Draw Media

قەیرانی كەمبونەوەی ئاو لە عێراق : مەترسییەكانی، میكانیزمەكانی ڕووبەڕووبونەوە

 قەیرانی كەمبونەوەی ئاو لە عێراق : مەترسییەكانی، میكانیزمەكانی ڕووبەڕووبونەوە

2021-07-25 14:06:02


  بەهرۆز جەعفەر


پوختەی جێبەجێكار 
ئەو جوگرافیایەی نیشتیمانی عەرەبی تێدا هەڵكەوتووە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریكادا، بەوە ناسراوە كە ووشكە، ڕووباری كەمە، ڕێژەی باران و بەفر تیایدا كەمترە لە جەمسەرەكانی دیكەی گۆی زەوی. هەروەها پلەی گەرما تیایاندا بەرز و ئاستی هوشیاری و حوكمڕانیشیان وەكو پێویست نییە. عێراق، بەهۆی بونی هەردوو ڕووباری دیجلەو فوراتەوە بە یەكێك لە ووڵاتە دەوڵەمەندەكان لە ڕووی سەرچاوەی ئاوییەوە دائەنرێت، بەڵام فاكتەری دەرەكی و ناوخۆیی عێراقییەكانی تووشی تینوێتی كردووەو، بە ملیۆنەها كەس بەهۆی نەبونی ئاوی پاكەوە ئەناڵێنن و، ووڵاتەكە تووشی گەرمبون و بیابانبون (Warming and Desertification) بووەو، جوتیارەكانیشی ڕووبەڕووی كۆچ و نەدارایی بونەتەوە. ئەم پەیپەرە ئەكادیمیە پرسیار ئەخاتە سەر نەبونی دیدگایەك بۆ ستراتیژی بەڕێوەبردنی ئاو، لەو نێوانەشدا پرسی هاریكاریی و هەماهەنگی هەرێمایەتی و پرۆگرامی هۆشیاری گشتی بەهەند وەرگرتوە بەرانبەر بە مەترسیی ووشك بون و كەم ئاویی لە عێراق. 

یەكەم: كاریگەری گۆڕانی كەشوهەوای جیهانی لەسەر كەمبونەوەی ئاو
گۆڕانی كەشوهەوا (Climate Change) یەكێكە لە تۆپیكە گەرم و بەرباسەكانی سەر ئەم هەسارەیە. بەپێی پەیمانگەی ستۆكهوڵمی نێودەوڵەتی بۆ ئاو (Stockholm International Water Institute- SIWI) گەرمبونی ڕووی زەوی و گۆڕانی كەشوهەوا یەكسانە بە كەمبونەوەی سوڕی ئاو. زۆربەی خەڵكی هەر ئەوەندە ئەبینن كە یەك پلە گۆی زەوی گەرم بوە، ئەوە نابینن كە زاناكان ئەیبینن چ كارەساتێك لە ڕەوشی ئاو دا دروست ئەبێت!. چ نا-هاوسەنگییەك لە وەرزەكانداو لە نێوان باران بارین و لافاو و ووشكەساڵی دا دروست ئەكات. كەشوهەوایەكی نامۆ و ترسناك هۆكارە بۆ قەیرانی خۆراك، بۆ كەمبونی ئاو، بۆ زیادبونی ڕێژەی هەژاریی(1). لە ڕاپۆرتی (18 ی مارسی 2021) ی  یۆنسێف دا هاتوە كە زیاتر لە (1.42) یەك ملیارو چلودوو ملیۆن كەس كە تیایدا (450) ملیۆنیان منداڵن لە ڕەوشێكی دژواردان و دەستیان ناگاتە ئاوی پێویست بۆ پێداویستییەكانی ڕۆژانەیان!. ئەمەش مانای وایە لە هەر (5) منداڵ (1) منداڵ بەدەست نەبونی ئاوەوە ئەناڵێنن، لە ڕاپۆرتەكەدا وێنەو فاكتی باشوری ئەفریكاو باشوری ئاسیای وەك دوو جەمسەری مەترسیدار وێناكردووە، لە مەداغشقەر ئافرەتێك (14) كم ئەبڕێت بۆ ئەوەی ئاوی دەستبكەوێت بۆ پێداویستییەكانی(2).
 ئاو، پێكهاتەیەكی كیمیاوییە، لە دوو گەریلە هایدرۆجین (H) و گەردیلەیەك ئۆكسجین (O) پێكدێت. زانایان ئاماژە بەوە ئەكەن كە بنچینەی ژیان لەسەر هەموو هەسارەكان ئاوە. (71%) ی ڕووی زەوی بە ئاو داپۆشراوە، هەموو شتێكی زیندوو پێویستی بە ئاوە، بە جۆرێك پەیكەر و ڕێكخەری ژیانە: جەستەی مرۆڤێكی پێگەیشتو (60%) ی ئاوە، لە ناو ئاژەڵاندا فیل بەڕێژەی  (70%) و، لە ڕووەكیشدا پەتاتە (80%) و تەماتە (95%) ی لە ئاو پێكهاتووە....تادوایی. مرۆڤێكی ئاسایی ئەتوانێت تەنها (7) ڕۆژ بێ ئاو بژی. ئەگەر كەسێك (20%) ی ئاوی لەشی لەدەستبدات، یەكسەر ئەمرێت. هەر مرۆڤێك بۆ خواردنەوە ڕۆژانە پێویستی بە (2,4) لیتر ئاوە (3).
لەبەر گرنگی لە ڕادەبەدەری ئاو هەموو ووڵاتێك سیاسەت و یاسای (بەڕێوەبردنی ئاو) ی هەیە. هەروەها ڕێككەوتننامەی ئاویی و دەریاوانی نێو-دەوڵەتی هەیە. لە عێراق و ووڵاتە دواكەوتوەكاندا چونكە ڕەچاوی ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكانی سەبارەت بە ئاو و رووبارەكان ناكرێت و سیاسەتێكی گشتگیر نییە، ئاو بەرەبەرە بۆتە قەیرانێكی مەترسیدار!. هێشتا جیهان شەڕی بۆڕییە نەوتی و غازییەكانی تەواو نەكردووە..قەیرانی ئاو یش لەناوچەكەدا نیشانەكانی بە زەقی دەرخستووە:


 دووەم: مەترسییەكانی سەر ئاسایشی ئاو لە عێراق
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (6.3%) ی ژمارەی دانیشتوانی گۆی زەوی پێك ئەهێنێت، بەڵام (1.4%) ی ئاوی پاكی بۆ بەكارهێنان لە خۆ-ئەگرتووە!. ئەمەش ئەوە نیشان ئەدات كە ئەم ناوچەیە بەرەو مەترسییەكی گەورەی ژیان كردن لە ڕووی ئاسایشی ئاوەوە هەنگاوی هەڵگرتوە. لەساڵی (1955) دا تەنها (3) سێ‌ دەوڵەتی عەرەبی بەدەست كەمئاوییەوە چەشتویانە، بەڵام ئەمرۆ (11) یانزە دەوڵەتی عەرەبی قەیرانی ئاویان هەیەو، سكۆڵەرەكان پێشبینی ئەوە ئەكەن كە (7) نەتەوەو دەوڵەتی دیكە لەم ناوچەیە تا (2025) بێ‌ ئاو ببن(4).
دامەزراوەی (چاتام هاوس-Chatham House) یەكێكە لە بەهێزترین ناوەندەكانی ڕاوێژكاری و توێژینەوە لەم جیهانە، لە ڕاپۆرتێكیدا بەناونیشانی " بە سیاسەتی كۆن كێشەی ئاوی عێراق چارەسەر نابێت" لایوایە، سەرەكیترین كاری هەر سەرۆكوەزیرانێك لە داهاتوودا دێت ئەبێت چارەسەركردنی گرفتی ئاو بێت لە عێراق، چونكە حكومەتە یەكلەدوای یەكەكانی پێشوو ڕێگەیانداوە ئەم گرفتە گەورە ببێت، بە پێی چاتام هاوس عێراق لەو وڵاتانەی ڕۆژهەڵات بوە كە بانگەشەی زۆروزەوەندی ئاوی كردووە بەهۆی بونی هەردوو ڕووباری دیجلەو فوراتەوە تا ساڵی (1970)، بەڵام دوای ئەوە نزیكەی (40%) ی ئاوی وڵاتەكەی لە دەستچووە. ئەوەش بەشێكی ئەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی وڵاتانی دراوسێ‌ (بەتایبەت توركیا) بەرانبەر عێراق لە پرسی ئاودا. جگە لەوەش بەرزبونەوەی پلەكانی گەرماو كەمبونەوەی ڕێژەی بارانبارین بە خراپی كاریگەرییان خستۆتە سەر ئاستی یەدەگی ئاویی لە عێراقدا، بەجۆرێك ساڵانە (8) ملیار م3 لە ئاوی بەنداوەكان وخەزانەكانی عێراق ئەبن بە هەڵم (بەهەڵم بون-Evaporation)(5).


2-1. توركیاو ئێران ئاو لە عێراق ئەگرنەوە 
بە پێی (ناوەندی جەزیرە بۆ لێكۆڵینەوە، 2018) كەمكردنەوەو لێ بڕینی ئاوی دیجلەو فورات (تصاریف نهری دجلە والفرات) لەلایەن توركیاوە فاكتەرێكی سەرەكی كەمكردنی ئاستی ئاویی ئەو دوو ڕووبارە سەرەكییەیە كە بە عێراقدا تێ‌ ئەپەڕن. ڕووباری دیجلە لە باشوری ڕۆژهەڵاتی توركیاوە هەڵئەقوڵێت، درێژییەكەی (1718) كیلۆمەترە، بە دووەم درێژترین ڕووبار دائەنرێت لە باشوری ڕۆژئاوای ئاسیادا. ڕووبەری حەوزە ئاوییەكەی (472.606) كیلۆمەتری چوارگۆشەیە، (17%) ی بە خاكی توركیادا تێ‌ ئەپەڕێت، (2%) ی بە سوریاو، (52%) ی ئاوەكەی بە عێراقدا ئەڕوات. هەرچی ڕووباری فوراتە بەهەمان شێوە لە باشوری ڕۆژهەڵاتی توركیاوە هەڵئەقوڵێت، درێژییەكەی (2781) كیلۆمەترەو ڕووبەری حەوزە ئاوییەكەی (444000) كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، (28%) ی ئەكەوێتە توركیاوەو، (17.1%) ی سوریاو، هەرچی ئەمێنێتەوە (39.9%) ی ئەم ڕووبارە بە خاكی عێراقدا تێ‌ ئەپەڕێت(6).
 كەم ئاویی تەنگی بە عێراق هەڵچنیوە. وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق (مەهدی ڕەشید حەمدانی-2021) دان بەوەدا ئەنێت كە: ئەو سەرچاوەو داهاتە ئاوەی لە توركیاوە بەڕێگەی ڕووباری فورات و دیجلەوە بۆ عێراق دێت بە ڕێژەی (50%) كەمی كردووە. ئەوەی لە لق و زێیەكانی وەك بەنداوی دەربەندیخان (لە باكوری عێراق) ەوە بۆ باشور ئەچو ئێستا گەیشتۆتە ئاستی سفر، هەروەكو ئەوەی لە "زاب"  لە ناوچەی كەركوكیشەوە هەبو بە ڕێژەی (70%) كەمی كردووە. حەمدانی لە بارەی ئێرانیشەوە نایشارێتەوە كە ئەو وڵاتە ڕێرەوی زۆر لە زێ‌ و ڕووبارە گرنگەكانی كە دێنە ناو خاكی عێراقەوە گۆڕیوە بە قازانجی خۆی، وەكو ڕووباری سیروان كە ئێران بەردەوام هەوڵی ووشك بونی داوە، هەروەها ئێران لە ناوچە سنورییەكانی دیالەو خانەقین ئەو ئاوانەی گرتۆتەوەو، بەرەو ناوخۆی وڵاتەكەی ئاڕاستەی ئاوەكەی گۆڕیوە(7). 


 
 كەمبونەوەی هەستپێكراوی ئاوی دیجلە: خەڵكی چاوەڕێن بۆ یەكەمجار بە پێ‌ پیاسە لە دیجلەدا بكەن (تویتەر)
بە پێی بەدواداچونەكانی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی (www.mirs.co )، عێراق بەشێكی گەورە لەسەرچاوە ئاوییەكانی بە زووترین كات لە دەست ئەدات. لەساڵی (1933) دا لەسەر ڕووباری فورات (30) ملیار م3 لە توركیاو سوریاوە ئاو هاتۆتە عێراق، بەڵام لە ساڵی (2021) دا ئەم بڕە گەیشتۆتە (9.5) نۆ ملیارو نیو م3. هەروەها لەپەیوەند بە ڕووباری دیجلەوە پێشوتر (20.5) ملیار م3 بوە لە (2021) دا گەیشتوە بە (9.7) ملیار م3، ئەمەش بە هۆی لێدانی (بەنداوی ئەلیسۆ-Ilisu Dam) ەوە لە لایەن توركیاوە.. هەرچی ئێرانیشە (5) ڕووباری سەرەكی عێراقی ووشك كردووە، ڕووبارەكانی (كنجان جم، كلال بدرە، جنكیلات، كەرخەو خوبەین) لە عێراق ووشك بون و ئێران بەرپرسیارە لە ووشكبونیان، ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی دەیان لادێی سەر سنوری عێراق- ئێران چۆڵی بكەن و، سیستەمی ژینگەیی و زیندەیی ئەو ناوچانە بەتەواوی گۆڕانكاری بەسەردا بێت(8). 


2-1-1. پرۆژەی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ  (گاپ-GAP)
پرۆژەی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ (GAP -Güneydoğu Anadolu Projesi) یەكێكە لە گرنگترین پرۆژەكانی گەشەپێدانی باشوری ئەنادۆڵ، سەرەتاكەی ئەگەڕێتەوە بۆ دوای دامەزراندنی كۆماری توركیا، ئامانجەكەشی ئەوكات ساڵی (1930)  خۆی لە: خستنەگەڕی   وێستگەكانی وەبەرهێنانی ووزەی  كارەباو، هەڵبەستنی چەندین بەنداو لەسەر ڕووباری فورات ئەبینیەوە. بەپێی حكومەتە یەكلەدوای یەكەكانی توركیا، لەهەموو سەردەمەكاندا لێكۆڵینەوەو پلانی وورد دائەنرا. بیرلەوە كرایەوە كە چۆن بتوانن سوود لە ئاوەكانی باشوری ئەنادۆڵ (فورات) وەربگرن، وەك پرۆژەیەكی نیشتمانی و ئابوریی زەبەلاح بیخەنە گەڕ، تا ساڵی (1986) دامەزراوەیەك بۆ كاروباری ئاویی توركیا دەستبەكاربو، لەسەر ئەم بنەمایەش حكومەتی توركیا گوێی بۆ پرۆژەكەی ئەم دامەزراوەیە گرت و، ئیدارەیەكی تایبەتیشی بۆ پرۆژەكە بەناوی "بەڕێوەبەرایەتی گەشەپێدانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ" كردەوە، وەزیرێكیشی  لەسەرۆكایەتیەوە بۆ دیاریكرد، بەناوی وەزیری كاروباری باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ.
پرۆژەی گاپ، گەورەترین و پڕ بایەخترین پرۆژەیەكە، كە حكومەتی كۆماریی لە توركیا لەمێژووی خۆیدا تەماحی تێ كردبێت، بەڕێژەی (80%) پشت ئەبەستێت بە ئاوی فورات،(20%) یشی لەسەر ئاوی دیجلە ئەبێت. ئەم پرۆژەیە چەندین پارێزگاو ناوچە لە توركیا ئەگرێتەوە (كە زۆربەیان شارە كوردییەكانن) وەكو : باتمان، دیاربەكر، سرت، لكس، ماردین، غازی عەنتاب، شانلی ئەدەرنە" .. (9,7%) ی ڕووبەری توركیا ئەگرێتەوە، (20%) زەویی كشتوكاڵی توركیا لەخۆئەگرێت كە ئەكاتە (8,5) ملیۆن هێكتار(9) (هیكتار: یەكەی پیوانەكردنی زەوییە لەسیستەمی نێودەوڵەتی دا،هەر (1) هێكتار یەكسانە بە (10000) كم چوارگۆشە،كە بەرانبەرە بە (4) دۆنم زەوی ) .
گاپ، دەشتێكی بەرفراوان لە حەوزەی فورات و دیجلە ئەگرێتەوە، لە زووەوە بەم ناوچەیە وتراوە مانگی بە پیت " هلال خصیب" ، بەوە ناسراوە كە لانكەی شارستانیەتە،لێرەوە بەشەریەت و شارستانیەت گوازراوەتەوە بۆ شوێنەكانی تری جیهان .لەهەفتاكانی سەدەی ڕابردوەوە ئەم پرۆژەیە بۆتە پرۆژەیەكی گەورەی ئیقلیمی ئابوریی فرە ڕەهەند، وەكو: كەرتی ئاودێریی و وەبەرهێنانی كارەبا،كشتوكاڵ و پرۆژەی هایدرۆكارەبایی و ژێرخانی ئابوریی پەروەردەیی و تەندروستی و گەشتوگوزاریی ...تاد. هەنوكەش دانانی (22) بەنداوی گەورە لەچوارچێوەی وەبەرهێنانی سەرچاوەكانی ئاو، لەگەڵ (19) ناوەندی هایدرۆكارەبایی  هەیە، ئەمەش لەسەر حیسابی ولاتانی ترە. پرۆژەكە تائێستا بڕی (32) ملیار دۆلاری تێچووە، هێزی گشتی لە وەبەرهێنانی ووزە لەم پرۆژەیەدا (7476) مێگاواتە،ئەمەش یانی بەرهەمی ساڵانەی ووزەی تیا ئەگاتە (27) ملیار مێگاوات لە كاتژمێرێكدا. لەهەناوی خۆیدا ئەم پرۆژەیە دابەشكراوە بۆ (13) پرۆژەی سەرەكی،كە (7) یان لەسەر ڕووباری فوراتە،(6) یان لەسەر دیجلەیە،ڕووبەرەكەیان بەگشتی (6,76) ملیۆن دۆنم زەوییە(10) .
پرۆژەی گاپ، هەتا بڵیی بەشداری ئەكات لە خزمەتكردنی ئامانجەكانی زامنكردنی ئارامی كۆمەڵایەتی و گەشەی ئابوریی و ،كەرتەكانی: گەیاندن، كشتوكاڵ و ئاودێریی، گەشتوگوزار، نیشتەجێ بون، هەلی كار، تەندروستی، پەروەردەو فێركردن و هەستانەوەی نەتەوایەتی توركی . دیزاینكردنی پرۆژەكە لە سەردەستی  پسپۆڕی  ئاودێریی ئیسرائیلی (شارۆن ئالوزوروف)  دانراوە . ئەندازیارەكەشی (یوشع كالی) ئیسرائیلیە. پرۆژەكە كاریگەرییەكی زۆر لەسەر كەمكردنی پشكی ئاوی عێراق و سوریا دائەنات، ئاوی فورات (40%) لەسوریاو (75%) لە عێراق كەم ئەكات(11). مەترسیەكی گەورەشە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبی، ئەكرێت ئەمە یەكێكی تر بێت لەكارتەكانی ئیسرائیل بۆ لە قاڵبدانی جیهانی عەرەبی، تا وڵاتانی عەرەبی ناچاربكات پێویستیان پێی بیت و هاوپەیمانی لەگەڵ ببەستن.
2-2. ڕۆڵی فاكتەری ناوخۆیی لە كەمبونەوەی ئاوی عێراق
لەگەڵ ئەوەی لەناوخۆی خۆیدا عێراق خاوەنی (8) دەریاچەیە، ئەوانیش تووشی كەمبونەوەو ووشك بونێكی ترسناك بونەتەوە. هەرە بەناوبانگترینیان "دەریاچەی ڕەزازە" یە، دووەم گەورەترین دەریاچەیە لە عێراقدا، ئەكەوێتە نێوان هەردوو پارێزگای ئەنبارو كەربەلاوە، درێژییەكەی (1800) كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، كەچی بە ڕێژەی (90%) تووشی ووشكبون بوەو، هەرچی گیانەوەرو ماسی ناو دەریاچەكەش هەیە تووشی لەناوچون بونەتەوە(12). 
ووڵاتی ئاو و ناسراو بە ووڵاتی دوو ڕووبار و شارستانییەتی دۆڵی ڕافیدەین تینویەتی. ووشك هەڵاتنێك كە زۆربەی ناوچەكانی عێراق ناناسرێتەوە!. سیاسییەكان و هێزە عێراقییەكان هەریەكەو لە شوێنی خۆیەوە خەریكی مانەوەو پتەوكردنی پێگەی سیاسیی و ماددی و میدیایی خۆیەتی، ئەوەش لەسەرشانی خاك و تاكی عێراقییەكان.!. ئەوەتا "دەریاچەی ساوە" درێژییەكەی (4.47) چوارهەزارو چلوحەوت مەترو پانییەكەی (1.77) هەزارو حەفتاوحەوت مەترە. یەكێكە لەو ناوچە گەشتیارییانەی عێراق كە كەشتیوانی تیاكراوەو، جێگەی ئادگارو یادگارێكی كۆنی عێراقییەكانەو لە ڕووی كەلەپورو فۆلكلۆرەوە چەندین هۆنراوەو چیرۆكی لەسەر هەبوە. ئەمڕۆكە ووشك بوەو زەوییە كشتوكاڵییەكانی دەوروبەرری بێ‌ كەڵك بون و، بون بە بیابانێك و هیچی تر!. دەریاچەیەك هەزاران ساڵ تەمەنی هەیەو، لە سەدەكانی پێش مێژوو (پێش پەیدابونی نووسین) ەوە هەیە، لە (2021) دا پەیتا-پەیتا چالاكوانانی بواری ژینگە هەواڵی كۆچی دوایی ڕائەگەیەنن، ئەمەش هۆكارەكانی ئەگەڕێتەوە بۆ دەستێوەردانی خراپانەی مرۆڤ لە سروشت و پیشەسازیی و جیۆلۆجی و بەهەڵم بون و كەمی باران و بەهاناوە نە هاتنی حكومەت(13). 
ئینجا لە عێراقدا، ووشكەساڵی و فاكتەرە دەرەكییەكان بەتەنها ڕووبارەكانیان نەگرتۆتەوە، بەڵكو پرۆژەكانی ئاوی شیرین و ئاودێریش بەهۆی هەژمونی گروپە توندڕەوەكانی وەكو "داعش" ەوە بە ئامانج گیراون، هەروەكو چۆن داعش چەندین هێڵی بۆڕی گواستنەوەی نەوتیان كردە ئامانج، بەنداوە ئاوییەكانیشی بە ئامانج گرت، بەنداوی فەلوجەیان لە رٍۆژئاوای عێراق لە ساڵی (2014) تێك دا. ئەوەش بوە هۆی ووشك بونی چەندین پرۆژەی كشتوكاڵی و ئاودێری لە ناوچەی سەقلاویە، ئەبو غرێب، رەزوانییە، لەتیفییە و ئەسكەندەری.
بەپێی (ئامارەكانی حكومەتی عێراقی، 2021)، ژمارەی دانیشتوانی عێراق (40) ملیۆن كەسە، ساڵانە پێویستییان بە (71) ملیار م3 ئاوە. لە كاتێكدا ساڵی (2035) ژمارەی دانیشتوانی عێراق ئەبێتە (50) ملیۆن، لەو كاتەدا ئاستی ئاوی عێراق لەسەر زەوی ئەبێتە (51) ملیار م3 ی ساڵانە لە دوای تەواوبونی هەموو پرۆژە بەنداوییەكانی كە دراوسێكانی عێراق لەدەرەوەی سنوری عێراق بینای ئەكەن(14)!. ئەمە كارەساتێكە ووڵاتەكە ئەخاتە بەر مەترسی سڕینەوە.
 
وەزیری پێشوتری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق” محسن الشمری": ملیارێك دینار بۆ بەگژاچونەوەی بە بیابانبون دیاریكرا لە (2019) بەڵام دزرا. لە عێراق بڕیارەكان لەدەرەوە دێن بەدەست حكومت نیین: سەرچاوە: شفق نیوز
 
سێهەم: ئاو لە یاسای گشتی نێودەوڵەتی دا
سەرەتای شارستانییەت لە ئاوەوە بوە. تەنانەت خودا لە قورئاندا ئەفەرموێت " وجعلنا من الما‌و كل شی‌و حی أفلا یۆمنون- سورە الانبیا‌و- 30- هەموو شتێكی زیندووم لە ئاو دروستكردووە، ئایا باوەڕتان هێناوە ؟.. گرنگی ئاو وای كردووە هەمیشە مرۆڤەكان بەدوایدا گەڕاون و لە كوێ‌ ئاویان دی بێت ئەو شوێنەیان ئاوەدانكردۆتەوە. بۆیە مرۆڤەكان و دواتر دەوڵەتەكان بەردەوام هەوڵی كۆنترۆڵكردنیان داوە. بۆ ئەمەش لەم دواییانەدا دەوڵەتان وەك كارتی سیاسیی و سزادانی ئەوانی تر "ئاو"یان بەكارهێناوە. بۆیە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یاسای تایبەت بە ئاوی داناوەو، پێناسەی كردووە.
 بەكورتی، ئەو ئاوانەی لەناو یەك دەوڵەتدان "ڕووباری نیشتیمانین" (لە ناو دەوڵەتەكەدا هەڵ ئەقوڵێت و كۆتایشی دێت- وەكو رووباری تایمز لە بەریتانیاو..) ئەوا مافی دەوڵەتە بە ئارەزووی خۆی سوودی كەشتیوانی و پیشەسازیی و كشتوكاڵ و ئاودێریی لێ ببینێت بۆ خۆی. بەڵام ئەو ئاوانەی سنوری دوو دەوڵەت یان زیاتر ئەگرنەوە ئەوانە ئاوی نێودەوڵەتیین و ئەبێت هەر وڵاتێك ڕەچاوی دەوڵەتی خوارووی خۆی بكات. كۆنگرەی ڤیەننا- 1815 بۆ یەكەمجار مافی كەشتیوانی بە سەرجەم ووڵاتان دا. دواتریش یاساكان قۆناخی دیكەیان بڕی، تاگەیشتە ئەوەی كە نەتەوە یەكگرتوەكان ساڵی (1997) یاسای ئاوی نێودەوڵەتی بۆ دیجلەو فورات دەركرد كە پێویستە توركیا پێوەی پابەند بێت. لەم یاسایەدا وڵاتان ئەبێت ڕەچاوی بنەمای دادگەری بكەن و زیان بە دراوسێكانیان نەگەیەنن. عێراق و توركیا ئەگەرچی لە ساڵی (1947) ڕێككەوتنامەیەكیان سەبارەت بە ئاوەكانی دیجلەو فورات واژۆكرد كە كەسیان بۆی نەبێت زیان بە ئەویدی بگەیەنێت. دواتریش دەیان دانیشتن و ڕێككەوتنی دیكەی دوو لایەنەو نێودەوڵەتی كراوە بەڵام بێ‌ ئەنجام بون.
ئەم گرفتانە لە پێش دا بە پێی گفتوگۆی نێوان دوو وڵاتی پەیوەندیدار میكانیزمی بۆ ئەدۆزرێتەوە، ئەگەر نەگەشتنە ڕێككەوتن پەنا بۆ نێوبژیوان – تحكیم الدولی (Arbitration Organizations) ئەبرێت، پاشان لە رێكخراوە هەرێمییە – نادەوڵەتییەكان وەكو كۆمكاری عەرەبی سكاڵا ئەكرێت، لەپاشاندا گرفتەكە لە نەتەوەیەكگرتوەكان ئەخرێتە ڕوو بۆ سزادانی لایەنی دەستدرێژی كار.


چوارەم: ڕۆڵی خراپەكارانەی مرۆڤ لە وێرانكردنی زەوی دا
گوێ‌ نەدانی مرۆڤ و وڵاتان بە ژینگەو پرسە گەردوونییەكان لە پێناو تەماح و چاوچنۆكی خۆیاندا، گەشەكردنی پیشەسازیی و سەرمایەداریی و دەستوەردانی سەرمایەو بانكە گەورەكان لە هەموو پنتێكی ئەم جیهانە، هەروەها هەڵپە-هەڵپی كۆمپانیاكان بۆ بەرهەمهێنانی زیاتر و كەڵەگەكردنی سەرمایەی زیاتر "بۆ چینێكی دیاریكراو"، ئەمانە هەموو پێكەوە، گرفتی كونبونی ئۆزۆن و پیسبونی بەرگە هەواو تێكچونی كەش و كەم ئاویی بەدوای خۆیدا هێناوە. بێ‌ ئەوەی ئەم كۆمپانیایانە لە وڵاتانی دواكەوتودا هیچ باجێكی وەها بدەن و ڕەچاوی ژینگە بكەن شاخ و دۆڵ و زەوی و ئاسمانیان بەخۆڕایی پێ بەخشراوە. ئیمڕۆكە "بە بیابانبون- Desertification" كێشەیەكی جیهانییە، زۆربەی ووڵاتانی جیهان بەدەستییەوە ئەناڵێنن، كەمبونەوەی ئاو و شێداری وا ئەكات چینی سەرەوەی زەوی لە خاك و خۆڵ داماڵرێت، ئەوەش ڕاستەوخۆ هۆكاری نەمانی ڕووەك و درەخت و باڵندەو كێوی وجۆرەها زیندەوەری ترە، دواتریش ئەم ڕووبەرە زەوییانە بۆ كشتوكاڵ و ژیان بەكەڵك نایەن، ئیتر لێرەوە نرخی خۆراكی جیهانی  بەرزئەبێتەوەو، ڕێژەی هەژاری زیاد ئەكات.
هەموو سەرچاوە زانستییەكان و، لوتكە جیهانییەكانی ساڵانە لە لایەن وڵاتانی پێشكەوتوەوە ئەبەسترێن، گەیشتون بەو ڕاستییەی كە زۆربونی چالاكی و دەستێوەردان و جووڵەی مرۆڤ بوەتە هۆی بەرزبونەوەی ئاستی دوانۆكسیدی كاربۆن (Co2)، ئەوەش بوەتە هۆی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرماو توانەوەی بەستەڵەكی جەمسەرەكانی زەوی و تێكچونی وەرزەكان و كەشوهەوا. ئەم گۆڕانی كەشوهەوایەش ئەبێتە هۆی گۆڕان لە سیستەمی ژینگەیی-Ecosystem و هەمەجۆریی ژیان-Biodiversity لەسەر زەوی:
بەڵام!. جیهان هەمیشە سەرقاڵی جەنگ و ململانێ‌ و خۆپڕچەككردنن، نەك ئاوەدانكردنەوەی سروشت و ڕووانین بۆ بەختەوەری و سەلامەتی مرۆڤ!. ئەوكاتەی ئەمریكا (78) ملیار دۆلاری بۆ جەنگی عێراق -2003- سەرفكرد. بە كەمتر لەو پارەیە، ئەتوانرا زامنی ئاوی شیرین بۆ هەموو تاكێكی گۆی زەوی بكەین، تەندروستی و خوێندن و خزمەتگوزاری باشیان پێشكەش بكەین ". تەنها ئەمریكا لە نێوان ساڵانی (2016 بۆ 2020) دا چەكی بە (97) وڵات و نەتەوەی جیاوازی دونیا فرۆشتوە. بە پێی " پەیمانگەی ستۆكهۆڵمی نێودەوڵەتی بۆ لێكۆڵینەوەی ئاشتی" لە ساڵی (2015 ەوە هەتا 2020) هەموو ساڵێك سعودیە بایی (10.7) دە ملیارو حەوتسەت ملیۆن دۆلار چەكی لە ئەمریكا كڕیوە، لەماوەی ئەو پێنج ساڵەدا ئەمریكا بایی (64.7) ملیار دۆلار چەكی بە سعودییە فرۆشتوە. تا وای لێهات لێكۆڵەرێكی وەك بروج رایدل " Bruce Riedel " لە (4ی شوباتی 2021) لە پەیمانگەی برۆكینز بابەتێك بڵاوبكاتەوە بەناونیشانی " ئیتر كاتیەتی ئەمریكا فرۆشتنی چەك بە سعودییە بوەستێنێت!".(15). چونكە هەموو ئەو چەكانە لە شەڕی حوسییەكان و كوشتنی ملیۆنەها یەمەنی دا بەكارئەهێنێت، كە سەدان جار كارەساتی مرۆیی جۆراوجۆری لێكەوتۆتەوە.


  پێنجەم: نادیاری ئایندەی ئاو لە كوردوستان! 
 كوردیش بەشێك بوە لە جەستەی مێژوو و شارستانییەت، ڕوواندنی گەنم و جۆ وەك كشتوكاڵ لە گوندی "چەرموو" سەریهەڵداوە لە كوردستان. (ئاو) یش بەشێكە لە ڕەگەزو ناسنامەی كوردوستان، لە شیعرو ئەدەبیاتی كلاسیكی كوردیدا "فەقێ تەیران" و "ئەحمەدی خانی" باسی ئاویان تێكەڵ بە ئەدەبیات كردووە ." گۆران" ی شاعیر دیمەنی جوانی كوردوستان و ئاوی قەڵبەزەی تێكەڵ بە هەڵبەستەكانی كردووە..كوردوستان خاوەنی سامانێكی ئاویی بێشومارە، كە بەرەو سست بون ئەچێت.  
بۆیە كێشەی ئاو، تەنها لەناوەڕاست و خواروی عێراقدا كورت ناكرێتەوە.. ساڵی (2008) حكومەتی هەرێمی كوردوستان  "ووشكە ساڵی " ڕاگەیاند، بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو قەیرانەش (120) ملیۆن دۆلاری سەرفكرد، نەك هەر قەیرانەكەی چارەسەر نەكرد، بەڵكو بەپێی ڕاپۆرتی دیوانی چاودێری سولەیمانی (هەموو مودیرناحیەو قایمقامەكان) لەگەندەڵی پارەی ووشكە ساڵییەوە گلاون، تەنها پارێزگاری ئەوسای سولەیمانی (5) ملیار دیناری ووشكەساڵی لووشدا " بەپێی ڕاپۆرتی دیوانی چاودێریی دارایی-2009".!. كەمبونەوەی ئاوی خواردنەوە، كەمی باران، نەبونی عەلەف بۆ ئاژەڵان، ووشكبونی چەم و كانیاوەكان، نەمانی باڵندەو ئاژەڵە كێوییەكان، دابەزینی ئاستی ئاویی ڕووبارو دەریاچەكان. هەروەها كەمبونەوەی ئاوی ژێر زەوی، لەهەرە گرفتە قووڵەكانی ئێستاو ئایندەی كوردوستانن ..ئێستا لەشارەكانی كوردوستان، لە ڤیەللاو باخەكانی دەرەوەی شار لە (100) مەترەوە بۆ (250) مەتر بیری ئیرتوازی لێ ئەدەن، ناگاتە ئاو و هەرەسیش دێنێت ؟!.
لە هاوینی (2021) دا بە بەراورد بە (2020) ئاستی ئاوی دەریاچەی دوكان (8) هەشت مەتر دابەزیوە. بە پێی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاوو ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان لە تەواوی كوردستاندا ئاستی ئاو كەمی كردووە، بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتی كەمئاوییەش حكومەتی هەرێم بڕی (2.5) دوو ملیارونیو دیناری دابینكردووە. ئەكرا حكومەت سیاسەتێكی ئاویی باشتری هەبێت ئەو گوژمە پارانەی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو كێشەكان خەرجی ئەكات بۆ بیناكردنی سیاسەتێكی ئاویی و كشتوكاڵی بەهێز تەرخانی بكات. ئەو بڕە ئاوەی هەرێمی كوردستان بەبەراورد بە ژمارەی دانیشتوانەكەی و نەبونی سێكتەری كشتوكاڵی و پیشەسازیی گەورە سەرفی ئەكات ئێجگار زۆرە. ڕۆژانە لە هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی (91) پرۆژە و (5710) بیرەوە نزیكەی (2) دوو ملیۆن م3 ئاو دابەش ئەكرێت(16).
دواجار گەلی كورد، بە بێ‌ گازی سروشتی، بە بێ‌ نەوت، ئەتوانێت بژی. بەڵام بە بێ‌ ئاو ناتوانێت بەردەوام بێت و بەرانبەرەكانی و دراوسێكانی هاریكاریی ناكەن.

ڕاسپاردەكان
ئەم پەیپەرە ئەكادیمییە لەگەڵ خۆیدا، چەند خاڵێكی وەك میكانیزمی چارەسەریی یاداشت كردووە، كە ئەمانەن:
یەك: لەیەكەم هەنگاودا لەسەر ئاستی عێراق، هەرێمی كوردستان، حیزبە سیاسییەكان، پلاتفۆڕمێك ساز بكرێت بۆ پرسی ئاو و رەهەندەكانی و مەترسییەكانی و چارەسەرییەكانی دیاری بكرێت.
دوو: گرتنە بەری سیاسەتێكی مۆدێرن بۆ بەڕێوەبردنی ئاو. ئیتر كاتیەتی كەرتی ئاو لە عێراقدا بە پێی ستراتیژێك مۆبیلیزە بكرێت.
سێ‌: نەوەی نوێ‌ لە عێراق دا فشار دروست بكات تاوەكو دەستەڵاتداران ئاوی عێراق و نەوەكانی ئایندە نەكەن بە قوربانی پەیوەندیی كەسیی و تایبەتییەكانیان لەگەڵ توركیا و ئێران. عێراق زیاد لە كارتێكی بەدەستەوەیە لە بەرانبەر توركیا بەكاریبهێنێت بۆ ئەوەی ڕووبارەكان ووشك نەبن.
چوار: لە عێراقدا، پێشوتر رٍێكخراوە جیهانییەكان پارەیەكی زۆریان داوە بە كەسانێك گوایە ئیش لە بواری ئاو و ژینگەدا ئەكەن، كەچی ئەوانە بەشێك بون لە گەندەڵی و سپی كردنەوەی پارەو، حكومەتی عێراقیش ئەیانناسێت، سزای توند بدرێن. هەروەها پارەی دیكە بۆ ئەم پرسانە تەرخانكراون و دیارنەماون. لێرەوە پرسی ئاو پرسی هەموو كەسێكە، هەموو كەسێك هۆشیار بكرێتەوە لە هەموو ڕێگەیەكەوە كە ئاو بە فیڕۆ نەدات. ئەمە ببێتە ستراتیجی سەدان ناوەندی فێركردنی پەروەردەیی و كاركردنی میدیاو ناوەندە ئاینییەكان و...تادوایی بۆ ڕوونكردنەوە.
پێنج: بەكارهێنانی ئاو و كارەبا لە عێراقدا بكرێتە سیستەم وەكو وڵاتانی ئەوروپا، تا زێدەڕۆیی پێوە نەكرێت و، حكومەت لێپێچینەوە لە سەرپێچیكاران بكات.
شەشەم: وەك هەنگاوێك بۆ بەرگرتن لەو كارەساتە ژینگەییانەی بەڕێوەن، بە دەیان ملیۆن تۆوی ڕووەكی و نەمام و سەوزایی لەو ناوچانە بچێندرێن بۆ بەگژاچونەوەی بە بیابانبونی ووڵاتەكە. بەدوای ئەو شێوازە لە ناشتن و لە ڕووەكدا بگەڕێن كە توانای بەرگەگرتنی كارەساتی هەیە.


سەرئەنجام 
بە پێی ئەم باسەمان بێت، چوار فاكتەری سەرەكی هۆكاری كەمبونەوەی ئاون لە عێراق، یەكەمیان، وڵاتانی دراوسێ‌ (توركیاو ئێران) ئاوی عێراق وكوردستان ئەگرنەوەو بەشێكن لە ووشك بونی. دووەم، كەمی ئاستی بارانبارین بەهۆی گۆڕانی كەشوهەواو بەرزبونەوەی پلەكانی گەرماو پاشان بە هەڵم بونی ئاوە خەزنكراوەكان. سێهەم، بەهۆی شەڕو توندتیژییەكانەوە بە تایبەت داعش بەنداو و خەزێنەكانی ئاوی تەقاندۆتەوە. چوارەم، فاكتەری حكومەتی عێراق خۆیەتی كە سیاسەتێكی مۆدێرنی بەرانبەر ئاسایشی ئاو نییە. لەم میانەشدا خەڵكی عێراق دەست بە ئاوەوە ناگرن و زێدەڕۆیی بەرانبەر ئەكەن.
 لە كۆتاییدا، ئەگەر نەوت و غاز وەك سەرچاوەی ووزەی پێویست گرنگ بن بۆ كارگەو كارخانە پیشەسازییەكانی دونیاو جوڵەی ئۆتۆمبیل و فڕۆكەو كەشتییەكان لە لە دونیادا. ئەوا "ئاو" بەشێكە لەو ووزەیەی لەئەگەری نەبونی دا خودی ژیان و گێتی لە جووڵە ئەوەستێت. مرۆڤ بۆخۆی لە ئاو دروست بوە، زەوی و شارستانییەت و سەرچاوەی گرنگی "بوون" بریتییە لە ئاو...بە كەمبونەوەی ئاوی عێراق و مەترسیدار دەركەوتنی هۆڕەكانی باشوری عێراق و تێكچونی ژینگەكە و، بە بیابانبون، تەنها مرۆڤەكان ناكەونە بەر مەترسیی هەژاریی، تەنها نەبونی كشتوكاڵ و ئاودێریی لێكەوتەكەی نییە، بگرە تەواوی زیندەوەران و سیستەمی ئیكۆلۆجی ناوچەكە تێك ئەچێت كە بەهەزاران ساڵ و لە پرۆسەی جیۆلۆجی دا دروستبون. هەروەها مێژوو و شارستانییەتی عێراق و یادگاریی و ئەدەبیاتی وڵاتەكەش ئەكەوێتە بەردەم سڕینەوەیەكی یەكجارەكی.

*بەهرۆز جەعفەر/ دكتۆرا لە پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەكان- دامەزرێنەرو سەرۆكی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی-MIRS

بیبلۆگرافیا:

(1). Sköld, M (2020). 5 reasons why the climate crisis is a water crisis. SIWI.  

(2). UNICEF (2021): One in five children globally does not have enough water to meet their everyday needs. See here:

   https://www.unicef.org/press-releases/one-five-children-globally-does-not-have-enough-water-meet-their-everyday-needs#:~:text=NEW%20YORK%2C%2018%20March%202021,to%20meet%20their%20everyday%20needs.

(3). C. Zeman, M. Rich & J. Rose (2006). World water resources: Trends, challenges, and solutions. Springer. 239 WRC. University of Northern Lowa. P333-334.

(4). Wessels. j (2009)Water Crisis in the Middle East: An Opportunity for New Forms of Water Governance and Peace. The Whitehead Journal of Diplomacy and International Relations. P: 131.

(5). Chathamhouse (2020) Same Old Politics Will Not Solve Iraq Water Crisis. See here:

https://www.chathamhouse.org/2020/04/same-old-politics-will-not-solve-iraq-water-crisis

(6). مركز الجزيرة للدراسات (٢٠١٨) مخاطر الأزمة المائية في العراق: الأسباب وسبل المعالجة

(7). العربي الجديد (٢٠٢١) العراق: تركيا خفضت منسوب نهري دجلة والفرات إلى النصف وإيران قطعت روافد مهمة.

(8). العربي الجديد (٢٠١٥) الأمن المائي العربي[1/ 6]..إيران وداعش يدمران مياه العراق... بغداد- الامير العبيدي.

(9) سري الدين، عايدة العلي ( 1997 ) "العرب والفرات بين الاسرائيل و تركيا "، دار الآفاق الجديدة، بيروت، ص 197 -198.

(10). UNVER, O. H., 1997. Southeastern Anatolian Project (GAP): Water Resources Development, Vol. 13 (NO.4)

(11). يسري عبدالرؤف يوسف الغول (2011) ، أثر صعود حزب العدالة والتنمية التركي على العلاقات التركية- الاسرائيلية، جامعة الازهر- الغزة . ص 45-49.

(12) الجزيرة (٢٠١٩) بحيرة شهيرة في العراق تموت عطشا. انظر هنا:  

https://www.aljazeera.net › news › ال...

(13). العربي الجديد (٢٠٢١) بحيرة ساوة... عراقيون ينعون جزءاً من تاريخهم، بغداد- كرم سعدي.

(14). العربي الجديد (٢٠٢١) سدود تركيا وإيران تجفف دجلة والفرات في العراق، بغداد- براء الشمري

(15). Bruce Riedel (2021) It’s time to stop US arms sales to Saudi Arabia. Brookings Institute. See here:

https://www.brookings.edu/blog/order-from-chaos/2021/02/04/its-time-to-stop-us-arms-sales-to-saudi-arabia/

(16). رووداو (2021). ئاستى ئاوى دووكان هةشت مةتر دابةزيوة. https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/2905202114

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand