راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف دواجار یەكێتی نیشتمانی كوردستان كەوتە دەست ماڵباتی تاڵەبانی، بەڵام ئەمە سەرەتای گەمەكەیە، كۆسرەت رەسوڵو مەكتەب سیاسییەكانی پێشتری حزب هێشتا ئاڵای سپییان بەرزنەكردوەتەوە، چەندین ئاڵنگاری چاوەڕوانی لاهور شێخ جەنگیو بافڵ تاڵەبانی دەكەن، ئامۆزاكان (نەوەی دووەمی تاڵەبانییەكان) لە زەمەنێكدا دەسەڵات دەگرنەدەست، كە حزب بەدۆخێكی پەرتەوازەیی داراییو سەربازیو میدیایدا تێدەپەڕێت، ئایا هاوسەرۆكەكان یەكێتی هەڵدەسێننەوە ؟ یەكێتی لەسەردەمی حوكمی ئامۆزاكاندا دوای نزیكەی دوو مانگ لە بەڕێوەچوونی كۆنگرە، دواجار یەكێتی نیشتمانی كوردستان دوو هاوسەرۆكی بۆ بەڕێوەبردنی حزبەكە هەڵبژارد. ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كە لە (121) كەس پێكدێت، ئەمڕۆ كۆبووەوە، لەم ژمارەیە (91) كەس بەشداربوون لە كۆبونەوەكەدا، (90) كەسیان دەنگیاندا بۆ هەڵبژاردنی هەریەكە لە لاهور شێخ جەنگیو بافڵ تاڵەبانی وەكو هاوسەرۆكی یەكێتیو بەمجۆرە سەردەمی حوكمی ئامۆزاكانو نەوەی دووەمی تاڵەبانییەكان دەستیپێكرد. هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی هاوسەرۆكەكان، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی هەموو ماددەكانی پەیڕەوی ناوخۆی پەسەندكرد كە لە (77) مادە پێكدێت، بەمەش یەكەمین كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی كە لە دوای كۆنگرەوە بەشێوەیەكی كراوە هێڵدرابووەوە، كۆتایی هات. لە جێگرەوە بۆ كارگێڕ پرسی جێگرانی هاوسەرۆكی یەكێتی كە یەكێك لە بابەتە كێشە لەسەرەكان بوو لەنێوان جەمسەرەكانی یەكێتیدا، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا یەكلاكرایەوە. بەپێی ئەوەی لە پەیڕەودا بڕیاری لەسەر دراوە، هاوسەرۆكەكانی یەكێتی جێگریان نابێت، لەبری جێگر (5) كارگێڕیان دەبێت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەبارەی پڕكردنەوەی پۆستەكانی كارگێڕ ناكۆكی هەیە، كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی داوا دەكات هەردوو كوڕەكەی (دەربازو شاڵاو) دوو پۆستی كارگێڕ وەربگرن، ئەمە تائێستا رێككەوتنی لەسەر نەكراوە. بۆ پۆستی كارگێڕ ناوی چەند كەسێكی تر لە ئارادایە لەوانە (رەفعەت عەبدوڵا)و (قادر عەزیز). چارەنوسی بەرهەم ساڵح بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كە پێشتر كاندیدی بەهێز بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی یەكێتی، دواجار لە گەمەكە كرایەدەرەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەركردایەتیدا پێشنیاز كراوە بەرهەم ساڵح بكرێت بە سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی، بەڵام ئەو پێشنیازە دەنگی نەهێناوە. پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن، مستەفا چاوەڕەش بكرێت بە سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی، بەوپێیەی بەتەمەنترین ئەندامی سەركردایەتییەو هەموو كۆبونەوەكانی یەكەمین دانیشتنی ئەنجومەنی سەركردایەتی ئەو سەرپەرەشتی كردوون. بەمەش بەرهەم ساڵح تائێستا تەنیا یەك پۆستی حزبی هەیە لەناو یەكێتیدا كە ئەویش ئەندامی سەركردایەتییەو بە "تەزكیە" لە كۆنگرەی چوارەمدا ئەو پۆستەی پێدراوە. یەكێتی لە دەستی ماڵباتی تاڵەبانیدا لەدوای نەخۆشكەوتی جەلال تاڵەبانی سەركردەی مێژوویی حزبەكەوە لە ساڵی 2012دا، كێشمەكێشی زۆر لەنێوان سەركردەكانی یەكێتی لەبارەی خاوەندارێتی حزبەكەوە دروستبوو، ئەو كێشمەكێشانە لە قۆناغێكدا دروستبوونی "ناوەندی بڕیار"ی لێكەوتەوە بە سەرۆكایەتی كۆسرەت رەسوڵ، لە قۆناغێكی تردا سەریكێشا بۆ جیابونەوەو بەرهەم ساڵح جێگری سكرتێری ئەوكاتی یەكێتی لە حزبەكە، بەر لە كۆنگرەی چوار، بەرهەم ساڵح لەڕێگەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقەوە گەڕایەوە بۆ ناو یەكێتی، پێشتریش ناوەندی بڕیار كە باڵێكی بەهێز بوو لەدژی ماڵباتی تاڵەبانی، لە مانۆڕێكی كۆسرەت رەسوڵدا لەگەڵ ماڵباتی تاڵەبانیدا لەناوچوو. دواجار كۆنگرەی چوارەم، یەكێتی نیشتمانی لەسەر سینییەكی زێڕین خستەبەردەم ماڵباتی تاڵەبانی، ئێستا لە كۆی (121) كەس لە سەركردایەتی نوێی یەكێتی، (90) كەسیان یەكلابونەتەوە بۆ ماڵباتی تاڵەبانی. لەدوای هەڵبژاردنی كوڕە گەورەو برازایەكی جەلال تاڵەبانی وەكو هاوسەرۆك، ئێستا پرسیارە گەورەكە ئەوەیە ئایا یەكێتی نیشتمانی هاوشێوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەتەواوەتی بووە بە حزبێكی بنەماڵەیی یاخود نا ؟ هەندێك پێیانوایە لە ئێستاوە سەرەتای قۆناغی بەبنەماڵەیی بوونی یەكێتی دەستپێدەكات، هەندێكی تر چاوەڕوانی كات دەكەنو دەڵێن هێشتا لەناو یەكێتی دیار نییە كێ سەنتەری بڕیارە، كۆسرەت رەسوڵو مەكتەب سیاسییەكانی پێشتری حزب بەهێزنو دەتوانن بەرەنگاری بەبنەماڵەبوونی حزبەكە بینەوە. ئاڵنگاریی بەردەم هاوسەرۆكەكان لە ساڵی 2012وە بەهۆی نەخۆشكەوتنی تاڵەبانییەوە، یەكێتی بەبێ سەرۆك بەڕێوەچووە، دوای هەشت ساڵ ئەمڕۆ لەبری یەك سەرۆك یەكێتی دوو سەرۆكی هەڵبژارد. هاوسەرۆكەكانی یەكێتی وەكو ئەوەی پێشبینیی دەكرا، دوای هەڵبژاردنیان هیچ قسەیەكی ئەوتۆیان نەكرد كە تینوێتی یەكێتییەكان بۆ سەرۆك بشكێنێت. یەكێك لەو دروشمانەی كە هەریەكە لە بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكە نوێیەكانی یەكێتی لە چەند ساڵی رابردوودا هەڵیانگرتبوو، دروشمی "هەستانەوەی یەكێتی" بوو، ئایا دەتوانن یەكێتی هەڵسێننەوە ؟ چەند ئاڵنگارییەك لەبەردەم هاوسەرۆكە نوێیەكانی یەكێتیدایە، ئەو ئاڵنگارییانە چارەنوسی یەكێتیو دەسەڵات لەناو یەكێتی لە چەند ساڵی داهاتوودا دیاری دەكەن، دیارترین ئاڵنگارییەكان ئەمانەن: هاوسەرۆكایەتی.. كێشە یان چارەسەر بەڕێوەبردنی حزب بەشێوەی هاوسەرۆكایەتی یەكێك لە دیارترین ئەو ئاڵنگارییانەیە كە لە چەند ساڵی داهاتوودا روبەڕووی یەكێتی دەبێتەوە. بەڕێوەبردنی حزب لەلایەن دوو سەرۆكەوە مۆدێلی كاركردنی پارتی كرێكارانی كوردستانو حزبەكانی سەربە (پەكەكە)یە بە جۆرێك لە دەستكارییەوە، بۆ یەكێتی ئەمە یەكەمین ئەزمونی بەڕێوەبردنە. لەناو پەكەكەو حزبەكانی سەربە پەكەكەدا هاوسەرۆكایەتی بە پلەی یەكەم بۆ راگرتنی باڵانسی جێندەرییە لەنێوان پیاوانو ژناندا، بەڵام لە مۆدێلەكەی یەكێتیدا كۆتایهێنانە بە ناكۆكی دوو كارەكتەری سیاسی بەهێزی ناو یەك ماڵباتدا كە هەریەكە لە لاهور شێخ جەنگیو بافڵ تاڵەبانییە، ئایا هاوسەرۆكایەتی كۆتایی بە ناكۆكییەكان دەهێنێت، یاخود بڕیاری سیاسی یەكێتی لە داهاتوودا دوچاری ئیفلیجبوون دەكات، كێشەیەك كە لەدوای نەخۆشكەوتنو كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی باوكەوە یەكێتی بەدەستییەوە دەناڵێنێت. دارایی یەكێتی كە پێشتر لەچوارچێوەی ئیدارەی گشتیو كۆمپانیای نۆكاندا لە قاڵبدرابوو، لەدوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانییەوە پەرشو بڵاوبووە لەنێوان جەمسەرەكانی یەكێتیدا، بەجۆرێك ئێستا بە دیاریكراوی نازانرێت موڵكو ماڵەكانی حزب لای كێن، كۆكردنەوەی دارایی حزب ئاڵنگاریەكە لەبەردەم هاوسەرۆكەكاندا، بەتایبەت لە كاتێكدا لەكاتێكدا پەیڕەوی ناوخۆ دەسەڵاتی دارایی بە هاوسەرۆكەكان بەخشیوە. یەكێتی لەسەر ئاستی ناوخۆ یەكێكی تر لەو ئاڵنگارییانەی كە روبەڕووی هاوسەرۆكە نوێیەكانی یەكێتی دەبێتەوە، چۆنیەتی مامەڵەكردنە لەگەڵ كێشەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا. لاهور شێخ جەنگیو بافڵ تاڵەبانی كە ئێستا هاوسەرۆكایەتی یەكێتی دەكەن، لەماوەی رابردوودا بە دروشمی وەستانەوە لەدژی سیاسەتەكانی پارتی لەناو جەماوەریی یەكێتیدا دەنگو پشتیوانییان كۆكردەوە، دوای دەستبەكاربونیان وەكو سەرۆك چۆن مامەڵە لەگەڵ پارتی دەكەن ؟ مامەڵەیان لەگەڵ بارودۆخی سیاسیو ئەو دابەشبوونە حزبییەدا چۆن دەبێت كە لە زۆنی سەوزدا هەیە ؟ پارتی كە پێشتر ڤیتۆی لەسەر بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی هەبوو، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) ئێستا ڤیتۆكەی هەڵگرتووەو بڕیاریداوە مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقیعدا بكات، واتە پارتی بەپێی هێزی هەریەكەیان مامەڵە لەگەڵ دامەزراوە تازە هەڵبژێردراوەكانی یەكێتیدا دەكات. پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان ئاڵنگارییەكی تری ناوخۆییە لەبەردەم هاوسەرۆكەكاندا، یەكێتی دوو رێككەوتنی لەگەڵ گۆڕاندا هەیە، یەكێكیان رێككەوتنی سیاسییەو ئەوی تریان رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێییە لە سلێمانیو هەڵەبجە، رێككەوتنی یەكەم لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە هەڵپەسێردراوەو رێككەوتنی دووەمیش كە حكومەتی خۆجێییە وادەكەی بەسەرچووەو پێویستی بە نوێكردنەوە هەیە. سەرباری ئەو دوو رێككەوتنە، رووداوەكانی تەقەكردن لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی، پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حزبی ئاڵۆزكردووە، بەڵام سەرباری هەموو ئەو رووداوانە، سەركردایەتی بزوتنەوەی گۆڕان چاوەڕوانی ئەوەیە دوای هەڵبژاردنی هاوسەرۆكەكان، كۆبونەوەیەكی سێقۆڵی لەگەڵ یەكێتیو پارتیدا بكات. چۆنیەتی مامەڵەكردنی لەگەڵ گۆڕان لە قۆناغی داهاتوودا، سیاسەتی یەكێتی لەبەرامبەر ئەو هێزانە نیشان دەدات كە لە سلێمانی پێگەی جەماوەرییان هەیە، هاوسەرۆكەكانی یەكێتی لەوانەن كە چاویان لەوەیە لەڕووی پێگەی جەماوەرییەوە فەرشەكە لەژێر پێی گۆڕان رابكێشنو خەونی ئەوەیان هەیە شەقامی سلێمانی بەتەواوەتی لە گۆڕان داببڕن، سەركەوتنی ئەم سیاسەتە ئەنجامەكانی لە قۆناغی داهاتوودا دەردەكەون، بەتایبەتش لەكاتێكدا ئێستا سازدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختە لە عێراق لە ئارادایە، ئەو هەڵبژاردنە یەكەمین تاقیكردنەوە دەبێت بۆ هاوسەرۆكەكانی یەكێتی. یەكێتی لەسەر ئاستی دەرەوە هێشتا یەكلانەبوەتەوە هاوسەرۆكەكانی یەكێتی لەسەر ئاستی وڵاتانی دەرەوەو عێراق چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، قۆناغی داهاتوو دەریدەخات ئێران، توركیا، عێراق، ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپا مامەڵە لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵو ئەنجومەنی باڵای سیاسی دەكەن یاخود هاوسەرۆكەكانی یەكێتی ؟ یەكێتی كە لەسەردەمی تاڵەبانی باوكدا رۆژگارێك لەسەر ئاستی هەرێمایەتیو نێودەوڵەتی پێگەیەكی بەهێزی سیاسیو دیپلۆماسی هەبوو، ئێستا ئەو پێگەیە پاشەكشێی گەورەی كردووە، ئایا هاوسەرۆكەكان جڵەوی ئەو پەیوەندییانە لە دەستی خۆیاندا توند دەكەن، یاخود لەبەردەم لەبەردەم بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمارو مەكتەب سیاسییەكانی ناو ئەنجومەنی باڵای سیاسیدا پاشەكشێ دەكەن ؟ یەكێتیو هەستانەوەی سلێمانی لەدوای جیابونەوەی بزوتنەوەی گۆڕانو نەخۆشكەوتنی تاڵەبانییەوە بەردەوام باس لە پاشەكشێی سیاسەتی سلێمانی دەكرێت لەبەرامبەر پارتیو دەسەڵاتدا لە هەولێر، ئەمە بۆ هاوسەرۆكەكانی یەكێتی ئانگارییەكی ترە. ئایا هاوسەرۆكەكان چۆن هێزی سیاسی بۆ زۆنی سەوزو سلێمانی دەگێڕنەوە ؟ لەكاتێكدا هەموو ئەو پاشەكشێیانەش دەبەسترێتەوە بەوەی بڕیار لەناو یەكێتی پەرتبووەو كەسی بڕیار بەدەست لەناو حزبەكەدا نەماوە. پاشەكشێی سلێمانی لەڕووی ئابوریو بازرگانیو خزمەتگوزارییەوە یەكێكی ترە لە ئاڵنگارییەكانی بەردەم هاوسەرۆكەكان، دەستگرتنی بەرپرسە حزبییەكان بەسەر دۆخی بازاڕو بازرگانیدا لە زۆنی سەوز چۆن چارەسەر دەكرێت ؟ ئایا هاوسەرۆكەكان دەتوانن دەستی سیاسی لەناو بازاڕدا ببڕن یاخود درێژە بە بارودۆخی باو دەدەن ؟ ئاشتكردنەوەی شەقام لەگەڵ یەكێتی پێویستی بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانە بە خەڵك، لەم بوارەدا هاوسەرۆكەكان چییان پێدەكرێت ؟ یەكێتیو گوتاری میدیایی یەكێتی نیشتمانی كە سەردەمانێك لە شاخو شار خاوەنی یەهێزترین گوتاری میدیایی بوو، ئەم ساڵانەی دوایی پاشەكشێی گەورەی كردووە، ئێستا میدیاكانی یەكێتی بەدەست كێشەی داراییو نەبوونی گوتارێكی سیاسی روونەوە دەناڵێنن، میدیا بەهێزەكەی جاران بووە بە چەندین میدیای بچوك كە گوزارشت لە كارەكتەرو جەمسەرەكانی ناو حزب دەكەن، نەك گوتارێكی یەكگرتوو، ئایا هاوسەرۆكەكان دەتوانن هاوسەنگی میدیایی لەبەرامبەر پارتیدا دروستبكەن بەتایبەتیش دوای ئەو پاشەكشێ گەورەیەی كە لەو مەیدانەدا كردویانە ؟ یەكێتیو هێزی سەربازی هێزی سەربازی یەكێتی كە پێشتر لەژێر كۆنترۆڵی تەواوەتی كۆچكردوو جەلال تاڵەبانیدا بوو، ئێستا پەرتبووە بەسەر كارەكتەرە سیاسییەكاندا. هەریەكێك لە جەمسەكانی ناو یەكێتی لیواو فەوجی تایبەت بەخۆیان هەیە، دەسەڵاتی سەربازی تائێستا لە پەیڕەوی ناوخۆدا یەكلانەبووەتەوە لای كام دامەزراوە دەبێت، بەڵام پێشبینی دەكرێت فەرماندەیی هێزەكانی پێشمەرگەی یەكێتی بدرێت بە كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی. بڕیاری سەربازی یەكێتی لە رۆژی 16ی ئۆكتۆبەری 2017دا بەتەواوەتی لەنێوان ماڵباتی تاڵەبانیو كۆسرەت رەسوڵدا لە كەركوك، دابەشبوو. هێزی سەربازیو ئەمنی یەكێتی بەمشێوەیە دابەشبووە: • هێزەكانی دژە تیرۆرو دەزگای زانیاری لای لاهور شێخ جەنگییە • هێزەكانی (70)ی پێشمەرگەی یەكێتی لای مستەفا چاوڕەشە • زۆربەی بەرپرسەكانی ئاسایشو پۆلیس لەژێر كۆنترۆڵی بافڵ تاڵەبانیدان • لیواكانی سكرتاریەت لەژێر كۆنترۆڵی بافڵ تاڵەبانیدان • لیوای (3)و لیوای (7)ی هێزی پێشمەرگە لەژێر كۆنترۆڵی كۆسرەت رەسوڵدایە • هەریەكە لە مەحمود سەنگاویو جەعفەر شێخ مستەفاو عومەر فەتاح خاوەنی لیواو فەوجی تایبەت بە خۆیانن یەكێتیو ئازادی رادەربڕین ئەو ناوچەیەی كە هاوسەرۆكەكانی یەكێتی دەیانەوێت تێدا هەستنەوە ناوچەیەكە كە بەوە ناسراوە، ناوچەی خۆپیشاندانو ناڕەزایەتیو گلەییو پلارو تانەی سیاسییە، مامەڵەی هاوسەرۆكەكانی یەكێتی بە باگراوەندێكی ئەمنییەوە لەگەڵ پرسی ئازادییە گشتییەكان لە سلێمانیو ئەوەی ناوی لێنراوە زۆنی سەوز چۆن دەبێت ؟ لەسەردەمی تاڵەبانی باوكدا، یەكێتی پەراوێزێكی بۆ ئازادی كاری میدیاو خۆپیشاندانو ناڕەزایەتی شەقام هێشتبووەوە، ئایا كوڕەو برازاكەی تاڵەبانی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا دەكەن ؟ بەتایبەتی لەكاتێكدا كە یەكەمین ئەزمونی سەرۆكایەتی تاقیدەكەنەوەو نایانەوێت دوچاری شكست ببن.
(درەو): كورد بە یەك وەفدی هاوبەشەوە لە بەغداد لەبارەی دابەشكردنی پۆستەكان لەگەڵ پێكهاتەی شیعەو سوننەدا كۆدەبێتەوە، كۆبونەوەی لایەنەكان لە یەك وەفددا دوای ئەوە هات دانوستانەكانی بارزانی لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی گەیشتە بنبەست، دروستكردنی وەفدی هاوبەش لەگەڵ پارتیو یەكێتی، كۆتایی بە كارەكانی "گروپی 15" دەهێنێت. وەفدی كوردستان وەفدی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەرەو بەغداد بەرێكەوتن، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئێوارەی ئەمڕۆ لەماڵی عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە لەگەڵ سەركردەی لایەنە شیعەكان یاخود ئەوەی ناوی لێنراوە "بەیتی شیعی" كۆدەبنەوە. (درەو) زانیویەتی، وەفدە هاوبەشەكەی كورد سبەینی لەگەڵ هەریەكە لە محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێدراوی عێراقو بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمارداو نوێنەرانی پێكهاتەی سوننەدا كۆدەبنەوە. وەفدی كورد پێكهاتوون لەم كەسانە: * لە پارتی دیموكراتی كوردستان (هۆشیار زێباری، جەعفەر ئیمینیكی) ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پارتی * لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان (لاهور شێخ جەنگی) هاوسەرۆكی یەكێتیو (سەعدی ئەحمەد پیرە، جوان ئیحسان، ئاڵا تاڵەبانی) ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی * لە بزوتنەوەی گۆڕان (دەرباز محەمەد) ئەندامی خانەی راپەڕاندن * لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (خەلیل ئیبراهیم) كارگێری ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو، (جەمال كۆچەر) سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق * لە كۆمەڵی ئیسلامی (سەلیم شوشكەیی) سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق * نوێنەرانی پێكهاتەی توركمانو كلدو ئاشوری بەشدارن لە وەفدەكەدا (درەو) زانیویەتی، كۆكردنەوەی لایەنە كوردییە سەرەكییەكان لە وەفدێكی هاوبەشی دانوستانداردا لە بەغداد، بە هەوڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بووە. ئەجێندای وەفدی كوردستان كۆكردنەوەی لایەنە كوردییەكان لە وەفدێكی هاوبەشدا دوای ئەوەدێت هەوڵو دانوستانەكانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق گەیشتە بنبەست. بارزانی دانانی كاندیدی سەربەخۆ بۆ پڕكردنەوەی وەزارەتەكانی حكومەتی عێراق ئەوانەی لە پشكی كوردن رەتدەكاتەوە، داوا دەكات حزبەكان كاندید بنێرن، بەڵام محەمەد تۆفیق عەلاوی رەتیدەكاتەوەو سورە لەسەر ئەوەی پۆستەكانی حكومەتەكەی لە خەڵكانی سەربەخۆ پڕبكاتەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەر لە رۆیشتنیان بۆ ماڵی عەممار حەكیم، لایەنە كوردییەكان لە بەغداد پێكەوە كۆدەبنەوە. پێكهاتەی شیعە كە زۆرینەی پەرلەمان پێكدەهێنن، پشتیوانی خۆیان بۆ محەمەد تۆفیق عەلاوی راگەیاندووە لەوەی خەڵكانی سەربەخۆ لە پۆستە وزارییەكاندا دابنێت، بەڵام پێكهاتەی سوننە، بەدیاریكراویش محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان هاوڕای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتییەو داوای كاندیدی حزبی دەكات. ئەجێندای كۆبونەوەی لایەنە كوردییەكان لەگەڵ شیعەكاندا تائێستا روون نییە، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتوون، وەفدی كوردی لە كۆبونەوەكانیدا جەخت لەسەر هەمان داواكاری بارزانی دەكات لە دانانی كاندیدەكاندا. بەشداربوونی نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕانو یەكگرتووی ئیسلامیو كۆمەڵی ئیسلامی لە وەفدە هاوبەشەكەدا كۆتایی بە رۆڵی ئەو گروپە دەهێنێت كە لە 15 پەرلەمانتاری هەرسێ حزبەكەو چەند پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق دروستكراوەو ناوی لێنراوە "گروپی 15". گروپی 15 پێشتر دووجار لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی كۆبونەوەو داوایانكرد خەڵكی سەربەخۆ لەو پۆستانەدا دابنێت كە لە كابینەكەدا بەر كورد كەوتوون. ئەجێندای وەفدی كوردستان تائێستا پرسی یەكلاكردنەوەی كاندیدی ئەو پۆستانەیە كە لە كابینەی نوێی حكومەتدا لە عێراق بەر كورد دەكەون، بەهۆی ئەوەی حكومەتەكە كاتییەو بۆ ماوەی یەكساڵ كاردەكات، هێشتا بابەتی كێشەی ناوچە جێناكۆكەكانو بودجەو پێشمەرگەو دەسەڵاتەكانی هەرێم نەبووە بە تەوەری سەرەكی گفتوگۆی وەفدی دانوستانكاری كورد. كورد لە كابینەی عەلاویدا كابینەی نوێی حكومەتی عێراق كە عەلاوی سەرۆكایەتی دەكات، كابینەیەكی كاتییەو بۆ ماوەی یەك ساڵ بەردەوام دەبێت، بەپێی ئەوەی بڕیاری لەسەر دراوە دەبێت لەماوەی ئەو ساڵەدا عەلاوی بانگەواز بكات بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پەرلەمانی پێشوەختە لە عێراقدا. لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا هاوشێوەی كابینەكەی عەبدولمەهدی، سێ پۆستی وزاری بۆ كورد دانراوە، هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی كورد داوای زیادكردنی پۆستەكانی بكات بۆ (4) بۆ (5) وەزارەت. لەكابینەی عەبدولمەهدیدا كورد وەزارەتەكانی (دارایی- ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن- داد)، پارتی وەزارەتی (داراییو ئاوەدانكردنەوە)ی وەرگرت، یەكێتیش وەزارەتی داد. لەكابینەی عەبدولمەهدیدا كورد بە پەرتەوازەیی گفتوگۆی كرد، پۆستی سەرۆك كۆمار كە بەر كورد كەوتەوە، لە دەرەوەی رێككەوتنی سیاسی لایەنە كوردییەكان بەدیاریكراویش پارتیو یەكێتی یەكلاكرایەوە، پۆستە وزارییەكانیش دوای ناكۆكییەكی زۆر لەنێوان پارتیو یەكێتیدا یەكلاكرانەوە، وەزارەتی داد كە بەر یەكێتی كەوتبوو، بەهۆی ناڕەزایەتی پارتییەوە، كاندیدەكەی دوای شەش مانگ دەستبەكاربوو. دیارنییە وەفدی لایەنە كوردییەكان تا چ كاتێك بە یەكگرتوویی دەمێننەوە لە دانوستانی ئەمجارەیاندا لە بەغداد.
(درەو): دوای هەڵبژاردنی وەكو هاوسەرۆكی یەكێتی، لاهور شێخ جەنگی لە یەكەمین ئەركیدا وەكو هاوسەرۆك، بە سەرۆكایەتی وەفدێك بەرەو بەغداد بەرێكەوت. وەفدەی هاوڕێی لاهور شێخ جەنگی پێكهاتوون لە هەریەكە لە سەعدی ئەحمەد پیرەو ئاڵا تاڵەبانی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتیو جوان ئیحسان سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق. سەردانی هاوسەرۆكو وەفدی یەكێتی بۆ بەغداد بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد تۆفیق عەلاوی. لە كابینەی عادل عەبدولمەهدیدا لە كۆی سێ وەزارەت كە بەر كورد كەوت، یەكێتی تەنیا یەك وەزارەتی وەرگرت كە وەزارەتی داد بوو، فاروق ئەمین شوانی پۆستەكەی وەرگرت. رۆژی یەكشەممە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە سەربە پێكهاتەی سوننەكانە سەردانی هەرێمی كوردستانی كردو لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووەوەو دواتریش سەردانی سلێمانی كردو لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی كۆبووەوە. سەردانی وەفدی یەكێتی بۆ بەغداد لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لەكاتێكدایە، پێَشتر سەرۆكایەتی هەرێمو لایەنە سیاسییەكان لەسەر ئەوە رێككەوتن دانوستانی كورد لەگەڵ بەغداد لەڕێگەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە بێت. پێشتر مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لە دەرەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم دانوستانی لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی دەستپێكرد، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە یەكێتیش بەشێوەی سەربەخۆ دانوستان دەستپێدەكات. بارزانیو محەمەد حەلبوسی دانانی كاندیدی سەربەخۆ بۆ پڕكردنەوەی پۆستە وزارییەكان رەتدەكەنەوە، ئەمە ئاستەنگی بۆ كارەكانی محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق دروستكردووە. سەرچاوەكان باسلەوەدەكەن، عەلاوی كاندیدی زۆربەی وەزارەتەكانی یەكلاكردوەتەوە، تەنیا پۆستەكانی كوردو پێكهاتەی سوننە ماون، كە بەهۆی ناڕەزایەتی حەلبوسیو بارزانییەوە تائێستا كاندیدەكانیان یەكلانەبوەتەوە. نازانرێت هاوسەرۆكە نوێیەكانی یەكێتی چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسەكە دەكەن، لە دوای سەردانی ئەمڕۆی لاهور شێخ جەنگییەوە بۆ بەغداد، مامەڵەی یەكێتی لەگەڵ كەیسی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق روون دەبێتەوە. پێشتر كە یەكێتی هاوسەرۆكەكانی هەڵنەبژاردبوو، دۆسیەی بەغداد لای بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بوو كە هاوكات ئەندامی سەركردایەتی یەكێتییە، بەڵام بە رۆیشتی لاهور شێخ جەنگی بۆ بەغداد، چیتر دۆسیەكە بەتەنیا لای بەرهەم ساڵح نامێنێتەوە.
راپۆرتی: درەو دەستەكەوتەكانی ئەمدواییەی سوپای سوریا لە (حەڵەبو ئیدلیب)، هاوكاریی و ڕێككەوتنە لەرزۆكەكانی نێوان (ئەنكەرەو مۆسكۆ) بەتەواوی لاوازكرد. بەدرێژایی 9 ساڵی ڕابردووی جەنگی ناوخۆی سوریا، ئەم دوو وڵاتە هەریەكێكیان بە ئاشكرا پشتیوانی لایەنێكی شەڕەكە دەكات، ئێستا ململانێكە لەخاڵی یەكلاكردنەوە نزیكبوەتەوە، سوپای رژێمی سوریا بەپشتیوانی هێزی ئاسمانی ڕوسیا خەریكە توركیاو گروپە توندڕەكانی هاوپەیمانی لەناوچەیەكی فراوانو ستراتیجی باكوری خۆرئاوای سوریا دەكاتە دەرەوە، سوپای توركیاش لەدوای كوژرانی سەربازەكانیانەوە لەخاڵەكانی چاودێری (ئیدلیب)، سەرقاڵی لەشكركێشیو ناردنی چەكو جبەخایەكی زۆرە بۆ ناوچەكەو ، هەڕەشەی ئەنجامدانی پرۆسەیەكی سەربازی گەورە دەكات دژی سوپای رژێمی سوریا بۆ دەرپەڕاندنی لەوناوچانەی كۆنتڕۆڵی كردووەتەوە. جەنگ ئەگەرێكی چاوەڕوانكراوە ئاماژەكان بۆ ئەوەدەچن سوپای توركیا بەهاوكاری گروپە چەكدارە توندڕەوەكان بە نیازی ئەنجامدانی پرۆسەیەكی سەربازی بێت لە (ئیدلیب) دژی سوپای سوریا، بەتایبەت دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی چەندین ناوچەی ستراتیجی وەك (موعەرەت ئەلنوعمانوسەراقیب ) لەلایەن سوپای رژێمی سوریاوە. میدیا جیهانییەكان لەزاری گروپە توندڕەوەكانی نزیك لە توركیاو سەرچاوەكانی ناوی سوپای توركیاشەوە، بڵاویانكردوەتەوە، "كاتژمێری سفر" بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی سەربازی بە ئاراستەی ئەو ناوچانە نزیكبوەتەوە كە هێزەكانی رژێمی سوریا دەستیان بەسەردا گرتووە، بەتایبەت لەدەوروبەری (سەراقیب)و نزیك ڕێگای نێودەوڵەتی نێوان(سەراقیبو موعەرەت ئەلنوعمان). هاوشانی لەشكركێشی و هەڕەشەكانی توركیا، سوپای سوریا ڕۆژانە ناوچەی نوێ كۆنتڕۆڵدەكاتەوەو لەژێر دەستی گروپە توندڕەوەكانی هاپەیمانی توركیای دەردێنێت، گەمارۆی سەربازیش لەسەر خاڵەكانی چاودێری سوپای توركیا لە(ئیدلیبو حەلەب) توندتر دەكاتەوە. بەگوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای رژێمی سوریا توانیویەتی باڵادەستی خۆی لەناوچەی خۆرئاوای (ڕیفی حەلەب) فراوانتر بكاتو، گوندی (شێخ عەقیل) كە خالێكی چاودێری سوپای توركیای تێدا جێگركراوە، كۆنتڕۆڵبكات. ئێوارەی دوێنێش، ژمارەیەك سەربازی توركیا كە لەوناوچەیە جێگیركراون لە بۆردومانێكی سوپای سوریادا برینداربوون. لەدوای دەستپێكردنی هێرشەكانی سوپای سورپاوە بۆ ئەو ناوچانە، 14 سەربازی توركیا كوژراونو دەیانی دیكەش برینداربوون. فەرماندەیی گشتی سوپاو هێزە چەكدارەكانی سوریاش لەبەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردوەتەوە، ئازادكردنی ناوچەیەكی فراوانی لە (ڕیفی حەلەبو ئیدلیب) ڕاگەیاندووەو، تەئكیدیكردووە، پرۆسە سەربازییەكان بەردەوام دەبن تا لەڕەگەوە هەڵكێشانی تیرۆر لەسوریا. یەكێك لەو سیناریۆ نزیكانەی بۆ دۆخی ئیدلیب پێشبینی دەكرێت، ئەگەر زۆرە توركیا ناچار بە قبوڵكردنی هێڵە نوێكانی گەڕانەوەی سوپای سوریا بۆ ناوچەكە بكرێت، ئەگەر پرۆسە سەربازییەكان لە دەوروبەری هەردوو ڕێگای "ئێم 4 و ئێم5" بمێننەوە، بەڵام ئەگەر ڕووبەڕی پرۆسە سەربازییەكان فراوانتربكرێت، ئەگەری بەهێز ئەوەیە سوپای توركیا پەلاماری سوپای سوریا بدات. هاوكێشەی هێز گۆڕاوە نەخشەی هەژموونی هێزە لەباكوری خۆرئاوای سوریا بەشێوەیەكی خێرا گۆڕانكاری بەسەردا دێت، سوپای ئەسەد لەماوەی 9 ساڵی ڕابردوودا بۆ یەكەمجارە توانیویەتی كۆنتڕۆڵی 30 شارۆچكەو گوند لە خۆرئاواو باشوری (ڕیفی حەلب) بكاتەوە، بەوەش كۆنتڕۆڵی 95% هەردوو ڕیفەكەی كردوەتەوەو، ئەوەش دەخاتە پاڵ ئەو ناوچەیەی كە لەباشوری خۆرهەڵاتی (ڕیفی ئیدلیب) لەژێر دەستیدایە. سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی سوپای سوریا، ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی گروپە چەكدارەكانی لە خۆرئاوای (ڕیفی حەڵەبو خۆرهەڵاتی ڕیفی ئیدلیب) كردووەتە ناوچەیەكی تەواو دابڕاو، دوای ئەم سەركەوتنانەش چەند ناوچەیەك ماوە لەبەردەم سوپای سوریا بۆ كۆنتڕۆڵكردنی تەواوەتی شاری (حەڵەب)، بەوتەی وەزیری گواستنەوەی سوریا، ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی حەڵب دوای 9 ساڵ داخستنی دەكەوێتەوە كارو گەشتە ئاسمانییەكانی دەستپێدەكاتەوە. ئاستەنگەكانی بەردەم توركیا وێڕایی ئەو هەموو هێزو تانك و زریپۆشەی لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا توركیا ڕەوانەی باكوری خۆرئاوای سوریا كردووەو، بەرپرسانی (ئەنكەرە)تاكۆتایی ئەم مانگەیان بۆ سوپای سوریا دیاریكردووە بۆ كشانەوە لەو ناوچانەی كۆنتڕۆڵی كردووەتەوە، بەڵام شارەزایان بەدووری دەزانن توركیا خۆی بخاتە ناو ڕووبەڕووبونەوەیەكی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕوسیا لەسەر خاكی سوریا، دیارترین هۆكاریش دەگێڕنەوە بۆ پەیوەندییە ئابورییەكان كەهەردوو وڵات لەهەوڵدان قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیان بۆ 100 ملیار دۆلار بەرزبكەنەوە. یەكێك لەو سیناریۆیانەی پێشبینی دەكرێت توركیا پەنای بۆ بەرێت بۆ دەرچوون لەم پێشهاتە تازانە بەكەمترین زیان، كارتی "ئاوارە"كانە. ئەگەر سوپای سوریا بچێتە ناو قوڵایی شاری ئیدلیب و دەشتی ئیدلیب كە نزیكەی 3 ملیۆنو 500 هەزار كەسی تێدا نیشتەجێیەو، ئەنكەرە ئەمانە بە هەڕەشە لەسەر ئاشایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت، ئەگەر زۆرە سنورەكانیان لەبەردەم وڵابكات و ڕەوانەی وڵاتانی ئەوروپایان بكات. تائێستا (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) سەرۆك كۆماری توركیاو بەرپرسانی ئەو وڵاتە چەندین جار ئەم هەڕەشەیەیان لەوڵاتانی ئەوروپا كردووە، ئەمەش زیاتر بۆ دروستكردنی فشارو هاتنە سەرخەتی وڵاتانی ئەوروپایە تا ئەوانیش فشارەكانیان بۆ سەر (مۆسكۆ و واشنتۆن) چڕبكەنەوە بە ئاراستەی ڕاگرتنی شەڕو ڕێگەگرتن لەگۆڕینی هاوكێشەی هێزە لە باكوری خۆئاوای سوریا.
راپۆرتی: درەو بەرپرسانی ئەنكەرە هەموو ئومێدێكیان لەسەر ئەو وەفدەیە باڵایە هەڵچنیوە كە بڕیارە ڕۆژی دووشەممە بگاتە مۆسكۆ بۆ چارەسەركردنی ناكۆییەكانیان لەگەڵ بەرپرسانی ڕوسیا سەبارەت بە ئاڵۆزییەكانی ئیدلیب. وەفدەكە هەریەك لە "مەولود چاوش ئۆغلۆ" وەزیری دەرەوەو "خلوسی ئاكار" وەزیری بەرگری لەخۆدەگرێت، ڕەنگە ئەمە دوا دەرفەتی دبلۆماسی بێت بۆ چارەسەری ئاشتیانەی ئەو كێشەیە، بەتایبەت دوای شكستهێنانی دوو كۆبونەوەی ڕابردووی نێوان بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە كە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لەئەنكەرەی پایتەختی توركیا بەڕێوەچوو. ئەو وادەیەش لەكۆتایی نزیكدەبێتەوە كە "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" بۆ سوپای سوریای دەستنیشانكردووە تا لەو ناوچانە بكشێتەوە كە بەم دواییە كۆنتڕۆڵی كردوەتەوە، كەكۆتایی ئەم مانگەیە. ئیدلیب توركەكانی شڵەژاندووە "ئەردۆغان" لەبارەی ئاڵۆزییەكانی ئیدلیب، ئەمڕۆ لە كۆنگرەی "میونشن" بۆ ئاسایش ڕایگەیاند: "رژێمی سوریا دەستیكردووە بە گەمارۆدانی خاڵەكانی پشكنینی سوپای توركیا، ناتوانین بێدەنگبین لەئاست ئەو كارەو ئەوەی پێویست بێت دژی ئەنجامیدەدەین". سەرۆك كۆماری توركیا وەك ئاماژەیەك بۆ بێمتمانەیشی بە ئەمریكا وتی:" وەسفكردنی سەربازە كوژراوەكانمان لەلایەن جێمس جێفری(نوێنەری تایبەتی ئەمریكا) بەشەهید قەناعەتپێكەر نییە". سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفونیەكەشی لەگەڵ هاوتا ڕوسییەكەی، ئەردۆغان وتی: لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتین گفتوگۆیەكی ئیجابیمان كردووە. وەزیری دەرەوەی توركیاش لە پەراوێزی كۆنگرەكەو لەمیانی كۆبونەوەی "سێرگی لاڤرۆڤ" هاوتا ڕوسیەكەی ڕایگەیاند:" ئاڵۆزییەكانی ئیدلیب هیچ كاریگەرییەكان لەسەر گرێبەستی سیستمی موشەكی ئێس 400 نابێت ". وتیشی:" هەڵوێستو سیاسەتمان ناگۆڕین كە لەسەر بنەمای پرنسیپ دارێژاوە بەهۆی ناكۆكی لەگەڵ وڵاتێكی تر، پێویستە ڕێگەنەدەین كێشەكانی سوریا زیان بە پەیوەندییەكانمان بگەیەنێت". بەڵام "چاوش ئۆغلۆ" لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ هاوتا ئەڵمانییەكەی قسەیەكی تری كردو وتی:" رژێمی سوریا چارەسەرەی سەربازی پێباشتر وەك لە چارەسەری سیاسی" وەك ئاماژەیەك بۆ ئامادەیی ئەنكەرە بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر سوپای سوریا. "ئۆغلۆ" بە ڕۆژنامەونوسانیشی ڕایگەیاند:" وڵاتەكەی چارەسەری دبلۆماسی بەلاوە پەسەندە، بەڵام ئەگەر پێویست بكات هەنگاوی تر دەگرنەبەر". لای خۆیەوە"فوئاد ئاكتای" جێگری سەرۆك كۆماری توركیا لەچاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا ڕایگەیاند: "ئیدلیب بەلای توركیاوە پەیوەستە بە ئاسایشی نەتەوەیی، تەنها ناوچەیەكی سنوریی نییە، ئەنكەرە ئاگاداری پیلانگێڕییەكانەو سەرجەم ڕێوشوێنەكانی شكستپێهێنانی دەگرێتەبەر"، هەڕەشەی ئەوەشی كرد، ئەگەر سوپای سوریا تاكۆتایی ئەم مانگە نەكشێتەوە، ئەنكەرە هێزی سەربازی بۆ دەرپەڕاندنی بەكاردێنێت. ڕوسیا هیچ نادات بە توركیا تائێستا بەرپرسانی ڕوسیا ئامادەنین هیچكام لە داواكارییەكانی توركیا جێبەجێبكەن، "سێرگی لاڤرۆڤ" وەزیری دەرەوەی ڕوسیا لەمیانی وتەیەكدا كە لەكۆنگرەی "میونخ"پێشكەشیكرد، ڕایگەیاند: مۆسكۆ بڕوای وایە كە سەركەوتن بەسەر تیرۆردا بەڕێوەیە، تەئكیدیشی لەسەر لەناوبردنی دواین مۆڵگەی تیرۆرستان كردەوە لەخۆرهەڵاتی فورات، كە یەكەمیان "بەرەی نوسرە"یە كە ئێستا بە" تەحریری شام" ناسراوە. ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی ڕوسیا لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ میدیاكانی ئەووڵاتە بڵاویانكردەوە، توركیا موشەكی بەرگری ئاسمانی ڕادەستی "بەرەی نوسرە" كردووە، كە بە گروپێكی تیرۆرستی ڕیزبەندكراوەو لەپارێزگای ئیدلیب لەباكوری خۆرئاوای سوریایە. میدیاكانی ڕوسیا لەزاری سەرچاوە سەربازییەكانی وڵاتەكەیانەوە ئەوەشیان بڵاوكردوەتەوە، توركیا موشەكی دژە فرۆكەی ئەمریكی سەرشانی ڕادەستی گروپە توندڕەوەكان كردووە. ئاژانسی هەواڵی "سپۆتینگ" لەوبارەیەوە دەڵێت: سیستمی دژە ئاسمانی ئەمریكی كە كەشتییە توركییەكان بەكاریدەهێنن ئێستا لەدەستی تیرۆرستەكاندایە. خستنەخوارەوەی دووكۆپتەری سوریاش لەمڕۆژانەی دوایدا لەشەڕەكانی ئیدلیب بۆ ئەوموشەكانە دەگێڕنەوە. بەگوێرەی سەرچاوە سەربازییەكانی ڕوسیا، تائێستا سوپای توركیا 70 تانك و نزیكەی 200 زریپۆشو 80 تۆپهاوێژی ڕەوانەی ئیدلیب كردووە.
(درەو): تەمەنی هەڵكشاوە، بەڵام هێشتا لەسەر گەنجەكانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان ئەژماردەكرێت، بەمدواییانە پۆستی سكرتێری جڤاتی نیشتمانی وەرگرت، دامەزراوەیەك كە بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەكەدا، ماوەیەك بوو بەڵێنیدابوو گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانی لەگەڵ (درەو) بكات، بەڵام كاتو شوێنی دیدارەكە دیاری نەكرابوو، دواجار دوێنێ بە هاوڕێیەتی بابەكر دڕەیی بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی سەردانی (درەو)ی كردو گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكەمان تۆماركرد، لەو گفتوگۆیەدا عەدنان عوسمان وەڵامی پرسیارەكانی (درەو) دەداتەوە لەبارەی، پێگەو پۆستەكانی گۆڕان لە حكومەتو دۆخی ناوخۆیی بزوتنەوەكەو بابەتی تەوریسی سیاسیو پێگەی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكومەت لە عێراقو پرسی گەندەڵیو دۆسیەی نەوتو ئەدای كاری وەزیرو بەرپرسەكانی گۆڕان لە حكومەت. دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە: سازدانی: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف درەو: بەپێی زانیارییەكانی ئێمە لە چەند رۆژی رابردوودا وەفدێكی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبونەتەوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی پۆستەكانی گۆڕان لە حكومەت، چی تازە هەیە لەوبارەیەوە ؟ عەدنان عوسمان: كۆبونەوەكە بۆ دوو مەبەست بوو، مەبەستی یەكەم پێداچوونەوە بە پەیوەندییەكانی هەردوولا، مەبەستی دووەم قسەكردن لەبارەی دواكەوتنی ئیستحقاقاتی گۆڕان لە كابینەكە، هەوڵدان بووە بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو كێشانە بكرێت كە روویداوە هەروەها دواكەوتنی پڕكردنەوەی پۆستەكان. درەو: جڤانی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە ئێوە سكرتێری ئەو جڤاتەن ماوەی مانگێك دەرفەتی بە رێكخەری گشتیو خانەی راپەڕاندن داوە بۆ ئەوەی پرسی پۆستەكانی حكومەت لەگەڵ پارتی یەكلابكاتەوە، ئەگەر لەو مانگەدا پۆستەكان یەكلانەبوونەوە جڤات بەرەو كوێ هەنگاو هەڵدەگرێت ؟ عەدنان عوسمان: بەدڵنیایی دوای ئەوەی پۆستەكانمان بۆ دیاری ئەكرێت، لەبەرئەوەی تائێستا هەندێكی دیاری نەكراوە، بەتایبەتی راوێژكارو بەڕێوەبەرە گشتییەكان، كە دیاری بكرێن، ئێمە بای ئەوە سیڤیمان لایە كە بتوانین لەماوەی هەفتەیەك بۆ 10 رۆژدا یەكلایی بكەینەوە. درەو: هەڵسوڕاوەكانتان زۆر رەخنەیان هەیە لەوەی رێككەوتنە سیاسییەكەتان لەگەڵ پارتی وەكو خۆی جێبەجێ نەكراوە، ئەگەری كشانەوە لە حكومەت لای ئێوە ئەگەرێكی كراوەیە یاخود ئەمە تەنیا وەكو كارتی فشار لەسەر پارتی بەكاردەهێنن ؟ عەدنان عوسمان: نەخێر، ئێمە لە رێككەوتنەكەمان لەگەڵ پارتی پەشیمان نین، پێمانوایە كارێكی زۆر باشی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەبوو كە ئەو رێككەوتنەی كرد، بەنیسبەت پرۆسەی سیاسی لە كوردستانو بە نیسبەت خودی بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە كە كۆمەڵێك موئامەرەو كۆمەڵێك نیازی خراپ بەرامبەری هەبوو، پێمانوابوو ئەوە گرنگە، ئەو رێككەوتنە بۆ كاتی خۆشی گرنگ بووەو بۆ پرۆسەی سیاسیش لە كوردستاندا ئێستاش گرنگە، ئێستا پابەندی ئەو رێككەوتنەین، بەڵام دەمانەوێت ئەو رێككەوتنە لەو چوارچێوەیەدا كە كاری لەسەر كرا، كە رێككەوتنێك بوو لەپێناو چاكسازیو چاكەی گشتیدا، كاری لەسەر بكەین. درەو: وەڵامەكەمان وەرنەگرت، واتە ئەگەری كشانەوە لە حكومەت ئەگەرێكی بەهێزە یان نا ؟ عەدنان عوسمان: ئێمە ئەوەی زۆر كاری لەسەر دەكەین مەسەلەی بەرنامەی حكومەتو ئەو رێككەوتنەیە كە كردومانە، تائێستا هەردوو لایەنەكەی تر كە شەریكن لەگەڵماندا پابەندن بەو رێككەوتنەو دەیانەوێت كاری لەسەر بكەن، ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەكەین ئەم قسانە لە بواری كرداریدا ببینین، ئێمە ئێستا هەڵسەنگاندنمان كردووە بۆ ئەم ماوەیەی رابردوو، دواتریش بۆ ماوەی داهاتوو بە هەمانشێوە هەڵسەنگاندنی خۆمان ئەكەین، سەیری ئاڕاستەی حكومەتەكە ئەكەین، ئەگەر بەو ئاڕاستەیە بڕوات كە لەچوارچێوەی رێككەوتنەكەدایە ئێمە پابەند ئەبین بەو رێككەوتنەوە. درەو: ئەی ئەگەر بەو ئاڕاستەیەدا نەرۆیشت ؟ عەدنان عوسمان: ئەوكاتە قسەی خۆمان دەبێت. درەو: باسلەوە دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا دوو كەس لەوانەی كە بۆ وەرگرتنی پۆستی بریكاری وەزارەتەكان كاندیدتان كردوون دەستبەكاردەبن، ئەمە راستە ؟ عەدنان عوسمان: بەڵێ راستە. درەو: ئەم دوو پۆستە لەوانەن كە ئێستا لای پارتین ؟ عەدنان عوسمان: ئەو دوو پۆستە لای پارتین وەریاندەگرین، ئێمە چاوەڕێمان دەكرد كۆبونەوەیەكی سێقۆڵی بكرێت لەنێوان پارتیو یەكێتیو گۆڕان، بۆ یەكلاكردنەوەی هەموو ئەو پرسانەو جەختكردنەوە لەسەر پابەندبوون بە بڕیارەكانی حكومەتو پرۆسەی چاكسازیو بە هەرسێ لایەنەوە پشتگیری هەنگاوە چاكسازییەكانی حكومەت بكەین، ئەم كۆبونەوەیە بەهۆی وەزعی یەكێتییەوە تائێستا نەكراوە، بۆیە ئێمە ئەو كۆبونەوەیەمان لەگەڵ پارتیدا كرد، بۆئەوەی لانی كەم ئەو پشكانەی گۆڕان كە دەكەونە لای پارتی، یەكلای بكەینەوە. درەو: واتە دەستان لەو پۆستانە شتووە كە لای یەكێتین ؟ عەدنان عوسمان: نەخێر، یەكێتی خۆیشی دژ بەوە نییە ئەو پشكانە بەر گۆڕان بكەون، چونكە ئەوە بەشێكە لە ئیستحقاقی هەڵبژاردنو رێككەوتنی لەسەر كراوە، بەڵام هەر ئەوەیە كە یەكێتی ئێستا ئەڵێن ئێمە سەرێكمان نییە، هەیئەیەكی قیادیمان نییە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەم پرسانە، ئێمەش چاوەڕێین. درەو: بەڵام ئێوە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتتان لەگەڵ پارتی كردووە وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن، نەك یەكێتی ؟ عەدنان عوسمان: كە حكومەتەكە لە دوو قۆڵییەوە بوو بە سێقۆڵی، حەتمەن ئەوكاتە پێویست بەوە ئەكات پێداچونەوە بە هەموو پۆستەكاندا بكرێت، بە پشكی پارتیو یەكێتیو گۆڕانیشەوە. درەو: باست لەوەكرد لای پارتییەوە كێشەیەكی ئەوتۆ نەماوە، بەڵام بەمدواییە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لەڕێگەی وتەبێژی حكومەتەوە ناڕەزایەتی لەسەر لێدوانێكی چالاك موهەندیس ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان دەربڕی، مەسرور بارزانی ڤیتۆی داناوە لەسەر چالاكی موهەندیس دەڵێ نابێت لە حكومەت هیچ پۆستێك وەرگرێت، لە كۆبونەوەكەتان لەگەڵ پارتی، كێشەی چالاكی موهەندیستان باسكردووە، ئایا گۆڕان كاندیدبوونی بۆ وەرگرتنی پۆستی بریكاری وەزارەتی شارەوانی دەكێشێتەوە ؟ عەدنان عوسمان: لەو كۆبونەوەیەدا هیچ باسێكی چالاكی موهەندیس نەكراوە، هیچ ڤیتۆیەك لەسەر كاك چالاكی موهەندیس نییە، قسەكەی خراپ تەئویل كراوە. درەو: ئێستا ئێوە كاندیدبوونی چالاكی موهەندیس دەكێشنەوە یاخود نا؟ عەدنان عوسمان: نەخێر نایكێشێنەوە، داواشمان لێنەكراوە بیكێشینەوە. درەو: بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە لەگەڵ پارتی كردتان بۆ پێكهێنانی حكومەت دەبوو (67) پۆست وەرگرن، بەڵام تائێستا تەنیا (5) پۆستتان وەرگرتووە، پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازیو پۆستی بەڕێوەبەرە گشتییەكانو راوێژكارەكانو پۆستی نوێنەرایەتییەكانی دەرەوەی كەی پڕدەكەنەوە ؟ عەدنان عوسمان: راستییەكەی كێشەكە ئەوەیە، پارتی هەر لەسەرەتاوە رەئی وابوو كە ئێمە پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی وەربگرین، ئێمە پێمانوابوو ئەو یاریدەدەرە پۆستێكی گرنگەو ئەو پرسە گرنگەی كە ئێمە بەهۆیەوە بەشداریمان لە حكومەت كردووە لەو پۆستەدا بەرجەستە دەبێت، بۆیە داوامان كرد یاسایەكی هەبێتو چوارچێوەی ئیشەكانیو هەیكەلیەتی دەزگاكە دیاری بكاتو دەسەڵاتەكانی دیاری بكاتو بزانرێت لەگەڵ كێ كۆنتاكی هەیە، پەرلەمان یان حكومەت یان دەستەی نەزاهە، بۆیە ئەم مەسەلەیە دواكەوت بۆ ئەوەی یاسای بۆ دەربكرێت، لەم كۆبونەوەیەی كە لەگەڵ پارتی كردمان، ئیتیفاق لەسەر ئەوەكراوە كە ئێمە رەشنوسی یاسایەك ئامادە بكەینو دواتر گفتوگۆی لەسەر بكرێتو بڕیاری لەسەر بدرێت، دوای ئەوە ئێمە كاندیدەكەمان ئامادە دەكەین بۆ ئەوەی ئەو پۆستە وەربگرێت، دوو پۆست بە نیسبەت ئێمەوە گرنگە، یەكێكیان ئەم پۆستەیەو ئەوی تر سندوقی داهاتە نەوتییەكانە، بۆ ئەوەش لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا دوای پەسەندكردنی ئەو رێوشوێنانە، ئێمە ناوی هەردوو كاندیدەكە رادەست ئەكەین. درەو: وا وێنا دەكرێت بزوتنەوەی گۆڕان تەنیا لەبەر وەرگرتنی هەندێك پۆست چوەتە حكومەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی ئێمە لەدواین كۆبونەوەتاندا لەگەڵ پارتی باسی بابەتی چاكسازیتان كردووەو وەفدی پارتی داوای لێكردوون پرۆژەی خۆتان لەوبارەیەوە پێشكەش بكەن، ئەمە راستە ؟ عەدنان عوسمان: ئێمە پێشتریش پاكێجی چاكسازیمان هەبووە لە زۆر بواردا، لە بواری پێشمەرگە، بواری ئەمنی، بواری نەوتو بوارە جۆراوجۆرەكان، ئێستا نیەتێكی باش هەیە لە هەردوولا تەنانەت لەلای یەكێتیش بۆ ئەوەی بتوانین كار لەسەر ئەو بابەتانە بكەین، ئێمە چاوەڕێی دەستەی چاكسازین، بۆ ئەوەی بتوانرێت لەوێ هەنگاوی كرداری بنرێت بۆ ئەوەی ئەو پاكێجانە پێكەوە پێشكەش بكرێتو بڕواتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام وەكو باسم كرد چاوەڕێی دەسەڵاتەكانی ئەو دەستەیە دەكەین، چونكە دەبێت چاكسازییەكان لەڕێگەی ئەو دەستەیەوە بكرێن، ئەو دەستەیە فۆرمەڵەی چاكسازییەكان دەكاتو ئەولەویەتی چاكسازییەكان دیاری دەكات، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئێمە ئەوەی زۆر لامان گرنگە پرۆسەی چاكسازییەكەیە، چونكە ئەوە لە قازانجی خەڵكی كوردستانە. درەو: بەمدواییە لە پەرلەمانی كوردستان یاسایەك بەناوی چاكسازی پەسەندكرا، ئەمە لە بنەڕەتەوە پرۆژەی ئێوە نەبوو، بەڵام بەرگریتان لێكرد، یاساكە تێپەڕی، بەڵام هێشتا لە ئاستی خواستی هاوڵاتیاندا نییە، ئێوە چۆن چاكسازییەكتان دەوێت ؟ عەدنان عوسمان: جا بە هەندێك شتتان بۆ راستبكەمەوە، ئێمە پێشتر لە هەدروو خولەكەی پەرلەماندا پرۆژەی چاكسازیمان هەبووە. درەو: ئێمە بەدیاریكراوی باسی ئەو پرۆژە چاكسازییە دەكەین كە بەمدواییە لە پەرلەمان پەسەندكرا ؟ عەدنان عوسمان: لە خولی رابردوودا پرۆژەیەك پێشكەش كراوەو دواتر هەڵایەكی لەسەر دروستبووەو سەحب كراوەتەوە، كە هەر ئەم پرۆژەیەیەو هەندێك گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، ئەمە پرۆژەی چاكسازی نییە، پرۆژەی چاكسازییە لە موچەو خانەنشینی، ئەگەر رێژەی بۆ دابنێت لەوانەیە 10%ی پرۆژەی چاكسازی بێت، پرۆژەی چاكسازی ئەبێت لە بواری پێشمەركەدا بكرێت لە بواری ئاسایشو لە بواری دادگاكانو كەرتی ئابوریو پەروەردەو هەموو بوارەكانی تردا بكرێت كە پێویستیان بە چاكسازی هەیە، لە موچەخۆرو لە بندیوارو دنیایەك پرسی گرنگ هەن كە دەبێت كاری چاكسازییان تێدا بكرێت كە ساڵانێكی دورو درێژە كاری وێرانكارییان تێدا كراوە، ئەمە كە پێشكەشكراوە، ئێمە پێش ئەوەی رەشنوسەكەی بڕواتە پەرلەمان داوامان كرد كە بەڕوونی بوترێت ئەمە بەشێكە لە هەنگاوە بەردەوامەكانی چاكسازیو فیعلەن لە بەیاننامەی حكومەتدا كە یاساكەیان نارد ئاماژەیان بەوەكرد كە ئەمە بەشێكە لە پرۆژەیەكی بەفراوانو هەنگاوی گەورەتر بۆ چاكسازی، بۆیە ئەمە بەشێكە، پرۆژەی چاكسازی نییە. درەو: ئێوە ئەو سەردەمەی كە ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێزبوون بەردەوام باستان لە ناشەفافی دۆسیەی نەوت دەكرد، ئێستا پۆستی وەزارەتی دارایی لای ئێوەیە، وەزیرەكەتان ئاگاداری دۆسیەی فرۆشو داهاتی نەوتە ؟ عەدنان عوسمان: ئەوەی كە دێتە ناو خەزێنەی وەزارەتی داراییەوە بەڵێ وەزیر ئەزانێت. درەو: واتە بەشێكی تری داهاتی نەوت هەیە كە نایەتە ناو خەزێنەی وەزارەتی داراییەوە ؟ عەدنان عوسمان: بەڵێ، بەدڵنیاییەوە. درەو: واتە ئێوەش ئاگاداری ئەو بەشەی داهاتی نەوت نین ؟ عەدنان عوسمان: كەس ئاگاداری نییە، ئێستا هەر لەم زۆنە ئەوە پرسی نەوتە، ئەوە پرسی غازە، ئەو پرسی دەروازە سنورییەكانە كە بە ئاشكرا قاچاخچێتی تێدا دەكرێتو دەستەو باند هەیە، خۆ ئەمانە ئەگەر دەستێكی گەورەیان لە پشت نەبێت ناتوانن ئەو كارانە بكەن، ئەوەی بەنیسبەت ئێمەوە گرنگە شەفافیەتە لە سەرجەم داهاتەكانی نەوت لە هەر شوێنێكی كوردستاندا دەبێت بێتە ناو سندوقی داهاتەكانەوەو وەزارەتی داراییش ئاگادار بێتو وەزارەتی دارایی لەلایەن ئەو سندوقەوە تەمویل بكرێت، تائێستا سندوقەكە دروستنەكراوە، ئەو یاسایە لە 2018وە دەركراوە، بەڵام تائێستا دروستنەكراوە. درەو: ئێستا بە دیاریكراوی ئەتەوێت بڵێی وەزیری دارایی ئاگاداری داهاتی نەوت نییە ؟ عەدنان عوسمان: وەڵا ئەوە ئەبێت لەخۆی پرسیار بكەن. درەو: لەدواین كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا هەڵسەنگاندنتان بۆ ئەدای كاری وەزیرەكانتان كرد، لەوێ لە وەزیرتان نەپرسی ؟ عەدنان عوسمان: من بەشداری ئەو دانیشتنەم نەكرد، نازانم. درەو: ئێستا ئێوە وەكو بزوتنەوەی گۆڕان ئاگاداری فرۆشو داهاتی نەوتن ؟ عەدنان عوسمان: ئەمە قەوانێكی كۆنە، لە زەمانی عیماد ئەحمەدەوە پرسیار ئەكرێت ئایا ئێوە ئاگاداری داهاتی نەوتن، هەمان شت بە قوباد تاڵەبانی ئەوترا، ئەم قەوانە ئەبێت كۆتایی پێبهێنرێت، ئەو سندوقە دەبێت دروستبكرێتو سەرجەم داهاتەكان بڕواتە ناو ئەو سندوقەوە، ئیتر ئەبێت كۆتایی پێبێت كە كێ ئاگادارەو كێ ئاگادار نییە، ئەوەی كە ئێمە ئاگادارین بەڵێ رێژەیەك دێتە ناو خەزێنەی حكومەتەوە، بەڵام رێژەیەكی تر بەهەدەر ئەدرێت لە نەوتو لە غازدا، ئێستا ئەو شەڕەی كە لەسەر غاز هەیە چییە، شەڕی عیساباتو دەستەیە كە لە دەرەوەی یاساو دامەزراوەكانی حكومەت شەڕ لەسەر قوتی خەڵك ئەكەن، ئەوەی لە گومرگەكاندا روئەداتو ئێمە هەزارجار فراكسیۆنەكەمان رونكردنەوەی داوە بەهەمان شێوە هەوڵدانە بۆ ئەوەی كۆمەڵێك لە داهاتەكان بۆ كەسو حزبو لایەن بێتو نەچێتە ناو حەزێنەی دەوڵەتەوە. درەو: هەندێك لە پەرلەمانتارەكانتان بەمدواییە باس لە گەندەڵیو قاچاخچێتی دەكەن لە مەرزەكان، بەشی هەرەزۆری ئەو پۆستانەی كە پەیوەندیدارن بە كاری مەرزەكانەوە ئێستا لای بزوتنەوەی گۆڕانن، لەوانە بەڕێوەبەرایەتی مەرزو گومرگی پەروێزخانو باشماخ، وەزارەتی دارایی، وەزارەتی بازرگانی، پارێزگاری سلێمانی، بۆچی چارەسەری دۆخی مەرزەكان ناكەن ؟ عەدنان عوسمان: پرسیارێكی جوانە، جا ئەوە یەكێكە لە ئاماژەكان لەوەی هێشتا موئەسەساتی حكومەتی دروستنەبووە كە ئێمە زۆر جەختی لەسەر ئەكەینەوە، هێشتا دوو ئیدارییە، لەوانەش چەندین ئیدارەیی هەبێتو لە هەر ناوچەیەكدا ئیقتاعیەتێك هەبێتو كەسێكو لایەنێك دەستی بەسەردا گرتبێت، ئەمە نیشانەی لاوازبوونی موئەسەسەی حكومییە كە ئێمە كارمان لەسەر كردووە، چ وەزیرەكەمان وەزیری دارایی، چ فراكسیۆنەكەشمان پرۆژەیان پێشكەش كردووە بۆ حكومەتو هەوڵیشیان داوەو رەزامەندیش نیشاندراوە، بەڵام وەك ئەزانین دوو هێزی باڵادەست كە هێزی چەكدارییان هەیەو دادگایان هەیەو داواكاری گشتییان بەدەستەوەیە، ئەوە ئەو دوو هێزەیە كە هێشتا هەنگاوی عەمەلییان بۆ ئەو مەسەلەیە هەڵنەناوە. درەو: بۆچی تۆپەكە هەڵدەدەیتە دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان، بەپێی زانیارییەكان، ئێوە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا لیژنەیەكتان بۆ لێپرسینەوە لە وەزیرو بەرپرسەكانتان دروستكردووە، ئێوە لێكۆڵینەوەتان كردووە لە ئەگەری ئەوەی رەنگە بەرپرسانی خۆشتان لەو مەسەلانەدا تێوەگلابن، بەتایبەتی كە بەمدواییەدا بەرپرسێكی سەربە ئێوە لە مەرزی پەروێزخان دەستبەسەركراو گومانی تێوەگلانی هەیە، تۆڕی ئەو لیژنەیەی كە ئێوە دروستتان كردووە تائێستا هیچ ماسییەكی گرتووە ؟ عەدنان عوسمان: جارێ ئەوەی پەروێزخان لەسەر گەندەڵی نییە، لەسەر دۆسیەیەكی ترە كە جێبەجێ نەكردنی بڕگەیەكی یاساییە كە وەزارەتی دارایی بەرپرسە لێی نەك بەرپرسەكەی ئێمە، ئەمە یەك، دووەم ئێمە باسمان كردووە، راگەیاندن ئەتوانێت دۆسیەی گەندەڵی هەر بەرپرسێكی ئێمە بڵاوبكاتەوەو ئێمە لەبەر رۆشنایی ئەوەدا لێكۆڵینەوە دەكەین. درەو: ئێوە چاوەڕێی ئەوەن راگەیاندنەكان دۆسیەكانیان بڵاوبكەنەوە؟ عەدنان عوسمان: نەخێر. چاوەڕێی دیوانی چاودێرین، چاوەڕێی راگەیاندنین، چاوەڕێی دەستەی نەزاهەین، چاوەڕێی هەڵسوڕاوەكانی خۆشمانین، داوامانكردووە لە هەر شوێنێكدا هەر بەڵگەیەك، پارچە وەرەقەیەك، كاغەزێك لەسەر گەندەڵی هەر بەرپرسێكی ئێمە هەیە لە هەر ئاستێكدا هەیە، بیگەیەنن بە ئێمە. درەو: تائێستا لیژنەكەتان لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كەسدا كردووە ؟ عەدنان عوسمان: بەڵێ. ئێمە بەردەوامین، بەڵام بەگوێرەی دیكۆمێنت، واتە هەر لە خۆتەوە لەسەر گومان نا، دۆیكۆمێنتمان لەبەردەستدا بێت هەر كەسێك بێت لە هەر پۆستو هەر ئاستێكدا بێت ئێمە لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكەینو بڕیاریشی لەسەر ئەدەین. درەو: ماوەیەكە بەردەوام یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبونەوەكانی جڤاتی نیشتمانی تاوتوێكردنی پرسی سازدانی كۆنفرانسی نیشتمانییە، بەدیاریكراوی كەی كۆنفرانسی نیشتمانی بەڕێوەدەچێت ؟ عەدنان عوسمان: هێشتا كاتێكی دیاریكراومان دانەناوە، بەڵام بەنیازین هەر لەگەڵ دەستپێكردنی كەناڵە تەلەفزیۆنییە تازەكەماندا بیكەین، لە ئێستاوە خەریكی ئامادەكارین بۆ كۆنفرانسەكە، كۆنفرانسی نیشتمانی گۆڕان كێشەیەكی گەورە نییە بە نیسبەت گۆڕانەوە، گرنگە بكرێت، دواكەوتووە، ئەوە بەڵێ راستە، گرنگە بكرێت، من خۆم لەگەڵ ئەوەم هەموو ساڵێك بكرێت، چونكە لە كۆنفرانسی نیشتمانیدا ئێمە سەركردایەتی هەڵنابژێرین، رێكخەر هەڵنابژێرین، كێشەیەكمان نییە، ئێمە زۆرتر لەسەر بەرنامەو لەسەر پەیڕەو قسە ئەكەین، بۆیە كێشەیەكی زۆر گەورە نییە، دواكەوتووە، زۆرم پێ خراپە كە دواكەوتووە، بەڵام لە ئێستاشدا كە دواكەوتووە چاوەڕێی ئەوە ئەكەین كەشوهەوایەك بێت كە گۆڕان بباتە قۆناغێكی ترەوە. درەو: تا كۆتایی ئەمساڵ كۆنفرانسی نیشتمانی ئەكرێت ؟ عەدنان عوسمان: بەدڵنیاییەوە تاوەكو ناوەڕاستی ئەمساڵ ئەكرێت. درەو: باسی پەیڕەوت كرد، لە فەرهەنگی ئێوەدا پەیڕەو ناوی لێنراوە "دەستوری ناوخۆیی"، بڕیارە لە كۆنفرانسی نیشتمانیدا هەندێك گۆڕانكاری لە دەستوریی ناوخۆیدا بكەن كە نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەكەی نوسیویەتییەوە، ئەو بابەتانە چین دەتانەوێت گۆڕانكاری تێدا بكەنو پێتانوایە بۆ قۆناغی ژیانی ئێستا بزوتنەوەكە لەبارە نین ؟ عەدنان عوسمان: من ناتوانم پێتان بڵێم، چونكە لیژنەیەكمان پێكهێناوە، ئەو لیژنەیە پێداچوونەوە بە دەستورەكەو بەرنامەو دروشمەكاندا ئەكات، كاتی خۆیشی كە ئەم دەستورە دانراوە، وا دانراوە كە لە هەموو كۆنفرانسێكی نیشتمانیدا پێداچوونەوەی بۆ بكرێت، ئێمە لەم كۆنفرانسەدا پێداچوونەوە ئەكەین لەوەی لە چ خاڵێكدا كورتمان هێناوەو لە چ خاڵێكدا باشمان هێناوە، پێویستمان بە چ ئۆرگانێكەو پێویستمان بە چ ئۆرگانێكی تر نییە، دەسەڵاتی كۆنفرانسە كە هەموو گۆڕانكارییەك لە دەستورەكەدا بكات، بەڵام شێوازی ئیشكردنی گۆڕان بەم شێوازەی ئێستا، بەم سیستمەی ئێستا، واتە بڕبڕەی پشتی ئیشكردنی گۆڕان لەڕووی رێكخراوەییو ئۆرگانەكانەوە كە ئێمە پێمانوایە ئاسۆییە، دەستكاری ناكرێت. درەو: ئەمە هۆكارەكەیە كە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان تائێستا نەكراوە لەكاتێكدا بەپێی دەستوری ئێوە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان لە پێش هەموو كارەكانی ترەوەیە ؟ عەدنان عوسمان: نەخێر. هێشتا یەكلانەبووەتەوە، ئێمە چاوەڕێی ئامادەسازییەكان دەكەین، هەنگاوی یەكەم تۆماری دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕانە، ئەو تۆمارانە ئەبێت ساغبكرێتەوە، بزانین كێمان لەگەڵدا ماوەو كێمان لەگەڵدا نەماوە، كێ رۆیشتووەو كێ هاتوەتە ناو ریزەكانمانەوە، ئەو تۆمارە كە چاككرا، لەسەر ئەساسی ئەو تۆمارە هەڵبژاردنی ناوخۆیی دەكرێت. درەو: هەڵبژاردنی مەكۆكان كەی دەكرێت، دوای كۆنفرانسی نیشتمانیی؟ عەدنان عوسمان: ئێستا ئێمە سەرقاڵی ئەوەین ئەو تۆمارە ئامادە بكەین، لە هەفتەی داهاتووەوە دەستپێدەكرێت، شەش حەوت لیژنەمان پێكهێناوە بۆ گەڕان بەسەر هەموو شارەكانی كوردستاندا، ئەمە لەوانەیە شتێكی تازە بێت، شەش حەوت لیژنەیە، خانەی راپەڕاندنو ژووری پەیجوری سەرپەرەشتی ئەكەن، بە هەموو شارو قەزاكانی كوردستاندا ئەگەڕێنو ئەو تۆمارانە ساغ ئەكەینەوە، دوای ئەوە كۆنفرانسی قەزاكانو ناوچەكان ئەكەین، لەدوای ئەوەش كۆنفرانسی نیشتمانی ئەكەین. درەو: زانیارییەكان باسلەوە دەكەن دەتانەوێت گۆڕانكاری لە باژێڕوانی مەكۆكاندا بكەنو پێكهاتەی جڤاتی نیشتمانی نوێ بكەنەوە، بەڵام هەندێك لە باژێڕوانەكان ئامادە نین شوێنەكانیان بۆ كەسانی تر چۆڵ بكەنو دەیانەوێت جارێكی تر خۆیان كاندید بكەنەوە ؟ عەدنان عوسمان: ئەو زانیارییانە زۆر پێچەوانەی دەستوری بزوتنەوەی گۆڕانە، جا نازانم لە كوێ هێناوتانە، دەستورەكە تەحدیدی كردووە هیچ باژێڕوانو ئەنجومەنی قەزایەك لە دوو خول زیاتر كە هەر خولێك دوو ساڵە، ناتوانن خۆیان كاندید بكەنەوە، تا دەستورەكە نەگۆڕدرێت ناتوانن، بۆیە بەشێكی زۆر لە باژێڕوانەكان كە ماوەیەكی زۆرە باژێڕوانن، یان ئەنجومەنی قەزاكانو بازنەوانەكان ئۆتۆماتیكی لادەچنو ناتوانن خۆیان كاندید بكەنەوە، ئەوە پەیوەندی بەوەوە نییە كە من پێمخۆش بێت یاخود نا، ئەو شێوازەی كە كاك نەوشیروان بۆ جڤاتەكەو بۆ پەیكەرەی رێكخستنی بزوتنەوەی گۆڕان داناوە، بەردەوام لە تازەبونەوەدایە، بۆ نمونە خانەی راپەڕاندن بۆ سێ خول زیاتر ناتوانێت كە هەر خولێك دوو ساڵە، باژێڕوانەكانیش بەهەمان شێوە، جڤاتی نیشتمانی بەردەوام خۆی تازە دەكاتەوە، چونكە هەندێك باژێڕوانو بازنەوانمان هەیە بەگوێرەی دەستورەكە ناتوانن خۆیان كاندید بكەنەوە. درەو: ئێوە بەمدواییە دوای هەڵبژارنی خانەی راپەڕاندن پۆستی سكرتێری جڤاتی نیشتمانیتان وەرگرت، ئێوە لەسەر گەنجەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەژماردەكرێن، ئێستا ئێوە كە سەرۆكایەتی جڤاتی نیشتمانی دەكەن ئەدای جڤاتەكە بەبەراورد بە پێشتر چ گۆڕانكارییەك تێیدا رویداوە ؟ عەدنان عوسمان: لە دنیای حزبایەتیو دەوڵەتداریدا دوو شت هەن، تۆ كە لە ئۆپۆزسیۆنیت قسەی ترت هەیە، بۆچوونو خەونو خەیاڵی ترت هەیە، كە ئەچیتە ناو دەسەڵاتەوە سنوردار ئەبێت، لەبەرئەوەی هەمووی ئەچێتە چوارچێوەی فاكتو كاركردنەوە، واتە تۆ كە بەڵێنێكت دا ئەبێت جێبەجێی بكەیت، لە حزبایەتیشدا بەهەمان شێوەیە، تۆ كە لەناو پۆستەكەدا نیت تەسەوراتو دنیابینییەكت هەیە، كە ئەچیتە ناو پۆستەكەوە كار لەسەر ئەوە ئەكەی ئەو دنیابینییە چۆن جێبەجێ ئەكەیت. ئێمە لە كوردستاندا كێشەیەكی گەورەمان هەیە، نەك هەر لەناو گۆڕاندا، لەناو هەموو حزبەكاندا، كێشەیەكمان هەیە كە من ناتوانم ناوی بنێم كێشەی گەنجو پیر، كێشەی ستایلێكی كۆنە لەگەڵ ستایلێكی تازە، ستایلێك كە قاچێكی لەناو رابردوودایە، قاچێكی لەناو حزبی مەركەزیدایە، قاچێكی لەناو پێش راپەڕیندایە، قاچێكی لەناو خەباتی شاخو ماندوبوونو پێشمەرگایەتیو ئیستحقاقی شۆڕشگێڕانەدایە، ئەم جیلەی تریشمان قاچێكی لەناو دنیایەكی تازەدایە لە دوای راپەڕینەوە، قاچێكی لەناو دەوڵەتدارێتیو موئەسەسەو بوون بە دامەزراوەی حكومیو پەرلەمانیدایە، ئەو جیلەی تر ئەوەندە لە رابردوودا ئەژی، ئەوەندە خەونی داهاتووی نییە، جیلە تازەكە ئەوەندە لە داهاتوودا ئەژی، ئەوەندە خەونی رابردووی نییە، ئێمە گۆڕان كە دروستبوو، وەكو حزبێكی گەنجانە دروستبوو، لەبەرئەوەی گۆڕان ویستی دابڕان بكات لە رابردوو، كێشەی نەبوو كە تۆ رابردووەكەت ئاڵای شۆڕشە، كۆمەڵەیە، ئیسلامییە، یەكگرتووە، شیوعییە یاخود چییە، گرنگ ئەوەیە ئێستا بەبەرنامەی گۆڕان رازیتو بیر لە ئایندە ئەكەیتەوە، بیر لە سیستمێكی تازەو جیاواز ئەكەیتەوە بۆ ئایندە، ئەمە بەنیسبەت ئێمەوە گرنگ بوو، بۆیە گەنج بوشداربوو تێیدا، پیر بەشداربوو، ئەم ململانێیە لە كوردستاندا هەر ئەمێنێت، ساڵانێك ئەخایەنێت تاوەكو وردە وردە ئەو نەوە تازەیە یاخود ئەو عەقڵو شێوازە تازەیە بەتەواوەتی دەسبگرێت بەسەر حزبی سیاسیدا لە كوردستاندا. درەو: ئێمە پرسیارەكەمان لەسەر ئەدای جڤاتی نیشتمانی بوو، پێشتر ئەگەر رەخنەیەك هەبووبێت لەوە بووە كە جڤات رۆڵی وەكو پێویست نییە، ئێستا كە ئێوە بوون بە سكرتێری جڤات دۆخەكە وەكو خۆیەتی، لەسەردەمی ئێوەدا تەنانەت جڤات نەیتوانی ناوی كاندیدەكان بۆ وەرگرتنی پۆستە حكومییەكان یەكلابكاتەوەو دەسەڵاتی خۆی بەخشی بە رێكخەری گشتی ؟ عەدنان عوسمان: ئەو زانیارییە دروست نییە، لەبەرئەوەی لە پێش ئەم جڤاتو خانەی راپەڕاندنە تازەیەوە ئەو بڕیارە درابوو كە هەموو پۆستەكان رێكخەری گشتی كاندیدەكانی یەكلابكاتەوە، برادەرانی جڤات خۆیان ئەو بڕیارەیان دابوو كە دەسەڵاتەكەیان بدەن بە رێكخەری گشتی، نەك لە سەردەمی ئێمەدا، لەسەردەمی ئێمەدا جڤات ئێستا رۆڵێكی زۆر گرنگی هەیەو پێشتریش هەر رۆڵی هەبووە، ئێستا هیچ بڕیارێك بەبێ رەزامەندی جڤاتو بەبێ گفتوگۆكردن لەگەڵ جڤات تێناپەڕێت. درەو: جڤات یاخود سكرتێری جڤاتەكە كە ئێوەن ؟ عەدنان عوسمان: نەخێر، جڤات، سكرتێر ئیدارەی كۆبونەوەكان دەدات، خانەی راپەڕاندن بڕیاریان لا نییە، بڕیار جێبەجێ دەكەن، بڕیار نادەن، جڤات بڕیار دەدات، تائێستاش وا هەڵمانداوەو واشمان كردووە، هەربۆیە كۆبونەوەی جڤات جاری وا هەیە ئەجێندایەكی دورودرێژی بۆ دائەنێین، بۆ ئەوەی جڤات لە هەموو پرسەكاندا، لە پرسە سیاسییەكانو پرسە رێكخراوەییەكان رۆڵی هەبێت، هەروەها ژورەكانیش، بزوتنەوەی گۆڕان ئیعتمادی سەرەكی لەسەر ژورە، بڕیار لە ژورەكانەوە ئەدرێتو دواتر گەڵاڵە ئەكرێتو دواتر لە جڤاتدا كاری لەسەر ئەكەین، بۆیە من هەستئەكەم هەنگاوێكی گەورە كراوە لە بڕیاردان لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا كە ئێستا بڕیاردانی جەماعییە. درەو: بەمدواییە بزوتنەوەی گۆڕان دیدارێكی فیكری سازكرد بۆ قسەكردنو هەڵسەنگاندنی بارودۆخی خۆی، بەڵام ئەوەی تێبینی كرا دیدارەكە زور بەلای بابەتی تەوریسی سیاسیدا نەچوو، لەحاڵێكدا هەندێك لەوانەی لە ئێوە زویر بوون، ئەمە بە كرۆكی كێشەی بزوتنەوەكە ناودەبەن ؟ عەدنان عوسمان: بەشێك لەوانەی كە زویرن، پێشتریش پێش ئەوەی باسی تەوریسی سیاسی بكرێت، لەگەڵ كاك نەوشیرواندا كێشەیان هەبوو، قسەیان هەبوو لەسەر شێوازی بڕیاردان، لەسەر میكانیزمەكانی ئیشكردن، لەسەر ئۆرگانەكانیش كێشەیان هەبوو، تا ئەم ساتەوەختە كە ئێمە قسە ئەكەین شتێك نییە لەناو گۆڕاندا كە بەجددی هاتبێتە پێشەوەو ناوی تەوریسی سیاسی بێت، تەوریس واتە ئەوەی كە وەرەسەی كاك نەوشیروانەو لە شوێنی كاك نەوشیروان دانیشتووەو بۆ نمونە بڕیار دەدات لەسەر چارەنوسی حزبەكە. درەو: لە بابەتی تەوریسدا بەس باسی بڕیاری سیاسی ناكرێت، باس موڵكیەتی بزوتنەوەكە دەكرێت ؟ عەدنان عوسمان: ئێمە باسی سیاسەت ئەكەین، موڵكیەتی ئابوری جیاوازە، ئێمە پرۆژەیەكی سیاسین، پرۆژەیەكی ئابوری نین، من كە هاتومەتە ناو بزوتنەوەی گۆڕانەوە حەقم نەبووە لەوەی گردەكە هی كێیەو هی كێ نییە، كۆمپانیای وشە هی كێیە. درەو: بەڵام پرۆژە سیاسییەكەی ئێوە لە بنەڕەتەوە كۆمپانیایەك بوو كە كۆمپانیای وشەیە ؟ عەدنان عوسمان: ئەوەی كە لای من زۆر گرنگە بزوتنەوە سیاسییەكەیە، بزوتنەوەی گۆڕان چی ئەكات، كێ بڕیاری تێدا ئەدات، بزوتنەوەی گۆڕان جڤاتی نیشتمانی هەیە، جڤاتی گشتی هەیە، خانەی راپەڕاندنی هەیە، ژورەكانی هەیە، تا ئەم ساتەوەختەی كە من تێیدام ئەمانە بڕیار ئەدەنو بڕیاری ئەمانە بووە، لە دەرەوەی ئەم مەنزومەیە پرس بە هەڵسوڕاوەكان كراوەو رۆژانە پرسیان پێدەكرێت، بەڵام لە دەرەوەی ئۆرگانەكان پرس بە كەسی تر نەكراوەو فەرمایشی كەسی تر جێبەجێ نەكراوە، بۆیە تا ئەم ساتەوەختە مەسەلەی تەوریسی سیاسی جگە لە بیانویەك هیچی تر نییە، ئەكرێت خەڵك رەخنە لە بزوتنەوەی گۆڕان بگرێت بۆ نمونە بڵێت بزوتنەوەی گۆڕان لە پەیامەكانی خۆی لایداوە، بڵێت ریفۆرمخواز نییە، بڵێت دەستەمۆ بووە، هەموو قسەیەك واردە، بەڵام بەڕاستی بوترێت هۆكاری ئەوە تەوریسە، من پێموایە دروست نییە. درەو: بۆچی كۆمپانیات لە حزب جیاكردەوە، لە حاڵێكدا ئەگەر ئەم تێكەڵاوبوونەی حزبو كۆمپانیایە بۆ لایەنەكانی تر دروست نەبێت بۆ ئێوەو جوڵانەوەی نەوەی نوێ تێڕوانینێكی دروستە، ئێوە بە كۆمپانیا دەستان پێكردو دواتر بوون بە بزوتنەوەی سیاسی ؟ عەدنان عوسمان: ئەوەی ئێمە كۆمپانیایەكی ئیعلامی بوو. درەو: بەڵام كۆمپانیاكەتان دواتر بووە بە خاوەنی موڵكو چووەتە ناو بواری ئابوریشەوە، بۆچی ئەو جیاكارییە دەكەیت، تۆ ئەتەوێت بەتەواوەتی كۆمپانیاكە لە بزوتنەوە سیاسییەكە داببڕیت ؟ عەدنان عوسمان: بەڵێ. من كاتی خۆیشی لەگەڵ ئەوەبووم كە كۆمپانیای وشە موئەسەسەیەكی ئیعلامی بێتو حزب موئەسەیەی ئیعلامی خۆی هەبێتو كۆمپانیای وشەش موئەسەسەیەكی ئیعلامی بێت، كاتی خۆی كۆمپانیای وشە كۆمپانیایەكی وەبەرهێنان بوو لە هەموو بوارێكدا، لە بواری وەبەرهێنانو لە بواری ئیعلامیشدا كاری كردووە، دواتر كە بزوتنەوەی گۆڕان دروستبوو، ئۆرگانی خۆی هەبوو، دامەزراوەی خۆی هەبوو، بەهۆی ئەو واقیعەی كە ئەوكاتە هەبوو، ئیمكانیاتی بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمپانیای وشە تێكەڵ بوو، من لە 2013 كە كاك نەوشیروان خۆی لە ژیاندا بوو، نوسینم هەیە لەو بوارەی كە كۆمپانیای وشە دەبێت جیابكرێتەوەو دامەزراوەیەكی سەربەخۆ بێت، لە یەكەم كۆنگرەی گۆڕاندا بەهەمان شێوە بڕیارماندا كە كۆمپانیای وشە ببێت بە دامەزراوەیەكی میدیاییو كاری خۆی بكات، ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕاندا ژوری رۆژنامەوانیمان هەیە، هەموو دامەزراوە میدیاییەكانی خۆمان ئەخەینە ژێر چەتری ژوری رۆژنامەوانییەوە، كۆمپانیای وشەش كۆمپانیایەكە ئەكرێت ستراتیژیەتی خۆی هەبێتو ئەو ستراتیژیەتە نزیكە لە گۆڕانەوە یان سێبەری گۆڕانە شتێكی ئاساییە، بەڵام من قەت لەگەڵ ئەوەدا نیم ئەو دوانە تێكەڵ بكرێن. درەو: لە قسەكانی پێشتردا باسی دروستكردنی تەلەفزیۆنێكی نوێت كرد، لەدوای داخستنی كەناڵی KNNوە ئێوە كەناڵی تەلەفزیۆنیتان نییە، ئەو كەناڵە نوێیەی كە دەكرێتەوە موڵكیەتەكەی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دەگەڕێتەوە یاخود كۆمپانیای وشە؟ عەدنان عوسمان: بۆ كۆمپانیای وشە دەگەڕێتەوە. درەو: دەوترێت هەندێك لە بودجەی ئەو تەلەفزیۆنە لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە دابین دەكرێتو رێكخەری گشتی ئێستا رایگرتووەو بەوهۆیەوە كاركردن لە پرۆژەكەدا راوەستاوە، ئەمە جارێكی تر تێكەڵبوونەوە لەنێوان بزوتنەوەكەو كۆمپانیاكەدا دروستناكاتەوە ؟ عەدنان عوسمان: نەخێر. هیچ بودجەیەكی كۆمپانیای وشە لای رێكخەری گشتی نییە، هیچ بودجەیەكی رێكخەری گشتیش لای كۆمپانیای وشە نییە، رەنگە خۆیان كێشەیەكی مالییان هەبێتو ئێستا خەریكی چارەسەركردنن، بەڵام ئێمە خۆمان وەكو بزوتنەوەی گۆڕان خەریكی ئەوەین كە KNN وەكو كەناڵێكی لۆكاڵی كاری لەسەر بكەین، بەڵام ئەو كەناڵەی تر كەناڵی كۆمپانیای وشە دەبێتو دەبێت بە كەناڵێكی سەربەخۆو خۆیان ئاڕِاستەی ئەكەنو بڕیاری لەسەر ئەدەن. درەو: مەبەستت لە خۆیان كوڕانی كۆچكردوو نەوشیروان مستەفایە ؟ عەدنان عوسمان: بەڵێ، كۆمپانیای وشە، كۆمپانیای وشە بۆردی هەیە. درەو: ئەم رۆژانە لە عێراق گفتوگۆكان لەبارەی پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەت چڕبووەتەوە، فراكسیۆنی ئێوە لە پەرلەمانی عێراق بەپێچەوانەی رێككەوتنەكەتان لە هەرێم، لەگەڵ پارتی هەماهەنگ نین، ئێوە لە كوردستان دەسەڵاتنو لە بەغداد ئۆپۆزسیۆنن، ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەیە لە كابینەی عەبدولمەهدیدا پارتی لە بەغداد هیچ پۆستێكی بە ئێوە نەدا ؟ عەدنان عوسمان: ئێمە لە بەغداد نەمانویستووە ئۆپۆزسیۆن بین، یەكێتیو پارتی دەستیان بەسەر هەموو پۆستەكاندا گرتووەو برابەشیان كرد، ئامادەنەبوون پۆستمان پێبدرێت، نە لە پەرلەمانو نە لە حكومەت. درەو: فراكسیۆنی ئێوە لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ چەند لایەنێكی تری دەرەوەی پارتیو یەكێتیدا گروپێكیان پێكهێناوە بەناوی "گروپی 15" باسلەوە دەكرێت نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لەڕێگەی مستەفا سەید قادری جێگرییەوە دەیەوێت گۆڕان لەو گروپە بكشێتەوە، ئەمە راستە ؟ عەدنان عوسمان: ئەوەی كە من ئاگادارم هەوڵێك هەیە، بۆ ئەوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ هەموو ئەو گروپانە، هەموو ئەو فراكسیۆنانە پێكەوە كاربكەن، ئەمجارە پێداچونەوەیەكی ورد بكرێت هەم مافی كورد لە بەغداد هەم پشكی كوردیش لەبەغدادو لە دامودەزگاكاندا، ئەو لایەنانەی لەپەرلەمانن بەگوێرەی مەوقیعیەتو پێگەیان، چەند ئەركیان بەردەكەوێت مافیشیان پارێزراو بێت، تائێستا هەنگاوەكان چی ئەوەی كاك نێچیرڤان بارزانی هات سەردانی ئێمەی كرد جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، هەوڵئەدەن دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم چەترێك بێت بۆ هەموو لایەنەكان، ئێمە پێمان باشە گروپی (15) لەگەڵ دوو لایەنەكەی تر یەكێتیو پارتی لەم ساتەدا باشترین تەنسیقو هەماهەنگیان هەبێت، ئەگەر پێكەوە بتوانن گروپێكی فراوان دروست بكەن، بەڵام لەسەر كۆمەڵێك بنەما، لەسەر بنەمای نوێنەرایەتیكردنی راستەقینەی هەموو لایەنەكان، هەموو بڕیارەكان لەوێوە بدرێت، نەك لە پشتەوە لایەنێك بڕوات خۆی گفتوگۆ بكات، بڕیار بدات، لەخەمی پشكی كوردا بن، نەك لە خەمی پشكی حزبدا بن، لە خەمی قەزیەو مافەكانی كوردا بن، لە مەسەلەی نەوتەوە لە مەسەلەی سنورەوە لە مەسەلەی ناوچە جێناكۆكەكانەوە، ئەجێندایەكی دیاریكراوی نیشتمانیان هەبێت، كە هەموو فراكسیۆنەكان لەدەوری كۆببنەوە، هەریەكە بە گوێرەی پێگەی خۆی لە حكومەتەكە كورسی وەردەگرێت، هەروەكو ئەوەی لە كوردستان هەیە، هەریەكە بەگوێرەی ئیستحقاقی خۆی، بەڵام چوارچێوەیەكی نیشتیمانی دابنێین پێكەوە بڕیاربدەینو لەو دەستەیەشەوە بڕیار بدرێت، لە پشتەوەو لە پەناوە ئەوە نەكرێت، بەداخەوە ساڵانێكە بەم شێوەیە كاریان كردووە. درەو: مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەرەوەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە بەشێوەیەكی راستەوخۆ دەستی بە گفتوگۆ كردووە لەگەڵ بەغداد، بەبێ ئەوەی هیچ تەنسیقێك لەگەڵ حزبەكانی تردا بكات، نوێنەری ئێوە لە سەرۆكایەتی هەرێم كە مستەفا سەید قادرە لەوبارەیەوە پرسیاری كردووە ؟ عەدنان عوسمان: ئەوەی كە ئێمە ئاگادارین، ئەوەیە سەرۆكایەتی هەرێم بەم كارە هەڵئەسێتو كۆبونەوەی كردووە، لەو كۆبونەوانەدا بزوتنەوەی گۆڕان لە هەموویاندا بەشداری كردووە، نوێنەری فراكسیۆنی گۆڕان لە هەموو كۆبونەوەكان بەشداربووە. درەو: بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنەكەتان لە بەغداد بەشداری كۆبونەوەكانی سەرۆكایەتی هەرێم ناكات؟ عەدنان عوسمان: ئەوە رەنگە هۆكاری خۆی هەبێت، بەڵام نوێنەری فراكسیۆنەكەمان بەشداربووەو لە هەموو ئەو بڕیارانە بەشداربووینو قسەمان هەبووە، رەئیمان تێیدا هەبووە، ئێمە پێمانوایە حزبەكان ئاساییە پەیوەندییان هەیە لەگەڵ بەغدادو لایەنەكاندا گفتوگۆ دەكەن، سەردان دەكەن، كێشەمان نیە، بەڵام ئەوەی پەیوەستە بە هەرێمو ئیستحقاقاتی نیشتمانییەوە، پێمانوایە دەبێت لەچوارچێوەی دامەزراوەدا بێت، لەچوارچێوەی وەرگرتنی رای لایەنەكان بێت، لەچوارچێوەی ستراتیژێكی نیشتمانیدا بێت.
درەو: "گەل مافی خۆیەتی بزانێت کێ پارەی گەشتە شاهانەکانی سەرۆک وەزیرانەکەی داوە، من اين لك هذا" ئەمانەو چەندین پرسیاری تر بەڕووی "بۆریس جۆنسۆن" سەرۆک وەزیرانی بەریتانیادا بەرزکراوەتەوە. ئەو ئێستا کەوتۆتە ناو چاوی گەردولولەوە، لەچەندین لاوە فشاریان بۆ هێناوەو داوای لێدەکەن ناوی ئەوکەسە ئاشکرابکات پارەی گەشتە شاهانەکەی بۆ خەرجکردووە. "جۆنسۆن" بۆ بەسەربردنی پشویەکی تایبەت دوای سەرکەوتنی پارتی پارێزگاران لەهەڵبژاردنەکانی بەریتانیادا، ڕۆژی 26 کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو تا 5 کانوونی دووەمی ئەمساڵ کە ماوەکەی 11 ڕۆژە، لەگەڵ "کاری سیمۆندز"ی هاوڕێی گەشتی دورگەی "مۆتیسک" یەکێک لەدوورگەکانی دەریای کاریبی کردووە، خەرجی گەشتەکەی 15 هەزار جونەهیی ئیستەرلینی بووە، کە دەکاتە نزیکەی 20 هەزار دۆلاری ئەمریکی. حزبەکەی هەڕەشەی لێدەکات پارتی پارێزگاران، پارتەکەی سەرۆک وەزیران ڕەتیکردۆتەوە پارەی گەشتەکەی بۆ "جۆنسۆن" خەرجکردبێتو، دوای لێدەکات ناوی ئەو کەسە ئاشکرابکات پارەکەی بۆ داوە، هۆشداریشی داوەتێ، ئەگەر ئاشکرای نەکات ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان دەبێتەوە. سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە تۆماری بەرژوەندییەکانی ئەندامانی ئەنجومەنی گشتی بەریتانیدا ڕایگەیاندووە، گەشتەکەی لەلایەن "داڤید ڕۆس" هاوبەشی دامەزرێنەری دامەزراوەی "کارفۆن وایەر هاوس"وە خەرجکراوە، بەڵام ناوبراو کە خاوەنکارێکی ملیۆنێرە بە ڕۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی وتووە، ئەو هاوکاری "بۆریس جۆنسۆن"ی کردووە بۆ ڕێکخستنی گەشتەکەی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی کاری گەشتەکردنو مانەوە ڕێکدەخەن، ڕەتیشیکردۆتەوە هیچ پارەیەکی پێشکەش کردبێت. لەکاتێکی هەستیاردا نەگەڕاوەتەوە پارتی کرێکارانی بەریتانیاش داوای لەسەرۆک وەزیران کردووە وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە کە لەبارەی گەشتەکەیەوە ئاراستەی دەکرێت ئەگینا ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوەی دەکەنەوە. "جۆن تریکیت" جێگری سەرۆک وەزیران لە حکومەتی سێبەر دەڵێت: پێویستە بۆریس جۆنسون ڕاشکاوانە ڕایبگەیەنێت کێ پارەی ئەو گەشتە شاهانەیەی بۆ خەرجکردووە. وتوشیەتی: ئەگەر ئەوە نەکات، پێویستە لەسەر ڕێگەپێدراوی پەرلەمانیی بۆ پێوەرەکان بێتە سەرخەت و هانی بدات ئەو کارە بکات، چونکە گەل مافی خۆیەتی بزانێت کێ پارەی گەشتی ڕابواردنی سەرۆک وەزیرانەکەی خەرجدەکات. سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەو کاتەشدا ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بوەوە، بەهۆی ئەوەی کۆتایی بەگەشتەکەی نەهێنا، بەتایبەت دوای سەرهەڵدانی ئاڵۆزی نێودەوڵەتی بەهۆی کوژرانی جەنەڕاڵ "قاسم سولەیمانی" لە ڕۆژی 3ی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، لەگورزێکی ئاسمانی سوپای ئەمریکادا. "ئیمیلی سۆرنبیری" وەزیری دەرەوەی حکومەتی سێبەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیای تۆمەتبارکردو وتی:جۆنسۆن سەرقاڵی حەوانەوە بووە لەکەشێکی هەتاویداو "مارک سیدویل"ی ڕاوێژکاری حکومەتی بەجێهێشتووە سەرۆکایەتی سێ کۆبونەوەی بەپەلە بکات لە نوسینگەی سەرۆک وەزیران لەبارەی کوژرانی "سولەیمانی". لەڕاگەیەندراوێکدا کە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو بڵاوکرایەوە،"جۆنسۆن" لە تۆماری ئەنجومەنی گشتی بەریتانیادا وتویەتی:"مانەوەکەم بۆ پشویەکی تایبەت بووە بۆ خۆمو هاوڕێکەم بە بەهای 15 هەزار جونەهی ئیستەرلینی".
درەو: محەمەد عەلاوی كابینەكەی ئامادەكردووە كە لە 22 وەزیر پێكهاتووەو 3 وەزیریان كوردە، چاوەڕەوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو بیخاتە بەردەم پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەری. كاوە محەمەد پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو)ی راگەیاند" چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو دانیشتنێكی نائاسایی پەرلەمان بكرێت بۆ دەنگدان لەسەر كابینەكەی محەمەد تۆفیق عەولاوی كە لە 22 وەزارەت پێكهاتووەو 3 وەزیریان كوردن و 5 وەزیریان ژنە" كاوە محەمەد ئاماژەی بەوەشكرد كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەوەیە وەزیرەكانی ئێستای وەك خۆی بمێننەوە لە كابینەكەیدا، یاخود خۆی بە كادری حزبی پڕی بكاتەوە، بەڵام تا ئێستا محەمەد عەلاوی ئەو پێشنیازانەی رەتكردۆتەوەو سورە لەسەر ئەوەی بە كاندیدی سەربەخۆ پڕیان بكاتەوە. سەبارەت بە گروپی (15)ی لایەنە كوردیەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی، كاوە محەمەد دەڵێت" گروپی (15) لەگەڵ پشتیوانی لە كاندیدی سەربەخۆ دەكەن و داوا دەكەن پشكی كورد 4 وەزیر بێت". لایەنە شیعەكانی عێراقیش پشتیوانی لە محەمەد عەلاوی دەكەن كابینەكەی بە كاندیدی سەربەخۆ پڕ بكاتەوە ئەگەر پەیوەست نەبێت بە بەڵێنەكانی بە كاندیدی سەربەخۆ ئەوا ئەوانیش پشتیوانی ناكەن و دەنگ بە كابینەكەی نادەن. ئەو پەرلەمانتارەی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەشی خستە روو كە پێدەچێت عەلاوی دوو وەزارەتیان بە بەتاڵی بهێڵێتەوە یەكیان لە پێكهاتەی شیعەو ئەوەی تریشیان هی كوردە.
درەو: دوای تێپەڕبوونی 3 مانگ بەسەر مردنی یەكەم توشبوو بە ڤایرۆسی (كۆرۆنا)، پسپۆڕەكان پێیانوایە ڕووبەڕووی ساتەوەختی یەكلاكەرەوە بونەتەوە لەجەنگی دژی ڤایرۆسەكەدا. وەك ئەوەی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی سێ شەممەی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو: یان بەخێرایەكی گەورە ڕێوشوێنی دەستوردانی چالاك دەگیرێتەبەر بەوەش جیهان لەبەردەم دەرفەتێكی ڕاستەقینەدا دەبێت بۆ وەستاندنی پەتاكە، یان حاڵەتەكانو تێچووەكان بەردەوامدەبن لەبەرزبونەوەو تەقینەوە. نوسەر "فیلیسیا سیدیریس" لەڕاپۆرتێكدا لە پێگەی "لاشان ئینفۆ" دەڵێت:"ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە بە هەڕەشەیەكی مەترسیدار لەسەر سەرانسەری جیهان، بەڵام دەرفەتێكی ڕاستەقینە هەیە بۆ لەناوبردنی". ئەمە پەیامەكە پڕە لە دڵەڕاوكێیو گەشبینی لەیەك كاتدا، كە ڕۆژی سێشەممە بەدوو قۆناغ لەلایەن دكتۆرە"تیدروس ئەدهانوم" سەرۆكی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیەوە ڕاگەیەندرا، سەبارەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا كە تائێستا بووەتە هۆی مردنی زیاتر لە هەزار كەس. نوسەر دەڵێت، بەهۆی بەردەوامی دڵەڕاوكێو نیگەرانی لەئێستادا، زۆرێك پرسیار لەمەودای بەرەوپێشچوونەكانی ئەو دۆخە دەكەن، ئەوەش بۆ پرسیاركەرێك دەكرێت بپرسێت: ئایا ڤایرۆرسەكە بەردەوامدەبێت لەبڵاوبونەوە بەم هەسارەیەدا؟ ئایا ئەگەری ئەوەیە بڵاوبونەوەی لەسنوری چیندا ڕابگیرێت یان بەتەواوی كۆتایی پێبهێنرێت؟ پاڵپشت بە پەتاكانی ڕابردوو و پێشبینییەكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیو ئەوەی لەسەر ڤایرۆسەكە زانراوە كۆمەڵێك سیناریۆ هەیە: سیناریۆی یەكەم: كۆتایهێنان بە پەتاكەو ڕاگرتنی بڵاوبونەوەی زۆرێك ئومێدەوارن ڤایرۆسەكە لەچین بمێنێتەوەو نەگاتە هیچ ناوچەیەكی تر، ئەوەش یەكێكە لەو ئەگەرانەی سەركەوتووبێت بەهۆی كۆتوبەندەكانی گەشتكردنو هێشتنەوەی توشبوان لەشوێنی تایبەتی و دابڕاوی تەندروستی لە ناوچەی هوبی شوێنی سەرەكی نەخۆشییەكە. سیناریۆی دووەم: پەتاكە خۆبەخۆ كۆتایی بێت بەوتەی "ریچارد ویبی" لێكۆڵەری ئەمریكیو ئەندامی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، نەخۆشییە تەنها بۆ ماوەیەكی دیاریكراو لەساڵێكدا بەردەوامدەبێت. بەگوێرەی "ستایت نیوز" ئەم جۆرە لەڤایرۆس بەرگەی گەرمیو شێداری ناگرێت، ڤایرۆسەكە كەشی ساردو وشكی پێخۆشە. سیناریۆی سێیەم: ڤایرۆسەكە ببێت بەڵاو كارەسات ئەگەر چین نەتوانێت نەخۆشییەكە كۆتایی پێبهێنێتو تا كۆتایی زستان نەوەستێت، خراپترین سیناریۆ ڕوودەدات كە بەڵاو كارەساتە، ئەوەش بەمانای نەخۆشییەكە بە ئاسانی لەكەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگوێزرێتەوە لەسەرانسەری جیهان، بەوشێوەیەی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دەستنیشانیكردووە.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت هەموو ماددەكانی رەشنوسی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی نیشتمانی پەسەندكرا، جگە لەو مادانەی كە لەنێوان جەمسەرەكان كێشەیان لەسەرە، دوو هاوسەرۆك لەلایەن سەركردایەتییەوە پەسەندكراوە، بەڵام هێشتا نەبووەتە بڕیاری كۆتایی، بۆ جێگرانی هاوسەرۆكیش دوو پێشنیاز هەیە، رۆژی شەممە دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكلادەكرێتەوە، دەسەڵاتی دارایی درا بە هاوسەرۆكەكان، ئێستا تەنیا دەسەڵاتی سەربازی ماوەتەوە، (درەو) لەم راپۆرتەدا زانیاری زیاتر بڵاودەكاتەوە. كۆبونەوەیەكی تر بەبێ گوێدانە نامەكەی كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی كە داوای هەڵپەساردنی كۆبونەوەكانی كرد، ئەمڕۆ جارێكی تر ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆبووەوە بۆ پەسەندكردنی ماددەكانی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆ، پێدەچێت جۆرە لێكتێگەیشتنێك لەنێوان ماڵباتی تاڵەبا نیو كۆسرەت رەسوڵ هاتبێتە ئاراوە، بۆیە ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆبووەوە. كۆبونەوەی ئەمڕۆی درێژكراوەی دانیشتنی یەكەمی ئەنجومەنی سەركردایەتی نوێی یەكێتی بوو، كە بە كراوەیی ماوەتەوە. یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی نوێی یەكێتی تایبەت كراوە بە هەمواركردنی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكە، ئەمە بۆ دیاریكردنی پەیكەری نوێی حزبە بەپێی رێككەوتنێك كە بەر لە كۆنگرە لەنێوان باڵو جەمسەرەكانی حزبدا كراون. پرۆسەی هەمواری پەیڕەو لەناو رەشنوسی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیدا چەند ماددەو بڕگەیەك هەن كە لەنێوان جەمسەرەكانی حزبەكەدا كێشەیان لەسەرە، ئەمە ئاستەنگی بۆ كارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی لە هەمواری پەیڕەودا دروستكردووە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا تەواوی ئەو ماددەو بڕگانەی رەشنوسی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی پەسەندكراون كە لە كۆبونەوەكانی پێشتردا یەكلانەكرانەوە. واتە هەموو ماددەكانی رەشنوسی پەیڕەو پەسەندكراون كە (77) ماددەیە جگە لەو ماددەو بڕگانەی كە لەنێوان جەمسەرەكاندا كێشەیان لەسەرە كە بریتین لە: • پرسی بەڕێوەبردنی یەكێتی بەشێوەی هاوسەرۆكایەتیو ژمارەی هاوسەرۆكەكان • پرسی جێگرانی هاوسەرۆكایەتی یەكێتی • دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی كێشەی هاوسەرۆكایەتی یەكێك لە ماددە كێشەلەسەرەكانی ناو هەمواری پەیڕەو، پرسی هاوسەرۆكایەتییە لە بەڕێوەبردنی حزبەكەدا، لەسەر ژمارەی هاوسەرۆكەكان ناكۆكی هەیە، بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم بابەتە دوێنێ بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگیی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی، سەردانی ماڵی كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی حزبەكەیان كرد لە سلێمانی. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەكەی دوێنێ ماڵی كۆسرەت رەسوڵدا جارێكی تر پرسی زیادكردنی ژمارەی هاوسەرۆكەكان بۆ (3) كەسو تەنانەت بۆ (5) كەس خراوەتەڕوو، ئەمەش بەمەبەستی چارەسەری ناكۆكی نێوان باڵەكان، بەڵام كۆبونەوەكە لەوبارەیەوە نەگەیشتووەتە هیچ رێككەوتنێكی كۆتایی. ئەنجومەنی سەركردایەتی لە هەمواری پەیڕەودا (دوو) هاوسەرۆكی پەسەندكردووە، بەڵام ئەمە هێشتا كۆدەنگی لەسەر دروستنەبووەو باڵەكانی تر بەدیاریكراویش ماڵی كۆسرەت رەسوڵو بەرهەم ساڵح بەمە رازی نین، بەتایبەتیش لەكاتێكدا ئەگەر هەردوو هاوسەرۆكەكە لە ماڵباتی تاڵەبانی بنو بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی پۆستەكان وەربگرن. كێشەی جێگرەكانی سەرۆك جێگرانی هاوسەرۆكی یەكێتی، یەكێكی ترە لەو بڕگانەی ناو هەمواری دەستور، كە هێشتا یەكلانەكراوەتەوەو كێشەی لەسەرە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لەبارەی جێگرەكانی هاوسەرۆكەوە دوو پێشنیاز هەیە: پێشنیازی یەكەم: هاوسەرۆكەكانی یەكێتی دوو جێگریان هەبێت پێشنیازی دووەم: هاوسەرۆكەكانی یەكێتی پێنج كارگێڕیان هەبێت پێشتر گروپی كەركوكییەكانو ماڵباتی كۆسرەت رەسوڵ چاویان لەوە بوو، پۆستی جێگری سەرۆكی یەكێتی وەربگرن، كەركوكییەكان (رەفعەت عەبدوڵا)و ماڵی كۆسرەت رەسوڵیش (شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ)یان كاندیدكردبوو بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگرانی سەرۆكی یەكێتی، سەرباری ئەمە، (عیماد ئەحمەد) لەلایەن دلێری سەید مەجیدو ئەوانەی ناویان لێنراوە گروپی "ئیدارەی گشتی"، كاندیدكرابوو بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆك. پەسەندكردنی هاوسەرۆكایەتی بۆ بەڕێوەبردنی یەكێتی لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتییەوە، سەرەنجەكانی لەسەر پۆستی جێگری سەرۆكی حزب كاڵكردەوە. كێشەی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵا ئەنجومەنی باڵای سیاسی كە دامەزراوەیەكی نوێیەو لە كۆنگرەی چوارەمدا بڕیار لەسەر دروستكردنی درا، یەكێكی تر لەو بابەتانەی كە لە هەمواری پەیڕەودا كێشەی بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی دروستكردووە. ئەنجومەنی باڵا كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكایەتی دەكاتو ئەندامەكانی بریتین لە هەریەكە لە (مەلا بەختیار، ئەرسەلان بایز، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، عومەر فەتاح، حاكم قادر، دلێری سەید مەجید، عەدنان موفتی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد)، ئەمانە كە زۆربەیان مەكتەب سیاسییەكانی پێشتری یەكێتین، داوا دەكەن ئەنجومەنەكەیان هاوشێوەی ناوەكەی كە دەستەواژەی "باڵا"ی پێوەیە، باڵاترین دەسەڵاتی حزب بێت، بەڵام ئەمە لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتییەوە كە لاهور شێخ جەنگیو ماڵباتی تاڵەبانی زۆرینەن تێیدا، رەتدەكرێتەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەسەردانەكەی دوێنێی بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگیدا بۆ ماڵی كۆسرەت رەسوڵ، ماڵباتی تاڵەبانی رەزامەندییان نیشانداوە هەندێك دەسەڵات بۆ كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكی ئەنجومەنی باڵا زیادبكرێت، ئەمەش بەمەبەستی رەواندنەوەی نیگەرانی كۆسرەت رەسوڵ لەبارەی پرسی هاوسەرۆكەكانەوە. دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێكە لەو بابەتانەی كە لە هەمواری پەیڕەوی ناوخۆدا یەكلانەكراوەتەوەو بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بڕیارە رۆژی شەممە ئەنجومەنی سەركردایەتی جارێكی تر كۆببێتەوەو ئەم بابەتە یەكلابكاتەوە. ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی ئەوەی لە رەشنوسی هەمواری پەیڕەودا سەركردایەتی پەسەندیكردووە، ئەنجومەنی سەركردایەتی وەكو باڵاترین دەسەڵات لەناو یەكێتی دیاریكراوە. دەسەڵاتی دارایی-ش كە یەكێكە ترە لە دەسەڵاتە گەورەكانی ناو حزب، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا بەسترایەوە بە هاوسەرۆكەكانی حزبەوە، ئەوەی تائێستا ماوەتەوە دەسەڵاتی سەربازیو فەرماندەیی هێزەكانی پێشمەرگەی یەكێتییە، پێدەچێت ئەم دەسەڵاتە بدرێت بە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی، بەپێی نوسراوێكیش كە ئەنجومەنەكە ئاڕاستەی سەركردایەتی كردووەو پێشتر (درەو) ناوەڕۆكەكەی بڵاوكردەوە، ئەنجومەنی باڵا داوای دەسەڵاتی بەرپرسیارێتی هێزەكانی پێشمەرگە دەكات.
(درەو): حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی (751 ملیار) دینار قەرزی لای كۆمپانیاكانە، بەپێی نوسراوێك كە دەست (درەو) كەوتووە، دەبێت قەرزارەكان لەماوەی سێ مانگدا ئەو پارانە بۆ حكومەت بگەڕێننەوە. بەپێی نوسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانكە بازرگانییەكان كە كۆپییەكی دەست (درەو) كەوتووە، دەبێت ئەو كەسو كۆمپانیایانەی كە قەرزیان لە حكومەت وەرگرتووە، لەماوەی سێ مانگدا قەرزەكانیان بگەڕێننەوە، بەپێچەوانەوە حكومەت دەست بەسەر ئەو موڵكانەدا دەگرێت كە وەكو بارمتە (رهن) بۆ وەرگرتنی قەرزەكە دایانناوە. نوسراوەكە كە ئاڕاستەی گشت بانكە بازرگانییەكان كراوە، چەند مەرجێكی دیاریكردووە بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەكان كە ئەمانەن: • گەڕانەوەی قەرزەكان دەبێت بە چەكی بانكیی بێت یاخود بەشێوەی كاش، بەمەرجێك كڕینو فرۆشتن بە چەكە بانكییەكەوە نەكرابێتو چەكە بانكییەكانی حكومەتی هەرێم بێت. • چەكە بانكییەكان بەناوی قەرزارەكانەوە بێتو چەكی بانكیی هەمان پارێزگا بێتو چەكی بانكە ئەهلییەكان نەبێت. • ماوەی گەڕانەوەی قەرزەكان (سێ) مانگەو ماوەكە لە رۆژی 10/2/2020وە دەستپێدەكاتو 10/5/2020. • دوای تەواوبوونی ماوەی (سێ) مانگەكە رێكاری یاسایی لەبەرامبەر ئەو كەسو كۆمپانیایانە دەگیرێتەبەر كە قەرزەكانیان نەگەڕاندوەتەوە، ئەوەش لەڕێگەی دەستگیرتن بەسەر ئەو موڵكانەی كە وەكو بارمتە لای حكومەت دایانناوە بۆ وەرگرتنی قەرزەكانیان. قەرزی كۆمپانیاكان یەكێكی ترە لەو دۆسیە چارەسەرنەكراوانەی كە بە میرات لە كابینەكەی نێچرڤان بارزانییەوە بۆ كابینەی مەسرور بارزانی بەجێماوە، بەهای ئەم قەرزانە ئێستا گەیشتوەتە (751 ملیار) دینار، بەپێی یاسای چاكسازی كە بەمدواییە لە پەرلەمان پەسەندكرا، دەبێت حكومەت ئەم پارەیە لە كۆمپانیاكان وەرگرێتەوە، كێن ئەو كۆمپانیاو سەرمایەدارانەی كە سودمەندبوون لە قەرزی حكومەت، بۆ زانیاری زیاتر كلیك لەسەر ئەم ناونیشانەی خوارەوە بكە: ئەوانەی قەرزاری حكومەتن كێن ؟
راپۆرتی: درەو قەبارەی ئەو هێزە سەربازییە گەورەیەی بەمدواییە توركیا ڕەوانەی سوریای كردووە ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ ئەنجامدانی جەنگێكی چاوەڕوانكراو بۆ گێڕانەوەی ئەو ناوچانەی رژێمی سوریا دەستی بەسەردا گرتوون، كە دەكەونە چوارچێوەی ناوچەكانی "هێوركردنەوەی توندوتیژی" بەپێی ڕێككەوتنی "سوچی" كە ساڵی 2018 لەنێوان "ڤلادیمێر پۆتنو رەجەب تەیب ئەردۆغان" ئیمزاكرا. "ئەردۆغان" ئەمڕۆ جارێكی تر تا كۆتایی ئەم مانگەی بۆ سوپای سوریای دیاریكرد تا لەوناوچانە بكشێتەوە كە دەستی بەسەرداگرتوون، هەڕەشەی ئەوەشیكرد ئەگەر هێزەكانی سوریا دەستدرێژی بكەنە سەر سوپای توركیا وەڵامدانەوەیان ناوچەكانی دەرەوەی ڕێككەوتنی "سوچی"یش دەگرێتەوە. لەماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوی هێرشی سوپای سوریا بەپشتیوانی هێزی ئاسمانی ڕوسیا بۆ سەرناوچەی ئیدلیب، لەدوو هێرشی جیادا 14 سەربازی سوپای توركیا كوژراونو 45ی دیكەش برینداربوون، ئەمە بەقسەی "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" كە لەوتەكەی ئەمڕۆیدا لەبەردەم فراكسیۆنی پارتی دادو گەشەپێدان لەپەرلەمانی توركیا ئاماژەی پێكرد. توركیا دەكرێتە دەرەوەی هاوكێشەكە؟ رژێمی سوریا بەپشتیوانی ڕوسیا خەریكە ڕۆڵی توركیا لەهاوكێشەی نوێ سیاسیو سەربازی سوریادا بەتەواوی لاواز دەكات، هێرشەكەی ئەم دواییەی سوپای سوریا بۆ سەر ئیدلیب بەشێكی بەرچاوی خاڵەكانی چاودێری توركیا لەوناوچانە بێڕۆڵكردووە، بەتەواوی لەلایەن سوپای سوریاوە گەمارۆدراون یان تێپەڕێندراونو ڕۆڵیان نەماوە، هاوكات گروپە توندڕەوەكانی هاوپەیمانیشی لەدۆخێكی سەربازی خراپدانو بەوەش خەریكە سوریاو ڕوسیا بەتەواوی بەڕەكە لەژێر پێی ئەنكەرە دەردێنن، ئەمەش ئیحراجییەكی زۆری بۆ "ئەردۆغان" دروستكردووەو، دەیەوێت بەهەر نرخێكبێت ڕێ لەم هاوكێشە نوێیە بگرێت. "ئەردۆغان" لەم قۆناغەدا هەوڵی زامنكردنی دەستوەرنەدانی ڕووسەكان دەدات لەحاڵەتی ڕووبەڕووبونەوەی سەربازی لەگەڵ سوپای ئەسەد، ئەگەر ئەم سیناریۆیەش شكستبهێنێت هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانی ئەمریكا دەدات بۆ سەپاندنی ناوچەیەكی دژە فڕین لەو ناوچانەی تائێستا سوپای رژێمی سوریا دەستی نەیگەیشتویەتێ لە یدلیب، یاخود سەپاندنی سزای ئابوری بەسەر مۆسكۆدا، بۆ ناچاركردنی بەچارەسەرێكی مامناوەند. بەرپرسانی ئەنكەرە لەئێستادا لەسەر دوو ئاست سەرقاڵی گفتوگۆن، لەگەڵ ئەوەی متمانەیان بە ئەمریكییەكان نییە، بەڵام پێدەچێت دژایەتیكردنی هەژمونی ڕوسیا بەرژوەندی هەردووكیانی لەم دۆسیەیەدا یەكخستبێت، توركەكان لەلایەك لەگەڵ "جێمس جێفری" نێردەی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەگفتوگۆدان، لەگەڵ ڕوسەكانیش بەردەوامن لەگفتوگۆكردن بۆ ڕێگەگرتن لەئەگەری قوڵبونەوەی زیاتری كێشەكانو ڕووبەڕووبونەوەی ڕاستەوخۆی نێوانیان. پۆتینو ئەردۆغان قسەیان كرد پەیوەندییە تەلەفونییە چاوەڕوانكراوەكەی نێوان "پۆتینو ئەردۆغان" هیوای زۆری لەسەر هەڵچنرابوو، بەڵام پێناچێت هیچ لەهاوكێشە تازەكانی سەر زەمینی شەڕ بگۆڕێت. سەرۆكایەتی ڕوسیا لەبەیاننامەكدا لەبارەی پەیوەندییە تەلەفونییەكەوە ڕایگەیاندووە:" سەرۆك ڤلادیمێر پۆتین لەگەڵ هاوتا توركییەكەی توندبونەوەی ئاڵۆزییەكانیان لەپارێزگای ئیدلیبی سوریا تاوتوێكردووە، ڕێككەوتون لەسەر گرنگی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكانی نێوانیان لەبارەی سوریاوە". ڕێككەوتنێك كە "ئەردۆغان" لەزیاد لە بۆنەیەكدا ڕایگەیاندووە: ڕوسەكان پەیوەستنین نین بە جێبەجێكردنی هەردوو ڕێككەوتنی"سوچیو ئەستانە"ی تایبەت بە سوریا. هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ "مەولود چاوش ئۆغلۆ" وەزیری دەرەوەی توركیا ئاشكرایكرد: لەچەند ڕۆژی داهاتوودا وەفدێكی وڵاتەكەی سەردانی مۆسكۆ دەكات بۆ تاوتوێكردنی توندبونەوەی ئاڵۆزییەكان لە ئیدلیب. مۆسكۆ ئەنكەرە تۆمەتبار دەكات لەگەرمەی هەوڵە دبلۆماسییەكاندا، مۆسكۆ ئەنكەرە تۆمەتبار دەكات بە جێبەجێنەكردنی ئیلتزاماتەكانیو شكستهێنانی لەدوور خستنەوەی تیرۆرستەكان لە باكوری سوریا. وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ئەمڕۆ لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند: دۆخەكە لە ئیدلیب تادێت بەرەو خراپی دەچێت بەهۆی كێشكردنی چەكو تەقەمەنی لەڕێی سنوری توركیاوە، ئاماژەی بەوەشكردووە، قەیرانی ئیدلیب بەهۆی پابەندنەبوونی توركیا بە ئەركەكانی سەریهەڵداوەو ئەنكەرە شكستیهێناوە لە دورخستنەوەی تیرۆرستەكان لەباكوری سوریا. ڕاشیگەیاندووە: سەربازانی ڕوسیا لەچوارچێوەی ڕێككەوتنی "سوچی" لەسوریا كاردەكەنو، كێشكردنی زریپۆشو چەك لەڕێی سنوەرەوە بۆ ئیدلیب كێشەكان ئاڵۆزتر دەكات. ئەردۆغان دابڕواوە لەواقیع لەوەڵامی هەڕەشەكانی "ئەردۆغان"دا ئاژانسی هەواڵی "سانا"ی سوری، لەزاری سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی ڕایگەیاندووە: سەرۆكی رژێمی توركیا لەواقیع دابڕاوەو هەڕەشەكانیشی لەسوپای سوریا لەئەنجامی ئەو گورزە ئازاربەخشانەیە كەبەر سوپاكەیو گروپە تیرۆرستییەكان كەوتووە.
درەو: ئاژانسی هەواڵی "تاس"ی ڕوسیا لەزاری وتەبێژی "كرملین" ەوە بڵاویكردەوە: "ڤلادیمێر پۆتین" دۆخی سوریا لەگەڵ هاوتا توركییەكەی "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" تاتوێدەكات، ئەوەش دوای ئاڵۆزبونی دۆخی ئیدلیب. پێشتریش ڕوسیا ڕایگەیاندبوو، پێویستە هێرشەكان دژی هێزەكانی سوریاو ڕوسیا لە ئیدلیب ڕابگیرێنو، توركیا پەبەندبێت بەو ڕێككەوتنانەی لەگەڵ ڕوسیا ئەنجامیداوە سەبارەت بە ململانێكان لەو ناوچەیە. پەیوەندییە چاوەڕوانكراوەكەی "ئەردۆغانو پۆتین" دوای دوو خولی گفتوگۆی بێئەنجام دێت لەنێوان هەردوو وەفدی "ڕوسیاو توركیا" كە لەئەنكەرە بەڕێوەچوو، تێیدا نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەو بەرگریو هەواڵگری هەردوو وڵات بەشدارییان كرد. ڕوسیای هاوپەیمانی ڕژێمی ئەسەد ساڵی 2018 ڕێككەوتنێكی لەگەڵ توركیا ئیمزاكرد بۆ سەپاندنی ناوچەیەكی داماڵراو لەچەك لە ئیدلیب، لەمانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوشدا ڕێككەوتنێكی تریان ئیمزاكرد بۆ وەدەرنانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (شەڕڤانانی كورد) لەناوچە سنورییەكانی باكوری سوریای هاوسنوری توركیا، بەڵام پەیوەندییەكانی "ئەنكەرەو مۆسكۆ" سەرلەنوێ دووچاری ئاڵۆزی هات، دوای هێرشی سوپای سوریا بە پشتیوانی ڕوسیاو، سەرلەنوێ مەترسییەكانی توركیای بزواندەوە لەكۆتایهاتنی هەژمونی خۆیو گروپە توندڕەوەكانی نزیكی لەوناوچەیە. ئەمریكا پشتیوانی توركیا دەكات "مایك پۆمپیۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەتویتێكدا، پرسەنامەی ئاراستەی خانەوادەی ئەو سەربازە توركیانە كرد كە لە هێرشەكەی دوێنێی ئیدلیب كوژرانو ڕایگەیاند: "پێویستە هێرشە بەردەوامەكانی ڕژێمی ئەسەدو ڕوسیا ڕابوەستنێرێن". "پۆمپیۆ" وتیشی: ویلایەتە یەكگرتووەكان لەگەڵ توركیا هەماهەنگی دەكات بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشەی كراوەتە سەر هێزەكانی لەلایەن سوپای سوریاوە لەناوچەی ئیدلیب، ڕونیشكردەوە، "جێمس جێفری" نوێنەری تایبەتی ئەمریكای بە كاروباری سوریا ڕەوانەی ئەنكەرە كردووە لەپێناو هەماهەنگی كردن بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە. "جێفری" لەگەڵ گەیشتنی بۆ ئەنكەرە لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بۆ ئەوە هاتوین بۆ ئەنكەرە تا لەگەڵ حكومەتی توركیا دۆخەكە هەڵبسەنگێنینو، دەمانەوێت زۆرترین پشتیوانی پێشكەش بە توركیا بكەین. وتیشی: هاوپەیمانەكەمان ڕووبەڕووی هەڕەشەیەكی ڕاستەقینە بوەتەوە لە ئیدلیب لەلایەن رژێمی سوریاو روسیاوە. ئەردۆغان هەڕەشە دەكات ئەمڕۆ "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" هەڕەشەكانی لە رژێمی سوریا دووپاتكردەوەو ڕایگەیاند: باجێكی زۆر قورس دەدەن لەبەرامبەر ئەوهێرشەی لەباكوری خۆرئاوای سوریا كردویانەتە سەر هێزەكانی توركیا كە لەماوەی هەفتەی ڕابردودا 13 سەربازی توركی كوژراون. ئەردۆغان وتیشی:وەڵامی پێویستمان ناردووەتەوە بۆ سورییەكان لەسەر باڵاترین ئاست، ئەوەی شایەنیانە ئەنجامماندا بەتایبەت لە ئیدلیب، بەڵام ئەوە بەس نییەو بەردەوامدەبێت. هەڕەشەكانی "ئەردۆغان" لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگری توركیا بڵاویكردەوە، (51)سەربازی سوپای سوریایان كوشتووەو، دوو تانكیشیان تێكشكاندووە، دەستیشیان بەسەر تانكێكی تردا گرتووە. دوێنێش دوای كوژرانی (5) سەربازی توركیاو برینداربونی (5) تر، وەزارەتی بەرگری توركیا ڕایگەیاند، لەتۆڵەی ئەو هێرشەی ڕژێمی سوریادا (115) ئامانجی سوریایان بۆردومانكردووەو (100) سەربازی سوریایان كوشتووە، بەڵام بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە سوریا كە ڕێكخراوێكی سەربەخۆیە، هەواڵەكەی وەزارەتی بەرگری توركیای ڕەتكردەوەو رایگەیاند: لەوەڵامدانەوەكەی توركیادا هیچ سەربازێكی سوپای سوریا نەكوژراوەو ئەو ئامارانەشی سوپای سوریا لەبارەی زیانی بۆردومانەكەی توركیاوە بڵاویكردۆتەوە راست نییەو، بۆ هەڵلوشینی تۆڕەیی ئەنكەرەیە لەكوژرانی سەربازەكانی.