ئاشتی هەورامی لەبەردەم دادگای لەندەندا
2020-08-21 19:59:16
راپۆرتی: فازل حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف
بە وشەی "ماو تسی تۆنگ"و لە تەنیشت "شەهید ئارام"ەوە زمانی قسەكردنی پژاوەو رۆڵەی كۆمەڵەی ماركسینی لینینی كوردستان بووە، ئێستا كۆمپانیای نەوتی هەیەو ئاشتی هەورامی راكێشاوەتە ناو دادگایەكی لەندەنو داوای (ملیارێكو 500 ملیۆن) دۆلار لە حكومەتی هەرێم دەكات، ئەو (هیوا ئاوات قارەمانی)یە، (درەو) لەم راپۆرتەدا وردەكاری ژیانی هیواو كەیسەكەی ئاشتی هەورامی لە دادگای لەندەنو نوسراوێكی نهێنی مەسرور بارزانیو دەستوەردانی قوباد تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی بڵاودەكاتەوە.
جارێكی تر ئاشتی هەورامی
كێشەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان كۆتاییان نایەت، دۆسیەیەك دادەخرێتو یەكێكی تر دەكرێتەوە. نەوتی هەرێمی كوردستان لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیاوە گورزێكی نوێی بەركەوت، گورزێك كە بەهاكەی دەگاتە (ملیارێكو 500 ملیۆن) دۆلار ئەگەر ئاشتی هەورامی تێیدا بدۆڕێت.
ئەمە یەكەمجار نییە ئاشتی هەورامی روبەڕووی دادگا دەكرێتەوە، پێشتر هەورامی جارێك بڕی (ملیارێكو 980 ملیۆن) دۆلاری بە كۆمپانیای (دانە غاز) دۆڕاند، جارێكی تریش بڕی (100 ملیۆن) دۆلاری بە هەمان كۆمپانیا دۆڕاند، هەموو ئەم پارانەش لە داهاتی نەوتی هەرێم دەرچوون.
ئەمڕۆ یەكەمین دانیشتنی دادگای لەندەن لەسەر كەیسێكی تری كیشەلەسەری نەوتی هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد.
لەبارەی كەیسەكەوە
كۆمپانیای (داینا ستی) كە خاوەنەكەی گەنجێكی كوردی خەڵكی شاری سلێمانییە بەناوی (هیوا ئاوات عەلی)، رۆژی 14ی ئابی 2019 لە دادگای شاهانەی بەریتانیا لە لەندەن سكاڵایەكی لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكانو یاریدەدەری ئێستای سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری وزە، تۆماركرد.
ئەم كۆمپانیایە داوای بڕی (ملیارێكو 500 ملیۆن) دۆلار قەرەبوو لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكاتو دەڵێ بەهۆی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمەوە زیانی بەركەوتووە.
كۆمپانیای (داینا ستی پترلیۆم) كۆمپانیایەكی ناوخۆیی هەرێمی كوردستانەو سنوردارە لە بواری نەوتو غازدا، ئەم كۆمپانیایە رۆژی 1ی ئازاری 2019 لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا، پشكەكانی كۆمپانیای (ریسپۆڵ)ی ئیسپانی لە دوو كێڵگەی نەوتی هەرێمدا كڕییەوە كە بریتی بوون لە:
• بلۆكی نەوتی (K39) كە دەكەوێتە كێڵگەی نەوتی (تۆپخانە) لە رۆژهەڵاتی ناحیەی قادركەرەمو ناوچەی جەبارە
• بلۆكی نەوتی (K44) لە كێڵگەی نەوتو غازی (كوردەمیر) كە دەكەوێتە خوارو ناحیەی سەنگاو و باكوری قەزای كەلار
كۆمپانیای (ریسپۆڵ)ی ئیسپانیی بەرلەوەی پشكەكانی خۆی بە كۆمپانیای (داینا ستی) بفرۆشێت، لە كێڵگەی (تۆپخانە) خاوەنی 60%ی پشكەكان بوو، لە كێڵگەی (كوردەمیر)یش 40%ی پشكەكانی هەبوو.
ئەو دوو بلۆكە نەوتییەكەی كە كۆمپانیا ئیسپانییەكە فرۆشتبووی بە كۆمپانیای (داینا ستی)، پێشتر پشكی كۆمپانیایەكی كەنەدی بوون بەناوی كۆمپانیای (تالیسمان)، واتا كۆمپانیا ئیسپانییەكە پشكی بلۆكە نەوتییانەی لە كۆمپانیایەكی كەنەدی كڕیوەتەوەو دواتر فرۆشتویەتییەوە بە كۆمپانیای (داینا ستی) كە كۆمپانیایەكی ناوخۆیی بووە.
بەپێی لێكۆڵینەوەكان، یەدەگی نەوت لە هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)و (كوردەمیر) دەگاتە (2 ملیارو 600 ملیۆن) بەرمیل، قەبارەی غازی سروشتیش لەو دوو كێڵگەیەدا بە (7 ترلیۆنو 200 ملیار) پێ سێجا خەمڵێندراوە، ئاستی وەبەرهێنانی نەوت لە هەردوو كێڵگەكە رۆژانە دەگاتە (25 هەزار) بەرمیل، قەبارەی غازی سروشتی بەرهەمهێنراویش لەم كێلگانەدا رۆژانە دەگاتە (600 ملیۆن) پێ سێجا.
كۆمپانیای (داینا ستی) گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای (ریسپۆڵ)ی ئیسپانیدا كردو پشكەكانی ئەو كۆمپانیایەی لە هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)و (كوردەمیر) كڕیەوە، بەهای گرێبەستەكە بەدیاریكراوی نازانرێت، بەڵام دەوترێت بەهاكەی ملیۆنان دۆلار بووە.
كۆمپانیای (داینا ستی) بوو بە خاوەنی پشكەكان لەو دوو كێڵگەیە، بەڵام هەرگیز دەستبەكار نەبوو، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی پێشووی حكومەتی هەرێم كاروباری یاسایی گواستنەوەی خاوەندارێتی پشكەكانی لە كۆمپانیا ئیسپانییەكەوە بۆسەر كۆمپانیای (داینا ستی) جێبەجێ نەكرد.
هەڕەشەكانی قوباد تاڵەبانی
بەپێی ئەوەی هەندێك لە میدیا خۆرئاواییەكان لەبارەی ئەم كەیسەوە نوسیویانە، ئاشتی هەورامی بۆ گواستنەوەی خاوەندارێتی پشكەكانی كۆمپانیای (ریسپۆڵ) بۆسەر كۆمپانیای (داینا ستی)، داوای رێژەی 20% بۆ 30%ی پارەی گرێبەستی نێوان ئەو دوو كۆمپانیایە كردووە، كۆمپانیای (داینا ستی) قایل نەبووە "بەرتیل" بە ئاشتی هەورامیو بەرپرسانی تری حكومیی لە هەرێم بدات، بۆیە ئاشتی هەورامیش رێگەی نەداوە گرێبەستەكە بچێتە بواری جێبەجێكردن.
سەرباری ئەمەش بەپێی ئەو بەڵگانەی ئێستا لەبەردەستی دادگای لەندەندان، ئاشتی هەورامی كەمپەینێكی هەڕەشەكردنی لە خاوەنەكانی كۆمپانیای (داینا ستی) ئەنجامداوە، هەورامی سەرەتا داوای لە قوباد تاڵەبانی جێگری ئەوكاتو ئێستای سەرۆك وەزیرانی هەرێم كردووە قسە لەگەڵ (هیوا ئاوات عەلی) خاوەنی كۆمپانیای (داینا ستی) بكاتو داوای لێبكات لە كڕینی پشكەكانی كۆمپانیا ئیسپانییەكە پاشگەز ببێتەوە، قوباد تاڵەبانی وەكو بریكاری ئاشتی هەورامی رەفتاری لەگەڵ كۆمپانیای (داینا ستی) كردووە، رەنگە بەشێكی ئەمە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە قوباد تاڵەبانی ئەندامی ئەنجومەنی كاروباری نەوتو غاز بووە لە هەرێمی كوردستان.
(هیوا ئاوات عەلی) ناچێتە ژێر باری هەڕەشەكانی قوباد تاڵەبانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی كڕینی پشكەكانی كۆمپانیا ئیسپانییەكە، لەم ماوەیەداو بەدیاریكراوی رۆژی 7ی ئابی 2019 ئاشتی هەورامی لەگەڵ چەند بەرپرسێكی تری حكومەتی هەرێم كۆبونەوەیەك لەگەڵ بەرپرسانی كۆمپانیای (ریسپۆڵ)ی ئیسپانی دەكاتو بەهەمان شێوە داوای لێدەكات لە گرێبەستەكەی بۆ فرۆشتنی پشەكەكانی بە كۆمپانیای (داینا ستی) پاشگەز ببێتەوە، كۆمپانیا ئیسپانییەكە رەتیدەكاتەوەو ئامادە نابێت پاشگەزببێتەوە.
بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی كە لەبەردەستی دادگای لەندەندانو هەندێكیان دزەیانكردووە بۆ ناو میدیا رۆژئاواییەكان، هەر لەو ماوەیەدا بووە كە پەیوەندییەك بە (هیوا ئاوات عەلی) خاوەنی كۆمپانیای (داینا ستی) كراوەو داوای لێكراوە چاوی بە لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی ئاژانسی زانیاریو پاراستن/ زانیاری بكەوێت (لاهور شێخ جەنگی ئێستا هاوسەرۆكی یەكێتییە).
وەكو باسدەكرێت، لەو كۆبونەوەیەی نێوان (هیوا ئاوات عەلی)و لاهور شێخ جەنگیدا، لاهور شێخ جەنگی بە تەلەفۆن ئاشتی هەورامی وەرگرتووە، هەورامی لە پەیوەندییەكەدا داوای لە لاهور شێخ جەنگی كردووە هێز بەكاربهێنێت بۆ ناچاركردنی هیوا ئاواتو پاشگەزكردنەوەی لە كڕینی پشكەكانی كۆمپانیا ئیسپانییەكە، بەڵام لاهور رەتیكردوەتەوە هێز لەدژی كۆمپانیای (دانیا ستی) بەكاربهێنێت، بەمشێوەیە ئاشتی هەورامی بێئومێد بووەو لە رۆژانی دواتری كێشەكەدا بیری لەوە كردوەتەوە پشكەكانی كۆمپانیای (ریسپۆڵ)ی ئیسپانی وەرگرێتەوەو خۆی جارێكی تر بیانفرۆشێتەوە.
ئاشتی هەورامی نەیتوانی گرێبەستی كڕینی پشكی كۆمپانیا ئیسپانییەكە لەلایەن كۆمپانیای (داینا ستی)یەوە هەڵوەشێنێتەوە، بەڵام سەركەوتوو بوو لەوەی رێگەنەدات كۆمپانیای (داینا ستی) كارەكانی خۆی بكات دوای كڕینی پشكەكان، ئەمەیە كە كۆمپانیای (داینا ستی) داوای قەرەبوو دەكاتو دەڵێ زیانی بەركەوتووە.
كۆمپانیای (داینا ستی) لەو سكاڵایەدا كە لە دادگاكەی لەندەن تۆماریكردووە، ئاشتی هەورامی تۆمەتبار دەكات بەوەی بەشێوەیەكی نایاسایی رێگریی كردووە لە دەستبەكاربوونی لە دوو كێڵگەی نەوتی هەرێمدا، هەروەها تۆمەتباری دەكات بە هەڕەشەكردنو فشاری نایاسایی.
لە دادگا چی گوزەرا ؟
ئەمڕۆ دادگای (ئاربیترەیشن) لە لەندەن، لەسەر سكاڵای كۆمپانیای (داینا ستی) دژی ئاشتی هەورامی، یەكەم دانیشتنی خۆی ئەنجامدا.
دانیشتنی دادگا بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا، بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو، ئاشتی هەورامی بەشداری نەكردو لە بری خۆی پارێزەرێكی ناردە ناو دانیشتنە ئۆنلاینەكە، بەناوی (گراهام دینە).
بەپێی رێوشوێنەكانی دادگا خەڵك بۆیان هەبوو بەشێوەی ئۆنلاینو لەرێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی سكایپەوە بەشداری لە دانیشتنەكەدا بكەن، ژمارەیەك كورد بەشداربوون لەو پرۆسەی دادگایكردنەدا، لەوانە (سەركەوت شەمسەدین) پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراقو رۆژنامەنوس (دانا نەقی)و چەند كوردێكی تر.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لەو كەسانەوە دەست (درەو) كەوتوون كە بەشداری دانیشتنە ئۆنلاینەكەی دادگا بوون، پارێزەرەكەی ئاشتی هەورامی هەوڵیداوە بۆ ئەوەی لە بنەڕەتەوە كۆتایی بە سكاڵا یاساییەكەی كۆمپانیای (دانیا ستی) بهێنێت، ئەوەش بەبەهانەی ئەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان خاوەن سەروەرییەو ئاشتی هەورامیش كە پێشتر وەزیری سامانە سروشتییەكان بووە، ئێستا یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتە بۆ كاروباری وزەو پارێزبەندی یاسایی هەیە، سەرباری ئەمە وای لێكداوەتەوە كۆمپانیای (داینا ستی) كۆمپانیایەكی لۆكاڵی هەرێمی كوردستانەو دەبێت كەیسی سكاڵاكەی ببرێتەوە بۆ دادگاكانی عێراق.
پارێزەری ئاشتی هەورامی نەیتوانی دادوەری دادگای بەریتانیا قایل بكات بەوەی ئاشتی هەورامی پۆستەكەی وەكو یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم پارێزبەندی یاسایی هەیەو نەوتی هەرێمی سەروەری فیدراڵی عێراقی هەیە، دادوەر بڕیاریدا لەسەر ئەم بابەتەو كۆی كەیسەكە دوای پێنج هەفتەی تر پارێزەری ئاشتی هەورامیو كۆمپانیا (دانیا ستی) هەریەكەیان دوو كەسی شارەزای خۆیان داخڵی دۆسیەكە بكەنو قسەی خۆیان بكەن بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتانە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، تیمی پارێزەری كۆمپانیای (داینا ستی) بەشی پێویست بەڵگەو شایەتییان ئامادەكردووە بۆ ئەوەی بیسەلمێنن ئاشتی هەورامی پۆستەكەی وەكو یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت هیچ پارێزبەندییەكی نییە، بەڵام پارێزەرەكەی ئاشتی هەورامی لەوەدا سەركەوتوو بوو رێگەی نەدا لە دانیشتنی ئەمڕۆدا پارێزەری كۆمپانیای (داینا ستی) بەڵگەی خۆی لەبارەی ئەوە بخاتەڕوو كە ئاشتی هەورامی پارێزبەندی یاسایی نییە.
تیمی پارێزەری كۆمپانیای (داینا ستی) لەبارەی پۆستەكەی ئاشتی هەورامی قسەیان لە یوسف محەمەد سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان وەكو شارەزایەتی یاسایی وەرگرتووە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە قسەكانیدا بۆ تیمی پارێزەرانی كۆمپانیای (داینا ستی)، یوسف محەمەد وتویەتی، پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت لە هەرێمی كوردستان لە یاسای ئەنجومەنی وەزیرانو پەیڕەوی حكومەتدا بوونی نییە، بۆیە هیچ پارێزبەندییەكی یاسایی نایگرێتەوە.
بەڵام كێشەكە لە شوێنێكی تردایە، بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو دادگای لەندەن دەست (درەو) كەوتوون، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەزمانی ئینگلیزی نوسراوێكی كردووەو تێیدا ژمارەیەك دەسەڵاتی بە ئاشتی هەورامی یاریدەدەری خۆی بۆ كاروباری وزە بەخشێوە، لەوانە دەسەڵاتی مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان، كێشەی نوسراوەكەی مەسرور بارزانی لەوەدایە بەپێی یاسا بەركارەكانی هەرێم دەبوو ئەو نوسراوە لە رۆژنامەی وەقائعی كوردستان بەزمانی كوردی بڵاوبكرێتەوە، بەڵام ئەم نوسراوە لە وەقائعدا نییە، بەبێ بڵاوكردنەوەشی لە وەقائیع ناوەڕۆكی هیچ نوسراوێك ناچێتە بواری جێبەجێكردن لەڕووی یاساییەوە.
لەلایەكی ترەوە پرسی سەروەری نەوتی هەرێم لەچوارچێوەی یاسای فیدراڵی عێراقدا كێشەی هەیە، سەركەوت شەمسەدین پەرلەمانتاری عێراق بەشداری دادگاكەی كردووەو لەرێگەی پارێزەری كۆمپانیای (داینا ستی)یەوە بە دادگای راگەیاندووە بەدوو بەڵگەنامە دەردەكەوێت نەوتی هەرێمی كوردستان سەروەریی نییە:
• بەڵگەنامەی یەكەم: حكومەتی عێراق ساڵی 2015 لەدادگای تێكساسی ئەمریكا سكاڵای لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ تۆماركردووەو سكاڵاكەی بردوەتەوە.
• بەڵگەنامەی دووەم: ساڵی 2012 حكومەتی عێراق سكاڵایەكی تری لەسەر ئاشتی هەورامیو حكومەتی هەرێم تۆماركردووە لەبارەی نایاسایبوونی فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە، راگەیاندنی ئەنجامی ئەم كەیسە لەدادگای عێراق بەهۆكاری سیاسی ئێستا راوەستاوە.
دادگای بەریتانیا مانگی شوباتی ساڵی داهاتووی دیاریكردووە بۆ بڕیاردانی كۆتایی لەبارەی كەیسەكەی نێوان كۆمپانیا (داینا ستی)و ئاشتی هەورامی.
لە هیوای شۆڕشەوە بۆ هیوای نەوت
هیوا ئاوات عەلی خاوەنی كۆمپانیای (داینا ستی) واتا ئەو كەسەی كە لە دادگای لەندەن سكاڵای لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماركردووە، كوڕی (ئاوات قارەمانی)یە، كە فەرماندەیەكی دێرینی یەكێتییەو یەكێكە لە هاوڕێ نزیكەكانی شاسوار جەلال "شەهید ئارام" یەكەمین سكرتێری كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان.
ئاوات قارەمانی كە سەرتیپی هێزێكی پێشمەرگەی یەكێتی بووە، لە كۆتایی هەشتاكانی سەدەی رابردوودا لەگەڵ خێزانو منداڵەكانیدا كوردستانی بەجێهێشتووەو چوەتە دەرەوەی وڵات، قارەمانی ساڵی 2006 یاردەوەرییەكانی خۆی لە كتێبێكدا بەناوی "رێگا باریكەكان" بڵاوكردەوە، یەكێك لە كتێبە پڕخوێنەرەكان بوو بەتایبەت بۆ ئەوانەی كە بەدوای ساغكردنەوەی مێژووی شۆڕشی كوردەوە بوون لە باشوری كوردستان.
ئاوات قارەمانی لە كتێبی یادەوەرییەكانیدا باسی لەوەكردووە، "شەهید ئارام" لە رۆژانی سەرەتای شۆڕشی نوێدا لە ماڵەكەی ئەودا بووە لە گەڕەكی سەرشەقامی سلێمانی، لەوێوە بە نهینی سەركردایەتی رێكخستنەكانی كۆمەڵەی كردووە، ئەوكات كە "شەهید ئارام" لە ماڵی ئاوات قارەمانیدا بووە، هیوا منداڵێكی تەمەن پێنج ساڵان بووە، هەرزوو بەهۆی رێكخستنەكانی كۆمەڵەوە ناوی "ماو تسی تۆنگ" كەوتوەتە سەر زمانی.
بەپێی گێڕانەوەی ئاوات قارەمانی، لەناو هاوڕێیانی كۆمەڵەدا هیوا نازناوی "قالە"ی لێنراوەو ناوی نهێنی ئەو سەردەمەی ئاوات قارەمانی خۆشی لەناو رێكخستنەكاندا "باوكی قالە" بووە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەمدواییەو بەر لە بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگای لەندەن لەسەر كەیسەكەی ئاشتی هەورامی، هیوا ئاوات قارەمانی خاوەنی كۆمپانیای (داینا ستی) لە سلێمانی بووە.
هیوا دوای ئەوەی لەگەڵ خێزانەكەیدا لە كۆتایی هەشتاكانی سەدەی رابردوو چوەتە ئەوروپا، بەزووی فێری زمان بووەو بڕوانامەی باڵای لەبواری كۆمپیوتەردا بەدەستهێناوە، هاوڕێیەتی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی كوڕی جەلال تاڵەبانی سكرتێری یەكێتیدا هەبووە، چاوساغی كوڕانی تاڵەبانی بووە لە دۆسیە یاساییو ئابورییە هەستیارەكاندا، دواجار هیوای شۆڕشو كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان گەنجێكی هەڵكەوتووی لێ بەرهەم هاتو لە هیوای شۆڕشەوە بوو بە هیوای نەوتو كۆمپانیایەكی لەبواری نەوتدا دروستكرد.
ئاوات قارەمانی باوكی هیوا ئێستا لە سلێمانی دەژی، دوای جیابونەوەی نەوشیروان مستەفا لە یەكێتی، قارەمانی پەیوەندی بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە كرد، بەڵام ئێستا لە بزوتنەوەی گۆڕان نیگەرانەو دانیشتووەو لەكاری حزبی دوركەوتوەتەوە.
سەرەتای تێكەڵابوونی هیوا لە كەیسی نەوتدا لە هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری ساڵی 2007، لەو ساڵەدا یەكێك لە كوڕەكانی مام جەلال دەكەوێتە كێشە لەگەڵ كۆمپانیایەكی كەنەدی بەناوی "ویسترن زاگرۆس"، ئەوكات كۆمپانیاكە كاری گەڕانی كردووە بۆ نەوت لەناوچەی گەرمیانو قەرەداغ، كاتێك كێشەكە ئاڵۆز دەبیێت، كۆمپانیاكە كەیسەكە دەباتە دادگایەك لە لەندەن، ماڵباتی تاڵەبانی ئەو سەردەمە سود لە تواناو لێهاتوویی هیوا ئاوات قارەمانی وەردەرگرنو لەرێگەی ئەو و كەسێكی ترەوە كەیسەكە دەبەنەوە، لەسەر داهاتی كەیسەكە، كێشە دروست دەبێت، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی هەرێم دەستوەردان دەكاتو بە پارە كێشەكە چارەسەر دەكات، ئیتر ئەمە بووە بە سەرەتای نزیكبونەوەی هیوا لە ماڵباتی تاڵەبانی، نەوت هیوا لە لەندەنەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ سلێمانی.
هیوا كە ئێستا سكاڵای لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماركردووەو داوای (ملیارێكو 500 ملیۆن) دۆلار قەرەبوو لە حكومەتی هەرێم دەكات، بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتوون، هێندەی چاوی لەوەیە كارێك لە بواری نەوتدا لە هەرێمی كوردستان وەرگرێت، هێندە نیازی بردنەوەی كەیسەكەی دادگای نییە، ئەو چاوی لەوەیە بە رێككەوتنێك لە دۆسیەكە دەرچێت، بەڵام بەمەرجێك جێ پێی لەنەوتی كوردستاندا قایم بكات.
فایلی نەوتو جانتاكەی هەورامی
(عەبدوڵا عەبدولڕەحمان عەبدوڵا) ئەمە ناوی تەواوەتی ئاشتی هەورامییە، ئەو پیاوەی تا ئەم ساتە یەكەمو كۆتا وەزیری نەوتە لە هەرێمو ماوەی (14) ساڵ وەزیری سامانە سروشتییەكان هەرێم بووە.
مەسرور بارزانی بە فەرمانی ژمارە (4)، رۆژی 15ی تەمموزی ساڵی رابردوو بڕیاریداوە بە دانانی (ئاشتی هەورامی) بە یاریدەدەری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ كاروباری وزە.
مەسرور بارزانی لە فەرمانەكەیدا بۆ دانانی ئاشتی هەورامی بە یاریدەدەری خۆی، پشتی بە هیچ دەقێكی یاسایی نەبەستووەو ئاماژەی بە هیچ دەقێك نەداوە كە دەسەڵاتی ئەوەی پێببەخشێت كەسێك بكاتە یاریدەدەری سەرۆك وەزیران.
لەماوەی 14 ساڵدا كە ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان بوو، دۆسیەی نەوت لەناو جانتاكەیدا بوو، وەزارەتەكەی بینای نەبوو، پەرلەمان ئاگاداری وردەكاری نەوت نەبوو، لەدوای دروستبوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتیشەوە بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، كەیسی نەوت هەر بە ناڕوونی ماوەتەوە.
پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەم كابینەیەشدا هەر لای پارتی مایەوە، زیاتر لە ساڵێكە حكومەت دەستبەكاربووە، بەڵام هێشتا پارتی پۆستەكەی پڕنەكردوەتەوە.
لەدوێنێوە كە وادەی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگای لەندەن لەسەر كەیسەكەی نێوان كۆمپانیای (داینا ستی)و ئاشتی هەورامی ئاشكرابووە، لەلایەن بەرپرسانی پارتییەوە هەواڵی ئەوە راگەیەندرا كە پارتی چاوەڕوانی دەستپێكردنەوەی كۆبونەوەكان پەرلەمان دەكاتو دەیەوێت پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان پڕبكاتەوە.
لەدوای دورخستنەوەی ئاشتی هەورامی لە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان، مەسرور بارزانی لەبری وەزیری سامانە سروشتییەكان (شێخ باز)ی سەرۆكی كۆمپانیای كار دەباتە ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پێشبینی دەكرێت دواجار بازەكە بەسەر شانی شێخ بازەوە بنیشێتەوەو پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان وەربگرێت.
ئاشتی هەورامی سەرەتا لەڕێگەی بەرهەم ساڵحەوە لە لەندەنەوە گەڕێنرایەوە بۆ هەرێمی كوردستان و پێشنیاز كرا بۆ پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، بەڵام دواتر ئاشتی هەورامی بووە یەكێك لە دۆستە نزیكەكانی نێچیرڤان بارزانی، بەدورخستنەوەی ئاشتی هەورامی لە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان، مەسرور بارزانی ویستی دەستی نێچیرڤان بارزانی لە كەرتی نەوتدا ببڕێت، بەڵام نەیتوانی بەتەواوەتی دەستبەرداری هەورامی ببێت، بەوپێیەی كۆدی نەوتی هەرێمی كوردستانو گرێبەستە نهێنییەكانی لەلایە.
(درەو) زانیویەتی، ئاشتی هەورامی لە شاری لەندەنو لە بینایەكدا لە تەنیشت باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ناوچەیەكدا لە پشت كۆشكی (باكینگهام)، كارەكانی بەڕێوەدەباتو تائێستا مامەڵە بە دۆسیەی نەوتەوە دەكات.
لەو بینایەدا كە دەوامی تێدا دەكات، ئاشتی هەورامی ژمارەیەك كارمەندی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی لەبەردەستدا لەگەڵ راوێژكارێك بەناوی (مایكڵ هاوەرد) كە مانگانە بڕی (40 هەزار) دۆلار موچە وەردەگرێت.
بەمدواییە ئاشتی هەورامی بەشداری لە كۆبونەوەیەكی ئۆنلاینی حكومەتدا كردووە، لە كۆبونەوەكەدا مەسرور بارزانی چەند جارێك و بە راشكاوی لەسەر پرسی نەوت رەخنەی توندی ئاراستەی ئاشتی هەورامی كردووەو بەرپرسیارێتی بەشێكی لە دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستانی خستۆتە ئەستۆی ئەو.