم، بە دەنگی (دوو لەسەر سێ)ی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان هەڵدەبژێردرێت، ئەمەش لەسەر بنەمای دەستوری عێراق دەكرێت، چونكە هەرێمی كوردستان تائێستا دەستوری نییە. بەڵام ئەگەر زیاتر لە كەسێك خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كاندیدكرد‌و دەنگەكانیان لەناو پەرلەمان یەكسان بوو، ئەوكات بەزۆرینەی سادەی دەنگ كاندیدی سەرۆكی هەرێم یەكلادەكرێتەوە. سەرۆكایەتی حكومەت‌و وەزارەتەكان لەبارەی پێكهێنانی سەرۆكایەتی نوێی حكومەتی هەرێمیشەوە، زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئاماژە بەوەدەكەن، پارتی هەوڵێكی هەیە بۆ ئەوەی بەر لە جەژنی نەورۆز حكومەتی نوێی هەرێم پێكبێت. لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان (قوباد تاڵەبانی) كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، پۆستەكانی تریش لەناو باڵەكانی یەكێتیدا یەكلادەكرێتەوە، بەڵام پێدەچێت كاندیدی پۆستەكانی تر لەناو یەكێتی دوچاری گێرمە‌و كێشە ببێتەوە. لەبارەی وەزارەتەكانیشەوە، یەكێتی لە كابینەی نوێدا (5) وەزارەت وەردەگرێت، یەكێتی تائێستا سورە لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ، یەكلاكردنەوەی پۆستی وەزارەتی ناوخۆ‌و پشكەكانی تری یەكێتی لە حكومەت سپێردراوە بەو كۆمیتە هاوبەشەی كە لە چەند رۆژی داهاتوودا لەنێوان هەردوولادا دروستدەكرێت.  كێشەی بەغداد لەسەر پرسی وەزارەتی دادی عێراق كە پشكی كوردە‌و بەهۆی ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتی تائێستا ئەو وەزارەتە پڕنەكراوەتەوە، مەسعود بارزانی بەڵێنی بە یەكێتی داوە ئەو پۆستە بۆ ئەوان دەبێت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، هەرچەندە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشتر كاندیدی بۆ پۆستی وەزارەتی داد راگەیاندووە، بەڵام پێشبینی دەكرێت دواجار یەكێتی (خالید شوانی) لە پۆستی وەزارەتی داد جێگیر بكات. بەرهەم ساڵح‌و پارتی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، پارتی بەڵێنیداوە بەمزوانە پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق ئاسایی بكاتەوە، كە یەكێك لە خاڵە ناكۆكەكانی نێوان هەردوو حزب بوو، بەوپێیەی بەرهەم ساڵح لە دەرەوەی رێككەوتنی سیاسی نێوان پارتی‌و یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرا.


راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم  یه‌كێتیی خواستیبوو به‌ زووترین كات له‌گه‌ڵ پارتی بگاته‌ ڕێككه‌وتن، به‌ڵام نه‌یده‌توانی، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و مه‌رجانه‌ی له‌كۆبوونه‌وه‌كانی ڕابردوو بۆچوونه‌ حكومه‌ت له‌سه‌رپارتی داینابوو، دوای ئه‌وه‌ی زانی به‌ ته‌واوی ناتوانێت ئامانجه‌كانی بهێنێته‌دی، له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوودا، ده‌ستیكرد به‌ دۆزینه‌وه‌ی ده‌ره‌چه‌ ( مه‌خره‌جێك ) بۆ ده‌ربازبوون له‌و بارودۆخه‌ی تێیكه‌وتووه‌و بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ زیاتر په‌راوێزخستنی، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌س نه‌یده‌توانی له‌و حزبه‌ ئۆباڵی ئه‌ستۆی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ بخاته‌ سه‌ر ملی، رٍێككه‌وتنه‌كه‌ هه‌ر دواده‌كه‌وت، دواجار به‌ڵێنێكی زاره‌كی دوێنێی مه‌سعود بارزانی و كۆسره‌ت ره‌سوڵیان كرده‌ ده‌ره‌چه‌، بۆ ده‌ربازبوون له‌و دۆخه‌و واژۆكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆیان. پارتی و یه‌كێتیی له‌سه‌ر پرسی پۆسته‌كانی حكومه‌ت و په‌رله‌مان و به‌غدا هیچ كێشه‌یه‌كیان نه‌بووه‌، به‌ڵام پرسی كه‌ركوك، واژووكردنی ڕێككه‌وتنی سیاسی نێوانیان دواخستبوو، به‌ڵام دواجار له‌ دوا كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا، یه‌كێتیی نه‌یتوانی ڕێككه‌وتنێكی كۆنكرێتی و دیاریكراو، له‌باره‌ی ناوی پارێزگارو واده‌ی دانانی پارێزگار، به‌ مسۆگه‌ری له‌گه‌ڵ پارتی واژووبكات، ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ له‌ باره‌ی رێككه‌وتن له‌سه‌ر پۆستی پارێزگاری كه‌ركووك، سیغه‌یه‌كی لاستیكی و مه‌تاتیان داڕشتووه‌، میكانیزمیان بۆ هه‌ڵبژاردنی پارێزگاری كه‌ركوك داناوه‌، دووباره‌ ئه‌و پرسه‌ی ده‌سپێردرێت به‌ لیژنه‌، له‌گه‌ڵ گه‌ره‌نتی پێدانی ئه‌و پۆسته‌ به‌ یه‌كێتیی. به‌پێی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی نێوانیان ( جگه‌ له‌ قسه‌ ئینشائییه‌كانی نێو ڕێككه‌وتنه‌كه‌ له‌ باره‌ی كاری هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌یی له‌سه‌ر ئاستی به‌غداو هه‌رێم )، هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ت و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و هه‌رێم خێراده‌بێت، یه‌كێتیش جگه‌ له‌ وه‌رگرتنی هه‌ردوو پۆستی سیادی ( سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت)، پێنج پۆستی وزاری وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام ورده‌كاری ته‌واوی جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ دراوه‌ته‌ كۆمیته‌یه‌كی هاوبه‌ش. ئه‌وه‌ی له‌ ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا هاتووه و زۆر به‌ دڵی یه‌كێتیی نییه‌، برتییه‌ له‌ چاوه‌ڕوانی یه‌كێتیی له‌ پارتی، بۆ كاتی دانانی پارێزگاری كه‌ركوك و ده‌شبێت ئه‌و پرسه‌ بارزانی و كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ یه‌كلایبكه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌وه‌ستێته‌ سه‌ر پابه‌ندبوون هه‌ردوولا به‌ ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ وه‌كو خۆی.


درەو میدیا:  -    بودجەی تەندروستی ( 3 ترلیۆن و 290 ملیار دینار) -    بودجەی كڕینی دەرمان ( 1 ترلیۆن و 500 ملیار دینار)  -    پشكی تاكی عێراق لە تەندروستی ( 125 هەزار دینار) -    بودجەی بەكاربردنی تەندروستی( 2 ترلیۆن و 900 ملیار دینار) -    بودجەی وەبەرهێنان بۆ تەندرووستی( 351 ملیار دینار)  -    ژمارەی كارمەندانی تەندروستی ( 99 هەزارو 630 )  -    


راپۆرتی:  درەو میدیا وەڵامەكانی بارزانی لە ئاستی چاوەڕەوانی وەفدی باڵای یەكێتی نیشتیمانی كوردستان نەبوو، كە ئەمڕۆ لە پیرمام لەگەڵی كۆبونەوە،  مەسعود بارزانی بەغدای بە نیوەناچڵ چارەسەركردوو پرسی كەركوكیشی هەڵپەسارد، چارەسەری بنەڕەتی بۆ كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی پێنەبوو. بە پێی زانیاریەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە دەستی كەوتووە، مەسعود بارزانی هیچ پرسێكی بەتەواوی لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی یەكلا نەكردوەتەوە، تەنها لەسەر هێوركردنەوەی راگەیاندن و گرژییەكانی نێوانیان رێکكەوتوون. بارزانی چی بۆ یەكێتی پێبووە؟ بڕیار بوو ئەمڕۆ وەفدی یەكێتی و پارتی كۆببنەوەو دواتر پێكەوە بچنە لای مەسعود بارزانی، بەڵام بەهۆی سوربوونی یەكێتی لەسەر داواكانی خۆی و نەبوونی چارەسەری بەدیل لەلایەن پارتیەوە، كۆبونەوەكە نەكراوەو دواجار وەفدی باڵای یەكێتی چونەتە لای مەسعود بارزانی لە پیرمام، بارزانی لە گفتوگۆو لێدوانەكانیدا خۆی وەكو مەرجەعێك پیشانداوەو لە هەندێك لە لێدوانەكانیدا بێلایەنانە قسەیکردووە.  ئەوەی هەردوولا لەسەری كۆك بوون، هەوڵدان بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكەو رێگەگرتن لە هەڵمەتی راگەیاندن لە دژی یەكتر بۆ ئەوەی كەشوهەوایەكی گونجاو بڕەخسینن بۆ رێكکەوتنی نێوان هەردوولا، بەڵام لەسەر بەشێك لە پرسەكان هەڵوێستیان جیاواز بووە. پرسی وەزارەتی دادی عێراق لەسەر پرسی پێدانی وەزارەتی دادی حكومەتی عێراق بە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، مەسعود بارزانی بەڵێنی بە وەفدەكەی یەكێتی داوە كە ئەتوانن كاندیدی خۆیان بدەنە عادل عەبدولمەهدی و ئەوان هیچ لاریەكیان نیە و كاندیدیان نابێت و پشتیوانیشی ناكەن، پێشی وتوون كە ئەو وەزارەتە هیچ سودێكی بۆ هەرێمی كوردستان نابێت، بۆیە نابێت ببێتە كێشە لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و تێكچونی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی.   پرسی سەرۆك كۆمار لە پرسی مامەڵەكردنی پارتی لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق ( بەرهەم ساڵح) مەسعود بارزانی نیگەرانی خۆی بە وەفدی یەكێتی راگەیاندووە لەسەر میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق، بەڵام پێشی راگەیاندوون كە پەیوەندیەكانیان ئاسایی دەكەنەوەو وەك یەكەم هەنگاویش هۆشیار زێباریان ناردووە بۆ كۆبونەوە لە سەرۆكایەتی كۆمار، كە ئەمەش سەرەتای ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی پارتیە لەگەڵ بەرهەم ساڵح، لە سەرۆكایەتی كۆماریش هۆشیار زێباری بۆ ماوەی 20 خولەك لەگەڵ بەرهەم ساڵح كۆبوەتەوەو پەیامی ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی پارتی پێگەیاندووە. پرسی كەركوك  لەسەر پرسی كەركوك، مەسعود بارزانی بە وەفدی یەكێتی راگەیاندووە " ناكرێت بە بێ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركوك پارێزگار هەڵبژێردرێت، چونكە بەبێ ئاساییكردنەوەی دۆخەكەو گەڕانەوەی پێشمەرگە، ئەگەر پارێزگار كوردیش بێت دەسەڵاتی ئەوتۆی نابێت"، لەگەڵ ئەوەی وەفدی یەكێتی سوربوونی سەركردایەتی حزبەكەیان راگەیاندووە لەسەر ئەوەی كە دەبێت پارێزگاری كەركوك هەڵبژێردرێت و بۆ یەكێتیش بێت، هەروەها پارتی پێشنیازێكی نوێی خستوەتە بەردەم یەكێتی بۆ كەركوك، ئەویش پێدانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمە بە یەكێتی لەبەرامبەر دواخستنی پرسی پارێزگاری كەركوك، هەرچەندە رەنگە ئەم پێشنیازە بۆ یەكێتی خراپ نەبێت و باڵەكانی یەكێتی لەسەری بوەستن، بەڵام زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی  تا ئێستاش سورن لەسەر ئەوەی كە پارتی بە نوسراو گرەنتی پارێزگاری كەركوك بدات بە یەكێتی، چونكە یەكێتی پێی وایە تاكە دەستكەوتی لەم حكومەتە تەنها بەدەستهێنانی پارێزگاری كەركوكە، پارتیش سەرەرای بیانوی نائارامی كەركوك، گومانیشی لە فراوانبوونی دەسەڵاتی یەكێتی هەیە لە حاڵەتی گرتنە دەستی پارێزگاری كەركوك. رەنگە كەركوك بۆیەكێتی خۆیشی سەرئێشەو ناكۆكی بەداودا بێت بەتایبەتی لە دیاریكردنی كاندیدی پارێزگاری كەركوك كە ئێستا هەرباڵەی ناو یەكێتی كاندیدی نوێ پێشكەشدەكەن. پۆستەكانی هەرێم بەشێكی زۆری سەركردایەتی یەكێتی پێیان وایە كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان هیچ گرنگیەكی نەماوە بۆ یەكێتی و پێویستە لەبەرامبەر سەرۆكی پەرلەمان پۆستی دیكە وەربگرن، بەتایبەت پۆستی سیادی، زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن یەكێتی لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان داوای پۆستی وەزارەتی ناوخۆ و جێگری سەرۆكی هەرێم دەكات، هەرچەندە پارتی بە بەرپرسانی یەكێتیان راگەیاندووە جێگری سەرۆكی هەرێم بەپێی رێكکەوتن دراوە بە گۆڕان و پاشەكشەی لێناكەن، بەڵام رەنگە لە حاڵەتی رازی بوونی یەكێتی بە چونی بۆناو حكومەت پۆستەكان گۆڕانكارییان بەسەردا بێت، چونكە یەكێتی داوای دوو ئەوەندەی ئەو پۆستانە دەكات كە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووە، ( چوار وەزارەت و چوار بریكار و جێگری سەرۆكی هەرێم و یاریدەدری سەرۆكی حكومەت بۆ چاكسازی و دەیان بەرێوەبەر و راوێژكار) . كۆبونەوەی یەكلاكەرەوە؟ بڕیارە سبەی دووشەممە وەفدی یەكێتی و پارتی لە هەولێر كۆببنەوە، ئەگەرچی باس لە كۆبونەوەی یەكلاكەرەوە دەكرێت، بەڵام رەنگە ئەو كۆبونەوەیە درێژە بكێشێت بۆ چەند كۆبونەوەیەكی دیكە، چونكە كۆبونەوەكەی بارزانی و وەفدی یەكێتی كێشەكانی بەتەواوی ( حەسم )نەكرد، ئێستا لەبەردەم كۆبونەوەی سبەی وەفدی باڵای یەكێتی و پارتی چەن پرسێك ئامادەیە بۆ یەكلاكردنەوە لەوانە:  •    پرسی بارودۆخی كەركوك و یەكلاكردنەوەی پارێزگاری كەركوك  •    پرسی هاوبەشی راستەقینەی یەكێتی لە حكومەت  •    پرسی بەركەوتەی یەكێتی لە حكومەت و پەرلەمان  •    پرسی میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم  •    پرسی بەغداو سەرۆك كۆمار  •    پرسی میكانزمی رێكکەوتنی سیاسی نێوان هەردولا  بەڵام ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە هەردوولا بگەنە رێكکەوتن و چارەسەری مامناوەند بۆ پرسەكان بدۆزنەوە، چونكە هەردوولا ماندووبون لەوەی ناتوانن یەكتری بخەن و ناشتوانن بەبێ یەك حكومەت پێكبهێنن و سەرەرای فشاری نێودەوڵەتی ( ئیران – ئەمریكا) لەسەر هەرێم بۆ رێكکەوتن، بەرژەوەندییە سیاسی و ئابورییەكانی نێوان هەردوولاش زۆر لەوە زیاترن كە لێكبترازێن.      



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand