Draw Media

دادگا بڕیاریدا.. ئاشتی هەورامی‌و نەوتی هەرێم پارێزبەندییان نییە

دادگا بڕیاریدا.. ئاشتی هەورامی‌و نەوتی هەرێم پارێزبەندییان نییە

2020-08-21 13:55:30


(درەو):
نەوتی هەرێمی كوردستان خاوەن سەروەری نییە‌و ئاشتی هەورامی‌و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هیچ پارێزبەندییەكیان نییە تا ئەوكاتەی دەیسەلمێنن، ئەمە بڕیاری ئەمڕۆ دادگای (هایپترەیشن) بوو لە لەندەن.
یەكەمین دانیشتنی دادگا تایبەت بە كەیسی سكاڵای كۆمپانیای (داینا ستی) لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكان‌و یاریدەدەری ئێستا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری وزە كۆتایی هات، كە ماوەی (2 كاتژمێرو 50 خولەك)ی خایاند.
ئاشتی هەورامی خۆی بەشداری دانیشتنی دادگای نەكرد، لەبری خۆی پارێزەرێكی ناردبوو بەناوی (گراهام دینە).
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە (درەو) لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو دانیشتنی ئەمڕۆی دادگای (هایپترەیشن) لە لەندەن دەستی كەوتووە، پارێزەرەكەی ئاشتی هەورامی هەوڵیداوە لە بنەڕەتەوە كۆتایی بە سكاڵاكەی كۆمپانیای (داینا ستی) بهێنێت‌و لە دادگای لەندەنەوە رەوانەی دادگاكانی ناوخۆی عێراقی بكاتەوە، بەپێیەی نەوتی هەرێمی كوردستان خاوەنی سەروەری خۆیەتی‌و ئاشتی هەورامیش وەكو یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری وزە خاوەنی پارێزبەندییە، بەڵام لەم هەوڵەدا سەركەوتوو نەبووە.
تیمی ئاشتی هەورامی لەوەدا سەركەوتوو بوون لە یەكەم دانیشتنی دادگادا رێگەیان نەدا تیمی پارێزەرانی كۆمپانیا (داینا ستی) بۆچوونی یوسف محەمەد سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان داخڵی ناو دانیشتنی دادگا بكەن تایبەت بە شایەتیدانی ئەو لەبارەی پۆستەكەی ئاشتی هەورامییەوە.
لەو شایەتیدانەدا بۆ كۆمپانیای (داینا ستی)، یوسف محەمەد باسی لەوەكردووە لە هەرێمی كوردستان پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت هیچ یاسایەكی نییە، بۆیە پاڵپشتییە یاساییەكان لە نمونەی "پارێزبەندی" نایگرێتەوە. 
كێشەی گەورەی سەرۆكی دادگا لەگەڵ ناونیشانی ئاشتی هەورامیدا بووە، پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم كە ئاشتی هەورامی ئێستا ئەو پۆستەی هەیە، بۆ سەرۆكی دادگا وەكو پۆستێكی خاوەن پارێزبەندی، قایلەكەر نەبووە، بۆیە سەرۆكی دادگاكە بڕیاریداوە، لە پێنج هەفتەی داهاتوودا لەسەر ئەم كەیسە هەردوولا (واتە تیمی پارێزەرانی ئاشتی هەورامی‌و تیمی پارێزەرانی كۆمپانیای دینا ستی) هەریەكەیان دوو كەسی شارەزای خۆیان وەكو شایەتحاڵ بهێننە ناو پرۆسەكەوە بۆ یەكلاكردنەوە بابەتە كێشەلەسەرەكان.
سەركەوت شەمسەدین ئەندامی پەرلەمانی عێراق یەكێك لەو كەسانە بوو كە بەشێوەی "ئۆنلاین" بەشداری دانیشتنەكەی دادگای كرد، لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) وتی:" لە دانیشتنی دادگادا من لەڕێگەی پارێزەری كۆمپانیای داینا ستی-یەوە دوو بەڵگەم خستەڕوو، یەكەم نەوتی هەرێم خاوەنی هیچ سەروەرییەكی عێراق نییە، بەبەڵگەی ئەوەی حكومەتی عێراق ساڵی 2015 لەدادگای تێكساسی ئەمریكا سكاڵای لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێم تۆماركردووە‌و سكاڵاكەی بردوەتەوە، بەڵگەی دووەمیش سكاڵایەكی حكومەتی عێراق بوو كە ساڵی 2012 لەسەر ئاشتی هەورامی‌و حكومەتی هەرێم تۆماریكردووە لەبارەی نایاسایبوونی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمەوە، ئەم دۆسیەیە بەهۆكاری سیاسی ئێستا راوەستاوە‌و نەگەیشتوەتە ئەنجام".
دانا نەقی كە رۆژنامەنوسێكی كوردە، یەكێك لەو كەسانە بووە بەشێوەی "ئۆنلاین" بەشداری لە دانیشتنی دادگاكەدا كردووە، ئەو بە (درەو)ی راگەیاند، دانیشتنی ئەمڕۆی دادگا بۆ پرساندن بوو، دادگا مۆڵەتی پێنج هەفتەی بە هەردوولا داوە بۆ ئەوەی هەریەكەیان دوو كەسی شارەزا بهێنن لەسەر كەیسەكە‌و خەڵكانی ئاسایی لە هەرێمی كوردستان داخڵی پرۆسەكە بكرێن‌و قسەی خۆیان بكەن، دادوەر لای روون نەبوو لە داهاتوودا پۆستی ئاشتی هەورامی چی لێدێت". 
كۆمپانیای (داینا ستی پترلیۆم) كە كۆمپانیایەكی لۆكاڵییە‌و گەنجێك بە ناوی (هیوا ئاوات) سەرۆكایەتی دەكات، رۆژی 14ی ئابی 2019 لە دادگای شاهانەی بەریتانیا سكاڵایەكی لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماركرد‌و لە سكاڵاكەیدا ئاشتی هەورامی تۆمەتبار دەكات بەوەی داوای بەرتیلی لێكردووە‌و بەهۆی ئەوەی بەرتیلی نەداوە كێشە بۆ گرێبەستێكی دروستكراوە بۆ كاركردن لە دوو كێڵگەی نەوتی هەرێمی كوردستان.
كۆمپانیای (داینا ستی) كە سكاڵای لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماركردووە، دەڵێ پشكەكانی كۆمپانیایەكی ئیسپانی (ریپسۆڵ) لە هەردوو كێڵگەی (كوردەمیر)و (تۆپخانە) كڕیوەتەوەو بڕیاربوو لەو دوو كێڵگەیەدا كار بكات، بەڵام ئاشتی هەورامی رێگری لێكردووە‌و دەستوەردان‌و رێگری نایاسایی كردووە‌و داوای پشكی گرێبەستەكەی لێكردووە بە بەهای 20% بۆ 30%.
كۆمپانیای ( داینا ستی) داوای قەرەبووی (ملیارێك و 500 ملیۆن ) دۆلار لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand