شكستی تیمی یەكێتی لە كابینەی نۆیەمدا
2022-07-17 15:22:44
راپۆرت: درەو
باسی حكومەتی ئەلیكترۆنیو دیجیتاڵی كرد، بەڵام خۆی بوارد لە باسی (قەیرانی دواكەوتنی موچە، راوەستانی نزیكەی 900 پرۆژە، كۆبونەوەی زبڵو خاشاك، فشار بۆسەر سەرمایەداران، بڵاوبونەوەی كولێرا، تێكدانی ژینگەو داگیركردنی زەوی، نەبوونی هەلی كار، قاچاخچێتی سنورەكان، ناشەفافی دۆسیەی نەوت، نادیاری داهاتی ناوخۆ)، ئەم مانگەش موچەی ژمارەیەك لە وەزارەتەكان لە سنوری سلێمانی دواكەوت، دۆخی سنوری دەسەڵاتدارێتی یەكێتی لەسەردەمی دەسەڵاتی قوباد تاڵەبانی لەم راپۆرتەدا.
قوباد تاڵەبانیش قسەی كرد !
بۆ یادی سێ ساڵەی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان)ە، چەند رۆژێكە هەڵمەتێكی میدیایی دەستپێكردووە، حكومەت باسی دەستكەوتەكانی خۆی دەكات.
فەرمانگەی میدیاو زانیاریی ئیدارەی ئەم هەڵمەتە میدیاییە دەدات، هەرجارێك وەزیرو بەرپرسێك دەخاتە سەر شاشەو باسی دەستكەوتەكانی دەكات.
فەرمانگەی میدیاو زانیاری، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانیشی ناچار كرد لەم یادەدا قسە بكات، قوباد تاڵەبانی قسەی كرد، بەڵام بە نابەدڵی، هێندە نابەدڵ بوو تەنانەت ڤیدیۆی قسەكانی لە ئەژمارەكانی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاونەكردەوە.
ئەو جگە لە باسی "حكومەتی دیجیتاڵی"و "حكومەتی ئەلیكترۆنی"و "روبەڕووبونەوەی توندوتیژی دژی ژنان"، قسەیەكی تری نەبوو بۆ وتن لەبارەی خزمەتگوزارییەكانەوە لە سنوری دەسەڵاتدارێتی یەكێتیدا.
لەسێ ساڵی تەمەنی كابینەی نۆیەمدا، دەسەڵاتداری ناوچەی سلێمانی، روبەڕووی زۆرترین ناڕەزایەتی بوەتەوە لەبارەی (خراپی خزمەتگوزارییەكان، كێشەی موچە، خۆڵَو خاشاك، راوەستانی پرۆژەكان، هێرشەكانی توركیاو ئێران.. هتد)ەوە.
قوباد تاڵەبانی لە حكومەت
قوباد تاڵەبانی كوڕی بچوكی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، ئەو بۆ جاری دووەم لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی وەرگرتەوەو هاوكات سەرۆكی تیمی یەكێتییە لە حكومەت.
تاڵەبانی كوڕ لە هەڵبژاردنی 30 ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستان براوەی ژمارەی یەك بوو لەسەر ئاستی هەرێم، ئەو كە سەرۆكی لیستی یەكێتی بوو، بەتەنیا خۆی (182 هەزارو 551) دەنگی هێنا، بەڵام زۆر دڵخۆش نەبوو بەم سەركەوتنە، چونكە هەرزوو بۆی دەركەوت هاوڕێ نزیكەكەی (نێچیرڤان بارزانی) چیتر لە پۆستی سەرۆكی حكومەتدا نامێنێتەوە.
قوباد لەسەرەتای پرۆسەی دانوستانەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا هێشتا دڵی لای نێچیرڤان بارزانی هاوڕێی بوو، حەزی لێبوو ئەمجارەیان لە سەرۆكایەتی هەرێم ببێت بە جێگری ئەو، بەڵام دواجار قایل بوو بەوەی جارێكی تر پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەربگرێتەوەو ئەمجارەیان لەبری نێچیرڤان بارزانی ببێت بە جێگری مەسرور بارزانی.
سەرەتای كاركردنی قوباد تاڵەبانی لە كابینەی نۆیەمدا بە نیگەرانی دەستی پێكرد، ئەو ناڕازیی بوو لەوەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت دەسەڵاتەكانی وەكو جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ دیاری نەكردووە، ئاخر لەسەردەمی نێچیرڤان بارزانی هاوڕێیدا وەكو سەرۆك وەزیرانی ناوچەی سەوز مامەڵەی دەكرد، بەڵام مەسرور بارزانی ئەم شێوازی دابەشكردنەی دەسەڵاتی رەتدەكردەوە، ئەمەی بە تۆخكردنەوەی دووئیدارەیی ناودەبرد.
بەپێچەوانەی ئەوەی هەندێك لە سەركردەكانی حزبەكەی (یەكێتی) تۆمەتباریان دەكرد بەوەی كە "تەنیا جانتا بۆ نێچیرڤان بارزانی هەڵدەگرێت"، قوباد تاڵەبانی لەكابینەی هەشتەمدا سودی لە پەیوەندییە دۆستانەكەی لەگەڵ نێچیرڤان بینی بۆ جڵەوكردنی دەسەڵات لە زۆرنی سەوز، بەڵام لەسەردەمی كابینەی مەسرور بارزانیدا دۆخەكە گۆڕا، تا ئەو رادەیەی قوباد تاڵەبانی ناڕەزایەتی خۆی دژی مەسرور بارزانی گەیاندە مەكتەبی سیاسی یەكێتیو داوای دەسەڵاتەكانی جێگری سەرۆك وەزیرانی دەكرد، دواترو لەچوارچێوەی گفتوگۆیەكدا لەگەڵ مەسرور بارزانی ئاشتەوایی كرد پێكهاتن، بەڵام هێشتاش دەسەڵاتەكانی سەردەمی نێچیرڤان بارزانی هەر وەرنەگرتەوە.
دوو ساڵی یەكەمی تەمەنی كابینەی نۆیەم بۆ قوباد تاڵەبانی باش نەبوو، هەم بەكاركردنی لەگەڵ مەسرور بارزانی خۆشحاڵ نەبوو، هەم سەركردایەتی هەڵبژێردراوی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی-ش فشاریان بۆ هێنابوو، فشارێك كە لەدواین قۆناغی خۆیدا گەیشتە سزادانی جێگری سەرۆك وەزیرانو سەریكێشا بۆ ئەوەی پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانیشی لێوەبگیرێتەوە.
بەڵام ماوەی ساڵێكە لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزو دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگییو لەكارخستنی سەركردایەتییەوە، قوباد تاڵەبانی هەناسەیەكی هەڵمژیوەو ئێستا ئیتر ئەو هەمەكارەی یەكێتیو زۆنی دەسەڵاتدارێتی یەكێتییە، بەتایبەتیش كە مەسرور بارزانی لەچوارچێوەی پرۆژەی لامەركەزیەیی دا، دەسەڵاتی كارگێڕیو دارایی بۆ پارێزگاكان شۆڕكردوەتەوە.
پێشتر یەكێتییەكان رەخنەیان لێدەگرت بەوەی چوەتە هەولێرو ناگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، بەڵام لەدوای 8ی تەموزەوە قوباد تاڵەبانی زیاتر لە سلێمانی دەبینرێت، دەركەوت ئامادەگیی قوباد تاڵەبانی لە سلێمانی وەكو جێگری سەرۆك وەزیران، كاریگەریی ئەوتۆی نەبووە لەسەر كەمكردنەوەی كێشەكانی زۆنی سەوز، لەماوەی ساڵی رابردوودا هەڵمەتی دابەشكردنو دەستبەسەرداگرتنی زەوی لە سلێمانیو تێكدانی ژینگەو كێشەی موچەی فەرمانبەرانو نەمانی نەختینە لە بانكەكاندا زیاتر بووە. لەدوای 8ی تەموزەوە قسەوباسەكان لەبارەی نەگەڕانەوەی تەواوەتی داهاتی زۆنی سەوز بۆ خەزێنەی حكومەت زیاتر بووە، بەجۆرێك ئەم دۆخە وایكرد ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی بڕواتە ماڵەوەو وەزارەتەكەی بەجێبهێڵێت.
لەماوەی یەكساڵی رابردوودا، قوباد تاڵەبانی هەوڵیداوە هەندێك گۆڕانكاریی ئیداری لە سنوری سلێمانیدا بكات، بەڵام گۆڕانكارییەكان بەباشی بەڕێوەنەچوون، كێشەی رۆتینو خراپی بەڕێوەبردن هێشتا وەكو خۆیانو لە هەندێك باردا زیاتریش بوون.
قوباد تاڵەبانی لە ماوەی یەكساڵی رابردوودا هێندەی سەرقاڵی كۆنترۆڵكردنی جومگەكانی ناوخۆی یەكێتی بووە، هێندە وەكو جێگری سەرۆكی حكومەت دەرنەكەوتووە، تەنیا ئەوكاتانەی ویستویەتی بەرگێكی یاسایی بكات بەبەری گۆڕانكارییە حزبییەكاندا، سودی لە پۆستە حكومییەكەی وەرگرتووە، لیژنەیەكی بۆ گۆڕانكاریی ئیداری لە سنوری سلێمانی دروستكردووە، ئەم لیژنەیە هێشتا نەیتوانیوە دەست بۆ گۆڕانكاریی لە پۆستە گەورەكاندا ببات، بەجۆرێك كاریگەریی لەسەر باشكردنی شێوازی بەڕێوەبردن لە زۆنەكە دروست بكات.
گەورەترین پرۆژەی خزمەتگوزاریی قوباد تاڵەبانی لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزەوە بۆیاخكردنی شۆستەی شەقامەكانی سلێمانی بوو، ئەویش بەنیوەناچڵی، گەورەترین شانازی ئەمدواییەی ئەو، نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی بوو، ئەویش لەسەر ئەركی كۆمپانیای (قەیوان).
لەدوای 8ی تەموزەوە قوباد تاڵەبانی یەكجار هەوڵی روبەرووبونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی داوە، ئەویش كاتێك بوو لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق (10 ئۆكتۆبەری 2021) بەبێ ناوهێنانی مەسرور بارزانی وتی"چیتر تاكڕەوی قبوڵ ناكەین"، ئەم قسەیە مەسرور بارزانی توڕەكرد، داوای كرد قوباد تاڵەبانی لەبارەی قسەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا رونكردنەوە بدات، ئەمە وایكرد بۆ ماوەی چەند كۆبونەوەیەك قوباد تاڵەبانی خۆی لە دانیشتنەكانی حكومەت بەدووربگرێت.
لە پرسی پەیوەندی لەگەڵ بەغداد، قوباد تاڵەبانی سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم بوو، بەڵام قسەی كۆتایی لای مەسرور بارزانی بوو، ئێستاش كە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق یاسای نەوتو غازی هەرێمی هەڵوەشاندوەتەوەو داوا دەكات هەرێم نەوتو غاز رادەستی بەغداد بكات، قوباد تاڵەبانی بۆچونی جیاوازی هەیە لە مەسرور بارزانی، بەپێچەوانەی مەسرور بارزانییەوە كە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی رەتدەكاتەوە، قوباد تاڵەبانی دەڵێ دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەم بڕیارەدا بكرێت بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی نێوان هەرێمو بەغداد بەشێوەیەكی ریشەیی، سەرباری ئەم بۆچونەی، قوباد تاڵەبانی بێدەنگە لەوەی مەسرور بارزانی بەناوی حكومەتەوە بەیاننامە دەردەكاتو بڕیاری دادگا رەتدەكاتەوە.
شكستی تیمی یەكێتی لە حكومەت !
بەپێی ئامارەكان، دۆخی سلێمانی لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران بووە بەمشێوەیە:
• قاچاخچێتی لە دەروازە سنورییەكان زیادی كردووە، ئەمە بووەتە هۆی كەمبونەوەی داهاتی گشتی ناوچەكە، بڕیاری سەرۆكی حكومەت بۆ لامەركەزیی دارایی كێشەو گرفتەكانی بەڕێوەبردنو ناشەفافیەتی لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتی زیاتر دەرخست.
• تێكڕای داهاتی مانگانەی سنوری دەسەڵاتدارێتی یەكێتی (بەپێی لێدوانی عومەر گوڵپی پەرلەمانتاری كوردستان) بڕەكەی (120 ملیار) دینارە، یەكێتی لەم داهاتە دەبێت بڕی (51 ملیار)ی بۆ تەواوكاریی موچەی فەرمانبەرانو بڕی (43 ملیار) دیناریش بۆ خەرجی بەكاربردن دابین بكات، واتە لە تێكڕای بڕی (120 ملیار) دینار، یەكێتی بڕی (94 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆ دەگەڕێنێتەوە بۆ حكومەتو بەمەشەوە هێشتا كێشەی نەبوونی نەختینە لە بانكەكانی سنورەكەدا هەیەو مانگانە كێشە بۆ موچەخۆران دروست دەكات.
• لە سنوری دەسەڵاتدارێتی یەكێتیدا 873 پرۆژە كاركردن تێیاندا راوەستاوە، ئێستا گەورەترین پرۆژەی سنورەكە، پرۆژەی شەقامی (100 مەتری)یە، كە ئەویش ئێستا كاركردن تێیدا بەتەواوەتی خاوبووەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە شەقامی (150 مەتریی) لە هەولێر لە قۆناغی تەواوبوندایەو كاركردن تێیدا بەردەوامە.
• بۆ بۆری ئاوی چەمچەماڵ– گۆپتەپە مانگی نیسانی ئەمساڵ سەرۆكی حكومەت بڕی (70 ملیۆنو 45 هەزار) دۆلاری تەرخانكرد، ئەم پرۆژەیە جێبەجێ نەكراوە، تیمی یەكێتی لە حكومەت بێدەنگە.
• حوزەیرانی ئەمساڵ حكومەت بڕی (60 ملیار) دینار تەرخانكرد بۆ تەواوكردنی رێگای كەلار- دەربەندیخان، ئەم پرۆژەیە كە پرۆژەی كابینەی پێشووە، هێشتا كابینەی نۆیەم تەواوی نەكردووە، تیمی یەكێتی بێدەنگە.
• رێگای دوو سایدی دوكان- رانیە، پرۆژەی كابینەی پێشووەو لە سێ ساڵی تەمەنی كابینەی نۆیەمدا تەواو نەكراوە، ئەمە لەكاتێكدایە رێگای هەولێر- دهۆكو رێگای زاخۆ- دهۆك لەم كابینەیەدا تەواو كران.
• ئاوی دەربەندیخان (10 ملیار) دیناری بۆ تەرخانكراوەو جێبەجێ نەكراوە.
• كۆمپانیاكانی پاككردنەی خۆڵَو خاشاك لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتی لەماوەی سێ ساڵی تەمەنی ئەم كابینەیەدا زیاتر لە سێجار مانگرتنیان راگەیاندووە بەهۆی ئەوەی حكومەت پارەیان بۆ خەرج ناكات، ئەمە لەكاتێكدایە كۆمپانیاكان لە هەولێر ئەم كێشەیان نییە.
• بەپێی وتەی بەرپرسانی كۆمپانیاكانی دەرمان لە سنوری سلێمانی، ئەمساڵ هیچ بڕە پارەیەكیان بۆ خەرج نەكراوە، ئەمە قەیرانی دەرمانی لە نەخۆشخانە گشتییەكانی سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا دروستكردووەو تەنیا پشت بەو بڕە دەرمانە دەبەسترێت كە لە عێراقەوە دەنێردرێت، بڵاوبونەوەی نەخۆشی (كۆلێرا) دواین پەرەسەندنی تەندروستییە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا.
• پارەی موچەی خانەنشینانی سلێمانیو بەشێك لە وەزارەتەكان بەردەوام دوادەكەوێت، خانەنشین لەسەرەی موچەدا دەمرێت، سەرۆكی حكومەت لەبارەی ئەم كێشەیەوە یەكێتی تۆمەتبار دەكات بەوەی داهات وەكو پێویست ناگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی حكومەت، تیمی یەكێتی لەمبارەیەوە وەڵامێكی قایلكەریان بۆ رایگشتی نەبووە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا ئەم كێشەیە لە سنوری پارتیدا بەدی ناكرێت.
• لە سنوری دەسەڵاتدارێتی یەكێتی (سلێمانی- هەڵەبجە- ئیدارەكانی گەرمیانو راپەڕین) دەرماڵەی سێ مانگی خوێندكاران (مانگەكانی 4-5-6) نەدراوە، ئەمە لەكاتێدایە لە سنوری دەسەڵاتی پارتی دەرماڵەی مانگی (4-5) دراوە.
• كابینەی نۆیەم لەماوەی سێ ساڵی تەمەنی خۆیدا مۆڵەتی بە (201) پرۆژەی وەبەرهێنان داوە، لەم رێژەیە سنوری دەسەڵاتی یەكێتی (69) مۆڵەت وەرگرتووەو ئەویش جێبەجێ نەكراوە.
• لەسەر ئاستی گشتیش، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كە سەربە یەكێتییە زیاد لە جارێك باسی لەوەكردووە ئاگاداری داهاتی نەوت نین، تیمی یەكێتی لە حكومەت لەمبارەیەوە هیچ قسەیەكی نەكردووە.
• پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان زۆرینەی جومگەكانی لەدەستی پارتیدایەو یەكێتی ناڕازییە لەوەی هێشتا هەندێك لە پۆستەكانی وەرنەگرتووە، ئەم بابەتە هێشتا بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە.
• زیادبوونی فشارەكان بۆسەر سەرمایەدارو بازرگانەكان لە سلێمانیو كۆچكردنیان بۆ هەولێرو دەرەوەی هەرێمی كوردستان بەهۆی ململانێی ناوخۆییەكانی یەكێتییەوە.
• بەڵێنی سەرەكی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی قوباد تاڵەبانی رەخساندنی هەلی كاربوو، لەماوەی سێ ساڵی تەمەنی كابینەی نۆیەمدا بەهۆی نەبوونی هەلی كارەوە، ناوچەی دەسەڵاتدارێتی یەكێتی روبەڕووی چەند شەپۆلێكی كۆچ بەرەو هەندەران بووەوەو ژمارەیەكی زۆر قوربانیدا لە ئاوی ئیجەدا.