کەرتی ڕێگاوبان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2021-07-25 09:30:47
شیكاری: درەو
لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گوژمەی زیاتر لە (700) ملیار دینار (48) پرۆژەی ڕێگاوبان تەواو کراوە، كە (667 ملیار) دینار بەرێژەی (95%) لە هەولێر و دهۆك و (5%)ی لە سلێمانی گەرمیان خەرجكراوە، كە (38) پرۆژەی لە هەولێرو دهۆك و (10) پرۆژەی لە سلێمانی گەرمیان جێبەجیچكرداوە.
ئەمە لەكاتێكدایە زۆرینەی قوربانیانی رووداوەكانی هاتوچۆ لەپارێزگای سلێمانی بووە بەرێژەی (63%) و قوربانیانی روداوەكانی هاتوچۆ لە هەولێر و دهۆك (37%) بووە، لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2021 لە سلێمانی (251) ڕوداوی هاتووچۆ هەبووەو (819) قوربانی لێكەوتووەتەوە، بەڵام لە پارێزگای هەولێر (205) ڕوداوی هاتووچۆو هەبووە (252) قوربانی لێكەوتووەتەوە لە پارێزگای دهۆک (196) ڕوداوی هاتووچۆو (233) قوربانی لێكەوتووەتەوە، كە هۆكاری سەرەكی رووداوەكانی هاتوچۆ خراپی رێگاوبانەكانە.
مەبەست
بایەخدان بە ڕێگاوبان هێڵەکانی گواستنەوە بە یەکەم هەنگاوەکانی ئاوەدانکردنەوەو پێشکەوتن دادەنرێت، بەرەوپێشبردنیشی کاریگەری و ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر هەموو بوارە جیاجیاکانی ژیانی ئابوری و بازرگانی و کۆمەڵایەتی.
لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخەینە سەر پرۆژە تەواوکراوەکانی ڕێگاوبان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕو خەرجی و شێوازی دابەشبوونی جوگرافی پرۆژەکان بەسەر پارێزگاو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، دەرخستنی نادادپەروەری دابەشبوونی پرۆژەو بودجەی گشتی هەرێم بەسەر شارو پارێزگاکان.
هاوکات ئاماری ڕوداوەکانی هاتووچۆ لە شارو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەخەینەڕوو کە بەشێک لە هۆکارەکانی دەگەڕێتەوە بۆ خراپی ڕێگاوبان و خزمەتگوزییەکانی کەرتەکە.
ژمارەی و جۆری ئۆتۆمبێل لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک و 915 هەزار ئۆتۆمبێل هەن. بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆ، سەرباری 19 هەزار ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و ئۆتۆمبێلەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کە لە ئامارەکەدا تۆمارنەکراون، ژمارە و جۆرەکانی ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەیە(بڕوانە خشتەی ژمارە (1)):
دابەشبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان بەسەر پارێزگاو شارەکانی هەرێمی کوردستان
زۆرترین ژمارەی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە پارێزگای هەولێرەوەو پارێزگای سلێمانی بە پلەی دووەم و پارێزگای دهۆک بەپلەی سێیەم دێت، (بڕوانە خشتەی ژمارە (2))
ئامارەکانی ڕووداوی هاتووچۆ
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2021دا، 850 رووداوی هاتووچۆ تۆمارکراون، کە 612 گیان لەدەستدان و هەزار و 416 برینداریان لێکەوتووەتەوە، بەوپێیە بەتێکرای رۆژانە نزیکەی 10 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە.
لە 25/4/2021 (ئەسعەد مەلا کەریم)، گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند؛ "بەپێی لێکۆڵینەوەکانمان هۆکارەکانی رووداوەکانی هاتووچۆ و زۆریی ژمارەی قوربانیان لە هەرێمی کوردستان زۆرن، دیارترینیان تیژڕۆیی شۆفێرەکانە، دواتر بەکارهێنانی مۆبایل لەکاتی لێخورینی ئۆتۆمبێل، هەروەها رێگەوبانەکانی دەرەوەی شارەکان بەتایبەت رێگە یەک سایدەکان هۆکارێکی دیکەن، کوالێتی ئۆتۆمبێلەکانیش هۆکارن".
هەروەها نەبوونی هاتووچۆی گشتی، بە یەکێک لە هۆکارەکانی زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل و رووداوەکانیش لە هەرێمی کوردستان دەزانێت.
سەبارەت بە ئامارو قوربانیانی ڕووداوی هاتووچۆ لەماوەی سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2021، پارێزگای سلێمانی پێشەنگە (بڕوانە خشتەی ژمارە (3))
لەو خشتەیەی سەرەوە ئەوە ڕوندەبێتەوە کە زۆرترین ڕوداوەکانی هاتووچۆ لە سنوری پارێزگای سلێمانیدان، سەرباری ئەوەی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانی ئەم پارێزگایە کەمترە لە ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانی پارێزگای هەولێر (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)). بە مانایەکی تر ڕوداوەکانی هاتوچۆ و قوربانییەکان لە پارێزگای سلێمانی زۆر زیاترن لەو ڕوداوانەی لە پارێزگاکانی هەولێرو دهۆک ڕوودەدەن، کە بەشێکی هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خراپی ڕێگاوبان و خزمەتگوزارییەکانی لەسنوری پارێزگای سلێمانی (بڕوانە چارتی ژمارە(1))
پرۆژە تەواوکراوەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان
وەک لە بەشی پێشتری ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، یەکێک لە هۆکارەکانی ڕوداوی هاتووچۆ لەپاڵ کۆمەڵێک هۆکاری دیکە، دەگەڕێتەوە بۆ خراپی ڕێگاوبانی خزمەتگوزارییەکانی کەرتەکە، دەرکەوت کە زۆرترین ڕوداوی هاتوچۆ و قوربانییەکانی دەکەوێتە پارێزگای سلێمانییەوە بەراورد بە سەرجەم پارێزگاو شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، ئەمە سەرباری ئەوەی لە زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێلدا لەدوای پارێزگای هەولێرەوە دێت، پرسیارەکە ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان چی کردووە بۆ پێشکەشکردنی پرۆژەکانی ڕێگاوبان؟ بەتایبەت لە پارێزگای سلێمانی؟
بەبۆنەی تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێی کوردستان، نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەرتوکێکی بڵاو کردەوە بە ناوی "كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان چاکسازی و خزمەتگوزاری 10/7/2019-1/5/2021" لاپەڕە (90-98)ی پەرتوکەکەی تەرخان کردووە بۆ چالاکییەکانی "وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن" لەبەشێکی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە پرۆژە تەواکراوەکانی کەرتی ڕێگاوبان خراوەتەڕوو، تێدا هاتووە؛
پرۆژەکانی ڕێگاوبان
بەپێی ڕاپۆرتەکەی ئەنجومەنی وەزیران، لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان (48) پرۆژەی ڕێگاو بان تەواوکراون بە گوژمەی (407 ملیارو 397 ملیۆن دینار)، بەشی هەرە زۆری پرۆژەکان دەکەوێتە سنوری پارێزگای هەولێرەو بەدوای ئەویشدا پارێزگای دهۆک و پاشان پارێزگای سلێمانی دێت (بڕوانە خشتەی ژمارە(4)).
ئەوەی جێگای سەرنجە (%5) ئەو گوژمەیەی بۆ پرۆژەکانی ڕێگاوبان تەرخان کراوە لە زۆنی سەوزدا بووە، (%95) لە زۆنی زەرد و لە پارێزگاکانی هەولێرو دهۆک خەرج کراون (بڕوانە چارتی ژمارە(2))، بە هەمان شێوەی گوژمەی پرۆژەکان ئەو ڕێگاوبانانەی لە سەردەمی کابینەی نۆیەم تەواو کراون لە ڕووی پێوانەوە لە زۆنی سەوز دەگاتە (182.5) کیلۆمەتر بە ڕێژەی (17%) بەڵام لە زۆنی زەرد (925.82) کیلۆمەترن بە ڕێژەی (83%)، (بڕوانە چارتی ژمارە(3)).
وەردەکاری پرۆژە تەواو کراوەکانی ڕێگاوبان
پرۆژە تەواو کراوەکانی ڕێگاوبان لە کابینەی نۆیەمدا دابەشبوون بەسەر پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی و دهوک) و ئیدارەی گەرمیان، بەم شێوەیە؛
یەکەم: پرۆژە تەواوکراوەکانی ڕێگاوبان لە پارێزگای هەولێر
زۆرترین پرۆژەکانی ڕێگاوبان لەبوارەکانی (بونیادنان و دروستکردن و چاککردن و نۆژەنکردنەوە و خزمەتگوزارییەکان) لەپارێزگای هەولێر تەواو کراون، کە ژمارەیان (29) پرۆژەیە و گوژەمەی تێچونەکەیان (409 ملیارو 662 ملیۆن) دینارە، پێوانەی گشتی ڕێگاکان بریتییە لە (714.57)کیلۆمەتر. بۆ وردەکاری (بڕوانە خشتەی ژمارە (5)).
دووەم: پرۆژە تەواوکراوەکانی ڕێگاوبان لە پارێزگای سلێمانی
پارێزگای سلێمانی لە ڕووی پێشکەشکردنی پرۆژەکانی ڕێگاوبان لەدوای هەریەک لە پارێزگاکانی هەولێرو دهۆکەوە دێت و بەجۆرێک ئەو پرۆژانەی لەپارێزگای سلێمانی تەواو کراون، ژمارەیان تەنها (7) پرۆژەیە و گوژەمەی تێچونەکەیان (20 ملیارو 48 ملیۆن) دینارە، پێوانەی گشتی ڕێگاکان بریتییە لە (173.95)کیلۆمەتر. بۆ وردەکاری (بڕوانە خشتەی ژمارە (6)).
سێیەم: پرۆژە تەواوکراوەکانی ڕێگاوبان لە پارێزگای دهۆک
پارێزگای دهۆک لە ڕووی پێشکەشکردنی پرۆژەکانی ڕێگاوبان لەدوای پارێزگاکانی هەولێرو لە پێش پارێزگای سلێمانییەوە دێت و بەجۆرێک ئەو پرۆژانەی لەپارێزگای دهۆک تەواو کراون، ژمارەیان (9) پرۆژەیە و گوژەمەی تێچونەکەیان (258 ملیارو 201 ملیۆن) دینارە، پێوانەی گشتی ڕێگاکان بریتییە لە (211.25)کیلۆمەتر. بۆ وردەکاری (بڕوانە خشتەی ژمارە (7)).
چوارەم: پرۆژە تەواوکراوەکانی ڕێگاوبان لە ئیدارەی گەرمیان
ئیدارەی گەرمیان ڕووی پێشکەشکردنی پرۆژەکانی ڕێگاوبان لەدوای هەرسێ پارێزگای (هەولێر، سلێمانی و دهۆک)ەوە دێت و ئەو پرۆژانەی لە ئیدارەی گەرمیان تەواو کراون، ژمارەیان تەنها(3) پرۆژەیە و گوژەمەی تێچونەکەیان (16 ملیارو 486 ملیۆن) دینارە، پێوانەی گشتی ڕێگاکان بریتییە لە (8.1)کیلۆمەتر. بۆ وردەکاری (بڕوانە خشتەی ژمارە (8)).