Draw Media

دیوێكی دیكه‌ی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی خه‌ڵك

دیوێكی دیكه‌ی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی خه‌ڵك

2020-08-23 08:10:12


راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم

به‌هۆی ئه‌و هه‌موو كێشه‌ و قه‌یرانه‌ی زۆرانه‌ی كه‌ به‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی گرتوه‌ ‌( بێ موچه‌یی و نا عه‌داله‌تی و گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری ...هتد )، به‌ڵام ده‌بینین خۆپیشادانه‌كان و ده‌نگی به‌ره‌ی ناڕازی، نه‌بۆته‌ هۆكاری دروستبوونی به‌ره‌یه‌ك، كه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات دروست بكات، ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆی لێبكه‌وێته‌وه،‌ ئه‌مه‌ش بۆ چه‌ند هۆكارێكی سه‌ره‌كی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

یه‌كێتیی و خۆپیشاندانه‌كان
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، كه‌ هاوبه‌شی سه‌ره‌كی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ و له‌گه‌ڵ پارتیدا ته‌نها له‌سه‌ر چه‌ند شێوازێكی به‌ڕێوه‌بردن و كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندی ناكۆكن، ئه‌گه‌ر نا له‌سه‌ر ئاستی هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێم ساز و ته‌بان و هیچ كێشه‌یه‌كی سیاسی گه‌وره‌ له‌ نێوانیادا نییه، ئه‌و بڕیارانه‌شی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم و عێراق و ناوچه‌كه‌ ده‌یده‌ن به‌ راوێژكردنه‌ له‌گه‌ڵ یه‌ك. سه‌ره‌ڕای ناكۆكییه‌كانی چه‌ند مانگی رابردوویان، به‌ڵام تاوه‌كو هه‌فته‌ی رابردووش یه‌كێتیی ژماره‌یه‌كی پۆستی دیكه‌ی له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پڕكردۆته‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ میدیاكانیه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات.
ئه‌وه‌ی زیاتر پارتی نیگه‌ران كردوه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی خه‌ڵك، ‌ پارتی پێیوایه‌‌ به‌شێكی زه‌مینه‌سازی بۆ ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ به‌ ده‌ستوه‌ردانی ناڕاسته‌وخۆی‌ یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستانه‌، به‌ڵام نه‌ك له ‌به‌رامبه‌ر حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێم، به‌ڵكو له‌ دژی خودی مه‌سرور بارزانی.
زانیارییه‌ هه‌واڵگرییه‌كانی پارتی و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی سه‌ر به‌و حزبه، وایانكردووه‌ به‌رپرسانی ئیداری و ئه‌منییه‌كانی زۆنی زه‌رد، له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ر ده‌نگێك بۆ خۆپیشاندانن، زیڕه‌ بكه‌ن ترسی زۆریان هه‌بێت و شه‌قام و شوێنه‌ گشتییه‌كان بكه‌نه‌ سه‌ربازگه‌. ئه‌و ترسان و به‌سه‌ربازیكردنه‌ی له‌ لایه‌ن پارتی، هۆكاری سه‌ره‌كی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌ستوه‌ردانی ناڕاسته‌وخۆی یه‌كێتیی، نه‌ك ترسان له‌ هێزه‌كانی دیكه‌ی ئۆپۆزسیۆن،‌ چونكه‌ پارتی دڵنیایه‌ هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان‌ له‌ ئێستادا نه‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن، نه‌ تواناشیان هه‌یه‌ خۆپیشاندانی گه‌وره‌ ئه‌نجام بده‌ن.
له‌ماوه‌ی سێ رۆژی رابردوودا، به‌هۆی ئه‌و ترسه‌ی پارتی له‌ سیاسه‌تی یه‌كێتیی، ئه‌و هێزه‌ وایكرد په‌یام بۆ یه‌كێتیی بنێرێت، به‌وه‌ی كه‌ ناكرێ ئه‌وان زه‌مینه‌ خۆش بكه‌ن بۆ ئه‌نجامدانی دانیشتنی فراوانی یه‌كێتیی و پارتی، له‌ولاشه‌وه‌ ده‌ستوه‌ردانی ناڕاسته‌وخۆ هه‌بێ و رێگه‌ بدرێت خه‌ڵكانێك دۆخه‌كه‌ بقۆزنه‌وه‌. پارتی به‌ یه‌كێتی راگه‌یاندوه‌، ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ سنووری زۆنی سه‌وز ده‌گوزه‌رێت، پێچه‌وانه‌ی دانیشتنه‌كه‌ی دوو هه‌فته‌ی رابردوو نێوان هه‌ردوولایه‌ له‌ هاوینه‌هه‌واری دۆكان.
ئه‌م جۆره‌ مامه‌ڵه‌كردنه‌ی یه‌كێتیی له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌ران له‌لایه‌ك وه‌كو كارت به‌رامبه‌ر خودی مه‌سرور بارزانی به‌كاریده‌هێنێت، له‌ لایه‌كی دیكه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌، چونكه‌ ئه‌م شێوازه‌ پشتگیریكردن له‌ خۆپیشانده‌ران له‌ لایه‌ن یه‌كێتیی، بۆته‌ جۆرێك له‌ بارمته‌گرتنی خۆپیشاندان، كه‌ واده‌كات خۆپیشاندان به‌ هیچ جۆرێك ئامانجه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی خۆی نه‌پێكێت؛ كه‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و هێنانه‌كایه‌ی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌دیهێنانی ژیانێكی باشتره‌.
ئه‌گه‌ر یه‌كێتیی به‌ جدی ناڕازییه‌ به‌هۆی ئه‌و نفوزه‌ی جه‌ماوه‌ریه‌ی هه‌یه‌تی ئه‌گه‌ر بیه‌وێ ده‌توانێت به‌ خۆپیشاندان و ده‌یان كارتی دیكه‌ی به‌رده‌ستی‌ به‌كاربهێنت بۆ گۆڕینی بارودۆخه‌كه‌، به‌ڵام مامه‌ڵه‌كانی ئێستای یه‌كێتیی به‌شێوه‌یه‌كه‌ نه‌ رێگه‌ ده‌دات خۆپیشادانی خۆرسك و جدی به‌ڕێوه‌بچێت و داواكارییه‌ ره‌واكانی خۆپیشانده‌ران بێته‌ دی، به‌ مانایه‌كی دیكه‌ نه‌ رابه‌رایه‌تی خۆپیشاندان ده‌كات، نه‌ رێگه‌ش ده‌دات خۆپییشادان له‌سه‌ر رێچكه‌ دروسته‌كه‌ی خۆی به‌ڕێوه‌بچێت.
یه‌كێتیی خۆپیشاندانه‌كانی به‌ بارمته‌ گرتووه‌ بۆ داواكارییه‌كانی خۆی (هه‌ركاتێك بیه‌وێت فشار دروست بكات و په‌یام بنێری زه‌مینه‌سازی بۆ خۆپیشاندان دروست ده‌كات، ئه‌گه‌ر ده‌ستكه‌وتیش به‌ده‌ست ده‌هێنیت ئه‌وه‌ سه‌ركوتی خۆپیشاندان ده‌كات). یه‌كێتیی ناچێت مه‌سئولیه‌ت له‌گه‌ڵ پارتی هه‌ڵگرێت و بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ به‌ خۆپیشانده‌رانی راسته‌قینه‌ و حه‌قیقی خۆش بكات.
پارتی و یه‌كێتیی ئه‌و ماوه‌یه‌، به‌رده‌وام له‌ پشتی په‌رده‌وه‌ مشتوومڕیانه، به‌رده‌وامیش پارتی په‌یام بۆ یه‌كێتیی ده‌نێرێت، كه‌ ده‌ست له‌و كارانه‌ هه‌ڵگرن، چونكه ‌ئه‌وه‌ی له‌ زاخۆ روویدا خه‌ریك بوو له‌ ناوچه‌یه‌كی دیكی سنووری هه‌ولێر رووبدات، به‌ڵام پارتی زوو یه‌كێتیی ئاگاداركرده‌وه‌، كه‌ ناتوانن ئه‌وانیش باره‌گاكانی ئه‌وان له‌ هه‌ولێر و دهۆك بپارێزن ئه‌گه‌ر شتێكی له‌م جۆره‌ له‌م شوێنانه‌ رووبدات.
له‌ هه‌فته‌ی یه‌كه‌مدا، یه‌كێتیی له‌به‌رامبه‌ر خۆپیشاندانه‌كان بێده‌نگی كرد، به‌ڵام له‌ هه‌فته‌ی دووه‌م دا دوای فشاره‌كانی پارتی، له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌م به‌ هێرشكردنه‌ شاسوار و چه‌ند فه‌رمانگه ‌و باره‌گه‌یایه‌ك به‌شێك له‌ داواكارییه‌كه‌ی پارتی جێبه‌جێكرد، ره‌نگه‌ دوای ماوه‌یه‌كی دیكه‌ به‌ بیانوی توندوتیژی كه‌وتنه‌وه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كان‌، رێگه‌ به‌ هیچ جۆره‌ گردبوونه‌وه‌یه‌ك نه‌دات، به‌تایبه‌ت كه‌ له‌گه‌ڵ پارتی نزیك ده‌بێته‌وه‌.

نه‌وه‌ی نوێ و خۆپیشاندانه‌كان
ده‌سه‌ڵات به‌رده‌وام له‌ هه‌رێم كیشه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندانه‌كان هه‌یه‌، كه‌ نایه‌وێ بڵی خۆپیشاندان به‌هۆی‌ بێزاری خه‌ڵكه‌ و هه‌روا به‌رده‌وامیش له‌ تۆمه‌تی حازر به‌ده‌ست ده‌گه‌ڕێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی رابردوو له‌ زاخۆ روویداو خستیه‌ ئه‌ستۆی په‌كه‌كه‌ و نه‌وه‌ی نوێ.
شاسوار، كه‌ ئێستا خۆی كردۆته‌ خاوه‌نی ‌ شه‌قام، خزمه‌تی ئه‌و دوو خاڵه‌ ده‌كات، كه‌ ده‌سه‌ڵات به‌ دوایدا ده‌گه‌ڕێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی شاسوار خۆی كردۆته‌ خاوه‌نی خۆپیشاندان ئه‌وه‌ش رێگه‌ی خۆشكردووه‌، بۆئه‌وه‌ی به‌بێ داتاشین بیانوه‌كه‌ بداته‌ ده‌ستیان و خزمه‌تیان بكات.
ئه‌و كابرایه‌ خۆی كردۆته‌ خاوه‌نی خه‌ڵكی ناڕازی له‌ شه‌قامه‌كان، به‌هۆیه‌وه‌ هه‌م به‌شێكی زۆر هێز و خه‌ڵكه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێم له‌ رقان و به‌شێكی دیكه‌ ش نایه‌وێ كه‌س نوێنه‌رایه‌تیان بكات و ده‌یانه‌وێ خۆپیشاندان خۆرسك بێت ( كه‌ ئه‌مه‌ش قه‌باره‌ی خۆپیشاندانه‌كانی بچووك كردۆته‌وه‌) . هه‌میش‌ له‌ پێناو خواسته‌كانی خۆی شوناسێكی داوه‌ته‌ خۆپیشاندانه‌كان به‌ رابه‌رایه‌تیكردنی، ئه‌وه‌ش بۆته‌ بیانووه‌ك به‌ ده‌ست پارتی و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، بۆ لێدان له‌ خه‌ڵك و شه‌رعیه‌تدان به‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران. ئه‌مانه‌ش واده‌كات دواجار خۆپیشاندانه‌كان هیچ ئه‌نجامێكی نه‌بێت، یه‌كێتیش له‌م نێوه‌نده‌دا هه‌ركاتێك بیه‌وێ شاسوار وه‌ك مه‌قاش و كارتێك به‌رامبه‌ر پارتی به‌كاربهێنێت.

پارتی و خۆپیشاندانه‌كان
پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌رجارێك خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی دروست ده‌بێت له‌گه‌ڵ ده‌ره‌نجامی كێشه‌كان مامه‌ڵه‌ ده‌كات؛ واته‌ كار له‌سه‌ر سه‌ركوتكردن و گرتن و راوه ‌دونانی سه‌رانی خۆپیشانده‌ران ده‌كات، نه‌ك هۆكار و سه‌رچاوه‌ی ئه‌و خۆپیشاندانانه،‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ برسیكردنی خه‌ڵك و نا عه‌داله‌تی و گه‌نده‌ڵی.
پارتی نایه‌ت كار له‌سه‌ر بڕینی بیانوی خه‌ڵك و هێزه‌كان به‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان بكات، ته‌نها به‌ به‌نجكردنی و سڕكردنی كاتی ده‌یه‌وێ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان توڕه‌یی خه‌ڵك دامركێنێته‌وه‌، له‌كاتێك ئه‌و ستراتیژه‌ی پارتی به‌رامبه‌ر داواكاری خه‌ڵك هه‌ڵه‌یه‌، رۆژێك دێت ناتوانێت ئه‌و ناڕه‌زاییه‌تیانه‌ سه‌ركوت بكات، له‌وانه‌شه‌ سه‌ری بخوات.
پارتی كه‌ خاوه‌نی حكومرانییه‌ و زۆرینه‌ی حكومه‌ت و په‌رله‌مانه، ده‌بوایه‌ باشتر مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ هێزه‌كان بكات، به‌ تایبه‌ت یه‌كێتیی له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێستا پێیه‌كی له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ و پێیه‌كی له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆنه‌.
پارتی گله‌یی له‌ یه‌كێتیی هه‌یه‌ كه‌ ده‌ستوه‌ردانی ناراسته‌وخۆ ده‌كات، به‌ڵام نه‌یتوانیو ئه‌و گرێیه‌ ده‌روونییه‌ تێبپه‌ڕێنی و یه‌كێتیی بهێنێته‌ ژێر باری مه‌سئولیه‌ت، له‌ پێناو زۆرینه ‌و حاكمیه‌تی خۆی باشتر هه‌نگاو بنێت، به‌ تایبه‌ت له‌ دوای كۆنگره‌ی یه‌كێتیی ئه‌و گڕێ ده‌روونییه‌ تێبپه‌ڕێنێت. باشییه‌كه‌ی ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌بوو ئه‌و كات به‌ره‌ی پارتی و یه‌كێتیی باشتر روون ده‌بوویه‌وه‌، به‌ره‌ی ناڕه‌زایی و خۆپیشانده‌رانی حه‌قیش باشتر به‌ دیار ده‌كه‌وت.
ئایه‌ پارتی هه‌ر له‌ به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و به‌ره‌یه‌ روون نه‌بێته‌وه،‌‌ یه‌كێتیی ناهێنێته‌ به‌ره‌ی خۆی؟ بۆئه‌وه‌ی هه‌رجاره‌ی به‌ بیانوی یه‌كێتیی له‌ پشتی یه‌كێتیی له‌ خۆپیشانده‌ران بدات، یان پارتی به‌ قه‌ده‌ر غروری به‌هێزی و گه‌وره‌یی خۆی ناتوانێت سازش و دڵ فراوانی بكات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand