Draw Media

ئەو كۆمپانیا‌و سەرمایەدارانە كێن قەرزاری حكومەتن ؟

ئەو كۆمپانیا‌و سەرمایەدارانە كێن قەرزاری حكومەتن ؟

2020-05-03 10:55:03


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
ئەو سێ مانگە كۆتایی هات كە حكومەت بۆ كۆمپانیا‌و سەرمایەدارەكانی دیاریكردبوو بۆ ئەوەی قەرزەكانیان بگەڕێننەوە، حكومەت بڕیاریداوە لەم هەفتەیەدا رێوشوێن دژی ئەو كۆمپانیایانە بگرێتەبەر كە قەرزەكانیان نەگەڕاندوەتەوە، رێوشوێنەكە خۆی دەبینێتەوە لە دەستگیرتن بەسەر ئەو موڵك‌و ماڵانەدا كە قەرزارەكان وەكو (بارمتە) لای حكومەت دایانناوە بۆ وەرگرتنی قەرز، (درەو) لەم راپۆرتەدا وردەكانی بەهای قەرزەكان‌و ناوی ئەو كەس‌و كۆمپانیایانە بڵاودەكاتەوە كە قەرزەكانیان وەرگرتووە.

قەرزی كۆمپانیاكان
ئەمە یەكێكی ترە لەو دۆسیە چارەسەرنەكراوانەی كە بە میرات لە كابینەكەی نێچرڤان بارزانییەوە بۆ كابینەی مەسرور بارزانی بەجێماوە،  قەرزەكانی حكومەت  (751 ملیار) دینار بوو كە بەهۆی سودی ساڵانەوە گەیشتۆتە نزیكەی (ترلیۆنێك) دینار، بەپێی یاسای چاكسازی دەبێت حكومەت ئەم پارەیە لە كۆمپانیاكان وەرگرێتەوە، كێن ئەو كۆمپانیا‌و سەرمایەدارانەی كە سودمەندبوون لە قەرزی حكومەت ؟ (درەو) لەم راپۆرتەدا وردەكاری زیاتر بڵاودەكاتەوە.

چاكسازی‌و قەرزی كۆمپانیاكان
لەگەڵ پەسەندكردنی یاسای چاكسازیدا لە پەرلەمانی كوردستان، پەرلەمانتارانی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان بابەتی وەرگرتنەوەی قەرزە حكومییەكانیان لە كۆمپانیاكان وروژاند، هەندێك ئەمەیان وەكو هەوڵی دەمكوتكردنی پەرلەمانتارانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەناو پەرلەمان ناوبرد، كە دژی یاساكە وەستانەوە، بەوپێیەی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سودمەندبووە لە قەرزەكانی حكومەت.
لەناو پرۆژەی چاكسازیدا كە ئێستا حكومەت دەستیكردووە بەجێبەجێكردنی ماددە‌و بڕگەكانی، بەبڕگەیەك حكومەت ناچاركراوە قەرزەكانی لە كۆمپانیاكان وەرگرێتەوە.
لەبەر رۆشنایی یاسای چاكسازیدا، دوای ئەوەی یاساكەی لە پەرلەمانەوە بۆ نێردرا، حكومەت بەبریارێك ماوەی سێ مانگ مۆڵەتی خستەبەردەم كۆمپانیا‌و سەرمایەداران بۆ ئەوەی قەرزەكانیان بگەڕێننەوە، رۆژی (1)ی ئەم مانگە مۆڵەتەكە كۆتایی هات.

لەبارەی قەرزی كۆمپانیاكانەوە
لەنێوان ساڵانی (۲٠٠۷ بۆ ۲٠۱۱) كاتێك ئابوری كوردستان بوژانەوەی بەخۆوە دەبینی، واتە بەرلەوەی بەغداد بەشەبودجەی هەرێم ببڕێت، كۆمپانیاو بازرگانەكان لەڕێگەی بانكە بازرگانییەكانەوە قەرزیان لە حكومەتی هەرێم وەرگرت.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو) كە لەچەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، نزیكەی (150) كۆمپانیا‌و سەرمایەدار سودمەندبوون لە وەرگرتنی ئەو قەرزەی حكومەت كە لەبنەڕەتەوە بۆ مەبەستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بووە بە هاوڵاتیان.
لەبارەی كۆی بڕی ئەو پارەیەی كە حكومەت بە قەرز بە كۆمپانیا‌و سەرمایەدارەكانی داوە (درەو) زانیویەتی، كۆی پارەكە (751 ملیار) دیناربووە، بەڵام ئێستا بەهای قەرزەكە بەو سودەوە كە ساڵانە چوەتە سەری گەیشتوەتە (ترلیۆنێك) دینار.
حكومەت كە ئێستا دوچاری قەیرانێكی دارایی سەخت بوەتەوە، دەیەوێت لەرێگەی وەرگرتنەوەی ئەم قەرزانە شتێك پارە بخاتەسەر خەزێنەكەی بۆ دابینكردنی موچەی مانگانەی موچەخۆران. 
(درەو) زانیویەتی، ئەو قەرزانە بەرێژەیەك سود دراون بە كۆمپانیا‌و بازرگانەكان، بەڵام رێژەی سودەكە بۆ هەریەكێك لەوانەی قەرزەكەیان وەرگرتووە جیاوازە‌و وەكو یەك نییە، بەگوێرەی زانیارییەك كە لەسەرچاوەیەكی باڵاوە دەست (درەو) كەوتووە، زۆرترین بڕی قەرزەكە سەرمایەدارێكی هەولێر بردویەتی كە بڕەكەی (240 ملیار) دیناربووە، بەڵام سەرباری زۆری رێژەی قەرزەكەی، حكومەت رێژەی 3%ی سودی لەسەر قەرزەكە بۆ داناوە، ئەوە لەكاتێكدایە هەندێك لە كۆمپانیا‌و بازرگانەكانی تر كە بەبڕێكی كەمتر سودمەندبوون لە قەرزەكە، بەرێژەی 7% بۆ 11%ی سود لەسەر قەرزەكانیان دانراوە.
بەپێی گرێبەستی پێدانی قەرزەكە، دەبوو ئەو كۆمپانیایانە ساڵانە سودی قەرزەكە بگەڕێننەوە بۆ حكومەت، بەڵام لە ساڵی 2014وە زۆربەی كۆمپانیاكان نە سودو نە قەرزەكەشیان بۆ حكومەت نەگەڕاندوەتەوە.
لەبەرامبەر وەرگرتنی ئەو قەرزە لە حكومەت، هەریەكێك لەو كۆمپانیاو بازرگانانەی كە قەرزەكەیان وەرگرتووە، موڵكێك یان زیاتریان وەكو بارمتە لای حكومەت داناوە، ئەمە وەكو زەمانەت بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەكانیان، بەڵام بەپێی زانیارییەكان ئێستا زۆرێك لەوانەی كە قەرزەكانیان لە حكومەت وەرگرتووە، ئەو موڵكانەیان بە خەڵكانی تر فرۆشتوەتەوە كە وەكو بارمتە لای حكومەت دایانناوە، هەندێك لەوانە یەكەی نیشتەجێبوونی خەڵكیان وەكو بارمتە داناوە، سەرباری ئەمە، هەندێك لەوانەی كە قەرزەكەیان وەرگرتووە، بەهای ئەو موڵكانەی كە وەكو بارمتە لای حكومەت دایانناوە كەمترە لە بڕی ئەو قەرزەی كە وەریانگرتووە، ئەمەش لە بنەڕەتەوە گومانی لەسەر كاری ئەو لیژنەیە دروستكردووە كە قەرزەكانی داوە بە كۆمپانیا‌و سەرمایەدارەكان.

بڕیارێك كە جێبەجێ نەكرا !
ساڵی 2014 بەهۆی بڕینی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان‌و دابەزینی نرخی نەوت‌و خەرجییەكانی شەڕی "داعش"ەوە، حكومەتی هەرێم دوچاری قەیرانی دارایی هات، بەر لە كۆتایی ساڵی 2015 حكومەت بیری لەوەكردەوە قەرزەكانی لە كۆمپانیاكان وەرگرێتەوە، ئەوكات حكومەت بڕیاریدا لەماوەی مانگێكدا قەرزەكان لە كۆمپانیاكان وەرگرێتەوە، بەپێچەوانەوە حكومەت موڵكە بارمتەكراوەكانیان دەفرۆشێت.
وادەكە تێپەڕی‌و كۆمپانیا‌و بازرگانەكان قەرزەكانیان بۆ حكومەت نەگەڕاندەوە، هەندێك لە كۆمپانیاكان باسیان لەوەكرد، ئەوانیش پارەیان لای حكومەتەو دەبێت حكومەت قەرزەكانیان بۆ بگەڕێنێتەوە.
كۆتایی مانگی سێی ساڵی 2016 حكومەت لە بڕیارەكەی بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەكانی لە كۆمپانیا‌و بازرگانەكان پاشگەزبووەوە، حكومەت كە ئەوكات نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد، بڕیارێكی نوێی دەركرد، كرۆكی بڕیارەكە ئەوەبوو كۆمپانیاكان ئەو پارانە لە قەرزەكانیان دەربكەن كە لەسەر حكومەت هەیانە‌و پاشماوەكەی بگەڕێننەوە، واتە بۆ نمونە ئەگەر كۆمپانیایەك بڕی 30 ملیار دیناری لای حكومەتە‌و لەبەرامبەردا بڕی 40 ملیار دیناری لە حكومەت بەقەرز وەرگرتووە، ئەوكات دەبێت بڕی 30 ملیار قەرزەكەی خۆی لە 40 ملیار قەرزەكەی حكومەت دەربكات‌و تەنیا بڕی 10 ملیار دینار بۆ حكومەت بگەڕێنێتەوە، بەڵام ئەمەش بەتەواوەتی جێبەجێ نەكرا.

یەكێتی وەبەرهێنەران چی دەڵێ ؟
پێشترو لە لێدوانێكدا بۆ (درەو)، یاسین مەحمود رەشید وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان رایگەیاند، زۆرینەی ئەو قەرزانەی كە حكومەت بە كۆمپانیا‌و وەبەرهێنەرانی داوە دەكەوێتە سنوری پارێزگاری هەولێرەوە.
یاسین مەحمود كە بە "مەلا یاسین" ناسراوە، وتی:" ئەگەر ئێستا حكومەت‌و كۆمپانیاكان ساقی‌و باقی بكەن، حكومەت نزیكەی 700 ملیار دیناری لای كۆمپانیاكانە، بەڵام لەبەرامبەردا حكومەت خۆی نزیكەی ترلیۆنێك دیناری وەبەرهێنەرو بەڵێندەرەكان قەرزارە، واتە حكومەت زیاتر قەرزارە".
مەلا یاسین لەمە زیاتر حكومەتی قەرزاربار كردو باسی لەوەكرد، حكومەت زیاتر لە (10 ترلیۆن) دینار قەرزاری پارەی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەرانە، ئەو پارەیەش بڕێكی هی كۆمپانیاكانە، چونكە بەوتەی ئەو هەر كۆمپانیایەك بەهۆی قیستی پرۆژەكانییەوە 10 بۆ 15 ملیار دیناری لای هاوڵاتیانە، بەڵام بەهۆی پاشەكەوتی موچەوە هاوڵاتیان ئەو پارانە بۆ كۆمپانیاكان ناگەڕێننەوە.
وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەران پشتڕاستیكردەوە، هەندێك لەو كۆمپانیایانەی كە موڵكیان وەكو بارمتە (رەهن) لای حكومەت داناوە لەبەرامبەر وەرگرتنی قەرزەكەدا، ئێستا بەهای موڵكەكانیان یەك لەسەر چواری ئەو پارەیەیە كە بەقەرز لە حكومەتیان وەرگرتووە، بۆیە ئەگەر حكومەت دەستبەسەر موڵكە بارمتەكراوەكانیشیاندا بگرێت، هێشتا حكومەت زەرەرمەند دەبێت نەك كۆمپانیا‌و بازرگانەكان، لەلایەكی تریشەوە بەوتەی ئەو بەپێی یاسا ئەگەر حكومەت موڵكە بارمتەكراوەكانی فرۆشت‌و بەهای قەرزەكانی خۆی دەرنەهێنایەوە، دەبێت موڵكەكان بكات بەناوی وەزارەتی داراییەوە.
مەلا یاسین كە وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانە هاوكات خۆی خاوەنی كۆمپانیایەكە بەناوی "بەڕێز"، ئەم كۆمپانیایە یەكێكە لەوانەی كە سودمەند بووە لە قەرزەكەی حكومەت، مەلا یاسین ئامادە نەبوو رێژەی ئەو قەرزە ئاشكرابكات كە كۆمپانیاكەی وەرگرتووە، بەڵام باسی لەوەكرد، كۆمپانیای بەڕێز بڕی (23 ملیارو 500 ملیۆن) دیناری لای حكومەتە، ئەو پارەیەی كە لە حكومەت وەریگرتووە كەمترە لەو پارەیەی كە هی خۆیەتی‌و بە قەرز لای حكومەتە.
وتەبێژی یەكێتی بەڵێندەران نكولی لەوە نەكرد هەندێك كۆمپانیا هەن كە نە ئامادەن قەرزەكەی حكومەت بگەڕێننەوە‌و نە ئامادەشن سودی قەرزەكە بدەن، بەڵام ناوی ئەو كۆمپانیایانەی نەهێنا، بەپێی قسەی ئەو ئێستا كۆمپانیاكان رێژەی 35%ی كۆی ئەو قەرزانەیان بۆ حكومەت گەڕاندوەتەوە.   

كێشەی یاسایی
پێشتر لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) سۆران عومەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان لەبارەی قەرزی كۆمپانیاكانەوە رایگەیاند، ساڵی 2019 ماوەی شەش مانگ دیاریكرابوو بۆئەوەی كۆمپانیاكان قەرزەكانیان بۆ حكومەت بگێڕنەوە، بەڵام شەش مانگەكە كۆتایی هات‌و كۆمپانیا‌و بازرگانەكان قەرزەكانیان نەگەڕاندەوە.
ئەم قەرزانە لەلایەن لیژنەیەكی لە وەزارەتی دارایی لەكابینەی پێشووتری حكومەت دراوە بە كۆمپانیاو بازرگانەكان، لەڕووی یاساییەوە بەلای پەرلەمانتارانەوە پێدانی قەرزەكان لە بنەڕەتەوە كێشەی تێدایە، چونكە وەكو باسدەكرێت حكومەت پێدانی قەرزەكانی ئیعلان نەكردووە، سەرباری ئەوەش ئەو موڵكانەی كە وەكو رەهن لە كۆمپانیاو بازرگانەكان وەرگیراون، موڵكی (صرف) نین، واتە پشكایەتییان تێدایە، ئەمەش كێشەیەكی تری یاساییە كە حكومەتی دەستەوسانكردووە لە وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانە، ئەمە كێشەیەكی تری كابینەكەی نێچیرڤان بارزانییە كە بە میرات بۆ كابینەی مەسرور بارزانی ماوەتەوە.

قەرزارەكان كێن ؟
ئەمە ناوی هەندێك لەو كۆمپانیا‌و بازرگانانەیە كە سودمەندبوون لە قەرزەكەی حكومەت، هەندێكیان بڕێك لە قەرزەكەیان گەڕاندوەتەوە، بەڵام بەكۆی گشتی (751 ملیار) دیناری حكومەت لای كۆمپانیاكانەو تائێستا نەگەڕاوەتەوە‌و روون نییە كابینەكەی مەسرور بارزانی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا دەكات.
لیستی ئەوانەی سودمەندبوون لە قەرزەكەی حكومەت:
•    كۆمپانیای (عەبدولباقی) كە عەبدولباقی عەبدوڵا خاوەندارێتی دەكات‌و ناسراوە بە "سەید باقی"، ئەم پیاوە كە لە هەولێر دادەنیشێت، بەچەند گوژمەیەك سودمەند بووە لە قەرزەكە، گوژمەیەكیان بڕەكەی (8 ملیار) دیناربووە، گوژمەیەكی تر بڕەكەی (ملیارێك‌و 500 ملیۆن) دینار بووە، بارمتەی قەرزەكە پرۆژەی "هۆتێلی سۆما"یە لە بەكرەجۆ، قەرزەكانی ئەم پیاوە كەمترین سودیان لەسەر دانراوە بەبەراورد بە قەرزی كۆمپانیاكانی تر، رێژەی سودی قەرزەكەی تەنیا 3%ە.

•    كۆمپانیای نالیا بە دوو گوژمە قەرزی وەرگرتووە، گوژمەی یەكەم بڕەكەی (20 ملیار) دینارە، گوژمەی دووەم بڕكەی (24 ملیار) دینارە، سودی هەردوو گوژمەكە بەرێژەی 7,5% دانراوە، رەهنی وەرگرتنی ئەم قەرزە (131) شوقەیە لەهەردوو پرۆژەی گوندی ئەڵمانی یەك و دوو، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كۆمپانیای نالیا ئەم رەهنەی گواستوەتەوە بۆسەر پرۆژەی "چاڤیلاند".
•    كۆمپانیای (بەڕێز) كە مەلا یاسین خاوەندارێتی دەكات، ئەم كۆمپانیایە بە دوو گوژمە سودمەند بووە لە قەرزەكە، گوژمەی یەكەم بڕەكەی (20 ملیار) دینارە، رەهنی وەرگرتنی ئەم قەرزە موڵكەكانی زەرگەتە‌و كێلە سپی-یە، سودی قەرزەكە 8,5%ە، گوژمەی دووەم بڕەكەی (8 ملیۆن‌و 500 هەزار) دۆلارە، رەهنی ئەم قەرزە هەمان موڵكەكانی زەرگەتە‌و كێلە سپی-یە، سودی قەرزەكە 4%ە.
•    كۆمپانیای (نۆكان) كە سەربە ئیدارەی گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، ئەم كۆمپانیایە بە گوژمەی (25 ملیار) دینار سودمەند بووە لە قەرزەكە، رەهنی وەرگرتنی قەرزەكە، موڵكێكی چوارباخە لە سلێمانی، سودی قەرزەكە 7,5%ە.
•    كۆمپانیای السرد، خاوەنی ئەم كۆمپانیایە (فریا محەمەد بامۆكی)یە، بە گوژمەی (10 ملیار) دینار سودمەند بووە لە قەرزەكە، رەهنی قەرزەكە موڵكێكە لە ناوچەی زێڕینۆك-ی سلێمانی، سودی قەرزەكە بەرێژەی 8% دانراوە.
•    كۆمپانیای والی عوسمان حەمەنەجم، بە گوژمەی (8 ملیار) دینار سودمەند بووە لە قەرزەكە، رەهنی وەرگرتنی ئەم قەرزە مەڵكی مەڵكەندی- دەباشانە لە سلێمانی، رێژەی سودی قەرزەكە 9%ە.
•    كۆمپانیای هەڵەبجە كە ئاسۆ محەمەد بامۆكی خاوەندارێتی دەكات، ئەم كۆمپانیایە گوژمەی (30 ملیار) دینار سودمەند بووە لە قەرزەكە، بەپێی ئەو نوسراوەی لەبەردەستی (درەو)دایە، رەهنی وەرگرتنی قەرزەكە دیار نییە، سودی قەرزەكە 8,5%ە.
•    شێخ تاهیر شێخ عەبدولقادر چوێسە، ئەم پیاوە بەگوژمەی (2 ملیار) دینار سودمەندبووە لە قەرزەكە، رەهنی وەرگرتنی قەرزەكە موڵكی مەڵكەندی- دەباشان-ە، سودی قەرزەكە 10%ە.
•    هۆگر ئەسعەد ئەحمەد بە گوژمەی (60 ملیار) دینار سودمەند بووە لە قەرزەكە، سودی قەرزەكە 11%ە.
•    زكری مەجید مەلا، بەگوژمەی (31 ملیار) دینار سودمەندبووە لە قەرزەكە، سودی قەرزەكە 11%ە.
•    پۆشۆ جەوهەر جەلال، بەگوژمەی (31 ملیار) دینار سودمەند بووە لە قەرزەكە، سودی قەرزەكە 11%ە.
•    بۆتان سەلیم عەوڵا، بەگوژمەی (22 ملیار) دینار سودمەندبووە لە قەرزەكە، سودی قەرزەكە 11%ە.
•    كۆمپانیای زاگرۆس، بەگوژمەی (20 ملیار) دینار سودمەند بووە لە قەرزەكە، سودی قەرزەكە 11%ە.
•    كۆمپانیای رۆژهەڵات، بەگوژمەی (22 ملیار) دینار سودمەندبووە لە قەرزەكە، سودی قەرزەكە 11%ە.
•    كۆمپانیای دیار، بە گوژمەی (20 ملیار) دینار سودمەندبووە لە قەرزەكە، سودی قەرزەكە 11%ە.
•    (درەو) لیستی ناوەی قەرزوەرگرەكانی لایە، بەڵام بەهۆی زۆری ناوەكانەوە هەموو لێرەدا بڵاوناكاتەوە‌و لە كۆتایی ئەم راپۆرتەدا وێنەی لیستی ئەو كەس‌و كۆمپانیایانە بڵاودەكەینەوە كە قەرزەكانیان وەرگرتووە.

حكومەت چەند قەرزارە ؟
حكومەتی هەرێم كە قەرزی بە كۆمپانیاكانداوە، خۆشی لەدوای قەیرانی داراییەوە قەرزار بووە، قەرزی لە كۆمپانیا‌و بانكە ئەهلییەكان‌و سەرمایەداران كردووە، قەرزەكانی حكومەتی هەرێم دووجۆرن:
•    قەرزی دەرەكی واتە ئەو قەرزانەی لە دامەزراوەكانی دەرەوەی وڵات وەرگیراون
•    قەرزی ناوخۆیی واتە ئەو قەرزانەی كە لە دامەزراوە داراییەكانی ناوخۆی هەرێم وەرگیراون
بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لەسەردەمی قەیرانی دارایدا حكومەتی هەرێم ئەم قەرزانە لە بانكەكانی ناوخۆ كردووە: 
•    (5 ترلیۆن‌و 648 ملیار) دینار پارەی بانكە ئەهلییەكان لای بانكی ناوەندی لقی هەولێر.
•    (2 ترلیۆن‌و 447 ملیار) دینار پارەی بانكە ئەهلییەكان لای بانكی ناوەندی لقی سلێمانی.
•    (4 ترلیۆن‌و 900 ملیار) دینار پارەی بانكە بازرگانیەكان.
بەكۆی گشتی تەنیا لە بانكە ئەهلییەكانی ناوخۆی هەرێم، حكومەت بڕی (12 ترلیۆن‌و 761 ملیارو 897 ملیۆن) دیناری قەرزكردووە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، حكومەتی هەرێم بەشێوەی قیست بەشێكی زۆری قەرزی بانكە ئەهلییەكان گەڕاندوەتەوە، ئێستا لە قەرزی ناوخۆیدا حكومەت تەنیا بڕی (6 ترلیۆن) دیناری لەسەرماوە، لە قەرزی دەرەكیشدا لەكۆی (2 ملیارو 500 ملیۆن) دۆلار، بڕی (ملیارێك‌و 500 ملیۆن) دۆلار گەڕێندراوەتەوە.
حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە تاوەكو ساڵی 2022 كۆی قەرزە ناوخۆیی‌و دەرەكییەكان بۆ خاوەنەكان بگەڕێنێتەوە، جگە لە قەرزی پاشكەوتی موچەی فەرمانبەران كە بڕەكەی بەكۆی گشتی زیاتر لە (10 ملیار) دۆلارە‌و لە یاسای چاكسازیدا چارەنوسی ئەو پاشەكەوتە سپێردراوە بەژمارەیەكی بانكی‌و دەبێت بەغداد پارەكەی بخاتە سەر ژمارە بانكییەكە.

ناوی بەشێك لەو كۆمپانیاو بازرگانانەی كە لە قەرزەكەی حكومەت سود مەندبوون ( هەندێكیان لەكاتی خۆیدا قەرزەكانیان گەڕاندوەتەوە) 

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand