فوئاد مەعسوم و كۆسرەت رەسوڵ چۆن بوونە سەرۆكی حكومەت؟
2022-07-18 10:11:11
درەو: شۆڕشنامە
لەبارەی چۆنیەتی هەڵبژاردنی یەكەمینو دووەمین سەرۆك وەزیرانی حكومەتی كوردستان (فوئاد مەعسومو كۆسرەت رەسوڵ)، مام جەلال لە كتێبی (دیداری تەمەن)دا دەڵێ:
لە سەرەتای دامەزراندنی حكومەت، سەرۆكایەتی ئەنجومەن بە ئێمە درا، من پێشنیازەكەم ئەوە بوو كە كاك نەوشیروان سەرۆكایەتی وەزارەت بگرێتە ئەستۆ،كاك نەوشیروان پێی خۆش نەبوو ئەو كارە بكات، ئەگەرچی زۆریشمان هەوڵدا لەگەڵیدا، بەڵام نەیویست، كە ئەو رەتیكردەوە، ئێمە دكتۆر فوئادمان هەڵبژارد، دكتۆر فوئاد وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەست بەكاربوو.
دوای ماوەیەك گلەیی پەیدا بوو، هەم لەناو یەكێتیو هەم لەناو پارتیدا لە دكتۆر فوئاد، یەكێتییەكان دەیانوت ئەو نەرمونیانەو زۆر یەكێتییانە كارناكات، چونكە بەڕاستی تەبیعەتی دكتۆر فوئاد پیاوێكی هێمنو لەسەرخۆیەو لایەنگری ئەو هەموو داخوازیانە نەبوو كە كادیرەكانی یەكێتی پێشكەشیان دەكردو هەندێكیان بەسەردا دەسەپاند. بۆ نمونە، كۆمەڵێك لە پۆلیسەكانی یەكێتیو پارتی چون لەناو خۆیاندا رێكەوتن كە هەرچی عەریفو رەئیسی عورەفاو خەڵكانی لەوجۆرەبوون، هەمووی بوون بە لیواو عەقیدو عەمید كە ئەوە مخالیفی هەموو یاسایەكی سەربازییە لە دنیادا، بەبێ كولیەو بەبێ دەورەو بەبێ زانیاری، بەوشێوەیە هیچ كەسێك ناچێتە پێشەوە.
دكتۆر فوئاد یەكێك بوو لەوكەسانەی ئەو جۆرە كارانەی زۆر لا پەسەند نەبوو، لەبەر ئەوە هەندێك لە كادیرەكانی ناو یەكێتی كەوتبونە پرتەوبۆڵە كە دكتۆر فوئاد زۆر بۆ یەكێتی كارناكات، هەروەها ئەندامانی پارتیش گلەییان لەو هەبوو. من خۆشم لەو كەسانە نەبووم كە گلەییم هەبێت، بەڵام لەو كەسانە بووم باوەڕم بەوە هەبوو كە ئێمە لەو ماوەیەی دەسەڵاتی كوردستان دەكەین، پێویستە كۆمەڵێك سەرۆك وەزیرو وەزیر پەروەردە بكەین.
من خۆم لایەنگری ئەوە بووم، جارێكیش پێشنیازم كرد بۆ سەركردایەتی، هەر سەرۆك وەزیرو وەزیری ئێمە، تەنیا یەكساڵ بمێنێتەوەو پاش ئەو ساڵە بیانگۆڕین، تا كۆمەڵێك كادیر رادەهێنینو پەروەردەیان دەكەین، لە ئەنجامدا بۆمان دەردەكەوێت كە هەریەك لەو برادەرانە توانایان چەندەو بەكەڵكی كام كار دێنو لە داهاتوودا ئەتوانین كابینە لەسەر بناغەی (الرجل المناسب فی المكان المناسب) دابنێین.
من خۆم بەو نیازە دەنگمدا كە دكتۆر فوئاد لابچێت، كە ئەو لاچو دیسانەوە هەتینەوە سەر ئەوەی كێ بكەین بە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران.
منو نەوشیروان رامان وابوو، لەنێوان دكتۆر كەمال فوئادو كۆسرەت یەكێكیان تەكلیف بكەین بۆ سەرۆكایەتی وەزیران، بەشی زۆری برادەران دەنگیان بۆ كۆسرەتدا، گوتیان:"كۆسرەت چالاكەو مەشاعیری زۆر یەكێتیانەیەو خەڵكی هەولێریشە"و ئێمەش ئەوكاتە لە هەولێر بوینو ئەو دەتوانێت كاربكاتەسەر خەڵكی هەولێرو هەولێرییەكان، بەوجۆرە دەنگ بۆ كۆسرەت درا.
هۆیەكی تری هەڵبژاردنی كۆسرەت ئەوەبوو كە مەسعود بارزانی بەلایەوە زۆر باش بوو ئەو هەڵببژێرێت، كۆسرەت خۆی چوو بوو بۆلای مەسعود بارزانیو گوتبووی:" تەكلیفێكی وام لێكراوە، بەڵام ئەگەر تۆ بەتەواوی پشتیوانیم نەكەی نایكەم"، ئەویش زۆری پێخۆش بوو، گوتبووی:" من بەتەواوەی پشتیوانیت دەكەمو بڕۆ بیكە".
سەرچاوە: كتێبی ( مام جەلال - دیداری تەمەن)، سەڵاح رەشید، بەشی دووەم، چاپی یەكەم 2017، لاپەڕە ( 236-237)