پەرلەمان لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی نوێدا
2020-05-04 12:19:51
راپۆرتی: فازل حەمە رەفعەت – محەمەد رەئوف
پەرلەمان فریانەكەوت لێپێچینەوە لە حكومەت بكات سەبارەت بەو قەیرانە داراییەی كە دروستبووە، حكومەت دەستپێشخەری كردو لە هێرشێكی هەڵگەڕاوەدا دەیەوێت پەرلەمان دادگایی بكات، مەسرور بارزانی لەڕێگەی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران دەیەوێت پەرلەمان لەم كاتی قەیرانەدا بە خۆیەوە سەرقاڵ بكات نەك حكومەت، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان سەرۆكایەتی هەوڵی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران دەكات، رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان دژە، رۆژی پێنج شەممە فراكسیۆنەكانی پەرلەمان دەكەونە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی نوێوە، ئایا پەرلەمان لەبەردەم زۆرینەی پارتیدا چۆڵ دەكەن، یاخود بەرەنگاریی دەكەن ؟
نایەوێت ببێت بە پاڵەوان
رۆژی پێنج شەممەی ئەم هەفتەیە پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی (حصانە) لەسەر ژمارەیەك پەرلەمانتار، ئەمە لەسەر داوای مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتە، دۆخەكە پێچەوانە بوەتەوە، لەبری ئەوەی پەرلەمان لێپێچینەوە لە حكومەت بكات، حكومەت پەرلەمان دادگایی دەكات.
لەبنەڕەتەوە بڕیارەكەی سەرۆكی حكومەت لەدژی سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامییە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو) ژمارەیەك پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكانی تریش دەخرێنە ناو لیستەكە، ئەمە بۆئەوەیە نەوترێت ئامانجەكە تەنیا سۆران عومەرە، لەلایەكی تریش پارتی نایەوێت لەم دۆسیەكەدا سۆران عومەر ببێت بەپاڵەوانی فیلمەكە.
سۆران عومەر پێشتر لە لێدوانێكدا باسی لەوەكرد، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت كۆمپانیاو بانكی تایبەت بەخۆی هەیە، ئەمە سەرۆكی حكومەتی توڕەكرد، مەسرور بارزانی نوێنەری خۆی راسپارد سكاڵای یاسایی لەسەر سۆران عومەر تۆمار بكات.
سۆران عومەر دەڵێ:" لەكاتی قەدەغەی هاتوچۆداو نەبوونی هیچ دەوامێك، لە شەودا سەرۆكی حكومەت نوێنەری یاسایی ئەنجومەنی وەزیران دەنێرێ سكاڵا دژمان تۆمار دەكەن، گوایە تۆمەتی ناڕەوا خراوەتەپاڵیان!! جگە لەوەی هەمان كات داواكاری گشتیان راسپاردوە بۆ هەمان مەبەست".
كێ لە كێ دەپرسێتەوە ؟
ئەم رۆژانە حكومەتی هەرێمی كوردستان دوچاری قەیرانێكی دارایی سەخت بووە، چاوی لە دەستی بەغدادە بڕەپارەی مانگانەی بۆ بنێرێت، ئەمەش لەژێر هەڕەشەی داڕمانی نرخی نەوتو ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی نوێدایە لەگەڵ كابینەی نوێی حكومەت لەعێراق.
ئێستا هەموان سەرقاڵی لێكدانەوەی سەرچاوەكانی داهاتن، لەشەقامیش وردە وردە ناڕەزایەتی دژی دابەشنەكردنی موچە دەستیپێكردووە، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پڕبوون لە قسەوباس لەبارەی قەیرانە نوێیەكە.
پەرلەمان كە نوێنەرایەتی دەنگی شەقام دەكات، دەبوو لەم وەختەدا لەبری خەڵك بەدواداچوون بۆ هۆكارەكانی سەرهەڵدانی قەیرانەكەو خەزێنەی بەتاڵی حكومەت بكات، بەڵام هێشتا بێدەنگە، فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمان زۆرینەی 5+1 پەرلەمانو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی بەدەستەوەیە، رێگری دەكات لەوەی پەرلەمان بە ئەركی خۆی هەستێت، پارتی لەم رێگەیەوە حكومەتی مەسرور بارزانی دەپارێزێت لە هەر گورزێك كە لە پەرلەمانەوە ئاڕاستەی بكرێت.
سەرباری رێگرییەكانی پارتی، لەناو هەندێك لە فراكسیۆنەكانی پەرلەمانەوە دەنگ بەرزبووەتەوە لەبارەی قەیرانە داراییەكە، پارتیو سەرۆكی حكومەت بەر لە فراوانبوونی بازنەی ناڕەزایەتییەكان، دەستپێشخەرییان كردو بەر لەوەی پەرلەمان لێپرسینەوە لەگەڵ حكومەت بكات، حكومەت دەیەوێت پەرلەمان دادگایی بكات.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، فراكسیۆنی پارتیو هاوپەیمانەكانی دەیانەوێت لە دانیشتنی پێنج شەممەدا پارێزبەندی (حصانە) لەژمارەیەك پەرلەمانتار وەربگرنەوە كە لەسەر قسەكردن سكاڵای یاساییان لەسەر تۆماركراوە، ئەوانەی پارێزبەندییان لەسەر هەڵدەگیرێت بریتین لەئەمانە:
• سۆران عومەر لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی
• عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان
• ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی (سكاڵایەكی مەحمود سەنگاوی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لەسەرە لەبارەی تۆمەتی فرۆشتنی چەكی ئێم فۆر-ەوە)
• كازم فاروق سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ
• هڵز ئەحمەد لە فراكسیۆنی یەكگرتوو
• لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكی تردا كە هێشتا یەكلانەبونەتەوە
كۆی گشتی پرۆسەكە دەكرێت وا لێكبدرێتەوە، مەسرور بارزانیو پارتی لەڕێگەی راپێچكردنی پەرلەمانتاران بۆ بەردەم دادگا لەم كاتی قەیرانەدا دەیانەوێت پەرلەمان بەخۆیەوە سەرقاڵ بكەن نەك چاودێریكردنی حكومەت، لەلایەكی تریش هەڵگرتنی پارێزبەندی دەبێتەهۆی چاوترسێنكردنی پەرلەمانتارانی تر.
پارێزبەندی چۆن هەڵدەگیرێت ؟
بەپێی ماددەی (24) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان كە لە كۆتاییەكانی خولی چوارەمدا هەمواركراوە، ئەو كەسەی كە دەبێت بە ئەندامی پەرلەمان، لەرۆژی سوێندخواردنییەوە وەكو پەرلەمانتار، پارێزبەندی پەرلەمانی دەبێتو ناتوانێ بەبێ مۆڵەتی پەرلەمان تەنازولی لێ بكات.
هەمان ماددە، باسلەوەدەكات" نابێت ئەندام ڕاوەدوو بنرێت یان لێكۆڵینەوەی لەگەڵـدا بكرێـت یان ماڵو نوسینگەكەی پشكنینی بـۆ بكرێـت یـان دەسـتگیر بكرێـت بـەبێ مۆڵەتی پێشوەختەی پەرلەمان، تەنیا لەو حاڵەتە نەبێت كە تاوانێكی بینـراوی ئەنجام دابێت".
هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران، بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ بەدەنگی زۆرینەی ئامادەبوانە، واتە لەم دۆسیەیەدا تاوەكو پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكان بەژمارەیەكی زیاتر لە دانیشتنی رۆژی پێنج شەممەدا ئامادەبن، زیاتر كێشە بۆ هەوڵەكەی پارتی بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئەو پەرلەمانتارانە دروست دەبێت، بەڵام سەرباری ئەمەش پارتیو هاوپەیمانەكانی هێشتا زۆرینەی 50+1ی پەرلەمانیان بەدەستەوەیە، پارتی خۆی (45) كورسی هەیە، كۆتاكان واتە نوێنەری پێكهاتەكان لە پەرلەمان كە (11) كورسییان هەیەو شكاونەتەوە بەلای پارتیدا، ئەگەر كۆتاكان لەم پرسەدا بچنە پاڵ پارتی، پارتی دەنگی (56) پەرلەمانتار زامن دەكاتو دەتوانێت پارێزبەندی لەسەر ئەو پەرلەمانتارانە هەڵگرێت، زۆرینەی 50+1 واتە دەنگی (56) پەرلەمانتار لە كۆی (111) ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان.
ئەگەر ئەم هەوڵەی پارتی بە هەر هۆكارێك شكست بهێنێت، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، بـەبێ پێشكەشـكردنی بەڵگـەی نـوێ لـە سـەر هـەمان بابـەت، داواكـاری نـوێ بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئەو پەرلەمانتارانە پێشكەش ناكرێتەوە.
خۆئەگەر هەوڵەكەش سەركەوتوو بێت، واتە پارێزبەندییان لەسەر هەڵگیرا، لە حاڵەتی راگرتنیان لە یەكێك لە گرتوخانەكان، ئەو پەرلەمانتارانە دەتوانن بەشـداری دانیشـتنەكانی پەرلـەمانو كۆبونــەوەی لیژنــەكانو گفتوگۆو دەنگدان لەسەر پرۆژەكان بكەن.
پرسی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران، یەكەمین ئاڵنگارییە كە روبەڕووی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەبێتەوە، ئەم پرسە رەنگە خولی پێنجەم دوچاری رچڵەكینێكو بكاتو گۆڕانكاری لەو كۆدەنگییە بكات كە تاڕادەیەك لەناو فراكسیۆنەكاندا هەبووە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا فراكسیۆنی یەكێتیو گۆڕانو یەكگرتوو و كۆمەڵ و شیوعی لەم پرسەدا چۆن مامەڵە دەكەن، پەرلەمان لەبەردەم زۆرینەی پارتیدا چۆڵ دەكەنو بەتەواوەتی ئاڵای سپی هەڵدەكەن یاخود بەرەنگاری دەكەنو سەرەتای قۆناغێكی نوێی ململانێی سیاسی لەناو پەرلەمانەوە دەستپێدەكات ؟
موجامەلەكەی مەسرور بارزانی !
بەمدواییە كە پەرلەمان سەرقاڵی تاوتوێكردنو پەسەندكردنی یاسای چاكسازی بوو لە دەرماڵەو خانەنشینی پلەباڵاكان، چەندجارێك وەفدی پەرلەمانتاران سەردانی بینای سەرۆكایەتی حكومەتیان كردو چاویان بە مەسرور بارزانی كەوت، ئەمە سەرەتای نزیكبوونەوەی پەرلەمانتاران بوو لە مەسرور بارزانی سەرۆكی كابینەی نوێی حكومەت.
(درەو) زانیویەتی لەیەكێك لەو سەردانانەدا بۆلای سەرۆكو تیمی حكومەت بۆ تاوتوێكردنی یاسای چاكسازی، سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی بەشداربووە، ئەوانەی لەو كۆبونەوەیەدا بوون بە (درەو)یان وت: مەسرور بارزانی لەو كۆبونەوەیەدا زیاد لە پێویست موجامەلەی سۆران عومەری كردووەو ستایشی تواناكانی كردووە، ئەمە بەشداربووانی كۆبونەوەكەی دوچاری سەرسوڕمان كردووە.
دوای ئەو موجامەلەیە، ئێستا جێگەی سەرسوڕمانە بۆچی مەسرور بارزانی بەتوندی هاتوەتەسەر هێڵو دەیەوێت سۆران عومەر دادگایی بكات.
ئەوەی لەناو پەرلەمانی كوردستان سەرۆكایەتی پرسی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئەو پەرلەمانتارانە دەكات، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانە، هێمن پێشتر لە دەزگای پاراستنی پارتی كارمەندی مەسرور بارزانی بووە، ماوەیەك دواتر بووە بە راوێژكاری مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێمی كورددستان، ئەو لەناو پەرلەمانەوە هەموو هەوڵەكانی خستوەتەگەڕ بۆ پاراستنی كابینەی مەسرور بارزانی.
بەگوێرەی نوسراوێك كە دەست (درەو) كەوتووە، رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دژی هەڵگرتنی پارێزبەندییە لەسەر پەرلەمانتاران، ئەگەر سەرۆك بەردەوام بێتو بەڕووی هەوڵەكانی جێگرەكەیدا بوەستێتەوە، سەرەتای قۆناغێكی نوێی پەیوەندییەكان لەناو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەستپێدەكات.