Draw Media

دەڵاڵێك نەوتی هەرێم هەڕاج دەكات 

دەڵاڵێك نەوتی هەرێم هەڕاج دەكات 

2020-03-29 19:53:06


درەو:
"تارماییەكە لە پشتی ئاشتی هەورامیەوە، ، ماوەی دوو دەیەیە لەبواری نەوتی هەرێمدا كاردەكات، راوێژكارو دەڵاڵ و فرۆشیاری نەوتی هەرێمە، بیرۆكەی ئابوری سەربەخۆی خستە بەردەم بەرپرسانی حكومەت، سەرەنجام هەرێمی كوردستان بودجەكەی لەبەغداد بڕدراو كەوتە ژێر باری قەرزێكی گەورەوە، تا ئەمڕۆ هاوڵاتیانی هەرێم باجی ئەو بیرۆكەیە دەدەن " ئەو ( مورتەزا لاخانی murtaza lakhani )یە ناوێكی دیاری نێو كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان و جیهانە، بەریتانیەكی بە رەگەز پاكستانییە. خاوەن و سەرۆكی كۆمپانیای فرۆشیاری نەوتی هەرێمە بەناوی (IMMS).

شەڕی دەزگا ئەمنیەكان لە سەری مورتەزادا تەقیەوە
شەڕی بەیاننامەی دەزگا ئەمنیەكانی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر كەیسێكی ئەمنی بە ئاشكراكردنی كەیسێكی گەندەڵی گەورە كۆتایی هات، دەزگای زانیاری یەكێتی كە سەربە ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێمە لە وەڵامی رونكردنەوەیەكی ئاساییشی هەولێردا كەبە رێنماییكارو سەرپەرشتیكاری سیخوری تۆمەتباری كردبوو، بڵاویانكردەوە كە (250 ملیۆن) دۆلار لەلایەن كۆمپانیایەكی وزەی روسیەوە دراوە بە یەكێك لە كوڕەكانی بنەماڵەی سەرۆكی حكومەت.
كەیسی (250 ملیۆن) دۆلار چەند وەڵامێكی حكومەت و بەدواداچوونی پەرلەمانتارانی بەدوای خۆیدا هێناو دەنگۆی دیارنەمانی (ملیارێك) دۆلاری داهاتی نەوتی هەرێمی لە یەكێك لە بانكەكانی لوبنانیشی هاتەسەر، ئەو فشارانە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ناچاركرد بە لێكۆڵینەوە بۆیە ئەمڕۆ داوای لە سەرۆكایەتی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان كرد " پێویستە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ئەم دەنگۆیانە بكەن  و داواش لە هەموو لایەنەكان دەكەین هاوكاریی داواكاریی گشتی بكەن بۆ ئەوەی راستییەكان بۆ خەڵك ئاشكرا بكرێت". سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنها ئاماژەی بەكەیسەكە كردوو خۆی لە ناونهێنان پاراست، بەڵام پەرلەمانتاران راستەوخۆ ناوی (مورتەزا لاخانی)یان لەپاڵ ئەو دوو كەیسەی گەندەڵیەدا خستە روو.
عەلی حەمە ساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە رونكردنەوەیەكدا لەدوای راگەیاندنەكەی سەرۆكی حكومەت رایگەیاند: ئەمڕۆ  كۆی زانیاری و بەڵگەنامەكانم لە ٢١ پەڕەدا خستە بەردەست سەرۆكی داواكاری گشت، ئەویش پەیوەندی بە ٢٥٠ ملیۆن دۆلارەكەی روزنەفت ھەیە لە ساڵی ٢٠١٧ و ٢٠١٨، پێشتر لەگەڵ گلینكۆرو ڤیتۆڵیش كاری ھاوشێوە كراوە لەلایەن كەسێكی بەڕەگەز پاكستانی كە ناوی مورتەزایە!"
پێشتریش لە نوسینێكدا ( سەركۆ ئازاد گەڵاڵی ) پەرلەمانتاری یەكێتیش تێوەگلانی ( مورتەزا لاخانی) لە نەوتی هەرێم راگەیاندبوو:  ئاشتی هەورامی و سەروی ئەویش بۆ ئەوەی پارەی شیرینی نەوت ڕاستەوخۆ لە ڕوزنەفت وەرنەگرن، بەناوی نێوەندگیری و ڕێكەوتن دەڵاڵێك داخڵی نێوان خۆیان و ڕوزنەفت و كۆمپانیای كار دەكەن بۆ وەرگرتنی 250 ملیۆن دۆلار، بۆ ڕێكەوتنێك كە پێكهاتووە لە 5 بلۆكی نەوتی و بازرگانی نەوت و بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، ئەو دەڵاڵەش 1 ملیار دۆلاری نەوتی هەرێم لەبانكێكی لوبنانی دادەنێ كە ئێستە بۆیان ناگەڕێنرێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان ئەو كەسەش (مورتەزا لاخانی) بەڕەكەز پاكستانیە".

مورتەزا لاخانی كێیە.؟
مورتەزا لاخانی بە ئەندازیاری فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان ناودەبرێت، ئەو نێوەندگیرە لەنێوان بەرپرسانی هەرێم و ئەو كۆمپانیایانەی كە نەوتی هەرێم دەكڕن.
لاخانی تەمەنی نزیكەی (٦۰ ساڵ)ە، لە لەندەن دەژی، بەڵام لە هەولێریش ماڵی هەیە، دەوترێت ئەو كەسەی دەیەوێت پێی بخاتە ناو بازرگانی نەوتەوە لە هەرێم، ئەبێ شەوێك بەشداری ئاهەنگی نۆشینی شامپانیا بكات لە ماڵەكەی لاخانی، خواردنی میوانەكانیش لە دوبەیەوە رەوانەی ماڵەكەی لاخانی دەكرێت لە هەولێر.
مورتەزا لاخانی بە رۆژنامەی (فاینەنشاڵ تایمزی)ی بەریتانی راگەیاندووە " لە كەراچی پاكستان لە دایكبووم و لە لەندەن گەورەبووم،."
لاخانی پیاوێكە كە بەهێمنی ئەدوێ، پێڵاو بەبێ گۆرەوی لەپێ ئەكات و كراسی دوو رەنگ لەبەرئەكات، لە شاری كاراچی پاكستان لەدایكبووە، بەڵام لە لەندەن گەورەبووە، بەرلەوەی چانس بەرەو شاری ڤانكۆڤەری كەنەدا كێشی بكات. 
لاخانی لەبارەی چیرۆكی ژیانی خۆیەوە دەڵێ:" توانیم لە هیچەوە شتێك لەخۆمدا دروست بكەم، سەرەتای كاركردنم بە خاوێنكردنەوەی حەوزی كبریت لە كەنەدا دەستیپێكرد.
بنەماڵەی لاخانی نزیكن لە هۆزی "بۆتۆ" كە هۆزێكی بەهێزی پاكستانە، هەروەها پەیوەندی بەهێزیان لەگەڵ مارك ریچ گەورە بازرگانی نەوت هەیە كە دامەزرێنەری كۆمپانیای جلینكورە.

لاخانی و هەورامی
لاخانی سەرەتای ساڵانی ۲۰۰۰ رووی لە بەغداد كردووە بۆ كاركردن لەبواری نەوت بەرامبەر بە خۆراك، ئەو لە دوای ساڵی ۲۰۰۳وە زیاتر بازرگانییەكەی لە عێراق جێگیركردووەو چاوی بڕیوەتە نەوتی هەرێمی كوردستان، ئەگەرچی لەبەغداد تێوەگلاوە لە پلانێكی ئاڵۆزدا بۆ كڕینی نەوتی عێراق و خۆدەربازكردن لەو كۆتوبەندانەی كە ئەوكات بەهۆی سزا ئابورییەكانەوە بەسەر رژێمی سەددامدا سەپێندراوە، لەوانە قەدەغەكردنی فرۆشتنی نەوت،. بەڵام لەوبارەیەوە هیچ تۆمەتێك لەسەر لاخانی و كۆمپانیای گلینگور ساغنەكرایەوە، ئەمە سەردەمەكەی دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی نەوت بەرامبەر بە خۆراك.
لە كابینەی پێنجەمی  حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 2006دا كاتێك ئاشتی هەورامی پۆستی وەزیری سامانە سروشتیەكانی وەرگرت، لاخانی كۆمپانیاكەی دەهێنێتە كوردستان و لە پاڵ ئاشتی هەورامیدا كار لە نەوتی هەرێمدا دەكات،  كۆمپانیاكەی كەلوپەل و پێداویستی بۆ ئەو كۆمپانیا بیانییانەی بواری نەوت دابین كردووە كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، لاخانی نوێنەرایەتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی كردووە لە چەندین پرۆژەی هاوبەش لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان، لاخانی وەك گەورە راوێژكاری ئاشتی هەورامی لە پشت تەواوی بیرۆكەكانی ئاشتی هەورامیەوە بووە لە بواری نەوت و غاز.
بەپێی قسەی لاخانی كە بۆ ( فاینەنشاڵ تایمز) قسەیكردووە" موچەكەم لەلایەن حكومەتی هەرێم یەك ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە بەهۆی قەیرانی دارایی هەرێم موچەكەم بۆ ٢٥٠ هەزار دۆلار كەم بۆتەوە"
لاخانی لە ساڵی 2014 ەوە  گرێبەستێكی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان واژۆكرد بۆ تێپەڕاندنی كارە لۆجیستییەكانی نەوتی هەرێم كە خۆی لە باركردنی نەوتی خاو لە بەندەری جەیهانەوە و چاودێریكردنی عەمبارەكانی نەوت و هەماهەنگی لەگەڵ خاوەن كەشتییەكان و وەزارەتی وزەی توركیا و كۆمپانیاكان.
لەو كاتەدا بیرۆكەی ئابوری سەربەخۆ و نەوتی سەربەخۆ دەدەن بە گوێی بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا و بەرپرسانی هەرێم رازی دەكەن، هەربۆیە بیرۆكەی فراوانكردنی نەوتی هەرێم بۆ ( ملیۆنێك ) بەرمیل دەدەن بە گوێی هەموو لایەكدا، بۆیە بەرپرسانی هەرێم رازی نابن نەوت رادەستی بەغداد بكەن و لەبەرامبەردا بەغداد بەشە بودجەی هەرێمی بڕی كە مانگانە ( ترلیۆنێك و 200 ملیار) دینار بوو، بڕی (850 ملیار) دینار بۆ موچەو ( 350 ملیار) دیناریش بۆ وەبەرهێنان تەرخان دەكرا، لەدوای ئەو بڕیارە حكومەتی هەرێم روبەرووی قەیرانی گەورەی دارایی بوەوە بەتایبەتیش دوای درووست بونی داعش و دابەزینی نرخی نەوت.  
ساڵی ۲۰۱٤ هەرێمی كوردستان دەستیكرد بە فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ لەرێگەی بۆری نەوتی توركیاوە، لێرەوە لاخانی بەتەواوەتی جێپێی خۆی لە كەرتی نەوتی هەرێمدا جێگركرد، ئەو لەگەڵ ئاشتی هەورامی سەرەداوی نەوتی هەرێمیان گرتە دەست، لاخانی خشتەی زەمەنی ناردنی نەوتی هەرێمی بۆ بەندەری جەیهانی توركیا ئامادەدەكرد، چاودێری ئەمبارەكانی دەكرد، هەماهەنگی لەگەڵ خاوەن كەشتییەكانی گواستنەوەی نەوت و كۆمپانیا بازرگانییەكانی توركیادا دەكرد كە بۆرییەكانی نەوتیان بەڕێوە دەبرد، تا ئەمڕۆش سەرەداوی نەوتی هەرێم و داهاتەكەی و فرۆشتنی و مامەڵەكردنیان لەگەڵ كۆمپانیاكان لەدەستی خۆیاندایەو بەتەواوی رادەستی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەكراوە.
 
 

 

سەرچاوەكان:
https://www.ft.com/content/02a7065a-78cd-11e5-933d-efcdc3c11c89

https://uk.reuters.com/article/uk-iraq-kurdistan-oil/exclusive-how-kurdistan-bypassed-baghdad-and-sold-oil-on-global-markets-idUKKCN0T61HL20151117

https://almasalah.com/ar/news/63246/ContactUS.html

http://iraqicparchives.com/index.php/sections/2016-04-17-20-22-47/65673-2017-10-29-19-30-28

https://lloydslist.maritimeintelligence.informa.com/LL1130517/Oil-trader-begins-West-Africa-STS-route-for-Venezuelan-cargoes

https://uk.reuters.com/article/uk-lebanon-bankmed-suit/oil-trader-imms-sues-lebanons-bankmed-for-1-billion-court-filing-idUKKBN1Y128W?fbclid=IwAR1m-PwZSCs6z9qHakk1b1FrMq-LFdFH7fK1FMlA86N65bJvJKJJ3IlgY0s

https://fliphtml5.com/jeod/xsff/basic/151-200

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand