سەرۆکی هەرێم بێدەنگە
2020-05-07 18:26:56
(درەو):
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم کە لەدوای دەستبەکاربوونییەوە دەیەوێت بارەگای سەرۆکایەتی هەرێم بکات بە شوێنی کۆدەنگی لایەنەکان، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت ئەمڕۆ لە پەرلەمانەوە ریسەکەی لێکردەوە بە خوری.
ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان لەسەر داوای پارتی دیموکراتی کوردستان و بەزۆرینە پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی هەڵگرت.
ئەمە پەرلەمانی بەسەر دوو بەرەدا دابەشکرد، بەرەی پارتی و هاوپەیمانەکانی لەگەڵ بەرەی لایەنە ناڕازییەکان لە هەڵگرتنی پارێزبەندی کە بریتی بوون لە (یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو، نەوەی نوێ، پەرلەمانتارە سەربەخۆکان، شیوعی).
بڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت بۆ دادگایکردنی سۆران عومەرو هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەری پەرلەمانی دابەشکردو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش کاردانەوەی توندی دروستکرد.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە بەپێی یاسا سەرۆکی بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێکردنە لەم روداوانەدا بێدەنگەو تا ئەم ساتە هیچ قسەیەکی نەکردووە.
نێچیرڤان بارزانی لەدوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی هەرێمەوە هەوڵ بۆ کۆکردنەوەو دروستکردنی کۆدەنگی دەدات لەنێوان لایەنەکان لەبارەی پرسە سیاسییەکانەوە، بەڵام ئەمڕۆ پەیوەندی نێوان لایەنەکان پێی نایە سەرەتای قۆناغێکی نوێ، بەڵام ئەو بێدەنگە.
بەکارهێنانی زۆرینەی پەرلەمانیی بۆ سەندنەوەی متمانە لە پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامی و گوێنەدان بە نیگەرانی لایەنەکانی تر، هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ دروستکردنی کۆدەنگی و "یەکڕیزی"ی لایەنەکانی خستە مەترسییەوە.
بڕیارە رۆژی شەممە مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە بارەگای سەرۆکایەتی هەرێم و بەنێوەندگیری نیچیرڤان بارزانی بەڕێوەبچێت، بەڵام قسەکانی ئەمڕۆی هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەبارەی یەکێتییەوە، فراکسیۆن و بەرپرسانی یەکێتی نیگەران کردووە، بەیاننامەی فراکسیۆنی یەکێتی قسەکانی هەورامی وەکو هەوڵێک بۆ تێکدانی کۆبونەوەکەی سەرۆکایەتی هەرێم ناودەبات.