Draw Media

یەكێتی بەرەو كوێ ؟

یەكێتی بەرەو كوێ ؟

2021-07-26 14:06:56


راپۆرت: درەو
لاهور شێخ جەنگی چاوی لەوەیە چەند رۆژی داهاتوو ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆبونەوە بكات، بەڵام  بافڵ تاڵەبانی هێشتا متمانەی تەواوەتی بە  بارودۆخەكە نییە‌و دەیەوێت ئیشی زیاتری تێدا بكات، ئێستا كە نەتوانرا لاهور شێخ جەنگی رەوانەی دەرەوەی وڵات بكرێت، لەڕووی پەیڕەوییەوە بافڵ تاڵەبانی چۆن دەتوانێت لە ئەنجومەنی سەركردایەتییەوە لاهور شێخ جەنگی لە پۆستی هاوسەرۆكایەتی دوربخاتەوە ؟ دۆخی نوێی یەكێتی دوای كێشەی نێوان ئامۆزاكان چی بەسەر  دێت ؟ جەمسەرەكانی تری ناو  یەكێتی پێگەیان لەم دۆخە نوێیەدا چۆن دەبێت ؟ زانیاری زیاتر  لەم راپۆرتەدا.    

گەڕانەوە بۆ پەیڕەو
نزیكەی سێ هەفتە تێدەپەڕێت بەسەر رووداوەكانی (8)ی تەموزی سلێمانیدا، روداوگەلێك كە ماڵباتی تاڵەبانی ناویان لێناوە "چاكسازی"‌و لاهور شێخ جەنگی‌و لایەنگرەكانی بە "كودەتا" ناوی دەبەن.
روداوەكانی (8)ی تەموزو رۆژانی دواتری ناو یەكێتی، پێگەی لاهور شێخ جەنگی لاواز كرد، بەڵام تائێستا نەیتوانیوە لە گۆڕەپانەكەدا بیسڕێتەوە.
لە 18 رۆژی رابردوودا، بافڵ تاڵەبانی سەركەوتوو بوو لەوەی جڵەوی (دەزگا زانیاری، دەزگای دژەتیرۆر) لەدەستی لاهور شێخ جەنگی وەرگرێتەوە‌و لەپاڵ ئەمەشدا لەڕووی میدیاییەوی گورزێكی گەورەی لێدا، بەڵام تائێستا سەركەوتوو نەبووە لەوەی بەتەواوەتی لەسەر شانۆی رووداوەكانی ناو یەكێتی دوری بخاتەوە. 
بافڵ تاڵەبانی لەدوای رووداوەكانی (8)ی تەموزەوە تائێستا بەردەوام پێداگری لەسەر ئەوە دەكات دەبێت لاهور شێخ جەنگی ئامۆزای لە كوردستان بچێتە دەرەوە، بەڵام ئەمە روینەدا، لە قۆناغێكی تردا جەختی لەسەر كۆتایهێنان بە هاوسەرۆكایەتی لاهور شێخ جەنگی دەكرد، ئەمەش بە نیوەناچڵی جێبەجێ كرا، چونكە لاهور شێخ جەنگی لە كۆبونەوەكەی ئێوارەی 17ی تەموزی مەكتەبی سیاسیدا، تەنیا دەستبەرداری دەسەڵاتەكانی هاوسەرۆك بوو، نەك پۆستی هاوسەرۆك، بەمشێوەیە لاهور شێخ جەنگی گەمەكەی بردەوە ناو سەركردایەتی یەكێتی‌و رادەستی پەیڕەوی ناوخۆی حزبی كرد، دۆخەكەی گەڕاندەوە بۆ سەردەمی دوای كۆنگرەی چوارەم كە كۆتا رۆژەكانی ساڵی 2019 بەڕێوەچوو.

سەركردایەتی‌و گەڕێكی نوێی ناكۆكی !
گەڕاندنەوەی كێشەكان بۆ ناو ئەنجومەنی سەركردایەتی، دەرگا لەسەر ناكۆكی جەمسەرەكانی تری یەكێتی لەگەڵ ماڵباتی تاڵەبانی دەكاتەوە، بەدیاریكراویش (ماڵی كۆسرەت رەسوڵ)‌و (گروپی كەركوكییەكان)‌و (مەكتەب سیاسییەكانی پێشتر)، زۆرینەی كارەكتەرە سیاسییەكانی ناو ئەم سێ جەمسەرەی یەكێتی، لە ململانێی نێوان بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگیدا بەلای ماڵی مام جەلالدا شكانەوە یاخود بە بێدەنگبوونیان پاڵپشتییان لە دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی كرد، بەڵام ئێستا ئیتر رەنگە نەیانەوێت لاهور شێخ جەنگی لەوە زیاتر لاواز بكرێت‌و ماڵباتی تاڵەبانی بەتەواوەتی كۆنترۆڵی حزب بكەن، چونكە ئەمە لە داهاتوویەكی نزیكدا رەنگە كێشە بۆ پێگەو دەستڕۆیشتووی ئەوانیش دروست بكات، بۆیە بەردەوامبوونی ناكۆكی نێوان ئامۆزاكان‌و هێشتنەوەی كێشەكانی نێوانیان بە چارەسەر نەكراوی، لەسودی ئەم جەمسەرانەی تری ناو یەكێتی كۆتایی دێت. 
ئێستا كە كێشەكانی یەكێتی دەبرێنەوە ناو ئەنجومەنی سەركردایەتی، ئیتر ئەم جەمسەرانەش دەگەڕێنەوە بۆ سەرەتای گەمەكانی دوای كۆنگرەی چوارەم‌و ئەمجارەیان بە هێزێكی زیاترەوە شەڕ لەسەر دیاریكردنی پێگەو چارەنوسی سیاسی خۆیان لەناو حزبەكەیان دەكەن، لە كۆنگرەی چوارەمدا، ماڵباتی تاڵەبانی بە هەردوو لقەكەیەوە (كوڕەكانی مام جەلال‌و شێخ جەنگی) توانیان پێگەی ئەم جەمسەرانە لاواز بكەن، بەڵام ئێستا ماڵباتی تاڵەبانی لەنێوان ئامۆزاكاندا دابەشبووە‌و ئەو گوڕەی سەردەمی كۆنگرەی چوارەمی نەماوە، هەردوولا (بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی) بۆ یەكلاكردنەوەی گەڕی كۆتایی ململانێكانیان، پێویستیان بە پاڵپشتی ئەم جەمسەرانەی تری ناو یەكێتی هەیە، ئەمە دەرفەت لەبەردەم ئەو جەمسەرانە خۆش دەكات، داواكاری زیاتری خۆیان بسەپێنن.  

سەركردایەتی یەكێتی كۆدەبێتەوە ؟
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بافڵ تاڵەبانی هەوڵی كۆكردنەوەی سەركردایەتی‌و هەمواكردنی پەیڕەوە پەسەندكراوەكەی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی دەدات، بەجۆرێك لەم هەموارەدا كۆتایی بە سیستمی هاوسەرۆكایەتی بهێنێت، چونكە چەسپاندنی سیستەمی هاوسەرۆكایەتی لە ئەنجومەنی سەركردایەتی پەسەندكراوە نەك لە كۆنگرەدا.
 ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە (124) كەس پێكدێت، پێشترو بەر لە ناكۆكییەكانی نێوان، بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی پێكەوە زیاتر لە (90) دەنگیان لە سەركردایەتیدا هەبوو، نزیكەی (80) ئەندامی سەركردایەتی سەربە لاهور شێخ جەنگی بوون‌و بافڵ تاڵەبانیش نزیكەی (15) ئەندامی هەبوو.
ئێستا بافڵ تاڵەبانی هەوڵی كێشكردنی دەنگی لایەنگرانی لاهور شێخ جەنگی دەدات لە ئەنجومەنی سەركردایەتی، بەبێ زامنكردنی ئەم دەنگانە نایەوێت سەركردایەتی هیچ گۆڕانكارییەك بكات. بافڵ تاڵەبانی كە لەسەرەتای رووداوەكانی (8)ی تەموزەوە رێوشوێنەكانی خۆی بە خێرایی جێبەجێ دەكرد، ئێستا كە دۆخەكە براوەتە ناو ئەنجومەنی سەركردایەتی، رێوشوێنەكانی هێواش كردوەتەوە، نایەوێت دەنگە ناڕازییەكانی ناو یەكێتی خۆیان رێكبخەنەوە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا تا ئێستا باس لەوەدەكرێت نزیكەی (50) لە ئەندامانی سەركردایەتی هێشتا لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی ماون و پشتیوانی لێدەكەن.
لەبەرامبەردا ئەمجارەیان لاهور شێخ جەنگی پەلەیەتی، دەیەوێت سەركردایەتی كۆببێتەوە‌و بڕیاری كۆتایی لەبارەی چارەنوسی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی حزبەكەوە بدات، تا ئەو رادەیەی چاوەڕێی ئەوە دەكات لەم چەند رۆژەدا سەركردایەتی كۆببێتەوە.
كەسە نزیكەكانی لاهور شێخ جەنگی پێیانوایە هێشتا ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆ بافڵ تاڵەبانی تەخت نەبووە، بەڵام درێژكردنەوەی زیاتری كاتەكە رەنگە لەبەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی نەبێت، چونكە ئەمە دەرفەت لەبەردەم ماڵی مام جەلال خۆش دەكات زیاتر كار لەسەر ئەندامانی سەركردایەتی بكەن‌ بەتایبەتیش كە ئێستا ئیتر هێزو زانیاری لەژێر كۆنترۆڵی بافڵ تاڵەبانیدایەو لەگەڵ جەمسەرەكانی تری ناو یەكێتی لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنەوەی كێكی دەسەڵات بگەنە رێككەوتن.

هه‌مواری په‌یڕه‌وی ناوخۆو كۆتایهێنان به‌ سیستمی هاوسه‌رۆكایه‌تی، به‌گوێره‌ی مادده‌ی (69)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتی پێویسته‌ له‌سه‌ر داوای (50) ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی بخریته‌ به‌رنامه‌ی كارو په‌سه‌ندكردنی هه‌ر جۆره‌ هه‌موارێكیش پێویستی به‌ ده‌نگی (چوار له‌سه‌ر پێنج)ی ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی هه‌یه‌، واتا له‌ كۆی (124) ئه‌ندام ده‌بێت (100) ئه‌ندام پشتیوانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سیستمی هاوسه‌رۆكایه‌تی بكه‌ن، سه‌رباری ئه‌مه‌ نابێ هه‌مواره‌ په‌یڕه‌و سه‌ر بۆ ده‌ستكاریكردنی بنه‌ما گشتییه‌كان بكێشێت، هه‌موو ئه‌مان به‌ربه‌ستن له‌به‌رده‌م كاره‌كانی بافڵ تاڵه‌بانیدا. 


لە هاوسەرۆكایەتییەوە بۆ سەرۆكایەتی
چوار رۆژ دوای رووداوەكانی (8)ی تەموزو بە دیاریكراوی لە رۆژی 12ی مانگدا، بافڵ تاڵەبانی بەفەرمی خۆی وەكو "سەرۆك"ی یەكێتی ناساند، بەڵام ئەمە تەنیا چەند كاتژمێرێكی خایاندو وەكو بەشێك لە هەڵمەتی میدیایی بوو دژی لاهور شێخ جەنگی، ئێستا لە میدیای فەرمی یەكێتیدا بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی هەردووكیان وەكو "هاوسەرۆك" دەناسرێن، یەكلاكردنەوەی ئەم بابەتە لە ئەنجومەنی سەركردایەتیدا دەبێت.
رۆژی 13ی ئەم مانگە، واتا پێنج رۆژ دوای رووداوەكانی (8)ی تەموز، بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ ماڵی كۆسرەت رەسوڵ‌و گروپی كەركوكییەكانی ناو سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی كۆبووەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەم كۆبونەوەیەدا بۆ یەكەمجار ماڵی مام جەلال‌و ئەو دوو جەمسەرەی تری ناو یەكێتی باسیان لەوە كردووە: 
•    سیستمی هاوسەرۆكایەتی هەڵوەشێندرێتەوە
•    ئەنجومەنی سەركردایەتی كە ئێستا ژمارەیان (124) كەسە، ژمارەی ئەندامەكانی بۆ خوار (50) كەس كەمبكرێتەوە، هاوشێوەی سەركردایەتییەكەی بەر لە كۆنگرەی چوارەمی لێبكرێت
•    مەكتەبی سیاسی سەرلەنوێ دروست بكرێتەوە
•    هەندێك لەم هەنگاوانە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ لە دەسەڵاتی سەركردایەتیدا نین، بۆیە بسپێردرێن بە (پلنیۆم) یاخود كۆنگرەیەكی نائاسایی.
بەگوێرەی ماددەی (19)ی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، كۆنگرەی نائاسایی لەسەر داوای (دوو لەسەر سێ)ی ئەندامانی سەركردایەتی دەبەسترێت، بەمدواییانە لە سۆسیال میدیای نزیك لە ماڵی مام جەلالەوە باس لەوەدەكرا، یەكێتی ئامادەكاری بۆ بەستنی پلنیۆم‌و كۆنگرەیەكی پێشوەختە دەكات.  
واتا لە هەموو حاڵەكاندا، بۆ دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی، دەبێت بافڵ تاڵەبانی بگەڕێتەوە بۆ سەركردایەتی‌و لەوێ زۆرینە دروست بكات، لەمەشدا جگە لە راكێشانی لایەنگرانی لاهور شێخ جەنگی بەلای خۆیدا، دەبێت جەمسەرەكانی تری یەكێتیش لەناو سەركردایەتی قایل بە گۆڕانكارییەكان بكات. 
گۆڕینی پەیڕەو سازدانی كۆنگرەی پێشوەختە، كاتێكی زیاتر دەخایەنێت، دورخستنەوەی یاسایی لاهور شێخ جەنگی لەپۆستەكەی، لەئێستادا جگە لە ئەنجومەنی سەركردایەتی هیچ رێگایەكی تری لەبەردەمدا نییە.
بەپێی پەیڕەوی پەسەندكراوی كۆنگرەی چوارەم، لێسەندنەوەی متمانە لە هاوسەرۆكێك بەدەنگی (51) ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەخرێتە بەرنامەی كارەوە، بەڵام پەسەندكردنی لێسەندنەوەی متمانە پێویستی بە دەنگی (دوو لەسەر سێ)ی ئەندامان هەیە، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە (124) كەس پێكدێت، دوو لەسەر سێی ئەم ژمارەیە واتا (83) ئەندام.
لە پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیدا كێشەیەك هەیە، كە ئەمڕۆ لەناكۆكی نێوان هاوسەرۆكەكاندا كاریگەرییەكەی دەردەكەوێت، پەیڕەوەكە لە پرسی گۆڕینی هاوسەرۆكدا باسی لە دەنگی دوو لەسەر سێ كردووە، بەڵام دەستنیشانی نەكردووە ئایا مەبەست لە دوو لەسەر سێ، كۆی ئەندامانە یان دوو لەسەر سێی دەنگی ئەو ئەندامانەی كە دەچنە ناو كۆبونەوەكەوە، رەنگە لێكدانەوەی جیاواز لەسەر ئەم بڕگەیەی پەیڕەوی ناوخۆ، هەندێك كێشە بۆ گۆڕانكارییەكانی بافڵ تاڵەبانی لەناو یەكێتی دروست بكات. 
هەر بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، ئەگەر هاوسەرۆك بە ویستی خۆی دەستلەكاربكێشێتەوە، بەزۆرینەی سادە واتا (50+1) دەستلەكاركێشانەوەكەی پەسەند دەكرێت، لەم حاڵەتەدا دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی پێویستی بە دەنگی (63) ئەندامی سەركردایەتی دەبێت، بەڵام ئایا لاهور شێخ جەنگی بە ویستی خۆی‌و بەبێ هیچ رێككەوتنێكی پێشوەختە دەست لە پۆستەكەی دەكێشێتەوە ؟

ئەگەر هاوسەرۆك متمانەی لێ وەرگیرایەوە ؟
ئەگەر بافڵ تاڵەبانی‌و هاوپەیمانەكانی لەناو یەكێتی سەركەوتوو بن لە دروستكردنی زۆرینە لە ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆ سەندنەوەی متمانە لە لاهور شێخ جەنگی وەكو هاوسەرۆك، هێشتا لاهور شێخ جەنگی وەكو ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی دەمێنێتەوە، چونكە بە دەنگی ئەندامانی كۆنگرە هەڵبژێردراوە بۆ ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی.
كۆكردنەوەی زۆرینە بۆ سەندنەوەی متمانە لە لاهور شێخ جەنگی كۆتایی بە ململانێكان لەناو یەكێتی ناهێنێت، بەڵكو جارێكی تر قسەوباسی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی حزب گەرم دەكاتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەحاڵی وەرگرتنی پۆستی "سەرۆك"ی یەكێتیدا، تائێستا بافڵ تاڵەبانی رەتیدەكاتەوە سەرۆك هیچ جێگرێكی هەبێت، ئەمە لەحاڵێكدایە، بۆچونێكی تر هەیە سەرۆك دوو جێگری هەبێت‌و یەكێكان كەسێك بێت لە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ‌و ئەوی تریان كەسێك بێت لە گروپی كەركوكییەكان، لەم نێوەندەشدا ناوی هەریەكە لە ( رەفعەت عەبدوڵا و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ) دەهێنرێت.
سەرباری ئەمە، قسەوباس هەیە لەبارەی نوێكردنەوەی مەكتەبی سیاسی‌و هێنانەوەی ژمارەیەك لە مەكتەب سیاسییەكانی پێشتری حزب بۆ ناو كایەكە، لەوانە ( عەدنان حەمەی مینا، مەحمود سەنگاوی، عیماد ئەحمەد...).
ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی، كە مەكتەب سیاسییەكانی پێشتری حزبی تێدایە‌و كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكایەتی دەكات، بەهۆی باری تەندروستی كۆسرەت رەسوڵەوە كارایی خۆی لەدەستداوە، بەڵام ئەوەی تائێستا لەناو یەكێتی باسدەكرێت، گۆڕانكارییەكان ئەم ئەنجومەنە ناگرێتەوە‌و وەكو خۆی دەمێنێتەوە، بەتایبەتیش كە ئەم ئەنجومەنە بەبڕیاری كۆنگرە دروستكراوە‌و تەنیا بە كۆنگرە دەتوانرێت گۆڕانكاری تێدا بكرێت. 
ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكان كە كارەكەی پارێزگاریكردنە لە دۆخ‌و بەرژەوەندی یەكێتی، رۆژی (8)ی تەموز كە ناكۆكی نێوان هاوسەرۆكەكان بوو بە هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندی یەكێتی، بێدەنگی هەڵبژاردو لە دوورەوە تەماشای بارودۆخەكەی دەكرد، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەم ئەنجومەنە بەمدواییە كۆبونەوەیەكی كردووە‌و لە كۆبونەوەكەدا حاكم قادر حەمەجان ئەندامی ئەنجومەنەكە راسپێدراوە، بەمەبەستی چارەسەركردنی بارودۆخەكە لەگەڵ هەریەكە لە بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی كۆببێتەوە، حاكم قادر لەگەڵ هەردوو هاوسەرۆكەكە كۆبوەتەوە، بەڵام (درەو) تائێستا وردەكاری قسەوباسەكان‌و بۆچونی ئەنجومەنی باڵای سیاسی لەوبارەیەوە نازانێت و دیمەنەی ئەو دوو كۆبونەوەیەش لە  میدیا فەرمیەكانی یەكێتیەوە بڵاو نەكراوەتەوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand