Draw Media

كۆتاكان لە ململانێ سیاسییەكانی هەرێمدا

كۆتاكان لە ململانێ سیاسییەكانی هەرێمدا

2020-05-08 20:50:42


راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازڵ حەمە رەفعەت

جارێكی تر (11) كورسی كەمینەكان لە پەرلەمانی كوردستان بەلای پارتی دیموكراتی كوردستاندا كەوت، ئەمە قسەوباسی لەبارەی پێداچوونەوە بە كۆتایی كەمینەكان لە پەرلەمان گەرمكردەوە، كۆتای كەمینەكان لە دەرەوە روخسارێكی بە پرۆسەی سیاسی لە هەرێم بەخشیوە، بەڵام لەناوخۆی هەرێم بووە بەبەشێك لە ململانێی سیاسی لایەنەكان. 

لە 23ی حوزەیرانەوە بۆ 7ی ئایار
رۆژی 23ی حوزەیرانی ساڵی 2015 پەرلەمانی كوردستان روداوێكی گرنگی بەخۆوە بینی، پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پرۆژەیاسای هەمواری یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم كرد، لەم رۆژەدا پەرلەمانی بەتەواوەتی دابەش بوو بەسەر دوو بەرەدا، بەرەی یەكەم فراكسیۆنی پارتی‌و بەرەی دووەم لایەنەكانی تر، كورسی كۆتاكان لەم دابەشبوونەدا چونەپاڵ بەرەی پارتی‌و دژی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم‌و كۆتایهێنان بوون بە ماوەی درێژكراوەی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان واتە (مەسعود بارزانی).
دوای پێنج ساڵ لەم رووداوە، دوێنێ (7ی ئایار) پەرلەمان روداوێكی هاوشێوەی لەبەرگێكی نوێدا بەخۆوە بینی، هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار (سۆران عومەر) پەرلەمانی دابەشكرد بەسەر دوو بەرەدا، بەرەی پارتی‌و بەرەی لایەنەكانی تر پێكەوە، لەم روداوەشدا هاوشێوەی 23ی حوزەیرانی 2015، كورسی كۆتاكان لە پەرلەمان بێلایەنی خۆیان نەپاراست‌و چونەپاڵ بەرەی پارتییەوە.
ئەمە مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەتیش لەكاتێكدا بەپشتیوانی كورسی كۆتاكان پارتی توانی نیسابی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنەكەی پەرلەمان مسۆگەر بكات، ئێستا ئیتر هاوشێوەی 23ی حوزەیران، جارێكی تر پرسی كورسی كۆتاكان لە میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بابەتی گەرم‌و جێگەمشتومڕە.

لەبارەی كۆتاوە
كۆتا (Quota) وشەیەكی لاتینییە بەواتای پشك یاخود بەش دێت، لەڕووی مێژوییەوە ئەم زاراوەیە دەبەسترێتەوە بە مەفهومی "جیاكاریی ئەرێنی"، یەكەمجار ئەم زاراوەیە لە شەستەكانی سەدەی رابردوودا لە ویلایەت یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ سیاسەتی "قەرەبووكردنەوەی گروپە بێبەشكراوەكان" واتا كەمینە رەشپێستەكان بەكارهێنراوە، لەچوارچێوەی ئەم سیستمەدا بەشێوازی "كۆتا" هەموو دامەزراوە فێركارییەكان ناچاركران رێژەیەكی دیاریكراوی لەو كەسانەی كە وەریاندەگرن، تەرخان بكەن بۆ كەمینە رەشپێستەكان، ئەمە پەرەی سەند بۆ ئەو وڵاتانەی تریش كە كەمینەكان تێیاندا هەستیان بە مەحرومیەت دەكرد.
واتا لە بنەڕەتەوە شێوازی كۆتا بریتییە لە جیاكاریی لە سیستمدا بۆ گروپێك یاخود توێژێك خەڵك، كە بەپێی بنەماكانی ئەو سیستمە توانای ئامادەگییان نییە‌و لەڕێگەی "كۆتا"وە زامنی بەشداربوونیان بۆ دەكرێت.

كۆتا لە هەرێمی كوردستان 
لە هەرێمی كوردستان كەمایەتی نەتەوەیی‌و ئاینیی هەیە، ئەمە وایكردووە بۆ زامنكردنی بەشدارییان لە پرۆسەی سیاسی، سیستمی "كۆتا"یان لەسەر جێبەجێ بكرێت.
لە پرۆسەی هەڵبژادنی پەرلەمان‌و ئەنجومەنی پارێزگاكاندا، كورسی تایبەت بە كەمینەكانی (توركمان، مەسیحی، ئەرمەن)ی دیاریكراوە، لە پەرلەمانی كوردستان كەمینەكان لە كۆی (111) كورسی، بە شێوازی كۆتا (11) كورسییان بۆ دانراوە، لە ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەولێرو سلێمانی‌و دهۆك-یش بەتێكرا (9) كورسی كۆتا بۆ كەمینەكان یاخود وەكو ئەوەی ناوی لێنراوە بۆ "پێكهاتەكان" دانراوە.
لەبنەڕەتەوە تەرخانكردنی ئەم كورسیانە بۆ كەمینەكان بەشێوەی "كۆتا"‌و لەدەرەوەی سیستمی پەیڕەوكراوی هەڵبژاردنە گشتییەكان، بۆ ئەوەیە ئەو كەمایەتییانە نوێنەرایەتییان لەناو پەرلەمان‌و ئەنجومەنی پارێزگاكاندا هەبێت‌و بتوانن گوزارشت لە چین‌و توێژەكانی خۆیان بكەن، بەڵام لە هەرێمی كوردستان كەمینەكان‌و پرسی "كۆتا"ی كەمینەكان بووە بەبەشێك لە گەمەیەكی سیاسی نێوان هێزە دەسەڵاتدارەكان، بەدیاریكراویش پارتی دیموكراتی كوردستان كورسی كۆتاكان بۆ لێدان لە نەیارە سیاسییەكانی لەڕووی یاساییەوە بەكاردەهێنێت، ئەمەش لەبنەڕەتەوە گومانی لەسەر بەدیهێنانی دادپەروەری لە سیستمی "كۆتا"ی كەمینەكاندا دروستكردووە،  چەند ساڵێكە لە شەقام ناڕەزایەتییان لەسەر ئەم بابەتە دروستبووە‌و هەندێك داوای هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان‌و بڕگەی تایبەت بەكۆتای كەمینەكان. 

هەوڵێكی شكستخواردوو !
ساڵی 2015 كاتێك كۆتای كەمینەكان، واتە (11) كورسیی پێكهاتەكان لە پرسی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم چوونە پاڵ پارتی‌و دژی كۆتایهێنان بە وادەی درێژكراوەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی وەستانەوە، لە سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە كە ئەوكات یوسف محەمەد سەرۆكایەتی دەكرد‌و سەربە بزوتنەوەی گۆڕان بوو، هەوڵێك دەستیپێكرد بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
هەوڵەكە بریتی بوو لە پێشنیازێكی راوێژكاری دەستوریی‌و یاسایی سەرۆكی پەرلەمان كە داوایدەكرد یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە، یەكێك لە بڕگەكانی پرۆژە پێشنیازەكە باسی لە كورسی كۆتای كەمینەكان دەكرد، ئەمە نوێنەری پێكهاتەكانی ناو پەرلەمانی توڕەكرد.
هەندێك لە نوێنەری كەمایەتییەكان، هەوڵەكەی نوسینگەی سەرۆكی ئەوكاتی پەرلەمانیان وەكو لێدان لە مافی كەمینەكان پێناسەدەكرد‌و دەیانوت پێشنیازەكە دەیەوێت كورسی كۆتاكان كەمبكاتەوە.
بەڵام راوێژكارەكانی سەرۆكی پێشووی پەرلەمان باسیان لەوەدەكرد، پێشنیازەكە بۆ كەمكردنەوەی كورسییەكان نییە، بەڵكو بۆ دروستكردنی كەشێكی دیموكراسی‌و كێبركێیە لەناو پێكهاتەكاندا تاوەكو لەو رێگەیەوە بتوانن نوێنەری راستەقینەی خۆیان دیاری بكەن.
كورتەی پێشنیازەكە ئەوەبوو، كورسی كۆتایی كەمینەكان بۆ (3) كورسی كەمبكرێتەوە، دەبوو فراكسیۆنەكانی ئەم پێشنیازە بكەن بە داواكاریی‌و رەشنوسی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی بۆ ئامادە بكەن، بەڵام چەند مانگێك دواتر بەهۆی كێشەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە دەرگای پەرلەمان داخراو ئەم هەوڵەش لەبارچوو.

كێشەكە لە كوێدایە ؟
ژمارەی كەمینەكانی (مەسیحی، توركمان، ئەرمەن) لە هەرێمی كوردستان لەبەردەستدا نییە‌و خەڵكی سەربەو پێكهاتانە تۆماری دەنگدانی تایبەت بە خۆیان نییە، بۆیە نازانرێت لەسەر چ بنەمایەك (11) كورسییان لە پەرلەمان بۆ دیاریكراوە، هەندێك ئەو ژمارە كورسییە بەبەراورد بە ژمارەی ئەو كەمینانە بە زۆر دەزانن.
سەرباری ئەمە، یاسای هەڵبژاردن بازنەی هەڵبژاردنی كورسی كۆتاكانی جیانەكردوەتەوە، ئەمە وایكردووە خەڵكانێك لە دەرەوەی ئەو پێكهاتانە دەنگ بە كاندیدی كۆتاكان بدەن، پارتی دیموكراتی كوردستان تائێستا سودی لەم كەلێنانەی یاسای هەڵبژاردن بینیوە‌و لە رێگەی دەنگدەرانی خۆیەوە ئەو كەسانەی لە كورسی كۆتاكان بۆ پەرلەمان‌و ئەنجومەنی پارێزگاكان سەرخستووە كە دڵخواز‌و گوێڕایەڵی پارتین، پێشبینی دەكرێت لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەماندا لایەنەكانی تر پەنا بۆ ئەم گەمەیە ببەن، ئەگەر یاسای هەڵبژاردن هەموار نەكرێتەوە، نوێنەرایەتی كەمینەكان بەتەواوەتی لە ململانێی لایەنەكاندا دەتوێتەوە، لەبری نوێنەری راستەقیەی خۆیان، نوێنەریان لەناو پارتە دەسەڵاتدارەكاندا دەبێت.
لەلایەكی ترەوە ئەوەی پرسیاری دروستكردووە ئەوەیە، جگە لەم سێ پێكهاتەیە كە (11) كورسییان لە پەرلەمان بۆ تەرخانكراوە، لە كوردستان چەند پێكهاتەیەكی تر هەن كە رەنگە ژمارەیان لە پێكهاتەیەكی وەكو ئەرمەنەكان زیاتر بێت، بەڵام لە پەرلەمان هیچ كورسییەكیان بۆ تەرخان نەكراوە، بۆ نمونە پێكهاتەی كاكەییەكان، یاخود زەردەشتییەكان كە بەمدواییە ژمارەیان ڕووی لەزیادبوون كردووە.
ئەم ساڵانەی دوایی كە هەڵەبجە وەكو پارێزگایەكی نوێ ناسێندرا، بڕیاردرا لە ئەنجومەنی ئەو پارێزگا نوێیەدا كورسییەكی "كۆتا" بۆ پێكهاتەی كاكەییەكان تەرخان بكرێت، كە ژمارەیەكی زۆریان لە سنوری ئەو پارێزگایەدا دەژین.
ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەیە لەژێر ناوی كۆتای كەمینەكان، لەدەرەوە روخسارێكی بە پرۆسەی سیاسی هەرێم بەخشێوە، بەڵام لەناوخۆدا نەیتوانیوە نوێنەرایەتییەكی راستەقینە بۆ ئەو كەمینە ئاینی‌و نەتەوەییانە لە دامەزراوەكاندا فەراهەم بكات، نەتەوە یەكگرتووەكان‌و ئەمریكا‌و ئەو وڵاتانەی كە چاودێری دۆخی سیاسی هەرێم دەكەن ئاگاداری وردەكاری ئەم بابەتانەن‌و دەزانن ئەوەی كە هەیە نوێنەرایەتی راستەقینەی پێكهاتەكان نییە‌و هەر لەناو حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانەوە چەندین راپۆرتییان لەوبارەیەوە بەدەستگەیشتووە.

كۆتا لە هەڵبژاردنەكانی كوردستاندا
لە یەكەم خولی پەرلەمانی كوردستاندا لەساڵی 1992، پێكهاتەكان (5) كورسیان لە پەرلەمان بۆ دیاریكرا، بەپێی بڕیارێكی سەركردایەتی سیاسی بەرەی كوردستانی كە لە 8\4\1992 دەرچوو، ئەو (5) كورسییە بەتەنیا بۆ پێكهاتەی مەسیحییەكان تەرخانكرا.
لەیەكەم پرۆسەی هەڵبژاردندا لە هەرێمی كوردستان، بۆ بردنەوەی كورسی كۆتاكان، واتە پێنج كورسییەكەی مەسیحییەكان، (4) لیستی پێكهاتەی مەسیحی بەشداریانكرد.
كۆی دەنگی مەسحییەكان لەو هەڵبژاردنەدا (12 هەزارو 59) دەنگ، لەم ژمارەیەك (88)ی دەنگی پوچەڵ بوو، دەنگی راستەقینە (11 هەزارو 971) دەنگ بوو، لەسەر ئاستی كوردستان لە كورسی كۆتاكان، بزوتنەوەی دیموكراتی ئاشوری (6 هەزارو 543) دەنگی بەدەستهێناو (4) كورسی بردەوە، یەكێتی مەسیحییەكانی  كوردستان (2 هەزارو 757) دەنگی بەدەستهێنا‌و كورسییەكی بردەوە. 
بەهای كورسییەكی كۆتا لە یەكەم هەڵبژاردندا لە هەرێمی كوردستان نزیكەی (هەزارو 500) دەنگ بوو، لەكاتێكدا بەهای كورسیەكی گشتی لەو هەڵبژاردنەدا نزیكەی (9 هەزارو 672) دەنگ بوو.
ساڵی 2004 پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992 ئەنجومەنی نیشتیمانی كوردستانی هەمواركردەوەو ژمارەی كورسی كۆتاكانی لە (5) كورسییەوە زیادكرد بۆ (11) كورسی، بەمەش ژمارەی تێكڕای كورسییەكانی پەرلەمان لە (105) كورسیەوە زیادی كرد بۆ 111 كورسی.
ناوچەی هەڵبژاردن    ناوی لیستەكان

 

لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان كە ساڵی 2005 بەڕێوەچوو، كۆتاكان لەچوارچێوەی لیستی نیشتیمانی دیموكراتی كوردستان دەنگیانداو (11) كورسییەكەیان لەچوارچێوەی ئەو لیستەدا بوو.
بەڵام لە خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان كە لە 25/7/2009 بەڕێوەچوو، لیستی كۆتاكان بە سەربەخۆیی بەشداریانكردو 11 كورسی خۆیان هێنا، بەم شێوەیە: 
•    لیستی رافیدەین: 2 كورسی 
•    مجلس الشعبی الكلدانی السریانی الاشوری: 3 كورسی
•    الحركە الدیموقراطیە التركمانیە: 3 كورسی
•    لیستی توركمانی هەولێر: 1 كورسی
•    لیستی اصلاح التركمانی 1 كورسی
•    ارام شاهین داود باكویان 1 كورسی.
  
                   

 

لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە 21/9/2013 بەڕێوەچوو، كۆتاكان بە لیستی سەربەخۆ بەشدارییان كردوو 11 كورسی خۆیان بەدەستهێنا بەمشێوەیە:
•    لیستی رافیدەین: 2 كورسی
•    ئەنجومەنی گەلی كلدانی و سریانی و ئاشوری: 2 كورسی
•    لیستی پێشكەوتنی توركمانی: 2 كورسی
•    لیستەكانی دیكەش یەكی 1 كورسیان مسۆگەركردووە
                                 
    

لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە 30/9/2018 بەڕێوەچوو، كۆتاكان بە لیستی سەربەخۆ بەشدارییان كردوو 11 كورسی خۆیان بەدەستهێنا، بەمشێوەیە: 


 كورسییەك بە  194 دەنگ ! 
لە خولی پێنجەمدا ژمارەیەك لە كاندیدی كۆتاكان بە كەمترین دەنگ سەركەوتن بۆ پەرلەمان، لەوانە:
•    سارا دڵشاد ئەبوبەكر لە لیستی پارتی گەشەپێدانی توركمانی بە (194) دەنگ بووە بە پەرلەمانتار
•    ئازاد ئەكرەم بەهرام لە لیستی میلەتی توركمانی (346) دەنگ بووە پەرلەمانتار
•    ئایدن مەعروف سەلیم لە بەرەی توركمانی بە (866) دەنگ بووە بە پەرلەمانتار
•    روبینە ئویملك عەزیز لە هاوپەیمانی یەكێتی نەتەوەیی بە (815) دەنگ بووە پەرلەمانتار
•    فەرید یەعقوب ئیلیكا لە لیستی رافیدەین بە (896) دەنگ بووە پەرلەمانتار
•    كلارا عودیشۆ یەعقوب لە ئەنجومەنی گەلی كلدانی سریانی ئاشوری بە (687) دەنگ بووە پەرلەمانتار
•    فاهیك كەمال سوغون لە پێكهاتەی ئەرمەن بە (615) بووە پەرلەمانتار
•    مونا نەبی نادر لە لیستی چاكسازی توركمانی بە ( 2236) دەنگ بووە بە پەرلەمانتار

كۆتا لە ئەنجومەنی پارێزگاكاندا 
لە ئەنجومەنی سێ پارێزگاكەی هەرێم كە بەتێكڕا لە (90) كورسی پێكدێت، (9) كورسی بەشێوازی كۆتا تایبەتكراوە بە كەمینەكان، بەمشێوەیە: 
•    ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر: 30 كورسییە، 5 كورسی بۆ كەمینەكانە
•    ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: 32 كورسییە، 1 كورسی بۆ كەمینەكانە
•    ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك: 28 كورسییە، 3 كورسی بۆ كەمینەكانە 
لە ئەنجومەنی پارێزگاكانیش هاوشێوەی پەرلەمان، كورسی كۆتاكان لە ململانێ سیاسییەكاندا سودی لێبینراوە، لە هەولێر بەپشتیوانی كورسی كۆتاكان لە ئەنجومەنی پارێزگا، پارتی بەبێ لایەنەكانی تر حكومەتی خۆجێی پارێزگاكەی دروستكرد.
ئێستا پرسی كورسی كۆتاكان لەژێر گومانی گەورەدایە، بۆ پاراستنی مافی ئەو پێكهاتانە پێویستە لایەنە سیاسییەكان بەجۆرێك یاسای هەڵبژاردن هەمواربكەنەوە كە ئەو كەمینە ئاینی‌و نەتەوەییانە بتوانن ببن بە خاوەنی نوێنەری راستەقینەی خۆیان‌و لە ململانێ سیاسی نێوان لایەنە دەسەڵاتدارەكان دوربخرێنەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand