كەرتی تایبەت كێشەی كارەبا كۆتایی پێدێنێت؟
2021-07-17 13:03:26
شیكاری: درەو
لەئێستادا لە%84 كارەبای هەرێمی كوردستان لە لایەن كەرتی تایبەتەوە بەرهەم دەهێنرێت و %16 لە لایەن كەرتی گشتییەوە بەرهەم دێت، ڕۆژانە نزیکەی (7هەزار) مێگاوات کارەبا لە وێستگەكانی بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام هەرگیز بەو ئاستە بەگەیشوون و لە ئێستادا (3 هەزار و400) مێگاوات بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام خواست لەسەر كارەبا نزیک لە (5 هەزار) مێگاواتە.
خواست لەسەر کارەبا بەردەوام ڕووی کە هەڵکشانەو تەنها لە پارێزگای سلێمانی لە ساڵی (2007) ەوە بۆ (2020)ژمارەی هاوبەشانی کارەبا سێ هێندە زیادی کردووەو لە (236) هەزار هاوبەشەوە گەیشتووە بە زیاتر لە (697) هەزار هاوبەش بەرێژەی (66%).
کێشەی کارەبا
کێشەی پڕنەکردنەوەی خواست لەسەر کارەبا، وەک پێداویستییەکی بنەڕەتی و سەرەکی هاوڵاتیان بە درێژایی 30ساڵی رابردوو، یەکێك بووە لەو کێشانەی بەردەوام دووبارە بووتەوە، تەمەنی ئەم کێشەیە یەکسانە بە تەمەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بەدرێژایی ئەو مێژووە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەی کارەبا نەدۆزراوەتەوە. ئەگەر لە هەندێک قۆناغیشدا بە کاتی چارەسەر بووبێت، ئەوا لەلایەن دەسەڵاتەوە وەک پاداشت بە خەڵک فرۆشراوە، ئەگەر چی کێشەو گرفتەکانی کارەبا فرە جۆرن، بەڵام گرنگترین هۆکارەکانی پشت کێشەی کارەبا ئەمانەن؛
یەکەم؛ خواست و خستنەڕوو؛ گرفتی سەرەکی کارەبا بریتییە لە هاوکێشەی: (خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا و خستنەڕووی کارەبا)، واتە دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری بریتییە لە یەکسانکردنی خواست و خستنەڕوو. بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بەپێی پێویستیی خۆیان بتوانن کارەبا بەکاربهێنن و بەردەوام کارەبا هەبێت و حکومەت بتوانێت ئەو خواستە پڕ بکاتەوە، جگە لەوەش پێویستە خستنەڕووی کارەبا بە ڕێژەی 10% زیاتر بێت لە خواست. بۆ نمونە هاوبەشانی کارەبا لە پارێزگای سلێمانی لە ساڵی (2007) بریتی بووە لە (236) هەزار و (610) هاوبەش، بەڵام لە ساڵی (2020) هاوبەشەکانی کارەبا لە سنوری پارێزگای سلێمانی نزیکەی سێ هێندە زیادی کردووەو گەیشتووە بە (697) هەزار و (771) هاوبەشی کارەبا (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)). بەڵام حکومەتی هەرێم نەیتوانیەوە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئەوخواستە بە هەمان قەبارە کارەبا بەرهەم بهێنێت، بەم شێوەیەش بەردەوام کورتهێنان هەبووە لە دابینکردن و خستنەڕووی کارەبا.
دووەم: سیاسەتی وزە؛ لە دنیادا، وزەی کارەبا لە کۆی وزەکانی دیکە جیاناکرێتەوە و گرانترین جۆری وزەیە، بۆیە دەبێت حکومەت لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتیی وزەدا سەیری وزەی کارەبا بکات، بۆ نمونە دەبێت بزانێت گەرمکردنی ئاوی ماڵان کە ئێستا لەڕێگەی وزەی کارەباوە زۆر گران دەکەوێت لەسەر حکومەت وەک لەوەی بە غاز بێت، ئایا حکومەت دەزانێت ساڵانە چەند لە وزەی کارەبا بۆ گەرمکردنی ئاوی ماڵان دەڕوات؟ بەپێی داتاکان (360) دۆلار خەرجی کارەبای بەرهەمهاتووە بۆ بۆیلەری هەر هاوبەشێک. ئەگەر ئەو ژمارەیە جارانی ژمارەی هاوبەشانی کارەبا بکەین لە کوردستان کە ملیۆنێک و (674) هەزار و (764) هاوبەشە، زیاتر لە (600) ملیۆن دۆلار تەنیا بۆ گەرمکردنی ئاوی ماڵان دەڕوات.
ئەی ئەگەر ئاوی ماڵان بە غاز گەرم بکرێ؟
ئەگەر ماڵێک ئاو بە غاز گەرم بکات، ساڵانە هەشت بوتڵ غازی دەوێت. ئەگەر نرخی بوتڵێک غاز 8.5 هەزار دینار بێ (8×8.5 دینار = 68 هەزار دینار) لە ساڵێکدا. بۆ کۆی هاوبەشانی کارەبا کە ملیۆنێک و (674) هەزار و (764) هاوبەشە، دەکاتە نزیکەی (113) ملیار دینار کە بە نرخی ئێستای دۆلار دەکاتە (78.5) ملیۆن دۆلار. واتە ئەگەر حکومەت بڕیار بدات ئاوی ماڵان بە غاز گەرم بکرێ لە جیاتی کارەبا، ئەوا زیاتر لە (524) ملیۆن دۆلاری بۆ دەگەڕێتەوە.
بۆیە دەبێت حکومەت بەرنامەی گونجاو دابنێت بۆ گۆڕینی سیستمی گەرمکردنی ئاوی ماڵان لە وزەی کارەباوە بۆ وزەکانی دیکەی وەک غاز، یان وزەی خۆر و چەند سیستمێکی دیکەی ئاو گەرمکرن کە زۆر ئاسانن و تێچوویان کەمە، بەوەش بارگرانیی سەر کارەبا زۆر کەم دەبێتەوە.
سێیەم: خراپی ئاستی وشیاری لە بەکارهێنانی کارەبا؛ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی ئاستی هۆشیارییان لە بەکارهێنانی کارەبای زیادە لە ئاستی پێویستدا نییەوە بەپێی ڕاپۆرتەکان زیاتر لە (44%)ی بەرهەمی کارەبا بەفیڕۆ دەڕوات، ئەمە جگە لەوەی سەپێچییەکان لە ڕادەی ئاسایی تێپەڕیوە، بۆ نمونە تەنها لە لەماوەی نێوان ساڵی (2019-2020) زیاتر لە (16) هەزار سەرپێچی لەلایەن وەزارەتی کارەباوە تۆمار کراوە، ئەمە ئەو ژمارەیەن کە لەو ماوەیەدا ئاشکرا بوون، پرسیارەکە ئەوەیە کە دەبێت چەند سەرپێچی دیکە هەبێت کە تا ئێستا ئاشکرا نەبوون.
هاوکات کەڵەکەبوونی قەرزی کارەبا لای هاوبەشیانی کارەبا، یەکێکی دیکەیە لە گرفتەکان، بەپێی لێدوانی وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، "نزیکەی ترلیۆنێک و (298) ملیار دینار قهرزی کارهبا لای هاوڵاتیانه، ئهگهر ئهو هاوکاریه ههبێت (هاوڵاتییان پارەی قەرزی کارەبا بدەن) سوتهمهنی بهردهست ههبێت ئیتر هیچ کێشهی بهرههمهێنانی کارهبامان نییه"، دەشڵێت، "ناڵێین هاوڵاتییان لە 100% پارەی قەرزی کارەبا بدهن بهڵام با 50% پسوڵهی کارهبای خۆی بدات ههتا یارمهتیهک و شتێک لهبهردهم وهزارهت ههبێت بتوانێت خزمهتی زیاتر به هاوڵاتی پێشکهش بکات".
چوارەم: سەرچاوەکانی وزە؛ بەپێی لێدوانی وەزیری کارەبای هەرێم "کێشهی کارەبا زیاتر دابینکردنی سوتهمهنییه بۆ وێستگانی کارەبا، وێستگهکانی تر کە ههمانه ئێستا ژمارهیان 14 وێستگهن ههندێک لهوانه بهئاو ئیش دهکهن وهکو دوکان و دهربهندیخان که 600 و 49 مێگاوات توانای بهرههمهێنانی ههیه بهڵام لهبهرنهبونی ئاو ئێستا نزیکهی 60 مێگاوات له ههردو وێستگه بهرههم دێت ئهوه یهکێکه له کێشهکان، دوهم وێستگهی دهۆکی غازمان ههیه ههتا ئێستا بۆری غاز له ههولێر نهگهیشتوەته ئهو وێستگهیه ئهوهش هۆکارێکی تره که ئێستا له 1000 مێگاواتی کارهبا تهنها 100 مێگاواتی کارهبا بهرههم دێنیین".
ڕاپۆرتی وەزارەتی کارەبا
دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێی کوردستان، نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەرتوکێکی بڵاو کردەوە بە ناوی "كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان چاکسازی و خزمەتگوزاری 10/7/2019-1/5/2021" لاپەڕە (64-84)ی پەرتوکەکەی تەرخان کردووە بۆ "وەزارەتی کارەبا" تێیدا تیشک خراوەتە سەر هەر چوار سێکتەری(بەرهەمهێنان – گواستنەوە - دابەشكردن – كۆنترۆڵ)، هەوڵدەدەین لەم ڕاپۆرتەدا بەشێک لە داتاکان بخەینە ڕوو.
توانای بەهەمهێنانی کارەبا
توانای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنانی کارەبا (6) هەزار و (737) مێگاواتە کە دابەشبوون بەسەر ناوچە جیاوازەکانی کوردستان ( بڕوانە خشتەی ژمارە (2))، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی کارەبا لە ئێستادا دەتوانرێت (3) هەزار و (400) مێگاوات بەرهەم بهێنێت. لە ژمارەیەش (84%) لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بەرهەم دەهێنرێت! حکومەت تەنها لە توانایدایە (16%) ئەو ڕێژەیە پڕ بکاتەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حكومهتی ههرێمی كوردستان لە 27/6/2021 ڕایگەیاند؛ خواست لەسەر کارەبا (4500) مێگاواتە بڕی (1100) مێگاوات کورتهێنان هەیە.
ئەمەش ئەو ڕاستییە دەردەخات حکومەتی هەرێم ئەگەر چی بەهاوکاری کەرتی تایبەت لەتوانایدایە بڕی پێویستی کارەبا بەرهەم بهێنێت پێداویستی هاوڵاتیان پڕ بکاتەوە، بەڵام نەیکردووە. بە تایبەت کەمتەرخەم بووە لەو وێستگانەی کە بە سوتەمەنی (گاز و دیزڵ و نەوتی ڕەش) کاردەکەن. تەنها کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە بەنداوەکانی (دوکان و دەربەندیخان) لە دەرەوەی ئیرادەی حکومەتی هەرێمە کە پەیوەندی بە کۆبوونەوەی ئاو هەیە، کە دەکرا لە ماوەی ڕابردوودا لە ڕێگەی بونیادنانی بەنداوی دیکەوە بەشێک لەو کێشەیەی چارەسەربکردایە بۆ ئەمەش (بەنداوی بێخمە) باشترین نمونەیە.
تا دێت خواست لەسەر کارەبا زیاد دەکات
بەپێی ڕاپۆتەکەی وەزارەتی کارەبا ژمارەی هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بریتین لە یەک ملیۆن و (640) هەزار و (459) هاوبەشی کارەبا دابەشبوون بەسەر جۆرە هاوبەشکانی (ماڵان، بازرگانی، پیشەسازی، کشتوکاڵ و میری) (بڕوانە خشەی ژمارە (3) و (4))، لە ئێستادا ئەو ژمارەیە زیاتر هەڵکشاوە (بڕوانە خشەی ژمارە (4)).
سپاردنی کارەبا بە کەرتی تایبەت
حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت کۆنترۆڵی کەرتی کارەبا بکات و بۆ خۆدزینەوە لەو ڕاستییە لە هەوڵی سپاردنییەتی بە کەرتی تایبەت، دوور نییە ئەرکی هاوڵاتیان لە ڕووی داراییەوە قورستر نەبێت، ئەم ڕاستییە ڕووندەبێتەوە کاتێک لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی کارەبا ئەو هۆکارانە دەخوێنیتەوە کە لە پشت سپاردنی کارەبان بە کەرتی تایبەت و هۆکارەکانیش ئەمانەن؛
1. کەمکردنەوەی وزەی بەفیڕۆچوونی کارەبا کە (%44)ی کارەبا بەرهەمی کارەبایە.
2. زیادکردنی داهاتی کارەبای مانگانە.
3. زیادکردنی کارەبای مانگانە.
4. دابینکردنی موچەی (%70)ی فەرمانبەرانی دابەشکردنی کارەبا.
5. پێدانی شایستە داراییەکانی وەبەرهێنان.
6. نەهێشتنی ڕۆتین.
7. یەک ژێدەری کارەبا بۆ هاوبەشان.
8. کۆنترۆڵکردنی دابەشکردنی کارەبا
پێوەری زیرەک
بەپێی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی کارەبا لەکۆی ملیۆنێک و (674) هەزار و (674) بەشداربوو (547) هەزار و (87) بەشداربوو پێوەری زیرەکیان بۆ دانراوە. (بڕوانە خشەی ژمارە (5))
ژمارەی سەرپچی و بڕی سزاکانیان
گەندەڵی و سەرپێچی یەکێکە لە دیاردە دزێوەکان وەک هەموو سێکتەرەکانی دیکە کەرتی کارەباشی گرتووەتەوە، لە ماوەی (2) ساڵی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان (16) هەزارو (833) سەرپێچی تۆمار کراوەو یەک ملیار و (46) ملیۆن و (702) هەزارو (182) سزا دراون بە بری (2) ملیار و (935) ملیۆن و (424) هەزار و (880) دینار (بڕوانە خشەی ژمارە (6))
کاتژمێرەکانی کارەبا
ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی کارەبا تەنها نمونەی (2) مانگی پێدانی کارەبای ساڵانی (2019، 2020، 2021)ی بەراوردکردووە، کە تاڕادەیەک کەمترین خواستی هاوڵاتیان لەو دوو مانگەی ساڵ لەسەر کارەبا هەیە، ئەوانیش مانگەکانی (کانونی و دووەم و شوبات)ن، چونکە لەو دوو مانگەدا هاوڵاتیان کەمتر پێویستیان بە ئامێرەکانی خۆگەرمکردنەوە یان ئامێرەکانی سارد کردنەوە هەیە، بەڵام نەتوانراوە لە تێکڕاو لە باشترین دۆخدا بوونی کارەبا بگەیەنرێت بە سەرو (17) کاترمێر لە ڕۆژێکدا (بڕوانە خشتەی ژمارە (7))