راپۆرت: فازڵ حەمە رەفعەت – محەمەد رەئوف سبەینێ لە شاری سلێمانی تەرمی دوو سەركردەی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە مەراسیمێكدا بەرێ دەكرێت، ئەوان هەفتەیەك لەمەوبەر لە هێرشێكی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی توركیادا لە چیای ئەزمەڕ تیرۆركران. زیاتر لە دوو ساڵە، شەڕی توركیا لەدژی پارتی كرێكارانی كوردستان پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێوە، ئێستا سوپاو هەواڵگری توركیا تەنیا لە ناوچە سنورییەكان شەڕ ناكەن، تیرۆری سەركردە سیاسیو سەربازییەكانی (پەكەكە)یان گواستوەتەوە بۆ ناو شارەكانی هەرێمی كوردستانو لەماوەی ساڵێكدا (5) ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتی (كەجەكە) تیرۆركراون، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وردەكاری شەڕەكە لەسەر خاكی هەرێمی كوردستانو شكستهێنانی هەوڵێك بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی ئاشكرادەكات. ئێوارەیەك لە ئەزمەڕ ! هەفتەیەك لەمەوپێشو بەدیاریكراوی لە ئێوارەی رۆژی 15ی مانگدا، هەواڵی روودانی تەقینەوەیەك لە چیای ئەزمەڕ لە شاری سلێمانی، بڵاوبووەوە، ئەوكات چەند سەرچاوەیەك بە (درەو میدیا)یان راگەیاند، روداوەكە هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا بووەو دوو سەركردەی (پەكەكە) لە هێرشەكەدا تیرۆركراون. رۆژی دوای تەقینەوەكە، (درەو میدیا) پەیوەندی بە سەركەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانییەوە كرد، ئەو پێی راگەیاندین، هیچ شتێك لەسەر رووداوی تەقینەوەكەی چیای ئەزمەڕ نازانێتو ئەو كەیسە لای ئاسایشەو ئەوان لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكەن. بەلەبەرچاوگرتنی هەستیاریی رووداوەكە لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستانو نەبووی سەرچاوەی پێویست بۆ پشتڕاستكردنەوەی زانیارییەكان، (درەو میدیا) خۆی لە بڵاوكردنەوەی زانیارییەكان بەدورگرت، دواتر زانیارییە پشتڕاستنەكراوەكان دزەیانكردە ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان. ئاسایشی هەرێم چی دەڵێت ؟ دواجارو دوای هەفتەیەك لە رووداوەكە، بەیانی ئەمڕۆ (دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان) بەفەرمی هەواڵی تیرۆركردنی دوو بەرپرسەكەی (پەكەكە)ی پشتڕاستكردەوەو رایگەیاند:" ئێوارەی رۆژی 15/10/2019 لەنێوان سەعات 17:10 دەقیقە بۆ 17:15 دەقیق، دوو كادری باڵای پارتی كرێكارانی كوردستان بەناوەكانی (جەمیل)و (دەمهات) لەسەر شاخی ئەزمەڕ لەناوچەیەكی گەشتیاریو لەناو خەڵكی مەدەنیدا بەشێوەیەكی دڕندانە كراونەتەئامانج". دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە رونكردنەوەكەیدا بۆ رایگشتی جەختی لەسەر چەندخاڵێك كردووە كە ئەمانەن: • ئەو دوو كەسەی كە كراونەتەئامانج، ئەندامی باڵای كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە)ن. • بێ ئاگاداری لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان هاتونەتە ناوچەكە. • لەلایەن فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی توركیاوە لەناو خەڵكی مەدەنیدا كراونەتەئامانج. • ئەوەی رویداوە دەستپێشخەریو پێشهاتێكی مەترسیدارەو خزمەت بە ئاسایشی هاوبەشو پێكەوەژیان ناكات (واتە لەنێوان توركیاو هەرێمی كوردستان)دا. • ئیدانەی هەموو پێشێلكارییەك دەكەین لە خاكو سیادەی عێراقو هەرێمی كوردستان. • داوا لە هەموو لایەك دەكەین خاكی عێراقو كوردستان بەكارنەهێنن بۆ هێرشكردنەسەر وڵاتانی دراوسێ. • ئاسمانی هەرێمی كوردستان لەژێر كۆنترۆڵی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی عێراقدایە، ئەو رادارەی كە كەشفی ئاسمانی هەرێمی كوردستان دەكات لەژێر كۆنترۆڵی هەرێمدا نییە. كەجەكە چی دەڵێت ؟ لەدوای راگەیەندراوەكەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە، كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) كە چەتری كۆكەرەوەی دامەزراوەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)یە، راگەیەندراوێكی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوەو ئاشكرایكرد، تەرمی ئەو دوو كەسەی كە لە چیای ئەزمەڕ كرانەئامانج، سبەینێ لە شاری سلێمانی بەخاكدەسپێردرێن، بەپێی ئەوەی لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە: • ئەو دوو كەسەی كە كراونەتە ئامانج لە چیای ئەزمەڕ یەكێكیان ناوی (سەیدخان ئایاس)ە بە "دەمهات عەگید" ناسراوە، ئەوی تر ناوی (ئەسەر ئرماك)ەو بە "جەمیل ئامەد" ناسراوە. • ئەو دوو كەسەی كە كراونەتە ئامانج، یەكەمیان بۆ كاری "سیاسیو دیپلۆماتی" لە سلێمانی بووە، دووەمیشیان برینداری سەنگەر بووەو بەهۆكاری "تەندروستی" لە سلێمانی بووە. • ئەو دوو كەسە لە ئۆپراسیۆنێكی سەربازی "ئاسمانی"دا بەئامانجگیراون. • هەندێك "هێزی هەرێمی"و "سیخوڕ" لەم هێرشەدا هاوكاری توركیایان كردووە. • پێویستە یەكێتی نیشتمانی كوردستانو پەرلەمانو حكومەتی هەرێم رونكردنەوە لەسەر هێرشەكە بدەن. • نابێت مافی ژیان بەو كەسانە بدرێت كە خۆفرۆشو سیخوڕن، گەل دەبێت وەڵامی ئەو هێرشە بداتەوە. كورتەیەكی پێویست رۆژی 3ی ئابی ساڵی 2017 هێزێكی تایبەتی (پەكەكە) لە سنوری قەزای دوكانی سەربە پارێزگای سلێمانی دوو ئەفسەری سەربە دەزگای هەواڵگری توركیا (میت)یان رفاند، بەپێی قسەی (پەكەكە)، ئەو كەسانە پلانیان داڕشتبوو بۆ تیرۆركردنی (جەمیل بایك) هاوسەرۆكی (كەجەكە). رفاندنی ئەو دوو ئەفسەرە لەلایەن (پەكەكە)وە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتی، لە ناوخۆی توركیا كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە، لە یەكەم كاردانەوەدا توركیا رۆژی 24/8/2018 (بەهرۆز گەڵاڵی) نوێنەری یەكێتی نیشتمانی لە ئەنكەرە دەركرد، گەڵاڵی گەڕایەوە بۆ هەرێمی كوردستانو دواتر نوێنەرایەتی یەكێتی لە ئەنكەرە كرایەوە. رووداوی رفاندنی ئەفسەرەكانی (میت) لەلایەن (پەكەكە)وە سەرەتای دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی روبەڕووبونەوەی نێوان توركیاو (پەكەكە) بوو لەسەر گۆڕەپانی هەرێمی كوردستان بەدیاریكراویش لە زۆنی "سەوز"ی ناوچەی قەڵەمڕەویی یەكێتی. لەدوای ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستانیش، توركیا گەشتە ئاسمانییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێرو سلێمانی داخست، پاش گەڕانەوەی كورد بۆ بەغدادو كۆتایهاتنی ریفراندۆم، توركیا لە رۆژی 24ی ئازاری 2018دا دوای (پێنج) مانگ ئاسمانی خۆی بەڕووی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی هەولێر كردەوە، بەڵام دوای ساڵێكو چوارمانگ ئاسمانی خۆی بەڕووی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا كردەوە. بەرپرسانی ئەنكەرە یەكێتی نیشتمانی تۆمەتبار دەكەن بەوەی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی كردوەتەوە بۆ پەكەكە. ساڵی رابردوو كەناڵێكی تەلەفزیۆنی توركیا بەناوی (ئەی خەبەر) راپۆرتێكی لەبارەی جموجوڵەكانی (پەكەكە) لە شاری سلێمانی بڵاوكردەوەو تێیدا وێنەی پەرلەمانتارێكی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشان دەدات كە لەگەڵ جەمیل بایك هاوسەرۆكی (كەجەكە) دایە. راپۆرتەكەی ئەو كەناڵەی توركیا دیمەنی رێستۆرانتێكی شاری سلێمانی نیشان دەدا كە وێنەی سێ سەركردەی (پەكەكە)ی هەڵواسیوە، ئەو سێ سەركردەیە بریتین لە هەریەك لە (جەمیل بایك- دۆران كاڵكان- مورد قەرەیلان) كە نەك توركیا، بەڵكو ئەمریكاش خەڵاتی دارایی داناوە بۆ هەر كەسێك كە زانیاری لەبارەی شوێنیانەوە بدات. رۆژی شەشی تەمموزی ساڵی رابردوو، مەولود چاوەشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا لە دیدارێكدا لەگەڵ سەرنوسەرانی ئاژانسی (ئەنادۆڵ)ی وڵاتەكەی ئاشكرایكرد:" لەگەڵ وەزیرێكی سەربە یەكێتی نیشتمانی لە حكومەتی هەرێم كۆبوەتەوەو ئەو وەزیرە پێی راگەیاندووە پەكەكە لەناو یەكێتیدا خاوەنی هەژمونو بڕیارە". پەیوەندییەكی ناجێگیر ! رۆژی 4ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، هاكان كاراچای كونسوڵی گشتی توركیا لە هەولێر سەردانی سلێمانی كرد، لە دەباشان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی كۆبوەوە، هەر ئەوكات لە بەغداد فاتیح یەڵدز باڵیۆز توركیا لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمارو جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كۆبوەوە. لەوكاتەدا سەركردەكانی یەكێتی هەوڵێكیان دەستپێكردبوو بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ توركیا، ئامانجی هەوڵەكە كردنەوەی ئاسمانی توركیا بوو بەڕووی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا. ئەوكات (درەو میدیا) ئاشكرایكرد، توركیا چەند مەرجێكی هەبووە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی، یەكێك لە مەرجەكان كۆتاییهێنان بوو بە جموجوڵەكانی (پەكەكە) لە زۆنی سەوز. 27ی تشرینی یەكەمی 2018، هێزێكی ئاسایشی سلێمانی بارەگای (تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان)ی لە گەڕەكی (چوارباخ)ی شاری سلێمانی، گەمارۆدا، ئاسایش ماوەی (24) كاتژمێر مۆڵەتی بە تەڤگەری ئازادی دا بارەگاكەی دابخات، ئەمەش بە بەهانەی ئەوەی ئەو حزبە مۆڵەتی یاسایی نییە. تەڤگەری ئازادی ساڵی 2014 دامەزراوە، باڵی سیاسی (پەكەكە)یە لە هەرێمی كوردستانو درێژكراوەی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان (پەچەدەكە)یە كە پێشتر خۆی هەڵوەشاندەوە. دوای نزیكەی سێ مانگ لە داخستنی بارەگای ئەو پارتە لە سلێمانی، توركیا ئاسمانی خۆی بەڕووی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی كردەوە. پەیوەندی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستانو توركیا بەدرێژایی سێ دەیەی رابردوو بەردەوام پەیوەندییەكی پڕ لە هەڵبەرزو دابەرزو ناجێگیر بووە. نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا لە سەردەمی سەرۆكایەتی تۆرگۆت ئۆزال (1989-1993)، جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی هەوڵیدا پەیوەندییەكانی حزبەكەی لەگەڵ توركیا توندوتۆڵ بكات، ساڵی 1992 تاڵەبانی لەگەڵ ئۆزال كۆبوەوە. هەر لەو ساڵەدا یەكێتیو پارتی شەڕیان لەدژی (پەكەكە) راگەیاند، بە بەهانەی ئەوەی بەهۆی ئەوانەوە هەرێمی كوردستان كەوتوەتەبەر هەڕەشەی هێرشو گەمارۆی توركیا. لەدوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانیو دووركەوتنەوەی لە شانۆی سیاسی، سەركردەكانی یەكێتی سەرباری ئەوەی حزبەكەیان لە ئەنكەرە نوێنەرایەتی هەبوو، بەشێوەیەكی ئاشكرا پەیوەندییان لەگەڵ (پەكەكە) توندوتۆڵ كرد، بەتایبەتیش لەسەروەختی شەڕەكانی رۆژئاوای كوردستانو ئازادكردنی شاری (كۆبانێ) دا. لەوكاتەوە بەرپرسانی یەكێتی جۆرێك لە كرانەوەیان بۆ جموجوڵی لایەنگرانی (پەكەكە) لە سنوری دەسەڵاتی خۆیان دروستكردووە، ئەم هەنگاوە لەكاتی خۆیدا وەكو موزایەدەی سیاسی یەكێتیو بۆ پەردەپۆشكردنی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی لێكدرایەوە، بەم هەنگاوە یەكێتی جارێك پشتیوانی (پەكەكە)ی بەدەستهێناو سەركردەكانی (پەكەكە) لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لە ساڵی 2014 داوایان لە لایەنگرەكانیان كرد لە هەرێمی كورستان دەنگ بە یەكێتی نیشتمانی بدەن. تیرۆری كۆنسە لە باشور ! لەدوای روداوی رفاندنی ئەفسەرەكانی (میت) لە قەزای دوكان، شەڕی نێوان (سوپای توركیا)و (پەكەكە) لەسەر خاكی باشوری كوردستان پێی نایە قۆناغێكی ترەوە، لەوكاتەوە تائێستا ئەم رووداوانە لەناوچەكە رویانداوە: • 15ی ئابی 2018 زەكی شەنگالی یەكێكە لە فەرماندە باڵاكانی (پەكەكە)و ئەندامێكی كۆنسەی بەڕێوەبردنی (كەجەكە) لە هێرشێكی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی توركیا لە شەنگال تیرۆركرا. • 21ی ئازاری 2019 سەرحەد ڤارتۆ (ئەمروڵڵا دورسون) ئەندامی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كەجەكە لە هێرشێكی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی توركیادا تیرۆركرا. • 5ی تەموزی 2019 دیار غەریب، ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتیی (كەجەكە) لە هێرشێكی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی توركیادا لە قەندیل تیرۆركرا. • 15ی ئۆكتۆبەری 2019 دەمهات عەگید بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (كەجەكە) لە چیای ئەزمەڕی شاری سلێمانی لە هێرشێكی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی توركیا تیرۆركرا. • 15ی ئۆكتۆبەری 2019 جەمیل ئامەد (كەجەكە) لە چیای ئەزمەڕی شاری سلێمانی لە هێرشێكی فڕٍۆكە بێ فرۆِكەوانەكانی توركیاوە تیرۆركرا. • هەر بەمدواییە چەند روداوێكی تر لە هەرێمی كوردستان رویانداوە كە وابەستە كراون بە شەڕی نێوان پەكەكەو توركیا، لەوانە تیرۆركردنی دیپلۆماتكارێكی توركیا (هەندێك لە سەرچاوەكان دەڵێن ئەفسەری هەواڵگری میت) لە ریستۆرانتی "هۆقەباز" لە شاری هەولێر لە رۆژی 17ی تەموزی ئەمساڵدا، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ژمارەیەك لە ئەنجامدەرانی هێرشەكەی دەستگیركردو رایگەیاند (پەكەكە) لە پشت هێرشەكەوە بووە، بەڵام تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە (پەكەكە) نكولی لەوە دەكات رۆڵی لەو هێرشەدا هەبووبێتو جەمیل بایك هاوسەرۆكی (كەجەكە) دەڵێ:" روداوەكە پەیوەندی بە ململانێی نێوان توركیاوە هەبووە". • سەرباری ئەم رووداوانە بەردەوام سوپای توركیا لە لەشكركێشیدا بووە بۆ ناو سنوری هەرێمی كوردستان بەبیانووی بوونی (پەكەكە)وە لە ناوچەكە. هەوڵێكی شكستخواردوو لەدوو ساڵی رابردوودا بەردەوام سوپای توركیا لە شەڕدا بووە بۆ لێدان لە (پەكەكە)و هیچ هەوڵێك بۆ ئاگربەستو دەستپێكردنەوەی دانوستانی ئاشتی لە ئارادا نەبووە. بەڵام بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، بە (درەەو میدیا)ی راگەیاند، لەگەڵ دەستبەكاربونیدا وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەسەردانێكیدا بۆ توركیا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆبوەتەوەو پرسی دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی دانوستانی لەگەڵ كورد پێشنیازكردووە. سەرچاوەكە وتی:" ئەردۆغان تاڕادەیەك پێشنیازەكەی نێچیرڤان بارزانی پەسەندكردووە"، بەوتەی ئەو رووداوی تەقەكردنەكەی ریستۆرانی "هۆقەباز" لە شاری هەولێر، هەوڵێك بووە بۆ تێكدانی كارەكەی نێچیرڤان بارزانی، تاوەكو (پەكەكە)و توركیا دەست بە دانوستان نەكەوە. پەكەكە لە هەرێمی كوردستان (پەكەكە) لە ساڵی 1978 دامەزراوە، یەكەم كۆنفرانسی خۆی لە ساڵی 1981 ئەنجامداوە، لە ساڵی 1984ەوە شۆڕشی چەكداری دەستپێكردووە، لەوكاتەوە بنكەو بارەگای لە باشوری كوردستان كردوەتەوە. لەدوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستانو یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە، لە یەكەم هەنگاودا بە فشاری توركیا هێزی پێشمەرگە لە ساڵی 1993 چووە شەڕی براكوژییەوە لەگەڵ هێزەكانی (پەكەكە)، هێزی پێشمەرگە نەیتوانی شەڕەكە یەكلابكاتەوەو (پەكەكە) لەناوچەكە دەربكات، بەڵام نیازپاكی بەرپرسانی هەرێمی نیشانی توركیادا. ئێستا بنكەو بارەگاكانی (پەكەكە) تەواوی ناوچە شاخاویو سنورییەكانی رۆژهەڵاتو باشور تا رۆژئاوای كوردستانی گرتوەتەوە، ناوچەیەكی فراوانیان بۆخۆیان كۆنترۆڵكردووە، لەگەڵ فراوانبوونی ناوچەی چەكداریان، جموجوڵی سیاسیو مەدەنیشیان لە باشوری كوردستان زیادیكردووە. لە باشوری رۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان، واتە سنوری نێوان هەرێمی كوردستانو ئێران، ناوچەیەكی فراوانو ناوەندی دەسەڵاتی (پەكەكە)ی تێدایە، ئەوەش زنجیرە چیای "قەندیل"ە، كە لە سنوری قەزاكانی (قەڵادزێ، رانیە، چۆمان، رەواندوز، سۆران) پێكدێت، واتا دەسەڵاتیان لە سنوری قەزای قەڵادزێوە درێژ دەبێتەوە بۆ باڵەكایەتیو سیدەكانو حاجی ئۆمەران، لەم ناوچەیەدا (62) گوند لەژێر دەسەڵاتی شارەوانییەكانی (پەكەكە)دایە. بەپێی بەدواداچونێكی رۆژنامەی (رووداو)ی نزیك لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان زیاتر لە (658) گوند لەژێر كۆنترۆڵی (پەكەكە)دان، زیاتر لە 34%ی كۆی خاكی پارێزگای دهۆك لەژێر كۆنترۆڵی (پەكەكە)دایە. زۆرترین سنوری دەسەڵاتی (پەكەكە) لە ناوچەی قەزای ئامێدیە، كە نزیكەی (250) گوندی ئەو ناوچەیە لەژێر كۆنترۆڵی (پەكەكە)دایەو زۆرینەی بنكەو بارەگا سەربازییەكانی توركیاش لەو قەزایەدایە كە بنكەكانی (بامەڕنێ، دێرەلوك، كانی ماسی) دەگرێتەوە، بەواتایەكی تر جێگیركردنی ئەو بنكە سەربازیانەی توركیا تەواو لەبەرمەترسی هەژموونی (پەكەكە)دایە، لە كۆی (2700) كیلۆمەتر دوجای خاكی ئەو قەزایە، زیاتر لە 70%ی لەژێر كۆنترۆڵی (پەكەكە)دایە. لەدوای ئامێدی، زۆرترین سنوری جوگرافی ژێر دەسەڵاتی (پەكەكە) لە قەزای زاخۆیە، بەوپێیەی زیاتر لە (120) گوندی ئەو قەزایە لەژێر دەستی (پەكەكە)دایە، واتە 35% خاكی قەزاكە، لە قەزای ئاكرێش زیاتر لە (20) گوندی لەژێر دەستی (پەكەكە)دایە. بەگشتی لە سنوری پارێزگای دهۆك، بەوپێیەی هەرێمەكانی بادینانی پەكەكە لەوێیە، (پەكەكە) پێگەیەكی گەورەی هەیە، كە بە نزیكەی 30% بۆ 36%ی خاكی پارێزگای دهۆك ئەژماردەكرێت، واتا تەواوی ناوچە شاخاویو سنورییەكانی پارێزگای دهۆك لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە. لە سنوری قەزای مێرگەسور كە ناوچەكانی (بارزانو پیرانو شیروان) دەگرێتەوە، زیاتر لە (150) گوند لەژێر كۆنترۆڵی (پەكەكە)دایە، واتا بەگشتی لە سنوری قەزاكانی پارێزگای هەولێر زیاتر لە (200) گوند لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدان، جگە لە مەخمور كە كەمپێكی گەورەی (پەكەكە)ی تێدایە. لە رۆژئاواشەوە لە سنوری قەزای شەنگال ناوچەیەكی بەرفراوانو دەیان گوندو بەرزایی بەدەست (پەكەكە)وەیە، بەگشتی زۆرینەی بنكەو بارەگاو پێگەی پەكەكە لە سنوری ناوچەی جێنفوزی پارتیدایە، تا ئەو رادەیەی دەتوانرێت بوترێت "پەكەكە بەتەواوی پارتی گەمارۆداوە". توركیا لە هەرێمی كوردستان توركیا دەیان بنكەو بارەگای لە ناو خاكی هەرێمی كوردستاندا هەیە، لەدوای هاتنی داعش، بە بیانوی رزگاركردنی موسڵ، لە مانگی كانوونی یەكەمی 2015دا توركیا هێزێكی گەورەی هێنایە باشیكی نزیك موسڵ كە نزیكەی 900 سەرباز و 16 تانكو 20 زرێ پۆشبوون، بیانوی توركیا بۆ هێنانی ئەو هێزە شەڕی روبەڕووبونەوەی "داعش" بوو، بەڵام لە ماوەی ساڵی 2015 دا لە كۆی (300) هێرشو ئۆپەراسیونی ئاسمانی سوپای توركیا، تەنها (3) هێرشیان بۆسەر "داعش" بوو، لەبەرامبەردا (297) هێرشی بۆسەر بنكەو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی (پەكەكە) بوو، واتا بەڕێژەی 1% هێرشەكانی توركیا بۆسەر "داعش"و 99%ی هێرشەكان بۆسەر (پەكەكە) بووە. ئەمە لەكاتێكدایە توركیا لە هەرێمی كوردستان چەندین بنكەی سەربازی دیكەی هەیە، بەتایبەتیش لەدوای شەڕی ناوخۆوە بەرەزامەندی پارتی دیموكراتی كوردستانو لەچوارچێوەی هێزی "ئاشتیپارێز" هێزێكی گەورەی توركیا لە 1997 لە بامەڕنێی سەربە قەزای ئامێدی جێگیر بووە، كە لە فڕۆكەخانەیەكی سەربازیو 38 دەبابەو 738 سەربازی تورك پێكهاتووە. هەر لە ساڵی 1997دا توركیا سێ بنكەی دیكەی سەربازی لە ناحیەی دێرەلوكی سەربە قەزای ئامێدی كە 40 كم دەكەوێتە باكوری ئەو قەزایەوە كردەوە، هەمان ساڵ بنكەیەكی دیكەی سەربازی لە ناحیەی كانی ماسی سەربە قەزای ئامێدیو لە گوندی سێرسی كە 30كم باكوری شاری زاخۆیە، بنكەیەكی دیكەی سەربازی جێگیركرد. تەواوی بنكە سەربازییەكانی سوپای توركیا لە خاكی هەرێمی كوردستان، لە نزیكی سنوری نێوان ناوچەی جێنفوزی (پەكەكە)و (پارتی)دان. لەشكركێشی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی هەرێم بە پێشیلكردنی سەروەری خاكی عێراق دادەنرێت، بەڵام تا ئێستا عێراق بێدەنگە، چونكە عێراقو توركیا لە ساڵی 1982دا رێككەوتنێكیان واژووكردووە، بەپێی ئەو رێككەوتنە تائێستاش هەریەكەیان دەتوانن (20 كیلۆمەتر) سنوری خاكی یەكدی ببەزێنن بەبیانوی پاراستنی سنورەكانەوە، كە ئەوكاتیش ئامانجی سەرەكی رێككەوتنەكە لێدانی (پەكەكە) بوو. ساڵی 1995 رێككەوتنێكی تر لەنێوان عێراقو توركیا واژووكرا، ساڵی 2007 رێككەوتنەكەی ساڵی 1982 نوێكرایەوە، بەڵام بەزاندنی سنور لە (20 كیلۆمەترەوە) زیادكرد بۆ (25 كیلۆمەتر)، ئەم رێكەوتنانە هەموویان لەسەر داوای توركیا بووەو فشار بووە لەسەر عێراق بۆ وەردەرنانی گەریلاكانی (پەكەكە) لەسەر خاكی عێراق. بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی ناڕەزایەتییەكانی باشوور كە لەمانگی كانونی یەكەمی 2015دا بڵاوكراوەتەوە، ژمارەی هێزەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا بەمشێوەیەیە: • توركیا (3 هەزارو 235) ئەفسەرو سەربازو ژەندرمەی لەناو خاكی هەرێمدا هەیە. • (58) تانك، (27) زرێپۆش، (31) تۆپ، (26) هاوەن، (17) ئاڕ بی جی، (10) دۆشكە، (40) ئۆتۆمبیلی سەربازی، جیهازێكی پێشكەوتووی دەنگهەڵگری سیخوڕی، سەدان پارچە چەكی مامناوەند، هەزارانی بچوكی لە هەرێمی كوردستان هەیە.
درەو میدیا: كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كەجەكە لە ڕاگەیەنراوێكدا پشتڕاستی كردەوە كە لە شاری سلێمانی دوو هەڤاڵیان بە ناوەكانی سەییدخان ئایاز (دەمهات عەگید) و ئەسەر ئیرماك (جەمیل ئامەد) لە لایەن دەوڵەتی توركی داگیركەر بە هاوكاری سیخورەكان شەهید كراون. كۆما جڤاكی كوردستان داوای ئاشكراكردنی پلانەكە دەكات" پێویستە لە سەرەتادا یەكێتی نیشتمانی كوردستان (یەنەكە) و پەرلەمان و حكومەتی باشوور پلانەكە ئاشكرا بكەن. پێویستە لە هەرێمێك كە لە ژیر دەسەڵاتی حكومەتی باشووری كوردستاندایە، ئەم پلانە كە هەڤاڵەكانمان شەهید بوون كەجە راشی دەگەیەنێت:هەر دوو هەڤاڵمان كە خەباتی نەتەوی، سیاسی و دیپلۆماسیان بەڕێوەدەبرد و بە هۆی كێشەی تەندروستیەوە سەردانی سلێمانیان كردبوو لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی ئاسمانیدا شەهید كران دەقی ڕاگەیەندراوی كەجەكە: لە ڕۆژی ١٥ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٩ دوو هەڤاڵمان بە ناوەكانی دەمهات عەگید (سەییدخان ئایاز) كە لە باشووری كوردستان خەباتی یەكێتی نەتەوەیی و لەدژی داگیركەری دەوڵەتی تورك لەسەر ڕۆژئاوا خەباتیان بەرێوەدەبرد و جەمیل ئەحمەد (ئەسەر ئرماك) كە پێشتر لە شەڕدا بریندار ببوو و بۆ نەخۆشی سەردانی سلێمانی كردبوو، لە لایەن هێزە نێودەوڵەتی و دەولەتی تورك و هاوبەشە قێزەونەكانیان شەهید كران. هەر دوو هەڤاڵمان كە خەباتی نەتەوی، سیاسی و دیپلۆماسیان بەڕێوەدەبرد و بە هۆی كێشەی تەندروستیەوە سەردانی سلێمانیان كردبوو لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی ئاسمانیدا شەهید كران. ئەم هێرشە جارێكیتر نیشانەی ئەوەیە پیڵانگێڕی نێودەوڵەتی لە چوار پارچەی كوردستان بەردەوامە. بەم هێرشە هێزە نێودەوڵەتیەكان ئیرادەی ئازاد و ڕێكخستنی گەلی كوردیان كردووەتە ئامانج. ئەم پیلانگێڕیەی كە لە لایەن دەوڵەتی توركی فاشیستی داگیركەر ئەنجامدراوە، بێگۆمان دەستی هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمیەكانیشی تێدایە. ئەو هێزانە لە ڕێگەی ئامانجگرتنی خەباتی سیاسی، كۆمەڵایەتی و دیپلۆماسی دەیانەوێت ئیرادەی گەلەكەمان لاواز بكەن. پێویستە لە سەرەتادا یەكێتی نیشتمانی كوردستان (یەنەكە) و پەرلەمان و حكومەتی باشوور پلانەكە ئاشكرا بكەن. پێویستە لە هەرێمێك كە لە ژیر دەسەڵاتی حكومەتی باشووری كوردستاندایە، ئەم پلانە كە هەڤاڵەكانمان شەهید بوون، نەبێتە قوربانی بەرژەوەندیەكانی هەرێمی و پێویستە ئۆپەراسیۆنەكانی دڕندەی دەولەتی تورك ڕەتبكرێنەوە و شەرمەزار بكرێن. پێویستە چۆنیەتی پێشێلكردنی ئاسمانی شارەكە لە لایەن دەوڵەتی توركەوە بە باشی ئاشكرا و ڕوون بكرێتەوە. هەم ئێمە و هەم گەلەكەمان چاوەڕێی ئاشكراكردنی چۆنیەتی ئەنجامدانی پلانەكەین. دەزانرێت كە دەوڵەتی فاشیستی تورك پێشتریش هەڤاڵەكانمانی كە خەباتی نەتەوی و دیپلۆماسیان دەكرد بە هەمان شێوەیە و بە هاوكاری سیخورەكانیان شەهید كردووە. هەم ئەم هەڤاڵانەمان و هەڤاڵانیی ترمان لە ئەنجامی پلانێكدا بوونەتە ئامانج. ئەم كۆمەڵكوژیە كە هاوتەریب لەگەڵ هێرشەكانی سەر ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجامدراوە ، نیشانەی ئەوەیە داگیركەری تورك لە هەموو شوێنێك هێرش دەكاتە سەر گەلی كورد. ڕژێمی توركی فاشیست كە گەلی كورد بە ڕێكوپێكی كۆمەڵكوژ دەكات، بە تایبەتی هێرش دەكاتە سەر كەسایەتی كورد و ڕێكخستنەكانی خاوەن ئیرادە و عەقلیەتی كوردی. دەوڵەتی تورك بەم كۆمەڵكوژیە هێرشی كردە سەر ئیرادە و ڕۆحی یەكێتی نەتەوەیی لە چار پارچەی كوردستان. هەردوو هەڤاڵمان بە كارە نەتەوەیی و سیاسیەكانیان هەموو كاتێك هەوڵیان دەدا یەكیتی نێوان هێزە كوردیەكان بەهێز بكەن. دەوڵەتی تورك هێزێكی قڕكەرە كە لە هەموو شوێنێك هێرش دەكاتە سەر گەلی كورد. عەقلیەتی ٢٠١٣ كە هێرشكرایە سەر ژنانی كورد لە پاریس و شەهیدیان كردن، لە سڵێمانیش هەمان عەقلیەتە كە دوو هەڤاڵی ئێمەیان شەهید كرد. كورد و هێزە دیموكراتەكان وڵامی ئەو كۆمەڵكوژیە دەدەنەوە. گەلەكەمان لە باشووری كوردستان كە ئازاری زۆریان چەژتووە. ئەنفال و كیمیاباران كراون. بە هەڵوێستی بەشەرەفیان هیچ كاتێك سەریان دانەنەواندووە. لە دژی بەكۆكانی سەدەی ٢١ كە دەولەتی توركی داگیركەر دەیانكات سیخور و لەدژی گەل بەكاریان دەهێنێت، پێویستە بە ڕۆحێكی نەتەوەیی هەڵوێست نیشان بدەن و ماژی ژیان بە خایین و سیخورەكان نەدەن. لە سەرەتادا هێزەكانی سیاسی باشووری كوردستان بانگەوازیمان بۆ هەموو لایەنەكان ئەوەیە یەكێتی نەتەوەییان بەهێز بكەن و خاوەنداری لە شەهیدان بكەن. بانگەوازیمان بۆ گەلەكەمان و هیزە سیاسیەكان ئەوەیە، لە ٢٣ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٩ دا لە سلێمانی بەشداری لە مەراسیمەكە ببن و هەڵوێست نیشان بدەن. ئێمە وابەستەی شەهیدەكانمانین. لە سەرەتادا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هەردوو هەڤاڵمان دەمهات عەگید و دەمیل ئامەد و ڕێبەر ئاپۆ و هەموو گەلی كورد دەكەین. جارێكیتر بەلێن دەدەین، تێكۆشانمان لەپیناو خەباتی گەورەی شەهیدەكانمان بەردەوام دەبێت.
درەو میدیا: دەزگای ئاساییشی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت لەلایەن فرۆكەی بێفرۆكەوانی توركیاوە دوو ئەندامی باڵای كۆماجڤاكێن كوردستان لە سلێمانی كراونەتە ئامانج. لە راگەیەنراوەكەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستاندا هاتووە "كاژێر 17:10 خولەك بۆ 17:15 خولەك) دوو كادیری باڵای پارتی كرێكارانی كوردستان بەناوەكانی (جەمیل) و (دەمهات)، لەسەر شاخی ئەزمەر لە ناوچەیەكی گەشتیاری و لەناو خەڵكی مەدەنیدا بەشێوەیەكی دڕندانە كراونەتە ئامانج". دەزگای ئاسایی بێ ئاگایی خۆی نیشان دەدات لە هاتنی ئەو دوو ئەندامەی كۆما جڤاكێن كوردستان "دوای لێكۆڵینەوەی چڕ و پڕ و بەدەستهێنانی بەڵگەی پێویست لە شوێنی روودانی تاوانەكە بۆمان دەركەوتووە كە ئەو دوو ئەندامە باڵایەی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە). لە كاتێكدا بەبێ ئاگاداری لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتوونەتە ئەو ناوچەیە، لەلایەن فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی توركیا و لەناو خەڵكی مەدەنی و لە شاری سلێمانی لە شوێنی گەشتیاریدا كراونەتە ئامانج و ئەمەش پێشێلكاری و دەستپێشخەری و پێشهاتێكی مەترسیدار "
راپۆرت: محەمەد رەئوف - فازل حەمە رەفعەت لیستی هاوبەشی لایەنە كوردییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لە ناوچە جێناكۆكەكان لە كۆتایی كارەكانی نزیكبووەتەوە، كێشەی رەنگی قاوەیی كە یەكگرتووی ئیسلامی داوای دەكرد چارەسەركرا، یەكێتیش داوای ژمارەی تاكی دەكرد، ئەو بابەتە لەبەرژەوەندی خۆی یەكلاكردەوە، بەڵام لایەنەكانی دوچاری گومانو دوودڵی كردووە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا دواین زانیارییەكان لەبارەی لیستە هاوبەشەكەوە بڵاودەكاتەوە. كۆبونەوەیەكی تر ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی، لیستی هاوپەیمانی كوردستان كە لیستی هاوبەشی لایەنە كوردییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، كۆبووەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەو كۆبونەوەیەدا لایەنەكانی ناو هاوپەیمانێتییەكە لەسەر دیاریكردنی ژمارەی كاندیدەكانی ناو لیستی هاوپەیمانی كوردستانی رێككەوتوون. یەكگرتوو داوای رەنگی قاوەیی دەكات (درەو میدیا) زانیوەیەتی، لە كۆبونەوەی پێشتردا نوێنەری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان نیگەرانی دەربڕیوە لەسەر رەنگەكانی ناو لۆگۆی هاوپەیمانی كوردستانی. نوێنەری یەكگرتوو داوایكردووە رەنگی قاوەیی بۆ رەنگەكانی ناو لۆگۆكە زیادبكرێت كە رەنگی ئاڵای یەكگرتووی ئیسلامییە. (درەو میدیا) زانیویەتی، ئیبراهیم خەلیل نوێنەری یەكگرتووی ئیسلامی لە كۆبونەوەكەدا گومانی هەبووە لەوەی دەستكاری رەنگەكان كراوەو رەنگی خوارەوەی لۆگۆكە قاوەیی بووە، بەڵام دواتر لە دەستكاریكردندا رەنگەكە بۆ پرتەقاڵی گۆڕدراوە. لەسەر داوای نوێنەری یەكگرتوو، جارێكی تر لۆگۆی هاوپەیمانی كوردستانی دروستكراوەتەوەو لە لۆگۆ تازەكەدا، دوو رەنگی تر زیادكراوە، یەكێكیان رەنگی قاوەییە كە تایبەتە بە یەكگرتوو، ئەوی تر رەنگی شینی ئاسمانییە كە تایبەتە بە حیزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان. یەكێتی داوای ژمارە تاكەكان دەكات چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە هاوپەیمانێتییەكە بە (درەو میدیا)یان راگەیاند، رزگار عەلی نوێنەری یەكێتی نیشتمانی كوردستانو بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی ئەو حزبە لە كۆبونەوەكانی هاوپەیمانێتییەكەدا پێداگیری لەسەر ئەوە دەكات "دەبێت ژمارە تاكەكان ناو لیستەكە بدرێت كاندیدەكانی سەربە یەكێتی"، ئەم داواكارییە گومانی لای نوێنەری لایەنە بەشدارەكانی تری ناو هاوپەیمانی كوردستانی دروستكردووە، بۆیە لایەنەكان پێشنیازەكەی یەكێتی رەتدەكەنەوە لەبارەی ژمارەكانەوە، هەرچەندە ئێستا ئەو ژمارانە بۆ یەكێتی یەكلابووەتەوە. دابەشبوونی كاندیدەكان بەپێی ژمارە (درەو میدیا) زانیویەتی، بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە لەنێوان لایەنە بەشدارەكانی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كراوە، كاندیدەكانی لیستەكە بەپێی ژمارەكان بەمشێوەیە دابەشبووە بەسەر لایەنەكاندا. 1- یەكێتی نیشتمانی كوردستان 2- پارتی دیموكراتی كوردستان 3- یەكێتی نیشتمانی كوردستان 4- پارتی دیموكراتی كوردستان 5- بزوتنەوەی گۆڕان 6- یەكگرتوو ئیسلامی كوردستان 7- یەكێتی نیشتمانی كوردستان 8- كۆمەڵ ئیسلامی كوردستان 9- یەكێتی نیشتمانی كوردستان 10- توركمان 11- یەكێتی نیشتمانی كوردستان 12- حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان 13- یەكێتی نیشتمانی كوردستان 14- بزوتنەوەی ئیسلامی 15- حزبی زەحمەتكێشان 16- پارتی دیموكراتی كوردستان 17- هاوپەیمانی نیشتمانی 18- حزبی شیوعی كوردستان 19- حزبی پێشكەوتنخوازی كوردستان 20- ئاشتیخوازان 21- پارتی دیموكراتی كوردستان 22- پارتی دیموكراتی كوردستان 23- یەكێتی نیشتمانی كوردستان 24- پارتی سەوزی كوردستان 25- یەكێتی نیشتمانی كوردستان 26- رەوتی كەركوك لە لیستەكەدا یەكێتی كاندیدی ژمارە (1)ی هەیەو بەگشتی (8) كاندید سەربە یەكێتی دەبن، پارتی كاندیدی ژمارە (2) دادەنێتو بەگشتی (5) كاندیدی دەبێت، بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامیو یەكگرتووی ئیسلامیو بزوتنەوەی ئیسلامیو حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان هەریەكەیان (1) كاندیدیان هەیە. لیستی هاوپەیمانی لە نەینەوا لیستی هاوپەیمانی كوردستانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، ریزبەندی لیستی كاندیدەكان بەشێوەیەك دانراوە، كاندیدی ژمارە (1) لای پارتی بێتو كاندیدی ژمارە (2) لای یەكێتی بێت. هاوپەیمانی لە دیالە بەپێی رێككەوتنەكە، لیستی هاوپەیمانی كوردستان لە پارێزگای دیالە ریزبەندی كاندیدەكانی بەجۆرێك دەبێت كاندیدی ژمارە (1) لای یەكێتی دەبێتو كاندیدی ژمارە (2) لای پارتی دەبێت. هاوپەیمانی لە سەلاحەدین بەپێی زانیارییەكان پارتیو یەكێتیو لایەنەكان رێككەوتوون لەسەر ئەوەی كورد لەو پارێزگایە یەك كاندیدی هەبێتو لەناو یەكێك لە لیستە عەرەبییەكان بپاڵێورێتو پشتیوانی سەركەوتی بكرێت. بڕیارە هەمویان پێكەوە ژنێك وەكو كاندیدی كورد بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای سەلاحەدین دیاری بكەن. لەبارەی لیستی هاوبەشەوە سەرەتای ئەم مانگە، دوای سێ كۆبونەوە، 16 لایەنی كوردی هاوپەیمانێتییەكیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ناوچە جێناكۆكەكان رایگەیاند بەناوی "هاوپەیمانی كوردستانی". (عەبدولڕەحمان مستەفا) پارێزگاری پێشووی كەركوك وەك سەرۆكی هاوپەیمانێتیەكە دیاریكرا، بەپێی رێككەوتنەكە: • سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە پارێزگای كەركوك، واتە كاندیدی ژمارە (1 ) بۆ یەكێتی دەبێت. • سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە نەینەوا، واتە كاندیدی ژمارە (1 ) بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت. • سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی لە دیالە، واتە كاندیدی ژمارە (1) بۆ یەكێتی دەبێت. • لە پارێزگای سەلاحەدین یەك كاندیدی هاوبەش دەدەنرێت. رۆژی 22ی تەموزی ئەمساڵ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی پەسەندكردو رۆژی 1ی نیسانی 2020 ی دیاریكرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە پارێزگای كەركوكیشەوە، جگە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان. بەپێی یاسا هەمواركراوەكە (14) كورسی بۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دیاریكراوە، كە (13 كورسی گشتیو 1 كورسی كۆتای)ە، كورسییە گشتییەكان بەپێی ژمارەی دانیشتوان دیاریكراوە، ژمارەی دانیشتوانی كەركوك بە (یەك ملیۆنو 639 هەزارو 953) كەس دیاریكراوە، ئەمە لەكاتێكدایە ئێستا ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك (41) ئەندامە، ئەمە بەپێی یاسای ژمارە 71ی پۆڵ بریمەری حاكمی مەدەنی عێراق بووە، كە بۆ هەر پارێزگایەك 41 كورسی دیاریكرابوو، كەركوك تەنها بەشداری لە یەك هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی كردووە، بۆیە ژمارەی كورسییەكانی بەوشێوەیە ماوەتەوە، بەڵام ئەمجارە ئیتر ژمارەی كورسییەكانی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ (14) كورسی كەمدەبێتەوە. ئاستەنگەكانی بەردەم كورد ئێستا كورد لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەكۆی (41) كورسی (26) كورسی هەیە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو كێشەو بەربەستەكانی بەردەم كورد زۆرنو ئەستەمە بتوانێت پارێزگاری لە پێگەكەی خۆی بكات. ئەمە لەكاتێكدایە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ژمارەی كورسییەكانی لە (41) كورسییەوە بۆ (14) كورسی كەمدەبێتەوە، بۆیە بەپێی رێژەی كورسییەكانی كورد ئێستا (63%)ی كۆی ئەنجومەنی پارێزگا پێكدەهێنێت، ئەگەر كورد لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ئەم رێژەیە بهێنێتەوە، ئەوا لەكۆی (14) كورسییەكە دەبێت (9) كورسی بەدەستبهێنێت. كێشەو بەربەستەكانی بەردەم كورد لە پارێزگای كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان: • لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە كۆتایی بە دەسەڵاتی 14 ساڵەی كورد هات لە كەركوك، كورد پارێزگارو زۆرینەی پۆستە هەستیارەكانی لەدەستدابوو، بەڵام هەمووی لەدەستداو ئێستا بە 26 كورسی ئەنجومەنی پارێزگاوە توانای دانانی پارێزگاری كەركوكی نیە، • كورد لیستی هاوبەشی پێكهێناوە، بەڵام هێشتا متمانە نیە لەنێوانیاندا، بەو پێیە تائێستاش سەرەڕای چەندین رێككەوتن لەنێوان یەكێتی و پارتی نەیانتوانیوە پارێزگار دابنێن. • بەپێی یاسای هەڵبژاردن، رێگە نادرێت هیچ سندوقێك لەدەرەوەی كەركوك دابنرێت، لە كاتێكدا ژمارەیەكی زۆر كە بە زیاتر لە 50 هەزار كەس ئەژمار دەكرێن لەدەرەوەی كەركوكنو لە هەولێرو چەمچەماڵو سلێمانی نیشتەجێنو رێگە نادرێت سندوقی دەنگدان لەو ناوچانە دابنرێت، بەوەش دەنگێكی زۆری كورد لەدەستدەچێت، ئاوارەیەكی زۆری پارێزگای نەینەوا كە بە نزیكەی 250 هەزار كەس ئەژمار دەكرێت لە دهۆكو هەولێرن، كە زۆرینەی زۆری دەنگی كوردە، ئەگەر سندوقی دەنگدانیان بۆ دادەنرێت، چیتر دەتوانن دەنگ بدەن. • بڕیاردراوە لە رۆژانی هەڵبژاردندا قەدەغەی هاتوچۆ لە نێوان پارێزگاكاندا بكرێت، واتا ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە لە ناوچەكانی دەرەوەی كەركوك و موسڵن ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ دەنگدان. • هێنانی ژمارەیەكی زۆری عەرەب بۆ كەركوكو ناوچەكانی دەوروبەری كە بە واژۆی بەرپرسی ئۆفیسی كەركوكی مادەی 140 بووە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەماوەی سێ مانگدا زیاتر لە (600) خێزانی پێكهاتەی عەرەب لە پارێزگاكانی سەڵاحەدین، دیالە، ئەنبارو بەغداد، دەگەڕێنرێنەوە بۆ پارێزگای كەركوك، كە ئەمەش كاریگەری لەسەر كەمبونەوەی دەنگی كورد لەو پارێزگایە دەگەڕێتەوە. • ئەو ناوچانەی كە بایۆمەتریان نەكردووە ئەتوانن بە یەكێك لە ناسنامەكانیان دەنگبدەن، كە ئەمەش زیاتر بۆ هاوڵاتیانی ناوچەی حەویجەیە كە زۆرینەیان بایۆمەتریان نیە. كەركوك لە هەڵبژاردنی 2005دا لە هەڵبژاردنی 30/1/2005ی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا، لیستی (برایەتی كەركوك) كە لایەنە كوردییەكانی لەخۆدەگرت، لەكۆی (385 هەزارو 861) دەنگدەر ( 261 هەزارو 577) دەنگی بەدەستهێناوە، واتە رێژەی ( 67.8%) دەنگەكان، بەجۆرێكی تر لە كۆی(41) كورسی پارێزگە (26)كورسی بەدەستهێنا، بەرێژەی ( 63.4%) كۆی كورسییەكانی ئەو پارێزگایە. لەبەرامبەردا بەرەی توركمانی (8) كورسی بەدەستهێنا، بەرێژەی (19.5%)ی كورسییەكان، گردبوونەوەی عەرەبی (5) كورسی بەرێژەی (12.2%)و هاوپەیمانی ئیسلامی توركمانی (1) كورسی بەرێژەی (2.4%)و گردبوونەوەی نیشتیمانی عێراقی (1) كورسیو بەرێژەی (2.4%) كورسی. • لیستی برایەتی ( 261577 )دەنگ بەڕێژەی ( 67.8%) • بەرەی توركمانی ( 54213 ) دەنگ بەڕێژەی ( 14%) • بەرەی عەرەبی بۆ دیالۆگی نیشتیمانی (17275) دەنگ بەرێژەی (4.5% ) • بەرەی تەوافوقی عێراقی (14458) دەنگ بەڕێژەی (3.7% ) • هاوپەیمانی عێراقی یەكگرتوو (12051) بەڕێژەی (3%) • لیستی عێراقیەی نیشتیمانی (9262) بەڕێژەی (2.4%) • یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (5739) بەڕێژەی (1.5% ) كەركوك لە هەڵبژاردنی 2010 دا لە هەڵبژاردنی 7/3/2010 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا كە كورد بە چەند لیستێك بەشداری كرد، لەكۆی (557 هەزارو 37) دەنگدەری پارێزگای كەركوك، لە لیستە سەركەوتووەكاندا لیستی هاوپەیمانی كوردستانی كە لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستانو پارتی دیموكراتی كوردستانو چەند پارتێكی دیكە پێكهاتبوو، (37%)ی دەنگەكانی بەدەستهێنا. • لیستی هاوپەیمانی كوردستانی (206 هەزارو 542) دەنگ، بەڕێژەی (37%)ی دەنگەكانی ئەو پارێزگایە، 6 كورسی لە كۆی 12 كورسی پشكی ئەو پارێزگایە. واتە كورد رێژەی (50%)ی كورسییەكانی پارێزگای كەركوكی بردەوە. • لیستی عێراقیە (211 هەزارو 336 ) دەنگ، بەڕێژەی (37.9%)ی دەنگی لیستە سەركەوتوەكانی ئەو پارێزگایە، 6 كورسی بەدەستهێنا واتە (50%)ی كۆی كورسییەكانی پارێزگاكە. • لیستی رافیدەین (28 هەزارو 78) دەنگ، بەڕێژەی (5%)، كورسییەكی كۆتای پارێزگای كەركوكی بردوەتەوە. جگە لیستی هاوپەیمانی كوردستانی كە (206 هەزارو 542) دەنگی بەدەستهێنابوو، دەنگی سەرجەم لیستە كوردییەكان لەو پارێزگایە (278هەزارو 170) دەنگ بوو، بەرێژەی (49.9%)ی دەنگی ئەو پارێزگایە، بەوپێیەی لیستی گۆران (36هەزارو 554) دەنگو یەكگرتووی ئیسلامی (24هەزارو 274) دەنگ، كۆمەڵی ئیسلامی (7 هەزارو 175) دەنگی بەدەستهێنابوو، حیزبی شیوعی (3 هەزارو 397) دەنگی بەدەستهێنا بوو، كە نزیكەی (70 هەزار) دەنگە، ئەو لایەنانە بەهۆی ئەوەی دەنگی پێویستیان نەهێنا بۆ كورسییەك كە بەهای كورسییەك (46 هەزارو 419) دەنگ بووە، هیچ كورسییەكیان بەدەستنەهێناو دەنگەكانیان سوتا. بەو پێیەش دەنگی كورد لە نێوان 2005 بۆ 2010 لە (63.4%) دەنگی ئەو پارێزگایەوە بۆ (49.9%) دابەزی، واتا بەڕێژەی (13.5%)ی دەنگەكانی دابەزی، رێژەی كورسیەكانیشی بەهەمان شێوە (13.4%) دابەزی. كەركوك لە هەڵبژاردنی 2014دا بەڵام لە هەڵبژاردنی 30/4/2014ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقددا، لە پارێزگای كەركوك، لە كۆی (570795) دەنگدەری كە 12 كورسی بۆ پارێزگاكە تەرخانكرابوو، یەكێتی (209964) دەنگو 6 كورسی بەدەستهێنا، پارتی (63076) دەنگو 2 كورسی بەدەستهێنا، بەهای كورسییەك لەو پارێزگایە (47566) دەنگ بوو . * یەكێتی 209964 دەنگ، 6 كورسی * پارتی 63076 دەنگ، 2 كورسی * بەرەی توركمانی 71492 دەنگ، 2 كورسی * هاوپەیمانی عەرەبی 53796 دەنگ، 1 كورسی * هاوپەیمانی عەرەبی كەركوك 38328 دەنگ، 1 كورسی كەركوك لە هەڵبژاردنی 2018دا لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە 12ی ئایاری 2018 بەڕێوەچوو، لە پارێزگای كەركوك پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری هەڵبژاردنی نەكرد، لە كۆی (12) كورسیو (487 هەزارو 142) دەنگدەر: * یەكێتی نیشتیمانی 6 كورسیو (177 هەزارو 920) دەنگی بەدەستهێنا. * هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركوك، 3 كورسیو (86 هەزارو 452) دەنگی بەدەستهێنا. * بەرەی توركمانی 3 كورسیو (82 هەزارو 33) دەنگی بەدەستهێنا. * لیستی نیشتیمانی (گۆڕان، هاوپەیمانی، كۆمەڵ) لە كەركوك (14 هەزارو 914) دەنگی بەدەستهێنا بەبێ كورسی. * نەوەی نوێ (13 هەزارو 665) دەنگی بەدەستهێنا. * حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان (7 هەزارو 509) دەنگی بەدەستهێنا. * یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (4 هەزارو 784) دەنگ. دەنگو كورسییەكانی كورد كەمدەكات؟ لەیەكەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا لە كەركوك، كورد زۆرینەی رەها (50+1)ی دەنگو كورسی ئەنجومەنی پارێزگای بەدەستهێنا، بەڵام چاوەڕەوان ناكرێت كورد بتوانێت ئەو دەنگو كورسیانە بەدەستبهێنێتەوە. لە هەڵبژاردنی 30/1/2005ی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا لیستی برایەتی كەركوك كە لایەنە كوردییەكانی لەخۆدەگرت، لە كۆی 41 كورسی پارێزگە 26 كورسی بەدەستهێنا، بەرێژەی (63.4%) كورسی ئەو پارێزگایە، واتە (68%)ی دەنگی پارێزگای كەركوكی بەدەستهێناوە. بەڵام لەدوای هەڵبژاردنی 2005ەوە لە زۆربەی هەڵبژاردنەكاندا كورد نیوە یان كەمتر لە نیوەی كورسییەكانی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێناوە، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووش، رێوشوێنەكان زۆر توندكراون، بەتایبەت بەرامبەر بەو ناوچانەو شوێنانەی كە زۆرترین دەنگی كوردی تێدایە، بەدیاریكراویش رێگرتن لە دانانی سندوق لەناوچە ئاوارەنشینەكان، قەدەغەی هاتوچۆ، بایۆمەتریو نەمانی دەسەڵاتی كورد لەو پارێزگایە كە هەمویان پێكەوە كاریگەرییان لەسەر ئاستی دەنگەكان دەبێت.
(درەو میدیا): دوای پێنج رۆژ خۆپیشاندانی بەرفراوانی خەڵك لە شارە جیاجیاكان، دواجار سەعد حەریری سەرۆك وەزیرانی لوبنان ژمارەیەك بڕیاری بۆ چاكسازی راگەیاند. دوای كۆبونەوەیەكی بەپەلەی حكومەت لە كۆشكی "بەعەبدا" لە بەیروتی پایتەخت، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا حەریری ئاشكرایكرد، حكومەت بڕیاریداوە موچەی وەزیرو پەرلەمانتاران بۆ نیوە كەمبكاتەوە، سەرباری ئەمە بودجەی نوێی لوبنان هیچ باجێكی نوێی تێدا نییە. حكومەتەكەی سەعد حەریری بۆ دابینكردنی بودجەی ساڵی داهاتووی وڵات روبەڕووی كێشە بووەوە، دەیویست بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجە، باج لەسەر بەنزین و جگەرەو چەندین پێداویستی تر زیاد بكات، وا دانرابوو زیادكردنی باجەكان تەنانەت تۆڕی كۆمەڵایەتی "واتس ئاپ" یشی بگرێتەوە، بەڵام خۆپیشاندانو ناڕەزایەتییەكان رێگرییان لە جێبەجێبوونی پلانەكە گرت. حەریری دانی بەوەدا نا خۆپیشاندانی خەڵكی لوبنان بەرەنجامی "هەستكردنی گەنجان بووە بە توڕەییو بێئومێدی"، جەختی كرد لەسەر ئەوەی هەرگیز داوا لە خۆپیشاندەران ناكات كۆتایی بە ناڕەزایەتییەكانیان بهێنن. حەریری پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندەران راگەیاند لەبارەی سازدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی پێشوەختەو وتی:" خۆپیشاندانەكان بەربەستە سیاسییە زۆرو زەوەندەكانی تێكشكاندو ناسنامەیی یەكێتی نیشتمانی لوبنانی گەڕاندەوە". لە رۆژی پێنج شەممەی رابردووەوە شەپۆلێك خۆپیشاندانی بەرفراوان لە لوبنان دەستیپێكرد، سەرەتای خۆپیشاندەران داوای چاككردنی دۆخی ئابوری وڵاتو روبەڕووبونەوەی گەندەڵییان دەكرد، دواتر داواكارییەكان سەریكێشا بۆ دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت.
راپۆرتی: فازل حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف (100) رۆژە مەسرور بارزانی وەكو سەرۆكی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دەستبەكاربووە، زیاتر لە (12) بڕیاری دەركردووە بەڵام زۆربەیان جێبەجێ نەكراون، بەڵێنی بەهێزكردنی ئابوری كوردستان تائێستا هیچی لێ سەوز نەبووەو تەنانەت موچەی فەرمانبەران لەوادەی خۆیدا دابەشناكرێت، پرسی چاكسازیو روبەڕووبونەوەی گەندەڵی هێشتا كابینەكانی پێشووی تێنەپەڕاندووە، لە (100) رۆژدا مەسرور بارزانی (19) بروسكەی پرسەو پیرۆزبایی ناردووەو (42) جار پێشوازی لە هاتنی وەفدەكان كردووە، سەرۆكایەتی (11) كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی كردووە. 100 رۆژو 11 كۆبونەوە ئەمڕۆ (100) رۆژ بەسەر دەستبەكاربوونی مەسرور بارزانی وەكو سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمو كوردستان تێپەڕی كە پارتییەكان پێی دەڵێن "براگەورە". بەپێی ستانداردی جیهانی هەڵسەنگاندنی كاری هەر دامەزراوەو رێكخراوێك ماوەی (100) رۆژی مۆڵەتی پێویستە لەدوای دەستبەكاربوونەوە، ئێستا كە مەسرور بارزانی وەكو سەرۆكی حكومەت (100) رۆژەكەی تەواوكردووە، (درەو میدیا) هەڵسەنگاندنێكی بۆ كارو بڕیارەكانی لەو ماوەیەدا كردووە. لە (100) رۆژی رابردوودا، كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان (11) كۆبونەوەی كردووە، یەكەم كۆبونەوە 15ی تەموزدا بەڕێوەچوو، دواین كۆبونەوەش بەر لە نوسینی ئەم راپۆرتە، لە رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر بەڕێوەچوو. لەو ماوەیەدا بەپێی ئەوەی سایتی فەرمی حكومەتو پەیجی تایبەتی سەرۆكی حكومەت بڵاویانكردوەتەوە، مەسرور بارزانی ئەم كارانەی كردووە: • (19) جار بروسكەی پرسەو پیرۆزبایی بۆ كەسو لایەنەكان ناردووە. • (42) جار پێشوازی لە هاتنی وەفدو میوانەكانی كردووە. • 12 جار بەشداری مەراسیمە تایبەتەكانی كردووە. • 5 كۆبونەوەی كردووە (ئەمە لە دەرەوەی كۆبونەوە فەرمییەكانی ئەنجومەنی وەزیران). بڕیارەكانی مەسرور بارزانی دوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی حكومەت، مەسرو ر بارزانی لە 100 رۆژدا ژمارەیەك بڕیاری دەركردووە كە زۆرینەیان تائێستا نەخراونەتە بواری جێبەجێكردنو هاوڵاتی بەروبومەكەی نەبینیوە، بریارەكان ئەمانەن: • لە یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا لە 15ی تەموز، مەسرور بارزانی بڕیاریدا بە پابەندكردنی وەزیرو پلەباڵاكانو سەرجەم فەرمانبەران بە دەوامی فەرمی حكومەتەوە. (بەپێی بەدواداچوونەكانی درەو میدیا، لەدوای بڕیارەكەوە گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ لە شێوازی دەوامكردندا روینەداوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەباشی چاودێری جێبەجێكردنی بڕیارەكەی خۆی ناكات، بەڵام باسلەوە دەكرێت حكومەت لیژنەیەكی هەیە كە بەشێوەی كتوپڕ خۆیان بە فەرمانگەو دامەزراوەكاندا دەكەنو تائێستا سەردانی چەند فەرمانگەیەكیان كردووە) • هەر لە یەكەم كۆبونەوەیەدا مەسرور بارزانی بڕیاریدا بە نەهێشتنی رۆتینو بەرتیلدانو بەرتیل وەرگرتن لە دامەزراوەكانی حكومەتدا. (100 رۆژ تێپەڕێوەو خەڵك لەمبارەیەوە هەست بە گۆڕانكاری ئەوتۆ ناكەن) • یەكێك لە بڕیارەكانی تر كە مەسرور بارزانی لە یەكەم كۆبونەوەی حكومەتدا دەریكرد بڕیاری پابەندكردنی فەرمانبەران بوو بە پاراستنی نهێنی ئەو دەزگایەی كە كاری تێدا دەكەن. (ئەم بڕیارە والێكداریەوە مەسرور بارزانی دەیەوێت بەشێوەیەكی پۆلیسی حكومەت بەڕێوەببات) • لە كۆبونەوەی رۆژی 30ی تەموزی ئەنجومەنی وەزیراندا، مەسرور بارزانی بڕیاریدا ئەو وەزارەتانەی كە داهاتیان هەیە، گشت داهاتەكانیان بنێردرێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی. (وەزیری دارایی سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە، بەمدواییە میدیایی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، وەزیری دارایی كە ئاوات شێخ جەنابە ئاگاداری سەرچاوەی داهاتی هەرێمی كوردستان نییە بەدیاریكراوی داهاتی نەوتی رادەستنەكراوە، دواتر لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ درەو میدیا ئاوات شێخ جەناب راستی ئەو قسانەی میدیای حیزبەكەی رەتكردەوەو رایگەیاند ئاگاداری داهاتەكانە) • هەر لە كۆبونەوەی 30 تەموزدا، مەسرور بارزانی بڕیاریدا گفتوگۆی پێویست لەبارەی پرۆژەیاسای چاكسازییەوە بكرێتو لەنزیكترین كاتدا رەوانەی پەرلەمان بكرێت. (پرۆژەیاسای چاكسازی یەكێك لەو پرۆژانەی كە بزوتنەوەی گۆڕان جێبەجێكردنی وابەستەكردووە بە بەشداربوونی لە كابینەی نوێدا، عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان دوای بەشداربوونی بزوتنەوەكەی لە حكومەت رایگەیاند، ئەگەر پرۆژەی چاكسازی لەماوەی دوو مانگدا پەسەندنەكرێت، رێككەوتنی نێوان پارتیو گۆڕان جگە لە درۆیەكی گەورە هیچی تر نییە، ئێستا 40 رۆژ تێپەڕێووە بەسەر وادەی دوو مانگەكەداو هێشتا حكومەت پرۆژە یاسای چاكسازی رەوانەی پەرلەمان نەكردووە، لەسەر ئەم پرۆژەیە یەكێتی تێبینی هەیەو پێناچێت بەزووی بگاتە پەرلەمان) • لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا كە رۆژی 7ی ئاب بەڕێوەچوو، مەسرور بارزانی بڕیاریدا پێداچونەوە بە لیستەكانی موچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكاندا بكرێتو موچەی (13 هەزار) خاوەن پێداویستی تایبەت خەرجبكرێت. (بەپێی بەدواداچوونی درەو میدیا تائێستا ئەم بڕیارە جێبەجێنەكراوە، بڕیاردرابوو دوای جەژنی قوربانی رابردوو موچەی 13 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت بدرێت، بەڵام تائێستا موچەكە نەدراوە، لەسەر ئەم كەیسە جۆرێك لە ناكۆكی لەنێوان وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە لەگەڵ مەسرور بارزانی دروستبووە، وتەبێژی حكومەت بەیاننامەیەكی لەسەر بەڵێنی وەزیر بۆ پێدانی پارەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەركردو وەڵامی دایەوە). • لە كۆبونەوەی رۆژی 4ی ئەیلولی ئەنجومەنی وەزیراندا، مەسرور بارزانی بڕیاریدا لیژنەیەك لە وەزارەتەكانی پەروەردە، خوێندنی باڵا، داراییو پلاندانان دروستبكرێت بۆ دەستنیشانكردنی پێداویستییەكانی ساڵی نوێی خوێندن. (بەهۆی ئەوەی كابینەی نوێی حكومەت تائێستا بودجەو سەرچاوەی داهاتی دیارنییە، نازانرێت كابینەی نوێ لە 100 رۆژی رابردوودا چەنێك پارەی بۆ كەرتی پەروەردەو خوێندنی باڵا خەرجكردووە). • لە كۆبونەوەی رۆژی 11ی ئەیلولدا، مەسرور بارزانی بڕیاریدا شاندێكی حكومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی بودجەو نەوتەوە سەردانی بەغداد بكات. (ئەم بڕیارە تائێستا جێبەجێ نەكراوەو وەفدەكە سەردانی بەغدادی نەكردووە) • لە كۆبونەوەی رۆژی 18ی ئەیلولدا، مەسرور بارزانی بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی یاساییدا بۆ دەستنیشانكردنی ئەو پرۆژەیاسایانەی كە پێویستە لەم وەرزەدا حكومەت ئاڕاستەی پەرلەمانی بكات. (بەپێی بەدواداچونەكانی درەو میدیا، لەماوەی 100 رۆژی رابردوودا كابینەكەی مەسرور بارزانی هیچ پرۆژەیاسایەكی رەوانەی پەرلەمان نەكردووە، كە ئەمە یەكێكە لە كارە سەرەكییەكانی حكومەت) • لە كۆبونەوەی 16ی ئۆكتۆبەردا مەسرور بارزانی بڕیاریدا سێ یەكەمەكانی زانكۆ حكومییەكان بۆ ساڵی 2015-2016 دابمەزرێنرێن. (تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە 4 رۆژ بەسەر بڕیارەكەدا تێپەڕێوە، درەو میدیا چاودێری بڕیارەكە دەكات بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێكردن یان جێبەجێ نەكردنی لە داهاتوودا) كابینەیەكی دەڵەمە ! 100 رۆژ بەسەر دەستبەكاربونیدا وەكو سەرۆكی حكومەت تێپەڕیوە، هێشتا مەسرور بارزانی نەیتوانیوە پێگەی كابینەكەی بەتەواوەتی جێگیر بكات، هێشتا رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت دەڵەمەیەو مەترسی لەسەرە. قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت یەكێك لە ئاڵنگارییە هەستیارەكان بەردەم مەسرور بارزانی بوو لە (100) رۆژی رابردوودا، قوباد تاڵەبانی هەرچەند لەڕووی مەسرور بارزانی خۆی هیچ قسەیەكی ئەوتۆی نەكرد، بەڵام لە پشتەوەو لەڕێگەی حزبەكەیەوە (یەكێتی نیشتمانی) فشاری خستەسەر مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت، تاوەكو بەپێی بڕیارێك دەسەڵاتەكانی ئەو وەكو جێگری سەرۆكی حكومەت دیاری بكات. دواجار بەبێ ئەوەی هیچ بڕیارێك بۆ رایگشتی لەبارەی دەسەڵاتەكانی جێگری سەرۆكی حكومەتەوە بڵاوبكرێتەوە، مەسرور بارزانی لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا لەبەردەم وەزیرەكاندا لەبارەی كێشەكەی قوباد تاڵەبانییەوە وتی:" هەڵە تێگەیشتن هەبووەو ئێستا لەگەڵ كاك قوباد لێكتێگەیشتن هەیە". مەسرور بارزانی لەسەرەتاوە رەتیدەكردەوە هیچ دەسەڵاتێكی ئەوتۆ بە قوباد تاڵەبانی بدات، ئەو پێدانی دەسەڵاتی بە قووباد تاڵەبانی وەكو تۆخكردنەوەی دوو ئیدارەیی لە هەرێم لە قەڵەمداو رەتیكردەوە ئەو دەسەڵاتانە بە قوباد تاڵەبانی بداتەوە كە پێشتر نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای لە حكومەت پێی دابوو. جگە لە كێشەی جێگری سەرۆكی حكومەت، كابینەكەی مەسرور بارزانی هێشتا لەژێر چاودێری لایەنە بەشداربووەكانیدایە، بەدیاریكراویش بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتی نیشتمانی. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا) لە كابینەی نوێدا (6) پۆست هەن كە هێشتا پڕنەكراونەتەوە، كە ئەمانە: • پۆستی سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم كە بەر یەكێتی كەوتووەو (رەوەند مەلا مەحمود)ی بۆ كاندیدكراوە. • پۆستی سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار، ئەم پۆستە بەر یەكێتی كەوتووەو (عوسمان شوانی)ی بۆ كاندیدكراوە. • پۆستی سەرۆكی دەستەی گشتی كاروباری مین، ئەم پۆستەش بەر یەكێتی كەوتووەو (ئیسماعیل مەحمود) كاندیدكراوە بۆ وەرگرتنی، بەڵام رەتیكردوەتەوە. • پۆستی سەرۆكی سندوقی داهاتە نەوتییەكان، ئەم پۆستە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووەو هێشتا پڕنەكراوەتەوە. • یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی، ئەم پۆستە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووەو (شوان قلیاسانی ) كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە، بەڵام هێشتا پڕنەكراوەتەوە، ئەم پۆستە پێویستی بە دەكردنی یاسایەك هەیە لە پەرلەمانی كوردستان. • پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ئەم پۆستە بەر پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووە، ئاشتی هەورامی وەزیری پێشوو دورخراوەتەوەو كراوە بە یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وزە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پێدەچێت لەم كابینەیەدا ئەم پۆستە ناوەكەی بگۆڕدرێت بۆ وەزارەتی نەوت هاوشێوەی ئەوەی لە عێراق هەیە، هەندێك زانیاری تر هەن باسلەوە دەكەن رەنگە بەیەكجاری پۆستەكە لاببرێتو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت خۆی ئیدارەی دۆسیەی نەوت بدات، لەهەردوو حاڵەتەكەدا هێشتنەوە یاخود لابردنی وەزارەتەكە پێویستی بەوە هەیە لە پەرلەمانەوە یاسایی بۆ دەربكرێت. ئەمە سەرەڕای ئەوەی دوای (100) رۆژ لە دەستبەكاربوونی مەسرور بارزانی، هێشتا بریكاری وەزیرو راوێژكارو بەڕێوەبەرە گشتییەكانی یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕان دانەنراون. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا) بزوتنەوەی گۆڕان زۆر جەخت لەسەر وەگرتنی هەموو ئەو پۆستانە دەكاتەوە كە بەپێی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی، لە حكومەت بەریكەوتووە. بزوتنەوەی گۆڕان گومانی هەیە پارتی هەموو پۆستەكانی رادەستبكات، سەرچاوەی گومانەكە بۆ كابینەی هەشتەم دەگەڕێتەوە، كاتێك پارتی تا دواساتەكانیش زۆربەی ئەو پۆستانەی رادەستی گۆڕان نەكرد كە رێككەوتنیان لەسەر كرابوو. یەكێتی بەهۆی ئەوەی لە زۆنەكەی خۆی جڵەوی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، كەیسی رادەستكردنی پۆستەكانی بە قەبارەی بزوتنەوەی گۆڕان بەلاوە گرنگ نییە، ئەوەی بەلایەوە گرنگە پشكی داهاتی نەوتە كە رادەستی نوێنەرەكانی بكرێت لەناو حكومەت. كابینەی یاریدەدەر یەكێك لە دیارترین گۆڕانكارییەكان لە كابینەی نوێی حكومەتدا لەماوەی (100) رۆژی رابردوودا، دانانی ژمارەیەكی زۆر یاریدەدەرە لەلایەن مەسرور بارزانییەوە، تا ئەو رادەیەی پێشتر (درەو میدیا) لە راپۆرتێكدا نازناوی "كابینەی یاریدەدەری" بە حكومەتەكەی مەسرور بارزانی بەخشی. مەسرور بارزانی جگە لە جێگری سەرۆكی حكومەت تائێستا (4) یاریدەدەری بۆ خۆی دیاریكردووە، ئەمە لەكاتێكدایە لەكابینەكانی پێشوودا سەرۆكی حكومەت هیچ یاریدەدەرێكی نەبووە، سەرباری ئەوە، بابەتی دانانی یاریدەدەر لە دەرەوەی رێككەوتنی لایەنەكانە بۆ پێكهێنانی حكومەت (جگە لە پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی كە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووەو تائێستا دانەنراوە بەهۆی ئەوەی پۆستەكە پێویستی بە دەركردنی یاسا هەیە لە پەرلەمان)، ئەمە لایەنەكانی نیگەران كردووە، چونكە لەو پۆستانە هیچ شتێكیان بەرناكەوێتو سەرباری ئەوە مەترسییان هەیە ئەو یاریدەدەرانە لە داهاتوودا رۆڵی وەزیرەكان لاواز بكەنو ببن بە وەزیری سێبەر. تائێستا مەسرور بارزانی فەرمانی بۆ (4) یاریدەدەر دەركردووە كە ئەمانەن: • ئاشتی هەورامی- یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وزەو سامانە سروشتییەكان • رێباز حەملان- یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وەبەرهێنانو راژەی گشتی • محەمەد حاجی- یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری تەندروستی • رانیا مەجید- یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری ئابوری حكومەتو چاوەڕوانییەكانی خەڵك مەسرور بارزانی سەرۆكی كابینەی نوێی حكومەت، لەوتاری دەستبەكاربوونیدا وتی:" بەهۆی قەرزو قەیرانە كەڵەكەبووەكانی كابینەكانی پێشووترەوە، كابینەی نوێی حكومەت لە دەستپێكدا دوچاری بارودۆخی ئابوری سەخت دەبێتەوە". یەكەم پەیامی سەرۆك وەزیران پەیامێكی نائومێدكەر بوو بۆ هاوڵاتیان، بەڵام وتنی راستییەك بوو كە ئێستا دوای (100) رۆژ لە دەستبەكاربوونی حكومەت، هەستی پێدەكرێت. یەكێك لە بەڵێنەكانی مەسرور بارزانی ئەوە بوو، پەیوەندی نێوان حكومەتی هەرێمو بەغداد ئاسایی بكرێتەوەو ئابوری كوردستان بەهێز بكرێت، دوای (100) رۆژ لە دەستبەكاربوونی، هێشتا حكومەتی هەرێم نەگەیشتوەتە هیچ رێككەوتنێكی ئەوتۆ لەگەڵ حكومەتی بەغداد لەبارەی بودجەوە. خەڵك هێشتا نیگەرانن لەوەی جارێكی تر قەیرانی داراییو بڕینی موچەی فەرمانبەران سەرهەڵبداتەوە، بەتایبەت لەكاتێكدا كابینەی مەسرور بارزانی تائێستا نەیتوانیوە وادەی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران مانگانە لە رۆژێكدا جێگیر بكات. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، مەسرور بارزانی هێشتا سیاسەتێكی جێگیری نییە لەبارەی چارەسەركردنی پرسی نەوتو بودجە لەگەڵ بەغداد، لە هەندێك كۆبونەوەدا باسلەوە دەكات هەرێم نەوتەكەی رادەستی بەغداد دەكات، لە هەندێك كۆبونەوەی تردا رەتیدەكاتەوە هەرێم نەوت رادەسبكات. نەوت لەكابینەی نوێدا وەزارەتی نییە، جڵەوی كەیسی نەوت هێشتا بەتەواوەتی لە دەستی مەسرور بارزانیدا نییە، دۆسیەی نەوتی هەرێم درێژكراوەی ئەو گرێبەستو رێككەوتنە ئابوری- سیاسییانەیە كە لە كابینەكانی پێشوودا نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای كردویەتی، بەتایبەتی لەگەڵ توركیا. ئێستا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم كوردستانە، خاڵی بەهێزی ئەو دۆسیەی نەوتو ئەو پەیوەندییە بەهێزەیە كە لەبارەی وزەوە لەگەڵ توركیا هەیەتی، ئەمە وایكردووە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت نەتوانێت وەكو پێویست هەنگاو بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغداد هەڵگرێت. كابینەی نوێ هێشتا خاوەنی پرۆژەیاسای بودجەی تایبەت بەخۆی نییە، بەڵام باسلەوەدەكرێت بۆ ساڵی 2020 حكومەت پرۆژەیاسای بودجەی دەبێت، ئەمەش لەسەر رێككەوتنی نێوان هەرێمو بەغداد راوەستاوە. دیارترین بڕیاری دارایی مەسرور بارزانی لە (100) رۆژی رابردوودا بڕیاری خەرجكردنی (500 ملیار) دینارە بۆ بنیادنانو گەشەپێدانی ژێرخانی ئابوری كوردستان لە بوارەكانی (كارەبا- ئاو و ئاوەڕۆ)، ئەوەی جێگەی سەرەنجە مەسرور بارزانی لە بڕیاردان بۆ خەرجكردنی ئەم بڕە پارەیە بەهیچ جۆرێك نەگەڕایەوە بۆ وەرگرتنی رەزامەندی لە پەرلەمانی كوردستان، واتە پەرلەمان وردەكاری خەرجكردنی پارەكە نازانێتو لەچاودێریكردنی خەرجكردنەكەدا دوچاری ئاستەنگ دەبێتەوە. رەخساندنی هەلی كاریش هێشتا هیچ ئاسۆیەكی دیارنییەو كابینەی نوێ جگە لە بڕیارێك بۆ دامەزراندنی سێ یەكەمەكانی زانكۆ هیچ بڕیارێكی نوێی نییە بۆ كردنەوەی دەرگای دەمەزراندی دەرچوان كە ساڵانە نزیكەی (35) كەس زیاد دەكاتو بەپێی بەدواداچوونی (درەو میدیا) لە ساڵی 2014وە كە دەرگای دامەزراندن داخراوە، نزیكەی (200 هەزار) كەس لە زانكۆو پەیمانگاكان دەرچوون
راپۆرت: بی بی سی فارسی وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت ئێستا كە ئەمریكاو توركیا لە دانوستاندا بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنوسی رۆژئاوای كوردستان، هەموان باسی كۆتایهاتنی چیرۆكی ئەزمونێكی تری كوردی دەكەن كە دواجار دەبێت بە قوربانی رێككەوتنی دەوڵەتە گەورەكانی جیهان. سایتی (بی بی سی فارسی) لەبارەی ئەزمونی كورد لە رۆژئاوای كوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا راپۆرتێكی كردووە، (درەو میدیا) لەبەر بایەخی ناوەڕۆكی بابەتەكە، راپۆرتەكەی بۆ خوێنەرانی وەكو خۆی وەرگێڕایە سەر زمانی كوردی. دەقی راپۆرتەكە: پەیكەری خۆبەڕێوەبەرێتی باكورو خۆرئاوای كوردستان چۆنە ؟ دوای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی ساڵی 2011 لە سوریا، لە باكورو باكوری خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە سێ ناوچەی "فیدراڵ" بوونی خۆیان راگەیاند بەناوەكانی (جزیرە- فورات- عفرین). ئەم سێ ناوچە فیدراڵە دواتر لەشێوەی بەڕێوەبەرایەتیدا بەناوی "كانتۆن"ەوە ناسرانو بوون بە (6) كانتۆن (حەسەكە، قامیشلۆ، گرێ سپی، عفرین، كۆبانی، شەهبا). زۆرێك لە دانیشتوانی ئەم ناوچانە كورد نین، تەنانەت كوردەكان لەم ناوچانەدا زۆرینە نین، بەڵام سیستمی بەڕێوەبردنی ئەنجومەنی ئەم ناوچانە بەوشێوەیەیە كە سەرەتا لەناوچەكانی رۆژئاوا (رۆژئاوای كوردستان) دروستكرا. رۆژئاوا واتا خۆرئاوای كوردستان یاخود ئەوەی كوردەكانی بە كوردستان خۆرئاوا ناوی دەبەن. وا گومان دەكرێت لەم ناوچەیە نزیكەی (2 تا 3 ملیۆن) كورد هەبن. شێوازی ئیدارەدانی ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی كورد چۆنە ؟ ساڵی 2012 دوای كشانەوەی هێزەكانی حكومەتی ناوەند (حكومەتی دیمەشق) لە پارێزگا كوردنشینەكانی باكوری سوریا، ئەم ناوچانە كەوتنەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی كوردەوە. ناوچە ئازادكراوەكان ناویان لێنرا "كانتۆن"، كانتۆن بەشێكە لە وڵاتێكی بچوك كە لەوێ وەكو بەشێك لە كۆنفیدراڵییە دیموكراتییەكان لە باكورو خۆرئاوای سوریا ئەژماردەكرێت. یەكێك لە كانتۆنە ناسراوەكانی كۆنفیدراڵی دیموكراتی باكوری سوریا، كانتۆنی كۆبانێ-یە كە بەرەنگاری خەڵكی ئەوێ لەبەرامبەر داعش ناوبانگێكی جیهانیی پەیداكرد. لەو سەردەمەدا سیستمی سیاسی كوردستانی سوریا بەناوی خۆبەڕێوەبەرێتی دیموكراتیك "رۆژئاوا" دەناسێندرا. بنەمای پەیوەندی كۆمەڵایەتیو یاسایی لە "رۆژئاوا" پابەندە بە گرێبەستێكی كۆمەڵایەتییەوەو لە بچوكترین ناوچەوە، شێوازی كارگێڕی بەشێوەی خۆبەڕێوەبەرێتی دیموكراتیكە. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ بەناوی فیدراڵی باكوری سوریاو خۆرهەڵاتی سوریا ناودەبرێت، لەسەر بنەمای رێككەوتنێكە كە بەهۆیەوە هەرسێ كانتۆنی (جزیرە- كۆبانی- عفرین) دروستبووە. ناوەڕاستی مانگی مارسی 2016دا، دەستەكانی هەماهەنگی خۆبەڕێوەبەرێتی دیموكراتیك لە هەموو كانتۆنەكانی رۆژئاوا (كوردستانی سوریا) بە نوێنەرایەتی كورد، عەرەب، ئاشوری، توركمانەكان لە شاری رمێلان لە باكوری سوریا كۆبونەوە، ئەنجامی ئەم كۆبونەوەیە دروستكردنی ئەنجومەنی دامەزرێنەران بوو لە (31) كەس، لەگەڵ دیاریكردنی وادەی بەڕێوەچوونی یەكەمین هەڵبژاردن. بۆ ئەم ئەنجومەنی دامەزرێنەرانە هاوسەرۆكایەتییەك لە دوو كەس (پیاوێكو ژنێك) پێكهێنرا. لەوكاتەوە بەردەوام سەرۆكایەتی یەكە سیاسییەكان لە دوو نەفەر پێكدەهات، پیاوێكو ژنێك. لەسەر بنەمای رێككەوتی كۆمەڵایەتی "رۆژئاوا"، فیدراڵی دیموكراتی باكوری سوریا خۆی وابەستەكردووە بە سێ پێوەرەوە (ژینگە- دیموكراتیك- ئازادی ژنان). زۆر كەس دەڵێن رێگریكردنی لە فرەژنیو هاوسەرگیری زۆرەملێی كچان لەو كۆمەڵگە ئیسلامییە نەریتییەدا، یەكێك لەو پێشكەوتنانە بوو كە لەگەڵ ئەم كۆنفیدراڵییە دیموكراتییەدا هات. ئەم فیدراڵیەتە رەوایەتی خۆی لە دەنگی ئەو گروپو كۆمەڵگە میللیانەوە وەرگرتووە لەم جوگرافیایەدا، كە پێویستە لەڕێگەی هەڵبژاردنی ئازادو دیموكراتییەوە گرەنتی بكرێت. خوێندنو قسەكردن بە زمانەكانی ناوچەكە لەسەر هەموو ئاستەكانی كۆمەڵایەتیو سیاسیو بوارەكانی تر لەو بابەتانەن كە لە رێككەوتنە كۆمەڵایەتییەكەی رۆژئاوادا هاتووە. هەر كانتۆنێكی "رۆژئاوا" لە ئەنجومەنی خۆجێی شارو ناحییەكان دروستكراوە، كە ئەوانەش هەڵبژاردنی تایبەت بەخۆیان هەیە. لەسەر بنەمای ئەوەی لە "رۆژئاوا" راگەیەندراوە، هەڵبژاردنی جۆراوجۆر بۆ ئەندامانی شارەوانییەكانو ئەنجومەنە خۆجێیەكانو كۆنگرەی ئەنجومەنی دیموكراتی گەل، دەكرێت. سنوری جوگرافیای كانتۆنەكانی "رۆژئاوا" باكورو باكوری رۆژهەڵاتی سوریایە، كە لە عەفرینەوە دەستپێدەكات تاوەكو نزیكی دەروازەی ئەبوكەمال. بە بڕوای ئەوانەی بەرگری لە خۆبەڕێوەبەرێتیو كۆنفیدراڵی دیموكراتی دەكەن، بۆ ئەو ناوچانەی كە لەڕووی جوگرافیای سیاسییەوە یەكێتیان نییەو پەرتەوازەن، ئەم شێوازە پراكتیكی ترە لە شێوازی سیستمی مەركەزیەت، چونكە لەتوانایدایە رەگەزە ناكۆكەكان یەكبخاتو لە بونیادی سیاسیدا بەشدارییان پێبكات. راگەیاندنی فیدراڵیەت لەلایەن كوردەكانەوە روبەڕووی كاردانەوەی نەرێنی دەوڵەتی سوریا بووەوە. لەناوچە كوردنشینەكانی سوریا چەند هێزی سەربازی هەیە ؟ پارتی یەكێتی دیموكراتی كە هاوپەیمانەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)یە، ناوچەی نفوزیو چالاكی ئەم پارتە بەزۆری لە ناوچە كوردنشینەكانی سوریایە. پارتی یەكێتی دیموكراتی (PYD) دوای دەستپێكردنی خۆپیشاندانو شەڕ لە سوریا، خۆی لە ناكۆكی لەگەڵ ئەسەدو نەیارەكانی بەدورگرت. دوای ئەوەی سەربازانی ئەسەد لەناوچە كوردنشینەكان چونەدەرەوە، ئەم لایەنە بەشێوەیەكی كردەیی كۆنترۆڵی ئەو ناوچەیەی گرتەدەست. بەم حاڵەوە، لەگەڵ تێپەڕینی كاتدا كوردەكانی سوریا خۆیان لەدوو رێكخراوی سەرەكیدا رێكخست كە ئەوانیش یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)و یەكینەكانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) بوو. لە ئۆگۆستی 2014دا هێزەكانی (یەپەگە) لە شەڕێكی خوێناویدا توانییان لەناو جەرگەی ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی داعشدا، لە سوریاوە بۆ چیای گەمارۆدراوی شەنگال، رێڕەوێك بكەنەوە. ئەم دوو گروپە نیمچە سەربازییانە دواتر بوون بە كۆڵەكەی پشتی گروپێكی گەورەتر كە بە هێزەكانی سوریای دیموكراتیك (SDF) ناسێندرا. هێزەكانی سوریای دیموكراتی هاوپەیمانێتی چەكدارانی كورد، توركمان، ئاشوری، عەرەبە. دەوترێت ئەم هێزە لەسەردەمی جەنگی دژ داعشدا زیاتر لە (11) هەزار كەسی لێ كوژراوە. ئایا ئەوان سەربە پەكەكە-نو داوای جیابونەوە دەكەن ؟ كوردەكانی سوریا چەندینجار رایانگەیاندووە كە نیازی جیابونەوەیان لە سوریا نیەو نایانەوێت دەوڵەتێكی كوردی دروستبكەن. فیدراڵیەتی باكوری سوریا لە بەیاننامەی راگەیاندنی خۆیدا وتی:" نیازی جیابونەوەی لە سوریا نییە". ئەوان هاوكات خۆیان بە رەخنەگر لە رەوتە ناسیۆنالیستو ناسیۆنالیستی كوردی دەزانن. ئەنجومەنەكانی خۆسەری باكورو خۆرهەڵاتی سوریا بەهەمانشێوە چەندینجار جەختیان كردووە لەسەر ئەوەی ئەوان تەنیا خوازیاری دیموكراتبوونی سوریان. ئەوان ئەم شێوازە لە بەڕێوەبردنی لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبەرێتی دیموكراتی پێناسە دەكەن كە عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری (پەكەكە) لە بەشی كتێبی دووەمی "مانیفێستی شارستانی دیموكراتی" پێشنیازی كردووە. گۆڤاری سپیگل ساڵی 2004 ناونیشانی چاوپێكەوتنێكی خۆی لەگەڵ ئۆجەلان لە قسەكانی ئەوەوە دەرهێناو نوسینی:" خواحافیز دەوڵەتی كوردی". ئۆجەلان دەڵێ سیستمی سیاسی پێشنیازكراوی ئەو، واتە كۆنفیدراڵی دیموكراتی، ریشەی لە مێژووی میللەتی كورددا هەیە كە هەرگیز دەوڵەتی نەبووە. خاڵی سەرەنجڕاكێش لەبارەی جێبەجێكردنی پێشنیازی سیستمی سیاسی ئۆجەلان لە سوریا ئەوە بوو، كە ئەو خۆی كاتێك بە ناچاری لە توركیا هەڵاتبوو، چوو بووە بۆ عەفرین لە سوریا (راپۆرتەكە نوسیویەتی ئۆجەلان كە چووە سوریا چوەتە عەفرین، بەڵام راستییەكەی ئەوەیە ئۆجەلان سەرەتا چووەتە كۆبانێ كە سەربە پارێزگای رەقەیە- وەرگێڕ). ئۆجەلان باوەڕیوایە ئەم شێوازە لە ئۆتۆنۆمی (خۆبەڕێوەبەریی) لەتوانایدایە نمونەیەك بێت بۆ ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم نزیكییە لە تێڕوانییەكانی ئۆجەلانو هاوكات جموجوڵەكانی پارتی یەكێتی دیموكراتی لەناوچە كوردنشینەكانی سوریا لە ساڵەكانی سەرەتای ناڕەزایەتییەكانەوە لە سوریا، بەشێك لەو بەڵگانەن كە توركیا هێزە كوردییەكانی سوریاو هاوپەیمانەكانی پێ تۆمەتبار دەكات بەوەی سەربە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ن. بەڵام خۆبەڕێوەبەرێتی باكورو خۆرهەڵاتی سوریا ئەم تۆمەتانە رەتدەكاتەوە. دۆخی كوردەكانی سوریا چۆن بوو ؟ شەستەكانی سەدەی رابردوودا سوریا سیاسەتێكی پەیڕەو كرد كە بووە هۆی ئاوارەبوونی ناچاری كوردەكانو هاوكات بە گۆڕینی دیموكرافیای دانیشتوان كۆتایی هات، ئەم سیاسەتەی دەوڵەتی سوریا بە "پشتێنەی عەرەبی" ناسراوە. بەپێی ئەم پلانە، دەوڵەتی سوریا ژمارەیەك خەڵكی لە نەتەوەی عەرەب، كلدانی، ئاشوری هێناو لە ناوچە كوردنشینەكانی جێگیری كرد. دەوڵەتی سوریا هاوكات دەیان گوندی داگیركردو ناسنامەی لە دەیان هەزار كورد سەندەوە، ژمارەی ئەوانەی كە ناسنامەیان لێسەندرایەوە بە (100 هەزار) كەس ئەژماردەكرێت. دەوڵەتی سوریا ئەوكات لەبەرامبەر سەندنەوەی ناسنامە لە (100 هەزار) كورد، كارتی "نیشتەجێبوون" یان بۆ دەردەكات (واتە وەكو خەڵكانی بیانی ئەژماریان دەكات- وەرگێڕ). ئەم كارتە بەواتای ئەوە بوو، كوردەكانی سوریا مافی كڕینو فرۆشتنی موڵكو مۆڵەتی نۆژەنكردنەوەی خانو و مافی تەندروستیو دڵنیاییان نییە. منداڵەكانی ئەوان رێگەیان پێنەدەدرا لە خوێنگە گشتییەكان بخوێننو لەبری رەگەزنامە كارتێكی تریان بۆ دەركرا كە پێی دەوترا كارتی مەكتوم. بەواتایەكی تر، زۆرێك لە كوردەكانی سوریا مافی هاوڵاتیبوونو مافە كۆمەڵایەتیو سیاسییەكانیشیان لێسەندرا. كوردەكانی سوریا لەژێر ئەم فشارەدا، بەبەراورد بە كوردەكانی ئێرانو عێراقو توركیا، لە دەیەكانی رابردوودا كەمتر مێژووی ناڕەزایەتیو دروستكردنی گروپی رەخنەگرو ئۆپۆزسیۆنیان هەیە. ساڵی 2004 بەهۆی یارییەكی تۆپی پێوە لەنێوان یانەی قامیشلۆ و دیمەشق، لەناوچە كوردنشینەكان ناڕەزایەتی سەریهەڵدا، ئەمە یەكێك لەو جارانە بوو كە كوردەكانی سوریا ناڕەزایەتییان دەربڕی. سەرەنجام بە دەستپێكردنی ناڕەزایەتی لە سوریا، بەشار ئەسەد سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە بڕیاریدا چاكسازی بكات، یەكێك لەو چاكسازییانە پێدانی مافی هاوڵاتیبوون بوو بەو كوردانەی كە كارتی نیشتەجێبوون یان كارتی مەكتومیان هەبوو. رەخنەی چی لە خۆبەڕێوەبەرێتی باكورو خۆرهەڵاتی سوریا دەگیرێت ؟ لەم ساڵانەدا رەخنەش هەبوون كە لە خۆبەڕێوەبەرێتی باكورو خۆرهەڵاتی سوریا گیراون. لەنمونەی ئەوانە، رەخنەدەگیرا كە بۆچی هێزە كوردییەكان چوونەتە ناو شارە عەرەبنشینەكانی وەكو رەققە، یاخود بۆچی دوای ئۆپراسیۆنی ئازادیی لەو ناوچانە ماونەتەوە. بەم حاڵەوە، هێزەكانی نزیك لە هێزەكانی سوریای دیموكراتی چەندینجار رایانگەیاندووە دوای پرۆسەی ئازادی، هەڵبژاردن ئەنجامدەدەن. هاوكات نزیكایەتی لە ئەمریكاو هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لەو رەخنانەی تربوو كە لەو هێزانە دەگیرا. ئەمە لەكاتێكدایە هێزەكانی سوریای دیموكراتی خۆی بە یەكێك لە سەرەكیترین هێزەكانی شەڕ دژ بە داعش دەزانێت كە لەو شەڕەدا لانی كەم (11 هەزار) كوژراوی هەبووە. هاوكات، هەندێك لە نەیارانی بەشار ئەسەد رەخنەی ئەوەیان لێدەگرن پشتیوانی لەناوچوونی ئەسەدیان نەكردووە. كوردەكانی سوریا دوای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی سیاسەتی "نە لەگەڵ ئەسەد، نە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن، بەرەو دروستكردنی كۆنفیدراڵی دیموكراتی" یان گرتەبەر.
(درەو میدیا): بەهۆی لەشكركێشی سوپای توركیاوە بۆسەر رۆژئاوای كوردستان (810) قوتابخانە خوێندن تێیاندا راوەستاوەو (86 هەزار) قوتابی لە خوێندن بێبەش بوون. بەپێی ئاماری دەستەی پەروەردەو فێركردنی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا لە ئیدارەی خۆسەری دیموكراتی، بەهۆی هێرشو لەشكركێشەكانی توركیاوە (20) قوتابخانە بەتەواوی وێران بوونو (5 هەزارو 224) مامۆستاش لە پرۆسەی خوێندن دابڕاون. زیانەكانی لەشكركێشییەكەی توركیا لەسەر كەرتی پەروەردە: • 810 قوتابخانە خوێندن تێیاندا راوەستاوە • 86 هەزار فوتابی لە خوێندن بێبەش بوون • 5224 مامۆستا لە وانە وتەنەوە دابڕاون لە هەرێمی جزیرە، ناوچەی سەرێكانیو گوندەكانی دەوروبەری: • 150 قوتابخانە دەوام تێیاندا راوەستاوە، 20 قوتابخانە بەتەواوی وێران بوون • 17 هەزارو 526 قوتابی بەتەواوی لە پرۆسەی خوێندن دابڕاون • هەزارو 409 مامۆستا لە وانە وتنەوە دابڕاون لە ناوچەی تەل تەمر: • 120 قوتابخانە دەوام تێیاندا راوەستاوە • 7 هەزارو 633 قوتابی بەتەواوی لە پرۆسەی خوێندن دابڕاون • 849 مامۆستا لە وانە وتنەوە دابڕاون لە ناوچەی درباسیە: • 114 قوتابخانە دەوام تێیاندا راوەستاوە • 983 مامۆستا لە وانە وتنەوە دابڕاون لە ناوچەی گرێ سپی: • 426 قوتابخانە دەوام تێیاندا راوەستاوە • 51 هەزارو 200 قوتابی بەتەواوی لە پرۆسەی خوێندن دابڕاون • هەزارو 983 مامۆستا لە وانە وتنەوە دابڕاون ئەمە سەرەڕای ئەوەی (3) قوتابخانە لە قامیشلۆ، (35) قوتابخانە لە حەسەكە، (2) قوتابخانە لە كركی لەكی بوون بە شوێنی نیشتەجێبوونی ئاوارەكان.
(درەو میدیا): ئەمریكاو توركیا رێككەوتنێكیان كرد لەبارەی چارەنوسی رۆژئاوای كوردستانو راگرتنی هێرشی توركیا بۆسەر رۆژئاوا، دەقی بەندەكانی رێككەوتنەكە بەمشێوەیەیە: • راگرتنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا بەمەبەستی رێگەدان بە كشانەوەی شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل لەماوەی 120 كاتژمێردا لە ناوچەكە. • ئەمریكا لەگەڵ یەكینەكانی پاراستنی گەل كاردەكات بۆ زامنكردنی كشانەوەی شەڕڤانان بە قوڵایی (32 كیلۆمەتر) یاخود (20 میل) لە سنورەكانی نێوان سوریاو توركیا. • رێككەوتنەكە زامنی ئەوە دەكات توركیا هیچ هەنگاوێكی سەربازی لە شاریی كۆبانێ نەنێت كە هێزەكانی سوریای تێدا جێگیر بووە. • كۆتایهێنانی بە هێرشی سەربازی توركیا هاوكات لەگەڵ تەواوبوونی پرۆسەی كشانەوەی شەڕڤانانی كورد لە ناوچەكە. • ئەمریكا هیچ سەربازێكی لەسەر خاكی سوریا نابێت. • ئەمریكاو توركیا پابەندن بە گەیشتن بە رێككەوتنێكی ئاشتیانە لەبارەی ناوچەی ئارامەوە لە سوریا، بەجۆرێك رێككەوتنەكە گرەنتی ئاسایشی توركیاو كوردەكانیش بكات. • پارێزگاریكردن لە كەمینەكان لە ناوچەكانی باكوری سوریاو پاراستنی گرتوخانەكانی ئەوێ. • لەناوبردنی "داعش" ئامانجی هاوبەشە. • ئەمریكا پاشەكشێ دەكات لە سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر توركیادا. • ناوچەی ئارام لە سوریا، بە قوڵایی 32 كیلۆمەتر لە خۆرهەڵاتی فوراتەوە درێژدەبێتەوە تاوەكو سنوری عێراق. • توركیا لەگەڵ روسیا گفتوگۆ دەكات لەبارەی ئەوەی شاری مەنبەجو ناوچەكانی تریش بخرێتە چوارچێوەی ناوچەى ئارامەكەوە. • دەبێت هێزە كوردییەكان چەكە قورسەكانیان رادەستی سوپای ئەمریكا بكەن. • كۆنترۆڵی ناوچەی ئارام لە سوریا بەدەستی هێزەكانی توركیاوە دەبێت. دەقی خاڵەکانی ڕێکەوتنەکەیە: 1 ئەمەریکا و تورکیا جەخت دەکەنەوە سەر پەیوەندیـیەکانی نێوانیان وەک دوو ئەندامی ناتۆ. ئەمەریکا لە نیگەرانیـیە ئاسایشیـیە ڕەواکانی تورکیا سەبارەت بە سنوورەکانی باشوری تورکیا تێدەگات. 2 تورکیا و ئەمەریکا کۆکن لەسەر ئەوەی دۆخەکە لەسەر زەوی بە تایبەتی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا وەهایە هاوکاری نزیکتر هەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندیـیە هاوبەشەکان. 3 تورکیا و ئەمەریکا بەردەوامن لەسەر پاراستنی خاک و هاوڵاتیانی وڵاتە ئەندامەکانی ناتۆ لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکدا. لەگەڵ تێگەیشتنێکی تەواو بۆ (یەک لە پـێناو هەموومان و هەموو لە پـێناو یەک). (یەک لە پـێناو هەموومان و هەموو لە پـێناو یەک) دەسەتەواژەیەکی وڵاتانی ئەندامی ناتۆیە. 4 ئەم دوو وڵاتە بەڵێنیان دووپاتدەکەنەوە بۆ ڕێزگرتن لە ژیانی مرۆڤەکان، مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی کەمایەتیـیە ئاینی و نەژادیـیەکان. 5 تورکیا و ئەمەریکا پابەندن بە نەهێشتنی چالاکیـیەکانی داعش لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا. ئەمە بریتی دەبێت لە هەماهەنگیکردن بەپـێی پـێویست لە بارەی بەندیخانەکانی دەستگیرکراوە داعشەکانی تێدایە و هەروەها لە بارەی ئەو کەسانەی لەو ناوچانە ئاوارەبوون کە جاران لە ژێر دەستی داعشدا بوون. 6 تورکیا و ئەمەریکا ڕێکەوتوون کە شەڕی دژە تێرۆر دەبێت تەنها تێرۆرستان و شوێن و حەشارگەکانیان و چەک و کەلوپەلەکانیان بکاتە ئامانج. 7 لایەنی تورکی پابەندی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی مسۆگەربکرێت هەموو دانیشتووانی ناوچەی ئارام بپارێزرێن کە لە لایەن هێزەکانی تورکیاوە کۆنترۆڵ دەکرێن، وە جەختی کردووەتەوە کە ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات تاوەکو خەڵکی سیڤیل و ژێرخانی سیڤیلی ناوچەکە بپـارێزێن. 8 هەردوو وڵات جارێکی دیکە بەڵێنی خۆیان دایەوە بۆ پاراستنی یەکگرتوویی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی سوریا و بەڕێوەچوونی پـرۆسەی سیاسی بە ڕێبەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بە شەڕی سوریا بەپـێی بڕیاری SCR2254 ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. 9 هەردوو لایەن ڕازیبوون لەسەر گرنگی و کاریگەری ناوچەیەکی ئارام بۆ نەهێشتنی نیگەرانیـیە ئاسایشیـیە نشتیمانیـیەکانی تورکیا، لەوانە گواستنەوەی چەکە قورسەکانی یەپەگە و تێکدانی سەنگەر و بنکەکانیان. 10 ناوچەی ئارام بە شێوەیەکی سەرەکی دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی تورکیاوە، وە هەردوولا پەرە بە هاوکاریـیان دەدەن لە هەموو بوارەکاندا تاوەکو ئەمە جێبەجێی بکرێت. 11 لایەنی تورکی ئۆپەراسیۆنی"کانی ئاشتی" ڕادەگرێت تاوەکو ڕێگە بە هێزەکانی یەپەگە بدات لە ماوەی 120 کاتژمێر لە ناوچەی ئارام بکێشنەوە. لە پاش تەواوبوونی کشانەوەی هێزەکانی یەپەگە کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنی "کانی ئاشتی" دێت. 12 هەر کات ئۆپەراسیۆنی " کانی ئاشتی" ڕاگیرا، ئەمەریکا ڕازی دەبێت سزای زیاتر بەسەر تورکیا نەسەپـێنرێت بەپـێی فەرمانی سەرۆکایەتی کە لە 14 ی مانگی دەی 2019 دەرچووە. بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا لەگەڵ کۆنگرێس کاردەکات بۆ تاووتوێکردنی هەنگاوە ئەرێنیـیەکان بە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتی و ئاسایش لە سوریا بەپێی بڕیاری ژمارە SCR2254 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. کاتێک ئۆپەراسیۆنی "کانی ئاشتی" کۆتایی پـێهات وەک ئەوەی لە خاڵی ژمارە یازدەدا هاتووە، سزا سەپـێندراوەکانی سەر تورکیا هەڵدەگیرێن. هەردوولایەن بەڵێنیان داوە پـێکەوە کاربکەن بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ئامانجەکان کە لەم ڕاگەیاندنەدا هاتوون.
درەو میدیا: مایك پێنز جێگری سەرۆكی ئەمریكالە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" ئەمریكاو توركیا لەسەر راگرتنی شەڕ رێككەوتن و توركیا ئۆپەراسیۆنەكەی لە باكوری سوریا بۆ ماوەی 120 كاتژمێر رادەگرێت " جێگری سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بەوەكرد" بەپێی رێككەوتنەكە هێزەكانی یەپەگە بۆ ماوەی 20 میل لەناوچە سنوریەكان دەكشێنەوە، واتا هێزەكانی یەپەگە لەماوەی 5 رۆژدا لە ناوچەی ئارام دەكشێنەوە " مایك پێنز ئەوەشی خستە روو كە لەماوەی 5 كاتژمێر كۆبونەوەدا لەگەڵ سەرۆكی توركیا گەیشتینە رێككەوتن و بەتوركیامان راگەیاند ئەگەر نەگەینە رێككەوتن ئەوا ئەمریكا سزای نوێ بەسەر توركیادا رادەگەیەنرێت، بەڵام ئێستا ئاگر بەست رادەیەگەیەنرێت سزای نوێ بەسەر توركیادا ناسەپێنرێت و سزای سەر كارەكتەرەكانی توركیاش هەڵدەوەشێنرێتەوە. دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەبارەی رێککەوتنی راگرتنی هێرشی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند: 🔴 من لەبارەی رێککەوتنەکەوە قسەم لەگەڵ کردوون، کوردەکان زۆر خۆشحاڵن، تورکەکانیش خۆشحاڵن، ئێمەش خۆشحاڵین بەو رێککەوتنە. 🔴 ئێمە توانیمان ئەو کارە لە سوریا بکەین کە سەرۆک ئۆباما نەیتوانی بیکات 🔴 ئەردۆغان هاوڕیمەو خۆشم ئەوێ، بەڵام ئەو پیاوێکی توندە. 🔴 تاوەکو دوو رۆژ لەمەوپێش تورکیا ئامادەی رێککەوتنی لەمجۆرە نەبوو.
درەو میدیا: لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاسۆ نوری بەرێوەبەری پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند: بەپێی راپۆرتی پزیشكی دادوەری روداوەكە خۆكوژی بووەو ئامانج بابان یەك فیشەكی بەركەوتووەو 2 بۆ 3 سانتیمەتر دوور بووە شوێنی باروت بەسەر جەستەی ئامانجەوە هەیە. بەرێوەبەری پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكردووە" ئۆتۆمبیلەكە هیچ جۆرە فیشەكێكی بەرنەكەوتووە لەدەرەوە، ئامانج یەك فیشەكی پێوەیە، منداڵەكە 3 فیشەكی پێوەیە، لانە محەمەد 2 فیشەكی پێوەیە" بەرێوەبەری پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاند: پێشتر لانە محەمەد سكاڵای تۆماركردووە و چەند دانیشتنێكی دادگا بەڕێوەچووەو بڕیار بوو 10/20 دوایین دانیشتنی دادگا لەسەر كەیسەكەیان بەڕێوە بچێت شەوی رابردوو لە نزیك تێرمیناڵی شارەزوور لە ناو ئۆتۆمبیلەكەی خۆیاندا (ئامانج محمد نوری لەدایكبوی ١٩٧٩، لانە محمد ساڵح لەدایكبوی ١٩٩٠، ھامۆ ئامانج محمد تەمەن سێ ساڵ)، گیانیان لەدەستدا، ئامانج بابانی: سالی 1979 لەدایك بووە لە رۆژنامەی ئاسۆ كاری كردووە. لە ساڵی 2008 لە كەناڵی كەی ئین ئین دەستبەكاربووە لە ساڵی 2010 لە كەناڵی كوردسات لەگەڵ لانە محەمەدی هاوسەری پێشكەشكاری بەرنامەبوون. دواتر چۆتە كەناڵی ئێن ئاڕتی كاری كردووە، دوایین كاریشی پێشكەشكاری بەرنامەی ( هێڵی سور و بەڵگەكانی تاوان)بووە لانە محەمەد ساڵی 1990 لەدایك بووە ساڵی 2009 هاوسەرگیری لەگەڵ ئامانج بابانی كردووە ساڵی 2010 لە كەناڵی كوردسات پێشكەشكار بووە دواتر بوەتە پارێزەر و وازی لە كاری رۆژنامەوانی هێناوە
درەو میدیا: بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە رونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوە كردووە كە روداوی گیان لەدەستدانی ئامانج بابانی و هاوسەرو منداڵەكەی خۆكوژی بووە ڕونکردنەوەیەک لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە بەداخەوە ئەمشەو ڕوداوێکی دڵتەزێن لەبەرامبەر تەرمیناڵی شارەزور لەشاری سلێمانی ڕویداو بووە ھۆی گیانلەدەستدانی سێ کەس بەناوەکانی (ئامانج محمد نوری لەدایکبوی ١٩٧٩، لانە محمد ساڵح لەدایکبوی ١٩٩٠، ھامۆ ئامانج محمد تەمەن سێ ساڵ). لێرەوە بۆ ڕای گشتی ڕایدەگەیەنین کە بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ھێزەکانی پۆلیس، ڕوداوەکە خۆکوژیی بووەو سبەینێ وردەکاریی ڕوداوەکە بۆڕای گشتی بڵاودەکەینەوە. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی - ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان
درەو میدیا حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای لێكۆڵینەوەی جدی دەكەن لە كوشتن و گیان لەدەستدانی ئامانج بابانی و لانە محەمەد هانۆی كچیان. دەقی راگەیێندراوەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان: راگەیەندراوێك لە گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەداخێكی زۆرەوە ئەمڕۆ ئێوارە، رۆژنامەنووسێكی كەناڵی NRT بەناوی ئامانج محەمەد نووری ناسراو بە ئامانج بابان لەگەڵ لانە محەمەدی هاوسەری و منداڵێكیان بەناوی هانۆ، لە سلێمانی درانە بەر دەستدرێژی گوللە و گیانیان لە دەستدا. حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كاتێكدا بە تووندی ئەم كردەوە تاوانكارییە شەرمەزار دەكات. داواش لە دامودەزگا پەیوەندیدارەكان دەكات لێكۆڵینەوەی جیددی بكەن بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و بە سزا گەیاندنیان. جوتیار عادل گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان 2019-10-16
(درەو میدیا): دادگای ئەمریكا سزای بەسەر ئەو بانكەدا سەپاند كە ساڵانێك پارەی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستانی تێدا هەڵدەگیرا. دادگای فیدراڵی ئەمریكا لە نیویۆرك سزای بەسەر (هالك بانك)ی توركیادا سەپاند، ئەو بانكەی كە پێشتر لەچوارچێوەی رێككەوتنی حكومەتی هەرێمو دەسەڵاتدارانی توركیا پارەو داهاتی نەوتی هەرێمی تێدا هەڵدەگیرا. دادگای ئەمریكا (هالك بانك)ی تاوانباركرد بەوەی بەشداری لە مامەڵەیەكی چەند ملیار دۆلاریدا كردووە، كە لەو مامەڵەیەدا سزا ئابورییەكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران پێشێلكراوە. ئەمڕۆ (هالك بانك) بەیاننامەیەكی لەسەر حوكمەكەی دادگای فیدراڵی ئەمریكا بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە، تێیدا هۆكاری سەپاندنی سزاكە بۆ ئەو هێرشانە دەگەڕێنێتەوە كە توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستتان دەستیپێكردووەو دەڵێ:" ئەم تۆمەتانە بەشێكە لەو سزایانەی كە ئەمریكا بەهۆی ئۆپەراسیۆنی كانیاوی ئاشتییەوە بەسەر توركیایدا سەپاندووە". بەپێی ئەوەی دادگای ئەمریكا ئاماژەی بۆكردووە، (هالك بانك) لەڕێگەی كۆمپانیا سورییەكانو بەچاودێریو پاراستنی دەسەڵاتدارانی ئێرانو توركیا، نەوتو غازی ئێرانی فرۆشتووەو بەوەش خۆی لەو سزا ئابورییانە لاداوە كە ئەمریكا بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە. ئەم بڕیارەی دادگای ئەمریكا دژ بە (هالك بانك) هاوكاتە لەگەڵ ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆنو ئەنكەرە بەهۆی هێرشی سەربازی سوپای توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان. لە یەكەمین كاردانەوەی تونددا بەرامبەر بە هێرشەكەی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، ئەمریكا سزای بەسەر دوو وەزارەتو سێ وەزیری حكومەتی توركیادا سەپاند. رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا حوكمەكەی دادگای فیدراڵی ئەمریكای دژ بە (هالك بانك) بە كارێكی نایاساییو "شورەیی" ناوبرد. (هالك بانك) ئەو بانكەیە كە لەچوارچێوەی رێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستانو توركیادا بڕیاردرا پارەی نەوتی هەرێمی كوردستانی تێیدا هەڵدەگیرا.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت ئێوارەی رۆژی دووشەممە تەلەفزیۆنی ئێران بینەرەكانی دوچاری شۆك كرد، كاتێك گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە كە تێیدا یەكێك لە نەیارە سیاسییەكانی كۆماری ئیسلامی دەردەكەوێتو لەلایەكیەوە ئاڵایەكی ئێرانو لەلاكەی تر ئاڵای سوپای پاسداران دانراوە. ئەو پیاوە (روحوڵڵا زەم) بوو، یەكێك لە دیارترین رەخنەگرەكان لە كۆماری ئیسلامی، لە تۆمارە ڤیدیۆییەكەدا داوای لێبوردن لە خەڵكی ئێران دەكات كە پشتی بە هێزی دەرەكی وەكو فەرەنساو ئیسرائیل بەستووەو لەدژی وڵاتەكەی خۆی قسەی كردووە. روحوڵڵا زەم كێیە ؟ روحوڵڵا زەم كێیە كە هێندە كاریگەری لەسەر بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی جێهێشتووە تا ئەو رادەیەی ناچاریكردوون سوپای پاسداران راسپێرن دەستگیری بكات ؟ روحوڵلا زەم هاوڵاتییەكی ئێرانییە، لەدایكبووی ساڵی 1973ی شاری تارانی پایتەختە، ئەو كوڕی پیاوێكی ئاینی ریفۆرمخوازی ئێرانە بەناوی (محەمەد عەلی زەم) كە لەنێوان ساڵانی 1980 بۆ 1990 پۆستی حكومی هەبووە لە ئێران. ساڵی 2009 بۆیەكەمجار پەیوەندی روحوڵلا زەم لەگەڵ كۆماری ئیسلامی تێكچوو، ئەوەش كاتێك بوو كە شەپۆلێك خۆپیشاندانی بەرفراوان لە ئێران دەستیپێكردوو، خۆپیشاندەران مەحمود ئەحمەدی نەژاد كاندیدی رەوتی پارێزگارانیان تۆمەتباركرد بە ساختكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، ئەوكات روحوڵلا زەم یەكێك بوو لەوانەی بەشداری خۆپیشاندانەكانی كرد، هێزە ئەمنییەكان دەستگیریان كردو بۆ ماوەیەك زیندانیان كرد. دوای ئازادكردنی بە ماوەیەك، روحوڵلا زەم توانی لە ئێران هەڵبێت، ئەو رووی لە فەرەنسا كردو لەوێ داوای مافی پەنابەرێتی كردو لە پاریسی پایتەخت نیشتەجێ بوو. لە پاریس روحوڵڵا وەكو رۆژنامەنوس بە رەخنەگرتن لە كۆماری ئیسلامی دەستبەكاربوو، سایتێكی ئەلیكترۆنی دروستكرد بە ناوی "ئامدنیوز میدیا"، ئەم سایتە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تیلگرام كە ئێرانییەكان زۆر بەكاری دەهێنن، دەستی بە چالاكی خۆی كرد، زیاتر لە (ملیۆنێكو 400 هەزار) كەس لەو رێگەیەوە بوون بە بینەرو خوێنەری نوسینەكانی، ئەوكات بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی تۆمەتباریان كرد بەوەی رۆڵی سەرەكی بینیوە لەو خۆپیشاندانەكانی كە دێسەمبەری 2017ی ئێرانی هەژاندووە. ئەوكات روحوڵلا زەم لە سایتەكەی خۆیەوە بەردەوام ڤیدیۆو هەواڵی خۆپیشاندانو ناڕەزایەتییەكان بڵاودەكردەوە، هاوكات چەندین بەڵگەنامەشی بڵاودەكردەوە كە باسیان لە گەندەڵی بەرپرسانی ئێران دەكرد، ئەمە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی زۆر توڕەكرد، تائەو رادەیەی تۆمەتباریان كرد بە رۆژنامەنوسێكی "بێ دین"و "دژە شۆڕشی ئیسلامی". بەهۆی فشارەكانی ئێرانەوە، تۆڕی كۆمەڵایەتی تیلیگرام ئەژماری سایتەكەی روحوڵلا زەمی راگرت، بەرپرسانی ئێران تۆمەتباریان كرد بەوەی زانیاری لەبارەی چۆنیەتی دروستكردنی بۆمبی بەنزینی ئاشكراكردووە، بەڵام سەرباری ئەمانە روحوڵلا توانی بە چەندین ناوی جیاوازە بگەڕێتەوە بۆ ناو تۆڕی تیلیگرامو بەردەوامی بدات بە كارو رەخنەكانی لەدژی كۆماری ئیسلامی. مانگی مارسی ئەمساڵ، تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران فیلمێكی دیكۆمێنتاری لەبارەی روحوڵلا زەم بڵاوكردەوە، كە تێیدا باسلەوەدەكرا چۆن دەزگای هەواڵگری وڵاتان چاودێری كارەكانی روحوڵلا دەكەن. روحوڵلا هاوكات لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەریش ئەژمارێكی هەبوو كە ملیۆنان كەس فۆلۆیان كردبوو، دەسەڵاتدارانی ئێران داوایان لە تویتەر كرد ئەژمارەكەی رابگرن، دواجار تویتەر وەڵامی داواكارییەكەی دایەوەو ئەژمارەكەی روحوڵلای داخست. روحوڵلا زەم لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە تۆمەتباردەكرا بەوەی "لەژێر چاودێری دەزگای هەواڵگری فەرەنسا لەدژی ئێران كاردەكات"، دواجار كۆماری ئیسلامی روحوڵلای دەستگیركرد، بەڵام لە تۆماری ڤیدیۆی دانپێدانانەكاندا بە هیچ جۆرێك باسی كاتو شوێنی دەستگیركردنی روحوڵلا زەم لەلایەن سوپای پاسدارانەوەی نەكرا. لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین چیرۆك و سیناریۆنی جیاجیا لەبارەی چۆنیەتی دەستگیركردنی روحوڵڵا بڵاوكرانەوە. روحوڵڵا چۆن دەستگیركرا ؟ رۆژنامەی "لۆفیگارۆ"ی فەرەنسا چاپی پاریس، دوێنێ لەزاری ژمارەیەك سەرچاوەوە، چیرۆكی چۆنیەتی دەستگیركردنی روحوڵلا زەمی بڵاوكردەوە. بەپێی ئەو چیرۆكەی كە "لۆفیگارۆ" باسی كردووە، دەزگای هەواڵگری ئێران كچێكی گەنجی ناردووە بۆلای روحوڵلا زەم بۆ ماڵەكەی خۆی لە پاریس، ئەو ژنە وای لە روحوڵڵا كردووە سەردانی ئایەتوڵلا عەلی سیستانی رابەری باڵای شیعەكانی عێراق بكات لە شاری نەجەف، روحوڵڵا بەنیازی دیدار لەگەڵ ئایەتوڵڵا سیستانی سەردانی عێراق دەكات، بەر لە گەیشتی بە شاری نەجەف لەلایەن هێزێكی ئەمنی ئێرانەوە دەستگیردەكرێتو یەكسەر بە دەستبەسەری دەگوازرێتەوە بۆ ئێران. راپۆرتی رۆژنامە فەرەنسییەكە باسلەوە دەكات، هێزە ئەمنییەكانی ئێران ژمارە تەلەفۆنی روحوڵڵا زەمیان دەستكەوتووەو لەو رێگەیەوە توانیویانە چاودێری بكەن. راپۆرتەكە باسی لەوەكردووە، روحوڵلا زەم لەژێر چاودێری پۆلیسی فەرەنسادا بووەو پۆلیس ئاگاداری گەشتەكەی ئەو بووە بۆ عێراق، بەڵام رێگری لێنەكردووە. رۆژنامەكە دەڵێ:" پێدەچێت بەرپرسانی فەرەنسا چاوی خۆیان لە دەستگیركردنی روحوڵڵا زەم داخستبێت لەپێناو ئازادكردنی دوو هاوڵاتی فەرەنسی كە چەند مانگێكە لە ئێران دەستبەسەرن". "لۆفیگارۆ" نوسیویەتی:" كۆشكی ئیلیزێ بەهۆی دەستگیركردنی فەریبا عادل و یەكێك لە هاوڕێكانی بەناوی رۆناڵد مارشان بەتەواوەتی لەژێر فشاردایە، بۆیە گومان دەكرێت دەستگیركردنی روحوڵڵا زەم رێگای ئازادبوونی ئەو دوو كەسە بكاتەوە كە لەلایەن ئێرانییەكانەوە دەستگیركراون". رۆژنامەكەی باسی لەوەكردووە، پێدەچێت ئازادكردنی دوو هاوڵاتییە فەرەنسییەكە، جگە لە دەستگیركردنی روحوڵلا زەم، كۆمەكێكی تریش بە ئێرانییەكان بكات وایان لێبكات داوای لە سەرۆك وەزیرانی فەرەنسا بكەن رێگری بكات لە رادەستكردنی هاوڵاتییەكی ئێران بە دەسەڵاتدارانی ئەمریكا، كە ئەویش ئەندازیارێكی ئێرانییەو لەلایەن ئەمریكییەكانەوە تۆمەتباركراوە بەوەی سزا ئابورییەكانی ئەمریكای لەسەر ئێران پێشێلكردووەو بەتۆمەتی یارمەتیدانی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران دەستبەسەركراوە.