كۆمپانیای تۆتاڵ لە كوردستان كشایەوە 

Draw Media

2021-07-14 08:29:43



 (درەو):
كۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی كە پشكی ١٨٪ ی هەبوو لە بلۆكی نەوتی سەرسەنگ، لە هەرێم كشایەوەو پشكەكانی خۆی فرۆشت بە كۆمپانیای شاماران كە لە هەمانكاتدا لەكێڵگەی ئەتروش خاوەن پشكە.
بەپێی هەواڵی رێكخراوی (روونبیین) بۆ شەفافیەت لە پرۆسەی نەوتدا، كۆمپانیای شاماران كۆمپانیایەكی (كەنەدی)یە لە رۆژی ١ی كانوونی دووەمی ٢٠٢١ەوە پشكەكانی كۆمپانیا فەڕەنسیەكەی كڕیوەتەوە بە ١٥٥ ملیۆن دۆلار و پێدانی ١٥ ملیۆن دولاری تر كاتێك كە:
•    كۆی بەرهەمی كێڵگەی سەرسەنگ گەشتە ١٣٠ ملیۆن بەرمیل. 
•    تێكڕای نرخی نەوتی برێنت لە ٦٠ دۆلار كەمتر نەبێت لە ماوەی ١٢ مانگدا.
كۆمپانیای شاماران دەڵێ"بڕی ٥٫٠٠٠ بەرمیل نەوتی خاوی سوك ڕۆژانە زیاد بووە بۆ پشكەكانمان، چاوەڕێ دەكرێت بەرهەمی كۆمپانیاكە لە چارەكی دووەمی ٢٠٢١دا لە ١١٫٠٩٠ بەرمیلی ڕۆژانەوە دووهێندە زیادبكات، دوای ئەوەی كاری فراوانكردنی یەكەكانی چارەسەر لە كێڵگەی سوارەتكە لە بلۆكی سەرسەنگ لە ناوەراستی ساڵی ٢٠٢٢دا تەواوەبێت.
نەوتی ئەم كێڵگەیە نەوتێكی سوك‌و كوالیتی بەرزە API و ڕێژەی گۆكردی Sulphur ی كەمە، بۆیە داشكاندنی كەمی بۆ دەكرێت لەگەڵ نەوتی برێنت دا.
تێچوی وەگەڕخستن  Opex لەم كێڵگەیە كەمەو نزیكە لە ٥,٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك.
بلۆكی سەرسەنگ دەكەوێتە بەشی باكوری بلۆكی ئەتروشەوە كە كۆمپانیای شاماران خاوەن پشكە تێیدا. پێكدێت لە دوو كێڵگە سوارەتكەو سوارەتكەی ڕۆژهەڵات. سوارەتكە كاری فراوانكردنی تێدا دەكرێت‌و یەكەیەكی چارەسەری نوێی تێدا دادەنرێت توانای ٢٥ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەیە. چاوەڕێ دەكرێت لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٢دا كۆی بەرهەم بگاتە ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، بلۆكی سەرسەنگ دەبەسترێتەوە بە فیدەری هێڵی گواستنەوەی ئەتروشەوەو بەمەش بەشێوەیەكی هەمیشەیی دەبەسترێتەوە بەهێڵی هەناردەكردنی نەوتی كوردستانەوە.
ئێستا كێڵگەی سەرسەنگ ٦٢٪ ی لەلایەن كۆمپانیای ئێچ كەی ئێن HKNی ئەمریكی و ١٨٪ ی لەلایەن شاماران ShaMaran ی كەنەدییەوە خاوەنداری دەكرێت‌و٢٠٪ كەی تری كە دەمێنێتەوە پشكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە.
لە چارەكی یەكەمی ساڵی ٢٠٢١دا تێكڕای بەرهەمی سەرسەنگ بریتیی بووە لە ٢٧,٨٩٢ بەرمیل نەوت‌و چاوەڕێ دەكرێت تا ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٢ ئاستی بەرهەمی بلۆكە نەوتییەكە بگاتە ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand