ھەقیقەت و خوێن

Draw Media

2022-07-17 11:35:15



مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

 
دونیای ئێمە دونیایەکە پڕە لە ”ھەقیقەت“، ”ھەقیقەت“ی سیاسیی و دینیی و ئەخلاقیی و ئایدیۆلۆژیی و ئەمنیی. ئەوەی بەشی ھەرەزۆری ئەم ”ھەقیقەت“انە بەیەکتریەوە گرێئەدات خوێناویبوونیی ھەریەکێکیانە. زۆرینەی ئەو ھەقیقەتانە ”ھەقیقەت“ی خوێناویین. لە بواری دین و دینداریدا، لە بواری سیاسەت و دەسەڵاتدارێتیدا، لە بواری کولتور و فەرھەنگدا، لە بواری ئەخلاق و دەشێ و ناشێی کۆمەڵایەتیدا، لەبواری ئایدیۆلۆژیدا، ئەم تۆڕە لە ھەقیقەتی خوێناوی ئامادەیە و کاردەکات. مەبەست لە ”ھەقیقەت“ی خوێنیاوی ئەو ”ھەقیقەت“ ەیە کە بە زمانی خوێن قسەدەکات، کە تەنھا پەلاماری بۆچون و ڕا و دیدی بەرامبەرەکەی نادات، تەنھا ڕەخنە لەم یان لەو ئاستی بەکارھێنانی زمان و تەعبیرکردن ناگرێت، بەڵکو پەلاماری مرۆڤبوونی ئەو کەسە ئەدات و ئەو مرۆڤبوونەوە وەک مرۆڤبوونێکی ھەڵە و ناپاک و ھەڕەشەکەر مامەڵەدەکات، لانیکەم لە ئاستی زمان و تەعبیرکردندا حوکمی لەناوبردنی ئەدات. ئەم لە ئینسانخستنەی ئینسان، ئەم بێبەھا و بێنرخ و بێکەرامەتکردنە، ناوەرۆکێکی خوێناوی بەو ”ھەقیقەت“انە دەبەخشن.  ”ھەقیقەت“ی خوێناوی ”ھەقیقەت“ێکە بە زمانی خوێنڕشتن قسەدەکات. 
کاتێک کەسێکی ئاسایی، یاخود ئەندامی ئەم یان ئەو پارتی سیاسیی، زۆر  بە ئاسانی بە کەسێکی تر ئەڵێت ”مولحید“، یان ”دوژمنی ئیسلام“، یان ”کافر و بێدین“، ئەو کەسە بەناوی ”ھەقیقەت“ێکی دینییەوە قسە دەکات، کە ”ھەقیقەت“ێکی خوێناوییە. چونکە لە پشتی ناونانەکەوە، نەک تەنھا بڕێکی گەورە لە توندوتیژیی ڕەمزیی ئامادەیە، بەڵکو ئەو جۆرە زمانە خۆی، بەشێکی سەرەکییە لە پرۆژەی لە ئینسانخستنی ئینسان بەناوی دینەوە. بۆ نموونە، بە مولحید ناونوسکردنی ئەوانەی لە ماوەی پێشودا بەرگرییان لە ئاژەڵان دەکرد و پێیانوابوو بە قوربانیکردنی  ئەو ئاژەڵەنە، کوشتنێکی بێڕەحمانە و نائینسانیانەی ئەو ئاژەڵانەیە. ئەم بە مولحید ناونوسکردنە ھەنگاوی یەکەمی ئیشکردنی ئەو ”ھەقیقەت“ە دینییە خوێناویەیە، کە ئەگەری ئەوەی بە کوشتن و لەناوبردن کۆتاییبێت، ئەگەرێکی گەورە و پێشتریش تاقیکراوەیە. 


یان کاتێک ئەندامێک، یان ھەواداری ھێزێکی سیاسیی، بەکەسێک یان ھێزێکی تری وەک خۆی دەڵێت خائین، نیشتیمانفرۆش، نۆکەری بێگانە، جاش، بەبێئەوەی ئەو کەس و ھێزە شتێکی کردبێت خۆی نەیکردبێت، ھەمان لۆژیکی ئیشکردنی ”ھەقیقەت“ کاردەکات. لێرەدا ”ھەقیقەتێکی سیاسیی“ ئامادەیە کە بە زمانی خوێن دەدوێت. لێرەشدا ھەقیقەتێکی خوێناویی لە ئارادایە، کە ناوەرۆکی زمانە سیاسییەکە و فۆرمەکانی ئیشکردنی ھەڵگری ھەمان ستراتیژیەتی بەناپاک و خائینکردنی مرۆڤەکانی ھەڵگرتوە. لێرەشدا بڕێکی گەورە لە توندوتیژیی ڕەمزیی ئامادەیە، کە مەسەلەی گۆڕانی بۆ توندوتیژیی فیزیایی، تەنھا مەسەلەی کات و ڕەخسانی ھەلومەرجی گونجاوە.
یان کاتێک درۆنەکانی ئەردۆگان لە دووری سەدان کیلۆمەترەوە لە خاکی تورکیا، لە شوێنێکی وەک کەلاردا،  بەناوی پاراستنی ئاسایشی تورکیاوە ،پەلاماری خەڵک ئەدەن و دەیانکوژن، لێرەشدا ”ھەقیقەت“ێکی ئایدیۆلۆژیی ئامادەیە، کە لەپێناوی پاراستنی وێنەیەک لە وێنەکانی خاکی تورکیا و لە پێناوی پاراستنی پێناسێک لە پێناسەکانی نەتەوەی تورکدا، ئامادەیە ھەزاران مرۆڤی تر لە ھەرکوێیەک بۆیانکرا، بکوژن و لەناوببەن. درۆن ئەو ئامرازیە کە ئەگەری گواستنەوەی ”توندوتیژیی ڕەمزیی“ بۆ توندوتیژیی فیزیایی بە ئاسانیی خولقاندوە.
کاتێکیش کەسێک بە کەسێکی تر دەڵێت ”پیاوی خۆرئاوا“، یان ”خۆفرش بە خۆرئاوا“، یان ”قورمیشکراو لە لایەن خۆرئاواوە“، لەسەر کردنی قسەیەک جیاواز لە قسەکانی ئەو، لێرەشدا بە ھەمانشێوە دۆخێک لەئارادایە، کەسێک بەناوی ”ھەقیقەت“ێکی کولتوریی و فەرھەنگیی و دینییەوە قسەدەکات، کە دیسانەوە ئەمیش ھەقیقەتێکی خوێناوییە و ھەڵگری ھەمان ئەو ئاکارانەی سەرەوەیە. لە ھەموو ئەم دۆخانە و زۆر دۆخی دیکەدا، ئێمە لەبەردەم ڕستێک لە ”ھەقیقەت“ی ترسناکداین، کە خوێن ژێرخانە ئەخلاقیی و تەعبیرییەکەی دەستنیشان دەکات و خوێنیش لە شێوازی ئیشکردن و دابەزاندنیەوە بۆ ناو واقیع، دەچۆڕێت. زۆربەی جار توندوتیژیی ھاوڕێ و ھاوزمانی ئەو جۆرەیە لە تێگەیشتن و لە ڕوانین بۆ ”ھەقیقەت“. 
 بۆ ئەوەی لەم دۆخی توندوتیژیی و سوکایەتپێکردن و ئیھانەکردنە بەردەوامانە ڕزگارمانبێت، ھەنگاوی یەکەممان بە ھەوڵدان بۆ ڕزگاربوون لەو تێگەیشتنە ترسناکانە بۆ ”ھەقیقەت“ و لە جۆرە تایبەت و شەڕانگێزەی وێناکردنی ”ھەقیقەت“ دەستپێدەکات، ئەو ”ھەقیقەت“ە زۆرانەی کە لە دونیای ئێمەدا یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی دروستکردنی ئەو جۆرە زمانە شەڕانگێز و پڕ توندوتیژییە کە لەمڕۆدا ئامادەیە. بێگومان مەسەلەکە مەسەلەی خواستی دەمکوتکردن و بێدەنگکردنی ئەو دەنگانە نییە، تەنانەت خواستی داخستنی ئەو بازاڕە ناھەموارەی بازرگانیکردن بە ”ھەقیقەت“ەوە نییە. بەڵکو ھەوڵدانە بۆ دروستکردنی قەناعەتێکی تازە لای ئەو کەسانە، کە ئەوەی ئەوان دەیڵێن و دەیبینن، جگە لە تەفسیر و لێکدانەوەیەک بۆ دیاردەکان، جگە لە ئەگەرێک لە ئەگەرەکانی دروستکردنی ”ھەقیقەت“، شتێکی دیکە نییە، ئەوەی پێویستە ئەوەیە ئەم فۆرمە لە عەقڵانیەت بێتەکایەوە کە وابکات، ھەقیقەتەکان وەک ڕێگایەک لە ڕێگاکانی بیبینین و وێناکردنی ”واقیع“ ببینرێن، نەک وەک تاقانە ڕێگا. ئەوەی لە دونیای ئێمەدا ئامادەیە ھەم جۆرێکە لە دینداریی و ھەم جۆرێکە لە تێگەیشتن لە سیاسەت و ھەم جۆرێکە لە ڕوانین بۆ ئەخلاق و  ھەم تێگەیشتنێکی تایبەتە لە ئایدیۆلۆژیا، کە ھەمویان تەپڵی جەنگ و پێکدادانی خوێناوی لێئەدەن، تەپڵی لە ئینسانخستنی ئەو ئینسانەی لە خۆیان ناچن و وەک ئەوان قسەناکەن و بەشێوەیەکی جیاواز بیردەکەنەوە. ترسناکترین پرۆژەیەک مێژووی مرۆڤایەتی بەخۆیەوە بینیبێتی، پرۆژەی کۆپیکردن و ئیستینساخکردنی مرۆڤەکانی ترە، لەسەر بنەمای مۆدێلێکی دینیی و سیاسیی و ئەخلاقیی و ئایدیۆلۆژیی تایبەت. دروستکردنی مرۆڤی کۆپیکراو گەورەترین تاوانێکە بەرامبەر بە مرۆڤ و بە مرۆڤبوون ئەنجامبدرێت. 


پێموایە کاتی ئەوە ھاتووە ھەموومان ئەو وانە نیتشەییە سادەیە فێرببین کە پێ لەسەر فرەپێناسیی و فرەڕوانین و فرەڕاڤەکردنی واقیع، دادەگرێت. ئەو وانەیە کە تێگەیشتن لە واقیع بۆ یەکێک لە تێگەیشتنەکان کورتناکاتەوە. گومانی تێدانییە ھەموو واقیعێک بوونێکی مادیی دیاریکراوی ھەیە و ھەندێک چوارچێوەی گشتیی تایبەتیشی ھەیە، بەڵام ئەوەی واقیع لای کەسەکان دەکات بە واقیع، ئەوەی بەکەسێک نیشانئەدرێت لە چ واقیعێکدا دەژیی و ئەو واقیعە چ ”ھەقیقەت“ێکی ھەڵگرتوە، تەئویل و لێکدانەوەکانی ئەو واقیعەیە. ئەوەی ”ھەقیقەت“ و ”واقیع“ێک دەکات بە ھەقیقەت و واقعێکی ھەستپێکراو، تەئویلە، ڕاڤەکردنەکانی ئەو واقیعەیە. بۆیە ھەرچی شتێک دەبارەی جیھان بیڵێین، کۆمەڵێک ڕاڤەکردن و لێکدانەوەی ئەو دونیایە، نەک ھەقیقەتێکی سەخت و گەورەی ئەو جیھانە کە کەس نەتوانێت لێیلابدات. بێگومان ئەمە مانای ڕێژگەرایی نییە بە مانا سەتحیی و ڕۆژانەییەکەی. چونکە ھەمیشە ڕاڤەکردنێک لە ڕاڤەکردنەکان ”ڕاستتر“ و ”باشتر“ و ”ئینسانییتر“ە لەوانیتریان. پێوەری سەرەکیش لەمەدا ئەوەیە ئایا ئەو ڕاڤەکردنەکەی دەتوانێت چی لەناو مرۆڤەکاندا درووستبکات؟ ئایا ھێزی ژیان و چالاکبوونی مرۆڤەکان لەناو جیھاندا دروست و بەھێزدەکات؟  ئایا وامان لێدەکات باوەش بە ژیاندا بکەین، ریسک بکەین، شتە گەورە و مەزنەکانی ناومان بخەینەکار؟  یاخود وامان لێدەکات بگۆڕێين بۆ بوونەوەری تەمبەڵ و بێپرسیار و چاوەڕێکەری نابەرپرسیار؟  ئایا ئەو ڕاڤەکردنانە وامان لێدەکەن چاوەڕوانی گەورەمان لە خۆمان و لە کۆمەڵگاکەمان ھەبێت، یان بە پێچەوانەوە، بەرەو پاشەکشێ و مردن و بوغز و ڕق و حیقدمان دەبات؟ پێوەری جیاکردنەوەی ھەقیقەتەکان لەیەکتری ئەم شتانەن، بە تایبەتی ئەو کاتەی ئەو ھەقیقەتانە دادەبەزنە ناو ژیانی گشتیی و ناو پەیوەندیی مرۆڤەکانەوە لەگەڵیەکدا. 
خاڵێکی دیکە کە بە ھەمان ڕادەی ئەو خاڵەی سەرەوە گرنگە و پێویستە بەردەوام لێی بەئاگابین، ئەو گریمانە تیورییە گرنگەیە کە پێیوایە دۆخی ئاسایی و سەرەتایی مرۆڤەکان دۆخی لەیەکتری تێنەگەیشتن و دۆخی حاڵی نەبووە لەیەکتری. یاخود خراپتر: دۆخی بە ھەڵە لەیەکتری تێگەیشتنە. ئەمە وادەکات ئەوەی پێویستبێت دروستکردنی زمانێکە درز و کەلێنە گەورەکانی ئەو لێکتێنەگیشتنانە، بچووک و بچووکتر بکاتەوە، گەر نەشیتوانی بیانسڕێتەوە. 
لەیەکدانی ئەم ڕوانینانە بەیەکەوە دەشێت دۆخێک دروستبکەن خاڵیبێت لەبەشێکی زۆری ئەو زمانە ترسناک و توندوتیژییە ڕەمزیانەی لە دونیای ئێمەدا ئامادەن. ئاخر ئەو زمانە ھێرشبەر و پڕتوندوتیژییەی ئەمڕۆکە سەروەرکراوە، جگە لە جەنگ و پێکدادانی ئایندەیی، جگە لە ڕژانی خوێنی زیاتر و زیاتر، ھیچیتری لێ سەوزنابێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand