Draw Media

حكومەتی هەرێم پارەی موچەی فەرمانبەران دەداتەوە بە قەرز  

حكومەتی هەرێم پارەی موچەی فەرمانبەران دەداتەوە بە قەرز  

2020-03-27 09:57:22


درەو:
12 ملیار دینار لە  موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت بۆ دانەوەی قەرزی بانكە ئەهلییەكان، بە پێی رێككەوتنی نێوانیان حكومەتی عێراق 12 ملیۆن دینارەكە  دەبڕێت و دەبێت وەزارەتی سامانە سروشتیەكان پارەكە بخاتەوە سەر موچەی فەرمانبەران، بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتیەكان پارەكە نادات.
حكومەتی عێراق مانگانە بڕی (453 ملیار) دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەنێرێت بەڵام تەنها (441 ملیار) دینار دەگاتە دەست حكومەتی هەرێم، چونكە بڕی ( 12 ملیار) دینار لەو موچەیە دەبڕدرێت و دەدرێتەوە بەقەرزی موچەی بانكە ئەهلیەكان كە لە ساڵانی رابردوودا حكومەتی هەرێم پارەی ئەو بانكانەی راكێشاوە.
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی بە روداوی راگەیاند: مانگانە بڕی (453 ملیار) دینارمان لە بەغداوە بۆ دێت، بەڵام (441 ملیار) دیناری دەگاتە دەستمان، بەڵام هۆكارەكەی رون نەكردەوە. 
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكاتی قەیرانی دارایی و هاتنی داعش لە ساڵی 2014، (ملیارێك) دۆلاری لە بانكە ئەهلییەكان راكێشاوە و خەرجی كردووە، بەڵام لە 2018 دا بڕی (500 ملیۆن) دۆلاری ئەو قەرزانەی بە بانكە ئەهلیەكان داوەتەوە كە دەكاتە نزیكەی (50%)ی ئەو قەرزانە.
بانكە ئەهلیەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە بەرێوەدەبرێن، بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای 2019 رێككەوتنێكی لەگەڵ عەلی عەلاق بەرێوەبەری بانكی ناوەندی عێراق كرد كە مانگانە بڕی (10 ملیۆن) دۆلار واتا (12 ملیار) دینار دەداتەوە بە بانكی ناوەندی لە بری قەرزی بانكە ئەهلیەكانی هەرێمی كوردستان.
بە گوێرەی رێككەوتنەكە بانكی ناوەندی عێراق مانگانە بڕی (12 ملیار) دینار لەو پارەیە دەبڕێت كە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەو لەبەغداوە دێتە بۆ هەرێم، حكومەتی هەرێم لە پارەی نەوت ئەو (12 ملیار) دینارە دەخاتەوە سەر موچەی فەرمانبەران.
 بەڵام بە پێی بەدواداچونەكانی (درەو) وەزارەتی سامانە سروشتیەكان مانگانە ئەو (12 میار ) دینارە ناخاتەوە سەر موچەی فەرمانبەران و بۆیە مانگانە لە موچەی فەرمانبەران بڕی ( 12 ملیار) دینار دەدرێتەوە بە قەرزی بانكە ئەهلیەكان. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand