كۆمەڵو پارتی لە دۆخی "پارێزبەندی"دا
2020-05-05 14:51:14
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف
تەنانەت مەلا بەختیاریش داوا دەكات پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی هەڵنەگیرێت، بەڵام هێشتا عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵ بێدەنگە، (درەو) لەم راپۆرتەدا زانیاری لەبارەی هەڵوێستی كۆمەڵ سەبارەت بە كەیسەكەی سۆران عومەرو رەوتی پەیوەندییەكانی كۆمەڵ لەگەڵ پارتی لە رابردووەوە بۆ ئێستا بڵاودەكاتەوە.
مەلا بەختیاریش دژە !
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانو كوڕە گەورەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دادگا سكاڵای لەسەر سۆران عومەر ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان تۆماركردووەو دەیەوێت پارێزبەندی لەسەر هەڵبگرێت.
ماوەی دوو رۆژە ئەم باسە بووە بە بابەتی گەرمی میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە كوردستان، هەموان قسە دەكەن، تەنانەت مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش داوا لە مەسرور بارزانی كرد دەست لە بڕیارەكەی لەدژی سۆران عومەر هەڵگرێت، بەڵام ئەوەی تائێستا بێدەنگە عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامییە.
ئەمیر بۆ بێدەنگە ؟
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە دەست (درەو) كەوتوون، كۆمەڵی ئیسلامی بڕیاریداوە لە كەیسەكەی سۆران عومەردا قۆناغ بەقۆناغو بەپێی پێویستی قۆناغەكە قسەبكات، ئێستا فراكسیۆنی كۆمەڵ بەیاننامەی بڵاوكردوەتەوەو دژی هەوڵی هەڵگرتنی پارێزبەندی (حصانە)یە لەسەر سۆران عومەر، بەڵام مەكتەبی سیاسی حزبەكەو ئەمیری كۆمەڵ قسەیان نەكردووە.
(درەو) زانیویەتی، عەلی باپیر پەیوەندی بە سۆران عومەرەوە كردووەو پاڵپشتی خۆی بۆ راگەیاندووەو پێی وتووە:" دەتوانین چیت بۆ بكەین"، سۆران عومەر پێی وتووە ئەو تەنیا یەك تەكلیفی هەیە، تەكلیفەكەش ئەوەیە:" مامۆستا عەلی باپیر لەسەر ئەم كەیسە هیچ تەكلیفێك لە مەسعود بارزانی نەكات"، لەسەر ئەم هەڵوێستە، ئەمیری كۆمەڵ ستایشی سۆران عومەری كردووە.
پەیوەندییەكانی پارتیو كۆمەڵ
كۆمەڵی ئیسلامی ساڵی 2001 دامەزراوە، لەدوای دامەزراندییەوە پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ئاسایی بووە تاوەكو ساڵی 2015، لەو ساڵەدا كۆمەڵی ئیسلامی لە پرسی درێژكردنەوە یاخود نەكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێم (مەسعود بارزانی)، هەڵوێستی خۆی خستەپاڵ بزوتنەوەی گۆڕان، ئەوكات ئەمیر كۆمەڵ زیاتر لە مەسعود بارزانی، دیداری لەگەڵ نەوشیروان مستەفادا دەكرد، ئەمە پارتی نیگەرانو توڕەكرد.
ئەو ساڵانە پەیوەندییەكانی پارتیو كۆمەڵ لەوپەڕی خراپیدا بوون، پارتی لە هەولێر فشاری بۆ كادیرانی كۆمەڵ هێنا، پەرلەمانتارێكی كۆمەڵی بە "تیرۆر" تۆمەتباركردو چەندین كادری كۆمەڵی دەستگیركرد.
ئاڵۆزی پەیوەندییەكان وەكو خۆیان مانەوە تاوەكو پێكهێنانی كابینەی نویەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی ڤیتۆی لەسەر بەشداری كۆمەڵی ئیسلامی لە كابینەكەی مەسرور بارزانی هەبوو، كۆمەڵ تا دواین سات هەڵوێستی خۆی لەبارەی بەشداربوون یان نەبوون لە كابینەی مەسرور بارزانی رانەگەیاند، قسەوباس هەبوو ئەوكات پارتی لەڕێگەی پەیوەندییەكی تەلەفۆنییەوە كۆمەڵی بانگهێشت كردووە بۆ بەشداربوون لە كابینەكە، بەڵام هەوڵەكە بێ ئەنجام بوو، حكومەت پێكهاتو كۆمەڵ بەشدار نەكرا، لەدوای ئەمەوە كۆمەڵ ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆی راگەیاند.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە ئەوكات دەست (درەو) كەوتبوون، پارتی مەرجی ئەوەی هەبووە عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵ سەردانێكی پیرمام بكاتو چاوی بە مەسعود بارزانی بكەوێت، ئەمیر ئەو سەردانەی نەكردووەو ئەمە هۆكاری بەشدارنەبوونی كۆمەڵ بووە لە كابینەی نوێ.
دوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بە دوو مانگ، هێڵێكی پەیوەندی نوێ لەنێوان پارتیو كۆمەڵی ئیسلامی كرایەوە، ئەندازیاری هێڵە نوێیەكە لە پارتی (فازل میرانی) سكرتێری مەكتەبی سیاسیو لە كۆمەڵی ئیسلامیش (عەبدولستار مەجید) ئەندامی مەكتەبی سیاسی بوون.
پەیوەندییەكانی فازل میرانو عەبدولستار مەجید، دواجار بە ئاكام گەیشتو لە ئەیلولی 2019دا ئەمیری كۆمەڵ چووە پیرمامو لەگەڵ مەسعود بارزانی دیداری كرد.
ئەوكات سەرچاوەیەكی باڵا بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا سەرەتا عەلی باپیر موجامەلەیەكی زۆری مەسعود بارزانی كردووە، پێی وتووە:" ئێستا كوردستان پێویستی بە ئەزمونو توانی ئێوەیە، فەرموو براگەورەبە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان". لەبەرامبەردا مەسعود بارزانی گلەیی لە عەلی باپیر كردووە لەبارەی ئەوەی پێشتر پەیوەندی نێوان پارتیو كۆمەڵی ئیسلامی بەهێز بووە، بەڵام بۆچیو لەپێناو چی لە دوو ساڵی رابردوودا ئەو پەیوەندییەیان تێكداوە، تەنانەت بارزانی ئاماژەی بە رووداوەكانی (31)ی ئاب كردووەو باسی لەوەكردووە، ئەوكات عەلی باپیرو ئیسلامییەكان لەگەڵ پارتی بوون لەبەرامبەر یەكێتیدا.
سەرچاوەكە بە (درەو میدیا) راگەیاندبوو، ئەمیری كۆمەڵ بەشێوەی زارەكی بەڵێنی بە بارزانی داوە كە "چیتر ئەو رووداوانە دووبارەنابنەوە".
لەوكاتەوە تائێستا پەیوەندییەكانی پارتیو كۆمەڵی ئیسلامی بەدۆخێكی ئاسایدا تێپەڕیون، بەڵام كەیسی هەڵگرتنی پارێزبەندیو دادگایكردنی پەرلەمانتار سۆران عومەر هەندێك گرژیو نیگەرانی بۆ پەیوەندییەكانی هەردوولا گەڕاندوەتەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) مەكتەبی سیاسی كۆمەڵ لەڕێگەی فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتییەوە نیگەرانی خۆیان لەبارەی كەیسەكەی سۆران عومەرەوە بە پارتی گەیاندووە.
مەكتەبی سیاسی كۆمەڵ دابەشبووە بەسەر دوو ئاڕاستەدا، هەندێك لەگەڵ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانن لەگەڵ یەكێتی، هەندێك تر خوازیاری نزیكبونەوەن لە پارتی، لە پرسی بەشداربون یاخود نەبوون لە حكومەتیشدا ئەم دوو بەرەیە هەریەكەو بە ئاڕاستەی خۆی كاری دەكرد، ئەمیر لەنێوان ئەم دوو بەرەیەدا راوەستاوە.
هەوڵی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر لەلایەن پارتییەوە دوای چەند رۆژێك دێت لەسەردانی وەفدێكی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵ بۆلای لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان.
لە كەیسی سۆران عومەردا، پەرلەمانتارانی یەكێتی لەدژی هەوڵەكەی پارتی وەستاونەتەوە، سەرۆكی پەرلەمان (رێواز فایەق) كە سەربە یەكێتییە، بەفەرمیو بە نوسراو دژایەتی خۆی بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئەو پەرلەمانتارەی كۆمەڵ راگەیاندووە.
كەیسی گیراوانی كۆمەڵ
پارتی لەماوەی رابردوودا لەڕێگەی دەستگیركردنی لایەنگرانی كۆمەڵی ئیسلامییەوە بەتایبەتی لە هەولێر، هەوڵیداوە كۆمەڵو بڕیاری سیاسی كۆمەڵ جڵەو بكات.
ساڵی 2016 كە پەیوەندییەكانی نێوان پارتیو كۆمەڵی ئیسلامی ئاڵۆزبوو، پەرلەمانتار سۆران عومەر بەڵگەنامەیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، (هەزارو 300) ئەندامی كۆمەڵی ئیسلامی لە هەولێرو دەوروبەری بەتۆمەتی ناڕەواو سیناریۆی جۆراوجۆر دەستگیركراون.
پارتی زۆرجار بۆ دەستگیركردنی لایەنگرانی كۆمەڵی ئیسلامی پەنا بۆ تۆمەتی "تیرۆر" دەبات، لەمەشدا سود لە پاشناوە ئیسلامییەكەی كۆمەڵ وەردەگرێت، ژمارەی دەستگیركراوانی كۆمەڵی ئیسلامی لای پارتی لەئێستا لەبەردەستدا نییە.
بەڵام رۆژی 23ی مانگی رابردوو عەبدولستار مەجید ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵ وەكو سەرۆكی فراكسیۆنی حزبەكەی لە پەرلەمان لە هەولێر سەردانی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كرد.
یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبونەوەی عەبدولستار مەجید لەگەڵ رێبەر ئەحمەد پرسی (ئازادكردنی مەرجداری زیندانییەكان) بوو.
بەپێی راگەیەندراوی عەبدولستار مەجید خۆی، لەو كۆبونەوەیەدا داوای لە رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم كردووە" ئەو كەسانە ئازاد بكات لە رابردوودا تۆمەتی تیرۆریان خراوەتە پاڵو هیچ پەیوەندییەكیشیان بە كاری تیرۆریستییەوە نەبووە"، وەزیری ناوخۆ وتویەتی:" تائێستا ژمارەیەكی زۆر لە گیراوان ئازادكراونو پلانمان هەیە لە رۆژانی داهاتووشدا چەندین كەسی دیكە ئازاد بكەین".
ئاڵۆزبونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان كۆمەڵو پارتی، رەنگە كێشە بۆ ئازادكردنی گیراوانی سیاسی كۆمەڵ لە سنوری قەڵەمڕەوی پارتیدا دروستبكات.