Draw Media

د. سامان بەرزنجی: دەستكاری دەنگ و ڤیدیۆی كارەكانم كراوە 

د. سامان بەرزنجی: دەستكاری دەنگ و ڤیدیۆی كارەكانم كراوە 

2020-05-03 12:24:05


گفتوگۆی رۆژنامەوانی: درەو

بە پێچەوانەی هەندێك زانیاری كە پێشتر باسیان لێوە دەكرا" هەرێمی كوردستان لەبەرامبەر پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا هیچ بڕە پارەیەكی بە رێكخراوی تەندروستی جیهانی نەداوە، هەرچەندە نەخۆشی كوشندەشیان هەبووبێت بەڵام ئەگەر هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون بەپێی بنەماكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی بە مردووی كۆرۆنا ئەژمار دەكرێن، لەسەر ئەم بنەمایە لە هەرێمی كوردستان پێنج حاڵەتی مردن بەهۆی كۆرۆناوە تۆماركراوە" ئەمانە قسەی سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ (درەو) كە دوای زیاتر لە (20 ) بە شێوەی نوسین وەڵامی چەند پرسیارێكی (درەو)ی داوەتەوە.

 هەر لەم گفتوگۆ رۆژنامەوانیە كورتەدا وەزیری تەندرووستی باس لەو گرتە ڤیدیۆیەی خۆی دەكات لەكاتی كاردایە لەسەر كۆمپیوتەرەكەی و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا

دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانیەكەی (درەو) لەگەڵ (د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی) 
 
درەو: وەكو لایەنی ئاگادار و پەیوەست كە حكومەت گوێتان لێدەگەرێت ئەتوانن پێمان بڵێن پێشبینی ئێوە بۆ كۆتایی كۆرۆتا كەیە؟
د‌.  سامان بەرزنجی: لە کاتی ئێستا هیچ پێشبینییەکی زانستی و بەرچاوروونی نیە بۆ کۆتایی هاتنی سەد لە سەدی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، چونکە چەندین فاکتەر کاریگەرییان دەبێت لەسەر رەوشەکە. 
درەو: تا سەرەتای مانگی پێنج سەركەوتن بەسەر كۆرۆنا رادەگەیەنن. ئەمە راستە یان نا؟
د‌. سامان بەرزنجی: وەکو ئاماژەم پێدا، سەرکەوتن بەسەر کۆرۆنا کۆمەڵێک هۆکار کاری تێدەکەن کە ناتوانرێت لە ئێستادا بەرچاوروونییەکی ئاشکرامان پێ بدات، بەلام دەتوانین ئەوە بلێین کە ئەگەر پابەندبوونی هاوڵاتییان بە شێوەیەکی تۆکمە بەردەوام بێت، زووتر و ئاسانتر ئەم پەتایە تێدەپەرێنین.
درەو: ئێستا دۆخی سلێمانی و دهۆك تا ئاستێك جێگیرە بۆتەوە. دۆخی هەولێرە چۆن دەبینن؟
د‌. سامان بەرزنجی:لە هەرێمی کوردستان بەگشتی بە بەراورد بە وڵاتانی دەروربەر و جیهان، دۆخەکە زۆر باش کۆنترۆل کراوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە ئێمە زۆر زوو ئامادەکاریمان دەستپێکرد و هاوڵاتیانمان زۆر هاوکارمان بوون لە جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستیەکان  و زوو دەستمان کرد بە کەرەنتین کردنی ‌ئەو هاوڵاتیانەی لە ووڵاتە پر مەترسیەکان دەگەڕێنەوە و زوو قەدەغەی هاتووچۆمان راگەیاند و پشكنینی بەرفراوان ئەنجام دەدەین. بۆیە بارودۆخەکە بەگشتی جێگیر و لەژێر کۆنتڕۆل دایە، بەڵام مەترسی ئەم ڤایرۆسە هەر بەردەوامە لە هەموو پارێزگاکانی هەرێم بەبێ جیاوازی.

 

درەو: دەوترێت ئەوەی كە دۆخی قەدەغەی تەواوی هاتوچۆ ڕاناگەیەنرێت پەیوەندی بەدۆخی هەولێرەوە هەیە كە دوای جێگیری دۆخی هەولێر خۆی هەواڵی سەركەوتن بەسەر كۆرۆنا رادەگەیەنن؟
د‌. سامان بەرزنجی: قەدەغەی هاتووچۆ پەیوەندی بە پاراستنی تەندروستی هەموو هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە بەبێ جیاوازی، و هەڵگرتنی تەواوەتی قەدەغەی هاتووچۆ لە ئێستادا کارێکی مەترسیدارە. و ئەگەر لە هەر ساتێک ئەم بڕیارە درا، ئەوە بە دیراسەیەکی قووڵ و ورد دەبێت و قۆناغ بە قۆناغ دەبێت.
درەو: رێوشوینەكانی قەدەغەی هاتوچۆ ئاسایی بونەتەوەو دوكان و بازارەكان كراونەتەوە رای ئیوە چیە؟
د‌. سامان بەرزنجی: کردنەوەی دوکان و بازاڕەکان بە کۆمەڵێک مەرج و رێنمایی تەندروستی دەبێت کە لەلایەن ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکانەوە ئامادەکراوە، و پێویستە ئاگاداربین کە بە هەموو شێوەیەک لەکاتی کارکردنیش دەبێ رێنمایی تەندروستییەکان جێبەجێبکرێن و بەرکەوتنە فیزیکییەکان سنوردار بکرێن.
درەو: ئەتوانن پێمان بڵێیی كۆی ئەو بودجەیەی كە وەزارەتەكەی ئێوە لە هەموو شارو پارێزگاكانی هەرێم خەرجتان كردووە بۆ رووبەرووبنەوەی كۆرۆنا دەكاتە چەندێك؟
د‌. سامان بەرزنجی: لە سەر رەزامەندی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێزدار مەسرور بارزانی چەندین جار وچەندین جۆر بوودجە سەرفکراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو نەخۆشییە بۆ وەزارەتە پەیوەنددارەکان کە بەسەر پارێزگاکان دابەشکراوە. جگە لە خەرجییەکانی بودجەی تەشغیلی کە لەم ماوەیەدا زۆرترینی بۆ نەخۆشیی کۆرۆنا بووە و کۆی هەموو خەرجییەکان لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بڵاوکراوەتەوە.

درەو: لەسەرەتای دەركەوتنی كۆرۆنادا كۆمپانیایەك باسی لە درووستكردنی دەرمانی كرد لە سلێمانی، ئێوە وەك لایەنی مەعنی پرسەكە هیچ قسەیەكتان نەبوو هەنگاوی ئەو كۆمپانیایە بە كوێ گەیشت ؟؟   
د‌. سامان بەرزنجی: لە ئێستادا هیچ دەرمانێك یان پێکوتەیەك بۆ چارەسەری ئەم پەتایە لەسەر ئاستی هیچ وڵاتێک نەدۆزراوەتەوە، ئێمە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی حکومەتی فیدرال و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پابەندی پرۆتۆکۆلی زانستیین بۆ هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ تووشبووان و هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ. ئەم دەرمانانە لە هەندێك شوێن بەکاردێت وەکو چارەسەری پاڵپشتی و دەکرێت سوودی لێ ببینرێت، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین.
درەو: لە جیهاندا دەوترێت كۆرۆنا چەكی سیاسیە، واتا لە ململانێ سیاسیەكاندا بەكار دەهێنرێت، ئێوە هەستان بەوە كردووە چی لەناو خۆو چی لە دەرەوە وەكو چەكێكی سیاسی بەكار هاتبێت؟؟
د‌. سامان بەرزنجی: وەکو وەزارەتی تەندروستی، گرنگترین شت بۆ ئێمە پاراستنی تەندروستی و کۆنترۆڵکردن و چارەسەری هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانە کە بە خزمەتگوزاری مرۆڤدۆستانەی دەزانین، بێگومان ئەمەش دەبێت پاڵپشت بێت بە کۆمەڵێک بەڵگەی زانستی و توێژینەوەی باوەرپێکراو. ئەگەر ئەم ڤایرۆسە بەهەر جۆرێک بێت، هەموو هەوڵ کۆششی ئێمە بۆ ئەوە دەبێت کە  چۆن خۆمانی لێ بپارێزین.

درەو: ترەمپ لە لێدوانێكدا باسی لەوە كرد كە رێكخراوی تەندروستی جیهانی زانیاری هەڵەی وەرگرتووە لە چین، هەندێك قسەو باسیش هەیە كە هەندێك لە وڵاتان ئاماری راستەقینەی كۆرۆنا دەشارنەوە،، میدیاكان و خەڵكی كوردستان دەتوانن دڵنیا بنن ئەو ئامارانەی كوردستان راگەیەنراوە راستەقینەو هیچ یارییەك بە ئەنجامەكانەوە نەكراوە؟؟
د‌. سامان بەرزنجی: هەر لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە، ئەنجومەنی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنامان لە وەزارەتی تەندروستی ڕاگەیاند کە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی ناو وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پارێزگاکان و  نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی و نوێنەرانی وەزارەتی دیکەی پەیوەندداری تێدا ئەندام بوون و هەموو زانیاری و داتاکان بە شەفافی باسکراوە. و سەردانی بەردەوامی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەلایەن بەرپرسی ئۆفیسی عیراق  و لەم رۆژانەی دواییدا بەڕێز نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی کردین، ئەمە جگە لەوەی کە رێزدار سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە بە بەردەوامی لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخەکە دەکات و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەبێت هەموو داتاکان بە وردرترین شێواز کۆبکرێنەوە و تۆمار بکرێن و بۆ هاوڵاتییان و میدیا و راگەیاندنەکان نیشان بدرێت وە لە ئێستادا داشبۆردێک دانراوە لەسەر وێب سایتی حکومەتی هەرێم کە زانیاریاریەکانی ڕاستەوخۆ لەسەر بڵاودەکرێتەوە. لەکۆتاییش دا شاردنەوە و دەستکاری ئەنجامەکان بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی هیچ کەسێک دا نیە.


درەو: پەیوەندی وەزارەتەكەتان لەگەڵ رێكخراوی تەندروستی جیهانی چۆنە؟
د‌. سامان بەرزنجی: وەکو ئاماژەم پێدا، ئەمان هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئێمە هەماهەنگییان بووە و هاوکارمان بوونە لە دابین کردنی نوێترین رێنمایی زانستی و بڵاوکردنەوەی وشیاری تەندروستی و راهێنانی کارماندانمان بۆ رووبەروونەوەی ئەم پەتایە، ئەمە جگە لە دابینکردن هەندێک پێداویستی لۆجیستیکی و پزیشکی. 


درەو: دەوترێت بۆهەر پشكنینێكی كۆرۆنا بڕێك پارەتان بەو رێكخراوە داوە ئەمە چەندێك راستەو بڕی چەندتان بەو رێكخراوە داوە؟؟
د‌. سامان بەرزنجی: گشت ئەو پشکنینانەی ئەنجام دەدرێت لە هەرێمی کوردستان لەسەر ئەستۆی حکومەتە وە ئێمە وەك وەزارەتی تەندروستی تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەکمان بە هیچ ڕێکخراوێك نەداوە تا پشکنینمان بۆ ئەنجام بدات چونکە خۆشبەختانە تاقیگەی تەندروستی گشتی لە پارێزگاکان و هەندێک قەزاکان بەردەستن  و لە ئاستێکی ستانداردن کە توانای ئەنجامدانی ئەو پشکنینەیان هەیە.
درەو: ئێستا هیچ بڕە پارەیەكتان بۆ روبەروونەوەی كۆرۆنا وەرگرتووە یان نا؟
د‌. سامان بەرزنجی:  وەکو باسم کرد سەرچاوەی سەرەکی بودجەمان حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە لەگەڵ یەکجار بودجەیەکی سنوردارمان لە وەزارەتی تەندروستی عیراقی فیدرال بۆهاتووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا وە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەشکراون.
درەو: تا ئێستا 5 حاڵەتی مردنتان بە كۆرۆنا راگەیاندووە، بەڵام وتەبێژی تەندروستی لە سلێمانی و سەرپەرشتیاری كۆرۆنا لە سلێمانی دەڵێن بە نەخۆشی مردوون، راستە هەڵگری كۆرۆنا بوون؟ ئێستا ئەوانە بە مردنی كۆرۆنا ئەژمار دەكرێن یان نا؟
د‌. سامان بەرزنجی: تاوەکو ئێستا پێنج حاڵەتی مردن تۆمار کراون، کە نەخۆشی دیکەی درێژخایەن و کوشندەیان هەبووە، بەپێی رێنماییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، هەموو ئەو کەسانەی کە دوای مردنیش دەردەکەوێت کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەسەر ئەم پەتایە ئەژمارە دەکرێن.


درەو: وەزیری تەندروستی عێراق داوای كردووە كە زەوی نیشتەجێبوون و یارمەتی دارایی بۆ ئەو كارمەند و پزیشكانە دابینبكرێت كە لەریزی پێشەوەی شەری كۆرۆنان، ئێوە چی تان كردووە، بیرتان لە پاداشتی كۆرۆنا نەكردۆتەوە؟  
د‌. سامان بەرزنجی:  بێگومان پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی سەربازی وونی ئەم شەڕەن کە ئێمە لەگەڵ ئەم پەتایە رامان گەیاندووە، بەداخەوە تاوەکو ئێستا چەندین حاڵەتی تووشبوونیشیان لەناو دا تۆمارکراوە. وەکو وەزارەت وێرای ئەوەی سوپاس و پێزانین خۆمانمان پێشکەشکردوون. چەندین پێشنیار و داواکاریمان کردووە وەکو ئیمتیاز بۆ ئەم بەرێزانە. بە دڵنیاییەوە حکومەتی هەرێم درێغی ناکات بەپێی توانا بەتایبەت ئەو کەسانەی لە سەنگەرەکانی پێشەوەی رووبەرووبوونەوەی ئەم پەتایەن. وە ئەوەی لە عیراق باس دەکرێت تا ئێستا هیچی بەرجەستە نەبووە.
درەو: لەسەر مەسەلەی روبەرووبونەوەی كۆرۆنا رای جیاواز هەیە هەندێك پێیان وایە هێزە ئەمنیەكان رۆڵە گەورەكەیان بینیوەو هەندێكیش دەڵێن تەندرووستی پێتان وایە لە مەسەلەی روبەرووربونەوەی كۆرۆنادا كێ رۆڵی سەرەكی بینیوە.؟
د‌. سامان بەرزنجی:  هاوڵاتیان ڕۆڵی سەرەکیان بینیوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە خۆڕاگری و پابەندبوونیان وە هەموو رێنماییەکانی تایبەت بەم پەتایە لە لیژنەی باڵای رووبەرووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەرچووە کە راستەوخۆ لەژێر چاودێری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دایە. ئێمە هەمیشە وەکو تیمێك کارمان کردووە و هەر وەزارەتێک بە کار و ئەرکی تایبەت بەخۆی هەڵساوە.


درەو: لەم دۆخەدا چی كەلێنێكتان بۆ دەركەوت لەبواری تەندروستیدا كە دوای كۆرۆنا هەوڵی چاككردنی بدەن؟
د‌. سامان بەرزنجی:  بەر لە بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایەش ئێمە پرۆژە یاسای خۆمان پێشکەشکردووە و پلانەکانی وەزارەتمان لەم کابینەیە خستووەتە روو بەشێوەی پلانی کورتخایەن ودرێژخایەن. بەلام توانیمان بە کرداری ئەوە بسەلمێنین کە خۆپاراستن بەشێوەیەکی زۆر کاریگەر زەحمەتییەکانی وەزارەتی تەندروستی کەم دەکاتەوە و لە داهاتووش هەوڵی جددیمان دەبێت بۆ زیاتر گرنگی دان بە خۆپارێزی لەهەموو بوارەکان نەک بە تەنیا نەخۆشییە گوازراوەکان. بەمەش دەرکەوت کە گرنگیدان بە خزمەتگوزارییەکانی خۆپارێزی پێویستە پێشینە بێت.
درەو: لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان ڤیدیۆیەكی ئێوە بڵاو بوەوەو كار لەسەر كۆمپیوتەر دەكەن، خۆت چی قسەیەكت لەسەری هەیە؟ 
د‌. سامان بەرزنجی: لەم ماوەیەدا لەبەر پابەند بوونمان بە رێنماییە تەندروستییەکان، دوورکەوتنەوە لە قەرەباڵغی و کۆبوونەوەکان، سیستەمی کۆمپیوتەر و پەیوەندییەکان بەردەوام کارئاسانی کارەکانی بۆ کردووین. بە داخەوە بە دەستکاری کردنی دەنگ و ڤیدیۆی کارەکانمان کەسانێک توانج و تانە دەدەن کە لای ئێمە هیچ گرنگ نیە و ساردیشمان ناکاتەوە، بەڵکو زیاتر سوورمان دەکات لەسەر خزمەتکردن و بەردەوامبوونمان لە پێناو بەرژەوەندی گشتی.

 

پرۆفاییل
ناو :         سامان حسێن بەرزنجی
لەدایکبووی:     هەولێر – ١٩٧٨
پسپۆری:      پزیشکی کۆمەڵ
پلەی زانستی :     ماستەر و دکتۆرا لە بواری پزیشکی کۆمەڵ 
شارەزایی رابردوو:
-    سەرۆکی پزیشکانی نیشتەجێ
-    بەرێوەبەری بەش و بەرناکمەکانی خۆپارێزی تەندروستی لە فەرمانگەی تەندروستی هەولێر و وەزارەتی تەندروستی.
-    بەرێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندەیەکان و رۆشنبیری تەندروستی هەولێر.
-    بەرێوەبەری نەخۆشخانی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر.
-    بەرێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand