Draw Media

عەبدولمەهدی بەڵێنی خەرجكردنی پارەكەی هەرێمی داوە  

عەبدولمەهدی بەڵێنی خەرجكردنی پارەكەی هەرێمی داوە  

2020-05-02 20:58:03


درەو:
رۆژی دووشەممە وەفدەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەچنەوە بەغداد، عەبدولمەهدی و كازمی بەڵێنی ناردنی موچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێمیانداوە، بەڵام چاوەڕەوان دەكرێت لە بری (453 ملیار) دینار، بەغداد (318 ملیار) دینار رەوانەی هەرێم بكات. 
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەندامانی وەفدی هەرێم بۆ بەغداد كۆبونەوە و بە پێی راگەیەنراوی حكومەتی هەرێمیش، بۆ درێژەدان بە دانوستانەكان لەم هەفتەیەدا وەفدەكەی هەرێم سەردانی بەغداد دەكاتەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست (درەو) كەوتووە، رۆژی دووشەممە وەفدەكەی هەرێم سەردانی بەغداد دەكەنەوە، زانیارییەكان باس لەوە دەكەن گفتوگۆ و هەوڵی چر هەیە لەنێوان بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوە و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ ناردنی موچەی ئەم مانگەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو) عادل عەبدولمەهدی و مستەفا كازمی بەڵێنی ناردنی موچەی تەنها ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێمیان داوە، بەڵام بەلێبڕینی (30%)ی لە موچەی موچەخۆرانی هەرێم، ئەگەر ئەوان بۆ ئەم مانگە بڕیاری بڕینی (30%) موچەی موچەخۆرانی عێراق بخەنە بواری جێبەجێكردنەوە، بەو پێیەش لەكۆی (453 ملیار) دیناری موچەی موچەخۆرانی هەرێم، بەغداد بڕی (318 ملیار) دینار رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات. 
حكومەتی عێراق مانگانە پێویستی بە (7 ترلیۆن و 500 ملیار) دینار هەیە بۆ موچەو خەرجییەكانی، بەڵام داهاتی ئەم مانگەی نەوتی عێراق بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتی نەوت ( ملیارێك و 423 ملیۆن) دۆلار بووە، بەو پێیەش داهاتی عێراق (25%)ی موچەو خەرجیەكانیەتی. 
حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێك لە وەزارەتەكانی بەتایبەتیش وەزارەتی (ناوخۆ و تەندروستی) ماوەی (54) رۆژە موچەیان وەرنەگرتووە، جگە لە پارەكەی بەغداد حكومەت پشت بە داهاتی ناوخۆ و نەوت دەبەستێت..
ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان نزیكەی (270 ملیۆن) دۆلاری داهاتی نەوت و ناوخۆی لەبەردەستە كە بەپێی پارەكەی بەغداد بەشی (30%)ی موچەی موچەخۆران دەكات كە مانگانە پێویستی بە (893 ملیار) دینارە. 
ئەگەر حكومەتی عێراق پارەی ئەم مانگەش بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكات، هێشتا هەرێمی كوردستان زیاتر لە (150 ملیار) دینار تەنها كورتهێنانی موچەی دەبێت. 

حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی دەربڕیوە رۆژانە بڕی (250 هەزار) بەرمیل نەوت رادەستی بەغداد بكات، لەبەرامبەردا بەغداد بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بنێرێت، بەڵام بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و پەیوەست بوونی عێراق بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، بەرپرسانی بەغداد لەم كاتەدا سود لە رادەستكردنی نەوتی هەرێم نابینن، خۆ ئەگەر هەرێمی كوردستان نەوتەكەشی رادەستبكات هەردەتوانن مانگانە بڕی (453 ملیار) دینار بنێرێت. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand