Draw Media

 ( درەو میدیا): دوای نزیكەی 30 ساڵ لە دەسەڵات، نورسوڵتان نزاربایێڤ, سەرۆكی كازاخستان دەستیلەكاركێشایەوە‌و تا كاتی هەڵبژاردنی گشتی وڵات دەسەڵاتی رادەستی سەرۆكی ئەنجومەنی پیرانكردو لە دوای ئەو هەنگاوەش جموجوڵ بۆ جێگرتنەوەی لەلایەن  داریگای كچییەوە لەو وڵاتە دەستیپێكرد. نورسوڵتان نزاربایێڤ، لە ساڵی 1991ەوە دوای هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی سۆڤیەت‌و سەربەخۆیی كازاخستانەوە سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە دەكات, رۆژی 19ی ئازار دەستیلەكاركێشایەوەو دوای ئەو كارەی نزاربایێڤ، یەكەمین هەنگاو بۆ بنەماڵەییكردنی دەسەڵات لەو وڵاتە دەستیپێكرد‌و ئەنجومەنی پیرانی كازاخستان قاسم جۆمەرتی وەك سەرۆكی كاتی وڵات دیاریكرد و داریگا نزاربایێڤی كچی سەرۆكیش كە سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە‌و بەرگری‌و ئاسایش بوو بە سەرۆكی ئەنجومەنی پیران هەڵبژێردرا. داریگا نزاربایێڤ دوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكی ئەنجومەنی پیران رایگەیاند كاردەكات بۆ نوێكردنەوەی كۆمەڵگە‌و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی و پارێزگاریكردن لە چینە لاوازەكانی كۆمەڵگە. نورسوڵتان نزاربایێڤ سەرۆكایەتی حزبی " خاكی با‌وباپیران"ی دەكرد و كچەكەشی سەرۆكایەتی حزبی " ئاسار"، لە ساڵی 2006دا باوك‌و كچ حزبەكانیان یەكخست و حزبێكی نوێیان بەناوی حزبی " نور ئایان" واتە ( پرشنگی خاكی باوباپیران" دامەزراند و ئێستا ئەو حزبە زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی كازاخستانی بەدەستەوەیە. داریگا‌و دیارنەمانی 200 ملیار دۆلار ماڵپەڕی ئەلیكترۆنیی  راپۆرتێكی بڵاوكردەوە و ئاماژەی داوە بەوەی كە داریگا نزاربایێڤ ساڵی 2003 پاسپۆرتێكی ساختەی بەناوی "داریگا عەلیێڤا" بەكارهێناوە بۆ كردنەوەی ئەژمارێكی بانكی بۆ چەندین ملیار دۆلار و پلاندانان  بۆ سپیكردنەوەی بڕێكی زۆر پارە كە پەیوەندی راستەوخۆی بە " راخت عەلیێڤ" هاوسەری داریگاوە هەبوو كە ساڵی 2015 كۆچی دواییكرد. بە گوێرەی بانكی نێودەوڵەتی  كازاخستان لەساڵی 1999ەوە لە بواری داهاتی ناوخۆدا ساڵانە گەشەكردنی ئیجابی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام ئەوەی جێی رامان‌و پرسیارە ئەوە ئەگەر ئەو وڵاتە ئەو هەموو ملیار دۆلارەی بەهۆی گەندەڵییەوە لەدەست نەدایە كە بە گوێرەی خەمڵاندنەكان لە 10 ساڵی یەكەمی سەربەخۆییەوە ئەو وڵاتە 25%ی كۆی داهاتی ناوخۆی لە دەستداوە، ئەوا ئێستا كازاخستان لە دۆخێكی ئابوری باشتردا دەبوو. راپۆرتەكان ئاماژەیان بۆئەوە كردووە كە رێككەوتن نییە ئەو وڵاتە چەندین ملیار دۆلار لە دەرەوە لە دەستبدات، كە زاوای سەرۆك‌و نەوەكەی‌و راوێژكارەكانی لە كەسە هەر دەوڵەمەندەكان‌و بنەماڵەی حكومڕانیش كۆنترۆڵی پارەی وڵاتیان كردووە لە دەرەوەو لەم چەند ساڵەی دواییدا لە بەڵگەنامە دزەپێكراوەكانی ناسراو بە " پەنەماو پارادایس" ناوی چەند بەرپرسێكی كازاخستان ئاشكرابوو، هەروەها ئاشكرابوو كە چۆن داهاتی سامانە سروشتییەكانی ئەو وڵاتە لەلایەن بەرپرسانی وڵاتەوە دەقۆزرێتەوە و ئاشكرابوو كە بەشێك لە  سامانی نەوەی سەرۆك " نورالی عەلیێڤ" كوڕی داریگا كە جێگری سەرۆكی شارەوانی ئەستانەی پایتەخت بوو لە 2014 بۆ 2016 لە دەرەوەی وڵات گەیشتوەتە 200 ملیۆن دۆلار. ژمارە بانكییەكانی نەمسا سەروەت‌و سامانی داریگا زۆر پەیوەستە بە سامانی راخت، هاوسەری كۆچكردوویەوە، بە گوێرەی لێكۆڵینەوەكان هەر بڕە پارە‌و سامانێكی پەیوەست بە راخت، سەرچاوەكەی بۆ داریگا دەگەڕێتەوە كە هەر تەنها سودمەند نەبووە لە سامانەكەی بەڵكو هاوبەش بووە لەو سامانەدا، ئەوەش بە گوێرەی چەند راپۆرتێكی رەسمی نێودەوڵەتی. دوای جیابوونەوەی راخت‌و داریگا‌و دوورخستنەوەی لە كازاخستانن لە پرسی سپیكردنەوەی پارەدا لەلایەن سێ‌ دەزگای دادوەری نەمساو ئەڵمانیا‌و ماڵتاوە لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا كرا و مێژووی هەندێك لە لێكۆڵینەوەكان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2005 كە ئەو كات راخت هێشتا هاوسەری داریگا بوو. لە میانی لێكۆڵینەوەكاندا 28 ژمارە بانكی ئاشكرابوون، كە سیانیا داریگا تێیاندا هاوبەش بو، هەموو ئەو ژمارە بانكیانەش ساڵی 2003 كرابوونەوە. هەروەها سێ‌ ژمارە بانكی تری هاوبەشیش لەناوی راخت و داریگا لە نەمسا كرابوونەوە كە زۆر نهێنی بوونرو پێویست ناكات ناوی هاوبەشەكان لەسەر كەشف و داتا رەسمییەكان بنوسرێن، ئەو جۆرە مامەڵەیەش لە ئەڵمانیا قەدەغەكراوە.  


(درەو میدیا): ریشە درێژەكەی كورتكردوەتەوە‌و رەنگی پێستی گۆڕیوە، ئەمە دواین زانیارییە لەبارەی ئەبوبەكر بەغدادی رێبەری رێكخراوی "داعش". دواین پێگەی رێكخراوی "داعش" لە ناوچەكە لەسەروبەندی كۆنترۆڵكردنی تەواوەتیدایە، ئەبوبەكر بەغدادی رێبەری رێكخراوەكە تائێستا بێسەروشوێنە. (ئیبراهیم عەواد بەدری) ناوی راستەقینەی ئەبوبەكر بەغدادییە، ئەم رۆژانە دامودەزگا ئەمنییەكان سەرقاڵی دۆزینەوەی ئەو پیاوەن كە ساڵی 2014 لە پڕێكدا دەستی بەسەر روبەڕێكی بەرفراوانی خاكی سوریا‌و عێراقدا گرت‌و "خەلافەتی ئیسلامی" لەو ناوچانەدا راگەیاند. دواین پێگەی رێكخراوەكەی بەغدادی ناوچەی "باغۆز" بوو لە سوریا، شەڕڤانانی كورد ئێستا بەشێكی زۆری ناوچەكەیان كۆنترۆڵكردووە‌و چەكدارانی "داعش" پەیتا پەیتا خۆیان رادەست دەكەن، بەڵام رێبەرەكەیان بێسەروشوێنە. ئەبوبەكر بەغدادی كە رێكخراوەكەی بوو بەهۆی وێرانبوونی دوو شاری گەورەی مێژوویی، موسڵ لە عێراق‌و حەلەب لە سوریا، یەكەم دەركەوتنی لە مانگی تەموزی ساڵی 2014دا بوو لە مزگەوتی گەورەی شاری موسڵ، لەو كاتەوە تائێستا هیچ وێنەیەكی نەبینراوە. لەدوای یەكەم دەركەوتنیەوە، ئاژانسەكانی هەواڵ زیاتر لە (18) جار هەواڵی كوژرانی بەغدادییان بڵاوكردوەتەوە، بەڵام هێشتا هیچ هەواڵێكی ئەوتۆ لەبارەی چارەنوسییەوە نازانرێت.   "بەغدادی لە باغۆز نییە" بەپێی راپۆرتێك كە ئەمڕۆ رۆژنامەی (العربی الجدید)ی قەتەری بڵاویكردوەتەوە، پێشبینی دەكرێت بەغدادی جارێكی تر لە سوریاوە گەڕابێتەوە بۆ ناو خاكی عێراق بەدیاریكراویش بۆ بیابانی خۆرئاوا لە سنوری پارێزگای ئەنبار، یاخود هەندێك ناوچەی دورە دەستی سنوری ئەو پارێزگایە. رۆژنامەكە لە زاری سەرچاوەیەكی بەرپرسەوە لەناو دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراقەوە باسلەوەدەكات" ئەبوبەكر بەغدادی لە باغۆز نییە، بەڵام بەرلەوەی شەڕڤانانی كورد هێرش بكەن، چەندینجار سەردانی باغۆزی كردووە". سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لەبەردەستی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراقدان، بەغدادی لە ناوچەیەكی تری سوریادایە‌و چەندینجار هەوڵیداوە بێتە ناو عێراقەوە، بەڵام هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان‌و بڵاوبونەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەسەر سنور، ناچاریان كردووە بگەڕێتەوە بۆ ناو سوریا. ئەو بەرپرسە ئەمنییەی عێراق دەڵێ" سەختە باوەڕ بەوەبكرێت بەغدادی گەڕاوەتەوە ناو عێراق، ئەو هێشتا لەناو خاكی سوریادایە".   روخساری خۆی گۆڕێوە ! بەپێی قسەی ئەو سەرچاوە ئەمنییەی عێراق، بەغدادی روخساری خۆی گۆڕێوە، ریشە درێژەكەی كورتكردوەتەوە‌و رەنگی پێستی سور كردووە‌و لەدوو ساڵی رابردوودا بەهۆی ئەوەی كەم جوڵاوە، كێشی زیادی كردووە‌و قەڵەو بووە، زۆربەی جار بۆ هاتوچۆكردن ئۆتۆمبیلی ئاسایی بەكاردەهێنێت، زۆرجار بە ئۆتۆمبیلی كرێ لە گەڕەكێكەوە بۆ گەڕەكێكی تر هاتوچۆ دەكات‌و هیچ كاروانێكی سەربازی لەگەڵدا نییە، بەڵام پاسەوانەكانی بە جلوبەرگی ئاساییەوە كە لە جلوبەرگی چەكدارانی "داعش" ناچێت، پاسەوانی دەكەن.   روسیا دەڵێ كوژراوە سەرچاوەكە باسی لەوەكردووە، هێشتا دەزگای هەواڵگری روسیا سورە لەسەر ئەوەی بەغدادی بەدەستی هێزەكانی روسیا كوژراوە، بەڵام رێكخراوی "داعش" دان بەو قسەیەدا نانێت، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە "داعش"یش كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكات دەڵێ" بەغدادی بەشێوەیەكی سەخت بریندارە".   سنور ئارامە ؟ بەرپرسە ئەمنییەكەی عێراق دەڵێ" داعش جوگرافیای عێراق دەزانێت، چونكە زۆرینەی سەركردەكانی ئەو رێكخراوە عێراقین، لە ناوچەكانی بیابانی ئەنباردا ئەو تونێلانە دەزانن كە هێشتا ئاشكرانەكراون، رێكخراوەكە تونێلی گەورەی هەیە كە بەستراونەتەوە بە سنورەوە‌و پاشان دەگەنە ناو خاكی سوریا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەری هاتنەناوەوەی بەغدادی بۆ قوڵایی خاكی عێراق هێشتا ئەگەرێكی لاوازە، بەڵام ئەگەرێكی زۆر لاوازیش نییە، چونكە بیابانی ئەنبار چەندین ناوچەی ئامادەی تێدایە كە بیشارێتەوە". عەمید روكن یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق قسەی بۆ رۆژنامەكە كردووە‌و دەڵێ" بابەتی بوونی داعش لە عێراق‌و سوریا‌و باغۆز كۆتایی هاتووە، هیچ زانیارییەكی وردمان لەبەردەستدا نییە سەبارەت بە تاوانبار ئیبراهیم بەدری، نازانین ئایا جارێكی تر پەنای بۆ عێراق هێناوەتەوە یاخود هێشتا لەناو سوریادایە". یەحیا رەسوڵ باسی لەوەكردووە، سنوری نێوان عێراق‌و سوریا زیاتر لە 600 كیلۆمەترە، هەندێك كەلێنی بچوك لەو هێڵە سنورییەدا هەیە، بەڵام چاودێری ئەمنیی سنورەكە بەردەوامە لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە". راجع عیساوی كە بەرپرسێكی خۆجێیی پارێزگای ئەنبارە قسەی پێچەوانە دەكات‌و دەڵێ" سنوری نێوان عێراق‌و سوریا هێشتا بەتەواوەتی ئارام نییە، بەغدادی‌و ئەو تیرۆرستانەی تر كە هێشتا لەگەڵیدا ماون، دەتوانن تێپەڕن‌و بگەنە بیابانی ئەنبار، بەتایبەتیش لەكاتێكدا ئەو ناوچەیە خۆی لە بنەڕەتەوە تیرۆرستانی تێدا بووە‌و هێزە عێراقییەكان نەگەیشتونەتە ئەو ناوچانە، كە ئەشكەوت‌و حەشارگە‌و تونێلی تێدایە، لەم ماوانەی دوایدا تێبینی هەڵاتنی چەكدارانی داعشمان كردووە لە عێراقەوە بۆ سوریاو بەپێچەوانەشەوە.


ئامادەكردنی: فازل حەمەرەفعەت  رۆژی 21ی ئاداری هەموو ساڵێك لە كوردستان و ژمارەیەك وڵاتی ناوچەكە بەبۆنەی جەژنی (نەورۆز)ەوە خەڵك ئاهەنگ دەگێڕن، زۆرێك لەوانەی بەشداری ئەو ئاهەنگانە دەكەن بەتەواوەتی لە چیرۆكی جەژنەكە تێنەگەیشتوون، نەك هەر ئەوان مێژوونوسەكانیش لەبارەی چیرۆكی جەژنی نەورۆزەوە قسەی جیاوازیان هەیە. كورد و ئێرانییەكان و خەڵكی ئەفغانستان و چەند وڵاتێك و نەتەوەیەكی تری ناوچەكە نەورۆز بە جەژنی خۆیان دادەنێن. لەبارەی نەورۆزە بەپێی سەرچاوە مێژوییەكان بنچینەی وشەی نەورۆز لە وشەیەكی پەهلەوی كۆنەوە هاتوە و مێژووەكەی بۆ 200 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، وشەكە لە دوو بڕگە پێكهاتووە: نەو: نوێ روز: رۆژ وشەی نەورۆز بەواتای (رۆژێكی نوێ) دێت. لەبارەی مێژوی نەورۆزەوە وەكو جەژنێكی میللی قسەوباسی جیاواز هەن: هەندێك لە مێژوونوسان چیرۆكی جەژنی نەورۆز دەبەستنەوە بە چاخی سۆمەرییەكانەوە و دەڵێن سۆمەرییەكان یەكەم گەل بوون كە ئەم جەژنەیان كردووە. مێژوونوسانی كورد زۆرینەیان هاوڕان لەسەر ئەوەی كورد پێكهاتەیەكی سەرەكی شارستانی سۆمەری پێكدەهێنێت و هەر لەو سەردەمەوە كورد لە چیاو ئەشكەوتنەكاندا لەسەرەتای وەرزی بەهاردا بە ئاگركردنەوە و ئاهەنگگێڕان جەژنیان كردوە. مێژووی نەورۆز لای كورد مێژونوسانی كورد لەبارەی چیرۆك و مێژووی نەورۆزەوە دوو بۆچونی سەرەكییان هەیە: بۆچونی یەكەم: نەورۆز دەبەستێتەوە بە دروستبونی دەوڵەتی ماد بەر لە 700 ساڵ وەكو یەكەمین دەوڵەتی كوردی بۆچونی دووەم: نەورۆز دەبەستێتەوە بە چیرۆكی زوحاك و كاوەی ئاسنگەرەوە. ئەوانەی نەورۆز دەبەستنەوە بە دەوڵەتی مادەوە دەڵێن لە پێش زایندا هیچ روداوێك نییە كە كورد وەكو نەتەوەیەك شانازی پێوە بكات جگە لە دروستبونی دەوڵەتی ماد، بۆیە نەورۆز بەبۆچونی ئەوان جەژنی سەرەتای دروستبونی یەكەمین دەوڵەتی كوردییە. لە بەرامبەردا ئەوانەی نەورۆز دەبەستنەوە بە چیرۆكی زوحاك و كاوەی ئاسنگەرەوە دابەشبون بەسەر دوو بەشدا: بۆچونی یەكەم: ئەوانەی نەورۆز دەبەستنەوە بە دروستبونی دەوڵەتی مادەوە، ناتەبان لەگەڵ چیرۆكی زوحاك و كاوەی ئاسنگەردا و دەڵێن زوحاك دواین پادشای دەوڵەتی ماد بووەو پادشایەكی ستەمكار نەبووە، فارسەكان مێژوویان شێواندوە. ئەوانەی خاوەنی ئەم بۆچونەن زیاتریش دەڕۆن و لەبارەی كاوەی ئاسنگەرەوە دەڵێن كاوە تەنانەت كورد نەبووە، ئەگەر كوردیش بوبێت بەو كارەی كە كۆتایی بە حوكمڕانی دەوڵەتی ماد هێناوە وەكو دەوڵەتێكی كوردی ناپاكی كردوە‌و بۆ ئەوە نابێت كورد شانازی پێوە بكات. بۆچونی دووەم: ئەمە بۆچونە باوەكەیە لەناو خەڵكدا، ئەم بۆچونە نەورۆز دەبەستێتەوە بە چیرۆكی پادشایەكی ستەمكار كە زوحاكە، ئەفسانەكان باس لەوە دەكەن ئەم پادشایە كە دەوترێت دواین پادشای حوكمڕانی دەوڵەتی ماد بوو پادشایەكی ستەمكار بووە، كەسێك بەناوی كاوەی ئاسنگەر شۆڕشی لەدژ بەرپا كردووە و زوحاكی كوشتووە، ئیتر ئەو رۆژە ناوی لێنراوە نەورۆز و ساڵانە وەكو هەڵاتنی رۆژێكی نوێ بەبۆنەیەوە ئاهەنگیان گێڕاوە. سەرەتای ساڵی كوردی و روخانی ئیمپراتۆریەتی ئاشوری نەوشیروان مستەفا وەكو یەكێك لە مێژوونوسە هاوچەرخەكانی كورد لە كتێبی "بەدەم رێگاوە گوڵچنین" لەبارەی نەورۆزەوە دەڵێ: لە كوردستانی عێراق، لە بەرامبەر سەری ساڵی زاینی دا ئێستا بە شانازییەوە ساڵێك ئەنوسن لە ساڵی هیچ میللەتێكی ئەم دنیایە ناچێ، گوایە ئەو ساڵی كوردییە، لە كاتێكدا ئەگەر یەكێ بە وردی بچێتە بنج وبناوانی مێژووی ئەو ساڵە نەك ناهێنی بكرێتە ساڵی لەدایكبونی كورد، بگرە ئەبو مێژونوسانی كورد خۆیان نەكردبایە بە خاوەنی، چونكە ئەوە ساڵێكە وەكو مێژووی ناوچەكە ئەیگێڕێتەوە، لەو ساڵەدا چەند تیرە و هۆزی دڕەندە و داكەوتوی ناوچە شاخاوییەكان هێرشیان كردوەتە سەر نەینەوای پایتەختی ئیمپراتۆری ئاشوری و یەكێ لە پێشكەوتوترین شارستانێتییەكانی ئەو سەردەمەیان بە جۆرێ وێران كردووە كە ئیتر هەڵنەساوەتەوە.. سەیر ئەوەیە كورد خۆی بكا بە خاوەنی كارەساتێكی لەو بابەتە و بیكا بە ساڵی لەدایكبونی خۆی كەچی خۆی بە بێگانە بزانێ لە شارستانێتیە گەورەكانی میزۆپۆتامیا و زاگرۆس و ئێران، خۆی بە بێگانە بزانێ لە شارستانێتی سۆمەری و بابلی و ئەكەدی و خوری و گوتی و لۆلۆیی، لە كاتێكدا، تەنیا لە كوردستانی عێراقدا، هەزاران خشتی نوسراو دۆزراونەتەوە و سەدان شوێنەواری گرنگ شوێنەواری گرنگ لە هەولێر و كەركوك و دهۆك و سلێمانی، لە هەورامان و شمشارە و بێتوانە و دەربەندی گاور و بەمۆ و پەیكوڵی و پیرەمەگرون و حەوزی حەمرین و كیلەشین و زاخۆ .... دۆزراونەتەوە و هەزارانیش لە ژێر خاك دا ماون هێشتا كنە و پشكنینی زانستی یان تێدا نەكراوە. ئەگەر دەستكردی خەڵكی ناوچەكە نەبوبێ، داگیركەر هەرگیز نەیتوانیوە تاشەبەردی ئەو شاخانە هەڵكۆڵێ، پەیكەری لە سەر بنەخشێنێ و نوسینی لەسەر تۆماربكا". بۆچونێكی تر: هەندێك لێكدانەوەی تر هەن بۆ ریشەی وشە و مێژووی نەورۆز وەكو جەژنێكی میللی خەڵكی كورد، هێمنی موكریانی مێژووی نەورۆز دەبەستێتەوە بە ریشەی ژیانی كۆمەڵایەتی خەڵكی كوردەوە لە چاخە دێرینەكاندا و دەڵێ لە كۆندا كورد ئاژەڵدارییان كردووە، سەرەتای وەرزی بەهاری كاتی زاینی ئاژەڵی مەڕدارەكانی كورد بووە، لەو رۆژەدا كە رۆژی مەڕزاینە مەڕدارانی كورد ئاهەنگیان گێڕاوە و ئەمە بوەتە نەریت و جەژنی نەورۆز لەم ریشەیەوە دروستبووە. زەردەشت و نەورۆز هەندێكی تر ریشەی جەژنی نەورۆز دەبەستنەوە بە ئاینی زەردەشتیییەوە وەكو ئاینێكی كۆنی كورد، بۆ ئەمەش بەڵگەی ئاگركردنەوە دەهێننەوە كە سیمبوڵێكی هاوبەشی نەورۆز و ئاینی زەردەشتیییە. فارسەكان چی دەڵێن ؟ بەشێوەیەكی گشتی مێژونوسانی فارس ریشەی نەورۆز دەبەستنەوە بە پادشایەكی خۆیانەوە كە لە وەرزی سەرماو سۆڵەی سەختدا یارمەتی خەڵكی داوە، هەندێكی تر ریشەی نەورۆز دەبەستنەوە بە كەسایەتییەكەوە بەناوی (حاجی فەیروز)، ئەم كەسە بە جلە سورەكانی و رەشكردنی روخساری دەناسرێتەوە، حاجی فەیروز بەو روخسارەوە بە شەقامەكاندا گەڕاوە و بانگەوازی بۆ هاتنی وەرزی بەهار كردووە و گۆرانی میللی وتوە، ئێرانییەكان ئەم حاجی فەیروزە دەبەستنەوە بە سیاوەشەوە كە یەكێك لە پادشا كۆنەكانی ئێرانە. یەكێك لە نەریتە دیارەكانی جەژنی نەورۆز لە ئێران ئامادەكردنی خوانێكە كە حەوت جۆری خواردنی تێدابێت بەمەرجێك هەر حەوت خواردنەكە ناوەكانیان بە پیتی (سین) دەستپبێبكات، ئەم نەریتە ناوی لێنراوە (حەوت سینەكە). نەورۆز لە جیهاندا نزیكەی 300 ملیۆن كەس لەسەرتاسەری جیهان ساڵانە جەژنی نەورۆز دەگێڕن، بەوهۆیەوە نەورۆز ئێستا تاڕادەیەك بوەتە جەژنێكی جیهانی، بەهۆی ئەوەی لە ژمارەیەكی زۆر لە وڵاتانی ناوچەكە ئەم جەژنە بەرز رادەگیرێت ساڵانە سەرۆكی وڵاتانی جیهان بەوبۆنەیەوە پیرۆزبایی دەكەن. ئێستا جگە لە كوردستان، لە ئێران و ئەفغانستان و پاكستان و ئۆزبەكستان و ناوەڕاستی ئاسیا و تەنانەت باكوری چین خەڵك بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و هاتنی سەری ساڵی نوێوە ئاهەنگ دەگێڕن. بەهۆی ئەو ناوبانگە جیهانییەی كە لە كۆتاییەكانی ساڵی 2000ەوە پەیدای كرد، ساڵی 2009 رێكخراوی یونسكۆی سەربە نەتەوە یەكگرتوەكان جەژنی نەورۆزی وەكو یەكێك لە كۆنترین جەژنەكان خستە لیستی كەلەپوری جیهانییەوە. هەروەها كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ساڵی 2010 لەسەر داوای چەند وڵاتێك لەوانە" ئازەربایجان، ئەفغانستان، ئەلبانیا، ئێران، توركیا، مەكەدۆنیا، تاجیكستان، قیرغیزستان، كازاخستان و هندستان بە بڕیاری 64/253 رۆژی 21ی ئاداری بە رۆژی جیهانی نەورۆز دیاریكرد.  


راپۆرتی: محەمەد رەئوف  دوێنێ تەواوی سەركردەو باڵە جیاوازەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە پێشوازی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقدابوون، لە هەمان رۆژدا وەفدەكەی یەكێتی لە كۆبونەوەیاندا لەگەڵ پارتی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیان رەتكردەوە لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی سیادیدا. لە پێشوازی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقدا. چەند كاتژمێرێكی كەم لە دوای كۆتایی هاتنی كۆبونەوەیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە تەواوی باڵە جیاوازیەكانیەوە لە پێشوازی سەرۆكە گەنجەكەی پەرلەمانی عێراقدا بوون، لە فڕۆكەخانەی سلێمانی قوباد تاڵەبانی بە جلی كوردیەوە لەگەڵ چەندین سەركردەی تری حزبەكەی پێشوازیان لە سەرۆكی پەرلەمانی عێراقكرد، دواتر و بە كەژاوەیەكی رەسمیەوە گەیاندیانە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی و لەوێ لەلایەن سەرۆك كۆمار و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیەوە، لە پێشوازیدابون. ئەم گرنگی پێدانەی سەركردەكانی یەكێتی بە تەواوی باڵە جیاوازەكانیەوە لە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، چەند كاتژمێرێك دوای رەتكردنەوەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بوو.  یەكێتی بەدوو ئاراستە مامەڵە لەگەڵ پەرلەمان و پێگەی پەرلەمان دەكات، لەلایەك رەتكردنەوەو لەلایەكیش پێشوازی گەرم.   رەتكردنەوەی سەرۆكی پەرلەمان بەپێی زانیاریەكانی درەو میدیا كە لەچەند سەرچاوەیەكی جیاوازی ناو یەكێتی و پارتیەوە وەریگرتووە، لە كۆبونەوەی دوێنێ 19/3/2019 دا یەكێتی بە رەسمی بە وەفدی دانوستانكاری پارتیان راگەیاندووە كە سەرۆكی پەرلەمان وەرناگرن و رەتی دەكەنەوە، لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستی وزاری سیادیدا، لەبەرامبەردا وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان رایانگەیاندووە رەتكردنەوەی سەرۆكی پەرلەمان بە رەزامەندی خۆتانەو لەبەرامبەردا هیچ خاڵ و پۆینتێكی تر وەرناگرن.  وەفدی یەكێتی داوای دوو وەزارەتی سیادیان كردووە لە نێویاندا وەزارەتی ناوخۆ كە یەكێتی لەم هەنگاوەی چەند ئامانجێك دەپێكێت: یەكەم: یەكێتی دەیەوێت سێ پۆستی سیادی بەدەستبهێنێت، لە پێناو رازیكردنی باڵە جیاوازەكانی ناوخۆیدا، بەو پێیەی لە ئێستادا ركابەر بۆ قوباد تاڵەبانی بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت درووست بووەو دەیانەوێت ئەو كارەكتەرانە رازی بكەن.  یەكێتی دەیەوێت، پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ قوباد تاڵەبانی و پۆستی وەزیری ناوخۆ بۆ دەرباز كۆسرەت رەسوڵ و پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ ( حاكم قادر یان عیماد ئەحمەد) مسۆگەر بكات كە لە ئێستادا هەردوكیان داوای جێگری سەرۆكی حكومەت دەكەن، بە واتایەكی تر ئەم هەنگاوەی یەكێتی بۆ رازیكردنی تەواوی باڵە ناكۆكەكانی ناوخۆیەتی. دووەم: رەتكردنەوەی سەرۆكی پەرلەمان لەلایەن زۆرینەی سەركردەو باڵە جیاوازەكانی یەكێتیەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە هەردوو كاندیدی ئەو پۆستە( بێگەرد تاڵەبانی، رێواز فایەق) راستە هەریەكەیان لەسەر باڵێكی ناو یەكێتی ئەژمار دەكرێن، بەڵام بەدانانی ئەوان هیچ لە ناكۆكیەكان كەمناكاتەوەو هیچیان كارەكتەری پلە یەكی ناو باڵەكان نین، سەرەڕای لێهاتووی خۆیان، بۆیە هەرلەسەرەتاوە مەكتەبی سیاسی و سەركردەكانی یەكێتی بە بێبایەخەوە سەیری ئەو پۆستەیانكردووە. سێیەم: یەكێتی پێی وایە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی نەك هەر گرنگ نابێت بەڵكو رەنگە لە هەندێك رووداو هەڵوێستدا ببێتە بار بەسەر شانی یەكێتیەوە، بەو پێیەی پارتی ئەو دامەزراوەیەی قۆرخكردووە، هەردوو جێگرەكەی سەرۆكی پارلەمان پارتین ، سەرۆكی لیژنەی یاسایی و لیژنەگرنگەكان لای پارتین ، ئیدارەو كارگێری و سكوێرتی پەرلەمان لای پارتیە، لە هەمانكاتدا پارتی 45 پەرلەمانتاری هەیەو بە ئاسانی دەتوانێت بەبەردەوامی دەنگی زیاتر لە 60 ئەندام مسۆگەر بكات، بۆیە رەنگە سەرۆكی پەرلەمان تەنها وەك كارەكتەرەێكی رەمزی بمێنێتەوە.  سەرۆكی پەرلەمان لە مێژووی پەرلەمانی كوردستاندا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دووخول پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی لەلابووە، ئەویش لە خولی دووەمی پەرلەمان ( عەدنان موفتی ) لە خولی سێیەمیش دوو ساڵ ( ئەرسەلان باییز) بووە ئەمە سەرەرای لەدوای 2003 تا 2005 و یەكخستنی دوو ئیدارە بە تەناوب  لە نێوان ( رۆژ نوری شاوەیس و كەمال فوئاد)دا سەرۆكی پەرلەمان ئاڵوگۆڕی پێكرا، بەڵام پەرلەمانتارانی هەمان خولی یەكەم بوون كە جەوهەر نامیق سەرۆكی بوو.  یەكێتی ترسی لەوەیە كە ئەگەر لە ئێستادا سەرۆكایەتی پەرلەمان وەربگرێت دەركردن و پەسەندكردنی تەواوی ئەو یاسایانەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت لەم خولەدا بە ویستی خۆی تێیان بپەڕێنیت، دەكەوێتە سەرشانی یەكێتی، خۆ ئەگەر سەرۆكی پەرلەمانیش ناڕازی بێت، بە دوو ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی تێدەپەڕێنرێت، بۆیە یەكێتی پێناچێت لانی كەم تا تێپەراندنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم ئەو پۆستە وەربگرێت.   


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- نامیق رەسوڵ-محەمەد رەئوف پارتی ڤیتۆی لەسەر چەند وەزارەتێك هەڵگرت‌و ئامادەیە جێگرێكیش بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیاد بكات، بەڵام كێشەی چوار پۆستە باڵاكە بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە، ئەمە دواین پەرەسەندنی دانوستانەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستانە. وەفدی دانوستانكاری یەكێتی‌و پارتی ئەمڕۆ جارێكی تر كۆبونەوە، كۆبونەوەكە لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوو لە سلێمانی. كۆبونەوەكە نەگەیشتە ئاستی رێككەوتن، بەڵام هەندێك پەرەسەندنی نوێی بەخۆوە بینی. یەكێتی هۆشداری دەدات ! (درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا وەفدی یەكێتی بە وەفدی پارتییان راگەیاندووە" ئەگەر یەكێتی لە هەموو سەرۆكایەتی‌و جومگە سەرەكییەكانی حكومەتدا هاوبەشی راستەقینە نەبێت، بەشداری حكومەت ناكات، بەڵام ناشبێت بە ئۆپۆزسیۆن !". یەكێتی بەم پەیامە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هۆشداری بە پارتی داوە لەبارەی ئەگەری جیابوونەوە‌و دووئیدارەیی. كێشەی چوار پۆستەكە  سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی نیشتمانی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا وەفدی یەكێتی جەختی كردووە لەسەر داواكارییەكانی كۆبونەوەی پێشوو. رۆژی 12ی ئەم مانگە وەفدی یەكێتی‌و پارتی لەماڵی نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر كۆبونەوە، (درەو میدیا) پێشتر ئاشكرایكرد، لەو كۆبونەوەیەدا وەفدی یەكێتی داوای كردووە لە كۆی (4) پۆستی باڵا، دەبێت دوانیان بۆ یەكێتی بێت، پۆستەكانیش بریتین لە (سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان- وەزیری ناوخۆ- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە- وەزارەتی سامانە سروشتییەكان). یەكێتی پۆستی وەزیری ناوخۆی لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش داناوە، پۆستی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەش لەبەرامبەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان‌و دەیەوێت لەكۆی ئەو چوار پۆستە دوانیان ببات، بەڵام پارتی تائێستا رەتیدەكاتەوە هیچ یەكێك لەو پۆستانە بە یەكێتی بدات. لەبارەی چارەنوسی ئەو چوار پۆستە كە ئێستا بووەتە جێگای ناكۆكی لەنێوان هەردوولادا، (درەو میدیا) زانیویەتی، لەكۆبونەوەی ئەمڕۆدا وەفدی پارتی هیچ بەڵێنێكی ئەوتۆیان نەداوە، تەنیا وتویانە لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە‌و نوێنەرایەتییەكانی حكومەتی هەرێم چەند پۆستێكی گرنگ بە یەكێتی دەدرێت، بەڵام رایانگەیاندووە داواكارییەكانی یەكێتی دەبنەوە بۆ سەركردایەتی پارتی، یەكێتی ئێستا چاوەڕوانە پارتی لەبارەی چارەنوسی ئەو چوار پۆستەوە لە كۆبونەوەكەی دوای نەورۆزدا وەڵامی لێبگێڕێتەوە. لەبارەی پۆستەكانی سەرۆكایەتی هەرێم سەرچاوەیەك باڵا نزیك لە دانوستانەكان، بە (درەو میدیا)ی رایانگەند، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا وەفدی پارتی رەزامەندی نیشانداوە جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیادبكرێت‌و ئەو پۆستە بدرێت بە یەكێتی. بەڵام وەفدی یەكێتی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە مەرجی هەبووە، مەرجەكەش ئەوەیە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بەپێی یاسا دەسەڵاتەكانی بۆ دیاری بكرێت، نەك دەسەڵاتی نەبێت‌و سەرۆكی هەرێم خۆی دەسەڵاتەكانی بۆ دیاری بكات. ئەمە لەكاتێكدایە ئێستا پۆستێكی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ بزوتنەوەی گۆڕان یەكلابووەتەوە. لەبارەی وەزارەتەكانەوە نوێترین پەرەسەندن كە لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا رویدا، هەڵگرتنی ڤیتۆ بوو لەسەر ژمارەیەك وەزارەت لەلایەن وەفدی پارتییەوە. پارتی ئەمڕۆ دەرگای گفتوگۆی لەسەر هەندێك وەزارەت لەگەڵ یەكێتی كردەوە كە پێشتر ئامادەنەبوو بەهیچ جۆرێك گفتوگۆیان لەسەر بكات، لەوانە پۆستەكانی وەزارەتی (شارەوانی‌و تەندروستی). بەڵام یەكێتی لەمبارەیەشەوە مەرجی هەبووە‌و داوایكردووە، تەواوی پۆستە وزارییەكان بخرێنەسەر مێزی گفتوگۆ‌و بەدانوستان یەكلابكرێنەوە، نەك پارتی هەندێك وەزارەت بەبێ گفتوگۆ بۆخۆی یەكلابكاتەوە. بەبێ هیچ رێككەوتنێك كۆبونەوەی ئەمڕۆش كۆتایی هات، وەفدی یەكێتی‌و پارتی چارەنوسی دانوستانەكانیان سپارد بە كۆبونەوەیەكی تر كە بڕیارە دوای جەژنی نەورۆز بەڕێوەبچێت. پارتی چی دەكات ؟ دوێنێ پارتی دواین پەیامی خۆی لەبارەی پرسی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بە یەكێتی گەیاند، ناوەڕۆكی پەیامەكە بریتییە لەوەی " ئەگەر یەكێتی بەشداری لە پرۆسەی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمدا نەكات، لە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هیچ پۆستێكی پێنادرێت". سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، پارتی دركی بەوە كردووە یەكێتی دەیەوێت "كات بكوژێت" تا ئەوكاتەی پارتی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارادەكاتەوە، یەكێتی دەیەوێت لە پرۆسەی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمدا بزوتنەوەی گۆڕان لاواز بكات كە ئێستا هاوپەیمانی پارتییە‌و تۆڵەی روداوەكانی 30ی حوزەیرانی 2013 لە گۆڕان بكاتەوە. سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكرد، پارتی لەوە زیاتر چاوەڕوانی یەكێتی ناكات‌و دواین وادە بۆ یەكێتی كۆتایی ئەم مانگەیە، ئەگەر نەگەنە رێككەوتن، پارتی بەبێ یەكێتی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارادەكاتەوە‌و مەسرور بارزانیش رادەسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. لەبەرامبەردا بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، یەكێتی بەنیازە ئەگەر لەگەڵ پارتی نەگەیشتە رێككەوتن لەسەر پۆستەكان، پرۆژەیاسا كۆنەكەی خۆی كە ساڵی 2015 لەبارەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەشی پەرلەمانی كرد، جارێكی تر بگەڕێنێتەوە بۆ ناو پەرلەمان. هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن، پارتی‌و یەكێتی لە كۆتایدا ناگەنە رێككەوتن‌و پارتی بەبێ یەكێتی‌و لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان‌و پێكهاتەكان یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەمواردەكاتەوە. بەم هەنگاوە هاوكێشەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری بەسەردا دێت‌و بەپێچەوانەی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستانەوە كە لەبارەی پرسی سەرۆكایەتی هەرێمەوە بزوتنەوەی گۆڕان لەبەرامبەر پارتیدا راوەستابوو، لە خولی پێنجەمدا یەكێتی دەبێتە جەمسەرو لەبەرامبەر پارتیدا رادەوەستێت، بەڵام هێشتا ئەنجامی یارییەكە ناڕوونە‌و كات وەڵامی پرسیارەكان دەداتەوە.    


راپۆرتی: نامیق رەسوڵ موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر كە ماوەی چوار مانگە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق دووركەوتووەوە سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژەیەكی نوێیە، كە بەوتەی چەند سەرچاوەیەك پرۆژە نوێكەی سەدر كۆتایی بە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دەهێنێت‌و رەنگە حەدەر عەبادی بگەڕێنێتەوە دەسەڵات. دوا پەیامی سەدر " رێككەوتن كرا كە مۆڵەتی ساڵێك بدرێت بە عەبدولمەهدی بۆئەوەی سەركەوتنی خۆی لەبەردەم خودا‌و گەلدا بسەلمێنێت و هەنگاوی خێرا‌و جدی بنێت بە ئاراستەی بونیادنانی عێراق لەسەر چەند بنەمایەكی دروست، كە سەرۆك وەزیرانی پێشووتر هەوڵی بۆدا، یان بەتەواوەتی سەركەوتوو دەبێت یان گەلی هەمووی لێی رادەپەڕێت". ئەمەی سەرەوە دوا هەڵوێستی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر و هاوپەیمانی سائرون بوو بەرامبەر بە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق و عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران، لەدوای ئەم هەڵوێستەوە سەدر ماوەی نزیكەی چوار مانگە بە تەواوەتی لە گۆڕەپانی سیاسیدا دیارنەماوەو هیچ بەیاننامەیەك یان چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانی ئەنجامنەداوە‌و هیچ سەرنجێكیشی لە رێكەی تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەرەوە بڵاونەكردوەتەوە كە بەردەوام سەرنج و تێبینییەكانی دەربارەی پرۆسەی سیاسی عێراق دەخستەڕوو. سەرچاوەیەكی نزیك لە رێبەری رەوتی سەدر، رۆژی سێشەممە 19ی ئازار ناوەرۆكی نامەیەكی ئاشكراكرد كە بە جەعفەر سەدری ئامۆزایدا ئاراستەی هێزە سیاسییەكانی كردووە. بەوتەی ئەو سەرچاوەیە سەدر زۆر لە ئەدای عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و حكومەتەكەی توڕەیە ‌و رایگەیاندووە كە عەبدولمەهدی شكستخواردووە‌و تائێستا هیچ شتێكی پێشكەشنەكردووە‌و بەمزوانە دەكەوێت. دەربارەی دیدار‌و كۆبوونەوەكانی جەعفەر سەدر لەگەڵ سەركردە سیاسییەكانی عێراق سەرچاوەكە ئاشكرایكردووە كە " جەعفەر سەدر وەك نێردراوی موقتەدا سەدر ئەو دیدار‌و كۆبوونەوانەی ئەنجامداوەو نامەیەكی ئاشكرا‌و روونی سەدری پێ گەیاندون و جەختیكردوەتەوە كە حكومەتەكەی عەبدولمەهدی بەمزوانە دەڕوخێت ئەگەر بەردەوام بێت لە شكستەكانی". هاوكات سایتی " ئیرەم نیوز" ئیمارانی لە راپۆرتێكیدا ئاشكرایكرد موقتەدا سەدر كە ماوەی چوار مانگە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق دووركەوتوەتەوە ئامادەكاریی دەكات بۆ پرۆژەیەكی نوێ كە رەنگە ببێتە هۆی كۆتاییهێنان بە حكومەتەكەی عەبدولمەهدی لەرێگەی خۆپیشاندانی جەماوەرییەوە. لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیشدا، بەها ئەعرەجی یەكێك لە سەركردەكانی پێشووتی رەوتی سەدر و جێگری پێشووی سەرۆك وەزیران، رایگەیاند: موقتەدا سەدر پرۆژەیەكی دژ بە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دەخاتەڕوو، حەیدەر عەبادی دەگەڕێتەوە دەسەڵات.  ئەعرەجی وتی:" دۆخی تەندروستی موقتەدا سەدر زۆر باشە، دەرنەكەوتنی لە شانۆی سیاسی، لە دایكبوونی پرۆژەیەكی سیاسی گەورەی لێدەكەوێتەوە". بەوتەی ئەعرەجی، سەد پرۆژەیەكی چاكسازیی دژ بە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی پێشكەش دەكات و رەنگە ئەو حكومەتە ساڵێك تەواو نەكات. ئاماژەیبەوەشدا جموجوڵە سیاسییەكانی ئەم چەند رۆژەی جەعفەر سەدر پەیامی گرنگی بۆ هێزە سیاسییەكان تێدایە و رەنگی حەیدەر عەبادی پۆستی سەرۆك وەزیران بگرێتەوە دەست. ئەعرەجی لە درێژەی وتەكانیدا ئاماژەیبەوەشدا كە دانانی عادل عەبدولمەهدی بە سەرۆك وەزیران، بە رەزامەندی سەدر نەبووە‌و ئێران زۆر سودی لە حكومەتەكەی عەبدولمەهدی بینوە. جەعفەر سەدر.. ئەندازیاری پرۆژە نوێكە هاوكات لەگەڵ ئەو پەرەسەندنانەی سەرەوەدا، جەعفەر محەمەد باقر سەدر كوڕی دامەزرێنەری حزبی دەعوە جارێكی تر دەركەوتەوە لە رێگەی كۆبوونەوەی لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان‌و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح. جەعفەر سەدر، تاكە كوڕی مەرجەعی ئاینی كۆچكردووە محەمەد باقر سەدرە كە ساڵی 1957 حزبی دەعوەی ئیسلامی دامەزراند، هەروەها ئامۆزای موقتەدا سەدریشە. بەوتەی بەها ئەعرەجی، جەعفەر سەدر قسەی لەگەڵ سەركردە سیاسییەكاندا كردووە دەربارەی سروشتی پرۆژە نوێكەی موقتەدا سەدر بۆئەوەی  هەڵوێست و كاردانەوەیان بزانێت. کوبوونەوەی جەعفەر سەدر لەگەڵ حەیدەر عەبادی


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت "ئەگەر بەشداری لە پرۆسەی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمدا نەكەن، لە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هیچ پۆستێكتان پێنادرێت" ئەمە دواین پەیامی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان. دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم لە سەرەتای دروستبونییەوە تائێستا بەردەوام یەكێك لە سەرەكیترین كێشە‌و ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بووە، ئەم دامەزراوەیە ساڵی 2005 لەدوای یەكسختنەوەی هەردوو ئیدارەی پارتی‌و یەكێتی، دروستكرا. لەبارەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە ساڵی 2005 كاتێك جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرا، حكومەتی هەرێمی كوردستانی دوای قۆناغی دووئیدارەیی، یەكیگرتەوە‌و لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا لەنێوان یەكێتی‌و پارتی كە دواتر بە "رێككەوتنی ستراتیژی" ناسرا، لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقدا، پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە پارتی دیموكراتی كوردستان دراو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لە پەرلەمانی كوردستانەوە وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردرا، چارەسەركردنی كێشەی پۆستی سەرۆكی هەرێم لە ساڵی 2005دا ماوەی زیاتر لە (6 مانگ) پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی دواخست. دوای تەواوبوونی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم لە 2009دا یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەمواركرایەوەو ئەمجارەیان مەسعود بارزانی بە دەنگدانی راستەوخۆ لەلایەن دەنگدەرانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ چوار ساڵی تر بە سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرا. لەگەڵ تەواوبوونی خولی دووەمی سەرۆكایەتی بارزانی، كێشەی پۆستی سەرۆكی هەرێم تەقیەوەو پارتی‌و یەكێتی لە پەرلەمانەوە سەرەڕای ناڕەزایەتی ئۆپۆزسیۆن، ماوەی سەرۆكایەتی بارزانیان بۆ دوو ساڵ درێژكردەوە، ئەگەرچی لە یاسای درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكی هەرێمدا جەختلەسەر ئەوە كراوە بوو كە ئەم ماوەیە " یارای درێژكردنەوە نییە"، بەڵام دواترو بەبڕیاری دەسەڵاتی دادوەری دوو ساڵی تر ماوەی سەرۆكایەتی بۆ مەسعود بارزانی درێژكرایەوە، بە پاساوی ئەوەی بەهۆی شەڕی "داعش"ەوە دۆخی هەرێم بە جۆرێكە ناتوانرێت هەڵبژاردن بكرێت. كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم تەنیا لەوەدا كورتنەبوەتەوە كە كێ لەسەر كورسییەكە دادەنیشێت، ئەم دامەزراوەیە بەپێی یاسا ژمارەیەكی زۆر دەسەڵاتی پێدراوە كە زۆرجار لەگەڵ دەسەڵاتی دامەزراوەكانی تردا بەریەك دەكەون، ئەمەش كێشەكە قوڵتركردووە. دواین پەرەسەندنەكان مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە، نزیكەی شەش مانگ تێپەڕێوە بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، بەڵام هێشتا كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پێكنەهاتووە، هاوشێوەی ساڵی 2005، پرسی سەرۆكایەتی هەرێم بووەتە بەربەستی سەرەكی لەبەردەم پێكهاتنی كابینەی نوێدا. پارتی خوازیارە بەر لە پێكهێنانی حكومەت، دامەزاروەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكاتەوە‌و نێچیرڤان بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم جێگیر بكات، یەكێتی نایەوێت بەشداری ئەو پرۆسەیە بكات. بەپێی دواین زانیارییەكان كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە دەست (درەو میدیا) كەوتوون، دوێنێ پارتی پەیامێكی لەبارەی سەرۆكایەتی هەرێم ئاڕاستەی یەكێتی كردووە‌و لە پەیامەكەدا هۆشداری بە یەكێتی داوە "ئەگەر بەشداری لە پرۆسەی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی هەرێم نەكات، لە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمدا هیچ پۆستێكی پێنادرێت"، ئەمە لەكاتێكدایە یەكێتی پێداگری دەكات لەسەر وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم. پێشتر (درەو میدیا) ئاشكرایكرد، یەكێتی نایەوێت بەشداری لە كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمدا بكات‌و دەیەوێ دوای كاراكردنەوەی ئەو دامەزراوەیە پەیوەندی بە حكومەت‌و پەرلەمانی نوێوە بكات، یەكێتی دەیەوێت بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتیدا دامەزراوەكە كارابكەنەوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی لە چوار ساڵی رابردوودا بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی سەرۆكی هەرێم‌و هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم رەخنەی زۆری لە یەكێتی گرت. لەلایەكی ترەوە یەكێتی نیگەرانە لەوەی پارتی هەر لە سەرەتاوە بەبێ گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم (نێچیرڤان بارزانی) دیاریكردووە‌و پرۆژەی بۆ كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم ئامادەكردووە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لە دواین كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا، زۆرینە لەگەڵ ئەوەدابوون یەكێتی بەشداری پرۆسەی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم نەكات، ئەگەر بەشداریشی كرد، ئەوا پرۆژەكەی ساڵی 2015 بێنێتەپێشەوە، كە یەكێتی بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەشی پەرلەمانی كرد. لە دواین كۆبونەوەی نێوان وەفدی دانوستانكاری هەردوولادا، وەفدی یەكێتی بە وەفدی پارتییان وتووە، ئێوە دەتوانن بەردەوام بن لەسەر رێوشوێنەكانی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و لەسەر رێككەوتنی نێوان یەكێتی‌و پارتی رامەوەستن.  بزوتنەوەی گۆڕان چی دەڵێ ؟ لە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمدا، زیاتر چاوەكان لەسەر بزوتنەوەی گۆڕانن، بەوپێیەی گۆڕان لە رابردوودا زۆرترین قسەی لەسەر ئەو دامەزراوەیە هەبووەو لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لە خولی پێشوودا سەرۆكی پەرلەمان‌و وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە پۆستەكانیان دورخرانەوە. دوێنێ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە، كە بەپێی پەیڕەو ناوخۆی ئەو بزتنەوەیە، بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو حیزبدا. یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی، گفتوگۆكردن بوو لەبارەی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، سەرباری هەندێك راوبۆچونی جیاواز، جڤاتی نیشتمانی پابەندبوونی بە رێككەوتنە سیاسییەكەی لەگەڵ پارتی راگەیاندووە، بەوپێیەش بڕیاردراوە، بزوتنەوەی گۆڕان بەشدار بێت لە پرۆسەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم‌و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەلبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەماندا.  كورتەی پرۆژەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەم سێ خاڵەدا كورت دەبێتەوە: •    دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارادەكرێتەوە، وەكو خۆی. •    سەرۆكی هەرێم بە هەموو دەسەڵاتەكانیەوە لەناو پەرلەماندا هەڵدەبژێردرێت. •    لەكاتی نوسینەوەی دەستوردا لە داهاتوودا گفتوگۆ لەسەر دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم‌و شێوازی هەڵبژاردنی دەكرێت‌و لەوێدا جێگیردەكرێت بەكورتی بزوتنەوەی گۆڕان پرسی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی بۆ دەستور دواخستووە، ئەمەش هەمان داواكاری پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەڵام دیارنییە ئاخۆ لەم خولەشدا پەرلەمان دەتوانێت دەستور تێپەڕێنێت یاخود نا.   


(درەو میديا):  سەرچاوەیەك لە دیوانی پەرلەمانی كوردستانەوە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە دوێنێوە دەستكراوە بە مامەڵەی كڕینی ئۆتۆمبیل بۆ پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان. ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، وتی:"  لەلایەن ئیدارەی پەرلەمانی كوردستانەوە بەشێوەی (قیست) گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیای (جیهان) دەكرێت بۆ كڕینی ئۆتۆمبیلی (لاندكرۆزەر 2019 )، كە نرخی هەر یەكێكیان (75 هەزار دۆلار)ه"، ئەم پارەیە بە زمانی بازاڕی دراو لە هەرێمی كوردستان واتە (7 دەفتەرو 50 گەڵا)، كۆی گشتی پارەی  111 لاندكرۆزەرەكە دەكاتە ( 8 ملیۆن و 325 هەزار دۆلار) واتا ( 800دەفتەر دۆلار ). سەرچاوەكە باسیلەوەكرد، گرێبەستەكە بەشێوەیەكە سەرەتا پەرلەمانی كوردستان لە 30%ی پارەكەی بە سێ قیست دەدات بە كۆمپانیاو، دواتر مانگانە بڕی (1 ملیۆن دینار) لە موچەی  پەرلەمانتاران دەبڕدرێت، پێدەچێت دواتر ئەو بڕە پارەیەش لە پەرلەمانتاران وەرنەگیرێتەوە، بەناوی پەرلەمانتاران خۆیانەوە دەبێت و لە كۆتایی خولەكەش لەگەڵ خۆیاندا دەیبەن. دوێنێ پەرلەمانتارانی كوردستان یەكەم موچەی بێ پاشەكەوتیان وەرگرت، كە موچەی هەریەكێكیان بڕی (8 ملیۆن و 200 هەزار) دینار بوو، كە دەكاتە (6 هەزارو 800) دۆلار.  لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان رەتیكردەوە ئۆتۆمبیل بۆ پەرلەمانتاران بكڕدرێت، بەڵام ئەو بڕیارە هەڵوەشایەوەو پەرلەمانتاران و سەرۆكی فراكسیۆنەكان داوایانكرد بەشێوەی قیست ئۆتۆمبیل بۆ پەرلەمانتاران بكڕدرێت و مانگانە لە پارەكەیان ببڕدرێت، ئەوەی ئێستا پەرلەمانی كوردستان بڕیاری لەسەرداوە هاوشێوەی بڕیارەكەی خولی پێشووە.


راپۆرتی: نامیق رەسول، فازل حەمەرەفعەت، محەمەد رەئوف یەكێتی‌و پارتی تیمی نوێی دانوستانیان دیاریكرد، تیمە نوێیەكان زیاتر لە تیمی رێكنەكەوتن دەچن، وەك لە تیمی رێككەوتن، یەكێتی بەشداری كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم ناكات‌و باج بە پشكەكانی خۆی دەدات لە حكومەت، لەبەرامبەر ئەمەدا دەیەوێت ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی لەڕووی ئیدارییەوە قایم بكاتەوە. رۆژی 5ی  ئەم مانگە یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان بەشێوەیەكی فەرمی‌و لەبەردەم رایگشتیدا رێككەوتنیان ئیمزاكرد، لەدوای ئەو رێككەوتنەوە ئەو دوو هێزە هێندەی لەیەكدی دوركەوتونەتەوە، هێندە لەیەكدی نزیك نەكەوتونەتەوە، واتە رێككەوتن بە تامی رێكنەكەوتن. لە نوێترین پەرەسەندندا هەردوولا تیمی دانوستانكاری خۆیان ئاڵۆگۆڕكرد، بە تەماشاكردنی ئەندامانی نوێی وەفدی دانوستانكاری هەردولادا دەردەكەوێت جارێكی تر بە ئاڕاستەی رێكنەكەوتن هەنگاودەنێن، نەك رێككەوتن. گۆڕینی تیمی دانوستانكار لە كۆبونەوەی دوێنێی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا، تیمێكی نوێ بۆ دانوستان لەگەڵ پارتی پێكهێنرا، ئەندامانی نوێی تیمی دانوستانكاری یەكێتی زۆرینەیان لەو كەسانەن كە تاڕادەیەك توندن بەرامبەر پارتی، ئەندامانی تیمەكە بریتین لە:  •    عیماد ئەحمەد- ئەندامی مەكتەبی سیاسی •    رەفعەت عەبدوڵا- ئەندامی مەكتەبی سیاسی •    رزگار عەلی- ئەندامی مەكتەبی سیاسی •    عەدنان حەمەی مینا – ئەندامی سەركردایەتی •    بافڵ تاڵەبانی •    لاهور شێخ جەنگی – ئەندامی ئەنجومەنی ناوەند •    شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ- ئەندامی سەركردایەتی لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بەم هەنگاوەی یەكێتی، پارتی دیموكراتی كوردستانیش وەفدی دانوستانی خۆی گۆڕی، بەتەماشاكردنی تیمە نوێیەكەی وەفدی دانوستانكاری پارتیش دەردەكەوێت، پارتی لەبری ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكە دەیەوێت بە هەمان زمانی وەفدی یەكێتی گفتوگۆ بكات، وەفدە نوێیەكەی پارتی بریتین لە: •    كەمال كەركوكی- ئەندامی مەكتەبی سیاسی •    كاكەمین نەجار- ئەندامی مەكتەبی سیاسی •    عەلی حوسێن- ئەندامی سەركردایەتی •    هێمن هەورامی- ئەندامی سەركردایەتی •    دڵشاد شەهاب- ئەندامی سەركردایەتی •    عەلی عەونی- ئەندامی سەركردایەتی •    فرسەت سۆفی- ئەندامی پێشووی پەرلەمان یەكێتی بەتەمای چییە؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەی دوێنی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا زۆرینە هاوڕابوون لەسەر ئەوەی سازش بۆ پارتی نەكرێت‌و پرۆسەی پێكهێنانی سەرۆكایەتی هەرێم‌و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم‌و راسپاردنی سەرۆكی حكومەت بسپێردرێت بە پارتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان، بەوپێیەی ئەو دوو هێزە رێككەوتنیان هەیە‌و دەتوانن نیسابی یاسایی تەواو بكەن. (درەو میدیا) زانیویەتی، مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەمجارە نایەوێت شانی خۆی لە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمدا تۆزاوی بكات‌و دەیەوێت سیناریۆی 30ی حوزەیرانی 2013 بە بزوتنەوەی گۆڕان دوبارەبكاتەوە.  لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا باسلەوەكراوە، ئەوان بە وەفدی پارتی رادەگەیەنن كە لە ساڵی 2015دا پرۆژەیەكیان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم خستوەتەڕوو، تائێستا سورن لەسەر ئەو پرۆژەیە. یەكێتی بەمە لەلایەك دەیەوێت بە پارتی بڵێت" ئێمە نایەینە ژێر باری پرسی سەرۆكایەتی هەرێم"، لەلایەكی تریش بە بزوتنەوەی گۆڕان بڵێت"  ئێمە پەشیمان نین لە پرۆژەكەی 2015، ئەوە ئێوەن پاشگەزبونەتەوە". (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو یەكێتی نیشتمانی زانیویەتی، یەكێتی دەیەوێت تا كۆتایی ئەم مانگە خۆی رابگرێت‌و لەگەڵ پارتی رێككەوتن نەكات، تا پرۆسەی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم كۆتایی دێت.  یەكێتی كێرڤی داواكانی بەرزدەكاتەوە  لە كۆبونەوەی دوێنێی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا زۆرینە كۆكبوون لەسەر ئەوەی "نابێت یەكێتی بەمشێوەیەی ئێستا بچێتە ناو حكومەتەوە، كە تەواوی پۆست‌و دەسەڵاتەكان لای پارتی بێت". دوای كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسی، لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی وتی:" دەمانەوێت لە جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵات هاوبەش بین، هاوبەشبین لە سەرۆكایەتی هەرێم، لە بڕیارەكاندا هاوبەش بین، لە پەرلەمان‌و  حكومەتدا  هاوبەش بین، لە مەلەفی ئەمنیدا لە مەلەفی نەوت‌و داراییدا، لە مەلەفی پەیوەندییەكانی دەرەوەدا هاوبەش بین". وتەبێژی یەكێتی ئاماژەی بە دوو خاڵی تر كرد، كە تاڕادەیەك بەرزبونەوەی سەقفی داواكارییەكانی یەكێتییە: •    پێداگری ئەكەین لەسەر لامەركەزیەتێكی راستەقینە، دەمانەوێت ئەو لامەركەزیەتە وردبكرێتەوەو بە پرۆژەیەكی هەمەلایەنە رێكبخرێت، دەبێت دەسەڵاتە ئیداری‌و مالییەكان دابەشبكرێت‌و شۆڕبكرێتەوە. •    ئەگەر پارتی بەجدی دەیەوێت بەشدار بین لە حكومەت‌و بڕیارداندا، ئەم پاشەكەوتەی هەڵگیراوەو بۆ ئەوەی بەردەوام بێت، ئەبێت حكومەتی هەرێم ئیلتیزام بكات بەو بودجەیەی لە عێراقدا هەیە تا ئەمە بەردەوام بێت‌و خەڵكی لە دڵەراوكێ نەبێت، كە حكومەت نەوت دەنێرێت یان نا، بەغداد موچە دەنێرێت یان نا. یەكێتی ئیدارەی خۆی رێكدەخاتەوە ! بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، چەند رۆژێكە لەناو سەركردایەتی یەكێتی گفتوگۆی چڕ هەیە لەبارەی پرسی لامەركەزیەت‌و تاڕادەیەك دوو ئیدارەیش، رەنگە ئەمە ئامادەكاری بێت بۆ ئەو قۆناغەی كە یەكێتی لەگەڵا پارتی ناگاتە رێككەوتن. یەكێتی بەنیازە دوای كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم، بەشداری لە حكومەتی هەرێم بكات، تەنانەت ئەگەر پۆستەكانیش بەدڵی خۆی نەبێت، بەڵام لەبەرامبەر ئەوەدا دەیەوێت لەدوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی لەڕووی ئیدارییەوە رێكبخاتەوە، چ لەڕووی  سەرچاوەكانی داهاتەوە چ لەڕووی پۆستە ئیدارییەكانەوە، یەكێتی دەیەوێت لەم رێگەیەوە قەرەبووی ئەو زیانانە بكاتەوە كە لە حكومەتی نوێدا بەریدەكەوێت، هاوكات دەیەوێت دەستی بزوتنەوەی گۆڕان لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی سنوردار بكات.   


(درەو میدیا): لە هەرێمی كوردستان ریفراندۆم و خەونی سەربەخۆیی بوو بە رابردوو، بەڵام لە هەرێمی كەتەلۆنیا كە هاوكات لەگەڵ كوردستان ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كرا، هێشتا یارییەكە بەردەوامە. شاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا خۆپیشاندانێكی گەورەی لایەنگرانی سەربەخۆیی هەرێمی كەتەلۆنیای بەخۆوە بینی. لەساڵی 2012وە كە جوڵانەوەی سەربەخۆخوازی لە هەرێمی كەتەلۆنیا دەستیپێكردووە، ئەمە یەكەمجارە خۆپیشاندانی لەو جۆرە لە مەدریدی پایتەخت بكرێت‌و كەتەلۆنییەكان بە ئاشكرا ئاڵای هەرێمەكەیان بەرزبكەنەوە‌و داوای جیابونەوە لە ئیسپانیا بكەن، بەپێی خەمڵاندانی پۆلیس، (18 هەزار) كەس بەشدارییان لەو خۆپیشاندانەدا كردووە‌و 500 پۆلیس چاودێرییان كردووە. خۆپیشاندەران داوای سازدانی ریفراندۆمێكی تریان كرد بۆ دیاریكردنی مافی چارەی هەرێمی كەتەلۆنیا، هەروەها ئیدانەی دادگایكردنی سەركردەكانی هەرێمەكەیان كرد‌و پرۆسەی دادگایكردنەكانیان بە "گاڵتەجاڕیی" ناوبرد، ئاڵای هەرێمی كەتەلۆنیایان بەرزكردەوە. خۆپیشاندەرەكان لە هەرێمی كەتەلۆنیاوە بە شەمەندەفەر‌و پاس خۆیان گەیاندە یەكێك لە شەقامەكانی مەدرید، پاشان لە گۆڕەپانی "سیبیلیس" كۆبونەوە بۆ گوێگرتن لە وتارو وتنەوەی دروشمەكان. "ئازادی بۆ زیندانییەكان"، "مافی چارەی خۆنوسین تاوان نییە" ئەمانە هەندێك لە دروشمەكانی خۆپیشاندەران بوو، لەسەر هەندێك لافیتەش نوسرابوو "دادپەروەری بوونی نییە". هاوكات لەگەڵ هەرێمی كوردستان، مانگی ئەیلولی 2017 هەرێمی كەتەلۆنیا ریفراندۆمی كرد بۆ سەربەخۆیی، حكومەتی ناوەندی ئیسپانیا بەهێزی پۆلیس روبەڕووی ریفراندۆمەكە بووەوە‌و فەرمانی دەستگیركردنی بۆ سەركردە سیاسییەكانی كەتەلۆنیا دەركرد، بەوهۆیەوە كارلس پۆگدیمۆنت سەرۆكی هەرێمەكە‌و ژمارەیەك لە بەرپرسانی تر بەوهۆیەوە وڵاتیان بەجێهێشت. ئێستا 12 كەس لە سەركردە سیاسییەكانی كەتەلۆنیا بەتۆمەتی یاخیبوون دادگایی دەكرێن، سەرەتای پرۆسەی دادگایكردنەكان لە مانگی شوباتەوە لە مەدریدی پایتەخت دەستیپێكرد، یەكێك لە سەركردەكانی كەتەلۆنیا ئەگەری هەیە بە (25 ساڵ) زیندانی حوكم بدرێت. هاوشێوەی دادگای فیدراڵی عێراق كە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانی بەكارێكی نادەستوری ناوبرد، دادگای باڵای ئیسپانیاش لەكاتی خۆیدا ریفراندۆمەكەی كەتەلۆنیای یاساغ كرد، بەڵام جیاوازییەكە لەوەدا بوو، سەركردە سیاسییەكانی كەتەلۆنیا سەرباری ناڕەزایەتی حكومەتی ئیسپانیا‌و وڵاتانی ئەوروپا، لە رۆژی 27ی تشرینی یەكەمی 2017دا سەربەخۆیی هەرێمەكەیان‌و جیابونەوەی لە ئیسپانیا راگەیاند، ئەمە بەر لە هەڵوەشاندنەوەی حكومەت‌و پەرلەمانی هەرێمەكە هات لەلایەن حكومەتی ناوەندی ئیسپانیاوە.  حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی ئیسپانیا بەردەوام هەر جۆرە ریفراندۆمێك بۆ سەربەخۆیی رەتدەكەنەوە كە لە هەر ناوچەیەكی شانشینەكە بكرێت. هەرێمی كەتەلۆنیا هاوشێوەی هەرێمی كوردستان خەڵكەكەی دابەشبوون بەسەر دوو چیندا، هەندێك پشتیوانی جیابونەوە دەكەن‌و هەندێكی تر دژن، بەڵام لە ریفراندۆمدا لایەنگرانی سەربەخۆیی ساڵی 2015 و 2017 لەناو پەرلەمانی كەتەلۆنیا دووجار بەدەنگی زۆرینەی ساددە بەسەر نەیارانی سەربەخۆیدا سەركەوتن.


( درەو میدیا): هێزەكانی سوریای دیموكرات " هەسەدە" ئاماری دوو مانگ ئۆپەراسیۆن و شەڕی لە دژی چەكدارانی داعش لە باغوزی دێرەزۆر بڵاوكردەوەو بە گوێرەی ئەو ئامارە لەو ماوەیەدا ١٣٠٦چەكداری داعش كوژراون. لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا، كینۆ گابریەل وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) رایگەیاند "شەڕی كۆتاییهێنان بە تیرۆر، كە لەلایەن هێزەكانمەوە لە رۆژی ٩ی كانوونی یەكەمی ٢٠١٩ / ١٩ی بەفرانبارەوە دەستپێكرد بەردەوامە. لە قۆناغی ئێستادا هەڵمەتی هەسەدە لە دژی داعش سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێناوە. رێكخستنی داعش لە سنوورێكی بچووكدا لە باغۆز، لە رۆژهەڵاتی دێرەزۆر گەمارۆدراوە". گابریەل رایگەیاند، هێزەكانیان هەزاران هاوڵاتیی مەدەنی كە لەلایەن داعشەوە كرابوون بە قەڵغانی زیندوو رزگاركردووە‌و گواستویاننتەوە بۆ ناوچەی ئارام و دوای ئەوەش ئەو تاكە گوندە، كە چەكدارەكان داعشی تێدا ماوە گەمارۆدراوە. گابریەل.لەبارەی شەڕڤانە شەهیدەكانی هەسەدە لەو شەڕەدا و وردەكاریی ئامارەكانی تر ئەم زانیارییانەی خستەڕوو: * ئەو چەكدارانەی داعش و بنەماڵەكانیان كە خۆیان رادەستكردووە: ٢٩ هەزار و ٦٠٠ كەسن، (زیاتر لە ٥ هەزاریان چەكداری داعشن).  * ژمارەی ئەو چەكدارانەی داعش  كە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەكاندا و لەلایەن هێزەكانی هەدەسەوە دەستگیركراون: ٥٢٠ كەسن. * ژمارەی ئەو هاوڵاتییانەی رزگاركراون: ٣٤ هەزار كەسن. * ژمارەی چەكدارە كوژراوەكان لەو ماوەیەدا: ١٣٠٦ چەكدار‌و برینداربوونی ژمارەیەكی زۆری چەكدارانی داعش. * ٨٢ شەڕڤانی هەسەدە شەهید بوون و ٦١ شەڕڤانیش برینداربوون.  


درەو میدیا:   ئەمڕۆ جڤاتی گشتی ‌بزوتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە میكانزیمی دابەشكردنی پۆستەكان كۆبونەوەو دوو راسپاردەی ئاراستەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕانكردووە. بەپێی زانیاریەكانی درەو میدیای كە لە چەند ئەندامێكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەستی كەوتووە كە ئەمڕۆ لە كۆبونەوەی جڤاتی گشتیدا گفتوگۆ كراوە لەسەر میكانزمی دابەشكردنی پۆستەكان لە كۆبونەوەكەدا بە جدی گفتوگۆكراوە لەسەر ئەوەی" ئەو كەسانەی پێشتر لە بزوتنەوەی گۆڕان پۆستیان وەرگرتووە، نابێت كاندیدبكرێن بۆ پۆستەكان و سیڤیەكانیان رەتدەكرێتەوە" خاڵێكی تر لە كۆبونەوەكەدا كراوە بە بنەما بۆ دیاریكردن و یەكلاكردنەوەی پۆستەكان ئەوەیە كە" هەردوو جڤاتی گشتی و نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بەیەكەوە كاندیدەكان یەكلا دەكەنەوە بۆ پۆستەكان" بە پێی وتەی ئەندامێكی جڤاتی گشتی، ئەم خاڵە "رێگری دەكات لەوەی هەر ئۆرگان و ناوەندێكی تری گۆڕان دەستوەربدات لە دیاریكردن و دانانی كاندیدەكان لە پۆستەكاندا"   جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان پێشنیازەكانی لەبارەی میكانیزمی دابەشكردنی پۆستەكان ئاراستەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەكە كرد و دەكات كە بڕیارە سبەی یەكشەممە كۆببێتەوە  لە كابینەی نوێی حكومەتدا، ئەم پۆستە وزاریانە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان یەكلابوەتەوە: •   جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان  •     یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی •    وەزیری دارایی •     وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی •     وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی •   وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە  •    سەرۆكی سندوقی داهاتە نەوتییەكان  •    ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە •    جێگری وەزیری ناوخۆ •    بریكاری وەزیری پەروەردە •     دوو نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە دەرەوەی وڵات  •    بەڕێوەبەری گشتی‌و بەرپرسی دیوانی هەموو ئەو وزارەت‌و دەستانەی كە گۆڕان وەریدەگرێت •    12%ی بەرێوەبەرە گشتی و راوێژكارەكان    


درەو میدیا:  لەدوای كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە ئەمرۆ لە سلێمانی بەرێوەچوو، لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: دەمانەوێت لە جوومگە سەرەكییەكانی دەسەڵات هاوبەش بین هاوبەشبین لە سەرۆكایەتی هەرێم و بڕیارەكاندا هاوبەش بین لە پەرلەمان و  حكومەتدا  هاوبەش بین لە مەلەفی ئەمنیدا لە مەلەفی نەوت و داراییدا، لە مەلەفی پەیوەندیەكانی دەرەوەدا . ئاماژەی بەوەشكرد، هەرگیز نەمان وتووە و نامانەوێت بگەڕێینەوە سەردەمی پەنجا بە پەنجا بەڵام بەشداریمان لە كابینەی نوێی حكومەت پەیوەستە بەوەی هاوبەشێكی راستەقینە بین. یەكێتی جیاوازی لەگەڵ پارتی هەیە وتەبێژی یەكێتی بە روونی راگەیاند كە" ئێمە جیاوازیمان لەگەڵ باردەرانی پارتی هەیەو دەبێت ئەو جیاوازییانە چارەسەربكەین"  -    پێداگری ئەكەین لەسەر لامەركەزیەتێكی راستەقینە، دەمانەوێت ئەو لامەركەزیەتە وردبكرێتەوەو بە پرۆژەیەكی هەمەلایەنە رێكبخرێت، دەبێت دەسەڵاتەكانی ئیداری  و مالی دابەشبكرێت و شۆڕبكرێتەوە. -    ئەگەر پارتی بە جدی دەیەوێت بەشدار بین لە حكومەت و بڕیارداندا، ئەم پاشەكەوتەی هەڵگیراوەو بۆ ئەوەی بەردەوام بێت، ئەبێت حكومەتی هەرێم ئیلتیزام بكات بەو بودجەیەی لە عێراقدا هەیە تا ئەمە بەردەوام بێت و خەڵكی لە دڵە راوكێ نەبێت كە حكومەت نەوت دەنێرێت یان نا بەغداد موچە دەنێرێت یان نا. پارتیش كێشەی ناوخۆیی هەیە سەبارەت بە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی كە نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە یەكێتی ناتوانێت پۆستەكانی یەكلا بكاتەوە بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانیەوە وتەبێژی یەكێتی دەڵێت: نێچیرڤان بارزانی تا ئێستا سەرۆكی حكومەتی هەرێمە ئەوەندەی كێشە هەیە كە سەری نەپەرژێتە سەر ئێمە، كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی وەك هەموو حزبێكی تر، كێشەی هەیە، هەرخۆی تەسویەكردنێكی بنەماڵەییانەی دابەشكردنی پۆستەكانی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت، بەو رێگایەی كەبینیتان، بەشێكە لە مقایەزیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەیەكی حزبیانەو ناوخۆیی كە من نامەوێت زۆر لەسەری بڕۆم.  دەقی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی وتەبێژی یەكێتی   


 راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت جیهان ئەمڕۆ شایەتحاڵی روداوێكی خوێناوی بوو، چەكدارێك لەڕێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكەوە بەشێوەیەكی راستەوخۆ دیمەنی كوشتنی نزیكەی 50 كەسی پەخشكرد.  لانی كەم 49 كەس كوژران لە دوو هێرشی چەكداریدا بۆسەر دوو مزگەوت لە شاری كرایست چێرش لە نیوزلەندا. سەرۆك وەزیرانی نیوزلەندا روداوەكانی بە "رەشترین رۆژ لە مێژووی نیوزلەندا" ناوبرد، وتی:" جێبەجێكاری تاوانەكە تیرۆریستێك بووە كە سەربە راستڕەوە توندڕەوەكانە‌و كەسێكی توندڕەوە". هێرشەكان لەكاتی نوێژی هەینی ئەنجامدران، بۆیە پۆلیسی نیوزلەندا ئەمڕۆ داوای لە سەرجەم مزگەوتەكان كرد دەرگاكانیان دابخەن. هێرشە چەكدارییەكان مزگەوتێكی لەناوەڕاستی شاری كرایس چێرش كردە ئامانج بەناوی مزگەوتی "نور" لەگەڵ مزگەوتێكی تر لە ناوچەی لینوود لە قەراغ شار. پۆلیسی نیوزلەندا دەستگیركردنی (4) كەسی راگەیاند كە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی هێرشە چەكدارییەكە، سێ كەس لە دەستگیركراوەكان پیاون‌و یەكێكیان ژنە، سەرباری ئەوە پۆلیس دەستی بەسەر بڕێك تەمەقەنیدا گرتووە. مایك بوش ئەفسەری پۆلیسی نیوزلەندا بە رۆژنامەنوسانی رایگەیاند، چەند زانیارییەكمان لەبارەی بوونی بۆمبی چیندراو لەناو ئۆتۆمبیل بەدەستگەیشتووە، توانیومانە ئەو بۆمبانەش پوچەڵ بكەینەوە. بەپێی قسەی شایەتحاڵەكان هێرشبەرەكە تەنیا یەك كەس بووە كە تەقەی لە نوێژخوێنان كردووە. سكوت مۆریسۆن سەرۆك وەزیرانی ئوسترالیا رایگەیاند، ئەو پیاوەی كە دەستگیركراوە، بەرەگەز ئوسترالییە، دواتر دەركەوت ئەو پیاوە ئەنجامدەری هێرشەكە بووە. هێرشبەرەكە كێیە ؟ برینتۆن تارنت كە راستڕەوێكی توندڕەوی ئوسترالییە، ئەنجامدەری سەرەكی هێرشەكەیە، ئەم پیاوە دیمەنەكانی گوشتارگەكەی لەڕێگەی هەژمارە تایبەتییەكەی خۆیەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، پەخشكرد. ئەم پیاوە تەمەنی 28 ساڵە، بەپێی ئەو زانیارییانەی كە خۆی لە تۆڕی ئینتەرنێت بڵاویكردوەتەوە، ئەو سەربە خێزانێكی ئوسترالییە لە چینێكی كرێكار. وەكو خۆی باسی كردووە، ئەم پیاوە ئامانجی ئەوەبووە كۆمەڵگەی خۆرئاوایی لە خەڵكانی كۆچبەرو ئەو كەسانە پاكبكاتەوە كە سپی پێست نین، هەروەها تۆڵەی ئەو رووداوە "تیرۆرستی"‌و تاوانە سێكسییانە بكاتەوە كە بەوتەی ئەو پەنابەرو موسوڵمانان لەسەر ئاستی جیهان ئەنجامی دەدەن. برینتۆن تارنت هاوڵاتی ئوسترالیایە‌و لەدایك‌و باوكێكی بەریتانی لەدایكبووە، بەپێی قسەی رۆژنامەی (زە سەن)ی بەریتانی، ئەو نوسراوێكی لەبارەی بیروبۆچونەكانی بڵاوكردوەتەوە كە لە 94 لاپەڕە پێكدێت. بەپێی زانیاری رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)ی ئەمریكیش، تارنت لەبارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكاوە وتویەتی " ئەو سیمبولی ناسنامەی نوێی سپی پێستەكانە"، بەڵام باوەڕی وانەبووە ترەمپ رێبەرێكی گەورە بێت یاخود توانای دروستكردنی سیاسەتی هەبێت. بەگوێرەی بەڵگەنامەكان، تارنت بەر لە دوو ساڵ نەخشەی بۆ ئەنجامدانی هێرش دژ بە موسوڵمانان داڕشتووە، لە شوێنی هێرشەكەی ئەمڕۆش بەر لە سێ مانگ پلانی داڕشتووە‌و ئامادەكاری كردووە، ئەو نیوزلەندای بۆ ئەنجامدانی هێرشەكەی هەڵبژاردووە، تاوەكو بەوتەی خۆی ئەو پەیامە بگەیەنێت كە هیچ شوێنێكی ئارام لە جیهاندا بوونی نییە، هێرشبەرەكە ئەو دوو مزگەوتەی دیاریكردووە بۆ هێرشەكەی دوای ئەوەی سەردانی كردوون، مزگەوتی سێیەمیشی هەڵبژاردووە، بەڵام وتویەتی، ئەمەیان سەركەوتوو نابێت. بەپێی قسەی میدیاكانی خۆرئاوا، هێرشبەرەكە وتویەتی:" ئەم كارەم بەشێوەیەكی سەربەخۆ كردووە‌و سەربە هیچ جوڵانەوەیەكی نازی‌و دژە سامی نیم". ئەم پیاوە بیروبۆچونەكان لەڕێگەی تۆڕی ئینتەرنێتەوە بۆ دروستبووە‌و باسی لەوەكردووە كە سەرسامە بە  (ئەندرێس بریڤیك) ئەو پیاوەی كە ساڵی 2011 لە نەرویژ لەهێرشێكی چەكداریدا 77 كەسی كوشت. بەڵگەنامەكان ئاماژە بەوەدەكەن، هێرشبەرەكەی ئەمڕۆی نیوزلەندا، پێشتر پلانی هەبووە بۆ كوشتنی ئەنگێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا‌و سادق خان سەرۆكی شارەوانی لەندەن‌و رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا. رەوەندی موسوڵمان لە نیوزلەندا لە نیوزلەندا رێژەیەكی كەمی موسڵمان هەیە، كە 1%ی كۆی گشتی دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێكدەهێنێت، ئەمە بەپێی ئاماری فەرمی حكومەتی ئەو وڵاتە. ساڵی 2013 ژمارەی موسوڵمانان لە نیوزلەندا گەیشتووەتە (50 هەزار) كەس. بەڵام بەگوێرەی توێژینەوەیەك كە لە زانكۆی ڤیكتۆریا لە شاری ویلینگتۆن دەرچووە، رێژەی موسوڵمانان لە نیوزلەندا بەردەوام لە گەشەكردندایە، لە ساڵی 1991وە بۆ ساڵی 2006 ژمارەی موسوڵمانان لەو وڵاتە شەش هێندە زیادی كردووە، ئەمە لەكاتێكدایە ژمارەیەكی زۆر لە مەسیحی‌و هیندۆس‌و بوزییەكان لە نیوزلەندا دەژین. سەرچاوەكان: بی بی سی- سی ئێن ئێن- یۆرۆنیوز    


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف "سەرۆكایەتیی هەرێم كارادەكرێتەوەو دواتر لەگەڵ لایەنەكان لە نوسینەوەی دەستووری هەرێمدا یاساكە گۆڕانكاری تێدا دەكرێت" ئەمە قسەی مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستانە.  لە لێدوانێكدا بۆ سایتی فەرمی حزبەكەی، وتەبێژی پارتی وتی:" سەرۆكایەتیی هەرێم كارادەكرێتەوە، هاوكات سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێردرێت، دواتر ئەو جیاوازییەی لە بۆچوون‌و دیدگاكانی پارتی‌و لایەنەكانی دیكە لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەمانە، پێكەوە هەموو لایەك دەیخەنە كاتی نووسینەوەی دەستوری هەرێمی كوردستان، لەوێدا دەسەڵات‌و چۆنیەتیی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم گەنگەشە دەكرێت‌و دیاری دەكرێت، كە سەرۆك چۆن هەڵدەبژێردرێت‌و دەسەڵاتەكانی چی دەبن". بەپێی ئەم قسانە بێت، پارتی بەنیازە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم وەكو خۆی‌و بەتەواوی دەسەڵاتەكانییەوە كارابكاتەوە، دامەزراوەیەك كە لە چوار ساڵی رابردوودا بووەهۆی لێكترازانی ناوخۆیی‌و پەكخستی پەرلەمانی كوردستان. سەرۆكایەتی هەرێم چۆن كارادەكرێتەوە ؟ دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ ئەوەی كارابكرێتەوە، دەبێت پەرلەمانی كوردستان بەر لە هەرشتێك یاسایەك پەسەند بكات‌و لە یاساكەدا: •    یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هەڵوەشێنێتەوە •    یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم هەڵوەشێنێتەوە •    ئەو ماددەیەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەمواربكاتەوە كە دەڵێ سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێت، وای لێبكات كە سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت ئەگەر بۆ یەك خولیش بێت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پارتی دەیەوێت تاوەكو كۆتایی ئەم مانگە لەناو پەرلەمانی كوردستانەوە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئێستا پارتی پرۆژەی خۆی ئامادەكردووە. یەكێتی بەشداری ناكات ! (درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەی رۆژی دووشەممەی رابردووی نێوان وەفدی یەكێتی‌و پارتی لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر، وەفدی یەكێتی جەختیان لەسەر ئەوە كردووە كە ئەوان پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیان ناوێت، بەڵام پەرلەمان دەتوانێت بەردەوام بێت لەسەر كارەكانی‌و یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار بكاتەوە، یەكێتی كێشەی لە هەمواری یاسای سەرۆكایەتیدا نییە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، یەكێتی نایەوێت بەشداری لە كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمدا بكات لە پەرلەمان، یەكێتی دەیەوێت بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتیدا دامەزراوەكە كارابكەنەوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی لە چوار ساڵی رابردوودا بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی سەرۆكی هەرێم‌و هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم رەخنەی زۆری لە یەكێتی گرت. پرسیارەكە ئەوەیە ئاخۆ لە بنەڕەتەوە پارتی پێویستی بە یەكێتی‌و لایەنەكانی تر هەیە بۆ كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم ؟ پارتی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كە ئێستا هاوپەیمانن، دەتوانن بەزۆرینەی دەنگ یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم پەسەند بكەن‌و لەو یاسایەدا هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان بە دەنگی (50+1) دیاری بكەم، بە چەسپاندنی ئەم رێژەیە، دەتوانن بەئاسانی‌و بەبێ پاڵپشتی یەكێتی‌و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان، سەرۆكی هەرێم هەڵبژێرن. سەرۆكایەتی هەرێم‌و كورسییەكانی پەرلەمان ئەوەی تائێستا دەركەوتووە، ئەوەیە، ئەگەر پارتی بەمزوانە دەستبكات بە هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، ئەوا (یەكێتی نیشتمانی، جوڵانەوەی نەوەی نوێ، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی) پاڵپشتی هەمواركردنەوەكە ناكەن، یاخود لانی كەم ئەگەر زۆرینەی ئەو لایەنانە دژایەتی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم نەكەن، ئەوا دەنگیشی پێنادەن. ئەگەر دۆخەكە بەشێوەی ئێستا بەردەوام بێت، (41) كورسی پەرلەمان پشتیوانی لە هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ناكات، كە ژمارەی كورسییەكانی ئەو چوار لایەنەیە. لەبەرامبەردا هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم‌و كاراكردنەوەی دامەزراوەكە دەكەوێتە ئەستۆی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان بە پلەی یەكەم. پارتی‌و گۆڕان‌و هاوپەیمانەكانی پارتی لەناو پەرلەماندا پێكەوە (69) كورسییان هەیە‌و بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، پێویستیان بە كورسی تر نییە. لە كۆتاییەكانی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا سەرەتای هەماهەنگی نێوان پارتی‌و گۆڕان لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم دەركەوت، پارتی پرۆژەیاسایەكی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم پەسەندكرد، ئەو رێككەوتنە سیاسییە تائێستا بەردەوامە‌و لە خولی نوێی پەرلەماندا پەیوەندییەكانی هەردوولا زیاتر گەشەی كردووە. پێشینیەكی پێویست پێشترو لە چوار ساڵی رابردوودا، كە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بووبوو بە چەقی ململانێی نێوان لایەنەكان، بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و كۆمەڵی ئیسلامی پێكەوە پرۆژەیەكی هاوبەشیان هەبوو بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی‌و لەو پرۆژەیەدا داوایان دەكرد سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت‌و دەسەڵاتەكانی كەمبكرێتەوە، یەكێتی نیشتیمانیش بەشێوەی سەربەخۆ پرۆژەی خۆی بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەبوو، یەكێتی هاوشێوەی سێ لایەنەكەی تر داوایدەكرد سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت‌و دەسەڵاتەكانی كەمبكرێتەوە. ئەوكات لە گەمەكەدا زیاتر دوو جەمسەر دەردەكەوتن، جەمسەرێك بزوتنەوەی گۆڕان بوو كە داوای سیستمی پەرلەمانی دەكرد، جەمسەرەكەی تر پارتی بوو كە داوای سیستمی سەرۆكایەتی دەكرد. ئێستاو دوای چوار ساڵ ئەوەی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە ئەوەیە، سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، پارتی بەهۆی ئەوەی نەیتوانی هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلولی ساڵی رابردوو، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بكات، ئێستا قایل بووە بەوەی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێرێت، پەرلەمانێك كە خۆی تێیدا زۆرینەیە‌و دەتوانێت بەهۆی ئەو زۆرینەیەوە رێگری لە هەر جۆرە لێپرسینەوەیەكی پەرلەمان لە سەرۆكی هەرێمی داهاتوو بكات كە نێچیرڤان بارزانییە. هاوكات روون نییە ئاخۆ پارتی بۆ هەمیشە قایلە بەوەی سیستمی حوكمڕانی هەرێم پەرلەمانی بێت‌و سەرۆك لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت یاخود نا، پارتی ئەو پرسەی بۆ دەستوری هەرێم جێهێشتووە، كە دیارنییە ئاخۆ لەم خولەدا، هەرێمی كوردستان دەبێت بە خاوەنی دەستوری خۆی یاخود نا، بەڵام بەرپرسانی باڵای پارتی بەمدواییە لە چەندین لێدواندا جەختیان لەسەر ئەوەكرد كە پارتی سورە لەسەر ئەوەی سیستمی حوكمڕانی هەرێم سەرۆكایەتی بێت، واتە سەرۆك لەناو خەڵكەوە هەڵبژێردرێت‌و پەرلەمان دەسەڵاتی لێپرسینەوەی لە سەرۆك نەبێت. پارتی بۆچی پەلەیەتی ؟ هێشتا كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پێكنەهاتووە، پارتی پەلەیەتی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكاتەوە، پێویستی پارتی بە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم ئەگەر بایەخەكەی لە حكومەت زیاتر نەبێت، كەمتر نییە. مەسعود بارزانی كە 12 ساڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو، دواجار لەدوای ریفراندۆم دەستبەرداری پۆستەكەی بوو، بارزانی پۆستەكەی خۆی بۆ نێچیرڤان بارزانی برازای جێهێشت‌و لەبەرامبەر ئەوەدا، نێچیرڤان بارزانی دوای 18 ساڵ پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی بۆ مەسرور بارزانی ئامۆزایی چۆڵكرد. كشانەوەی نێچیرڤان بارزانی لە پۆستی سەرۆكی حكومەت بۆ مەسرور بارزانی، لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێمە، وەفدی دانوستانكاری پارتی هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوەیە پارسەنگی بنەماڵەی بارزانی بپارێزێت، ئەوەش لەڕێگەی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە هاوكات لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پارتی دەیەوێت بەر لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكاتەوە، ئەمە لەلایەك نیگەرانی نێچیرڤان بارزانی دەڕەوێنێتەوە، لەلایەكی تر وادەكات نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم مەرسوم بۆ مەسرور بارزانی دەربكات‌و رایسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، كە بەپێی یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم، ئێستا دەسەڵاتی دەركردنی ئەو مەرسومە لەدەستی ئەنجومەنی دادوەریدایە.    



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand