راپۆرتی: درەو میدیا ساڵی رابردوو دروست لە 3/5/2018 لەو كاتەی ئاسمانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەرووی توركیا داخرابوو، شاسوار عەبدولواحید لە بەریتانیاوە دەگەڕێتەوە فڕۆكە خانەی بەغدا و لەوێشەوە بۆ فرۆِكەخانەی نێو دەوڵەتی سلێمانی، كاتێك دەچێتە شوێنی چێككردن، "بە وتەی كەسێكی نزیكی شاسوار عەبدولواحید" یەكسەر شاسوار عەبدولواحید بەرێدەكەن و نەچێكی پاسپۆرتی بۆ دەكەن نە پەنجە مۆر و نە وێنەی دەگرن بە پێچەوانەی سەرنشینانی ترەوە". شاسوار عەبدولواحید بە كارمەندی ئاساییشی فڕۆكەخانە دەڵێت:" بۆچی چێكی پاسپۆرتم بۆ ناكەن، چونكە ناوبراو گومانی لا دروست دەبێت لەوەی دواتر كێشەی بۆ دروست بكەن، كارمەندەكان پێی دەڵێن نایەوێت، لەو كاتەدا دەمە بۆڵە دروست دەبێت لە نێوان هەردوولادا، بە وتەی كارمەندانی فڕۆكەخانە شاسوار عەبدولواحید ئیهانەی كردون وەك لە سكاڵاكەدا هاتووە، بەڵام كەسە نزیكەكانی دەڵێن شاسوار عەبدولواحید تەنها پێی وتوون ئێوە دەتانەوێت كێشەم بۆ دروست بكەن و من لە سەرو خۆتان لە بەغداو لە هێڵی فڕۆكەوانی عێراق سكاڵاتان لەسەر تۆماردەكەم". تۆماركردنی سكاڵا شاسوار عەبدولواحید دوو سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە یەكێكیان كارمەندی ئاسایشی فڕۆكەخانەی سلێمانیە كە شاسوار عەبدولواحیدی تۆمەتباركردووە بەوەی قسەی پێ وتووەو ئیهانەی كردووە، ئەوی تریان كارمەندێكی ( كۆمپانیای ئەزمەڕ ئێرلاین)ە كە شاسوار عەبدولواحیدی تۆمەتباركردووە بەوەی پاڵی پێوەناوە لەناو فڕۆكەخانەدا. رێباز مەحمود، پارێزەری شاسوار عەبدولواحید بە ( درەو میدیا) راگەیاند" شاسوار عەبدولواحید دوو سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە، یەكەمیان سكاڵایەكە بە مادەی ( 229 ) كە تایبەتە بە ئیهانەكردن بە كارمەدانی گشتی دەوڵەت، لەسەر ئەم سكاڵایە دادوەر بە بارمتەی ( 1 ملیۆن دینار) شاسوار عەبدولواحیدی ئازادكرد". لە دەقی مادەی 229 ی یاسای سزادانی عێراقیدا هاتووە" هەر كەسێك ئیهانە یان هەڕەشە لە فەرمانبەر یان هەر كەسێك راسپێدرابێت بۆ كارێكی گشتی(مكلف بخدمە عامە) بكات، ئەوا سزادەدرێت بە بەند كردن( حبس ) كە زیاتر نەبێت لە دوو ساڵ و غەرامە كردنی كە زیاتر نەبێت لە دوو سەد دینار". سكاڵای دووەم بە پێی مادەی ( 434 ) ی یاسای سزادانی عێراقیە كە تایبەتە بە دەمە بۆڵە( جنێودان) لە نێوان دوو كەسدا، ئەمەش لە مادە ئاسانەكانە، هەربۆیە بە پێی ئەو مادەیە شاسوار عەبدولواحیدیان دەستگیركرد، بیانووی دەستگیركردنەكەش ئەوەیە كە بنكەی پۆلیسی فڕۆكەخانەی سلێمانی كە سكاڵاكان لەوێ تۆماركراون" دەڵێن چەندجارێك ئاگاداركردنەوەیان ناردووە بۆ شاسوار عەبدولواحید و كەس لێی وەرنەگرتوون، بەڵام پارێزەرەكەی دەڵێت شوێن و ناونیشانی شاسوار عەبدولواحید دیارەو كەس ئاگاداركردنەوەی نەهێناوە. هەروەك لە راگەیەنراوەكەی دادگای سلێمانیدا هاتووە" لە مانگی 5/2018 وە دادگا بانگهێشتنامەی ئاراستەی شاسوار عەبدولواحید كرد، بەڵام بەڕێزیان ئامادەنەبوو بێتە بەردەم دادگا و بەدەم بانگهێشنامەكەوە نەهات, بۆیە دادگا بەپێی یاسا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ناوبراو دەركرد" لە دەقی ماددەی (434) لە یاسای سزادانی عیراقیدا هاتووە كە" تاوانی (جنێودان)بریتیە لەوەی كەسێك قسەی وەها بە یەكێك بڵێت كە ئابڕووی یان پێگەی لەكەدار بكات یان هەستی بریندار بكات هەرچەندە ڕووداوێكی دیاریكراوی نەدابێتە پاڵ". ئێستا شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ براوە بۆ زیندانی گرتنو گواستنەوەی ( مەعەسكەر سەلام) و بڕیارە سبەی بهێنرێتەوە بۆ بەردەم دادوەری لێكۆڵێنەوەی ئاسایش، كە پێشتر دادوەر بە پارێزەرانی شاسوار عەبدولواحیدیان راگەیاندبوو با بێتە بەردەم دادگاو بە كەفالەت ئازاددەكرێت چونكە مادەكانی سوكە. هەربۆیە شاسوار عەبدولواحید كاتژمێر 9:30 خولەكی بەیانی لە ماڵەكەی خۆی بەرەو دادگای سلێمانی بەرێكەوتووەو چوەتە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی لەوێ دەستگیركراوەو براوە بۆ بنكەی پۆلیسی فڕۆكەخانەی سلێمانی و لەوێشەوە بۆ زیندانی گرتنو گواستنەوەی ( مەعەسكەر سەلام). لەتیف شێخ مستەفا دادوەری دەستلەكاركێشاوە لە نوسێنێكدا لە پەیجی تایبەتی خۆی دەڵێت" مادەی ٤۲٤ لە یاسای سزادان سزاكەی لە ساڵ كەمترە وتاوانی جۆری كەتنی سادەیە و پێویستە (واجبە ) لەسەر دادوەر یەكسەر بەكەفالەت بەری بدات بەگوێرەی مادەی۱۱٠لەیاسای بنەمای دادگەریە سزاییەكان و دەشێ هەر بەبەڵێن نامەی كەسی بەربدرێ بەتایبەتی ئەگەر تۆمەتبار كەسێكی ناسراو بێت و ترس لە ڕاكردنی نەبێت ،گرنگیش نیە بە پیر تەبلیغەكەوە نەچوبیت و فەرمانی گرتنی بۆ دەرچوبێت ،بەتایبەتی دەبێ ئەوەش بزانرێت كە تەوقیف ئیجرائیكی ئیحتیاتیەو سزا نیە ،باشە پرسیارەكە ئەوەیە بۆ چەند مانگە ئەو فەرمانە جێبەجێ نەكراوە و پشت گوێ خراوە ئایا تۆمەتبار هەر لەم شارە نەبوە ؟بۆ ئیستا جێ بەجێ دەكرێ دوای ئەوەی تۆمەتبار هەندێ قسەو ڕەخنەی سیاسی توند بە دەسەڵاتداران دەڵێت چۆن ئیتر خەڵك قەناعەت بكەن كە دادگا بەكار نایەت ؟" بەرپرسانی نەوەی نوێ گومانیان هەیە بەرپرسانی نەوەی نوێ گومانیان هەیە لە شێوازی دەستگیركردنی سەرۆكەكەیانە و پێیان وایە " دەستگیركردنەكەی سیاسییە نەك یاسایی". فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە" دەستگیركردن و زیندانیكردنی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سیاسییە نەك یاسایی". بەشێكی دیكەی بەرپرسانی نەوی نوێ پێیان وایە دەستگیركردنی، بەشێكی هەوڵێكە بۆ شكاندنی كەسێتی شاسوار عەبدولواحیدو بەشێكیشی بۆ رێگریە لە كاروچالاكییەكانی بەتایبەتی كە بڕیاربووە سبەی دووشەممە لە بەغداد لەگەڵ بەشێك لە سەركردە باڵاكانی عێراق كۆببێتەوەو دووسبەی سێشەممەش لە پەرلەمانی بەریتانیا كۆڕێك سازبكات سەبارەت بە بارودۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان. رەنگە بە حوكمی پۆستەكەی دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید بەرگێكی سیاسی وەرگرتبێت و هەموو لێكدانەوەكان بە ئاراستەی دیوە سیاسیەكەی دەڕەوات، كە لە پاڵ ئەو لێكدانەوەیەی كە دەوترێت بۆ تێكشكاندنی كەسێتی سیاسی شاسوارعەبدولواحیدە، لێكدانەوەیەكی تر دەڵێت دەستگیركردنەكەی هەولێكە بۆ زیاتر گەورەكردن و ناساندنی شاسوار عەبدولواحید. دادگا بێدەنگی دەشكێنێت هەرچەندە بەرپرسانی نەوەی نوێ پێیان وایە دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید پەیوەندی بە هەڵوێست و قسەو لێدوانەكانیەوە هەیەو كەیسەكەی سیاسییە نەك یاسایی، بەڵام لە رونكردنەوەیەكدا دادگای سلێمانی رایدەگەیەنێت " فەرمانی دەستگیركردنی هاوڵاتی (شاسوار عەبدولواحید) پەیوەندی بە پۆستەكەیەوە نییە وەكو سەرۆكی پارتێكی سیاسی، بەڵكو لەسەر دوو سكاڵایە كە دژی خودی خۆی تۆماركراون، دوای ئەوەی بەدەم بانگهێشتی دادگاوە نەهاتووە" رونكردنەوەكەی دادگا ئەوەشی خستوەتەروو كە شاسوار عەبدولواحید بەشێوەیەكی كاتی راگیراوە" لە دۆسیەی سكاڵای دوو كارمەندەكەی ئاسایشی فڕۆكەخانە كە مادەی (۲۲۹ لە یاسای سزادانی عێراقی) بۆ دانراوە، تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە بە كەفالەت ئازاد كراوە، و لە دۆسیەی كارمەندی كۆمپانیاكە كە مادەی (٤۳٤ لە یاسای سزادانی عێراقی) بۆ دانراوە، تۆمەتبار بەشێوەیەكی كاتی ڕاگیراوە"
راپۆرتی: درەو میدیا - ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان بەشی دووەم یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی قوتابخانەكانی هەرێم كێشەی زۆری خوێندكارە لە پۆلێكدا كە لەگەڵ ستاندارە نێودەوڵەتیی و زانستییەكاندا یەكناگرێتەوە، لە كۆی ( 1 ملیۆن و 741 هەزار و 764 ) قوتابی ( 68 هەزارو 91 ) پۆلی خوێندن هەیەو كە ( 5 هەزارو 234 ) قوتابخانە كە پۆلەكان بە شێوەی نادادپەروەر قوتابیەكان بەسەر پۆلەكان دابەشبوون، هاوكات ( 716 ) قوتابخانە نەبەستراونەتەوە بە ئاوی پاكەوە و گرفتی ئاوی خواردنەوەیان هەیە. لە ( 5 هەزارو 234 ) قوتابخانە ( 159 ) قوتابخانەی تەوالێت ( W.C ) ی نیە بۆ قوتابیەكان و ( 350 ) قوتابخانەی تەواڵیتی بۆ مامۆستا نیە، هەروەها ( 2 هەزارو 411 ) قوتابخانە باخچەی نیە بەرێژەی ( 46%). زۆری ژمارەی خوێندكار لە پۆلێكدا بەپێی سیستمی نوێی خوێندن دەبێت هەر پۆلێك لە (15-40) خوێندكاری زیاتر تیادا نەبێت، بەڵام ئەوەی ئێمە تێبینیدەكرێت بەهۆی ژمارەی زۆری خوێندكاران و كەمی پۆلەكانەوە ئەم ستاندارە جێبەجێ نەكراوە، زۆر قوتابخانە هەیە پۆلەكانیان 50-60 خوێندكاری تیادایە و ئەمە لەگەڵ هیچ پێوەرێكی پەروەردەییدا ناگونجێت، كە بێگومان ئەم ژمارە زۆرەش دەبێتە مایەی ئەوەی كە فەوزا لە پۆلەكەدا هەبێت و مامۆستا نەتوانێت بەباشی وانەكە بگەیەنێت و نەتوانێت وەك پێویست چاودێری خوێندكارەكان بكات لە فێربوون و تێگەیشتنیان لە وانەكە. بێگومان ئەم حاڵەت زۆرتربووە كەمتر نەبوە، بەتایبەت بەهۆی بارودۆخی ئەم چەند ساڵەو نەكردنەوەی قوتابخانەی نوێ ئەوەش هێندەی تر كاری مامۆستای قورستركردوە پڕۆسەی فێركردنی هێندەی تر دواخستوە. ئاماری پێنج ساڵی رابردووی ژمارەی خوێندكاران لە پۆلێكدا: پاكوخاوێنی لە قوتابخانەكاندا ژمارەیەكی زۆر لە قوتابخانەكان لەڕوی پاكوخاوێنییەوە وەك پێویست نین. چ ژووری پۆلەكان، یا دیوارەكان یا گۆڕەپانەكانی، ئەمە جگە لە توالێتەكان كە هەر باس ناكرێت. ئەمە هەم دیمەنێكی ناشیرینە و هەم دەبێتە مایەی بڵاوبوونەوەی جۆرەها نەخۆشی، هەم دەبێت بە كلتورێكیش لای ئەو مناڵانە كە گرنگی بە پاكوخاوێنی نەدەن. ئەوەش سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە پەروەردە غیابە لەناو قوتابخانەكانی ئێمەدا، هەر بۆیە دەبێت پەروەردە پێش فێركردن بێت. گرفتی گەورە سەرەتا لەقۆناغی بنەڕەتی و گرنگی نەدانی پێویست بەهۆشیاری پاك راگرتنی ژینگەو خاوێنی قوتابخانە دەستپێدەكات، تا لەقۆناغی ئامادەیی دەگاتە ئەوەی رۆژانە بن رەحلەو سەر پەنجەرەو قادرمەو بن دیوارو ژوورەكان، پڕ دەكرێن لەپاشماوەی قوتووی ئاوو بیبسی و كاغەزو سەمون. ئەم حاڵەتە ئەوە دەهێنێت كاری پەروەردەیی جدی بۆ بكرێت. لە راستیدا گرنگیدان بەهەستی بەرپرسیارێتی پاك راگرتنی قوتابخانەو بایەخدان بە كاری هەرەوەزی، ئەركێكی سەرەكی پرۆسەی پەروەردەو فێركردنە. بۆ ئەو مەبەستە دەكرێت قوتابیان و تێكڕای ستافی مامۆستایان، بە بەرێوەبەرو جێگرەكانییەوە، بەشداربن لە شوشتنی ژورو پۆل و راوەوەكان و خاوێنكردنەوەی قوتابخانە، دەكرێت لە ساڵەكەدا چەند رۆژێك بۆ كاری پاكردنەوەی قوتابخانە، بە شێوەی كۆمەڵ، دیاری بكرێت و بخرێتە بەرنامە یان ساڵنامەی قوتابخانەكەوە، نەك هەر پشت بەستن بەتاقە خزمەتگوزارێك. گرفتی ئاوی خواردنەوە ئاوی خواردنەوە یەكێكە لە مافە سەرەتاییەكانی هەر خوێندكارێك كە پێویستە لە قوتابخانەكاندا بۆی دابین بكرێت، بەڵام بەشێكی زۆر لە قوتابخانەكان، بە تۆڕی ئاوی پاكەوە نەبەستراونەتەوە و نەبوونی ئاوی پاك بۆ خواردنەوە لە خوێندگاكاندا گرفتێكی ترە. ئەو قوتابخانانەش كە بەتۆڕی ئاوی خواردنەوەوە بەستراونەتەوە، وەك پێویست نییە، یا ئاوەكە پاك نییە یاخود شوێنی دابینكردن یا بەكارهێنانی ئاوەكە و تانكی سەربانی قوتابخانەكان وەك پێویست نین و پاك نین، مەرجی سەرداپۆشین و پارێزگاریشیان تێدا نییە، كە هۆكاری پیسبوونی زیاتری ئاون، تانكی ئاوەكان ساڵانە پاكناكرێنەوە، ئەمەش كاریگەری لەسەر تەندروستی ئەو مناڵانە دەبێت. خۆ ئەگەر لیژنەیەك بچێت پشكنین بۆ تانكی ئاوەكان بكات، ئەوسا دەزانێ چ میكرۆبێك لەنێو ئەو تانكییانەدایە، هەندێك لە قوتابخانەكان چەندان ساڵە تانكییەكانیان پاك نەكردووەتەوە. بەپێی ئامارێك 13.6%ی قوتابخانەكانی هەرێم لە ئاوی خواردنەوە بێبەشن. لەم خشتەیەدا بۆمان دەردەكەوێت كە چەند قوتابخانە بە تۆڕی ئاوی پاكەوە نەبەستراونەتەوە: گرفتی توالێت و دەستشۆر شوێنی دەست شۆردن و توالێتەكانی زۆربەی قوتابخانەكان پاك نین و شایەنی بەكار هێنان نین و هیچ مەرجێكی تەندروستیان تێدا نیە, ئەمەش هەم دەبێتە مایەی بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی و هەم نەنگییە بۆ دەزگایەكی رەسمی و پەروەردەیی شوێنی تەوالێت و دەستشۆرەكانی بەم شێوازە بێت. كە دواجار كاریگەری لەسەر خوێندكارەكان بەشێوەیەك دەبێت كە پەروەردە نەبن. لەو قوتابخانانەشدا كە تەوالێت هەیە ژمارەیان كەمە، قوتابخانەیەك ئەگەر 500 قوتابی هەبێت، چۆن دەكرێت لە پشوویەكی 5 خولەكیدا ئەو ژمارەیە بە 5 یان 6 تەوالێت رابگەن؟! دەستشۆریش هەمان شت. لەم خشتەیەدا دەردەكەوێت كە تەنانەت چەندان قوتابخانە تەوالێتیان نیە: ساردی و گەرمی قوتابخانەكان ژینگەی زۆربەی قوتابخانەكان لەڕووی ساردی و گەرمیەوە بۆ منداڵان گونجاو نیە، لە وەرزی هاوینا گەرم و تاقەت پڕوكێنە و هۆكارەكانی فێنككردنەوە نین و گەر هەشبێت وەك پێویست نیە، لە وەرزی زستانیشا ساردە، بەشێك لە پۆلەكانی خوێندن شوشەی پەنجەرەكانیان شكاوەو ئەمەش دەبێتە مایەی ساردی زیاتر. یان هۆی گەرم كەرەوەیان نیە یان زۆپاكان شكاون یان نەوت و پلیتەیان تیانیە، بەگشتی ئەمانە دەبنە مایەی ئەوەی منداڵا لە قوتابخانە بێزار بێت. لەلایەكی تریشەوە حكومەت و وەزارەت وەك پێویست سوتەمەنی بۆ قوتابخانەكان دابین ناكەن، لەم خشتەیەدا هۆكارەكانی گەرمی و فێنك كەرەوەمان بۆ دەردەكەوێت: گرفتی كارەبا لە قوتابخانەكاندا پێویستە قوتابخانەكان بەردەوام كارەبای نیشتمانییان هەبێت، بەڵام كارەبا وەك پێویست نیە و ئەو ئامێرانەش كە بە كارەبا كار دەكەن لەو كاتانەدا لە كار دەوەستن. ئەمەش بوەتە مایەی ئەوەی خوێندكاران لە وەرزی گەرمادا لە خوێندن بێزار بن. وە لەوەرزی زستانیش لەبەر سەرما و هەڵا لەرزینیان نەتوانن بەباشی لەپۆلدا دابنیشن. ئەم گرفتە وایكردووە، ئەگەر كەش هەور و باراناوی بێت، ژوورەكان بەتەواوی تاریكدابێن، بەتایبەت لە دەوامی ئێواران، مامۆستا ناچارە خوێندكاران ڕەوانەی ماڵەوە بكاتەوە. ئەمەش دەبێتە تەگەرە لەبەردەم تەواوكردنی پرۆگرامی خوێندن. زۆر قوتابخانە دەوامی ئێواران بەتایبەتی وەرزی زستان هەر لەكاتژمێر 3ی دوای نیوەڕۆوە، كە كارەبا نەبێت، ژوورەكان تاریك و نوتەكن، گرفتی نەبوونی كارەبا فرە رەهەندەو زۆر ئیشوكاری پێویستی قوتابخانەی پەكخستووە، چارەسەر ئەوەیە لەبیری ئاوی گەڕەكەكان كە خەتی هەمیشەیی كارەبای نیشتمانیان هەیە، خەت بۆ قوتابخانەكان رابكێشرێت، یان لەرێی پارێزگاكان گازی تایبەت بەموەلیدەكان بدرێت و هەتا ئەمپێری موەلیدەی ئەهلی گەڕەكیشیان هەبێت. لەم خشتەیەدا باری قوتابخانەكانمان بۆ دەردەكەوێت كە تاچەند كارەبای نیشتمانی بەردەوامیان هەیە: نەبوونی كارگوزار و باخچەوان لە قوتابخانەكاندا ژمارەیەكی زۆر لە قوتابخانەكان یا كارگوزاریان نیە، یا ئەوەتا ئەگەر هەشیان بێت یەك یا دوو كارگوزاریان هەیە و ئەوانیش بەساڵاچوون و پێویستە خانەنشین بكرێن, ئەمەش یەكێك لە هۆكارەكانی پیس و پۆخلی هەندێك لە قوتابخانەكانە. وە ناكرێت لە قوتابخانەیەكدا چەند كارگوزارێك هەبێت و لە زۆربەی قوتابخانەكانی تریشدا یەك دانە یا هیچ نەبێت. لەم خشتەیەدا ئاماری پێنج ساڵی رابردووی كارگوزار لە قوتابخانەكاندا دەخاتە بەرچاو: نەبوونی باخچە لە قوتابخانەكاندا مەسەلەی ژینگە و ژینگە پارێزی یەكێك لەبابەتەكانی سەردەمە و پێویستە گرنگی پێ بدرێت و خوێندكار لەگەڵی رابهێنرێت، بۆئەوەی گیانی ژینگە پارێزی هەر لە مناڵیەوە تیایدا چەكەرە بكات، بەڵام بەداخەوە زۆبەی هەرە زۆری قوتابخانەكانی ئێمە باخچەیان تیادا نیە و ئەم بابەتە گرنگی پێ نادرێت و پشتگوێ خراوە كە ئەمەش هەم دیمەنی قوتابخانەكانی ناشیرین كردووەو هەم خوێندكارانیش بەم گیانە راناهێنێت. لەو قوتابخانانەشدا كە باخچە هەیە، سەرەتا دارێكی زۆر دەڕوێنرێت، چونكە فەرمانبەری تایبەتی وەك باخەوان بۆ دانامەزرێت، دارو گوڵ و سەوزاییەكەی هەرزوو وشك دەكات و مشوری ناخورێت، لەكاتێكدا ناكرێت قوتابخانە باخەوانی نەبێت. لەم خشتەیەدا رێژەی باخچەی قوتابخانەكان روون دەبێتەوە: كێشەی فرۆشگە (حانوت)ی قوتابخانەكان فرۆشگەی قوتابخانەكان كە شوێنی دەستكەوتن و كڕینی كەلوپەل و پێداویستی و خواردنی خوێندكارانە لە قوتابخانەكاندا، بەڵام وەك پێویست نیە، لە هەندێك قوتابخانە هەر نیە، لە هەندێكیان هەیە بەڵام بێ سەروبەرە، كەلوپەلەكانی گرانە، شت و مەكی بەسەرچوو لە هەندێكیان فرۆشراوەو چاودێری بەسەرەوە نیە كە ئەمەش مەترسی هەیە بۆسەر تەندروستی خوێندكارەكان، هەندێك لەو مادانەی لە فرۆشگەكان دەفرۆشرێن، بەهیچ شێوەیەك لە ڕووی تەندروستییەوە ڕێگە پێدراو نین و زیان بە تەندروستیی خوێندكاران دەگەیەنن. لە هەندێك قوتابخانەشدا فرۆشگا بازرگانی پێوە دەكرێت كە بە نرخێكی خەیاڵی بە كرێدراوە كە لۆژیك قبوڵی ناكات و مایەی سەرسوڕمانە، بەتایبەت لە هەندێك لە ئامادەییەكانی كچان! كە نازانرێت هۆكارەكەی چیە؟ ئەمە گرفتێكەو ئەركی سەر شانی وەزارەتە هیچی تر پشتگوێی نەخات و بەدوایدا بچێت. جگە لەوەی لەم دووساڵەدا پارەی فرۆشگاكان دەبرێنە بانك و جارێكی تر لەوێوە دابەش دەكرێت، بەڵام زۆرێك لە فرۆشگاكان ئەو پارەیەیان وەرنەگرتوە یان لەكاتی خۆیدا وەریان نەگرتوەو قوتابخانەكان كەوتونەتە ژێر باری قەرزێكی زۆرەوە. یان ناتوانن پێداویستیەكان لەكاتی خۆی دابین بكەن، جگەلەوەی بڕێكی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ پەروەردەكان، لەكاتێكدا ئەگەر پارەكە لە دەستی قوتابخانەكە خۆیدا بێت و لیژنەیەكی شارەزاو بەرپرسیار سەرپەرشتی بكات، ساڵانە زۆر كێشەی خۆیان چارەدەكەن و پێداویستییەكانیان دابین دەكەن. لەم خشتەیەدا رەوشی فرۆشگای قودابخانەكان دەردەكەوێت: لە هەندێك ناوچەی دەرەوەی شارەكاندا بەچەند گوندێك یەك قوتابخانەیان هەیە، هاتوچۆی منداڵانی گوندەكانی تر بۆ ئەو گوندەی قوتابخانەی لێیە قورسە، بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا، هیچ هۆكارێكی هاتوچۆشیان بۆ دابین نەكراوە. بۆ پاراستنی گیانی ئەو منداڵانە و باشتر سەرخستنی پرۆسەی پەروەردە لەو ناوچانەدا، پێویستە وەزارەت بیرێكی لێبكاتەوە و بەرنامەیەكی بۆ دابنێت و هۆكارەكانی هاتوچۆیان بۆ دابین بكات. ئێستا زۆربەی قوتابی و خوێندكارانیش لەناو شارەكان هەر بەپاس یان تەكسی هاتوچۆ دەكەن ئەوەی گرفتە زۆربەی كچان لەگەڵا سایەقی پاسەكان روبەری كێشەی گەورە بونەتەوە هەروەها لەناو پاسەكاندا بەتایبەت بۆ منداڵان لەبەیانی زوو هەتا نیوەرو ئێوارە گۆرانی زۆر نەشیاویان بۆ لێدەدەریت كە بووە بەسەر زاری هەمویان رۆژانە دەیڵێنەوە و پڕن لەوشەی ناپەروەردەیی، جگە لە هەرەمەكی نرخەكانیان، بۆیە گرنگە پەروەردە بەجدی رێنمایی هەبێت لەوبارەیەوە وە بەرَێوەبەر ئاگاداری دۆخەكە بێت بەهەماهەنگی لەگەڵ كەس و كاریان.
( درەو میدیا): كورد و سوننە لەگەڵ مانەوەی هێزەكانی ئەمریكادان لە عێراق و شیعەش دژیەتی و هێزە شیعەكان دەیانەوێت هەوڵەكانیان چڕبكەنەوە و لە پەرلەمانەوە كۆتایی بە مانەوەو هەژموونی هێزە بیانییەكان بەگشتی و هێزەكانی ئەمریكا بە تایبەتی بهێنن. سەرچاوەیەی سیاسی باڵا رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی سەركردە سیاسییەكان و نوێنەری قەوارەكانی عێراقدا كە بە بانگهێشتی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە كۆشكی سەلام بەڕێوەچوو، هیچ رێككەوتنێك لەسەر چوونە دەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق نەكراوە. ئەو سەرچاوەیە كە خۆی یەكێك بووە لە بەشداربوانی كۆبوونەوەكە لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی " غەد پرێس" وتی:" نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا مانەوەی هێزەكانی ئەمریكای لە عێراق رەتكردەوە و هەڕەشەیەكی ئەمریكای رەتكردەوە كە لە كۆبوونەوەكدا باسكرا بەوەی دەرچوونی هێزەكانی ئەمریكا كاریگەری زۆر خراپی لەسەر عێراق دەبێت". ئاشكراشیكرد زۆرینەی هێزە سیاسییەكانی سوننە و كورد لەگەڵ مانەوەی هێزەكانی ئەمریكادان لە عێراق و هێزە سیاسییەكانی شیعەش ئاماژەیان بەوەدا كە لەرێگەی دەركردنی یاسایەوە یان رووبەڕووبوونەوەی سەربازییەوە هێزەكانی ئەمریكا ناچاردەكەن لە عێراق بچنە دەرەوە. بەوتەی ئەو سەرچاوەیە لە كۆبوونەوەكەی كۆشكی سەلامدا رێككەوتنكراوە كە بە لێكتێگەیشتنێكی سیاسی و بە رێككەوتن متمانە بە كاندیدی وەزارەتە بەتاڵەكانی كابینەی ئێستای حكومەت بدرێت و رێژەی یاسای پەرلەمان تێكنەدرێت و پشێوی لە پەرلەماندا نەنرێتەوە.
راپۆرت: نامیق رەسوڵ- محەمەد رەئوف "كێشەی هەڤاڵ ئەبوبەكر كۆتایی نایەت" ئەمە ناونیشانی قەیرانێكی نوێیە لە دۆخی سیاسی زۆنی سەوزو نیللیدا، ماوەیەكە لەناو یەكێتی قسەوباس دەكرێت لەبارەی سەندنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە گۆڕان، ئەمە لەكاتێكدایە ئەندامێكی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگا دەڵێ" هەڤاڵ ئەبوبەكر وەكو یەكێتییەك مامەڵە دەكاتو سیاسەتی یەكێتی جێبەجێ دەكات". لەدوای دروستبونییەوە لە ساڵی 2009، بزوتنەوەی گۆڕان دووجار رێككەوتنی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئیمزا كردووە: • رێككەوتنی یەكەم: رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی كە لە 12/11/2014 ئیمزاكرا. • رێككەوتنی دووەم: رێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتیو گۆڕان "رێككەوتنی دەباشان" كە لە 17/5/2016 ئیمزاكرا. رێككەوتنی دووەمی نێوان یەكێتیو گۆڕان "رێككەوتنی دەباشان" تەنیا یەك خاڵی لێ جێبەجێكرا، ئەو خاڵەش بڵاوكردنەوەی دەقی رێككەوتنەكە بوو بۆ رایگشتی، رۆژی 20/12/2017 بزوتنەوەی گۆڕان لایخۆیەوە كاركردنی بە رێككەوتنەكە هەڵپەسارد. لەدوای هەڵپەساردنی "رێككەوتنی دەباشان"، ئێستا تەنیا یەك رێككەوتن ماوە لەنێوان یەكێتیو گۆڕاندا، ئەویش رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێییە لە سلێمانیو هەڵەبجە. ئەم رێككەوتنەش بەپێی ئەوەی لە دەقی نوسراوی رێككەوتنەكەدا ئاماژەی بۆ كراوە، رۆژی 30/4/2018 كۆتایی هاتووە، واتە نزیكەی ساڵێكە وادەی كاركردن بەم رێككەوتنە بەسەرچووەو هەردوو لایەن رێككەوتنەكەیان هەموارنەكردوەتەوە. یەكێتی پارێزگار دەگۆڕێت ؟ لەدوای ئەو رێككەوتنە سیاسییەی كە رۆژی 18ی شوبات بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ئیمزایان كرد، لەناو سەركردایەتی یەكێتی دەنگێك بەرزبوەتەوەو داوادەكات پۆستەكانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی بەتایبەتی پۆستی پارێزگار لە بزوتنەوەی گۆڕان وەربگیرێتەوە. ئەوانەی ئەم بۆچونەیان هەیە، ئاماژە بە رێككەوتنەكەی تشرینی دووەمی 2014ی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانیو هەڵەبجە دەكەن كە لەنێوان گۆڕانو یەكێتیدا ئیمزا كرا. بەپێی ئەو رێككەوتنە، دوو ساڵ بە دووساڵەكەی یەكێتیو گۆڕان كۆتایی هاتووە، چونكە بە دەق لە رێككەوتنەكەدا نوسراوە، دوو ساڵی دووەمی پۆستەكانی پارێزگاری سلێمانیو هەڵەبجە لە رۆژی 30/4/2018 كۆتایی دێت. یاسا یان رێككەوتن ؟ ئەوانەی لە ناو یەكێتیدا داوای سەندنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە بزوتنەوەی گۆڕان دەكەن، پشتئەستور بە دەقی رێككەوتنە سیاسییەكەی یەكێتیو گۆڕان قسە دەكەن، چونكە بەپێی ئەو رێككەوتنە وادەی هەڤاڵ ئەبوبەكر وەكو پارێزگاری سلێمانی لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان نزیكەی ساڵێكە كۆتایی هاتووە. بەڵام لەبەرامبەردا بزوتنەوەی گۆڕان بەیاسا دەیەوێت هەڤاڵ ئەبوبەكر لە پۆستەكەیدا بهێڵێتەوە تائەوكاتەی هەڵبژاردنی نوێی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكرێت. ئەنوەر تاهیر ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی گۆڕان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) وتی:" حكومەتی خۆجێی بەپێی یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان پێكهێنراوە، رێككەوتنە سیاسییەكە تەنیا بناغەی كارەكە بووە". بەگوێرەی ماددەی (بیستو یەك) لە یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009ی پارێزگانی هەرێمی كوردستان" پارێزگارو هەردوو جێگرەكەی بەردەوام دەبن لە بەڕێوەبردنی كاروباری رۆژانە دوای تەواوبوونی ماوەی خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەن تا ئەوكاتەی ئەنجومەنی نوێ لەدوای ئەوان كەسانی تر هەڵدەبژێرن". ئەمە ئەو ماددە یاساییەیە كە هەڤاڵ ئەبوبەكر بەهۆیەوە دەیەوێت لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی بمێنێتەوە تا ئەوكاتەی هەڵبژاردن دەكرێت، بەڵام هێشتا دیارنییە ئاخۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكرێت یاخود نا. پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان خوازیاری ئەوەیە كاركردن بە ئەنجومەنی پارێزگاكان رابگیرێتو لەبری ئەو، ئەنجومەنی شارەوانییەكان كارابكرێنەوە. "هەڤاڵ ئەبوبەكر سیاسەتی یەكێتی جێبەجێ دەكات" پێناچێت یەكێتی نیشتمانی جددی بێت لە لابردنی هەڤاڵ ئەبوبەكر لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی، بەپێی بەدواداچونی (درەو میدیا) كە قسەی لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕاندا كردووە، یەكێتی تەنیا وەكو كاردانەوەیەك لەبەرامبەر رێككەوتنەكەی گۆڕان لەگەڵ پارتی، پرسی گۆڕینی پارێزگاری سلێمانی هێناوەتەپێشەوە، ئەگەرنا جدی نییە لە هەنگاونان بۆ جێبەجێكردنی هەڕەشەكانی. لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) رێكەوت زەكی, ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی یەكێتی وتی:" وادەی هەڤاڵ ئەبوبەكر وەكو پارێزگاری سلێمانی تەواوبووە، یەكێتی فایلی پارێزگاری ئامادەكردووە، دواكەوتنی گۆڕینی هەڤاڵ ئەبوبەكر لەكاتی خۆیدا لەبەر دوو هۆكار بوو، هۆكاری یەكەم ئەوەبووە كە هەڤاڵ ئەبوبەكر نزیك بووە لە یەكێتیو سیاسەتەكانی یەكێتی جێبەجێكردووەو وەكو یەكێتییەك مامەڵەی كردووە، هۆكاری دووەمیش ئەوە بوو، ئەوكات كە وادەكەی تەواوبووە، هەرێمی كوردستان لەناو هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بووە، ئەگەرنا ئەو فایلە لای یەكێتی هەر كراوە بووە". رێكەوت زەكی ئاماژەی بەوەكرد" راستە هەڵبژاردنی نوێی ئەنجومەنی پارێزگا نەكراوە، بەڵام بەپێی ئەنجامی دوو هەڵبژاردنی دوایی یەكێتی دەنگی زۆرینەی لە سلێمانی هەیەو پۆستی پارێزگار مافی یەكێتییە، ئەو كەسەی لەو شوێنەدایە دەبێت یان یەكێتی بێت یان وەكو یەكێتی مامەڵە بكات". لەكاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگادا، یەكێتی نیشتمانی لە سلێمانی كەمپەینێكی توندی لەدژی هەڤاڵ ئەبوبەكر كاندیدی گۆڕان بۆ پۆستی پارێزگار كرد، یەكێتی لە شەقامەكانی سلێمانی پۆستەری گەورە هەڵواسیبوو، هەڤاڵ ئەبوبەكری وەكو "كۆنە بەعسیو هەڵەوەڕ" ناوبرد، بەهۆی كەمپەینە توندەكەی یەكێتییەوە، رێژەی دەنگەكانی هەڤاڵ ئەبوبەكر هەڵكشا. بەپێی بەدواداچوونەكانی " درەومیدیا" هەڤاڵ ئەبوبەكر دوای وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی، خۆی لە كاری حزبی بەدوورگرتووەو بەشداری هیچ كەمپەینێكی هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕانی نەكردو لەكاتی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان گۆڕان و یەكێتی لەدوای هەڵبژاردنەكانەوە، رۆژانە بەرپرسە حزبەییەكانی یەكێتی سەردانی دەكەنو لەبارەی تەقەكردن لە بارەگای بزوتنەوەی گۆڕان و چەند پێشێلكارییەكی ئەمنی هیچ كاردانەوەیەكی ئەوتۆی نەبوو كە خۆی سەرپەرشتی لیژنەی ئەمنیی "ئارامی" سلێمانی دەكات. پۆستی" لەبری پارێزگار" رۆژی 9ی ئابی 2016 بەگوێرەی رێككەوتنی بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ماوەی دوو ساڵەكەی یەكێتی (ئاسۆ فەرەیدون) لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی كۆتایی هات، بزوتنەوەی گۆڕان لەوكاتەدا لە لوتكەی ململانێی سیاسیدا بوو لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، گۆڕان ئامادە نەبوو، مەسعود بارزانی مەرسوم بۆ دانانی پارێزگارەكەی لە سلێمانی (هەڤاڵ ئەبوبەكر) دەربكات، بۆ خۆدەربازكردن لە مەرسومەكەی بارزانی، گۆڕانو یەكێتی رێككەوتن لەسەر ئەوەی سەردار قادر كە ئەوكات جێگری پارێزگاری سلێمانی بوو لەسەر پشكی گۆڕان، بەناونیشانی "لەبری پارێزگار" كاروبارەكان بەڕێوەببات تا ئەوكاتەی كێشەی نێوان گۆڕانو پارتی چارەسەردەبێت. بەڵام مانەوەی سەردار قادر لە پۆستی "لەبری پارێزگار"دا زۆری نەخایاند، رۆژی 2ی ئازاری 2017 سەردار قادر دەستیلەكاركێشایەوە، بە پاساوی ئەوەی "ناتوانێت لەو پۆستەدا خزمەتی هاوڵاتیان بكات". لەبەردەم نێچیرڤان بارزانیدا سوێندی خوارد بزوتنەوەی گۆڕان كە لەسەرەتاوە قایل نەبوو بەوەی پارێزگارەكەی لە سلێمانی بەپێی یاسا لەبەردەم مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمدا سوێندی یاسایی بخوات، بەڵام دواتر رازی بوو بەوەی هەڤاڵ ئەبوبەكر لەبەردەم نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمو جێگری سەرۆكی پارتیدا سوێند بخوات. دوای وازهێنانی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم لە 29/10/2017دا، بەپێی یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم، دەسەڵاتی سوێندخواردنی پارێزگارەكان لەبەردەم سەرۆكی هەرێم، گوازرایەوە بۆسەر دەسەڵاتەكانی سەرۆكی حكومەت، رۆژی 5/12/2017 هەڤاڵ ئەبوبەكر لەبەردەم نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتو كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ كە هەردووكیان سەربە پارتی بوون، سوێندی یاسایی خواردو وەكو پارێزگاری سلێمانی دەستبەكاربوو. پارێزگارێكی سەربە كێشە هەڤاڵ ئەبوبەكر كە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی ساڵی 2014دا زیاتر لە (240 هەزار) دەنگی بەدەستهێنا، ماوەی ساڵێكەو سێ مانگە لە پۆستی پارێزگاری سلێمانیدایە، پاشماوەی دوو ساڵەكەی سەردار قادر تەواویكردووە كە لە "بری پارێزگا" دانرا. لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا دانانی هەڤاڵ ئەبوبەكر لە پۆستی پارێزگار یەكێك لە قەیرانە سەرەكییەكانی زۆنی سەوزو نیلی بوو، چاوەڕوانییەكان بۆ دانانی هەڤاڵ ئەبوبەكر لەو پۆستە زۆر گەورە بوون، بەڵام لەگەڵ دەستبەكاربونیدا دەنگدەرەكانی بێئومێد كرد، ئەو سەرباری ئەوەی تائێستا نەیتوانیوە هیچ پرۆژەیەكی ستراتیژی لە سنورەكەیدا جێبەجێ بكات، هاوكات ناوبەناو بە لێدوانەكانی خەڵكو دەنگدەرەكانی توڕە كردووە. لە وتەكانی هەڤاڵ ئەبوبەكر هەڤاڵ ئەبوبەكر دەرچووی بەشی زمانی كوردییەو هاوكات مامۆستای راگەیاندنیش بووە، ئەو پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ ئەدەبیاتدا هەیە، لە یاریكردن بە وشەو رستەكاندا توانایەكی گەورەی هەیە. لەماوەی رابردوودا قسەكانی ئەو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا كاردانەوەی زۆریان لێكەوتەوە. لە دیاترین ئەو قسانەی هەڤاڵ ئەبوبەكر كە لەماوەی رابردوودا كاردانەوەی لێكەوتووەتەوە ئەمانەن: • بۆ چارەسەری كێشەی سوتەمەنی ماڵان، هەڤاڵ ئەبوبەكر داوای لە خەڵك كرد، لە هاویندا نەوت بكڕن، بەڵام ئەمساڵ سەرباری سەختی وەرزی سەرما، لە زستاندا نرخی نەوت لە هاوین هەرزانتر بوو. • لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی چیت كردووە لە پۆستی پارێزگاردا، جارێك هەڤاڵ ئەبوبەكر وتی:" لەماوەی 11 مانگدا 11 هەزار ئیشم كردوو". • یەكێك لە قسەكانی تری هەڤاڵ ئەبوبەكر كە كاردانەوەی لێكەوتەوە ئەو قسەیە بوو كە وتی:" لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیو قوباد تاڵەبانیدا بەڵێنمانداوە دەوڵەتداری بكەین". • لە لێدوانێكی تردا لەبارەی كێشەی ئاو و كارەباو سوتەمەنییەوە، هەڤاڵ ئەبوبەكر وتی:" دابینكردنی ئاو و كارەباو سوتەمەنی ئیشی پارێزگار نییە". • جارێكی تری وتی:" سلێمانی ئێستا ئارامترین شوێنی دنیایە". • قسەیەكی تری هەیە دەڵێ" ئەوە ئیشی من نییە هاوڵاتی لە ماڵەوە بەلوعەكەی بەردەداتەوە ئاوی نییە". • كاتێكیش رەخنەیان لێگرت لەسەر شێوازی پێشوازیكردن لە بەرپرسانی حزبی لە فڕۆكەخانە، هەڤاڵ ئەبوبەكر وتی:" من مامۆستای ئەخلاقو ئەتەكێتم". • هەڤاڵ ئەبوبەكر دوجار نرخی بەنزینی دابەزاند، هەرجار 25 دیناری عێراق نرخی داگرت، خەڵك گلەییان كرد لەوەی 25 دینار زۆركەمە، ئەو وەڵامی دانەوەو وتی:" نرخی بەنزین لە سلێمانی لە هەموو پارێزگاكانی عێراقو جیهانیش هەرزانترە"، دواتر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وێنەی نرخی بەنزینیان لە شارەكانی عێراق بۆ بڵاوكردەوە كە زۆر لە سلێمانی هەرزانتربوو.
راپۆرتی: درەو میدیا - ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان بەشی یەكەم كەرتی پەروەردەو فێركردن لە هەرێمی كوردستاندا بەدەست چەندین قەیرانەوە دەناڵێنێت و هەتائێستاش كابینە یەك لەدوای یەكەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان، وەك پێویست ئاوڕیان لەم كەرتە بایەخدارە نەداوەتەوە كە لە زۆربەی وڵاتە پێشكەت ووەكانی جیهاندا ئەو بودجەیەی بۆ كەرتی پەروەردەو فێركردن دابیندەكرێت، ئەگەر زیاتر نەبێت لە بودجەی كە بۆ وەزارەتی بەرگری و كەرتی سەربازیی تەرخاندەكرێت كەمتر نییە. بەگوێرەی ئاماری خودی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان لەم سەدەی بیست و یەكەدا، دوای (27) ساڵا لە حكومڕانیەتی خۆماڵی، (30) قوتابخانە بیناكانیان لە گڵ و قوڕ دروستكراون، هەروەها لە 60%ی قوتابخانەكان پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە، هاوكات ( 1785 ) قوتابخانە دوودەوامەو ( 134 ) قوتابخانە سێ دەوامیەو ( 5 ) قوتابخانە چوار دەوامیەو ( 194 ) قوتابخانە لە بینای كرێدان. ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان لە نوێترین كاریدا بەپشت بەستن بە ئاماری فەرمی وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەكان راپۆرتێكی وردو فراوانی لەسەر كەرتی پەروەردە و ئەو كێشە و قەیرانانەی كە رووبەڕووی بوونەتەوە ئامادەكردووە. ژینگەی خوێندنگەكان ژینگەی خوێندن لە هەرێمی كوردستاندا ژینگەیەكی نالەبارە و گونجاو نیە بۆ خوێندن و لەگەڵا سیستمی تازەی خوێندندا یەكناگرێتەوە ژمارەیەكی بەرچاوی بینای قوتابخانەكان كۆن و داڕزیون و بەكەڵكی خوێندن نایەن و تەنانەت هەندێكیان مەترسی روخانیان لێدەكرێت. لە ساڵانی رابردوودا ئەمە روویداو خوێندكارو مامۆستا كەوتنە ژێر دارو پەردووی ئەم بینا داڕزیوانە و خوێندكارێكیش گیانی لەدەستدا، كە ئەمەش نەنگییە بۆ حكومەتی هەرێم تا ئێستاش مناڵانی كوردستان لەم جۆرە قوتابخانانەدا وانە بخوێنن. خوێندن لەم ژینگەیەدا وەك پێویست و تەندروست نابێت. ئەگەر بەراوردێكی رەوشی قوتابخانەكان بكرێت دەبینین: هەندێك لەو بینایانەشی تازە دروستدەكرێن بەهۆی چاودێرینەكردنیانەوە یان گەندەڵیەوە هۆڵێكی هونەری و یاریگەیەكی وەرزشی گونجاوی تێدا نییە، هەروەها بەهۆی چاودێری نەكردنی بەڕێوەبەرەكانەوە كە زۆرجار هۆڵی كۆمپیوتەرو و هۆڵی تاقیگەو ژوری كتێبخانە دەكەن بە كۆگا، یان بەبیانوی نەبوونی جێگاوە دەیكەن بە پۆل. جیا لەخراپی ژینگەی خوێندن و بینای قوتابخانەكان، گرفتی گەورەش لەشوێنی قوتابخانەو دەستنیشانكردنی شوێنەكەیەتی، كە لە دروستكردنی بینای قوتابخانەدا رەچاوی لایەنی زانستی و پەروەردەیی ناكرێت، دەیان قوتابخانە لەنێو بازاڕو نزیك بازاڕو سەر شەقامی گشتی و شوێنی جەنجاڵن، ژاوەژاوو دەنگی جاڕسكەر ژینگەی فێربوونی شێواندووە، لەكاتێكدا دەبێت قوتابخانەكان لەشوێنی دوور لەقەرەباڵغی و هێمن و كەشێكی لەباردابن. لەم خشتەیەدا دەردەكەوێت كە قوتابخانەكان چەندە نەشیاون بۆ خوێندن و چەندیان پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە: ئەوەی لەم خشتەیەدا تێبینی دەكرێت، زیاد لە نیوەی قوتابخانەكانی هەرێم پێویستیان بە نۆژەنكردنەوەیە، لە هەندێك قوتابخانەدا مەترسی رووخان هەیە، قوتابخانە هەیە هەر كە باران دەبارێت پۆلەكانی دڵۆپە دەكەن و ئاویان تێدەچێت. پەنابردن بۆ خێرخوازان بە هۆی قەیرانی داراییەوە، حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە بینای نوێی قوتابخانە دروست بكات، وەزارەتی پەروەردە بە كۆمەك و هاوكاریی خێرخوازان لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا هەندێك لە قوتابخانەكانی نۆژەن كردووەتەوە. وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەش دەڵێت: ئاگاداری هەموو كێشە و كەموكورتییەكانی خوێندنگەكانن، لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەكی زۆر قوتابخانانە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە، بەڵام قەیرانی دارایی ڕێگەی نەداوە كاریان تێدا بكرێت و نۆژەن بكرێنەوەو هەڵمەتی نیشتیمانیی خوێندنگاكانیان ڕاگەیاندووە، لە ڕێگەی ڕێكخراو و خێرخێوازان و كونسوڵخاكانەوە توانیویانە 1000 خوێندنگە نۆژەن بكەنەوە. لەو قوتابخانانەی نۆژەنكراونەتەوە، ساڵی 2017 بۆ 2018 لە پارێزگای هەولێر لەلایەن كەسانی سەرمایەدار و دەستڕۆیشتوو، توانرا 159 قوتابخانە دوای وەستانی پڕۆژەكان بەهۆی تەنگژەی دارایییەوە، نۆژەن بكرێنەوە. زۆرن ئەو قوتابخانانەی مەترسی داڕمانیان لێدەكرێت و رۆژانە باسی میدیاكانن، لە هەریەك لە شارەكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی و هەڵەبجەو رانیەو قەلادزێ و...هتد بەرچاو دەكەون. پێویستیان بە نۆژەكردنەوە هەیە، هەموو ئەو قوتابخانانەش كە مەترسی رووخانیان لێدەكرێت، ناویان لە لیستی وەزارەتی پەروەردەدا هەیە ، كە مەترسی رووخانیان لێدەكرێت كەچی هێشتا وەزارەت بۆ نۆژەنكردنەوەیان هەنگاوی نەناوە. بۆ نمونە لە مانگی تشرینی دووەمی 2018 بەهۆی كۆنی بیناكەیەوە لەكاتی دەوامی ئاساییدا بەشێك لە سەقفی خوێندنگایەكی سەرەتایی لە شاری سلێمانی داڕما و زیانی ماددی لێكەوتەوە. هەرچەندە رووداوەكە تەنها زیانی ماددی لێكەوتووەتەوە و خوێندكارێكیش بە سووكی بریندار بووە. كێشەی فرە دەوامی لە خوێندنگەكاندا بە پێی سیستمی نوێی خوێندن پێویستە هەر بینایەك یەك قوتابخانەی تیادابێت بۆئەوەی كاتی دەوامی پێویست دابین بكرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە قوتابخانەكان چەند دەوامێكیان تیادا دەكرێت،هەرگیز لەگەڵا سیستمەكەدا یەكناگرێتەوە و سیستمەكە جێبەجێ ناكرێت. بەگوێرەی ئەو خشتەیە تائێستاش (1785) قوتابخانە دوو دەوامیان تێدا دەكرێت و (134) سێ دەوام و (5) قوتابخانەش چوار دەوامیان تێدا دەكرێت و ئەگەر قوتابخانەیەك ئەوەندە دەوامەی تیادابێت چۆن سیستمی خوێندنی تیایدا جێبەجێ دەكرێت و پرۆسەی پەروەردەو خوێندن تیایاندا تەندروست دەبێت؟ چۆن لەگەڵ ئەو سیستمەدا یەك دەگرێتەوە كە حكومەتی هەرێم بانگەشەی بۆ دەكات و دەیەوێت لە ناوەندەكانی خوێندندا جێبەجێی بكات. كەمی كاتی خوێندن سەبارەت بە دەوامی قوتابخانەكانیش بەهەمان شێوە بەسەر چوار كاتدا دابەش كراوەو ئەوەی تێبینی دەكرێت بەشێك لە قوتابخانەكان قوتابخانە لە بینای كرێدا: بە پێی ئامارەكانی خودی وەزارەتی پەروەردە لە هەرێمدا (452) قوتابخانەیە لە بینای كرێدان، واتە ناوچەكە بینای قوتابخانەی لێ نیەو بینایەك بە كرێ گیراوە بۆیان، بێگومان ئەو بینایەی بە كرێش گیراوە هیچ مەرجێكی قوتابخانە و شوێنی خوێندنی تیادا نیە، چونكە لە بنچینەدا بیناكە بۆ قوتابخانە دروستنەكراوە. بێگومان لەو كاتەشدا ئەو خوێندكارانەی لەو قەتابخانەیەدا دەخوێنن نە سیستمیان بەسەردا جێبەجێ دەكرێت و نە مامۆستاكانیش دەتوانن وەك پێویست وانەكان بلێنەوەو نە وەك پێویستیش سەركەوتوو دەبن. قوتابخانەی میوان: بە پێی دوا ئاماری وەزارەتی پەروەردە بۆ ساڵی خوێندنی 2017-2018 ژمارەی (1395) قوتابخانە لە هەرێمی كردستاندا میوانن، واتە قوتابخانەیە بەڵام بینای تایبەتی خۆیان نیە و لە بینای قوتابخانەیەكی تر یا فەرمانگەیەكی تردان، ئەمەش گرفتێكەو ئەگەر چارەسەر نەكرێت هەم ئەم قوتابخانەیە و هەم قوتابخانەی خاوەن بیناكە یا فەرمانگەكە توشی گرفت دەبن و كێشەیان بۆ دروست دەبێت. قوتابخانەی لە گڵ (قوڕ) دروستكراو: بە پێی ئاماری خودی وەزارەتی پەروەردە لە هەرێمی كوردستاندا لەم سەدەی بیست و یەكەدا، دوای (27) ساڵا لە حكومڕانیەتی خۆماڵی، (30) قوتابخانە بیناكانیان لە گڵ و قوڕ دروستكراون، كە ئەمەش لە وەرزی زستاندا هەندێكیان دڵۆپە دەكەن و مەترسی روخانیان لێدەكرێت و هیچ مەرجێكی خوێندنیان تیادا نیە. لەم خشتەیەدا ئاماری پێنج ساڵی رابردووی ئەو قوتابخانانەی بیناكانیان لە گڵ دروستكراون دەردەكەوێت: جیاوازی نێوان قوتابخانەی گوند و شارەكان جیاوازی زۆر لەنێوان قوتابخانەی لادێكان و شارەكاندا هەیە، هەر لە ژمارەی مامۆستا و پێداویستیەكانی ترەوە و قوتابخانەی گوندەكان وەك شارەكان سەیری نەكراوە و بە جۆرێك لە جۆرەكان پشتگوێ خراون. لە كاتێكدا لە گوندەكاندا (2810) قوتابخانە هەیە. گوندی بێ قوتابخانە بە پێی ئاماری وەزارەتی پەروەردە ساڵی خوێندنی 2013-2014 لە هەرێمی كوردستاندا نزیكەی (600) گوند بێ قوتابخانەن, ئەمەش دەبێتە مایەی دابڕانی مناڵانی ئەو گوندانە لە خوێندن. كەچی ئێستا ژمارەی ئەو گوندانەی بێ قوتابخانەن زۆر زیاتر بووە چونكە لە بەشێكی زۆری گوندەكاندا قوتابخانەكان داخران بە بیانووی ئەوەی كە منداڵانی چەند گوندێك لە قوتابخانەی یەك گونددا كۆبكرێنەوە، بە پاساوی ئەوەی كوالیتی باشتر دەبێت و تێچوشی كەمتر، بەمەرجێك هۆكارەكانی گواستنەوە بۆ منداڵەكان دابین بكرێت، بەڵام قوتابخانەكانیش داخران و پێداویستیەكانیشیان كە بەڵێنیان پێدرابوون جێبەجێنەكرا، هەر بۆیە ژمارەی قوتابخانەكان لە گوندەكاندا بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو كەمتر بووەتەوە، ئەگەر سەیری ئاماری پێنج ساڵی رابردوو بكەین بۆمان روون دەبێتەوە: خراپی مێز و رەحلە: بەشێكی زۆر لە مێز و كورسی و رەحلەی قوتابخانەكان كۆن بوون یا شكاون یا بەكەڵكی بەكارهێنان و دانیشتنی منداڵان نایەن، ئەمەش كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ژینگەی خوێندن. لەم خشتەیەدا دەردەكەوێت كە چەند كورسی و مێزی منداڵان لە قوتابخانەكاندا هەیەو چەندیان باشن و چەندیشیان خراپن و بۆ بەكارهێنان ناشێن: بەپێی ئەم داتایانە لەسەردەمی كابینەی هەشتەمدا مێز و رەحلەو كورسیەكانی خوێندكاران زۆرینەیان شكاون و خراپ بوون و چاكیش نەكراونەتەوە، كە ئەمەش كاریگەریی خراپی لەسەر دەروونی منداڵان دەبێت كە ئاسودە نەبێت لە شوێنی دانیشتنەكەی لەكاتی وانە خوێندندا.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت ئەو فڕۆكەیەی كە عەبدولعەزیز بوتەفلیقەی سەرۆكی جەزائیری گواستەوە بۆ ژنێڤی سویسرا، گەڕایەوە بۆ جەزائیر. تەلەفزیۆنی "یۆرۆ نیوز" لە زاری سەرچاوەیەكی ئەمنی جەزائیرەوە ئاشكرایكرد، فڕۆكەكە گەڕاوەتەوە بۆ جەزائیر، بەڵام سەرۆكی تێدا نەبووە. هەفتەی پێشوو سەرۆكایەتی جەزائیر بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، سەرۆك بوتەفلیقە بۆ ماوەی 48 كاتژمێر دەچێتە ژنێڤ بەمەبەستی ئەنجامدانی هەندێك "پشكنینی پزیشكیی رۆتینی". سەرچاوەیەكی تەندروستی لە ژنێڤ رایگەیاند باری تەندروستی سەرۆكی جەزائیر بەجۆرێك خراپە كە ناتوانرێت هیچ نەشتەرگەرییەكی پێویستی بۆ بكرێت. ئەو سەرچاوەیە لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی " روسیا تودەی" ئاشكراشیكرد بوتەفلیقە لە نهۆمی نۆیەمی نەخۆشخانەی فێركاری ژنێڤەو بڕیاربوو نەشتەرگەریی بۆ بكرێت بەڵام باری تەندروستی رێگەنادات نەشتەرگەریی بۆ بكرێت. نەگەڕانەوەی سەرۆك بۆ وڵات، لەكاتێكدایە هەزاران كەس لە خەڵكی جەزائیر لە پایتەخت خۆپیشاندانیان كرد لەدژی خۆكاندیدكردنەوەی عەبدولعەزیز بوتەفلیقە بۆ ویلایەتی پێنجەمی سەرۆكایەتی. لەبەردەم كۆشكی سەرۆكایەتیدا، پێكدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەكانو خۆپیشاندەران رویدا، خۆپیشاندەران بەردیان گرتە هێزە ئەمنییەكان، ئەوانیش بە گازی فرمێسكڕێژ وەڵامیاندایەوە. بەپێی قسەی دەسەڵاتداران، لەو پێكدادانانەدا (7) خۆپیشاندەرو زیاتر لە (50) كەس لە هێزە ئەمنییەكان برینداربوونو (45) كەسیش دەستگیركراون. دوای ئەوەی بوتەفلیقە رایگەیاند، بەنیازە بۆ ویلایەتی پێنجەمی سەرۆكایەتی خۆی كاندید بكاتەوە، خۆپیشاندان لەسەرتاسەری جەزائیر دەستیپێكرد. بوتەفلیقە لە سویسرا نەگەڕاوەتەوە، ئەوە لەكاتێكدایە سبەینێ وادەی پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆتایی دێت، تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە، تیمی كەمیەپنی هەڵبژاردنی بوتەفلیقە نوسراوی خۆكاندیدكردنی ئەویان پێشكەش نەكردووە. سوریا بیری خەڵك دەهێنرێتەوە ئەحمەد ئویەحیا سەرۆك وەزیرانی جەزائیر هۆشداری بە خەڵكدا بەشداری لە خۆپیشاندانەكان نەكەنو وتی:" جەنگی خوێناوی لە سوریا سەرەتا بە خۆپیشاندان دەستیپێكرد". رۆژی پێنج شەممە هێزە ئەمنییەكان ژمارەیەك رۆژنامەنوسیان دەستگیركرد، بەڵام دواتر ئازادیان كردن. عەبدولعەزیز بوتەفلیقە كە لە ساڵی 1999 وە سەرۆكایەتی جەزائیر دەكات، لە ساڵی 2013وە دوچاری جەڵتەی مێشك بووەو لەسەر كورسی جوڵاو هاتوچۆ دەكات، لەدوای نەخۆشكەوتنیەوە زۆر كەم لەبەردەم رایگشتی وڵاتەكەیدا دەردەكەوێت. خۆپیشاندان لە دژی كێ ؟ سەرەتای ناڕەزایەتییەكانی جەزائیر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەستیپێكرد، خۆپیشاندەران دەڵێن ناڕەزایەتییەكانیان تەنیا لەدژی ویلایەتی پێنجەمی سەرۆكایەتی بوتەفلیقە نییە كە ماوەی 20 ساڵە لە ترۆپكی دەسەڵاتدایە، بەڵكو لەدژی دەستەبژێری حوكمڕانی وڵاتیشە بەشێوەیەكی گشتی. بەرپرسانی جەزائیری هۆشداری دەدەن لەوەی خۆپیشاندانەكان سەربكێشێت بۆ تێكدانی سەقامگیری وڵاتو گەڕانەوە بۆ رۆژگاری شەڕی ناوخۆیی. رەنگە تاكە دەستكەوتی بوتەفلیقە بۆ جەزائیرییەكان كۆتایهێنان بێت بە شەڕی ناوخۆیی لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا، كە بەپێی ئامارە فەرمییەكان لەو شەڕانەدا زیاتر لە 200 هەزار كەس كوژراون. نیوەی دانیشتوانی جەزائیر گەنجنو تەمەنیان لە خوارو 30 ساڵییەوەیە، ئەم توێژە بەرفراوانە زۆربەیان بێكارن، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت توێژێكی زۆری گەنجان بەزوویی پەیوەندیان بە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكانەوە كرد. كێ سەرۆكایەتی ناڕەزایەتییەكان دەكات ؟ لەكاتێكدا رایگشتی لە جەزائیر دەكوڵێت، چاودێران بەشوێن كردنەوەی گرێی ئەو پرسیارەدا دەگەڕێن كە دەڵێ " ئەوە كێیە كە توانیویەتی لەسەرتاسەری جەزائیر لەیەك كاتدا سەدان هەزار كەس بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بڕژێنێتەسەر شەقامەكان ؟". ئەوەی تائێستا زانراوە ئەوەیە سەرەتای بانگەواز بۆ خۆپیشاندان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەستیپێكردووە، بەڵام ئەوە كێیە كە سودی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بینیوە بۆ دروستكردنی ئەم جوڵانەوەیە ؟ خەڵكانی نزیك لە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەوڵدەدەن چاویان بخەنەسەر بەرپرسانی پێشووی دەزگای هەواڵگری، ئەوانە خەڵكانێكن كە لە كاركردندا سیستماتیكن، هاوكات دەزگای هەواڵگری لە جەزائیر رۆچوەتە ناو هەموو بوارەكانی ژیانی خەڵكەوە، ئەگەر هەواڵگری لەپشت ناڕەزایەتییەكانەوە بێت، واتا بەرلەوەی بوتەفلیقە خۆی بە مەرگی سەرجێگا بمرێت، لە سەرۆكایەتی وڵات لادەدرێت. دەرباری كۆشكی سەرۆكایەتی جەزائیر دوچاری شۆك بووە، بەڕێوەبەری كەمپەینی هەڵبژاردنی سەرۆك بوتەفلیقە گومانی هەیە لەوەی لایەنگرانی سەرۆكو وەزیرەكان لە ترسان ئۆفێسەكانی خۆیان بەجێهێشتبێت. ئەوەی جێگای سەرەنجە ئەو ملیۆنان خەڵكە نابینرێت كە دەیانوت بۆ پشتیوانی لە ویلایەتی پێنجەمی بوتەفلیقە دەچن دەنگ دەدەن، ئەمە لەكاتێكدایە ماوەی دوو هەفتەیە بە چاوی خۆیان دەیبینن خەڵك رژاونەتەسەر شەقامو داوای رۆشتنی بوتەفلیقە دەكەن. بابەتێكی تر كە پرسیاری دروستكردووە، نەرمونیانی هێزە ئەمنییەكانە لە مامەڵەكردن لەگەڵ ناڕەزایەتییەكان، بەتایبەتیش لەكاتێكدا ئەوانەی لە پایتەخت خۆپیشاندان دەكەن بە ئاشكرا یاسا كارپێكراوەكان پێشێل دەكەن، چونكە مەرسومێكی سەرۆكایەتی هەیە كە نەك تەنیا خۆپیشاندان، بەڵكو گردبونەوەی بچوكیش یاساغ دەكات. دەبێ ئەو كەسە كێ بێت كە فەرمانی بە هێزە ئەمنییەكان كردبێت دەست لە خۆپیشاندەران بپارێزن ؟ ئەوە راستە هێزە ئەمنییەكان گازی فرمێسكڕێژو گولەی لاستیكییان لەدژی خۆپیشاندەران بەكارهێناوە، بەڵام ئەوە كاتێك رویدا كە خۆپیشاندەران لە كۆشكی سەرۆكایەتی نزیك بونەوە. لەناو ئەم بارودۆخە ناڕوونەدا، قسەوباس دروستبووە لەبارەی ئەوەی رژێم كەسی جێگرەوەی بوتەفلیقەی ئامادەكردووە، ئەوانەی ئەم جۆرە قسانە دەكەن ئەوانەن كە دەڵێن" خۆپیشاندەران داوای روخاندنی رژێم ناكەن، بەڵكو داوا دەكەن بوتەفلیقە بۆ ویلایەتی پێنجەمی سەرۆكایەتی خۆی كاندید نەكاتەوە". چەند رۆژی داهاتوو بارودۆخی سیاسی جەزائیر پەرەسەندنی خێرا بەخۆوە دەبینێت، دیار نییە لێكەوتەكانی بۆ چەند ساڵی داهاتوو لەسەر ژیانی خەڵكی ئەو وڵاتە بە چ جۆرێك دەكەوێتەوە.
درەو میدیا: وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند" بەپێی ئاماری سەرەتایی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بڕی هەناردەكراوی نەوتی خاو لە مانگی شوباتی 2019 دا (١٠١)ملیۆن و (387)هەزارو (615) بەرمیل و بە بەهای زیاتر لە (٦) ملیارو (167) ملیۆن و (815) دۆلار، "تێكڕای نرخی بەرمیلیك نەوت بە (60.834)دۆلار فرۆشراوە" ئاماژەی بەوەشداوە"بڕی نەوتی خاوی هەناردەكراو لە مانگی شویات لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشور گەیشتوەتە زیاتر لە (99)ملیۆن و (120)هەزارو (6) بەرمیل و لە كێڵگە نەوتیەكانی كەركوكیش بڕی ( 1 ) ملیۆن و ( 753 ) هەزارو ( 373 ) بەرمیل هەناردەكراوە .
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت لە چەند رۆژی داهاتوودا بەرپرسێكی باڵای ئێران بۆ نێوەندگیری لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی دێتە هەرێمی كوردستان، یەكشەمە مەكتەبی سیاسی هەردوولا كۆدەبنەوە، ئەگەری رێككەوتن لە ئەگەری رێكنەكەوتن بەهێزترە. سبەینێ مەكتەبی پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆدەبنەوە.ئەم كۆبونەوەیە یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان پارتیو یەكێتی، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو هەردوو حزب دەستیكەوتووە، پارتیو یەكێتی لەم كۆبونەوەیەدا رێكدەكەون. تەنیا ئومێدی یەكێتی، ئەو نامەیەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كە بۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی ناردو تێدا نوسیویەتی:" با مەكتەبی سیاسی هەردوولا كۆببنەوە، چارەسەری كێشەكان لە بەرژەوەندی یەكێتی كۆتایی دێت". دواین هەڵوێستی یەكێتی بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە، زۆرینەی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی یەكێتی سورن لەسەر ئەوەی یەكێتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وەرنەگرێتو لەبەرامبەردا پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمو دوو پۆستی وزاری باڵای پێبدرێت. بەڵام هاوكات لەبەرامبەردا بۆچونێكیش هەیە، كە داوا دەكات یەكێتی بەو پۆستانە قایل بێت كە لە حكومەتی هەرێم بۆی دانراوە، ئەمە لەبەرامبەر چارەسەركردنی پرسی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك. ئەگەر بۆچوونی یەكەم (یەكێتی سەرۆكی پەرلەمانی ناوێت) سەركەوێت، تائێستا دیار نییە پارتی بە چ جۆرێك كێشەكە چارەسەر دەكات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كە ئێستا یەكێتی داوای دەكات، پێشترو لەچوارچێوەی رێككەوتنی پارتیو بزوتنەوەی گۆڕاندا، بۆ بزوتنەوەی گۆڕان یەكلابوەتەوە. پێشبینییەكان بۆ ئەوەدەچن، بۆ قایلكردنی یەكێتی، پارتی پۆستی جێگری دووەم بۆ سەرۆكی هەرێم زیاد بكات، بەڵام نازانرێت ئاخۆ نێچیرڤان بارزانی كە كاندیدی پارتییە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم قایل دەبێت بەوەی پۆستەكەی دوو جێگری هەبێت. ئەگەر یەكێتیو پارتی لەسەر زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم نەگەنە رێككەوتن، ئایا بزوتنەوەی گۆڕان بۆ چارەسەركردنی كێشەی پارتی لەگەڵ یەكێتی دەستبەرداری پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم دەبێت بۆ یەكێتی ؟ ئایا ئەگەر یەكێتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی وەرنەگرت، پارتی ئامادەیە لە بری پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بە بزوتنەوەی گۆڕان بدات ؟ رەنگە لە چەند كاتژمێری داهاتوودا وەڵامی ئەم پرسیارانە روون ببێتەوە. ئەگەرەكانی رێككەوتن بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، لەبەر چەند هۆكارێك ئەگەری زۆرە یەكشەممە پارتیو یەكێتی لەسەر هێڵە گشتییەكان رێككەون، بەتایبەتیش لەكاتێكدا بارزانی لە پەیامەكەیدا بۆ یەكێتی ئاماژەی بە ئەگەری رێككەوتن كردووە. گرنگترین پاڵنەر بۆ رێككەوتنی نێوان پارتیو یەكێتی دەتوانرێت لەم خاڵانەدا كورتبكرێتەوە: • یەكێتی دوای ئەوە لەسەرەتاوە مقاوەمەتی كرد، بەڵام هەنگاوەكانی ئەمدواییەی پارتی لەناو پەرلەمانەوە ئەو پەیامەی پێدا، ئەگەر نەچێتە پێشەوە، لە پرۆسەكە دوادەكەوێتو كارتی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمیشی لەدەستدا دەسوتێ. • مەسعود بارزانی نایەوێت مەسرور بارزانی كوڕی كە سەرۆكی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم، ناوچەی دەسەڵاتی تەنیا لە زۆنی زەرددا بێتو فەرمانەكانی نەگاتە زۆنی سەوز. • زۆربەی ئەو نەوتەی هەرێمی كوردستان كە هەناردەی دەرەوە دەكرێت لە ناوچەی قەڵەمڕەویی پارتیدایە، بەڵام غازی سروشتی كە پارتی رێككەوتنی دوو ساڵەی كردووە بۆ فرۆشتنی هەموو لە ناوچەی قەڵەمڕەویی یەكێتیدایە، ئەو غازە سروشتییە سەرچاوەی سەرەكی دابینكردنی كارەبایە لە هەموو هەرێمی كوردستان، لەم بوارەدا پەراوێزخستنی یەكێتی، زیان بە بەرژەوەندییەكانی پارتی دەگەیەنێت، رەنگە ئەمە هۆكارێك بێت بۆ ئەوەی پارتی هەندێ لە خواستە سیاسییەكانی یەكێتی قبوڵ بكات. • ئەمریكاو ئێران كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەكو دوو هێزی نەیاری یەكتر تەماشایان دەكرێت، بەڵام لە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا هەردوولا هاوڕانو نایانەوێت لەم كاتەدا پشێوی سیاسی لەهەرێمی كوردستان دروست ببێت، ئەمەش پاڵنەرێكی ترە بۆ ئەوەی پارتیو یەكێتی بگەنە رێككەوتن. ئێرانییەكان دێنە ناوەوە سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی نیشتمانی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، بڕیارە لە یەك دوو رۆژی داهاتوودا بەرپرسێكی باڵای ئێران بێتە هەرێمی كوردستانو لەگەڵ پارتیو یەكێتی كۆببێتەوە بەمەبەستی بەلاداخستنی كێشەكانیان. پێشبینی دەكرێت بەر لە هاتنەناوەوەی بەرپرسە باڵاكەی ئێران، مەسعود بارزانی كێشەكان لەگەڵ یەكێتیدا بەلادا بخاتو دواتر لەگەڵ ئێرانییەكان كۆببێتەوەو ئەو هەنگاوە وەكو دەستپێشخەرییەكی سیاسی بخاتە بەردەم ئێرانییەكان.
راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم یهكێتیی له رێككهوتنه سێ خاڵیهكهی 5ی شوبات، لهگهڵ پارتی لهسهر ههڵبژاردنی دهستهی سهرۆكایهتی پهرلهمان و دانانی پارێزگاری كهركووك لە ماوەی پێکھێنانی حکومەت، توانی سهركهوتوو بێت، بهڵام یەکێتی لەبری ئەوەی لە کارتی ژمارە یەکەوە دەست بە دروستکردنی فشار بکات بۆ سەر پارتی، تا داواكارییهكانی جێبەجێبكات، راستەوخۆ دەستی برد بۆ کۆتا کارت و ئهو كارتانهشی به دهستیهوه بوو سووتاندی. ئهو یاریهی یهكێتیی كه له ڕۆژی 18ی شوبات لهگهڵ پارتی ئهنجامیدا، دهتوانین بڵێین زۆر نەزانانهو نەشارەزایانهو مناڵابوو؛ کاتێك بەشداریی دانیشتنی پەرلەمانی نەکردو سەرۆکی پەرلەمانی وەرنەگرت، چونکە لەلایەك یەکێتی به تەنھا مایەوە، به پێچەوانەیی ٢٣ حوزەیرانی 2015، چونكه ئهمجاره ھەموو ھێزەکانی دیكه چونەوە بەرەی پارتی و بەبێ یەکێتی پرۆسەکە جێبهجێكرا. یەکێتی خۆی لەگەڵ پارتی له 5ی شوباتدا، کاتی کۆ بوونەوەیی پەرلەمانی دیاریکرد، بهههر ڕێگهو هۆكارێك بێت پارتی بههۆی باشتر ئهنجامدانی یاریهكه لهگهڵ چهند لایهنێكی دیكه توانی لهم پڕۆسهیه سهركهتووبێت، ئهوهی ویستی بهدهستیهێنا، لهبهرامبهردا یەکێتی جێماو زۆربهی كارته بههێزهكانی له دهستدا، جگە لەوە پارتی ناچار کرد پۆستی زیاتر بە گۆران بدات و نەیارەکەیی یەکێتی لە زۆنی سەوز بە ھێز بکات. ئەو دەھۆڵەشی بۆ چوونی گۆران بۆ حکومەت دەیکوتن پارە ناکات، چونکە لە ئەنجامدا، کە یەکێتی بەشدار بوو له حكومهت رەخنەکانی پووچ دەبێتەوە ( كه بهشداردهبێت)، جگە لەوەش مەترسی دوو ئیدارەیی لەلایی یەکێتی کە جار جار وەك کارتێ باسیان دەکرد، پووچەڵ بۆتهوه، لە روویی دیموکراسی و ئاستی نێودەوڵەتیش ھەڵوێستیان لاواز بووه. یەکێتی به نهچوونی بۆ پهرلهمان چی دەست کەوت ؟ یەکێتی کاتێك دەڵێ داواکانمان جێ بەجێنەبێت بەشداری حكومهت ناکەین ، ئەم قسەیە لە بنەمادا پووچەڵەو بیركردنهوهیهكی دووربیانه نییه، چونکە یەکێتی لە لایەك لە بەشداریكردنی حكومهت بەردەوامەو قوباد تاڵەبانی و وەزیرەکان لە کاری خۆیان نهكهوتوون، لە لایەکی دیكهوه یەکێتی ئەو شەڕەی ئێستا لە دەرەوەی پەرلەمان بە داواكردن و نامە گۆڕینهوه لهگهڵ لە پارتی دەیکات و چاوهڕێی ئهوهیه پارتی موراعاتی بكات، ئەوا لە پەرلەمانەوە ئەیتوانی بیکات، کارتی شەرعیەت نەدانیش بە حکومەتی نوێ و پەرلەمان تا كۆتایی لە دەست خۆیدا بوایە. ئەمە چۆن بە دی دەھات؟ ئەگەر یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەکەی پهرلهمانی بکردبایە، سەرۆکی وەرگرتبایە، ئەوا جگه لهوهی خواستێكی یەکێتی ( ئهگهر به ناچاریش بێت)، کە وەرگرتنی سەرۆکی پەرلەمان بوو دەھاتە دی، ئهوهی پارتیش دهمایهوه، چۆن ؟ چونكه دوای دانانی سهرۆكی پهرلهمان له لایهن یهكێتیی، پارتی پێویستی بە سەرۆکی پەرلەمان بوو دانیشتنێك رێكبخات، بۆ ھەڵبژاردنی لیژنەیی یاسایی، دواتر دانیشتنێك بۆ خوێندنەوەی یەکەمی یاسایی سەرۆکایەتی ههرێم ، دواتر دانیشتنێك بۆ پەسندكردنی یاساکە، دواتریش ئیمزاکردنی یاساکە لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمان بوو، دواتر دانیشتنیش بۆمتمانەدان بە سەرۆکی ھەرێم ههر له دهستی یهكێتیی دادهبوو، دواترو دواتریش دیسانهوه دوو دانیشتنی دیكهی پهرلهمانیش بۆ ڕاسپاسدنی سەرۆکی حکومەت و متمانەدان بە حکومەت ههر له دهست ئهواندابوو. هاوكات لهگهڵ ئهم ههنگاوانهی سهرهوه، بە گوێرەی رێکكەوتنی یەکێتی و پارتی له 5ی شوبات وا قسهكرابوو، پرسی دانانی پارێزگایی کەرکوک لە ماوەی پێکھێنانی حکومەت دەبێت (نەك لە دوایی تەواو بوونی پێکھێنانی حکومەت)، کە یەکێتی ئەیتوانی لە ھەر قۆناغێك لەم قۆناغانانهی سەرەوە، بهر له متمانەدان بە سەرۆکی ھەرێم داواکاریەکانی خۆی جێبهجێبكردبووایه، له لایهكی دیكهوه ئهگهر لهماوهی ئهو قۆناعهدا: پارتی خواستەکانی یەکێتی جێبەجێنەکردبوایە، ئەوا ئەوکات پارتی ههر سهری له بن دهستی یهكێـتیی دهبوو، چونكه یەکێتی ئەیتوانی به دهسهڵاتی سهرۆكی پهرلهمان دانیشتنی پهرلهمان نهكات و كێشهی تێبخات، کە ئەمەش وای له پارتی دهكرد، هیچ كارتێكی بهدهستهوه نهبێت، پارتیشی ناچاردەکرد یان چۆك دابدات، یان ئهوكات باشترین و ناچارترین كارتی پارتی ئهوهبووه: ھاوشێوەیی یوسف محمدی گۆڕان، پارتی رێگریی لە سەرۆکی پەرلەمان بکردبووایە، تاوهكو نەیەتەوە ھەولێر، چونکە ڕاستە پارتی زۆرینە لە سەرۆکایەتی و پەرلەمان، بهڵام لهڕووی یاسایهوه تا سەرۆك ئامادەیی ھەبێت جێگر ناتوانێت دانیشتنی پهرلهمان بەڕێوە ببات، جگهلهوهش یهكێتیی كارتێكی دیكهی ههبوو، كه ئهوكات دهیتوانی سەرۆکی پەرلەمان بکشێنێتەوەو ئەوسا بھاتبوایە ئەم قۆناغەیی ئێستاو بیووتبایه تا خواستەکانم جێبەجێ نەبێت بەشدار نابم، کە لە ھەردوو ئەگەردا ئهو یاریهو فشارهی بۆسهر یهكێتیی ئێستا دروستبووه، به ئاڕاستهیهكی دیكه بۆ سهر پارتی پێچەوانە دەبۆوە. بەھۆی خۆپەرستی سەرکردەکانی یەکێتی و نەبوونی یهك بڕیاری و كورتبینی سهركردهكانی، له ئێستادا ھەڵوێست وەرگرتنی یەکێتیان لاواز کردووهو، پارتیان بەھێز کردوو، ھێزەکانی تریشیان باشترو باشتر کردە پاشکۆیی پارتی؟! ئێستاش ھەر درەنگ نەبووەو یەکێتی دەتوانێ دەست بەم یاریە بکات، رۆڵ بۆ خۆیی بگێڕێتەوە، نەک وەك ئێستا رۆڵی پێبدەن، بۆئهمهش له دانیشتنی چهند كاتژمێری داهاتوودا، ئهم حزبه دهتوانێت شێوازی گفتووگۆو یارییهكان به ئاراستهی خۆی ببات، بهڕهچاوكردنی ئهو شتانهی لهسهرهوه باسكران. چونکە پارتی دوو ھەنگاویی یەکەمی ناوە، جارێ وەك موراعات ھەنگاوەکانی تری ڕاگرتووەو چهند ڕۆژێكی دیكهی كهمیش چاوهڕێدهكات، ئهم وهستان و چاوهڕێكردنهش لە بەرامبەر کارتی فشاریی یەکێتی نییه. ئێستا كۆسرهت ڕهسوڵ، جێگری سكرتێری گشتیی یهكێتیی له بهغدا گهڕاوهتهوه به میدیاكانی یهكێتیی ڕاگهیاندووه: لهم ههفتهیهدا لهگهڵ پارتی ڕێكدهكهون ( ڕۆژی یهكشهممه له بارهگای مهكتهبی سیاسی یهكێتی له ههولێر كۆدهبنهوه )، ئهمهش بهڵگهیه بۆئهوهی، كه تهواوی ئهو پلانان و كارتانهی، كه له لایهن ههندێك له ئهندامانی مهكتهبی سیاسی و سهركردایهتی ئهو حزبه باسدهكران قسهی بۆش بوون، نهیانتوانی وهكو پێویست یاریهكه له بهرژهوهندی خۆیان ئهنجامبدهن.
راپۆرتی: درەو میدیا خەلافەتەكەی داعش كە لە سوریاوە دەستیپێكرد هەر لە سوریاشەوە كۆتایی هات، سەرۆكی ئەمریكا كۆتایی خەلافەتی داعشی راگەیاندو بەرپرسانی هەسەدەو یەپەگەش گەیشتونەتە خاڵی كۆتایی باغوز و بەسەدان چەكداری داعش خۆیان رادەستكردووە. لەناوچەی شەڕو لەبەردەم دەستگیركراوانی داعشدا لیلوا عەبدوڵا گوتەبێژی هەڵمەتی گەردەلوولی جزیرە ڕایگەیاند " داعش شكستی هێنا" مەزڵوم كوبانیش فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە"سەرجەم ناوچەكانی ژێر دەستی داعش كۆنترۆڵكراونەتەوە و لە ئێستادا سەرقاڵی پاكردنەوەی تەواوەتی شوێنەكانن و لە ماوەی هەفتەیەكی تردا بە تەواوی سەركەوتن ڕادەگەیەنن" لیلوا عەبدوڵا لە لێدوانێكدا بۆ ( ANF ) ئاماژەی بەوەكردووە" ئەگەرچی داعش شكستی هێناوە بەڵام هێشتا شانە نووستوەكانیان ماون. ئەوەی گرنگە ئەوەیە عەقڵیەتی داعش هێشتا لەنێو خەڵكدا ماوە. لە ئێستا بەدواوە كاری ئێمە ئەوەیە كۆتایی بەو عەقڵیەتە و شانە نووستوانە بێنین" لە رۆژی 9ی شویاتەوە هێزەكانی هەسەدە ( هێزەكانی سوریای دیموكرات) و هێزەكانی یەپەگە ( یەكینەكانی پاراستنی گەل) و یەپەژە ( یەكینەكانی پاراستنی ژن) ئۆپەراسیۆنی سەربازیان بۆ دوایین مۆڵگەكانی داعش لە رۆژهەڵاتی سوریا دەستپێكردووەو لە ئێستادا گەیشتونەتە خاڵی كۆتایی لە ( باغوز). باغوز گوندێكی سەربە ناحیەی سوسەی پارێزگای دیرەزوری سوریایەو دەكەوێتە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەو لە سنوری نێوان ( عێراق – سوریا)یە. گوتەبێژی هەڵمەتی گەردەلوولی جەزیرە ئەوەشی خستۆتە رووهەڵمەتەكە بەردەوامە، بەڵام بەشێوەیەكی زۆر هەستیار و هێدی بەڕێوەدەچێت. هێشتا لە دوایین خاڵەكانی ژێر دەستی داعش لە گوندی باغۆز، سیڤیل لە دەستی چەتەكانی داعشدا ماون. بۆ پاراستنی ئەو سیڤیلانە و ڕزگاركردنیان بەهێواشی دەچنە پێشەوە. چەكداران خۆیان رادەست دەكەن لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا بە سەدان چەكداری داعش خۆیان رادەستی هەسەدەو یەپەگە گردووە، تەنها لە رۆژی پێنجشەممە 28/2/2019 زیاتر لە 200 چەكداری داعش خۆیان رادەستكردووەو بەشێكیان چەكداری بیانین. هەربۆیە دەستكراوە بە جیاكردنەوەیان چەكدارانی داعش دوای لێپرسینەوە لە سیڤیلەكان جیادەكرێنەوە و دەخرێنە زیندان. ژن و منداڵانی سیڤیلیش دوای پشكنین پێداویستییەكانی خواردن و خواردنەوەیان بۆ دابین دەكرێت و لە شوێنی گونجاو جێگیر دەكرێن. لەو بارەیەوە گوتەبێژی هەڵمەتی گەردەلوولی جزیر ڕایگەیاند، ئەو چەكدارانەی كە خۆیان ڕادەستی شەڕڤانانی هەسەدە كردووە، سەرەتا لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرێت. ئەوانەی دەستیان لە كوشتندا هەبووە و دەردەكەوێت كە داعشیین، تا ڕادەستی وەڵاتەكانی خۆیان دەكرێنەوە، زیندانی دەكرێن. مستەفا بالی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)، رایگەیاندووە، رزگاركردنی هاووڵاتییان لە باغۆزی دواپێگەی داعش لە سووریا بەردەوامە، لە 9ی شوبات و رۆژی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی باغۆز، تاكو ئێستا, 15هەزار هاووڵاتی رزگار كراون. توركیا داوای دەستگیركراوان دەكات چەند رۆژێكە بەرپرسانی توركیا داوا دەكات ئەو چەكدارانەی داعشیان رادەستبكرێت و هەسەدەش داوا دەكات دەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رۆڵ بگێرن لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو چەكدارانەی داعش، لەو بارەیەوە لیلوا عەبدوڵا دەڵێت"«هەندێك لایەن هەن كە دەیانەوێت ئاڵۆزی لەو ناوچانە دروست بكەن كە ڕزگار كراون. پێویستە دەوڵەتانی ئەندام لە نەتەوەیەكگرتووەكان ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە بەئارامی بمێننەوە. هەروەها دەربارەی چارەنووسی ئەو چەتانەی داعش هەنگاوێك بنێن. لە چەند رۆژی رابردووداو لە چوارچێوەی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا داوای لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كردووە كە ئەو چەكدارانەی داعش كە دەستگیركراون رادەستی توركیا بكرێن، بە دیاریكراوی داوای 800 چەكداری دەستگیركراوی داعشی كردووە ئەویش لە پێناو ئەوەی: 1- ئەردۆغان هەوڵ دەدات هیچ كام لەو داعشانە نەدرێنە دادگایەكی نێودەوەڵەتی وەك ئەوەی هەسەدە داوای كردووە، چونكە لەئەگەری هەر دادگایەكی وەهادا ئەوا پەیوەندی و نهێنیەكانی داعش و توركیا بەتەواوی ئاشكرا دەبێت. 2- لەئەگەر داننانی ئەو داعشانەدا لەدادگایەكی نێودەوڵەتی بەپەیوەندیەكانیان لەگەڵ توركیا ئەوا دەكرێت توركیاش بەتاوانی جەنگ پەلكێشی دادگای نێودەوڵەتی لاهای بكرێت. 3- توركیا هەوڵ دەدات هەموو ئەو داعشانە لەژێر دەستی خۆیدا بهێڵێتەوە تا پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئەو گروپە تیرۆریستیە نەچێتە دەرەوە. ترەمپ كۆتایی خەلافەتی داعشی راگەیاند دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند ئەو هێزانەی كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكاتەوە پشتیوانی دەكرێت، 100%ی ناوچەكانی ژێر دەستی رێكخراوی داعشیان كۆنترۆڵ كردەوە، ترەمپ لە بنكەی سەربازی ئیلمندرۆڤ ریچچاردسۆن لە ویلایەتی ئەلاسكا رایگەیاند:" پێشتر بەردەوام دەتانبیست كە 90-92%ی خای خەلافەت لە سوریا كۆنترۆڵ كراونەتەوە، بەڵام ئێستا ئێمە 100%ی ناوچەكانی خەلافەتمان كۆنترۆڵ كردووەتەوە".
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت "نەگەیشتنە رێككەوتن" ئەمە ناونیشانی دواین دیداری نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاو كیم جۆن ئون سەرۆكی كۆریای باكور بوو، كە لە شاری هانۆی پایتەختی ڤێتنام بەڕێوەچوو. لە دیداری لوتكەدا، ترەمپ بەڵێنیدا سزای ئابوری نوێ بەسەر كۆریای باكوردا نەسەپێندرێت، بەڵام ئامادە نەبوو سزا كۆنەكان لەسەر ئەو وڵاتە هەڵگرێت، ئەمەش شكستی بە دیدارە مێژوییەكە هێنا. بەبێ ئیمزاكردنی هیچ رێككەوتنێك بەشێوەیەكی كتوپڕ دیداری نێوان ترەمپو كیم جۆن ئون كۆتایی هات، ترەمپ رایگەیاند"لە ئێستادا هیچ نیازێك نییە بۆ ئەوەی جارێكی تر لەگەڵ كیم جۆن ئون دیداری لوتكە بكات". بەر لە جێهێشتنی شاری هانۆی، ترەمپ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی:" هەندێكجار پێویستە بەجێیبهێڵێت، ئەمە یەكێكە لەو كاتانە.. من حەزم دەكرد لەوە زیاتر بڕۆین". سزاكان دانوستانەكان بەهۆی ئەو سزا ئابورییانەوە شكستیانهێنا كە ئەمریكا بەهۆی پرۆگرامە ئەتۆمیو بالستییەكانەوە بەسەر كۆریای باكوریدا سەپاندووە. ترەمپ وتی:" كیم ئامادە بوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵگەی ئەتۆمی یۆنگبیۆن، بەڵام لەبەرامبەردا داوای هەڵگرتنی هەموو سزاكانی دەكرد، ئەوەش شتێكە كە ئەمریكت ئامادە نییە بۆی". ترەمپ لە زاری كیم جۆن ئونەوە رایگەیاند:" ئەو وتی جارێكی تر تاقیكردنەوەی موشەكی یان هەر بابەتێك پەیوەندیدار بێت بە چەكی ئەتۆمییەوە، ناكات". رەنگە ئەمە تاكە بەڵێنێك بێت كە ئەمریكا لە دیداری لوتكەدا لە هانۆی، لە كۆریای باكوری وەرگرتووە. بەر لەوەی گوازرشت لە پەیوەندی دۆستانەیان بكەن، ترەمپو كیم جۆن ئون چەند مانگێك قسەیان بەیەكتر وتو هەڕەشەیان لە یەكتر كرد. جۆ شیرینچیونی سەرۆكی دامەزراوەی "بلاوشیرز" لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر لەبارەی كۆبونەوەكەی ترەمپو كیم جۆن ئون نوسیویەتی:" ئەوە شكستێكی گەورە بوو.. ئەمە ئەو سنوری ئەو جۆرە دیدارانە نیشان دەدات كە بەبێ كاتی پێویستو توانای مرۆیی ئەنجام دەدرێن بۆ گەیشتن بە رێككەوتن". هەڵوەشانەوەی خوانەكە پێشتر كۆشكی سپی رایگەیاند، ئاهەنگێك بەڕێوەدەچێت بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە، هاوكات هەریەكە لە ترەمپو كیم جۆن ئون لە خوانێكدا كۆدەبنەوە، بەڵام هەردوو سەرۆك بەبێ ئیمزاكردنی هیچ رێككەوتنێك هۆڵی كۆبونەوەكەیان بەجێهێشت. كۆشی سپی باسی لەوەكرد، ترەمپو كیم كۆبونەوەیەكی بنیادنەرانەیان كردووە، لەبارەی هەموو رێگە جیاوازەكانەوە سەبارەت بە پرسی داماڵینی چەكی ئەتۆمیو ئابوری قسەوباسیان كردووە، لەئێستادا نەیانتوانیوە بگەنە هیچ رێككەوتنێك، بەڵام تیمەكانیان چاویان لەوەیە لە داهاتوودا جارێكی تر كۆبونەوە بكرێت". ترەمپ ماوەی زیاتر لە (20) كاتژمێری لەناو فڕۆكەدا بەسەربرد بۆ ئەوەی بگاتە هانۆی، كیم جۆن ئون-یش دوو رۆژو نیو لە شەمەندەفەردا بوو تا بگاتە شوێنی دیدار. "من پەلەم نییە" كیم جۆن ئون لە هانۆی باسی لە ئەگەری كردنەوەی ئۆفیسێكی هەمیشەیی كۆریای باكور كرد لە ئەمریكا، بەڵام ترەمپ هەرزوو خەیاڵەكەی كیمی شێواند. ترەمپ وتی:" من پەلەم نییە، خێرایی بەوڕادەیە لەلای من گرنگ نییە.. من دەمەوێت بگەینە رێككەوتن". ترەمپ پێشتر چەندینجار باسی لەوەكردووە، ئەگەر سەرەتا رێگری لێكرا، چیتر پێویست بەوە ناكات پەلە لە كۆریای باكور بكرێت چەكە ئەتۆمییەكان لەناوببات". كیم جۆن ئون وتی:" ئەگەر ئامادەنەبومایە بۆ داماڵینی چەكی ئەتۆمی، نەدەهاتم بۆ هانۆی بۆ دیدار لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ"، بەڵام ئاماژەی بەهیچ رێوشونێك نەكرد كە بیگرێتەبەر بۆ كۆتایهێنان بە چەكی ئەتۆمی. ئامانجەكەی ترەمپ ئامانجی ترەمپ لە دیدارەكەی لەگەڵ كیم خۆی لە دیاریكردنی كرۆكی ئەو بەڵێنانەدا دەبینیەوە كە مانگی حوزەیرانی رابردوو لە سەنگافورە هەردوو سەرۆك بەیەكترییاندا، بەڵام وێنەكانی دوای دیدارەكەی ئەمجارە، دەریخست ترەمپ بێئومێدە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا ئومێدێكی زۆری لەسەر دیدارەكەی ئەمجارە هەڵچنیبوو. لە دیداری پێشتریاندا، ترەمپو كیم راگەیەندراوێكی هاوبەشیان ئیمزا كرد لەبارەی "داماڵینی چەكی ئەتۆمی لە نیمچە دورگەی كۆریا"، بەڵام هەردوولا لەوكاتەوە لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە ناكۆكن. سەرچاوە: بی بی سی- فرانس پرێس
(درەو میدیا): رۆژانە لە كەركوكەوە (370 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردە دەكرێت، لەم رێژەیە (200 هەزار) بەرمیلی رۆژانە دەچێتە ژێر كۆنترۆڵی پارتی دیموكراتی كوردستانەوەو بەشێك لە داهاتەكەی بۆ پارتی دەچێت. ئەمە لەكاتێكدایە پارتی دیموكراتی كوردستان لەدوای رووداوەكانی (16ی ئۆكتۆبەر)ەوە كەركوكی چۆڵكردووەو وەكو شارێكی "داگیركراو" ناوی دەبات. بەرپرسێك لە كۆمیانیای نەوتی باكور بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" ئێستا رۆژانە لە سەرجەم كێڵگە نەوتییەكانی كەركوكەوە 350 بۆ 370 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرێت". بەپێی قسەی ئەو بەرپرسە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، ئەو نەوتەی كە رۆژانە لە كەركوك بەرهەمدەهێنرێت، بەمشێوەیە دابەشدەبێت: • رۆژانە (100 هەزار) بەرمیل نەوت لە كەركوكەوە رەوانەی بۆ پاڵاوگەی نەوتی (كەڵەك)ی سەربە كۆمپانیای (كار) دەكرێت كە ئەو كۆمپانیایە سەربە نێچیرڤان بارزانییە، نەوتەكە لەو پاڵاوگەیە دەپاڵێورێت، بەرهەمەكەشی دەنێردرێت بۆ موسڵو ناوچەكانی دەوروبەری، پارەی پاڵاوتنی ئەو نەوتە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستانە، كە بۆ هەر بەرمیلێك نزیكەی (10 دۆلار)ە، واتا داهاتی پاڵاوتنی ئەو نەوتە مانگانە (30 ملیۆن) دۆلارە. • رۆژانە (90 هەزار) بەرمیل نەوت لە كەركوكەوە لەڕێگەی بۆرییەوە رەوانەی بەندەری جەیهانی توركیا دەكرێت، كە داهاتەكەی بۆ كۆمپانیا بەبازاڕكردنی نیشتمانی نەوتی عێراقە"سۆمۆ"، كرێی گواستنەوە ئەم نەوتەش (واتا كرێی بۆرییەكە) بەهەمان شێوە بۆ كۆمپانیای (كار)ی سەربە نێچیرڤان بارزانییە، كە بۆ هەر بەرمیلێك نزیكەی (10 دۆلار)ە، واتا داهاتەكەی مانگانە دەگاتە (27 ملیۆن) دۆلار. • رۆژانە (38 بۆ 42 هەزار) بەرمیل نەوت لە كەركوكەوە رەوانەی پاڵاوگەی (بازیان)ی سەربە كۆمپانیای (قەیوان) دەكرێت، قەیوان هەر بەرمیلێك لەو نەوتە بە بڕی نزیكەی (10 دۆلار) دەپاڵێوێت، قەیوان مانگانە (12 ملیۆن) دۆلار داهاتی لە نەوتی كەركوك دەستدەكەوێت. • رۆژانە (40 هەزار) بەرمیل نەوتی كەركوك رەوانەی پاڵاوگەی (بێجی) دەكرێت، كە سەربە حكومەتی عێراقەو پێداویستی سوتەمەنی ناوخۆ ئامادە دەكات. • رۆژانە (25 هەزار) بەرمیل نەوت لە كەركوكەوە رەوانەی پاڵاوگەی (گەیارە) دەكرێت، ئەم پاڵاوگەیە سەربە حكومەتی عێراقەو پێداویستی سوتەمەنی لەناوخۆ دابین دەكات. • رۆژانە (50 هەزار) بەرمیل نەوتی كەركوك رەوانەی پاڵاوگەی (كەركوك) دەكرێتو بەرهەمەكەكەی بۆ ناوخۆیە. • رۆژانە (15 هەزار) بەرمیلی نەوتی كەركوك رەوانەی وێستگەی كارەبای (قودس) دەكرێت لە بەغداد.
(درەو میدیا): تەنیا بۆ یەك دانیشتنی پەرلەمان، هەر پەرلەمانتارێكی كوردستان بڕی زیاتر لە (3 ملیۆنو 500 هەزار) دیناری وەرگرت. پەرلەمانتارانی كوردستان موچەی مانگی 11ی ساڵی رابردوویان وەرگرت، ئەمە یەكەم موچەیە كە پەرلەمانتارانی خولی نوێ وەریدەگرن. خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان رۆژی 6ی تشرینی یەكەم، یەكەم دانیشتنی خۆی گرێدا، لەو دانیشتنەدا پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خواردو لەو مانگەدا پەرلەمان تەنیا یەكجار كۆبوەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، رۆژی یەكشەممەی رابردوو، پەرلەمانتاران لەڕێگەی بانكەكانەوە، یەكەمین موچەی خولی پێنجەمیان وەگرتووە. یەكەم موچەی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم، موچەی تەنیا (24) رۆژ بوو، چونكە پەرلەمانتاران لە رۆژی 6ی تشرینی یەكەمەوە موچەیان بۆ ئەژماركراوە، بەوپێیەی لەو رۆژەدا سوێندی یاساییان خواردووە. (درەو میدیا) زانیویەتی، هەر پەرلەمانتارێك بڕی (3 ملیۆنو 541) هەزار دینار موچەی مانگی 11ی وەرگرتووە، ئەوەش موچەی (24) رۆژبووە بەبێ پارەی لیژنەكانی پەرلەمان كە مانگانە بۆ هەر پەرلەمانتارێك بڕی (500 هەزار) دینارە، مانگی تشرینی یەكەم لیژنەكانی پەرلەمان دروستنەكراون، بۆیە ئەو (500 هەزار) لە موچەی پەرلەمانتاران بڕدراوە. موچەی هەر پەرلەمانتارێكی كوردستان مانگانە (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینارە، رێژەی 40%ی موچەكانیان بەر پاشەكەوت كەوتووەو مانگانە بڕی (4 ملیۆنو 850 هەزار) دیناریان پێدەدرێت. لە رۆژی 6ی تشرینی یەكەمەوە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەفەرمی دەستبەكاربوو، نزیكەی چوار مانگە پەرلەمانی تەنیا سێ دانیشتنی كردووە.
(درەو میدیا): هەردەم موسا گەنجێكی خەڵكی شاری كەربەلای عێراقەوە، ماوەی 4 ساڵ لە ریزی هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستاندا جەنگاوە، پاشان لە ساڵی 2014 بۆ هاوكاریكردنی شەڕڤانەكانی یەكینەكانی پاراستی گەل " یەپەگە" لە هێرشی داعشدا بۆسەر كۆبانێ دەچێتە رۆژئاوای كوردستانو هەرلەوێ بڕیاردەدات ببێتە شەڕڤان و نەگەڕێتەوە عێراق و هەرێمی كوردستان. لە كەربەلاوە بۆ هەرێمی كوردستان هەردەم موسا ساڵی 1996 لە خێزانێكی شیعەمەزهەبی شاری كەربەلا لە دایكبووە، لە تەمەنی 10 ساڵیدا لەگەڵ خێزانەكەیدا كۆچیان كردووە بۆ هەرێمی كوردستان و لە شاری هەولێر نیشتەجێبوون. بەهۆی دۆخی خێزانەكەیەوە هەردەم موسا ناچاربووە دەستبەداری خوێندن ببێتو پەیوەندی بكات بە ریزی هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان و ماوەی 4 ساڵ لە ریزی هێزەكانی پێشمەرگەدا خزمەتیكردووە. چەند شەڕڤانێكی بیانی لە رۆژئاوای كوردستان كۆچ بۆ كۆبانێ ساڵی 2014 رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش" لەچەندین لاوە هێرشی كردە سەر شاری كۆبانێ لە رۆژئاوای كوردستان و شارەكەی گەمارۆدا، بەبڕیاری پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، هێزێكی پێشمەرگە رەوانەی رۆژئاوای كوردستان كرا بۆئەوەی بە هانای شەڕڤانانی كوردەوە بچن، یەكێك لەو پێشمەرگانەی كە دەچنە رۆژئاوا هەردەم موسا دەبێت. دوای نزیكەی دوومانگ و رزگاركردنی كۆبانێ و دوورخستنەوەی مەترسی لێی، هێزەكانی پێشمەرگە گەڕانەوە هەرێمی كوردستان، بەڵام هەردەم بڕیاردەدات پەیوەندی بكات بە ریزەكانی یەپەگەوە بەردەوام بێت لە شەڕی دژ بە داعش لە ناوچەكانی تری رۆژئاوای كوردستان و سوریا. ئێستاش هەردەم یەكێكە لەو شەڕڤانانەی كە بەشداری دوا شەڕە لە دژی داعش لە پارێزگای دێرزووری سوریا. لە نێوان حەشدی شەعبی و یەپەگەدا هەردەم دەربارەی پەیوەندیكردنی بەریزەكانی یەپەگەوە لەلێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی " رۆژنیوز" دەڵێت:" هەندێك باوەڕیان وایە كە چونكە من شیعە مەزهەبم، پەیوەندیم بە ریزەكانی حەشدی شەعبییەوە بكردایە، بەڵام من خۆمم لەنێو ریزەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەلدا بینیەوە، چونكە ئەم یەكانە هەموو مەزهەب و پێكهاتە جیاوازەكانی لەخۆگرتووە و كار بۆ پاراستنیان دەكات". هەردەم لە ریزەكانی یەپەگەدا بەشداری شەڕەكانی رزگاركردنی كۆبانێ، رەققە، شەدادی و دشیشەی كردووە و ئێستاش بە حەماسێكی زۆرەوە بەشداری دوا ئۆپەراسیۆنی شەڕڤانانە بۆسەر دواهەمین پێگەی داعش لە پارێزگای دێرزوور. هەردەم موسا دەربارەی ئیرادەو ورەی شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە دەڵێت:" ئێمە ورەو ئیرادەیەكی زۆر بەرز و بەهێزمان هەیە، هەموو هەوڵەكانمان چڕكردوەتەوە بۆئەوەی كۆتایی بە چەتەكانی داعش بهێنین". هاوكات هەردەم دەربارەی هەڕەشەكانی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان ئاماژە بەوەدەدات كە پێویستە لەسەریان هەمیشە لە ئامادەباشیدابن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێك كە توركیا بیكاتە سەر ناوچەكە. هێزەكانی پاراستی گەل " یەپەگە" تەمموزی 2012 لە رۆژئاوای كوردستان دامەزرێندراو لەماوەیەكی پێوانەییدا هەموو ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریای كۆنترۆڵكردو پاشان بووە بڕبڕەی پشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات كە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا بۆ شەڕی دژی داعش هاوكاریان دەكات. بەهۆی ناووناوبانگییەوە ژمارەیەكی زۆر لە شەڕڤانانی بیانی لەسەرتاسەری جیهاندا پەیوەندییان بە یەپەگەوە كردووو ژمارەیەكی بەرچاویشیان لە شەڕەكانی دژ بە داعش و لە هێرشی توركیا بۆسەر كانتۆنی عەفرین گیانیان لەدەستداوە.
سەرتیپ وەیسی كەریم به درێژایی مێژووی یهكێتیی نیشتمانی كوردستان، ههمیشه جهمسهرو باڵه سهرهكییهكانی ئهو حزبه، ئهگهر بهرژهوهندی و پۆستێك بۆخۆیان نهبووبێت نه بهلایانهوه گرینگ بووه، نه شهڕیشیان لهسهر كردووه بۆ كهسانی شایستهی نێو حزبهكهیان، به تایبهت ئهو كاتانهی كه بهرژهوهندی نهوهكانیان دێته پێش . له خولی سێیهمی پهرلهمانی كوردستان، لهو كاتهی ئهرسهلان بایز، ئهندامی مهكتهبی سیاسی ئهو حزبه، له نیوهی خولی سێیهمدا پۆستی سهرۆكی پهرلهمانی وهرگرت، بهڵێنیپێدرا دوای ئهوهی ویلایهتی سهرۆكی ههرێم درێژدهكاتهوه، جارێكی دیكه دهبێتهوه سهرۆكی پهرلهمان، بهڵام لهگهڵ درێژكردنهوهی تهمهنی ویلایهتی بارزانی له لایهن ناوبراو پاشان شكاندنی لهنێو قاعیدهی جهماوهری و خهڵكی دهرهوهی ئهو حزبه، ئهو بهڵێنهی پێیدرابوو بۆی جێبهجێنهكراو، چونكه ئهوكات قوباد تاڵهبانی هاته نێو حكومهت، یهكێتیش پۆستی جێگری سهرۆكی حكومهتی وهرگرت، لهولاشهوه جێگری سهرۆكی ههرێم لای یهكێتیی بوو، ناچار لیژنهی دانوستانكاری یهكێتیی و سهركردایهتی و مهكتهبی سیاسی، پۆستی سهرۆكی پهرلهمانیان بۆ پارتی جێهێشت و ئهوانیش دایان به بزوتنهوهی گۆڕان، پشتیان له ئهرسهلان بایزكرد، چونكه ئهو باڵ و جهمسهرانه پێیانوابوو، دهبێ پۆستی سهرۆكی پهرلهمان ئهگهرچی كهسێكی وهكو ئهرسهلان بایزیش وهریگرێت، بكرێته قوربانی پۆستهكهی كوڕهكەی مام جهلال . له خولی چوارهمی پهرلهمانیش به ههمانشێوهی خولی سێههم، دوای ئهوهی سەرەتا جێگری پهرلهمانی كوردستان درایە یەکێتی و دواتر وازیان لە جێگر ھێنا لەسەر داوایی مسعود بارزانی وە سکرتێری پەرلەمانیان وەرگرت، بەلام ئەم پۆستەشیان وەرنەگرت و بە کاتی درایە کۆمەلی ئیسلامی، ئهو حزبه له پێناو كۆمهڵێك بهرژهوهندی شهخسی كوڕانی بنهماڵهكان، بۆماوهی سێ ساڵ و نیو كه پۆستی سكرتێری پهرلهمان بهشێوهیهكی كاتی درابوو به كۆمهڵی ئیسلامی، هیچ كهس داوای نهكردهوه، ئهوكات بۆ پۆستی سكرتێری پهرلهمان ههریهك ( سالار مهحمود و گۆران ئازاد) كاندیدبوون، له نێوان یارییهكانی دهرباز كۆسرهت و بهرههم ساڵح ئهو پۆسته نهدرا بهو كهسانهو، ههردووكیان بوونه قوربانی ، دواجار ئهو پۆسته لهگهڵ كاراركردنهوهی پهرلهمان بهشێوهكی شكلی و رهمزی له لایهن یهكێتیهوه به ناچاری پڕكرایهوه. ئێستاش به ههمان شێوهی خولهكانی ڕابردوو، خهریكه مێژوو خۆی دووباره دهكاتهوه، چونكه لهسهروبهندی دروستكردنی كابینهی نوێ ههریهك له ( رێواس فایهق و بێگهرد تاڵهبانی)، كه كاندیدن بۆ پۆستی سهرۆكی پهرلهمان، ئهوانیش بهههمان شێوهی كهسانی پێشووتر، دهبنه قوربانی بهرژهوهندییهكانی قوباد تاڵهبانی و كۆسرهت ڕهسوڵ، ئهوهی یهكهمیان داوای پۆستی جێگری سهرۆكی حكومهت دهكاتهوه، ئهوهی دووهمیشیان پۆستی جێگری سهرۆكی ههرێم، یاخود وهزیری ناوخۆی دهوێ، لهبهرامبهر سازشكردن بۆ پۆستی سهرۆكی پهرلهمان به پارتی و گۆڕان. پۆستی سهرۆكی پهرلهمان له ڕووی سیادیهوه پۆستێكی سهرۆكایهتی گهورهو سیادییه، ئهگهرچی ڕهنگه لهڕووی دهسهڵاتهوه لاوازكرابێت، بهڵام هاوشانی سهرۆكایهتییهكانی دیكهی ههرێم و حكومهت و دادوهریه، بهشێكی زۆری ئهندامی سهركردایهتی و مهكتهبی سیاسی ئهو حزبه، بههۆی ئیرهیی و ههزمهنكردن، نایانهوێ ئهو دوو ئافرهته ئهوپۆسته باڵایه وهربگرن، تاوهكو بهرژهوهندی خۆیان ههبێت، ههربۆیهش هیچ شهڕێك لهسهر ئهوپۆسته ناكهن، دهیانهوێ سهودوای بكهن لهگهڵ پۆستی دیكه بۆخۆیان، كه له بهرژهوهندی كهسانی نێو باڵ و جهمسهرهكانی سهرهكییهكانی ئهو حزبهن. ئهگهر چی قوباد تاڵهبانی زۆرترین دهنگی له ههڵبژاردنی 30ی ئهیلول بهدهستهێنا، بهڵام لهماوهی سێ مانگدا ئامادهنهبوو، سوێندی یاسایی بخوات له پهرلهمانی كوردستان، تاوهكو به ناچاری داوای لێنهكرێت ببێته سهرۆكی پهرلهمان، ئهمهش بۆئهوهی تاوهكو له شوێنی خۆی بمێنێتهوه، دهرباز كۆسرهت ڕهسوڵیش كه خواستیهتی پۆستی جێگری سهرۆكی ههرێم، یاخود وهزارهتی ناوخۆو دارایی وهرگرێت، به ههمان شێوه لهگهڵ ئهوهدانییه پۆستی سهرۆكی پهرلهمان رێگربێت لهبهردهم وهرگرتنی ئهو پۆستهی خۆی نیازیهتی. كهسێكی دیكهی وهكو حاكم قادر، كه یهكێكه له كهسه بههێزهكانی مهكتهبی سیاسی و جهمسهرهكانی ئهو حزبه حهزی به وهگرتنی پۆستێكی باڵایه لهو نێوهنده، بۆیه نهخۆی و نه سهركردایهتی و مهكتهبی سیاسی ئامادهنیین شهڕ لهسهر پۆستێك بكهن، كه هیچ بهرژهوهندییهكیان تێیدا نییه، جگه لهوهی دوو كهسیش دهیانهوێ ئهو پۆسته وهربگرن، كه تهنها به ناو لهسهر بنهماڵهی تاڵهبانی و كۆسرهت ڕهسوڵ نزیكن، چونكه ههركات بهرژهوهندی كوڕو كچانی بنهماڵه بێته گۆڕێ ئهوان له ریزی دووهم و سێیهمی هاوكێشهكهدان.