خوشكەزای ئەحمەد چەلەبیو ئامۆزای ئەیاد عەلاوییە
2020-05-06 15:10:39
(درەو):
دواجار پارتی سازشی لەسەر دانانی فوئاد حسێن كرد لە پۆستی وەزارەتی دارایی، كاندیدی وەزارەتی دارایی خوشكەزاری ئەحمەد چەلەبیو ئامۆزای ئەیاد عەلاوییە.
پۆستی وەزارەتی دارایی لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق كە مستەفا كازمی سەرۆكایەتی دەكات لە كورد سەندرایەوە، پارتی جەختی لەسەر وەرگرتنەوەی ئەم پۆستەو دانانی فوئاد حسێنی دەكرد، بەڵام لە كۆتایدا پاشەكشێی كردو قایل بوو بەوەی لەبەرامبەر پۆستی وەزارەتی دارایی، پۆستی وەزارەتی دەرەوە وەربگرێت، كاندیدی وەزارەتی دەرەوەش تائێستا یەكلانەكراوەتەوەو دیار نییە پارتی كێ بۆ ئەو پۆستە كاندید دەكات.
لەدوای ساڵی 2003و روخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە، لە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقدا لەناو پۆستە باڵاكاندا، پۆستی وەزارەتی دەرەوە لای كورد بوو، تاوەكو كابینەی حەیدەر عەبادی لە ساڵی 2014، لەو كابینەیەدا كورد بۆ یەكەمجار پۆستی وەزارەتی دارایی وەرگرت.
پۆستی وەزارەتی دەرەوەی لەدوای روخانی رژێمەوە كە بەر كورد كەوتووە، لای پارتی بووەو لەناو پارتیشدا لای هۆشیار زێباری بووە، ساڵی 2014 كە لەبری پۆستی وەزارەتی دەرەوە پۆستی وەزارەتی دارایی درا بە كورد، بەهەمان شێوە پۆستەكە نوێیەكە بۆ پارتی بوو، پارتی هۆشیار زێباری لە پۆستی وەزارەتی دەرەوە گواستەوە بۆ وەزارەتی دارایی، زێباری ماوەی وەزیرییەكەی لە وەزارەتی دارایی تەواونەكرد، لە پەرلەمان بەتۆمەتی گەندەڵی متمانەی لێوەرگیرایەوە.
پۆستی وەزارەتی دارایی لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق كەسێكی بۆ كاندید كراوە بە ناوی (عەلی حەیدەر عەبدولئەمیر عەباس).
عەلی حەیدەر كێیە ؟
بەپێی ئەو پرۆفایلەی كە ئاڕاستەی پەرلەمان كراوە، عەلی حەیدەر لەدایكبووی ساڵی 1948ی بەغدادە.
ساڵی 1968 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە ئەندازیاری شارستانی لە بواری گواستنەوەو ماستەرپلانی شارەكاندا لەزانكۆیەكی ئەمریكا بەدەستهێناوە، دواترو لە ساڵی 1971 بڕوانامەی ماستەری لەبواری ئابوریو هاوكاری نێودەوڵەتی لە زانكۆی هارڤاردی ئەمریكا بەدەستهێناوە.
لە گروپی بانكی نێودەوڵەتی لە واشنتۆن وەكو شارەزایی بواری وەبەرهێنانو دارایی كاری كردووەو لەماوەی ساڵی 1971 بۆ 1979 سەرپەرەشتی كۆمەڵێك پرۆژەی كردووە، بەڕێوەبەری جێبەجێكار بووە لە یەكەمین بانكە وەبەرهێنە عەرەبییە نێودەوڵەتییەكان لە لەندەن لە ساڵانی (1972- 1992).
گروپێكی وەبەرهێنانی (Progas energy) لە بواری جێبەجێكردنی پرۆژەكانی بواری نەوت (1992- 2003).
ئەم پیاوە یەكێك لەو كەسانە بووە كە بەشداربووە لە نوسینی بەیاننامەی لایەنە شیعەكانی عێراق لە ساڵی 2002 كە تێیدا داوای روخانی رژێمی سەددامیان دەكرد.
خوشكەزای ئەحمەد چەلەبیو ئامۆزای ئەیاد عەلاوییە، لە خێزانێكی ئۆرستۆكراتییە، باوكی لەسەردەمی حوكمی مەلەكیدا لە عێراق لە دەرباری شاهانە وەكو پزیشك كاریكردووەو دواتر بووە بە وەزیری تەندروستی، لەبنەڕەتەوە بنەماڵەكەی سوننەمەزهەب بوون، بەڵام دوای ئەوەی باپیرە گەورەیان كراوە بە حاكمی ناوچەی كازمیە، بوون بە شیعەمەزهەب.
سەرباری ئەمانە:
• وەزیری بازرگانی بووە لە حكومەتەكەی ئەنجومەنی حوكمدا لە (2003-2004)
• وەزیری بەرگری بووە لە حكومەتەكەی ئەنجومەنی حوكمدا لە (2004)
• لەسەر ئیئتیلافی نیشتمانی هەڵبژێردراوە بۆ كۆمەڵەی نیشتمانی عێراق (2005)
• وەزیری دارایی بووە لە (2005-2006)
• مامۆستای وانەبیژ بووە لە زانكۆی برنستۆن-ی ئەمریكا (2008)
• مامۆستای زانكۆی (نان یانج) بووە لە سەنگاپورە (2015)
• گۆڤارێكی بەریتانی لە ساڵی (2013) وەكو چوارەم بیرمەند لەسەر ئاستی جیهان هەڵیبژاردووە.