Draw Media

واشنتۆن خۆی بۆ جەنگێكی نوێ‌ لە عێراق ئامادە دەكات

واشنتۆن خۆی بۆ جەنگێكی نوێ‌ لە عێراق ئامادە دەكات

2020-03-30 14:23:39


راپۆرتی: درەو
عادل عەبدولمەهدی جوڵەی فرۆكەكانی ئەمریكا لە ئاسمانی عێراق بە ئاماژەیەكی ترسناك دەزانێ‌و، هۆشداریدەداتە واشنتۆن لەئەگەری ئەنجامدانی كاری سەربازی دژی گروپە چەكدارەكانی سەر بە حەشدی. هەندێك لە شارەزایانیش دەڵێن، كشانەوەی دبلۆماتكاران‌و سوپای ئەمریكا لەهەندێك لەبنكە سەربازییەكانی عێراق هیچ پەیوەندییەكی بەكۆرۆناوە نییە، بەڵكو لەچوارچێوەیەی ئامادەكارییەكاندایە بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی بەرفراوان بۆ سەر بنكەو بارەگاكانی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران. 
پەیامەكەی (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عێراق بۆ سوپای ئەمریكا، وەشاندنی گورز و ئەنجامدانی كاری سەربازی دژی گروپە چەكدارە شیعییەكانی عێراق لە ئەگەرو گومانەوە كردە واقیع، ڕەنگە ڕوودانی تەنها مەسەلەی كات بێت.
 (عەبدولمەهدی)، كە لەدوای شكستهێنانی (محەمەد تۆفیق عەلاوی) ڕاسپێردراوی پێشوو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقەوە زیاتر دەردەكەوێت‌و، بەناوی سەرۆك وەزیران‌و فەرماندەی هێزە چەكدارەكانەوە سەرۆكایەتی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دەكا‌و، بەیاننامە دەردەكات. لە تازەترین بەیاننامەیدا هۆشداریداتە سوپای ئەمریكا لەئەنجامدانی هەر كارێكی سەربازی ڕێپێنەدراو و، بەرپرسیارێتی كردنە ئامانجی بەرژوەندییەكانی‌و دروستبوونی مەترسی لەسەر ژیانی سەربازەكانی ئەمریكایش لە عێراق دەخاتە ئەستۆی واشنتۆن.


نەشیش بسوتێ‌‌و نەكەباب
(عەبدولمەهدی) لەبەیاننامەكەیدا هەوڵیداوە بەیەك دووری لەلایەنە ناكۆكەكان بوەستێت. لەسەرەتای بەیاننامەكەیدا دەڵێت: "ئەو كارە نایاسایی‌و نابەرپرسیارانەی كە هەندێك ئەنجامیدەدەن لەكردنە ئامانجی بنكە سەربازییەكان‌و  نوێنەرایەتی بیانی، كردنە ئامانجی سەروەری عێراقەو، دەستدرێژیكردنە سەر دەوڵەتی عێراقە بە حكومەت‌و گەلەكەیەوە، كارێكی ئیدانەكراوەو هەموو ڕێوشوێنەكان بۆ بەسزاگەیاندنی بكەرانی دەگرینەبەر". تائێرە (عەبدولمەهدی) مەبەستی ئەو گروپە چەكدارانەیە كە پەلاماری بنكە سەربازییەكانی سوپای هاوپەیمانان دەدەن.
بەشی دووەمی پەیامەكەی هۆشدارییە بۆ ئەمركییەكان‌و تێدا دەڵێت:" بەنیگەرانییەوە بەدواداچوون بۆ ئەو زانیارییانە دەكەین كەهێزەكانمان بەدیدەكەن لەفڕینی فرۆكەی ڕێپێنەدراو لەنزیك ناوچە سەربازییەكانی سپایكەرو سەربازگەی شوهەداو لەدوزو فرۆكەحانەی حلێوەو سەربازگەكانی شەرەف‌و مەنسورییە، هۆشداریدەدەین لەئەگەری ئەنجامدانی كاری سەربازی دژو ئیدانەكراو،كە ڕێگەیان پێنەدراوە". 
(عەبدولمەهدی) لەماوەی ڕابردوودا، ڕوبەڕووی ڕەحنەی توندی هێزە عێراقییەكان بەگشتی‌و هێزە شیعییەكان بەتایبەتی بوەوە، بەكەسێكی لاوازو بێدەسەڵات وەسفكرا لەئاستی هێرشە ئاسمانییەكانی سوپای ئەمریكا بۆسەر گروپە چەكدارە شیعییەكان. ئەو جگە لەوەی ترسی گەورەی هەیە ئەمریكا گەڕێكی تری هێرشی ئاسمانی بۆسەر گروپە چەكدارە شیعییەكان لەعێراق ئەنجامبدات‌و ئاڵۆزبوونی دۆخی ئەمنیش بچێتە سەر كێشە كەڵەكەبووەكانی تر، دەشوێت  خۆی بەدوور بگرێت لەهەر ڕەخنەیەك لەكاتی ئەجامدانی هێرشێكی لەوشێوەیە ڕوبەڕووی بكرێتەوە، ڕەنگە ئاگاداركردنەوەیەكی پێشوەختی گروپە چەكدارەكانیش بێت بەوەی هێرشی ئەمریكی بەڕێوەیە. 


متمانەی بە بەغداد نییە
چاوەڕواندەكرا، دوای مووشەك بارانكردنی سەربازگەی تاجی لەلایەن گروپە چەكدارە شیعییەكان بۆ جاری دووەم لەناوەڕاستی ئەم مانگە، سوپای ئەمریكا وەڵامێكی توندی ئەو گروپانە بداتەوە، بەڵام بەڵێنەكانی حكومەتی بە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لەهێرشەكەو ڕادەستكردنی تۆمەتباران بەدادگا بووە هۆی ئەوەی ئەمریكا وەشاندنی گورزە سەربازییەكەی دوابخات.
لە چەندڕۆژی ڕابردوودا، بەرپرسانی ئەمریكا لەوەزارەتی دەرەوەو بەرگری لە لێدوانەكانیان بۆ میدیاكانی وڵاتەكەیان بێهیوای خۆیان لە هەوڵەكانی حكومەتی عێراق بۆ بە سزاگەیاندنی بكەرەكانی هێرشەكە پیشانداوەو، ڕاشكاوانە ئاماژەیان بە ئەنجامدانی ئامادەكاری كردووە بۆ وەشاندنی گوزری سەربازی‌و پەلوپۆكردنی جوڵەی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران لە عێراق.
بەگوێرەی زانیارییەكانی ڕۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمریكی، كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر بڵاویكردەوە: وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) فەرمانیكردووە بە سەركردە سەربازییەكانی پلانی توندكردنەوەی شەڕ بۆ لەناوبردنی ڕێكخراوە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران لە عێراق دابڕێژن. 


پارێزارو نەبوون
پەیامەكەی (عادل عەبدولمەهدی)لەكاتێكدایە،  ڕۆژی هەینی ڕابردوو، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، داوای لەفەرمانبەرە نا سەرەكییەكانی كرد باڵیۆزخانەی ئەمریكاو كۆنسوڵخانەكەی هەولێر بەجێبهێڵن، بەهۆی دۆخی ئەمنی‌و ڕێوشوێنەكانی قەدەغەكردنی گەشتكردن بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرنا. 
هاوكات دوێنێ یەكشەمەش، سوپای ئەمریكا‌و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بنكەی سەربازی (كەی وەن) لەكەركوك كشانەوە، كە سێیەم بنكەی سەربازییە دوای بنكەكانی ( قائیم‌و گەیارە) لەماوەی چەندڕۆژی ڕابردوودا چۆڵیانكردو ڕادەستی سوپای عێراقیان كردەوەو، سەربازەكانیان لەهەردوو بنكەی (حەریرو عەین ئەسەد) جێگیركرد كە بەدوو بنكەی بەهێزو پارێزراو دادەنرێن.
بەبۆچوونی شارەزایانی دۆخی عێراق، ئەوسێ بنكەیەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا سوپای ئەمریكا چۆڵیانكردووە، هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لەڕووی ئەمنییەوە پارێزراونەبوون‌و بە ئاسانی دەكرانە ئامانج، ئەوەش وەك ئاماژەیەك لێكدەدەنەوە، كە ئەمریكا بەنیازە هێرشە سەربازییەكانی بۆ سەر گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران دەستپێبكات. 


جوڵە ئاسمانییەكان ئاسایی نین
بەگوێرەی سەرچاوە سەربازییەكانی عێراق چالاكییە ئاسمانییەكانی ئەمریكا لەڕۆژی 26 ئەم مانگەوە لەناوچەكانی خۆرئاوای عێراق‌و ناوەڕاست‌و باكور چڕتر بوونەتەوەو، لەلایەن هێزی بەرگری ئاسمانی عێراقەوە چاودێری كراوە.
بەقسەی ئەوان، پێناچێت ئەو چالاكییانە پەیوەندی بە جەنگی دژی تیرۆر هەبێت ، بەڵكو بۆ چاودێریكردنی جوڵەی گروپە چەكدارەكانی سەر بەحەشدی بووەو ترسی ئەوەیە هەیە ئەو چالاكییانە ئاسمانیانە سەرەتای نۆڕین بێت بۆ جێبەجێكردنی گورزی ئاسمانی‌و كردنە ئامانجی پێگەو سەركردەكانی گر وپە چەكدارەكان كە واشنتۆن بە بەرپرسیاری كردنە ئامانجی بەرژوەندییەكانی دەزانێت لە عێراق.
لەدواین ڕۆژی ساڵی 2019 فرۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا، ژمارەیەك بنكەو بارەگای كەتائیبی حزبوڵای عێراقیان لەقەزای (قائیم)ی سەر بەپارێزگای ئەنبار كردە ئامانج، لەكاردانەوەی ئەو هێرشەدا لایەنگرانی حەشدی شەعبی لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغداد خۆپیشاندانێكی فراوانیان ڕێكخست، بەرەبەیانی رۆژی 3 كانونی دووەمی 2020 فرۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا لەڕێگای فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد (قاسم سولەیمانی) فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران‌و (ئەبو مەهدی موهەندیس)جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی_یان كوشت، بەوەش ململانێكانی نێوان ئەمریكاو گروپە چەكدارەكانی سەربە حەشدی شەعبی لەلایەك‌و ململانێی واشنتۆن‌و تاران لەعێراق پێینایە قۆناغێكی توندترو، بەوەش عێراق بووەتە گۆڕەپانێكی كراوەی بەریەكەوتنی بەردەوامی ئەو هێزانەو، لەهەر ئان‌و ساتێكدا ئەگەری تەقینەوەی دۆخەكە چاوەڕوانكراوە.  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand