Draw Media

نامە مووشەکییەکان: هەولێر لەململانێ پەرەسەندووەکانی تاران-واشنتۆندا

 نامە مووشەکییەکان: هەولێر لەململانێ پەرەسەندووەکانی تاران-واشنتۆندا

2021-07-10 12:31:03


شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو)
 
چاڵی مووشەک لێرە و  دەنگەکەی لەولا
گەرچی مووشەکەکان بە هەولێر و بەغداوە نران، بەڵام شرۆڤەکردن دەبێت لە جێیەکی دیکەوە دەست پێبکات، چونکە ڕووداوە ڕاستەقینەکان لەوێ ڕوودەدەن. ساڵانێکی دوورودرێژە، عێراق بووەتە حەوشەی پشتەوەی زۆرانبازیی ناڕاستەوخۆی واشنتۆن و تاران، بەڵام ئەو وەرچەرخانەی لەم ساڵەی دواییدا بەدی دەکرێت، ئەوەیە هەرێم کراوەتە بەشێک لەو حەوشەی ململانێیە.
 لە کەمتر لە هەفتەیەکدا، زنجیرە بۆردوومانێکی مووشەکی عێراقی (بە هەرێمیشەوە) گرتەوە، بەهۆی کەمی قوربانییە مرۆییەکان و ماناداری شوێنی بۆردوومانەکانەوە، جگە لە پەیامی واشنتۆن و تاران لەسەر زەوی عێراق و هەرێمی کوردستان شتێکی دیکەی لێناخوێنرێتەوە، گەرنا جەنگێکی نوێ لەئارادا نییە، بەڵام نیشانەی پەرەسەندنی نوێن لە ناوچەکەدا، کە هەرێم خاڵێکی کۆڵەکەیی ململانێکانە.
 لەگەڕی نوێدا، ئەمریکا دەستپێشخەر بوو، لە سنووری عێراق-سوریا، هێرشکرایە سەر  میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، بەڵام لێدوانەکانی وتەبێژی پنتاگۆن، پاش بۆردوومانەکە، هیچ ڕووی لە عێراق و بگرە میلیشیاکانیش نەبوو، ئەو وتی "دەمانەوێت لێکەوتەکانی پشتیوانی میلیشیاکان بۆ ئێران ڕوون بکەینەوە".
چەند ڕۆژێک پاش ئەوە لە دەنگۆیەکی سایتە ئێرانییەکان بڵاوکرایەوە، بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر جارێکی دیکە کراوەتە ئامانج و چەند ئیسرائیلییەکی نیشتەجێی هەرێم کوژراون(ئەم سیناریۆیە لەبۆردوومانی جەندمانگی پێشتری هەولیردا بڵاوکرایەوە)، گەرچی دەرکەوت هەواڵەکە زیاتر ئامانجەکەی بەردەنگی ئێرانی و مەسرەفی نێوخۆیی هەبوو، گەرنا لە هیچ لایەنێکی ڕەسمی و نارەسمی عێراقی و کوردستانی هەواڵەکە پشتڕاست نەکرایەوە. ئەڵبەت لایەنگرانی ئێرانی بەم دەنگۆیە دڵیان ئاوی نەخواردەوە و هەفتەیەک بەسەر بۆردوومانکردنی میلیشیا شیعەکاندا تێنەپەڕی بوو، فڕۆکەخانەی هەولێر و بنکەی سەربازی عەینولئەسەد بۆردوومان کران و بە قوربانییەکی کەمی مرۆیی و بە ئاماژەیەکی گەورە و ڕوونی وەڵامدانەوە، ئێرانیش وەک ئەمریکا وەڵامی خۆی لە هەمان زەمینەدا (عێراق و هەرێم) پێشکەشی واشنتۆن کرد.
هاوشێوەی لێدوانەکانی پەنتاگۆن، لە پەلامارە مووشەکییەکەی پرۆئێرانیەکانیشدا، لێدوانی بەرپرسانی شیعەی عێراق و ئێرانیش، ڕاستەوخۆ قوربانی (هەولێر و بەغدا)یان نەکردە بەردەنگ و قسەبۆکەر، بەڵکو دەستبەجێ پەیام و لێدوانییان بەرامبەر واشنتۆن بوو و هەڕەشەی پەلاماری زیاتریشیان دووپات کردوە، وەک ئەوەی شوێنی بۆردوومانکراو، گەڕەکێکی نیوجەرسی بووبێت نەک دۆڵی دووڕووبار.


هاوپێچی نامەمووشەکییەکان
گرنگە ئەو ڕووداوانەی نێوان هەردوولا لەبەرچاو بگیرێت کە پێش و پاشی بۆردوومانەکانیان تەنیبوو: لە ئاستی نێودەوڵەتی گفوگۆکانی زیندووکردنەوەی "بەرجام: ٥+١" لە ڤێننا، ڕووبەنشێوی هەنگاویان نا. لە ئاستی ئێرانیدا، بەهۆی دواهەڵبژاردنەوە: دەوڵەت و حکومەت کەوتنەوە دەستی ئسوڵگەراکان و یەکدەست بوونەوە، کە هەنووکەش دروشمییان مەرگ بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل و لەکردەییشدا ڕێگری یەکەمی ڕێککەوتنی حکومەتەکی ڕۆحانی بوون بۆ سازان لەگەڵ واشنتۆندا، بەسەرجەم مەلەفەکانی یەمەن، لوبنان، سوریا و عێراق و سەرتۆپیشیان دۆسێی ناوەکی و مووشەکە بالیستییەکانیشەوە. ئەوەش نابێت لەیاد بکرێت هاوزەمانی ئەو مووشەکانە و لەسەرووبەندی گفتوگۆکانی ڤێینا، پەرلەمانی ئێران و جێبەجێکارانی بەرنامەی مووشەکی ئێران پەسەندنامە و ئاماژەی هەنگاویان بەرەو بەرهەمهێنانی نوێ بەڕێژەی ٢٠٪ی ئەتۆمی، نیشانی جیهان دا.


لەبارەی دۆخی نێوخۆی ئێرانیشەوە، دوو هەفتەی ڕابردوو زۆرترین خۆپیشاندان و گردبوونەوەی توێژی و چینی و گشتی (ناڕەزایی کرێکاران، پیشەواران و ناڕەزایی بەرامبەر بڕینی کارەبا و ...تاد) ڕوویدا. ئەمانەش بۆ ئێران مەترسیسازی ئاسایشی و سیاسی بەدووی خۆیدا دەهێنێت و دەبێت حسێبکاریی دەرەکی و لایەنی هاندانی تیدا دیاریی بکرێت، کە هەمیشە و لە هەموو ناڕەزایەتییەکی جەماوەرییدا، ئسوڵگەراکان هەولێر بە دەستلەپشتدانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی تۆمەتبار دەکات.
بیریش نەچێت، بەر لە هێرشەکەی سەر هەولێر و عەینولەئەسەد، وەفدێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئێران بوو، دیارە بە ئەنجامێکی گونجاوی دڵخوازی ئێران نەگەیشتوون.
لەسنووری ڕۆژهەڵاتی ئێرانیشەوە، جارێکی دی تاڵیبان بەهەژموونێکی سەربازیی نوێوە لە پێشڕەویدایە و زۆرینەی خاکی ئەفغانستانی کۆنتڕۆڵکردووەتەوە. ئێستا ئیتر دراوسێیەکی سوننی مەزهەبی وەهابی جیهادی دەبێتەوە دراوسێی. گەرچی ئاماژەکان بۆ ڕێککەوتنی پێشوەختەی تاڵیبان-تاران لە ئارادان، بەڵام هیچ یەکێک لەم دوو هێزە ناتوانن لە کاسەیەکی مەزهەبی و سیاسییدا ئاوبخۆنەوە، دواجار حەزەر واجیبە بۆ هەردوولا.
لە ئاستی عێراقیشدا: بەر لەبۆردوومانەکان، کۆبوونەوەیەکی لوتکەی سێقۆڵی عەرەبی و هەوڵەکان بۆ گێڕانەوەی بەغدا بۆ میحوەری عەرەبی و کەنداو و ئەگەرەکانی سەرگرتنی پڕۆژەی شامی نوێ لە ئارادا بوون و هەن.
بەکاتێکی کەمیش بەر لە نامەمووشەکییەکانی سەر هەولێر وعەینولئەسەد، کەدەکاتە دوو ڕۆژ پاش هەڕەشەکانی کەتائیبی حزبوڵا بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، دەنگۆی ئەوە هەبوو هەریەک سمایل قائانی سەرکردە و حسین تائیبی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی سوپا(فەیلەقی)ی قودس بە سەردانێکی نهێنی لە عێراق بوون و دیداری هێزە میلیشیاکانیان ئەنجامداوە.
وەک چۆن پەیامی ئەمریکا بۆ ئێران ڕوون بوو، پەیامی ئێرانیش لە بۆردوومانی هەولێردا، ڕوونە، لەلایەنی جێبەجێکارەوە بیگرە تا پێگەی هاویشتن و جۆری مووشەکەکان، دەرکەوت کە ئێران ئەمجارە لەبری فشار لە بەغداوە ڕاستەوخۆ مووشەکی بە هەولێرەوە نا و پەیامێکی دەنگیشی بۆ واشنتۆن نارد.


شەڕێکی نەزۆر گەرم
بەڵام لەگەڵ ئەم پەرەسەندنانەدا، هەردوولا دەرکی ئەوە دەکەن کە جەنگی ڕاستەوخۆ و لەمەگەرمتر لەبەرژەوەندی هیچ لایەکیان نییە، ئەوەش دەزانن، بەتێکچوونی زیاتری عێراق و کەوتنی یەکجاریی ئەم کارەکتەرانەی سیاسەت (حەشد، حکومەتی بەغدا، سوننەی دەستەمۆ، هەرێمی کۆتکراو)، نەلەبەرژەوەندی تارانە و نە واشنتۆن، چونکە بە تێکدانی، هێزی دیکەی هەرێمی (تورکیا، کەنداوی عەرەبی) و نێودەوڵەتی (چین و ڕووسیا) زیاتر پەلدەکێشن و دەبنە خاوەنی ئەو شەراکەتەی هەژموون و ئەو دابەشکارییەی دەسەڵاتی سەرگۆڕەپانی عێراق. بۆیە سیاسەتی نەشەڕ نە ئاشتی لانیکەمی جەنگی براوە-براوەی بۆ ئێران و ئەمریکا دەستەبەرکردووە. لەم نێوەندەدا ئەوەی زیانی بەرکەوت لە قۆناغی ٢٠٠٣-٢٠١٧، بە پلەی یەکەم بەغدا و خەڵک و دەزگا دەوڵەتییەکانی عێراق بوون، بەڵام لەپەرەسەندنی نوێی ململانێکاندا، لە پاش ٢٠١٧ەوە هەرێمی کوردستانیشی گرتەوە: لەهەنگاوی یەکەمدا لەدەستدانی نیوەی خاکی ژێر هەژموونی هەرێمی، لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا لە حکومەتی هەرێم سەنرا و هەنگاوی دووەم لەڕووی ئابوورییەوە مووچە و بودجەی هەرێم "مەژی و مەمرانە" بەڕێکرا و بڕدرا. دوا هەنگاویش لە پەرەسەندنی ململانێی واشنتۆن و تاران، بۆردوومانەکانی ئەم دواییانە بوون کە هەولێر (وەک ئاماژە) کرایە ئامانج و نیشانەبوو بۆ گەرمتربوون و فروانبوونی گۆڕەپانەکە. پێناچێت لەم هەنگاوەشدا بووەستێت و هی دیکەی مەترسیدارتر بەدووی خۆیدا نەهێنێت.


بۆچی هەوڵیر؟
خاکی هەرێم لە ململانێکانی پێشتری تاران و واشنتۆندا، وەک پێگەیەکی ئەمن، بەپارێزراوی مابوویەوە، تەنانەت لە جەنگی داعشیشدا، لەلایەک لەبەر سیاسەتی ئەمنی هەردوووڵات و لەلایەکی ترەوە لەبەرئەوەی ژووری بڕیاری سیاسەتی دەرەکی ئێران باوەڕی وابوو، هەرێم بەفشار لە بەغداوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت و گرنگە کورد باڵێکی بەڕێوەبردن و پارێزەری عێراقێکی یەکپارچە بە هەژموونی شیعەوە بێت و هاوسێیەکی باشی بێت، ئێستا نە ئەو عێراقە ماوە و نە فشارەکانی شیعەش لەسەر هەولێر ئامانجی تەواوی تاران دەستەبەردەکەن، هەنگاوەکانی ئەمریکاش لەنێوچەکەدا ئێرانی ڕووبەڕووی واقیعی نوێکردووەتەوە. لەخۆڕاش نییە تاران دەیەوێت هەنگاوی نوێ لەدەرەوە و ناوەوە هەڵگرێت کە سیاسەتی پێداچوونەوە لە خۆدەگرێت و ناوی ناوە "هەنگاوی دووەمی شۆڕش" و "چلساڵی دووەم".
بەڵام پەرەسەندنەکانی ئەم دوواییە دەریدەخەن کە زەمینەی ململانێکە فراوانتر بووە و نزیکتریش بووەتەوە لە خاڵە هەستیارەکانی بەرژەوەندی و هەژموونی هەردوولا: ئەمریکا سەرجەم فشارەکانی لەبازنەی دووری یەمەن و لوبنانەوە بۆ بازنەیەکی نزیکتر و بناگوێی ئێران هێناوە کە سنوورەکانییەتی، لە ئازەربایجانەوە تا ئەفغانستان و سوریا و عێراق، ئێران هیچ کات خۆشحاڵ نییە ململانێکان هێندە لێیەوە نزیک بن، بۆیە هەمیشە هەوڵی دەدا جەنگەگەرمەکەی دوورتر بێت بەڵام دەنگەکەی لە تارانەوە بێت. سیاسەتی دەرەکی ئێران پشت بە قوڵایی دەرەکیی ستراتیژیی دوورمەودا دەبەست بۆ ئەوەی سەروەری پارێزراو و هەرەشەکان دوورتر بن، بۆیە هەولێر لەبەر نزیکی و هەستیاریی ئێران نەیدەویست ڕاستەوخۆ پەشیوی تێدا درووست بکات. بەڵام بە لێدانە ڕاستەوخۆکانی ئەمریکا لە سووریا و نزیکردنەوەی ململانێ بۆ بازنە نزیکەکانی تاران، وەک کاردانەوە ناچار سیاسەتی بەرگریی پیادەبکات، کردنەوەی گەورەترین قونسوڵخانەی ئەمریکا،  پێنج بنکەی سەربازی لە هەرێم بەتایبەت هەریر، سەرباری هەنگاوەکانی دیکەی واشنتۆن بوون، ئەمانە پێکەوە سەرچاوەی هەڕەشەن بۆ تاران، بۆیە لە پەرچەکرداردا بە نامەی مووشەکی دەیەوێت بە ئەمریکا بڵێت: ڕاستە ئەمانە سەرچاوەی هێزی  تۆن بەڵام هەلی ئێمەن بۆ پەلاماردانی بەرژەوەندییەکانیشت. دیارە بەئامانجگرتنیان نیشانەی پەرەسەندنی ململانێکان و گرتنەبەری سیاسەتی نوێن.
ئەوەی ئێستا لە ژوورەکانی بڕیاری سیاسەتی ئەمنی و سیاسیی ئێران بڕیار دەدەن، ئەوانەن کە باوەڕیان بە لێدانی تەئدیبی و مراندنی هەڕەشەیە لەقۆزاخەدا، ئەم گرووپە لەسەردەمی قاس سولەیمانیدا و بە کابینەیەکی وەک کابینەی ڕۆحانی و وەزیرێکی وەک زەریف، کەمتر دەیانتوانی بڕیاردەر بن، بەڵام هەنووکە هەژموونیان بەسەر سیاسەت و سەرکۆماری نوێدا زیاتر و ڕەنگە بەر لەهەر شتێک بەسیاسەتی سنووریی و هاوسێکاندا بچنەوە و پاکوپیسیان لەچاوی بەرژەوەندی و قۆناغی نوێی ئێرانەوە ڕێکبخەنەوە. ئەوان جیا لە پەیامی موشەکییان بۆ واشنتۆن، باوەڕییان وایە هەولێر لە ئایندەدا هەڕەشەی ئاسایشییە بۆ سنوورە ڕۆژئاواییەکانی ئێران، بەم پەیامە مووشەکیانەش یان هەولێر دەکەنە پێگەی ململانێی گەرمتر یان ڕایدەکێشنەوە سەرمێز و لەگەڵ حەشد و شیعەدا دەیانکەنەوە باڵی ڕاست و چەپی بەڕێوەبردنەوەی عێراق.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand