Draw Media

بەرپرسی دەزگای زانیاریی دەستبەسەرە.. دۆخی ناوخۆی یەكێتی شڵەژاوە

بەرپرسی دەزگای زانیاریی دەستبەسەرە.. دۆخی ناوخۆی یەكێتی شڵەژاوە

2021-07-08 19:31:44



(درەو):
بەرپرسی دەزگایی زانیاریی یەکێتی دەستبەسەرە، ئەمە گەڕێکی نوێی ململانێی ئامۆزاکانە لەسەر دەسەڵات کە ئەمجارە هێزی سەربازی تێدا بەکارهێنراوەو یەکێتی بەسەر چەند جەمسەرێکی نوێدا دابەشکردووەتەوە.
لە بەیانی ئەمڕۆوە لەناو شاری سلێمانی جموجوڵی ئەمنی نائاسایی بەدی دەكرێت، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، دوێنێ شەو بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی، (محەمەد تەحسین تاڵەبانی) بەرپرسی دەزگای زانیاری یەكێتی لە پۆستەكەی دوورخراوەتەوەو دەستبەسەركراوە.
(شێخ محەمەد تاڵەبانی) برای ئاڵا تاڵەبانی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق، لەدوای ئەوەی لاهور شێخ جەنگی پۆستی هاوسەرۆكی یەكێتی وەرگرتووە، ئەم پیاوە لە شوێنی ئەو بووە بە بەرپرسی دەزگای زانیاریی یەكێتی، بەڵام وەرگرتنی پۆستەكەی تا ئەم ساتە نەبووە بە فەرمی، چونکە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە واژۆ نەكراوە.
ئەو كەسەی كە كراوە بەرپرسی دەزگای زانیاریی ناوی (ئەژی ئەمین)ەو برای (موسەنا ئەمنی)ە پەرلەمانتاری یەكگرووی ئیسلامی كوردستانە.
بەم گۆڕانكارییە ئەمنییە، دۆخی ناوخۆی یەكێتی توشی شڵەژان بووە، چونكە گۆڕانكارییەكە لەڕێگەی هێزێكی ئەمنییەوە جێبەجێكراوە كە لیوای (كۆماندۆ)ی سەر بە جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێمە.
ئەم گۆڕانكارییەی لە پۆستی بەرپرسی دەزگای زانیاریدا كراوە، لاهور شێخ جەنگی و دۆستەكانی نیگەران كردووەو وەكو جۆرێك لە "كودەتا" بەسەر دەسەڵاتەكانی هاوسەرۆكدا لێكیدەدەنەوە.
زۆرینەی هێزە سەربازی و ئەمنییەكانی سنوری دەسەڵاتی یەكێتی لە جموجوڵ و ئامادەباشیدان لەدژی ماڵی (شێخ جەنگی) پاڵپشتی لە ماڵی (مام جەلال) دەکەن.
ئەم گۆڕانكارییە جارێكی تر یەكێتی بەسەر چەند جەمسەرێكی جیادا دابەشكردوو، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، دۆخی ناوخۆی یەكێتی لەم كێشە نوێیەدا بەمشێوەیە دابەشبووەتەوە:
•    ماڵی كۆسرەت رەسوڵ و هێزە سەربازیەكەیان تائەم ساتە بێلایەنیان هەڵبژاردووە لە كێشەو ناكۆكی نێوان لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانیدا (ئامۆزاکاندا).
•    بەشی زۆری مەكتەب سیاسییە كۆنەكانی یەكێتی پاڵپشتی لە ماڵی مام جەلال دەكەن دژی ماڵی شێخ جەنگی.
•    هەندێك لە كەسە نزیكەكانی لاهور شێخ جەنگی باس لە دەستی پارتی دەكەن لەو ناكۆكییەكە نوێیەی كە روویداوە، لەمەشدا نمونە بۆ كۆبونەوەیەكی نهێنی ئەمدواییەی نێوان مەلا بەختیار و مەسعود بارزانی دەهێننەوە.
•    بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق و ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بەشێوەیەكی خێرا لە بەغدادەوە بە دوو هێلیكۆپتەری تایبەت گەڕاوەتەوە "مێرگەپان" بەمەبەستی نێوەندیگریكردن لە نێوان ئامۆزاكاندا. 
بە لەدەستدانی پۆستی بەرپرسی دەزگای زانیاریی، لاهور شێخ جەنگی یەكێك لە كارتە بەهێزەكانی لەناوخۆ و لەدەرەوەی حزبەکەی لەدەستدەدات كە لەماوەی رابردوودا ئەم دەزگایە رۆڵێكی كاریگەری هەبووە لە درەوشانەوەی ناوی ئەو وەكو كەسایەتیەكی سیاسی بەهێز، ئەگەر دۆخەكە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، نەك هەر دەزگای زانیاریی رەنگە (هێزی دژە تیرۆر)یش لەدەستبدات كە براكەی (پۆلاد شێخ جەنگی) سەرۆكایەتی دەكات، بەتایبەتیش دوای ئەو رووداوانەی بەمدواییە لەنا ئەم هێزەدا رویداوەو هەندێک لە فەرماندە دیارەکانی بەلای بافڵ تاڵەبانیدا شکاونەتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand