"نرخی نەوت 30 دۆلاربێت بودجەی 29% كورتهێنانی دەبێت"
2020-05-09 10:18:47
(درەو):
راپۆرتی بانكی نێودەوڵەتی:
• پێشبینییەكان بۆ ئابوری عێراق لە شەش مانگی رابردوودا خراپتر بوون.
• پێشبینی دەكرێت داهاتی ناوخۆیی لە ساڵی 2020دا بەرێژەی 9,7% كەمبكات، ئەمە لەكاتێكدایە ساڵی رابردوو ئاستی گەشەی ئەرێنی ئابوری عێراق گەیشتوەتە 4,4%.
• لە ساڵی 2003وە ئەمە خراپترین ئاستی ئابورییە كە لەمساڵدا عێراق بەخۆیەوە دەبینێت.
• ئەو بارودۆخەی كە لە عێراق هەیە، تەنانەت بەر لە قەیرانی دابەزینی نرخی نەوتیش، تواناكانی وڵاتی سنورداركردبوو لە ئیدارەدانو كەمكردنەوەی لێكەوتە ئابورییو كۆمەڵایەتییەكانی دابەزینی نرخو كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتو رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرنا.
• پشتبەستن بە نەوتو رۆڵی بەرفراوانی كەرتی گشتی لە چالاكییە ئابوریو بازرگانییەكان لە عێراق گرفت بۆ رەخساندنی هەلی كار بۆ خەڵك دروستدەكات كە زۆربەیان گەنجن.
• زیادبوونی دامەزراندن لە كەرتی گشتیو دابەزاندنی تەمەنی خانەنشینییو حەواڵەی جۆراوجۆری داراییو كەبونەوەی داهاتی نەوت، پێشبینی لێكەوتی زیانبەخشی ئابورییان لێدەكرێت.
• تەنانەت ئەگەر نرخی نەوت لە دەوروبەری (30 دۆلار)یشدا رابوەستێت، ئەگەر چاكسازی نەكرێت، پێشبینی بانكی نێودەوڵەتەتی ئەوەیە:
- بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2020 رێژەی 29%ی كورتهێنانی دەبێت.
- تەنیا بۆ موچەی موچەخۆران عێراق پێویستی بە (67 ملیار) دینارە، واتە زیاتر لە 39%ی كۆی داهاتی ناوخۆیی.
- لەم بارودۆخەدا ئەگەر پشت بە دابینكردنی دارایی لەناوخۆدا ببەسرێت، یەدەگی بانكی ناوەندی كەمدەبێتەوەو زیان بە بودجەی گشتی بانكەكە دەگات، ئەمەش دەبێتەهۆی دروستبوونی فشاری هەڵاوسانو نرخی دراو.
• پێویستە عێراق دەستبكات بە جێبەجێكردنی ئەجێندای چاكسازییەكی ئابوری گشتگیر بە ئاڕاستەی ئەوەی كەرتی تایبەت سەركردایەتی گەشەی ئابوریو رەخساندنی هەلی كار بكات.