Draw Media

دابەشكردنی موچە لە 30 رۆژەوە دەكرێت بە 45 رۆژ

دابەشكردنی موچە لە 30 رۆژەوە دەكرێت بە 45 رۆژ

2020-03-31 18:30:13


راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازڵ حەمەرەفعەت
حكومەتی  هەرێمی كوردستان دەستكاری موچەی موچەخۆران ناكات، بەپێی كۆكردنەوەی داهات موچە دابەش دەكات، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، پێدەچێت ماوەی دابەشكردنی موچە لە (30) رۆژەوە درێژبكرێتەوە بۆ (45) رۆژ، بەڵام بۆ مانگی داهاتوو كێشەی موچەی نابێت. 

لە بڕینەوە بۆ درێژكردنەوە !
فشارەكان، حكومەتی هەرێمی كوردستانی ناچاركرد خۆی بەدوور بگرێت لە بڕینی موچەی موچەخۆران ، لەبری ئەوە حكومەت چاوی لە زیادكردنی داهات‌و درێژكردنەوەی كاتی دابەشكردنی موچەیە لە (30) رۆژەوە بۆ (45) رۆژ كەمتر یان زیاتر، ئەمە بەپێی ئەو داهاتانەی كە مانگانە وەزارەتی دارایی دەستی دەكەوێت بۆ دابینكردنی موچەی موچەخۆران.
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" ئەوەی تائێستا وتراوە لەسەر موچەی موچەخۆران، هیچی راست نیەو هەتا ئێستا هیچ بڕیارێك لەوباریەوە نەدراوە، نە بڕیاردراوە بە بڕینی موچەو نە نیازیشی هەیە دەستكاری موچەو دەرماڵەی موچەخۆران بكرێت".
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای قەیرانەكاندا، بڕیاردراوە دەستكاری موچە نەكرێت، بۆ دەرماڵەكانیش تەنها ئەو دەرماڵانە ببڕدرێت كە نادادپەروەرانەن‌و ئەو كەسانە لێ سودمەند دەبن كە مافی وەرگرتنی ئەو جۆرە دەرماڵانەیان نییە‌و ئەمە جیاوازی دروستكردووە لەنێوان وەزارەتێك بۆ وەزارەتێكی تر.
هەوڵەكانی حكومەت بۆ چارەسەركردنی  قەیرانی دارایی، بەشێوەیەك دەبێت لەبری دەستبردن بۆ موچەی موچەخۆران، بیر لە زیادكردنی داهاتەكان دەكرێتەوە بە چەندین میكانیزم‌و شێوە، سبەینێ ئەنجومەنی وەزیران جارێكی تر لەرێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە كۆدەبێتەوە، بڕیاری كۆتایی لەبارەی ئەم بابەتەوە لە كۆبونەوەی سبەینێدا دەدرێت.

موچەی مانگی داهاتوو ئامادە دەبێت
حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم مانگە كە موچەی مانگی (12/2019)ی موچەخۆران دابەشدەكرێت، پارەی موچەی تەواوی وەزارەتەكانی لەبەردەستدایە، ئەوەش دوای گەیشتنی پارەكەی بەغداد، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بۆ موچەی مانگی داهاتوو كە موچەی مانگی (1/2020)ە، تا ئاستێك ئەویش چارەسەركراوە، كە بڕیارە لە رۆژی 17/4/2020 دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی 1/2020 بكرێت، چارەسەرەكە بەو شێوەیەیە كە بڕێك پارەی تایبەتی حكومەتی هەرێم لە بانكی (RT)ی لە هەولێر هەڵگیراوە، زیاتر لە (150 ملیۆن) دۆلارە كە دەكاتە نزیكەی (200 ملیار) دینار، لەگەڵ پارەكەی بەغداد كە (441 ملیار) دینارە، لەگەڵ داهاتی ناوخۆو داهاتی نەوت، موچەی مانگی داهاتووش ئامادە دەبێت.
بەڵام حكومەتی هەرێم بۆ موچەی مانگی (2/2020) و مانگەكانی دواتر كێشەی بۆ دروست دەبێت، بۆیە دەیەوێت بەشێوەیەك موچە دابەشدەكات، كە ماوەكەی درێژبكاتەوەو هەفتانە موچەی چەند وەزارەتێك دابەشدەكات، تا داهاتی زیاتر بگاتە دەست حكومەت‌و دابەشی بكات. 
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، حكومەت لەبری دەستبردن بۆ موچەی موچەخۆران، چەند هەنگاوێك دەگرێتەبەر كە ئەمانەن:
•    ئەوەی پەیوەندی بە موچەی موچەخۆرانەوە هەیە، دەستكاری ناكرێت.
•    لەبری بڕینی تەواوی دەرماڵەكان، هەوڵی رێكخستنەوەیان دەدات بەم شێوەیەیە:
-    دەرماڵە جێگیرەكان سێ جۆرن ( بڕوانامە، هاوسەرگیری، منداڵ) ئەو دەرماڵانەن كە هەركەسێك سەرەتا دادەمەزرێت بۆ دەبەسترێت بەبێ جیاوازی لەنێوان وەزارەت‌و فەرمانگەكانی حكومەت.
-    دەرماڵە ناجێگیرەكان كە ژمارەیان (21) جۆرەو پاڵپشتی یاساییان هەیە، لە وەزارەت‌و فەرمانگەیەكەوە بۆ وەزارەت‌و فەرمانگەیەكی دیكە جیاوازە.
•    موچەی موچەخۆرانی هەرێم كە مانگی رابردوو (898 ملیار دینار بووە، (54%)ی دەرماڵەیەو (46%)ی موچەی بنەڕەتیە، بۆیە حكومەتی هەرێم بە نیاز نیە دەستكاری دەرماڵەكان بكات، بەڵام بەپێی یاسای چاكسازی‌و ئەو دەسەڵاتەی كە پەرلەمانی كوردستان لە مادەی (5)ی یاساكەدا بە ئەنجومەنی وەزیرانی داوە، دەرماڵەكان رێكدەخاتەوە، بۆ نمونە دەرماڵەی ئەو فەرمانبەرانەی كە هەمان ئەرك دەبینن، بەڵام دەرماڵەكەیان لەنێوان وەزارەتی (خوێندنی باڵاو پەروەردە)دا جیاوازە، دەرماڵەكەیان رێكدەخرێتەوە، بۆ هەمان شێوە بۆ هەموو وەزارەتەكانی تریش. بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی لیژنەی ( پەیڕەوەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی)دا، بڕیاریانداوە ئەو دەرماڵانە رێكبخەنەوەو دەرماڵەی هەندێك لەو كارمەندو موچەخۆرانە ببڕێت كە بەوشێوەیەن.
•    تا ئاستێك تیمی حكومەت لە كابینەی نۆیەم كە لە ( پارتی، یەكێتی ، گۆڕان) پێكهاتووە، كۆكن لەسەر ئەو بۆچونەی كە دەڵێ:" لەبری بڕٍینی موچەو دەرماڵە، دابەشكردنی موچە بەپێی ئەو داهاتە بێت كە كۆدەكرێتەوەو دەخرێتە بەردەست وەزیری دارایی و ئەوكات دابەشی بكات، ئیتر ئەگەر ماوەی دابەشكردنی موچە بۆ 45 رۆژیش درێژبێتەوە ئاسایی بێت".

حكومەت بەنیازی چیە؟
حكومەتی هەرێمی كوردستان دركی بەوە كردووە بڕینی موچەو دەرماڵەو پاشەكەوت بەئاسانی لای موچەخۆران هەزم ناكرێت، بۆیە ئامادە نیە قەیرانێكی تر بۆخۆی دروست بكات، لیژنەی باڵای روبەرووبونەوەی قەیرانەكان بیری لە چەند هەنگاو رێكارێك كردوەتەوە لەوانە:
•    رێكخستنەوەی داهاتەكان، ئەویش لەرێگەی زیادكردنی باج لەسەر كۆمپانیاكان‌و چاكسازی لە خاڵە سنورییەكان.
•    جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی بەتایبەتیش خانەنشینی پلە باڵاكان‌و رێكخستنەوەی دەرماڵەو بڕینی دووموچە.
•    دواخستنی پێدانەوەی قەرزی كۆمپانیاكانی نەوت. 
•    سەندنەوەی قەرزەكانی حكومەت لای كۆمپانیاو سەرمایەدارەكان. 

داهاتەكانی حكومەت
بەپێی خشتەیەك كە دەست (درەو) كەوتووە، داهاتی بەردەستی وەزارەتی دارایی بۆ موچەی ئەم مانگە (12/2019 ) بریتی بووە لە (898 ملیارو 555 ملیۆن) دینارە، بەم شێوەیەیە:
•    داهاتی فرۆشی نەوت: (345 ملیارو 203 ملیۆن) دینار
•    پارەی بەغداد: (453 ملیار) دینار
•    تەمویلی هاوپەیمانان: (21 ملیار) دینار
•    داهاتی ناوخۆ: (91 ملیارو 232 ملیۆن) دینار
•    پارەی قەرزی بانكە ئەهلییەكان كە دەبڕدرێت لە موچە (11 ملیارو 880 ملیۆن) دینار.
لە نێوان دوو مانگدا، پارەی موچەی موچەخۆران نزیكەی (6 ملیار) دینار زیادی كردووە، لە (892 ملیارو 828 ملیۆن) دینارەوە زیادی كردووە بۆ (898 ملیارو 555 ملیۆن) دینار.
سەبارەت بە هۆكاری زیادكردنەكە سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو)ی راگەیاند، بەهۆی بەرزكردنەوەی پلەی سەربازی‌و دامەزراندنی یەكەمەكانی زانكۆو پەیمانگاكانەوە بووەو چاوەڕەوان دەكرێت بەهۆی دامەزراندنەكانەوە لە مانگی داهاتوودا كۆی موچە ببێتە (903 ملیار) دینار.  

داهاتی هەرێم لەئێستادا
•    پارەی بەغداد: (441 ملیار) دینار
•    تەمویلی هاوپەیمانان: (21 ملیار) دینار
•    داهاتی ناوخۆ: بەپێی وتەی بەرپرسان لەئێستادا بۆ نزیكەی (30 ملیار) دینار دابەزیوە، بەڵام بەو رێكارانەی كە بڕیارە حكومەت بیگرێتەبەر وەك زیادكردنی باج لەسەر كۆمپانیا گەورەكان‌و سەندنەوەی قەرزەكان لە كۆمپانیاكان، چاوەڕەوان دەكرێت لەدوای پەتای كۆرۆنا داهاتی ناوخۆ مانگانە بگاتە زیاتر لە (300 ملیار) دینار.
•    داهاتی نەوت كە لەم مانگەدا (345 ملیارو 203 ملیۆن) دینار دراوە بە وەزارەتی دارایی بۆ موچەی موچەخۆران، پێناچێت بەو شێوەیە بمێنێتەوە، چاوەڕەوان دەكرێت تەنها بڕی (150 ملیار) دینار بخرێتە بەردەست وەزارەتی دارایی، بەڵام ئەگەر كۆمپانیاكانی نەوت قەرزەكانیان لە حكومەت وەرنەگرنەوە كە مانگانە (200 ملیار) دینارە، چاوەڕەوان دەكرێت سامانە سروشتیەكان بتوانن مانگانە (300 ملیار) دینار بخاتە بەردەست وەزارەتی دارایی بۆ موچە.  
بەم شێوەیە ئەگەر حكومەت ئەو رێكارانە بگرێتە بەر، پێدەچێت بتوانێت بەسەر قەیرانەكەدا زاڵ بێت‌و داهاتی مانگانەی بگەیەنێتە زیاتر لە ( ترلیۆنێك) دینار، كە مانگانە (898 ملیار) دینار بۆ موچەو (150 ملیار) دینار بۆ خەرجی وەزارەتەكانە.   

 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand