بایدن بە ستافی (ئۆباما) هەڕەشە لە ئەردۆغان دەكات!
2020-08-18 12:05:11
راپۆرت: هێمن خۆشناو
چەند رۆژێكە دیمانەیەكی ڤیدیۆی (جۆن بایدن) كاندیدی پارتی دیموكرات بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا كە بەر لە هەشت مانگ ئەنجامدراوە تۆڕە كۆمەلایەتیەكانی توركیای تەنیوەتەوە. بەمەش دەسەڵات و میدیای توركیا نیگەران بووە، لە كاردانەوەشیاندا بە ئاشكرا پشتگیری مانەوەی (دۆناڵد ترەمپ) دەكەن.
جۆن بایدن لەم ڤیدیۆیەدا كە دیمانەیەكە لەگەڵ چەند سەرنووسەرێكی (نیوۆڕك تایمز)، لە 16 كانوونی یەكەمی 2019 ئەنجامیداوە و لە ناوەڕاستی مانگی كانوونی یەكەمی 2020 پەخش كراوە (لەگەڵ ئەم پۆستە بڵاودەكرێتەوە) لەبارەی توركیا باس لەم سیاسەتە دەكات كە دەیگرێتەبەر لە ئەگەری سەركەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكادا:
"پێویستە لە بەرامبەر ئەودا (مەبەستی ئەردۆغانە) هەڵوێستێكی جیاوازتر بگرینەبەر. دەبێت بە ئاشكرا پشتگیری لە سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆن بكەین. پێویستە پشتگیری لەو كوردانە بكەین كە دەخوازن لەناو كاری پەرلەمانیدا جێبگرن. دەبێت لەدژی ئەو شتانە دەنگ هەڵبڕین كە پێمانوایە هەڵەیە. پێویستە باجی كردەوەكانی بدات.
دەربارەی ئەوەی چەند جۆرە چەكێكی پێ بفرۆشین یان نەفرۆشین، ئامادەبین هەندێك باج بدەین.
پێموایە دەبێت وەكو رابردوو بكەین، پشتگیری لە ئۆپۆزسیۆن بكەین تا بتوانین ئەردۆغان بە دۆڕاندن بدەین. نەوەكو بە كودەتا بەڵكو بە هەڵبژاردن.
ئەردۆغان و پارتەكەی هەڵوەشاوەتەوە. لە ئیستانبۆڵ لێكترازاوە. باشە ئێمە چی بكەین؟ دابنیشین و ئاڵای تەسلیمبوون هەڵكەین؟
دەبێت ناچار بكرێت لە مەسەلەی كورد ملكەچی بنوێنێت".
بایدن، بەر لەوەی ببێتە كاندیدی سەرۆكی ئەمریكا، بۆ ماوەی هەشت ساڵ لە لوتكەی ناوەندی بڕیاردانی ئەمریكا جێی گرتووە. بۆیە ئەگەر كاندیدی سەرۆكایەتی ئەمریكاش نەبێ، یان بە مەبەستی كەمپینی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەم قسانەی نەكردبێ، دیسان هەڵوێستەكانی گرانیەكی خۆی دەبێت و مایەی هەڵوەستەكردن و شڕۆڤەكردنە.
بۆچی ڤیدیۆكە سەر لەنوێ دەبێتە رۆژەڤ؟
تورك پەندێكی پێشینانی هەیە كە دەڵێت:" لە رووی زەمانەوە واتادارە". بە لەبەرچاوگرتنی هۆكاری بە رۆژەڤكردنی ڤیدیۆكە بۆ جاری دووەم دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە حەوت مانگ بەسەر بڵاوكردنەوەی بۆ یەكەم جار، دەكرێت كاردانەوەی توندی میدیا و دەسەڵاتدارانی ئاكەپە، بۆ ئەم ڤیدیۆیە، بە هەوڵەكانی ئاكەپە لە قەڵەم بدەین.
بۆ گۆڕینی رۆژەڤی سەرەكی ناوخۆی توركیا بە تایبەتی بارودۆخی خراپی ئابووری، هەڵكشانی رێژەی هەژاری و بێكاری. میدیای ئاكەپە لە ماوەی رابردوودا، بۆ دوورخستنەوەی نیگای خەڵك لەبارەی ئەم بارودۆخە زیرەكانە دوو رۆژەڤی سەختەیان دروست كرد و خەڵكیان پێ خەریك كرد. یەكەم جار گۆڕینی (ئایا سۆفیا) لە مۆزەخانە بۆ مزگەوت، پاشانیش گوایە (موحەڕەم ئینجە) كاندیدی پێشووی پارتی گەلی كۆمار (جەهەپە) لە پارتەكەی جیادەبێتەوە و پارتێكی دیكە دروست دەكات، كردە رۆژەڤ. بەڵام ئەم ڤیدیۆیە رۆژەڤە سەختەكانی ئاكەپەی پووكاندەوە و جارێكی دیكە نیگای رای گشتی توركیای راكێشایە سەر رۆژەڤی سەرەكی ئەم وڵاتە كە بریتیە لە كێشەی بارودۆخی سەختی ئابووری و سیاسەتی ناحەكیمانەی دەسەڵاتی ئەردۆغان لەناوخۆ و دەرەوەی توركیادا.
لەهەمان كاتدا ڤیدیۆكەی بایدن ئاماژەیە بە هەڵكردنی رەشەبایەكی توند دژ بە توركیا لە ئەگەری سەركەوتنی ئەم فیگوڕە 78ساڵیە. دوورنیە ئاكەپە لەوە دڵنیا بێت، كە ئەگەر بایدن بگەڕێتەوە كۆشكی سپی، ئەو قەڵغانە لەسەر توركیا هەڵدەگرێت كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دایناوە.
ئەردۆغان خۆی دەكاتە ئەكتەری هەڵبژاردنی ئەمریكا!
ركابەری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا بۆ ئەردۆغان و ستافەكەی رووداوێكە كە بە درێژایی مێژوو حكوومەتەكانی توركیا رووبەڕوی نەبوونەتەوە.
سەر لەنوێ بە رۆژەڤكردنی ڤیدیۆی دیمانەكەی بایدن لەگەڵ نیوۆرك تایمز، بەخوێندنەوەی دەسەڵاتدارانی تورك ئاماژەیە بە هەڵدانەوەی حسابی ساڵانی رابردوو. ئەم ڤیدیۆیە رۆژانی سێگۆشەی ئۆباما –كلنتۆن – بایدن بەبیر ئەردۆغان دەهێنێتەوە. هەر بۆیە لەو كاتەی هێشتا پڕۆسەی هەڵبژاردن لە ئەمریكا چەند مانگێكی ماوە، هەردوو ركابەر، هەموو كارتەكانیان لەدژی یەك نەخستۆتەگەڕ، بەرپرسانی تورك، بەشەو و بەڕۆژ هێڕش دەكەنە سەر پارتی دیموكرات و جۆن بایدن.
بەشێك لە سیاسەتمەدار و لایەنگرانی ئاكەپە لەناوخۆی ئەمریكادا لە پێناو بەدەستهێنانی رەنتخۆری و دڵخۆشكردنی ئەردۆغان لەسەر پڕۆفیلی لاپەڕەكانیان لە سۆشیال میدیادا وەكو (تەرەمپچی) خۆیان بەناو دەكەن. بەرزكردنەوەی دروشمی (لایەنگری ترەمپ و دژبەری بایدن) لەلایەن ئەم كەسانە، قومارێكی دیكەی نوێی ئەردۆغانە. دەیسەلمێنێ كە سەركۆماری توركیا زۆر شتی خۆی بە دووبارە سەركەوتنی ترەمپ دەبەستێتەوە.
لەناوخۆی توركیاشدا رۆژنامەكانی (میللەیەت و توركیا) كە زۆر نزیكن لە ئاكەپە لایەنگری خۆیان بۆ ترەمپ دووپات دەكەنەوە و تۆمەتی پشتگیریكردنی تیرۆر دەدەنە پاڵ بایدن.
ستافەكەی ئۆباما ترسی ئەردۆغان زیاتر دەكات!
لە ئەگەری سەركەوتنی جۆن بایدن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، پێشبینی دەكرێت لە رۆژانی یەكەمینیدا، چەندین ئاگاداری و وریا كردنەوە ئاراستەی توركیا بكات. كە ئەمەش سەرەتایەكە بۆ ئاڵۆزتر كردنی پەیوەندی واشنتن – ئەنقەرە.
هەروەها چاوەڕێ دەكرێت، بەڕێوەبەرایەتی بایدن لە مەسەلەكانی (ئێف – 35)، (ئێس – 400)، هەروەها مەسەلەی پشتگیریكردنی كورد لە ( سوریا، عێراق و توركیا) پێچەوانەی ئەردۆغان بیر بكاتەوە، ئەمەش ئەردۆغان ناچار دەكات تا هەوڵەكانی چڕتر بكاتەوە و خۆی بكاتە ئەكتەرێكی پێشبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا.
ئەگەر بایدن لە رووی ئیجرائیەوە زۆر توندیش نەبێت، ئەوە گومانی تێدانیە، كە بەهۆی كڕینی سیستەمی مووشەكی (ئێس – 400) لە رووسیا گەماڕۆی (CAATSA) بەسەر توركیا بسەپێنێ و تا كۆتایی 2021 یشدا بڕیاری دوایی دەربارەی دۆسیەی هاڵك بانك ئاشكرا بكات، كە پێشبینی دەكرێت بە توركیا ناچاری پێ ژماردنی ملیۆنان دۆلار بكات.
بایدن لە دیمانە و گفتەكانیدا چەندین جار بە راستەوخۆ باسی لە ستافەكەی باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمریكا كردووە، رایگەیاندووە لە ئەگەری سەركەوتنی لە ململانێی سەرۆكایەتیدا پشت بەو ستافە دەبەستێت و دەیانگەڕێنێتەوە كۆشكی سپی. ئەمەش گرفتێكی دیكە بۆ ئەردۆغان دروست دەكات، ئەوەندەی دیكە ئەردۆغان لە بایدن هار دەكات.
بەهۆی دوو هۆكاری سەرەكی ئەردۆغان نەفرەت لە ستافەكەی ئۆباما دەكات:
یەكەمینیان: ئەم ستافە لەدوای 2014 و سەرهەڵدانی داعش رۆڵی سەرەكی هەبووە، لە هاوكاریكردنی كوردانی سوریا، جا ئەم هاوكاری كردنە لە رووی پێدانی چەك بێت یان مەسەلەی دیكە. ئەردۆغان باش دەزانێ ئەگەر هیلاری لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەمریكا تووشی شكست نەبووایە، زۆر زەحمەت بوو ئەمریكا چرای سەوزی بۆ هەڵكات و بتوانێ سەرێكانیێ و گرێ سپی لە باكووری رۆژهەلاتی سوریادا داگیر بكات.
دووەمینیان: ستافی ئۆباما – بایدن، پەیوەندی تۆكمەیان هەیە لەگەڵ گولەنیەكان. لە مەسەلەی ئیدارەی دەوڵەت و جومگە سەرەكیەكانی دەوڵەت لە توركیادا تا رادەیەكی دیار نزیكن لە دونیابینی گولەنیەكان.
ئایا بایدن (مێكگۆرك) دەگەڕێنێتەوە؟
ئەوەی زیاتر لەم مەسەلەیەدا پەیوەندی بە كورد هەبێت: گێڕانەوەی ستافی سەردەمی باراك ئۆبامایە بۆ كۆشكی سپی، لە ئەگەری سەركەوتنی (بایدن) دا. ئایا بایدن ئەم بەڵێنەكەی جێبەجێ دەكات و لە جێبەجێكردنی سیاسەتەكانی پشت بە ستافەكەی ئۆباما دەبەستێت؟ هەروەها لە ئەگەری جێبەجێكردنیدا، ئایا بایدن (برێت مێكگۆرك) نوێنەری پێشووی سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دەگەڕێنێتەوە كۆشكی سپی؟
ئەگەر ماكگۆڕك بگەڕێندرێتەوە، بێگومان پەیوەندی ئەمریكا – كورد لە پەیوەندیەكی تەسكی رۆژانە دەچێتە قۆناخێكی نوێ، ئەمەش بە قازانجی دۆزی كورد دەشكێتەوە!