Draw Media

 وەبەرهێنان لەدەستی كێدایە، حكومەت یان بەرپرسان؟

 وەبەرهێنان لەدەستی كێدایە، حكومەت یان بەرپرسان؟

2021-07-20 16:26:35


شیكاری: درەو

دەستەی وەبەرهێنان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا مۆڵەتی بە (119) پرۆژە داوە بە قەبارەی (2ملیار و 873 ملیۆن دۆلار، لەسەر ڕوبەری (6 هەزار و11) دۆنم زەوی.
لە زۆنی زەرد (هەولێر و دهۆک) مۆڵەتی بە (84) پرۆژە بەخشیوە، بە قەبارەی (1 ملیار و 811 ملیۆن) دۆلار و بە رێژەی (%63)، لە زۆنی سەوز (سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین) مۆڵەتی بە (35) پرۆژە داوە،  بە قەبارەی (1 ملیار و 62ملیۆن)  دۆلار بە رێژەی (%37)، جیاوازییەکەش بریتییە لە قەبارەی سەرمایەی (749) ملیۆن دۆلارو مۆڵەتی (49) پرۆژە.
 

قەبارەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان
وەبەرهێنان بە بڕبڕەی پشتی ئابوری دادەنرێت و لەم بارەیەوە هەرێمی کوردستان لە ڕووی یاساییەوە رۆژی 4 تەموزی ساڵی 2006 لە پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2006 (یاسای وەبەرهێنان لەهەرێمی كوردستان/ عێراق)پەسەند کرا، لە هەمان ساڵدا (دەستەی وەبەرهێنان) دامەزرێندراوەو لەو کات بەدواوە هەرێمی کوردستان  بە هەورازو نشێوی زۆردا تێپەڕییەوە.

1.    دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدوای دامەزراندنییەوە  لە ساڵی 2006 دەستی بەکار کردووە، لەو کاتەوە دەستەکە مۆڵەتی بە (1113) پرۆژەی بەخشیوە، بە سەرمایەی زیاتر لە (69) ملیار دۆلار، لەسەر ڕوبەری زیاتر لە (87) هەزار دۆنم زەوی (بڕوانە خشەی ژمارە (1))

2.    سەردەمی زێڕینی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و بەرزترین ڕێژەی وەبەرهێنان لە ساڵی 2013 بووە بە قەبارەی سەرمایەی (10) ملیار و (476) ملیۆن و (624) هەزار دۆلار، كە دەكاتە ڕێژەی (15.14%) كۆی گشتی قەبارەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان. تا 1/4/2021
3.    كەمترین ڕێژەی وەبەرهێنان لەساڵی 2006 بووە كە بڕەكەی (438) ملیۆن و (308) هەزار دۆلار بووە، کە دەكاتە ڕێژەی 0.63% كۆی گشتی قەبارەی وەبەرهینان لە هەرێمی كوردستان.
4.    لەماوەی 4 ساڵی ( 2016-2019) پێکەوە قەبارەی وەبەرهێنان تەنیا بڕی (9) ملیار و (390) ملیۆن و (503) هەزار دۆلار بووە، دەكاتە ڕێژەی 13.57% كۆی گشتی قەبارەی وەبەرهینانی هەرێمی كوردستان. ئەم بڕە هێشتا كەمترە لەقەبارەی وەبەرهێنان لە ساڵی 2013.  بەشی زۆری هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش، هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابوری و وەبەرهێنانەوە چەندین هەنگاوی بەرەو دواوە ناو تا ئێستا ئاسەوارە گەورەکانی بە هەرێمی کوردستانەوە دیارە، بەپێی ئامارەکان لەو ماوەیەدا؛
•    ڕۆژی 7/11/2016 ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکان لە دیداری (میری) رایگەیاند "هەرێمی کوردستان زیاتر لە 20 ملیار  دۆلار  قەرزارە، لە ئێستادا ئەو قەرزە (31) ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
•    بە پێی ئاماری یەکێتی وەبەرهێنان لەو ماوەیەدا (5) هەزار پڕۆژە وەستاون، پێویستیان بە (5) ملیار دۆلار هەبووە بۆ تەواو کردنی ئەو پڕۆژانە.
•    لەو ماوەیەدا  (3) و (500) کارگەی گەورە و بچوک داخراون.
•    زیاتر لە  (1000) کۆمپانیا مایە پوج بوون، کە (850) کۆمپانیایان لە سنوری سلێمانیدا کارو چالاکی و پرۆژەسازیان ئەنجامداوە. 
•    زیاتر لە (350)  هەزار کەس کارەکانیان لەدەست داوە.
•    ژمارەی دەوڵەمەندەکانی کوردستان نزیکەی نیوەیان لەو ماوەیەدا بەهۆی قەیرانی داراییەوە سەرمایەکانیان لەدەستداوە (مەلا یاسین مەحمود - وتەبێژی یەکێتیی وەبەرھێنەرانی ھەرێمی کوردستان) لە ساڵی 2018 ئاشکرای  کرد، ژمارەی دەوڵەمەندەکانی کوردستان کەمبوونەتەوە بۆ (5) ھەزار ملیۆنێر و (13) ملیاردێر لە ھەرێمی کوردستاندا، ئەوە لە کاتێکدایە بە پێی ئامارەکانی یەکێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لە ساڵی 2016 لە هەرێمی کوردستاندا (30) ملیاردێر و (10) هەزار و (800) ملیۆنێر هەبووە كە (18) ملیاردێری لە سنوری پارێزگای هەولێر وەبەرهێنانیان کردووەو (5) ملیاردێریش لە سنوری پارێزگای سلێمانی و (5) ملیاردێریش لە سنوری پارێزگای دهۆك وەبەرهێنانیان کردووە. لە (10) هەزار و (800) ملیۆنێریش (3) هەزار و (800) ملیۆنێری لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا بوونە.  


ڕاپۆرتی دەستەی وەبەرهێنان
دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێی کوردستان، نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەرتوکێکی بڵاو کردەوە بە ناوی "كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان چاکسازی و خزمەتگوزاری 10/7/2019-1/5/2021" لاپەڕە (218-212)ی پەرتوکەکەی تەرخان کردووە بۆ چالاکییەکانی "دەستەی وەبەرهێنان" ئەوەی لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە؛

وەبەرهێنان لە کابینەی نۆیەم
دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی (28/7/2019 - 1/4/2021) مۆڵەتی (119) پرۆژەی بەخشیوە، بە سەرمایەی زیاتر لە (2) ملیار (873) ملیۆن دۆلار، لەسەر ڕوبەری (6) هەزار و (11) دۆنم زەوی، هاوکات (31) مۆڵەتی هەڵوەشاندووەتەوە. پرۆژەکان دابەشبوون بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (بڕوانە خشەی ژمارە (2))


ئەگەر هەمان خشتەی سەرەوە بەسەر ناوچەکانی زۆنی زەردو (هەولێر و دهۆک) لە لایەک زۆنی سەوز (سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان وڕاپەڕین) لەلایەکی تر بە جیا ڕونبکەینەوە، نادادپەروەری گەورە بە دیدەکرێت لە نێوان هەردوو ناوچەکەدا، بەجۆرێک لە ناوچەی زەرد (84) پرۆژە بە قەبارەی (1) ملیار و (811) ملیۆن دۆلار بە رێژەی (%63.03) موڵەت بەخشراوە. لەکاتێکدا لە سنوری ناوچەی سەوز (35) پرۆژە بە قەبارەی (1) ملیار و (62) ملیۆن دۆلار بە رێژەی (%36.97) موڵەت بەخشراوە. کە جیاوازییەکەش بریتییە لە (749) ملیۆن دۆلارو (49) پرۆژە (بڕوانەخشتەی ژمارە (3) و چارتی ژمارە (1))

 

 


ژمارەو سەرمایەی پرۆژەکان بە گوێرەی سێکتەر
دەستەی وەبەرهێنان لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی پرۆژەکانی بەسەر (10) سێکتەری جیاوازدا دابەشکردووە، بە قەبارەی سەرمایەی جیاواز و تەرخانکردنی ڕوبەری جیاوازی زەوی لە هەرێمی کوردستان بۆیان، کە گەورەترین سێکتەریان پیشەسازی و دواین سێکتەریشیان بواری هونەرییە، (بڕوانە خشتەی ژمارە (4)).

 


گرنگترین ئاستەنگەكانی بەردەم پرۆژەكانی وەبەرهێنان
1.    زیاتر بەرپرسە باڵاكان و كۆمپانیاكانیان توانای وەرگرتنی زەویان بۆ دروستكردنی پرۆژەی وەبەرهێنان هەبوو.
2.    بەشێك لە كۆمپانیاكان ئامادەنەبوون مۆڵەت لەهیچ فەرمانگەیەكی حكومەتی هەرێم وەربگرن و ژمارەی ئەو پرۆژانەی كە بێ موڵەت کاریان کردووە (24) پرۆژەی نیشتەجێ بوون بوونە كە (35) هەزار یەكەی نیشتەجێبوونیان تێدایە. بەوەش لەئێستا تەنانەت بەشێك لەو زەویانەی كە ئەو پرۆژانەیان لەسەر دروستكراوە لە بەرێوەبەرایەتی تۆماری خانوبەرە بەناوی زەوی كشتوكاڵیەون و رەگەزەكەیان نەگۆردراوە بۆ نیشتەجێبوون.
3.    بەشێك لە پرۆژەكانی نیشتەجێ بوون كێشەی نەبوونی خزمەتگوزاری یان  كەمی خزمەتگوزاریان هەیە.
4.    زۆرجار هاوڵاتیان بوونەتە نێچیری ژمارەیەك كۆمپانیا و وەبەرهێنەر، كە پرۆژەكانیان وەرنەگرتووە یان بەپێی گرێبەستەكە نەبووە یاخود كەرەستە بەكارهاتووەكان لەتاقیگەكاندا پشكنینیان بۆ نەكراوە.
5.    دروستبوونی ژمارەیەك دەوڵەمەند و سەرمایەدار لەسەر حسابی زەوی شارەوانی و داهاتی خەڵك  كە جیاوازی چینایەتی لەكۆمەڵگەی كوردی بەدیارخستووە.
6.    زیاتر لە(24) هەزار و (13) دۆنم زەوی لەباشترین شوێنەكانی شارەكانی هەرێمی كوردستان كە بەشێكی زۆریان كشتوكاڵی بوون كرانە باڵەخانە.
7.    قازانجی وەبەرهێنەر وەك لایەنی یەكەم و ئامانجی سەرەكی یاسای وەبەرهێنان دیاری كراوەو خەڵك و حكومەتیش زەرەرمەند دەبن.
8.    بەهۆی ئەوەی لەیاسای وەبەرهێناندا ئاماژە بەوەكراوە كە وەبەرهێنەر بۆی هەیە ئەو پارەی لە پرۆژەكانی وەبەرهێنان لەهەرێمی كوردستان دەستی دەكەوێت رەوانەی دەرەوەی بكات، بەهۆیەوە پرۆسەی سپیكردنەوەی پارە و رەوانەكردنی پارەی تر بۆ دەرەوە پەرەی سەند.


سەرچاوەکان
1.    نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان چاكسازی و خزمەتگوزاری، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، چاپی یەکەم 2021.
2.    ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان، ڕیفراندۆم و دەوڵەتی کوردستان: ئامراز یان ئامانج؟، بنکەی ژین، چاپی یەکەم، 2018.
3.    راپۆرتی شیكاری: محەمەد ڕەئوف، پارەی ژێرزەمینەكان.. حیزبی ملیاردێرو حكومەتی موفلیس، ماڵپەڕی شارپرێس؛
https://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=53524
4.    پشدەر بابەكر، وەبەرهێنان لەنێوان قازانج و زیانەكانی، ماڵپەڕی پەیسەر پرێس؛
https://www.peyserpress.com/detail/1362
5.    ملیاردێرەکانی کوردستان وەک خۆیانن و ملیۆنێرەکان کەمیان کردووە، ماڵپەڕی باس نیوز؛
 https://www.basnews.com/so/babat/304040
6.    " قەبارەی وەبەرهێنان لەماوەی 13 ساڵی ڕابردوو لەهەرێمی كوردستان زیاتر لە 52 ملیار دۆلار بوو "، ماڵپەڕی سپی میدیا؛
https://www.speemedia.com/dreja.aspx?=hewal&jmare=85694&Jor=22

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand