كازمی یەكێتی هەڵدەبژێرێت ؟
2020-05-06 18:06:47
درەو:
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق لەسەر پۆستی وەزارەتی داد كەوتۆتە نێوان فشاری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لەلایەك و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی لە لایەكی تر.
بە پێی زانیارییەكانی ( درەو) دوێنێ مەسعود بارزانی بە تەلەفۆن لەگەڵ مستەفا كازمی قسەی كردووە ئاگاداری كردووە لەوەی بۆ پۆستی وەزارەتی داد دەبێت كەسێكی بێلایەن لەناو كورددا كاندیدی بكات، لەسەر ئەو بنەمایە مستەفا كازمی عەبدولڕەحمان مستەفای پارێزگاری پێشوتری كەركوكی داناوە.
بڵاو بونەوەی ناوی عەبدولڕەحمان مستەفا وەكو كاندیدی وەزارەتی داد یەكێتی توڕەكرد، (درەو) زانیویەتی ئێوارەی ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی بەتەلەفۆن لەگەڵ مستەفا كازمی قسەی كردووەو ئاگاداری كردووە لەوەی ئەگەر پارتی ( نازەنین محەمەد وسو ) بۆ پۆستی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە كاندید بكات كە ئەندامی سەركردایەتی پارتیەو كارەكتەرێكی حزبیە، ئەوا ئێمەش وەكو یەكێتی قایل نین بە كاندید كردنی عەبدولڕەحمان مستەفا بۆ پۆستی وەزارەتی داد و كەسێكی خۆمان كاندید دەكەین و ئەویش ( خالید شوانیە)، هەڕەشەی دەنگنەدانی بە كابینەكەی كردووە.
دوای تەلەفۆنەكەی لاهور شێخ جەنگی، مستەفا كازمی رازی بووە بە گۆڕینی كاندیدی وەزارەتی داد لە عەبدولڕەحمان مستەفاوە بۆ خالید شوانی.
ململانێی پارتی و یەكێتی لەسەر كاندیدی پۆستە وزاریەكان لە بەغداد لە كاتێكدایە بەرنامەی كابینەكەی مستەفا كازمی كە ئێستا لەبەردەم پەرلەماندایە هیچ قسەكی تێدا نیە تایبەت بە كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغداد.
ماوەی چەند رۆژێكە وەفدێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دووەمجار لە بەغدادەو چاوەڕەوانی رەزامەندی بەغدایە بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەڵام تا ئێستا وەفدەكە هیچ وەڵامێكیان وەرنەگرتۆتەوەو چارەنوسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە ناڕونی ماوەتەوە، بەرپرسانی یەكێتی و پارتی لە پێناو بەدەستهێنانی پۆستێكی وزاری لە بەغداد بۆ خۆیان دواجار دەستیان بۆ تەلەفۆنەكانیان برد بەڵام بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم كەسيان دەستیان بۆ تەلەفۆنەكانيان نەبردووە.