Draw Media

200 ملیارەكەی بەغدا بیانوی لێبڕینی موچەی بڕیوە

200 ملیارەكەی بەغدا بیانوی لێبڕینی موچەی بڕیوە

2021-07-13 09:51:37


شیكاری: درەو
(200 ملیار) دینارەكەی بەغداد بیانوی لێبڕینی موچە دەبڕێت، لەئێستادا كۆی داهاتی مانگانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە (795 ملیار) دینارە، بە(200 ملیار) دینارەكەوە دەكاتە (995 ملیار) دینار، بەوەش (100 ملیار) دیناری لەكۆی موچەی موچەخۆران زیاترە كە مانگانە (894 ملیار) دینارە، بەمەش هیچ بیانوویەك بۆ لێبِرینی موچە نامێنێت. 

داهاتەكانی حكومەتی هەرێم
لە کۆبونەوەی رۆژی ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢١ پەرلەمانی کوردستان، کە تێیدا بەشێک لە وەزیرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان میوانداری کرابوون، (ئاوات شێخ جەناب) وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی قسەکانی ئەوەی ڕاگەیاند؛ کۆی داهاتی (5)مانگی یەکەمی ساڵی (2021) حکومەت بریتی بووە لە (3تریلیۆن و282) ملیار دینار. بەجۆرێک   (1 ترلیۆن و 974) ملیار دیناری داهاتی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بووە، (1 تریلیۆن و 308) ملیار دیناریشی داهاتی ناوخۆ بووە. 
ئەگەر بە تێکڕا ئەو ژمارەیە وەربگرین، واتە داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە چووتە خەزێنەی وەزارەتی دارایی بۆ هەر مانگێک دەکاتە (656 ملیار و400) ملیۆن دینار. بەڵام بەردەوام داهاتی وەزارەتی دارایی ڕووی لە زیادبوون کردووە، بۆ نمونە (بڕوانە چارتی ژمارە (1))؛
داهاتی کانونی دووەمی 2021 
-    داهاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان  بریتی بووە لە (322) ملیار دینار.
-    داهاتی ناوخۆ  بریتی بووە لە (233) ملیار دینار.
-    داهاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ناوخۆ پێکەوە (555) ملیار دینار بووە
داهاتی مانگی شوباتی 2021 
-    داهاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان  بریتی بووە لە (325) ملیار دینار.
-    داهاتی ناوخۆ  بریتی بووە لە (306) ملیار دینار.
-    داهاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ناوخۆ پێکەوە (631) ملیار دینار بووە.
-    بەم جۆرەش داهاتی هەرێم لە مانگی شوبات بەراورد بەمانگی یەکی (2021) بڕی (76) ملیار دینار زیادی کردووە.
داهاتی مانگی ئازاری 2021 
-    داهاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان  بریتی بووە لە (396) ملیار دینار.
-    داهاتی ناوخۆ  بریتی بووە لە (310) ملیار دینار.
-    داهاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ناوخۆ پێکەوە (706) ملیار دینار بووە
-    بەم جۆرەش داهاتی هەرێم لە مانگی ئازار بەراورد بەمانگی شوبات (75) ملیار دینار زیادی کردووەو بەراورد بە  کانونی دووەمی (2021) بڕی (151) ملیار دینار زیادی کردووە.

داهاتی مانگی نیسانی 2021 
-    داهاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان  بریتی بووە لە (437) ملیار دینار.
-    داهاتی ناوخۆ  بریتی بووە لە (357) ملیار دینار.
-    داهاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ناوخۆ پێکەوە (794) ملیار دینار بووە
-    بەم جۆرەش داهاتی هەرێم لە مانگی نیسان بەراورد بەمانگی ئازار (88) ملیار دینار و بەراورد بە مانگی شوبات (163) ملیار دینار زیادی کردووەو بەراورد بە  کانونی دووەمی (2021) بڕی (239) ملیار دینار زیادی کردووە.
داهاتی مانگی ئایاری 2021 
-    داهاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان  بریتی بووە لە (494) ملیار دینار.
-    داهاتی ناوخۆ  بریتی بووە لە (301) ملیار دینار.
-    داهاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ناوخۆ پێکەوە (795) ملیار دینار بووە
-    بەم جۆرەش داهاتی هەرێم لە مانگی ئایار بەراورد بە مانگی نیسان (1) ملیار دینار و  بەراورد بەمانگی ئازار (89) ملیار دینار و بەراورد بە مانگی شوبات (164) ملیار دینار زیادی کردووەو بەراورد بە  کانونی دووەمی (2021) بڕی (240) ملیار دینار زیادی کردووە.

خشتەی ژمارە (1)

داهاتی نەوت
كه‌مال ئه‌ترووشی وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی 28/6/2021 لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەدا؛ له‌ عێراق تێچووی به‌رهه‌مهێنانی به‌رمیلێك نه‌وت دۆلارێكه‌ و له‌ هه‌رێم 10 تا 12 دۆلاره‌،
به‌ رێژه‌ی 52-54%ی نه‌وتی كوردستان له‌ دهۆكه‌ و 40%ی له‌ هه‌ولێره‌ و 6-10%یش له‌ سلێمانییه‌، ئه‌مه‌ به‌رهه‌می نه‌وتی هه‌رێم پێكده‌هێنن. 58%ی داهاتی نه‌وت ده‌ده‌ینه‌وه‌ كۆمپانیاكان و تێچووی به‌رهه‌مهێنانییه‌تی، كه‌ 450 هه‌زار به‌رمیل به‌رهه‌می رۆژانه‌یه‌. به‌ڵام جێگیر نییه‌. حكومه‌ت تێچووی خه‌رجی نه‌وتی له‌ ئه‌ستۆیه‌.
هاوکات بەپێی ڕاپۆرتەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بەبۆنەی تێپەڕبوونی (2) ساڵ بەسەر تەمەنی کابینەی نۆیەم بڵاوکراوەتەوە، تێیدا هاتووە؛
داهاتی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە لە یەک مانگدا بریتی بوو لە؛
(295) ملیۆن دۆلار فرۆشتنی نەوت کە لە بنەڕەتدا (720) ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام (425) ملیۆن دۆلار دراوە بە موستەحەقاتی کۆمپانیا و قەرزەکان، بڕی (295) ملیۆن دۆلاری لێ ماوەتەوەو دراوە بە وەزارەتی دارایی بەمەبەستی تەرخانکردنی موچەی موچە خۆران.

داهاتی ناوخۆ
داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بریتیە لە داهاتەکانی (کارەباو باج و گومرگ) بە جۆرێک داهاتی گومرگەکان زیاتر لە نیوەی داهاتی ناخۆ دابین دەکەن.
پارێزگای سلێمانی (35%) ی داهاتی و گومرگ و (17%) داهاتی باج و (17%) داهاتی کارەبا دابین دەکات و پارێزگاکانی (هەولێر و دهۆک) (65%) ی داهاتی و گومرگ و (83%) داهاتی باج و (83%) داهاتی کارەبا دابین دەکەن. (بڕوانە چارتی ژمارە 2) 
بەپێی ڕاپۆرتەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی ناوخۆ لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە لە یەک مانگدا بریتی بوو لە؛
(244) ملیۆن دۆلار داهاتی ناوخۆ بووە، پێش دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم (140) ملیۆن دۆلار بووە، پاش دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم (100) ملیار دۆلاری داهاتی ناوخۆ زیادی کردووە،

چارتی ژمارە (2)

پاری بەغداو هاوکاری هاوپەیمانان
حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە داهاتی ناوخۆ و فرۆشتنی نەوت، بەپێی ڕاپۆرتەکە بڕی (383) ملیۆن دۆلار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە خراوەتە سەر بانکی وەزارەتی دارایی، کە نیوەی موچەی موچەخۆرانی پێدابینکراوە (لە مانگی 4ی 2020ەوە وەستێندراوە) لە ئێستاشدا جارێکی تر لە 11/7/2021 حکومەتی عێراق بڕی (200) ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم.
لەگەڵ ئەوانەشدا هاوکاری هاوپەیمانان بەردەوام بووە بە بڕی (17) ملیۆن دۆلاری مانگانە.


خەرجی موچە و (200) ملیارەکەی بەغدا
حكومەتی هەرێم مانگانە پێویستی بە (894) ملیار دینار هەیە كە بێ لێبڕین موچە دابەش بكات بەڵام رۆژی 21ی حوزەیرانی 2020 حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكی لەبارەی موچە و دەرماڵەی فەرمانبەران و موچەخۆران دەركرد بەپێی بڕیارەكە بەشێوەیەكی گشتی سەرجەم فەرمانبەران بە ڕێژەی 21% موچەكانیان کەم کرایەوەو پلە تایبەتەکانیش بە ڕێژەی 50% موچەکەنیان بڕا. بەو پێیەش خەرجی موچە لە (895) ملیار دینارەوە کەمکرایەوە بۆ خوار (710) ملیار دینار.
ئەگەر داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە چووتە خەزێنەی وەزارەتی دارایی بۆ مانگی ئایاری 2021 بە نمونە وەربگرین بەبێ هاوکاری هاوپەیمان بریتییە بووە لە (795) ملیار دینار کە (494) ملیار دیناری داهاتی نەوت و (301) ملیار دیناریشی داهاتی ناوخۆ بووە، کە دواین زانیارییە لە بارەی داهاتەکانی وەزارەتی داراییی و هیچ هۆکارێک نیە بۆ کەمبوونەوەی، چونکە نرخی نەوت لە ئێستادا زیاتر هەڵکشاوە بەراود بە مانگی ئایار، هاوکات هیچ جموجۆڵێکی ناوخۆیی و بەتایبەت بازرگانی مەرزەکان ڕانەوەستاوە کە سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتی ناوخۆیە.
کەواتە ئەگەر کۆی داهاتی هەرێم (795) ملیار دینار بێت و پارەکەی بەغدا (200) ملیار دینار بێت پێکەوە دەکاتە (995) ملیار دینار، بەم بڕەش حکومەتی هەێم لە توانایدا دەبێت موچەی موچەخۆران بێ هیچ لێبڕینێک خەرج بکات لە بڕی (895) ملیار دینارەو بڕی (100) ملیار دیناری بۆ دەمێنێتەوە.
لە ئێستادا حکومەتی هەرێم سەرەڕای ئەوەی کە ڕٶژی 11/7/2021 ڕایگەیاندووە کە (200) ملیارەکەی بەغد خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام باسی هەڵگرتی لێبڕینی موچەی موچەخۆرانی نەکردووە، ڕەنگە بیانووەکەی ئەوەبێت کە گومانی ئەوەی هەیە (200) ملیار دینارەکەی بەغدا بەردەوامی نەبێت! 
لە کاتێکدا لە حوزەیرانی ساڵی 2020 بڕیاری لێبڕنی موچە درا، ناونرا خۆ گونجاندن لەگەڵ داهاتی بەردەست، واتە ڕێژەی لێبڕین بە گوێرەی ئەو داهاتە دەبێت کە لە بەردەستی حکومەت دەبێت، بەڵام ئێستا حکومەت بێدەنگی هەڵبژاردووە. 

 

راپۆرتی پەیوەندیدار

لە یادی دووساڵەی كابینی نۆدا

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand