هاوسەرۆکانی زەردەشتییەکانی جیهان: ئاوات حوسامەدین درۆی شاخداری کردووە
2022-07-17 19:18:40
(درەو):
بەھۆی بەشدارنەبوونی لە دوانزەیەمین کۆنگرەی زەردەشتییەکان لە نیویۆرک، ئاوات حوسامەدین نوێنەری زەردەشتییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی ھەرێم کەوتوەتە کێشە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی کۆنگرەکە، اوسەرۆكی بۆردی دوانزەیەمینی كۆنگرەی زەردەشتیەكانی جیهانى دەڵێت لە کۆنگرەی پێشوودا خاتوو ئاوات باسی لەوە کردووە ئەو پلەی (ئەسرەوان)ی هەبووە، بەڵام لە کۆنگرەکەدا دوو پلە بەرزکراوەتەوە و پلەی (مۆبێد)ی پێدراوە، بۆردی کۆنگرەکە دەڵێ " ئەمە درۆیەکی شاخدارە کە خاتوو ئاوات کردویەتی".
دەقی راگەیەندراوی هاوسەرۆكی بۆردی دوانزەیەمینی كۆنگرەی زەردەشتیەكانی جیهان
دوانزەیەمین کۆنگرەی زەردەشتییەکانی جیهان
نیو یۆڕک، ١ تا ٤ی تەممووزی ٢٠٢٢
بەیاننامەی ڕۆژنامەوانی
٦ی تەممووزی ٢٠٢٢
بانگەشەی ناڕاست کوردە زەردەشتییەکان بە لاڕێدا دەبات
کۆنگرەی زەردەشتییەکانی جیهان کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتیی زەردەشتییەکانی لە سەرانسەری جیهان. هەموو چوار ساڵ جارێک دەبەسترێت و یەکەم جاریش لە ساڵی ١٩٦٠دا بەستراوە. کۆنگرەی ئەمساڵ لە ١ تا ٤ی تەممووزی ٢٠٢٢ لە شاری نیو یۆڕک بەسترا، بە نزیکی ١٢٠٠ کەس تیایدا ئامادە بوون. ئامادەبووەکان لە ١٦ وڵاتی جیهانەوە هاتبوون. دوابەدوای کۆنگرەکە، لەلایەن چەند ڕێکخراو و کەسانێک هەواڵ و ڕاپۆرتی چەواشەو دوور لەڕاستی لە هەندێک مێدیای کوردیدا لە بارەی هەندێک چالاکیی ناو کۆنگرەکەوە بڵاو کردووەتەوە. بۆیە ئێمەش ئەم بەیاننامە ڕۆژنامەوانییە دەردەکەین تا ڕاستییەکان بخەینە ڕوو و زانیارییە ڕاستەکان بۆ ڕای گشتی بەردەست بخەین.
کۆنگرەی زەردەشتییەکانی جیهان هەموو چوار ساڵ جارێک دەنگی جیاوازی زەردەشتییەکانی جیهان دەخاتە ڕوو. کۆنگرەکە هەوڵ دەدات تاکی چالاکی جۆراوجۆر و فرەچەشن لە خۆ بگرێت. چوار ساڵ لەمەوبەر، لە یانزەیەمین کۆنگرەی زەردەشتییەکانی جیهاندا کە لە حوزەیرانی ٢٠١٨دا لە شاری پێرث لە ئوستورالیا بەسترا، خاتوو ئاوات دەریا قسەکەرێکی بانگهێشتکراو بوو (خاتوو ئاوات ئەم نازناو و ڕێنووسە جیاوازانەشی بە کار هێناوە: ئاوات حوسامەددین/ حسام الدین/ تەیب/ طیب/ دەریا).
بۆ ئەوەی هەلی بیسترانی دەنگی جۆربەجۆر بە ئامادەبووانی کۆنگرەکە بدرێت، بڕیار درا کە لە کۆنگرەکەی ئەمساڵدا کوردێکی زەردەشتیی تر دەستنیشان بکرێت (کە لە ئایندەشدا کەسی تر دەستنیشان دەکرێت بۆ ئەوەی دەنگی ببیسترێت). بۆیە قسەکەری هەڵبژێرراوی ئەمساڵ خاتوو فائیزە فوئاد بوو، کە لە لاپەڕە ١٧١ی پەڕتووکی (کوردستانێک بۆ هەمووان: لەئامێزگرتنی باوەڕ و فرەچەشنی)دا باسی لێوە کرابوو، پەڕتووکەکە بڵاوکراوەیەکی ڕەسمییە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەیلوولی ٢٠٢١دا بڵاوی کردووەتەوە.
زانیاریی دەربارەی بڕگە جۆراوجۆرەکانی کۆنگرەکە و بڕگەکەی خاتوو فائیزە فوئادی ڕێکەوتی ٤ی تەممووزی ٢٠٢٢ بە ناونیشانی «لە بارەی زەردەشتەوە، زۆرێک لە زەردەشتییە کوردەکانی عێڕاق چاندی خۆیان دەدۆزنەوە» لە ماڵپەڕی کۆنگرەکەدا بەردەستە. https://wzc2022.nyc/program/speakers/
چەند مانگێک بەر لە کۆنفڕانسەکە هۆکارەکانی پشت هەڵبژاردنی قسەکەری کوردی زەردەشتیی بۆ کۆنگرەکەی ئەمساڵ بە خاتوو ئاوات ڕاگەیەنراوە. کەچی کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا بانگهێشتنامەکەی خاتوو فائیزە فوئاد بڵاو کرایەوە، خاتوو ئاوات دەستی کرد بە هەڵمەتێکی نامەناردن بۆ بەڕێوەبەرانی کۆنگرەکە و ژمارەیەک لە کەسایەتییە زەردەشتییە ئەمەریکییەکان، لەم نامانەدا ناڕەزایەتیی خۆی لە هەڵبژاردنی خاتوو فائیزەدا دەربڕیبوو و لەسەر ئەوە پێداگری دەکرد کە ئەو تاکە نوێنەری کوردە زەردەشتییەکانە.
هاوسەرۆکەکانی بۆردی کۆنگرەکە لە نامەیەکدا، کە لە ٤ی ئاداری ٢٠٢٢دا نووسراوە، وەڵامی نامەکانی خاتوو ئاواتیان دایەوە. نامەکە ئاماژەی بەوە دەدا کە لە یانزەیەمین کۆنگرەدا، کە لە ئوستورالیا بەسترا، خاتوو ئاوات هەڵبژێررابوو، بەڵام ئەم جارە نۆرە بە کەسێکی تر دراوە ببێتە قسەکەر، هەروەها لە ئایندەشدا نۆرە بە کەسانی تر دەدرێت. نامەکە جەختی لەوەش کردبووەوە کە هەڵبژاردنی قسەکەرانی کۆنگرەکە تەنها لەسەر ئەو بنەمایە نییە کە ئایا قسەکەری هەڵبژێردراو نوێنەری ڕەسمییە یان نا.
هەر بەم پێیەش، لە کۆنگرەکەی ئەمساڵدا لە هیچ کاتێکدا و بە هیچ شێوەیەک خاتوو فائیزە فوئاد وەک نوێنەری ڕەسمیی کوردە زەردەشتییەکان نەناسێنراوە و ناوزەد نەکراوە. بەڵکو وەک کەسێکی چالاکی ناو کوردە زەردەشتییەکان ناسێنراوە، هەر بۆیە خاتوو فائیزە دەنگێکی شیاو بوو کە گۆشەنیگا و ئەزموونی ئەو دەیتوانی پەیوەندیی نێوان زەردەشتییەکانی جیهان و کۆمەڵەی کوردە زەردەشتییەکان دەوڵەمەندتر بکات.
خاتوو ئاوات لەسەر ئەرکی خۆی و بە پێدانی تێجووی بەشداریکردنی وەک هەر یەک لە١٢٠٠ ئامادەبووەکەی تردا لە کۆنگرەکەدا ئامادە بوو. ئەو وەک ئامادەبوویەک پێشوازیی لێ کرابوو، نەک وەک میوانێکی ڕەسمی تا لە هیچ چالاکییەک و کۆی بۆنەکەدا قسە بکات و بەشداری بکات.
لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنگرەکەدا، کاروانی نزیکەی ٤٠ مۆبد و مۆبدیار (پلەی ئاینی)، کە لە وڵاتی جیاجیای جیهانەوە بانگهێشت کرابوون و پێشتر هەڵبژێررابوون، بە ڕیز بەرەو سەر سەکۆکە ڕۆیشتن تا نزا بخوێنن و چاکە بکەن. ئاوات دەریا بانگهێشت نەکرابوو بەشداری بکات، چونکە ئەو نە مۆبد بوو، نە مۆبدیاریش بوو. کەچی خاتوو ئاوات بێ هیچ بانگهێشت و ڕێپێدانێکی ڕێکخەران چاوقایمانە خۆی کرد بە ناو کاروانەکەدا و لەگەڵ مۆبدەکاندا چووە سەر سەکۆکە. ئەمە سووکایەتی بوو و بێڕێزییەکی گەورەش بوو بە مۆبدە ڕاهێنراوەکانی جیهان. ئاوات لە کاتی خوێندنی نزاکەدا شەرمەزارانە بێدەنگ ڕاوەستابوو، چونکە بە نزاکان ئاشنا نەبوو و نەیدەتوانی بیانخوێنێت.
تۆڕی میدیایی ڕووداو بانگەشەکانی ئاواتیان بەم شێوەیە بڵاو کردبووەوە: «ئاوات پێشتر پلەی ئەسرەوانی هەبووە، بەڵام لەم کۆنگرەیەدا دوو پلە بەرزکراوەتەوە و پلەی مۆبێدی پێدراوە. بەگوتەی ئاوات دەریا، ئەمە یەکەمینجارە کوردێک ئەو پلەیە وەربگرێت.» ئەم وتەیەی خاتوو ئاوات درۆیەکی شاخدارە. هیچ شتێکی وا هەرگیز پێشتر ڕووی نەداوە و هەرگیزیش ڕوو نادات، چونکە کۆنگرەکە دەسەڵاتی پێدانی پلەی مۆبد و هیچ پلە و ناونیشانێکی تری ئاینیی نییە.
دوای ڕێوڕەسمی نزا و کردنەوەی بۆنەکە، ڕێوڕەسمی نوانڕۆی گەلان بە ڕێوە چوو. یەک کەسی ئامادەبووی هەر وڵاتێک، کە پێشتر دەستنیشان کرابوو کێیە، لە لایەن ڕێکخەرانی کۆنگرەکەوە ئاڵایەکی وڵاتی خۆی پێ درابوو و بانگهێشت کرابوو کە لە کاروانێکدا لە لای ڕاستی سەکۆکەوە ئاڵای نەتەوەکەی هەڵبگرێت و بچێتە سەر سەکۆکە. خاتوو فائیزە فوئادیش وەک میوانی تایبەتی ئەمساڵ هەڵبژێررابوو کە هەردوو ئاڵای عێڕاق و کوردستانیش هەڵبگرێت. کە ڕیزیان گرتبوو بۆ ئەوەی بچنە سەر سەکۆکە، ناوی هەر یەکێک لە کەسە هەڵبژێرراوەکان و وڵاتەکەشیان دەخوێنرایەوە و بانگ دەکران تا سەربکەونە سەر سەکۆکە. دوای ئەوەی هەموو ئاڵاهەڵگران هاتنە سەر سەکۆکە، خاتوو ئاوات دەریا لە لای چەپی سەکۆکەوە ئاڵایەکی هەڵگرتبوو، کە خۆی لەگەڵ خۆیدا هێنابووی، چووە سەر سەکۆکە و خۆی خستە پشت بێژەرەکەوە بۆ ئەوەی هەلی وێنەگیرانی هەبێت. وێنەگرەکەی خۆی بە دوایدا هات و وێنەی ئەوی گرت. هەرگیز ناوی ئاوات نەخوێنراوەتەوە و بانگهێشتیش نەکراوە کە بێتە سەر سەکۆ. بەڵام بۆ ئەوەی بۆنەکە تێکنەدرێت، ڕێکخەرەکان ڕێیان دا لەوێدا بمێنێتەوە. ئەم کارەی ئاوات بێڕێزیەکی زۆر بوو، کۆنگرەکەش بەم کار و هەڵسوکەوتانەی خاتوو ئاوات دەریا گەلێک خەمگین بوو. ئەم جۆرە کارانە بێڕێزیی تەواو بەرانبەر بە کۆنگرەکە و ئەو کەسایەتییانە پیشان دەدات کە کۆنگرە بۆ بەشداریکردن لە بۆنەی ئەمساڵدا هەڵیبژاردوون. ئەم جۆرە کارانە ڕەوایەتی بە خراپ بەکارهێنانی کۆنگرەکە دەدات بەوەی کە هەلی گرتنی وێنەی چەواشەکارانە دەڕەخسێنێت.
دوای ئەم دیمەنە شەرمەزارکەرە، چەند بەڕێوەبەرێکی کۆنگرەکە لە هەمان بەیانیدا چوونە نزیک خاتوو ئاوات و ڕووبەڕووی ڕەفتارەکانی بوونەوە. پێی وترا کە ئەو بۆ چوونە سەر سەکۆ و بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی هەڵگرتنی ئاڵادا بانگهێشت نەکراوە، ئەوەش کارێکی نەشیاو بوو کە وەک مۆبدێکی ڕاهێنراو خۆی خستە ناو مۆبدەکانەوە. داوای لێ کرا کە خۆی بە دوور بگرێت لە هەر جۆرە تێکدانێکی تری کۆنگرەکە.
کەچی سەرەڕای ئەم سەرکۆنەیەش، ڕێکخراوی یەسنا لە کۆتایی هەمان ڕۆژدا دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی پۆست و ئەو وێنە فریودەرانەی بە کار هێنا کە خاتوو ئاوات بە دەستی هێنابوون. ئەم پۆستانە بانگەشەی درۆیان بڵاو کردەوە و وایان پیشان دا کە گوایە خاتوو ئاوات بانگهێشت کراوە لە بۆنەکەدا بەشداری بکات.
کۆنگرە سوپاسی خاتوو فائیزە فوئادی قسەکەری بانگهێشتکراو دەکات بۆ ئەو پێشکەشکارییە نایابە یەک سەعاتییەی لەسەر سەکۆکە پێشکەشی کرد، کە تیایدا وەڵامی پرسیارەکانی ئامادەبووانیشی دایەوە. باسی بووژاندنەوەی ئاینی زەردەشتیی کرد لە هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا. باسی ئەو کارانەی کرد کە ڕێکخراوی جۆراوجۆری زەردەشتی ئەنجامیان داون و ئەو سەدان کەسانەی گوێیان لە وتەکانی ئەو گرت ئێستا لە بارەی گەشە و بڵاوکردنەوەی ئاینەکەوە لەو دەڤەرەی جیهاندا زیاتر دەزانن. چیرۆکی ژیانی فائیزە کاریگەریی زۆری لەسەر ئەو ژمارە بەرچاوەی ئامادەبووان دانا و بوو بە یەکێک لەو قسەکەرە کەمانەی کە چەپڵەڕێزان و لەبەرهەڵستانی ئامادەبووانی بە دەست هێنا.
لە کۆتاییدا، پێمان وایە کە بەرپرسیارین لە خستنەڕووی ڕاستییەکان، وەک ئەوەی کە ڕوویان داوە، هەروەها دەبێت بڵاوکردنەوەی زانیاریی ئەنقەستی ناڕاستی جیهانی و لێدووانی خۆپەرستانە بوەستێنین. پێمان وایە کە ڕەفتارەکانی خاتوو ئاوات لە کۆنگرەکەدا بوونەتە هۆی نانەوەی مشتومڕی ناپێویست، بەداخیشەوە کە بە هۆی وتە و کارەکانی خاتوو ئاواتەوە ناوبانگی کوردە زەردەشتییەکان تووشی نزمبوونەوە بووە. ئەوەش ئێجگار مایەی دڵتەنگیمانە کە دەبینین خاتوو ئاوات دەریا، پشتیوانێکی پێشەنگی زەردەشتی لە هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا، ڕووقایمانە درۆی کرد و تەواو پێچەوانەی بنەمای ئەشا – ڕاستیی زەردەشتی ڕەفتاری نوواند.
داواش لە خاتوو ئاوات دەریا و ڕێکخراوی یەسنا دەکەین کە ئەو بانگەشە ناڕاستانەیان لاببەن کە زەردەشتییەکانی کوردستانی بە لاڕێدا بردووە.
لەگەڵ ڕێزدا.
ئەستاد ج کلەبوالا
هاوسەرۆکی بۆردی دوانزەیەمین کۆنگرەی زەردەشتییەکانی جیهان
و
ئارزان سام وادیا
هاوسەرۆکی بۆردی دوانزەیەمین کۆنگرەی زەردەشتییەکانی جیهان و سەرۆکی ڕێکخراوی AFEZAN