Draw Media

سیستمی هاوسەرۆكایەتی هەڵدەوەشێتەوە.. سەرۆك دوو جێگری دەبێت

سیستمی هاوسەرۆكایەتی هەڵدەوەشێتەوە.. سەرۆك دوو جێگری دەبێت

2021-07-13 16:22:23


(درەو):
گفتوگۆ لەسەر دروستكردنەوەی پەیكەری سیاسی نوێ‌و هەڵوەشاندنەوەی سیستمی هاوسەرۆكایەتی لەناو یەكێتی دەستپێكرد.
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، دوای رەزامەندبوونی لاهور شێخ جەنگی بە دەستهەڵگرتن لە پۆستی (هاوسەرۆك)ی یەكێتی، ئێستا ماڵی مام جەلال لەگەڵ جەمسەرەكانی تری ناو یەكێتی سەرقاڵی داڕشتنەوەی پەیكەرێكی نوێی سیاسین بۆ یەكێتی لەرێگەی ئەنجومەنی سەركردایەتیەوە.
(درەو) زانیویەتی، ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ ماڵی كۆسرەت رەسوڵ و گروپی كەركوكییەكانی ناو سەركردایەتی یەكێتی كۆبوەتەوە.
لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا گفتوگۆكراوە لەبارەی چۆنیەتی داڕشتنەوەی پەیكەری نوێی سیاسی یەكێتی كشانەوەی لاهور شێخ جەنگی لەپۆستی هاوسەرۆكی یەكێتی.
 چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو یەكێتیەوە بە (درەو)یان راگەیاند: بەپێی ئەوەی گفتوگۆی لەسەركراوە ئەو گۆڕانكاریەی لە رێگەی سەركردایەتیەوە لە پەیكەری سیاسی یەكێتیدا دەكرێت، بەمشێوەیەی خوارەوە: 
•    سیستمی هاوسەرۆكایەتی هەڵدەوەشێتەوە‌و بافڵ تاڵەبانی وەكو سەرۆك لەسەركردایەتی هەڵدەبژێردرێت.
•    سەرۆكی داهاتووی یەكێتی دوو جێگری دەبێت.
•    ئەنجومەنی سەركردایەتی كە ئێستا ژمارەی (124) كەسە، ژمارەی ئەندامەكانی بۆ خوار (50) كەس كەمدەكرێتەوە هاوشێوەی سەركردایەتی پێش كۆنگرەی چوارەم.
•    مەكتەبی سیاسی سەرلەنوێ دروست دەكرێتەوە.
•    ئەو گۆڕانكاریانەی كە بڕیارە لە پەیكەری سیاسی یەكێتیدا بكرێت و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ لەدەسەڵاتی سەركردایەتی حزبدا نین، بسپێرێت بە  پلنیۆم یاخود كۆنگرەیەكی نائاسایی.
لەكاتێكدا ماڵی مام جەلال لەگەل جەمسەرەكانی تری یەكێتی گفتوگۆ لەسەر قۆناغی دوای لاهور شێخ جەنگی دەكەن، عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی دادگەری كوردستان و شێخ نەهرۆ كەسنەزانی رێبەری تەریقەتی قادری ئەمڕۆ وەكو نێوەندگیر داخڵی كێشەی ناوكۆكی نێوان لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand