Draw Media

یەكێتی شەوە سەختەكەی تێپەڕاند..هاوسەرۆكایەتی شكستیهینا؟

یەكێتی شەوە سەختەكەی تێپەڕاند..هاوسەرۆكایەتی شكستیهینا؟

2021-07-09 18:40:08


راپۆرت: درەو
دوای ململانێیەكی توند، یەكێتی شەوێكی سەختی بەرێكردو ئێستا دۆخەكە بەرەو ئارامی دەچێت، هاوسەرۆكایەتی یەكێتی پاش ساڵێك لە ئەزمونكردن گەیشتووەتە بنبەست، قۆناغی پێش شەوی 8ی تەموزو دوای 8ی تەموز دوو قۆناغی جیاوازن كە داهاتوی ژیانی سیاسی یەكێتی بە گشتی و كارەكتەرە سیاسیەكانی ناوی یەكلا دەكاتەوە.
لەم راپۆرتەی (درەو)دا ووردەكاری زیاتر بخوێنەوە 

شەوە سەختەكەی یەكێتی !
شەوی رابردوو، یەكێك لە سەخترین شەوەكان بوو لە مێژووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، شەوێك كە تارمایی ترسی رودانی شەڕو ململانێی توند لەنێوان ئامۆزاكاندا باڵی بەسەردا كێشابوو. 
ئەوانەی نزیك بوون لە رووداوەكانی دوێنێ شەوی سلێمانییەوە دەڵێن، سەرباری قوڵبونەوەی ناكۆكییەكان لەنێوان هاوسەرۆكەكان تا ئەو رادەیەی تەنانەت لەرێگەی تەلەفۆنیشەوە پەیوەندی لەنێوانیاندا نەماوە، بەڵام هێشتا بەشێوەیەكی باش لە بارودۆخەكە دەرچوون‌و كار نەگەیشتوەتە روودانی شەڕ، شەڕێك كە لەحاڵی رودانیدا، رەنگە كۆتاییەكی كارەساتباری بۆ یەكێتی‌و ناوچەی سلێمانی بەجێبهێشتایە. 
ئێستا ئیتر وەكو كورد دەڵێ "شەوێك بەسەر خوێنەكەدا تێپەڕیوە" تاڕادەیەك ئەگەری رودانی شەڕ دوركەوتوەتەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) هێزە چەكدارەكان كشاونەتەوە بۆ شوێنەكانی خۆیان‌و تاڕادەیەك گۆڕانكارییە ئەمنییەكان چەسپێندراون، هەندێك نێوەندگیریش كە تا درەنگانێكی دوێنێ شەو هەبووە، كاریگەرییان هەبووە لەسەر ئەوەی دۆخەكە نەتەقێتەوە، ئەوانەی رۆڵیان بینیوە لە كوژاندنەوە ئاگرەكەكە بریتی بوون لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق‌و دیپلۆماتكارانی بیانی بەدیاریكراویش (ئێران‌و ئەمریكا). 

گۆڕانكاری سیاسی لەڕێگەی ئەمنییەوە
سەرەتای تەقینەوەی كێشەی نێوان هاوسەرۆكەكانی یەكێتی دوای دەرچوونی دوو فەرمان هات لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە كە تائێستاش مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت سەرۆكایەتی ئەم ئەنجومەنە دەكات. 
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئیمزای لەسەر دوو فەرمان كردووە:
فەرمانی یەكەم: دانانی (ئەژی ئەمین) لە پۆستی سەرۆكی ئاژانسی زانیاری یەكێتی، لەجێگەی (محەمەد شێخ تەحسین تاڵەبانی)، محەمەد شێخ تەحسین كە برای ئاڵا تاڵەبانی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتییە لە پەرلەمانی عێراق، لەدوای ئەوەی لاهور شێخ جەنگی بوو بە هاوسەرۆكی یەكێتی ئەم پۆستەی وەرگرت، بەڵام هەرگیز نەبوو بە بەرپرسی فەرمی ئاژانسی زانیاری، چونكە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ئیمزای دەستبەكاربوونی بۆ نەكرد، لەو ماوەیەدا كە ئەم پیاوە سەرۆكی دەزگا بووە، ماوە لەدوای ماوە، پارتی لەرێگەی ئەنجومەنی ئاسایشەوە بودجەی دەزگای زانیاری راگرتووە، تا ئەو رادەیەی دابڕانێكی تەواوەتی لەنێوان دەزگای زانیاری‌و ئەنجومەنی ئاسایشدا رویدا‌و دەزگای زانیاری یەكێتی‌و پاراستنی پارتی كە هەردووكیان سەربە ئەنجومەنی ئاسایشن، لە چەندین رووداودا بەیاننامەی توندیان لەدژی یەكتر دەركرد. 
(ئەژی ئەمین) كە ئێستا پۆستی بەرپرسی ئاژانسی زانیاری یەكێتی وەرگرتووە، برای (موسەننا ئەمین) پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامییە، پێشتر سەربە لاهور شێخ جەنگی بووە‌و بەمدواییە شكاوەتەوە بەلای بافڵ تاڵەبانیدا.
فەرمانی دووەم: دانانی (وەهاب هەڵەبجەیی) لە پۆستی فەرماندەی هێزی دژە تیرۆری یەكێتی‌و لادانی (پۆڵاد شێخ جەنگی) برای لاهور شێخ جەنگی لە پۆستەكە، وەهاب هەڵەبجەیی پێشتر سەربە لاهور شێخ جەنگی بووە‌و بەرپرسی ئۆپراسیۆنەكانی دژە تیرۆر بووە، بەمدواییە لە كێشەیەكی ئەمنیدا شكاوەتەوە بەلای بافڵ تاڵەبانیدا.
بەم گۆڕانكارییانە كە لەڕێگەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمەوە ئەنجامدران، گۆڕانكاری سیاسین لەرێگەی ئەمنییەوە، چونكە كۆنترۆڵی دوو دامەزراوەی كاریگەری ئەمنیی یەكێتی لەلایەن كوڕانی تاڵەبانییەوە (قوباد تاڵەبانی‌و بافڵ تاڵەبانی) لەژێر دەستی لاهور شێخ جەنگی دەرهێنرا، ئەم دەزگا ئەمنیانە لە ساڵانی رابردوودا كاریگەری گەورەیان لەسەر دەركەوتی لاهور شێخ جەنگی وەكو ژمارەیەكی بەهێز لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوەی یەكێتیدا هەبوو، بۆیە لەدەستدانی ئەم دامەزراوانە كاریگەری گەورەیان لەسەر لاوازكردنی پێگەی لاهور شێخ جەنگی لە داهاتووی یەكێتیدا دەبێت.  
بۆ جێبەجێكردنی ئەم دوو فەرمانە‌و گۆڕانكارییە ئەمنییەكان، هێزی چەكدارەكانی سەربە یەكێتی جوڵەی پێكرا، هێزی (كۆماندۆ)ی سەربە جەعفەر شێخ مستەفای جێگری سەرۆكی هەرێم‌و هێزەكانی سكرتاریەتی "مام جەلال" رۆڵی یەكلاكەرەوەیان بینی، جوڵەی هێز گەیشتە ئاستی دەستگیركردنی (شێخ محەمەد تاڵەبانی) بەرپرسی ئاژانسی زانیاری‌و كەسێكی تری ناو دەزگاكە بەناوی (رەنج شێخ عەلی)، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، هەردوو بەرپرسەكەی دەزگای زانیاری دوای مانەوەیان بەدەستبەسەری بۆماوەی 24 كاتژمێر ئازادكراون. 
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم ماوەی دوو ساڵی یەكەمی تەمەنی خۆی تەواو كرد، لەدوای دەستبەكاربوونی ئەم كابینەیەوە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان نوێ نەكراوەتەوە، مەسرور بارزانی هێشتا سەرۆكایەتی ئەم ئەنجومەنە دەكات، ئەمە لەكاتێكدایە لەڕووی ئیدارییەوە ئەنجومەنەكە سەربە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان واتا نێچیرڤان بارزانییە، لەماوەی رابردوودا كێشەی لاهور شێخ جەنگی‌و مەسرور بارزانی بەهۆكاری نوێ نەكردنەوەی ئەنجومەنی ئاسایش لێكدراوەتەوە، بۆیە پێدەچێت دوای ئەم گۆڕانكارییە ئەمنیانەی لە سنوری سلێمانی كراون، ئەنجومەنی ئاسایش كارا بكرێتەوە كە لە ساڵی 2012وە هیچ كۆبونەوەیەكی نەكردووە، لە حاڵی كاراكردنەوە‌و دابەشكردنەوەی پۆستەكانی ئەنجومەنی ئاسایشدا، (ئەژی ئەمین) یان ئەو كەسەی یەكێتی بەرەسمی دیاری دەكات بەرپرسی نوێی دەزگای زانیاری دەبێت بە ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان. 

سەردەمی قوباد تاڵەبانی !
ئەگەر ئەم گۆڕانكارییە ئەمنیانە وەكو ئەوەی كراون، بەبێ كێشە تێپەڕن، قوباد تاڵەبانی وەكو سەرۆكی تیمی یەكێتی لەناو حكومەت دەبێت بە ژمارەیەكی بەهێزی دەسەڵات لەناو یەكێتیدا، كۆنترۆڵی دۆخی ئەمنی سلێمانی دەكەوێتە دەست‌و هیچ گۆڕانكارییەكی ئیداری‌و ئەمنی‌و دارایی لە سلێمانیدا بەبێ رەزامەندی ئەو تێناپەڕێت.
قوباد تاڵەبانی كە ئێستا هەوڵی گۆڕانكاری لە پۆستە ئەمنیەكاندا دەدات، لەماوەی رابردوودا نیگەران بوو لەوەی میدیاكان باسیان لە ناكۆكی نێوان ئامۆزاكان دەكرد، لاهور شێخ جەنگی بە "برا"ی خۆی ناودەبرد‌و دەیوت" هەندێك پەیج دەیانەوێت كێشە بخەنە نێوانمانەوە".
بەڵام ئایا ئەم گواستنەوەی دەسەڵاتە بەبێ كێشە تێدەپەڕێت، دابەشبوونی ناوخۆیی یەكێتی لە داهاتوودا چۆن دەبێت ؟ زۆرینە بەلای كێدا دەشكێتەوە ؟ ئایا یەكێتی لەدوای ئەم گۆڕانكارییانەوە دەبێت بە خاوەنی ناوەندێكی بڕیاری بەهێز ؟ یان فرەجەمسەریی بەهێزتر دەبێتەوە؟ چارەنوسی رێككەوتنی نێوان یەكێتی‌و گۆڕان چی بەسەر دێت ؟ چارەنوسی ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌و مەكتەب سیاسییەكانی پێشتری حزب چۆن دەبێت ؟ چارەنوسی بەڕێوەبردنی حزب بەشێوەی هاوسەرۆكایەتی چی بەسەر دێت ؟ لاهور شێخ جەنگی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە نوێیەدا دەكات،  بەرەنگاریی دەكات یان خۆی رادەستی واقیعە نوێیەكە دەكات‌و سەرلەنوێ خۆی رێكدەخاتەوە ؟ دۆخی دارایی‌و خزمەتگوزارییەكان لە سلێمانی باش دەبێت یان خراپتر؟ دۆخی ئەمنی‌و دەروازە سنورییەكان كۆنترۆڵ دەبن یان خراپتر ؟ پێگەی یەكێتی لەناو حكومەت بەهێز دەبێت یان لاوازتر ؟ دواین هەڵوێستی ئێرانییەكان‌و ئەمریكا لەبارەی دۆخی ناوخۆیی یەكێتی چۆن دەبێت؟ ئەمانە كۆمەڵێك پرسیارن كە رووداوەكانی داهاتووی ناو یەكێتی وەڵامیان دەداتەوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand